كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه – 62…. كه‌ریم كاكه
یاده‌وه‌ری
62
خدر خه‌رمان هه‌موو رۆژێ به‌و له‌شه گرانه‌وه، له سه‌یداوه‌ی نزیك ماڵه عارهبهكهوه هێواش هێواش به پێی كیسه‌ڵ، وه‌ك بڵیی له سه‌ر هێلكه بڕوات، ده‌هات، ته‌واوێك به دیار پیری سوارچاكانه‌وه داده‌نیشت، له هه‌مووان وردتر گوێی له قسه‌كان یان وڕێنه‌كانی راده‌گرت، ئه‌رێ قسه و وڕێنه یه‌ك شت نین! به قسه‌ی عه‌زه مێشه بێ دوو شتی زۆر لێكدی دوورن، به‌ڵام خدر خه‌رمان هێنده جوایه‌زی نهدهدیتن، ده‌یگوت:
وڕێنه كه‌مێك له قسه قسهتره.
خه‌رمان له وڕێنه‌ی پیری سوارچاكانه‌وه جیاوازییه‌كه‌ی دیتبۆوه
پیری سوارچاكان له هه‌موو ئه‌و سه‌ده و هێندهیهی ته‌مه‌نی هێنده‌ی ئه‌و چه‌ند حه‌فته‌یه قسه‌ی نه‌كردووه، ئه‌وه قسه‌ی مام ره‌زای هه‌قایه‌تبێژه، ئه‌و پیاوه‌ی نۆ ساڵ له پیری سوارچاكان گه‌وره‌تره، من له‌بیرمه نازانم ئێوه! پیری سوارچاكان وای داناوه نۆ ساڵ دوای مردنی هه‌قایه‌تبێژ بمرێ، ئه‌و قسه‌یه دڵداناوه و ئارامی بوو بۆ من، ئاخر له‌و لاو له‌م لا گوێم لێده‌بوو:
چی نه‌ماوه، عومری پیره مه‌ڕێكی كه‌متر ماوه.
وه‌یش، به‌و قسانه تێكده‌چووم، چۆن ده‌بێ قسه‌ی وا له زاری كه‌سێ ده‌ربچێ، باشه چی تێده‌چێ، خه‌ڵك قسه‌ی خۆشی له زار ده‌ربچێ..
پیری سوارچاكان ده‌گێڕێته‌وه، ته‌مه‌نی خۆی ده‌گێڕێته‌وه، هه‌موو لایانوایه وڕێنه ده‌كات، ته‌نێ خدر خه‌رمانه ده‌ڵێ:
نا، ته‌مه‌نی خۆی ده‌گێڕێته‌وه، مێژوو ده‌گێڕێته‌وه، ئێوه نایناسن..
حه‌یف شتێكی زۆر كه‌مم له گێڕانه‌وه‌كانی ئه‌و چه‌ند حه‌فته‌یه‌ی پیری سوارچاكان له یاده، كه‌سی واشم نه‌دیته‌وه شتێكی وای له گێڕانه‌وه‌كانی وی له بیرمابێ، له باره‌ی تورك و عاره‌ب و ئه‌و شتانه‌وه زۆری ده‌گێڕایه‌وه، پیری سوارچاكان له گێڕانه‌وه ده‌تگوت زێی گچكه‌یه، له جێ جێ شه‌پۆلانی ده‌دا، له جێ جێ ده‌تگوت وه‌ستاوه، وه‌بیرمدێ سه‌رهاتێكی دهوزێی گچكه‌ی نزیك پردی پردێی پچڕپچڕ گێڕایه‌وه، وێده‌چێ سه‌رهاته‌كه سه‌ر به سه‌ده‌ی نۆزده بێ، ئاخر خۆی گۆته‌نی:
تازه لاو بووم، له لای كه‌ركووكێ ده‌هاتینه‌وه، سێ چوار كه‌س بووین،، چوار پێنج باره قه‌سپمان پێ‌بوو، له بن پردێ جڕوجامشتانی ترك گێچه‌ڵیان پێكردین، سێتیرم پێنه‌بوو، یه‌كه‌م جار و دوا جاربوو، بێ چه‌ك بچمه رێی دوور…..كه‌وتنه دوومان، نیازیان باره قهسپهكان بوو، من و ئه‌و رهزایهی هه‌قایه‌تان ده‌گێڕێته‌وه، له‌گه‌ڵیان كه‌وتینه شه‌ڕه به‌رد، بهوانیدیمان گوت: هێستر و باره‌كان قوتاركهن، با نه‌كه‌ونه ده‌ست ئه‌و ناكهسبهچانهی عوسمانلی..
