Skip to Content

لە پەڕاوێزی ململانێی پارتی و پەکەکەدا.. ستیڤان شەمزینی

لە پەڕاوێزی ململانێی پارتی و پەکەکەدا.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by حوزه‌یران 25, 2021 General


شەڕی عوسمانلی و سەفەوی بە وەکالەت

پارتی و پەکەکە هێندەی جیاوازییەکانیان خاڵی ناوکۆیی و لێکچووی زۆر لە نێوانیاندا هەیە. هەردوولا خاوەنی کاریزمای تەوتەمئاسان و مەیلی سەرکردەپەرستی تیایاندا زاڵە، هەردوولا گووتارێکی ستالینیستانەیان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆی هێزە سیاسییەکانی تر، ئەویش ئەوەیە: پاکتاوکردن یان رادەستبوون. وەک یەک دوو هێزی تۆتالیتێر و تاکڕەهەندن، سەرچاوەی ئایدیا و بیرکردنەوەیان بیروڕای سەرکردە یان رابەرێکە نەک هزرێکی سیاسیی دیاریکراو. وەک یەک مەیلی پاوانخوازیی بووە بە هەموو ئەجیندایان، لە کن هەردوو هێزەکە ئەوەی حسابی لەسەر ناکرێت ویست و رای تاکەکەسە، چوونکە هەموو شت لە قووچەکەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ خوارەوە. هەردوولا کۆمەڵێک پاساو و بەهانەی نیشتمانی و نەتەوەیی دەکەنە سترۆکتۆری رەواییدان بە سیاسەتی داپڵۆسین. وەک یەک مامەڵەی توند دەکەن لە هەمبەر رەخنە و دەنگی ناڕەزایەتی ناوخۆیی و دەرەکی.
ساڵانێکی زۆر یەکێتی نیشتمانی ئەو مەیلە پاوانخوازییەی هەبوو بە تایبەت لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی رابردوو بۆ مۆنۆپۆڵی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان. لەم سۆنگەوە یەکێتی چەندین شەڕی گەورەی لەگەڵ کۆی حزبەکانی تری ناو مەیدانەکە هەڵگیرساند و توانی بەشێوەیەکی رێژەییش سەرکەوتنی بەرچاو بەدەستبهێنێت. دوای راپەڕین تاکە هێزێکی گەورە کە ئاستەنگی بەردەم خەونە پاوانخوازییەکانی یەکێتی بووبێت لە باشووری کوردستان، تەنیا پارتی بوو، ئەمیش هێزێکی هاوشێوەی یەکێتی پاوانخواز بوو و دەیویست بەهەر نرخێک بووە کوردستان بکاتە وڵاتێکی دیکتاتۆریی یەک حزبی و یەکڕەنگی، هەروەک ئەمە هەمان ئەجیندای یەکێتیش بوو، بەڵام دوای رووداوەکانی 31ی ئاب، هاوکێشەکە بە تەواوەتی گۆڕا، یەکێتی لە هێزێکی هێرشبەری پاوانخوازەوە بوو بە هێزێک کە بەرگریی لە قەوارەی خۆی بکات و واز لە هەر خەونێکی پاوانخوازیی بهێنێت.
لەگەڵ پرۆسەی ئازادیی عێراق و چوونی مام جەلال بۆ بەغداد، دەرفەتێکی تر بە رووی ناکۆکییەکانی ناو یەکێتیدا کرایەوە، ئیدی دابڕان و باڵباڵێنی یەکێتی هەموو خەونە پاوانخوازییەکانی ئەو حزبەی خستە تابوتەوە، پاشتر بە جیابوونەوەی گۆڕان، بە تەواوەتی خەونی پاوانخوازیی یەکێتی لە گۆڕنرا. ئێستا یەکێتی هێزێکە هێندەی لە سەنگەری بەرگرییدایە تاکو بەم قەبارەیەی ئێستای خۆیەوە بمێنێتەوە، هیچ کات لە هەوڵی ئەوەدا نییە هیچ نەبێت لەم قۆناغەدا مۆنۆپۆڵی هەموو باشووری کوردستان بکات، بەڵکو هەموو هەوڵێکی لەوەدا چڕ کردۆتەوە زۆنی سەوزی پێشووی لە دەستدا بمێنێتەوە، بۆیە رۆڵی یەکێتی لە شەڕی جەمسەرەکان و ئەنگێزەی پاوانخوازییدا رۆڵێکە لە پەڕاوێزدا، یان ئەکتەرێکی کۆمبارسی ئەو شانۆگەرییەیە عوسمانییە نوێیەکان و سەفەوییە تازەکان لەسەر سەحنی کوردستان وازی دەکەن.
هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانیشە هێزێکی پۆپۆلۆیست و بێ ناسنامەیە، ئەو قورساییەی نییە ببێتە تەرەفێک لە شەڕی جەمسەرەکاندا و بەشدارییەکی ئەکتیڤی تێدا بکا، هەڵبەتە لەم قۆناغەدا لە بەرانبەر پاوانخوازیی پارتیدا لە یەکێتی ئەکتیڤترە، بەڵام یەکێتی و گۆڕان وەک هامشی پەکەکە لە بەرانبەر پارتیدا دەردەکەون نەک وەک دوو هێزی خاوەن پلاتفۆرمی سیاسیی سەربەخۆ، بزووتنەوەی گۆڕان حزبێکی بێ چارەنووسە لە هاوکێشەکانی داهاتوودا، دوور نییە وەک حزبی ئایندە و ئاڵای شۆڕش و پارتی کار، لە زەمەنێکدا خۆی حەل نەکات بە گەڕانەوە یان یەکگرتنەوە لەگەڵ یەکێتی، یان دوای نەوشیروان مستەفا* دووچاری لێکترازانی گەورە دەبێتەوە بە هۆی ئەوەی یەک روانگەی سیاسیی هاوبەش نییە ئەو هەموو ناکۆکیی و فرە ئایدیالییەی نێو گۆڕان کۆ بکاتەوە.
ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانەکەدا کێشمەکێش دەکەن وەک دوو کارەکتەری سەرەکیی، پارتی و پەکەکەن. ئەم دوو هێزە وەک وتم دوو هێزی پاوانخوازی مەترسیدارن، کە جگە لە رەنگی خۆیان هیچ دەنگ و رەنگێکی دیکە قبوڵ ناکەن. بۆ وێنە لە رۆژئاوای کوردستان باڵی پارتی “ئەنەکەسە” قەدەغە کراون و زیندانەکانی یەپەگە پڕکراون لە کادرە چالاکەکانی ئەو ئەنجوومە، کەناڵی رووداو قەدەغە کراوە، بەڵام دوای 400 شەهید یەپەگە “مەنبەج”یان رادەستی رژێمی سوریا کردەوە، تا ئێستاش پەیکەرەکانی حافز ئەسەد لە ژێر قەڵەمڕەوی یەپەگە وەک خۆیان بێ دەستکاریی ماونەتەوە، بەڵام لە شاری عامودا هەڵمەتی سووتاندنی ئاڵای کوردستانیان دەستپێکرد!، لەلای پارتیشەوە بارەگاکانی پەکەکە داخراون لە زووەوە، هەڵسوڕاوانی پەکەکە و تەڤگەری ئازادیی رۆژانە دووچاری زیندانیکردن دەبنەوە، پەیامنێری تەلەفزیۆنێکی پەکەکە بەناوی “ویدات” بەشێوەیەکی سیستماتیکراو لە ژێر قەڵەمڕەوی پارتیدا شەهید کرا، رێگە لە میتینگ و ئاکسیۆنی ئاپۆچییەکان گیرا لە شاری هەولێر، بەڵام لە بەرانبەردا چەندین بارەگای ئەرتەشی تورک و میت بە ئازادانە کاری سیخوڕیی خۆیان دەکەن.
لە هەمووی تراجیدییتر ئەوەیە، ئەم دوو هێزە “پارتی و پەکەکە” لە گەمە ناوچەییەکەدا دابەشبوون بەسەر هەردوو جەمسەری ئێرانی و تورکیدا. یان راستتر بڵێم گەڕانەوەیەک هەیە لەلایەن ئەو دوو هێزەوە بۆ زەمەنی ناکۆکیی میرنشینە کوردییەکان و ساتەوەختی پەیماننامەی چاڵدێران کە تێیدا کوردستان بەسەر سەفەوی و عوسمانلیدا دابەشکرا. ئاشکرایە پارتی رێکەوتنی لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە بۆ فرۆشتنی نەوت بەو دەوڵەتە تاکو ماوەی پەنجا ساڵ، هەرچی پەکەکەشە لەوەتی رێککەوتنی لەگەڵ ئێران نوێ کردۆتەوە چالاکی “پژاک”ی سڕ کردووە! جێی پرسیارە لەوەتی شەڕی سوریا هەیە هێزێکی چەکداری رێکخراوی وەک پژاک تەنیا یەک فیشەکیشی نەناوە بە ئێرانەوە! هەر هەڵبژاردنی جەمیل بایک وەک سەرۆکی کۆما جڤاکین کە کوردێکی عەلەویی شیعە مەزهەبە مەدلولاتی سیاسیی خۆی هەیە، رەنگە یەکێک لە مەغزاکانی دڵنیایدان بێت بە ئێران.
