فەزیڵەتی سیاسیی و هەڵهاتن لە پاشاگەردانیی-4- هادیی حەمەڕەشید – کامیار سابیر
بەشی چوارەم
گەڕانەوەی فەزیڵەت بۆ سیاسەت لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، کارێکی زۆر سەختە، بەڵام ناکردە نییە. کاتێ باسی فەزیڵەت( الفضیلة) ئەکرێ لە کۆمەڵگەیەکی وەکو عێراقدا، ئەبێ راستەوخۆ ببەسترێتەوە بە ئێثیکی( ئەخلاقی) سیاسییەوە. بۆ جیاکردنەوەی ئێثیک لە مۆراڵ( ورە و رۆحییەتی مەعنەویی=Morale)، چەمکی مۆرەڵ( ئەخلاق=Moral )، لەم نووسیینەدا، بەکار ناهێنرێت. بۆ ئەوەی لە رەهەندەکانی فەزیڵەتی سیاسیی باشتر بگەین، پێویستە چەمکی ئەخلاق و فەزیڵەت، بە مەغزا کلاسیکییە ئەریستۆییەکە تێکەڵ بکرێن و ئەخلاقی فەزیڵەت ( virtue ethics)، بۆ ئەبعادە سیاسیی، ئەخلاقیی، کولتووریی و کۆمەڵایەتییەکان، بۆ فەلسەفەی سیاسەت، ئەخلاقی سیاسیی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، بەکار بهێنرێت( یەڵماز و ئاکسۆی ٢٠١٧ ). ئەمەش راستەوخۆ لەو رەهەندە ماکیاڤیلییەی سیاسەت لە کوردستان، بە ئاگامان ئەهێنێتەوە کە تەوەرەی ئەم باسە نییە.
سیی ساڵ دەسەڵاتی ناشیریینی کوردیی و مەنظومەی فاشیلی کوردایەتیی، دیدە ماکیاڤیلییە ناشیریینەکە لە کوردستاندا جێکەوت کردووە کە پێیوایە” مرۆڤ شەڕانیی، سامناک، قەڵب و ئامادەی خیانەتە لە یەکتر و پشتی ئەو بەڵێنانە ئەشکێنن کە بەیەکتریان داوە”(Machiavelli 2005: 61). سیاسییەکانی کوردایەتیی و حیزبەکان و نوخبەکانیان، سیاسەتیان ناشیریین کردووە و شیعاری سیاسەت زۆڵە و بێ دایکوباوکە، وایکردووە کە خەڵک و گەنجان بەگشتیی لە سیاسەت بتەکێننەوە. پارتیی و یەکێتیی و ئۆپۆزسیۆنە شەریکەکانیان، ئەوەندە ئەخلاقی دزێو و گەندەڵیی قەبە و دزیی و تاڵانییان لە سامانی گشتیی خەڵک کردووە، هیچ جوانییەکیان بە سیاسەتەوە نەهێشتووە، لە کاتێکدا هەر بە سیاسەتیش ئەتوانرێنت هەموو ناشیریینییەکانی ئەم دۆخە بگۆڕدرێ و سیاسەت، بە فەزیڵەتەکەی بێت یان بە دیوە زەبروزەنگەکەی، تاکە میکانیزمی گۆڕیینی ئەم دەسەڵاتە و ئەم گەندەڵیی و چەتەگەرییە گەورەیەیە.
ئەگەر چوار فەزیڵەتە سەرەکییەکەی ئەرستۆ بۆ ژیانێکی باش( ئازایەتیی، عەدالەت، حیکمەت لە کردار و ئیعتیدال) لەبەرچاو بگرین، دیارە لە کۆنسێپت و فەزیڵەتەکانی کۆمارەکەی ئەفڵاتۆنیشدا، بە شێوازی جیاواز بوونیان هەبووە بەڵام ئەرستۆ، بە وردەکاریی و بە درێژیی ثیۆرایزی کردووە* هەموو ئەم فەزیڵەتانە لەناو خەڵکی ناڕازیی کوردستانی عێراق و خەڵکی عێراقدا هەن، بەڵام لە سیاسییەکان و حیزبەکان و نوخبەکاندا،یان هەر نیین، یاخود زۆر زۆر کەمن. بە واتایەکی تر، بایکۆتی بەریینی عێراقییەکان لە هەمبەر هەڵبژاردن، چەند کارێکی پاسیڤانە بووبێت؟ دەیانجار کارێکی ئاگایانە و عەقڵانیی بوو لە کاتێکدا ئۆپۆزسیۆنێکی خاوەن روئییە، نیشتمانیی و عەقڵانیی کە تەحەدای ئەو هەموو گەندەڵیی و دزییە بکات، بوونی نەبوو( جگە لە چەند دەنگێکی زۆر کەم لە ئاستی عێراق و کوردستاندا، ئەوانیش، زۆربەیان بە فێڵی ئەلیکترۆنیی و تەحالوفاتی ئیقلیمیی، دەرنەچوون).