جڕوجامشتهكانی عوسمانلی زۆر بوون، وازیاننهدههێنا، هاتین به قوونه شه‌ڕ و شه‌ڕه به‌رد هاتین، لۆقنێكیان تێدا بوو به‌ردی زۆر ده‌ڕۆیشت، هه‌ر كووی ده‌هاویشت له پشتمان به زه‌وی ده‌كه‌وت، له‌و ده‌مه بیرم لۆ به‌رده‌قانی چوو، ئای لۆ بهردهقانیهك! دیتمه‌وه! گۆتمه ره‌زا:
تا بهردهقانیهك دێنم، له باتی منیش به‌ردا باوێ.
ره‌زا گۆتی:
قادر، به‌رده‌قانی له قوونت ده‌ردێنی!
گۆتمه ره‌زا:
چت پێده‌ڵێم ئه‌وه بكه.
ئێ، هه‌ر له بای غارێ دۆخینم له شهرواڵێ ده‌ركێشا، شه‌رواڵه‌كه‌م جوان خسته بن پشتێنه‌وه، كڵاوم دووقه‌د كرده‌وه، له‌و سه‌ر و ئه‌و سه‌ری كونم تێكردن، دۆخینم كرده دوو كه‌رت و له كونی كڵاوم هه‌ڵكێشان، خودا ده‌یزانی سهگوسوارانی عوسمانلیم وه‌ها بهردهقانیباران كرد، دواتر ئینگلیزیش وا تۆپبارانی نه‌كردوون، باوه‌ڕ ناكه‌ن له ره‌زا بپرسن….))
ئه‌و ده‌مه‌ی پیری سوارچاكان سه‌رهاتی بهردهقانیهكهی گێڕایه‌وه، هه‌قایه‌تبێژ له‌وێ نه‌بوو، ده‌نا لێمان ده‌پرسی، به‌ڵام دواتر باسی دۆخین و كڵاوه‌كه‌ی پیری سوارچاكانی كردبوو، گوتبووی:
بهردهقانیهكهی قادر نه‌با، ده‌نكه قه‌سپێك نه‌ده‌گه‌یشته به‌ستی شه‌رغه و منداڵه عوسمانلی به قوونڕووتی دهیانناردینهوه.
ئێ، پیری سوارچاكان ده‌گێڕێته‌وه:
هێره‌م به منداڵه ورتكهی عوسمانلی كرد، كاتێ به‌ردی بهردهقانیی منیان به قوونێ ده‌كه‌وت، ده‌بوونه قازی قوون شكاو و زیڕه‌یان ده‌گه‌یشته ئهستهنبۆلێ، دوای ئه‌و رووداوه، دره‌نگ زۆر دره‌نگ، عوسمانلی به خۆیدا ریابوو، ئینگلیز دنیای ته‌نیبوو، رێم كه‌وته‌وه كه‌ركووكێ، له‌وێ هێستره بۆز و هێستره ره‌شم كڕی، ئاخر، تا هه‌ینێ به گا جۆتمان ده‌كرد، ئێ، دیسان له بن پردێ، چه‌ند لووسكهیهك، به توركمانی – من شته‌ك له توركمانی تێده‌گه‌م- جوونیان دا، ترسم نیه، سێتیرم له ناو تێڕكهیه، لێم ده‌رهێنان، هه‌ر یه‌كه‌یان قوونی له بن به‌ردێك قووچدهكردهوه، ئه‌وجاره‌ی ده‌ڵێم ره‌زا لێره نه‌بوو، چووبوو به هانای شێخ مه‌حموودی سلێمانیه‌وه..
پیری سوارچاكان سێ به‌شی قسه‌كانی خه‌ڵك گۆته‌نی وڕێنه‌كانی له باره‌ی تورك و عاره‌ب و عه‌جه‌مه‌وه بوون: ((هات هات، ترك هات، عاره‌ب هات، ئه‌وه‌تا عه‌جه‌م..كوا بڕنۆكه‌م! هه‌رێ، هات! بیكوژه، ده‌ستی شكاوم، كوێخا مه‌حموودی باپیرم نه‌ماوه كهوكوژیان بكات، حه‌یف، كه‌ركووكیش به ده‌ردی ته‌ڕوار چوو،..)) خدر خه‌رمانی لێده‌رچێ كه به ته‌نێ به‌ره‌یه‌ك بوو، هه‌موو سرتهسرتیان بوو، سه‌ریان ده‌خسته بن گوێی یه‌كتر: حه‌یف، باش خه‌ره‌فاوه، وڕێنه‌ی خۆش ده‌كات..
