Skip to Content

دیویکی دوورتری  کو‌ردستان وده‌وڵه‌تێکی  سه‌ربه‌خۆ … د.هاوڕی زه‌نگه‌نه‌.

دیویکی دوورتری کو‌ردستان وده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ … د.هاوڕی زه‌نگه‌نه‌.

Closed
by ئاب 16, 2017 General, Opinion

دیویکی دوورتری
کو‌ردستان وده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ
ئێران وعیراق و سوریا و تورکیا و
کولتورو په‌روه‌رده‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانیان.

‌له‌شاری که‌رکوک له‌ گه‌ڕکێکی زۆر هه‌ژارو ساده‌ و وه‌فاداره‌وه‌ فێری هه‌ستی ئه‌وه‌ کراین به‌ خاک و خۆڵه‌که‌ی ماڵ دروست بکه‌ین و به‌ قوڕه‌که‌ی (قوڕێکی تایبه‌تی هه‌بوو له‌ گرد و شاخه‌کانه‌وه‌ ده‌مان هێنایه‌وه، ته‌نها له‌و شوێنه‌ هه‌بوو، پێیان ده‌گووت (قوڕی مه‌لا خانه) ، ئه‌و خۆڵه‌ ،که‌ ئاوت پێدا ده‌کرد ده‌بوو به‌ قوڕێک و ره‌نگی جۆراو جۆری لێ ده‌رده‌چوو،) ئه‌و ماڵه‌ی دروستمان کردووه، حه‌زمان له‌ هه‌رچی بووایه‌ لێمان دروست ده‌کرد و ماڵه‌که‌مان پێ ده‌ڕازانده‌وه‌. ئه‌و ماڵه‌شیان روخاندو گونده‌‌کانمانیان سووتاند و ده‌ربه‌ده‌ر کراین و ماڵه‌کانمان به‌ سه‌ر عه‌ره‌به ‌ هاورده‌کانی به‌سره‌ و رومادی وعیماره‌دا دابه‌ش کرد و تاکو ئێستاش شاره‌که‌ی خۆمان به‌ کوردستان ره‌وا نابینن. وێنه‌ی دوو شت تاکو ئێستا له ‌هزرمدا ماوه‌ به‌ زیندووی.
وێنه‌ی یه‌که‌م: جگه‌ له‌ دوژمنه‌کانمان، هه‌ر له و سه‌ر ده‌می منداڵیه‌وه‌ که‌سێک له‌ ناوخۆمانداسه‌ری هه‌ڵده‌داو هه‌موو ئه‌و خانووه‌ی، که‌ دروستمان کردووه ‌ده ی‌روخاند. وێنه‌ی دووهه‌م: وێنه‌ی ئه‌و خه‌ونه‌ی منداڵیه‌، که‌‌ هه‌ر له‌و خاک و خؤله‌ی خودی کوردستان ماڵێکی سه‌ربه‌ خۆی کوردستان بنیات بنێین.

بۆیه‌ هه‌میشه‌ فێرکراین و حه‌سره‌تمان ئه‌وه‌ بوو ببین به‌ خاوه‌نی ماڵی خۆمان، ته‌نها له‌ به‌ر ناسنامه‌ی کوردبوونمان خاکه‌کامانیان ڵی زه‌وت کردبوو ، به‌ خاکی کوردستانیان نه‌ده‌زانی. بۆیه‌ هه‌میشه‌ خه‌ونمان به‌ ماڵێکه‌وه‌ ده‌بینی ،که‌ بڵێن ، ئه‌مه ماڵی خۆمانه‌ و خاکی خۆمانه‌ و ئه‌مه‌ ناسنامه‌ی خۆمانه‌.
له‌ پێناوی ئه‌و حه‌سره‌ته‌ دا بوو باوک و مام دۆست و یادگاریه‌کانمانیان لێ زه‌وت کردین، ‌بۆیه‌ ئه‌و حه‌سره‌ت و خه‌ونه‌ی ،که‌ من له‌ منداڵیه‌وه‌ له‌ گه‌ل خۆمدا هه‌ڵم گرتووه‌ بۆ ماڵیک و ده‌ڵه‌تیکی سه‌ربه‌خۆ، که‌ تێیدا سیسته‌م و پسپۆری و زانست و ئازادی تیدا جێگای شانازی هه‌موومان بێت.