بۆ ئەوەی فەزیڵەت بۆ سیاسەت بگەڕێنرێتەوە و سیاسەت بکرێتە میکانیزمی هەستانەوەی ئەو هەموو ناڕەزایەتییە خامۆشە، ئەبێ قوربانییدان بە شتی شەخصیی لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتییدا، بە تایبەت بۆ قەضییەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی گەورە، بکرێتە مەبنای هەر جۆرە سیاسەتێک کە ئەخلاق بۆ سیاسەت بگێڕێتەوە. بۆ ئەوەی پشتگییریی جەماوەریی درێژخایەنت هەبێت، ئەبێت قەضییەی ژیان و گوزەرانی خەڵکت هەبێت، ئەبێت مەعانات و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و بەرژەوەندیی گشتیی، هێڵی سەرەکیی سیاسەت بێت، بەڵام لە کوردستانی عێراقدا، ئێمە کۆمەڵێ ئۆپۆزسیۆنمان هەبووە لە چەشنی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامیی و نەوەی نوێ، سیاسەتیان بە ئەندازەی پارتیی و یەکێتیی، ناشیریین کردووە. حیزبی کوردیی و مەنظومەی سیاسییە ئایدیۆلۆژییەکەی( بە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە)، فەزیڵەت و ئاکاری باشی سیاسییەتیان گۆڕیی بۆ رەذالەت و زەلیلیی و سووککردنی ئینسانی کورد، بۆ تاکی پوولەکیی و مادییگەرا و ئەم نموونە ناشیریینەش کەم تا زۆر، تەصدیری باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش کرا.
دوای بایکۆتی بەریینی هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، ئایا ئەگەری گەڕانەوەی سیاسەت بۆ فەزیڵەت و ئاکار و بەهای باڵا، مەجالی تێدایە؟ ئایا هەر بۆخۆی بایکۆت، یانی قوربانییدان بە نەفرەتکردن لە پرۆسێسی تەزویر وەکو ئاکتێکی فەزیڵەت، جۆرێک لە سیاسەتێکی ئاگایانە و پڕ لە فەزیڵەت نەبوو، لەناو ئەو هەموو شەپۆلی گەندەڵیی و دزیی و قۆرغکارییە سیاسیی و ئابووریی و ئەمنییەدا؟ ئێستا، گەنجانێکی زۆر لە ستەم و ناعەدالەتییەکانی دەسەڵاتی کوردیی هەڵدێن و روویان لە ئەوروپای شەرقیی کردووە و بیلاروسیا وەکو کارتی فشاری سیاسیی دژ بە ئەوروپا بەکاریان ئەهێنێت، تاوانباری سەرەکیی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە کە دزیی بە صەدان میلۆن دۆلار، مانگانە لە بودجەی گشتیی ئەکات! مەگەر کۆچی گەنجانی کوردستان، خودنەفرەتیی نییە لە هەموو داهێنانێکی حکومەتی کوردیی و دەسەڵاتی کوردیی و پرۆژە تاڵانیی و چەتەگەرییە ئیقلیمییەکانیان، دوو بنەماڵەی سیاسیی کە کوردستان ئەکەن بە چەند ئیمارەتێکی شێخنشیینیی لەچەشنی وڵاتانی کەنداو، بەڵام لە رووە ئابوورییەکە و گەشەپێدانەوە، وەکو کۆمەڵێ چەتەی سیاسیی کار ئەکەن کە پاش ٣٠ ساڵ ،هێشتا وەکو دز و مافیا سەیری هەرێمی کوردستان و ئابوورییەکەی ئەکەن، بۆ خۆیان و نەوەکانیان و وڵاتە ئیقلیمییەکانیان بەگەڕخستووە و زۆریینەی رەهای خەڵکی کوردستانیش لە سامانە سروشتییەکانی هەرێم مەحرومە.