له بیرنهكهم پیاوه توركمانه‌كه‌ش چووه به‌ره‌ی خدر خه‌رمانه‌وه، ئه‌و پیاوه پردێیی بوو، هاته سه‌ردانی پیری سوارچاكان، شه‌وێ دوو شه‌و به دیار سه‌ریه‌وه دانیشت، پیری سوارچاكان قسه‌یه‌كی هه‌بوو كه دواتر حه‌مه‌د مه‌ستان ناوی لێنا ((ئایه‌ته تووڕهكهی پیری سوارچاكان))، ئه‌و ئایه‌ته ته‌نها له‌و ده‌مانه له زاری پیری سوارچاكان ده‌باری كه بۆنێكی ناخۆش ده‌گه‌یشته لووتی، یهعێكی ده‌گۆ و ده‌یگۆ:
((بۆنی ترك دێ))
وه‌بیرمدێ به دیار توركمانهكهشهوه ئایه‌ته‌كه‌ی خۆی گۆته‌وه، توركمان كه پیرێ بوو شتێ له پیری سوارچاكان له‌سه‌رخۆتر، به پێكه‌نینه‌وه گۆتی:
حاجی، كردت بۆنی من؟!
پیری سوارچاكان كه به (قارداش) ناوی كابرای ده‌هێنا، من تا دره‌نگیش هه‌ر وام زانی ناوی قارداشه، گوتی:
قارداش، به خۆت ده‌زانی من نیازم چ تركێكه!
قارداش ده‌ستی له ملی پیری سوارچاكان كرد:
ده‌زانم حاجی، بۆ منیش دێ بۆنی پیس ئه‌و توركه..
وه‌بیرمدێ پیری سوارچاكان له‌گه‌ڵ قارداشهكهی براده‌ری، كۆمه‌ڵێ وشه‌ی توركمانی به‌كارده‌هێنا(دۆغری و ساغۆل…) ئه‌وانه..
له زۆر رێوه، له زۆر جێوه، له نه‌ته‌وه‌و ئایین و تیره‌ی جوێجوێوه، دێن، خه‌ڵك دێنه سه‌ردانی پیری سوارچاكان، دێنه خانووه قوڕه‌كه‌ی ده‌و كه‌ندێ، كه‌ندی به‌لاشاوه، دێن و له‌و چاوه داده‌نیشن كه به ژمار یازده ده‌لاقه‌ی تێدایه، به‌ڵام چاوی من پتر له سه‌ر ئه‌و ده‌لاقه‌یه كه كه‌وتۆته پشت سه‌ری پیری سوارچاكان، له‌وێ باولێكی گچكۆكه هه‌یه، له جانتای كتێبانی من گچكه‌تر، دوایوه‌ی گوڵی كۆساران سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت و پیری سوارچاكانی له جێ به‌جێهێشت، باولهكه هاته ئه‌وێ، پێشتر نازانم له كوێ بوو، ناشزانم كێ له‌وێی دانا، گوڵی كۆساران یان پیری سوارچاكان، یان.. نه‌مزانی كێ.
ئیدی باولێكی گچكه له‌وێیه، له ناو دهلاقێیه، شێوه‌كه‌ی له چاومه، لێ ره‌نگی نه‌ماوه، ههینێش ره‌نگی نه‌مابوو، وێده‌چی گه‌له‌ك كۆن بێ، له گوڵی كۆساران كۆنتر، من چیم له شێوه و ره‌نگی دایه، ناوی، ناوی، ناوی چی تێدایه؟ چه‌ندان كه‌ڕه‌ت به دزی پیری سوارچاكانه‌وه، ئه‌و ده‌مانه‌ی ده‌چوو بۆ ده‌ست به‌ئاو گه‌یاندن، له وه‌ختی خه‌وێ، ده‌چووم، وه‌ك بۆ دزینی قاسه‌ی پاره بچم وا ده‌چووم، لێینزیك دهبووومهوه، ده‌ستم ده‌برد، نه‌ده‌گه‌یشتێ، كاره‌با لێیده‌دام، ترس و شه‌رم سارد و گه‌رمیی كاره‌با بوون، له منیان ده‌دا، ده‌كشامه‌وه، تۆبه‌م ده‌كرد له‌وه‌ی كردم، تۆبه‌م ده‌شكاند و ده‌چوومه‌وه گژی، دیسان تۆبه..وه‌بیرمدێ، باول تۆپ و كلیلی پێوه نه‌بوو، به بزمارێك داخرابوو كه چه‌مانه‌وه‌كه‌ی شێوه‌ی ژماره (8)ی هه‌بوو، كردنه‌وه‌ی له كردنه‌وه‌ی جانتای كێبهكانم ساناتربوو ، به‌ڵام كاره‌بای ترس و شه‌رم نه‌یده‌هێشت ده‌ستم بیگاتێ.