ناکۆکی پارتی و پەکەکە، هیچ پەیوەندییەکی نییە بە پرسی نەتەوەخوازییەوە، شەڕی ساردیان کە هیوادارم نەگاتە پێکداهەڵپڕژان و پێکدادانی سەربازیی، پەیوەندیی هەیە بە شەڕی عوسمانلی و سەفەوییەوە، پەیوەندیی هەیە بە نەزعەی پاوانخوازیی ئەو دوو هێزە کە دوو هێزی کۆنسەرڤاتیستی کوردستانن. لێرەدا دەتوانین هێما بکەین بۆ رۆژئاوای کوردستان، کە پارتی دەیەوێ بۆ دڵڕاگرتنی تورکیا لە ژێر دەستی یەپەگە دەریبهێنێت، تاکو لە ئەگەری دابەشبوونی ناوچەکە ئەو بەشەی کوردستان نەبێتە جێگەیەک بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی تورکیا، هەرچی یەپەگەشە “وەک باڵی سوریای پەکەکە” دەیانەوێ بە ئەجیندای ئێرانی رێگە بگرن لە دابەشبوونی سوریا، هەربۆیە شتێک لە رۆژئاوا نەماوە بە ناوی “کوردستان” بەڵکو زاراوەی “کەنتۆن” جێی ناوی کوردستانی گرتۆتەوە، لە ئەدەبیاتی سیاسیی یەپەگەشدا باس لە هیچ قەوارەیەکی کوردیی نەکراوە، ئەگەر پارتی بیەوێ بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە سوریا بپارێزێ، ئەوە پەکەکەش خواستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانی لە سوریادا هەیە.
سەبارەت بە شەنگالیش کە پەکەکە دەیویست بیکاتە کەنتۆنێک، دیسان ئەمەش هەر هەوڵێکی تری ئێران بوو، تاکو بگەنە بن لووتی تورکیا، لەو رێگەیەشەوە دەروازەیەکی نزیکتر بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ رژێمی سوریا دەستەبەر بکەن. دواجاریش بۆ تەواوکردنی نیوە مانگی شیعە “هلال الشیعی”!! دژایەتیکردنی پارتیش لەو دیدگایەوە بوو تورکیا نەیدەویست لە نزیک سنوورەکانییەوە کەنتۆنێکی سەر پەکەکە وەک پایەگایەکی ئێرانی لە ئارادا بێ، بۆیە ناکۆکیی پارتی و پەکەکە لەسەر کەنتۆنی شەنگال لە سترۆکتۆرەوە ناکۆکیی ئێرانی- تورکی بوو، بەڵام رووپۆشکرابوو بە پرسە نەتەوەییەکان لەلایەن هەردوو لاوە.
ماوەتەوە بڵێم پاساوی پارتی و پەکەکە بۆ ناکۆکی و شەڕکردن لەگەڵ یەکتر، بارۆمەترێک نییە راددەی نەتەوەییبوون و خەمخۆریی هیچکامیان نیشان بدات بۆ دۆزی نیشتمانی، بە پێچەوانەوە وەک لە سەرەتاشەوە چەند جار ئاماژەم بۆ کرد هەر ناکۆکی و شەڕێک لە نێوان ئەو دوو هێزە زیاتر فاکتۆری دەرەکی و خەونی پاوانخوازیی رۆڵی تێدا دەگێڕێ، ئەگەرنا لە دیتنی مندا نە پەکەکە لە پارتی نەتەوەییترە نە پارتیش لە پەکەکە پەرۆشترە بۆ دۆزی کورد. لە ئەگەری هەر شەڕێکدا ناتوانین بڕوا بە هیچ پاساوێک بکەین، چوونکە لە ئێستاوە بەرچاومان روونە داگیرکەرانی کوردستان چ سەفەوی و چ عوسمانی، دەیانەوێ شەڕی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە دەرەوەی وڵاتەکانیان و لەسەر خاکی کوردستان بکەن، وەک روونە جارێکی تر نەخشەی ناوچەکە لەلایەن زلهێزە جیهانییەکانەوە دادەڕێژرێتەوە، چ ئێران، چ تورکیا دەخوازن بە کەمترین زیان لەو پرۆسەیە دەربچن لەسەر حسابی کورد، ئەو دوو هێزەش “پارتی و پەکەکە” وەک دوو مقاش بۆ بەرژەوەندییەکانیان بەکاردەهێنن، بەڵام هەر کات ئەو دوو دەوڵەتە “تورکیا و ئێران” هەر چەشنە رێکەوتننامەیەک بهێنە ئاراوە لە نێوانیان، هەردوو لایەنی پەکەکە و پارتی، ئەگەر تووشی ئاشبەتاڵ نەبن دەبێت بچنە قۆناغی متبوونێکی دوور و درێژەوە، بەمەش تاکە زیانمەند بە پلەی یەکەم دۆزی نەتەوەیی کورد و هاووڵاتیانی کوردستان دەبن.

3-3-2017
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
ئەڵمانیا – بیلەفێڵد

*خوێنەر دەبێت بەرچاوی رۆشن بێت ئەم وتارە دوو مانگ و نیو پێش مردنی نەوشیروان نوسراوە

تێبینی: ئەم وتارە لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لە لاپەڕە 35-39 چاپ بووە، کە ئەو کتێبەش لە سەرەتای ساڵی 2018 بە چاپی کاغەز لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە.

Previous
Next
Kurdish