ئەم کۆچە، کۆچێکە نائومێدیی دروستی کردووە، نائومێدیی لە هەموو شتێکی دەسەڵاتی کوردیی کە نیشتمان بۆ خۆیان تاڵان ئەکەن و گەنجانیش لەتاو نەبوونی ئاسۆ و بێ ئومێدیی، سەرهەڵئەگرن. ئەم کۆچە دوو رەهەندە، رەهەندێکی روو لە وڵاتانی رۆژئاوایە و رەهەندێکی تری روو لە شارەکانی دەرەوەی کوردستانە، بەتایبەتیی دەرەوەی سلێمانیی، کۆچی خەڵکی کوردستان، هەر بە تەنیا لە تاو ناعەدالەتیی و نەبوونی ئازادیی نییە، هەر بەهۆی ستەمکاریی و رۆحییەتی ئەمیر و شێخە سیاسییەکانی ئەم دەسەڵاتەوە نییە، بەڵكو بەشێکی زۆر لە کاسبکاران و چینی مامناوەند کە پارەیان بە دەستەوەیە، متمانەیان بەم دەسەڵاتە کلیپتۆکراسییە نییە و سامان و پارەکانیان ئەبەنە بەغداد یان وڵاتانی ناوچەکە، ئەم دۆخە بە تایبەتیی ناوچەکانی سلێمانیی گرتووەتەوە و بە تایبەتییش دوای ئەوەی شێخە ئەفەندییەکانی کوردایەتیی، بە دەستوری شێخە موحافیظکارەکانی کوردایەتیی و وڵاتانی ئیقلیمیی، ئینقیلابیان بەسەر ئامۆزاکەی خۆیاند کرد و سلێمانیی و دەوروبەرەکەی نەک ئەمنییەتی تێدا نەماوە، بەڵکو بە هۆی کودێتاکەی ٨ی تەمموزەوە، بووە بە مەڵبەندیی چەندیین گرووپی موخابەراتی ئیقلیمیی و میلیشیای ئەم باند و ئەو باند، دۆخێک دروست بووە کە ژیان و گوزەران، بازاڕ و کاسبیی، ئابووریی و گەشە هەمووی بەرەو خاوبوونەوە و وەستان چووە و خەڵک هەمووی لە دڵەڕاوکێدایە.
لە ناو ئەم دۆخەدا، بۆ ئەوەی فەزیڵەتی سیاسیی بۆ کایەی سیاسیی و ئیداریی بگەڕێتەوە، پێوێستە، ئەو هەموو دەنگە ناڕازییەی خەڵکی کوردستان، ئۆرگەنایز بکرێ و لە بەرەیەکی نیشتمانییدا( روو لە عێراق، نەک لەناو خورافاتی نەتەوەییدا) دەنگە جیاوازەکان لە سەنگەری ئۆپۆزیسیۆنێکی کارادا، بەگەڕ بخرێن، ئۆپۆزیسیۆنێک کە روئییەی سیاسییەکەی هەڵگری قەضییە هەرە سەرەکییەکەی خەڵک بێت کە ژیان و کەرامەت و حەیثییەتی سیاسیی و بژێویی خێزانەکانیانە.هەڵگری گوتارێک بێت کە تەجاوزی ئەم هەموو عوقدە ئایدیۆلۆژییە بکات کە حیزبەکانی کوردایەتیی بەناوی خەباتی نەتەوەییەوە، پتر لە حەفتا ساڵە، سواری قەضییە سیاسییەکەی بوونە و بیزنس و سەرمایەگوزاریی پێوە ئەکەن و ساڵانە چەندیین میلیارد دۆلار بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان جەم ئەکەن، لە کاتێکدا، خەڵکی کوردستان بە گشتیی و خوێندکاران و گەنجان و کاسبکاران و فەرمانبەران و کرێکاران…تاد، لە بێ پارەیی، بێ گوزەرانیی، بێ ئاویی و بێ کارەبایی و بێ دەرمانییدا، دەستوپەنجەی مەرگی شێنەیی نەرم ئەکەن.
هادیی حەمەڕەشید
کامیار سابیر
درێژەی هەیە… ئەم زنجییرە باسە
ئەمەی سەرەوە، بەشی چوارەم بوو لە ” نەخشەرێگەیەکی بەدییل، بۆ فەشەلی حیکایەتەکانی کوردایەتیی”
Ethics in Politics: Political Virtues of Citizens and Politicians,2017
The Journal of International Scientific Researches 2(7):19-23
Machiavelli, N., 2005. The Prince. Translated by P. Bondanella. Oxford: Oxford University Press.
Aristotle. (2004). The Nicomachean ethics. London: Penguin Books. (rev. ed.), edited by J. A. K. Thomson, trans. H.
Tredennick, introd. J. Barnes.