باولهكه پێده‌چوو وه‌ك به‌ردی پیرۆز پیرۆز بێ، ئاگام لێیه پیری سوارچاكان دهمنادهمێ، ملی خواردهكاتهوه، سه‌ر هه‌ڵده‌بڕێ، كلكه گۆچان ده‌گه‌یه‌نێته باولی ناو دهلاقێ، نه‌رم ده‌نگی لێوه دێنێ.. به‌رده‌كه! ئه‌و به‌رده‌ی ئه‌گه‌ر وه‌بیرتان مابێ به ئاوێك ته‌ڕواری ئاوه‌دانكرده‌وه، ئاو له ده‌ریاش چك بكات، ئاوی ته‌ڕوار هه‌میشه خوڕه‌ی دێ، پیری سوارچاكان باولی پیرۆزی له پشت سه‌ری خۆی هه‌ڵگرتووه، به‌ردی پیرۆزی له ته‌نیشت خۆی داناوه، لنگه خرخاڵێكی شكاویش به‌رانبه‌ری، له نێوان ده‌رگاو په‌نجه‌ره، له سه‌ر ئه‌و ده‌لاقه گچكهیهی كه دوو سێ پرێسكه‌ی تێدابوو، لنگه خرخاڵێ وا به سنگێكهوه، شه‌وان له بن تیشكی لامپاكه جاروبار ده‌بریسكایه‌وه- لامپاكه له به‌ری باولهكه به دیواره‌وه‌یه- خڕخاڵهكهش مینا باولهكه تازه‌یه، دوای تۆرانی گوڵی كۆساران به‌وێوه هه‌ڵواسراوه، پێشتر نه‌مدیتبوو، كێ بهوێدای هه‌ڵواسیوه؟ له خۆوه گومانم بۆ گوڵی كۆساران ده‌چێ، وێده‌چێ خرخاڵی شكاویش پیرۆز بێ، ئاخر پیری سوارچاكان تی چاوی ده‌داتێ، هه‌ستده‌كه‌م هۆده‌كه‌ی پیری سوارچاكان سێ پیرۆزی تێدایه، به‌ڵام هێشتا دڵنیا نیم، جارێ هه‌ر به‌ردی پیرۆز پیرۆزه..
با بگه‌ڕێمه‌وه لای مێوانه‌كان و پیاڵه‌ی به‌تاڵی پێشیان هه‌ڵگرم، پیاڵه هێنانه‌وه ئیشی خۆم بوو، ئێستا مام عاره‌بی بن پردی سه‌یداوه مێوانه، به پێكه‌نینه‌وه له پیری سوارچاكان ده‌پرسێ:
له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بان پێكنه‌هاتیه‌وه؟ ده‌ڵێن به‌هه‌شت له‌به‌ر عاره‌بان دار هه‌ڵده‌ی به عه‌رد ناكه‌وێ!
پیری سوارچاكان ویستی پێبكه‌نێ، به‌ڵام كۆخه نه‌یهێشت، به ده‌م نه‌رمه كۆخه‌وه:
ئه‌گه‌ر وایه، جه‌حه‌نده‌م بۆ من.
مام عاره‌ب و پیری سوارچاكان له‌م دنیایه یه‌كتریان زۆر خۆشده‌ویست و زۆر ته‌با بوون، به‌ڵام له سه‌ر ئه‌ودنیا ناكۆكیان ده‌كه‌وته نێوان، ئاخر پیری سوارچاكان ئاماده نه‌بوو له به‌هه‌شتێ بچێته گه‌ڕه‌كێ تورك و عاره‌ب و عه‌جه‌می لێبێ، ده‌یگۆته مام عاره‌ب:
پیاوی چاكبه، له به‌هه‌شتێ خۆت به عاره‌ب مه‌نووسه.
مام عاره‌ب به پێكه‌نینه‌وه، پێكه‌نینێ له‌گه‌ڵی چه‌فیه و عهگالهكهی ده‌له‌رینه‌وه، ده‌یگۆ:
حاجی، له به‌هه‌شتێ لۆت ده‌پاڕێمه‌وه كه تۆش به عاره‌ب وه‌رگرن…
دیانیش ده‌هاتنه ماڵی پیری سوارچاكان، وه‌ك به‌فره‌كه له‌بیرمه مام دیانێ كه شێوه‌ی كتومت له وێنه‌ی سێوه ده‌چوو، دواتر كاتێ وێنه‌ی سێوه‌م دی، ده‌مگوت هه‌بێ نه‌بێ ئه‌وه سێوه بوو كه له‌گه‌ڵ به‌فر هاته حه‌وشه‌ی ماڵێ، ئه‌و مام دیانه ناوێكی نزیك له ئهبرهههمی لێ‌بوو، هێشتا پێی له سه‌ر ده‌ركی حه‌وشێ بوو، گلێره به‌فر دایكرد، تۆزه‌ك عه‌ردی سپی كرد، به‌ڵام بایی شه‌ڕه به‌فری نه‌كرد، گۆتبوویه پیری سوارچاكان:
له‌گه‌ڵ خۆم به‌فرم هێنا
پیری سوارچاكان گۆتبووی:
ئێوه هه‌میشه به‌فر بوونه.
من به هۆی به‌فره‌كه‌وه هێنده نهپرژامه قسه وباسی نێوان پیری سوارچاكان و دیانهكهی هه‌رمۆته، به‌ڵام له‌و ده‌مه‌ی پیاڵه‌م له پێشی هه‌ڵگرت، بیرمه پرسی:
ناوت چیه؟
به شه‌رمه‌وه:
كه‌ریم
پیری سوارچاكان باسی ئه‌وه‌ی كه‌رد كه به‌ناوی بابیه‌وه ناوی ناوم، دیار بوو مام دیان كه‌ریمی بابی پیری سوارچاكانی دیتبوو، گوتی:
وای له سۆفی كه‌ریم، ده‌تگوت شاگردی حه‌زره‌تی عیسایه، پێی له مێرووله‌یه‌ك نه‌ناوه..
نازانم نه پیری سوارچاكان بوو، نه بابم قسه‌یه‌كی له‌و قسه‌یه‌ی مام دیان كرد، به‌ڵان نایه‌ته‌وه بیرم كووكوویی بوو..
خزمه‌كه‌ی شه‌یتانیش هاته دیداری پیری سوارچاكان، ئه‌و پیاوه‌م چه‌ند جارێ له ماڵی خۆمان دیتووه، هه‌ر جارێ ده‌هات، گوڵی كۆساران بانگی ده‌كردینه په‌نایێ و ده‌یگۆ:
نه‌كه‌ن، نه به باش نه به خراپ ناوی شه‌یتان بێنن، ده‌نا مێوانهكهمان تووڕه ده‌بێ..
ئێمه له سه‌ر قسه‌ی گوڵی كۆساران، نه‌مانده‌هێشت شه‌یتان به سه‌ر زارماندا بێ، وه‌بیرمدێ، جارێ له‌و جارانه گوڵی كۆساران خۆی به دیار خزمه‌كه‌ی شه‌یتانه‌وه ناوی شه‌یتانی هێنا، به خراپه ناوی هێنا، گۆتیه منداڵێكی شه‌یتان:
شه‌یتان وا مه‌كه ده‌نا..
به بیستنی ناوی شه‌یتان، وام وێنا كرد خزمه‌كه‌ی شه‌یتان برۆ سپیه‌كانی لێكنێ و گۆچانه گۆمك سووره‌كه‌ی دهستداتێ و پێڵاوه دڕاوه‌كانی به سه‌ر پێوه بكات و بێ ماڵاوایی ماڵ به‌جێبێلێ، به‌ڵام ئه‌وه رووینه‌دا و به پێكه‌نینه‌وه روو له گوڵی كۆساران:
شه‌یتانێكی جوانتان هه‌یه..
سهردهریم له‌وه ده‌رنه‌كرد، زارم پڕ بوو له پرسیار به‌ڵام شه‌رم به‌ستی و هیچم نه‌گۆت، ئێ، له‌بیرمه خزمه‌كه‌ی شه‌یتان پرسیاری گوڵی كۆسارانی كرد، به‌ر له‌وه‌ی پیری سوارچاكان زار هه‌ڵێنێ، دایكم گۆتی:
به سه‌ردان چۆته لای كچه‌كانی..
خۆزگه‌م ده‌خواست گوڵی كۆساران نه به سه‌ردان و نه تۆران نه‌ڕۆیشتبا، ده‌زانن چه‌ندم خۆشده‌ویست، چه‌ند حه‌زم له نانی ده‌ستی وی بوو، ئه‌دی ته‌ڕه‌ساز! تهڕهسازێكی درووستده‌كرد، په‌نجه‌ی خۆت له‌گه‌ڵی ده‌خوارد، حه‌مه‌د مه‌ستان دیاره به‌شی هه‌بووه له‌و تهڕهسازه گۆتبوویه بابم:
تۆ توور ده‌تباته به‌هه‌شت و دایكیشت ته‌ڕه‌ساز
بابیشم گوتبووی:
تۆش له‌گه‌ڵ خۆمان ده‌به‌ین..
حه‌یف، گوڵی كۆساران لێره نیه، تا دیسان به دیار خزمه‌كه‌ی شه‌یتانه‌وه شه‌یتانێكی له زار ده‌رچێ
مێوانه‌كانی پیری سوارچاكان، چه‌تۆ سه‌رناس گۆته‌نی وه‌ك به‌ردی به‌ستێ ره‌نگاو ره‌نگن، ئه‌وه‌تا مام حوسێن گۆگجه‌لی له لای موسڵێوه هاتووه، هه‌ندێك پێیده‌ڵێن حوسێن شه‌به‌ك، هه‌یاس كاكه‌یی كه به حه‌فت پیاوی به‌لاشاوه هێنده‌ی لا سمێڵێكی وی سمێڵیان پێوه نیه، له ده‌و زێی گه‌وره‌وه هاتووه، من له هۆده‌كه‌ی پیری سوارچاكان له هه‌موو ئایین و نه‌ته‌وه‌یه‌كم دی، ته‌نێ جووم نه‌دی، مام سمایلی كه‌رته‌كه چاو ده‌یگۆ:
ئه‌گه‌ر جوو لێره مابان، هۆده‌كه‌ی خاڵم ده‌بووه جووخانه.
وه‌ك بیستبووم پیری سوارچاكان براده‌ری جووله‌كه‌ی زۆر بوون، وه‌بیرمدێ باسی ئازایه‌تی جووله‌كه‌یه‌كی ده‌كرد، زۆر به شان بالیدا هه‌ڵیدا، گوتی:
مه‌گه‌ر سمكۆی شكاك هێنده ئازا بووبێت.
ئێمه‌ی منداڵ به‌و قسه‌یه پێده‌كه‌نین، ئاخر بیستبوومان جووله‌كه زۆر ترسنۆكن، كه‌سێ زۆر ترسنۆك با، به حوولهكه ناوی ده‌هات:
ترسنۆك، جووله‌كه..
وابوو جوو له له دیدی ئێمه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند و نهوێرۆك بوون:
هێنده‌ی جووێكی هه‌یه، ده‌ڵێی جووی..
بن جوو ده‌هاتن، بابی زارێ بن جووم له‌بیره، له منداڵیه‌وه ببووه موسڵمان، به‌ڵام چه‌تۆ سه‌رناس ده‌ڵێ: هێشتا نازانێ (فاتیحا) جوان بخوێنێ..
ئه‌و بن جووه ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بوو، له كۆڵانان ده‌گه‌ڕا، نازانم چی ده‌فرۆشت، به‌ڵام ئازا بوو، ده‌گێڕنه‌وه، له بن قه‌راتێ پۆلیسێك نازانم له سه‌ر چی هه‌ر له سه‌ر ترومبێله‌وه دارێكی لێده‌دا، بن جوو بۆی ده‌چێ، ترومبێل ده‌رده‌چێ، بن جوو تۆڵه نه‌كاته‌وه رێی ماڵێ ناگرێته‌وه، له جاده‌ی باته دوو پۆلیس ده‌بینێ، وه‌رده‌گه‌ڕێته سه‌ریان،باشیان ده‌كوتێ، هه‌ردووكیان چه‌ك ده‌كات، ئێ، بن جوو ده‌كه‌وێته زیندانی، لێیده‌پرسن:
پۆلیسێك لێیدای، تۆ له دوو پۆلیسیترت دا، بۆچی؟
بن جوو گوتبووی:
پۆلیس هه‌ر پۆلیسه، چ له هه‌ولێر،چ له به‌غدا چ له ئیسرائیل..
ده‌ڵێن پیری سوار چاكان بیست سی سه‌ر بزنێكی بۆ فرۆشتووه، تا بن جووی له زیندانێ هێناوه‌ته ده‌رێ..
ئێ، بڵێم كێ نه‌ده‌هاته سه‌ردانی پیری سوارچاكان! ئه‌وه‌ی نه‌هات ته‌نێ دایكه مه‌نیج بوو، ئه‌و ژنه‌ی دایكی نازانم چه‌ند كه‌س بوو، ئه‌و ژنه‌ی من رقی دنیام لێی ده‌بۆوه، ناهه‌قمه! خۆ له بیرتانه چی به پیری سوارچاكانی باپیرم ده‌گۆ! ئه‌و ژنه‌ی داخوا له كن خودا كووكوویی بۆ پیری سوارچاكانی تێكوشیوه! دنیا هه‌موو رووی له به‌لاشاوه كرد، له بهلاشاوهش بۆ ده‌و كه‌ندێ و حه‌وشه‌ی ئێمه، له ده‌رگه‌ی حهوشهشهوه به ده‌ستی راست و بۆ هۆده‌كه‌ی پیری سوارچاكان، هۆده گچكه‌یه، جێی دانیشتن نیه، پیاوی پیر به پێوه راوه‌ستایه، قسه‌یه‌كی كاك مه‌جید ئێستاش لهگوێمه، حه‌یف نهكارم به زرینگانه‌وه‌ی زاری وی بیڵێمه‌وه، ئه‌و كاك مه‌جیده له سه‌یده‌كانی لای هه‌ره‌جه بوو، نانی پیری سوارچاكانی لا موتفهڕك بوو، ئه‌و سه‌یده ئیوهای گۆ:
هێی دنیا! دیوه‌خانه‌كه‌ی حاجی قادر جێی دنیای تێدا ده‌بۆوه، ئێستاش له هۆدهیهكه، جێی حه‌مه شێت و بزگوڕهكانی لێنابێـتهوه..
حه‌مه شێت دێته‌وه ناو قسان، لێگه‌ڕێ لۆ دوایی، ده‌بێت بڵێم زۆر كه‌س ده‌بوو بێنه سه‌ردانی پیری سوارچاكان، به‌ڵام دیارنهكهوتن، كه‌سوكاری به‌ستی شه‌رغه دیار نین، براكه‌ی پیری سوارچاكان دیار نیه، كه‌سی نزیك زۆر نزیك دیار نین، من دره‌نگتر پێكه‌وتم شه‌ڕ رێی له‌وانه گرتبوو، شه‌ڕ نه‌یهێشت بێنه دیداری پیری سوارچاكان، هه‌ینێ شه‌ڕ بوو، له چیاكان شه‌ڕ بوو، له پێده‌شت و به‌ست و له زوورگان شه‌ڕ بوو، له كوێ شه‌ڕ نه‌بوو! له باداوه ده‌ڕۆیشتی، ده‌گه‌یشتیه، بنه‌سراوه، له پوونگینه كه له بن شاره، زۆری ده‌مێنێ بۆ به‌ستی شه‌رغه، شه‌ڕه، شه‌ڕ گه‌یشتۆته ناو شاریش..
سه‌رباز و جاش دنیایان ته‌نیوه، هاتووچۆیان بڕیوه، بابم نه‌بێ كێ له بهلاشاوهوه ده‌گاته به‌ستی شه‌رغه؟! ئه‌و بابه‌ی من فیشه‌كی له شاره‌وه ده‌گواسته‌وه بۆ ئه‌ودیوی زوورگهكان، بۆ پێشمه‌رگه.. ماڵی ئێمه، چاوه‌ی چێڵان، هه‌ر شوێنێكت ههڵكهندبا، فیشه‌ك زه‌رد ده‌چۆوه، بابم له‌به‌ر فیشه‌ك گواستنه‌وه بۆ پێشمه‌رگه هێنده نه‌ده‌پرژایه سه‌ر بابی، له بیرمه پیری سوارچاكان گۆتیه بابم:
كوڕم، وریابه، پێشمه‌رگه جێی به‌قا نیه!
وه‌رامی بابیشم له‌بیره:
ده‌زانم بابه، به‌ڵام هه‌ر ده‌بێ شتێكیان بۆ بكه‌م.
هێی دنیا! مام واحێد برای پیری سوارچاكان بوو، شه‌ڕ نه‌یهێشت بێ ، دایكه مه‌نیج ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ پیری سوارچاكان خه‌وتبوو، جیابوونه‌وه نه‌یهێشت بێ ، گوڵی كۆساران كه جوانترین گوڵی پیری سوارچاكان بوو، تۆران و تێكچوون نه‌یهێشت بێ، خه‌جێ كه شیرین‌ترین ژنی پیری سوارچاكان و دایكی بابم بوو، گۆڕ نه‌یهێشت بێ.. كه‌سوكارانی ده‌و به‌ستی شه‌رغه، شه‌ڕ رێی لێگرتن و نه‌هاتن، به‌ڵام پلكه مه‌تێی ژنی مه‌لاكه‌ی دۆڵه گاڕان نازانم به چ كه‌لێنێكی شه‌ڕدا به كووڕه كووڕ هات و شانی پیری سوارچاكانی ماچ كرد و چه‌ند دڵۆپه فرمێسكێكی هه‌ڵوه‌راند، پلكه مه‌تێ هه‌ر ده‌بوو بێ، ئه‌و نه‌با من سه‌ربرده‌ی باوله كۆن و خڕخاڵی شكاوم نه‌ده‌بیست، به‌ر له گێڕانه‌وه‌ی باول و خرخاڵ، له زارێ پلكه مه‌تێوه، با له زاری گوڵی كۆسارانه‌وه پێكهوین مه‌تێ له حه‌جێ چی دی:
((مه‌تێ یه‌كه‌مین ژنه ره‌وه‌نده چووبێته حه‌جێ، مه‌تێ له دۆڵه گاڕانی تهڕوارهوه تا ده‌گاته مه‌كه و مه‌دینه و سه‌ر مه‌زاری خۆشه‌ویست، قسه‌كه‌ی زاری كه له شادومان جوانتری له‌به‌ره، رۆژی سه‌د جار ده‌یلێته‌وه:
خودایه، ئه‌و رێیه كوێركهیتهوه..
ئێ، مه‌تێ له حه‌جێ ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ردوو به‌ری به‌ستی شه‌رغه، گوند گوند ده‌ڕژێنه دۆڵهگارانهوه، من و ئه‌و بهسێیهی بووكیشم گه‌یشتینه بن ره‌شماڵه‌كه‌ی حاجی مه‌تێ، پرم دایه ده‌ستی، هه‌ی! ده‌ستی كێشایه‌وه و ده‌ڵێ:
ماچی مه‌كه، ده‌ستم پیسه!
هۆپهكهم له خۆم زانی، ناولهپهكم له روومتی خۆم دا و گوتم:
ئه‌یه‌ڕۆ، حاجی مه‌تێ، ئه‌وه چ قسه‌یه‌كه ده‌یكه‌ی؟!
مه‌تێ گۆتی:
هه‌مین، پێش له هه‌موو شته‌ك ناوی من هه‌ر به مه‌تێ و پلكه مه‌تێ خۆشه، واز له‌و (حاجی)یه بێنه، به‌راستمه و ئی دڵیشمه ده‌ستم پیسه، پێم زۆر له ده‌ستم خاوێنتره..
ئه‌منیش پێكه‌نیم و گۆتم:
ده‌ته‌وێ پێیه‌كانت ماچ بكه‌م، خۆ من پێی پیری سوارچاكانیشم ماچ نه‌كردووه، تا..
مه‌تێ له پێكه‌نیندا له سه‌ر پشت كه‌وت، باسی پیسبوونی ده‌سته‌كانی خۆی كرد كه له نزیك گۆڕی خۆشه‌ویست چۆن منداڵه ورتهكهی عاره‌ب ده‌وریان داوه، لچكی كه‌وێ و كراسیان راكێشاوه، داوای شت و عانه‌یان لێی كردوو، ئه‌ویش ناچار بووه، بهچهپهڵۆكان لێیانداو له خۆیان دووربخاته‌وه، مه‌تێ ده‌یگۆ:
ده‌ستم به وه‌له‌كه عاره‌بان پیس بووه، به ئاوی زمزمیش پاكنهبۆوه، به ئاوی ناو گۆزه‌كه‌ی خۆشه‌ویستیش پاكنابێته‌وه.
گۆتمه مه‌تێ:
ئه‌تو له چوونه حه‌جێ ساردمان ده‌كه‌یته‌وه..
گۆتی چیم دی، ئه‌وه ده‌گێڕمه‌وه..
به سێ- ئه‌گه‌ر له‌بیری مابێ- گۆتی:
پلكه مه‌تێ، به قسه‌ی تۆ بێ، نابێ كه‌س بچێته حه‌جێ!
مه‌تێ گۆتی:
خودایه، لۆ خاتری خۆشه‌ویستی خۆت، ئه‌وه‌ی بوسرمانه رێی به‌وێ رێیێ نه‌كه‌وێ))
دیاره دایكم و گوڵی كۆساران سه‌رو (ئامین) ێكیان بۆ كردبوو، كه‌چی ساڵ ته‌واو وهرنهسووڕابۆوه، گوڵی كۆساران رێی به‌وێ رێیێ كه‌وتبوو، هه‌رچی به‌سێی دایكمه مه‌تێ وه‌های ترساندبوو، وه‌بیرمدێ ده‌یگۆ:
حه‌ج بێته بن مناره‌ی چۆلیش چاوی به من ناكه‌وێ.
به دوویدا دێ