کاتێ ئێران له‌ رابووردوو و ئێستادا دژی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی کوردستانه‌ و تورکیاو سوریاش به‌ هه‌مان شێوه‌، عیراق به‌ په‌رله‌مه‌نتاری کوردو سه‌رۆکی عیراقی کورده‌وه‌ هێشتا نه‌ک هه‌ر دژیه‌تی، به‌ڵکو به‌ حه‌نان فه تڵاوی نوێنه‌ریه‌وه به‌ خاک و گه‌ل و تاکمانه‌ و‌ه‌ ئیهانه ده‌کرێن، ئه‌گه‌ر بڵێین ده‌مانه‌وێت ببین به‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ و ناویی بنێن ده‌وڵه‌تی کوردستان. پێویسته‌ به‌ هه‌موو تاک وکۆمه‌ڵ ولایه‌نه‌ سیاسی و مه‌ده‌نی و فه‌رهه‌نگیه‌وه‌ داخوازی یه‌ک رێزی ره‌های
نیوان هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسی و حزبی و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و تاک و گه‌ل بکه‌ین، بۆ دروست کردنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌مه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئیدۆلۆژیه‌کی حزبی ، ‌ده‌وڵه‌تی کوردستان موڵکی هه‌موو خه‌ڵکه‌ وخه‌ونی هه‌موومانه‌ به‌گشتی. زانست و ئه‌زموون سه‌لماندویانه‌ گه‌ر ‌هێزی گه‌ل یه‌کگرتوو بێت، ئه‌وا به‌هێزترین باوه‌ڕی پۆڵاینه‌ بۆ سه‌ر که‌وتن و ده‌توانێت ئامانجی زۆر گه‌و‌ره‌و به‌نرخ به‌ده‌ست ‌بهێنێت‌.
ئه‌مه‌ رای خودی خۆمه‌ وهیچ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ و ناگه‌یه‌نێت ، ،که‌ من چاوپۆشی له‌ بارودۆخی ئه‌مرۆی کوردستان بکه‌م و له‌ ئاست ناڕه‌واتییه‌کاندا چاو داخه‌م، نه‌خێر؟ سه‌ره‌رای ژماره‌یه‌کی نا‌ره‌زایی زۆرم له‌ ده‌سه‌ڵاتی حوکومداری کوردی ئه‌مرۆ هه‌یه‌، له‌گه‌ل داخوازی یه‌ک رێزی هه‌موو لایه‌نی سیاسی ومه‌ده‌نی و که‌سایه‌تی جۆراو جۆری کوردستان و خه‌ڵکی ده‌روه‌و ناوه‌وه‌ی کوردستانم، به‌ ده‌نگی خه ڵک سه‌ربه‌خۆی ده‌وڵه‌تی کوردستان به‌ ره‌وا و حه‌قی گه‌له‌که‌م ده‌بینیم.
زه‌رده‌شتی حه‌کیم، که‌ زۆربه‌ی ووڵاتانی ئه‌وروپی بۆ پێشکه‌وتنی ووڵاته‌که‌یان سوودیان له‌ حیکمه‌ته‌که‌ی وه‌رگرت، ده‌ڵێت: هه‌موو مرۆڤێک مه‌ خلوقی سروشته‌ و هه‌موو له‌حزیه‌ک ئازادی هه‌ڵبژاردنی له‌ نیوان هێزی باشه‌ و خراپه‌دا هه‌یه‌، به‌و بڕیاره‌ ‌ نه‌ک ته‌نها ‌بڕیار له‌سه‌رچاره‌نووسی خۆی ده‌دات ، به‌ڵکو بۆ جیهانیش .

له‌ هه‌مان کاتدا له‌ کتێبه‌ پیرۆزه‌که‌ی و قاعده‌ ئالتوونیه‌که‌یدا ده‌ڵێت: گۆڕینی دوژمن به‌ دۆست: ‌ زانیاری و رۆشنبیری ببه‌خشه‌ به‌ دۆژمن به‌ زانایی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و‌ دوژمنه‌ بگۆری به‌دۆست.
وێنه‌ی دووهه‌م. خه‌ونێک له‌ سه‌فه‌ره‌کانی غوربه‌تیشدا لێم جیانه‌ده‌بوونه‌وه‌، له‌ ساڵی 2013 وه‌کو نوێنه‌ری کولتور ی شاری میونشنی پایته‌ختی ئه‌قلیمی به‌ڤاریا به‌ ده‌عوه‌تێک رۆیشتین بۆ شاری پریشتینای پایته‌ختی کۆسۆڤۆ . دوای ئه‌وه‌ی چاومان به‌ وه‌زاره‌ت وبه‌رێوه‌به‌رایه‌تی جۆراو جۆری به‌شی رۆسنبیری وکولتوریه‌کان که‌وت، له‌ نیو باسه‌کاندا باسی ئه‌وه‌یان کرد، که‌ کۆسۆڤۆ خۆی نزیکی دوو ملیۆن دانیشتوانی هه‌یه‌، به‌ڵام هێزی ده‌نگی خه‌ڵک و یه‌ک ده‌نگی گه‌ل تاکه‌ هێزی بنه‌ره‌تی بوو ،بۆ بوون به‌ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کۆسۆڤۆ. یه‌که‌م ده‌وڵه‌تی دونیا که‌ دانی پێدا نا ئه‌فغانستان بوو، له‌ دوای ئه‌وه‌ ئه‌مریکاو ئه‌روپا. له‌ ناوه‌راستی شاری پریشتینای کۆسۆڤۆ شه‌یه‌ک هه‌یه‌ به‌ ئاسنی پؤلاینی پانی زۆر زۆر گه‌وره‌ نووسراوه‌. ئازادی. هه‌ر که‌سێکی میوان سه‌ردانی ئه‌م شاره‌ ده‌کات، شتێک ده‌نووسێت، من له‌ سه‌ر ئه‌و‌ ئاسنه‌ پۆڵاینه‌ نووسیم ( به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ) و له‌وێ و له‌نێو ده‌فه‌ری میوانداریه‌کانیاندا ئیستاش ده‌بینرێته‌وه‌.
هێزی گه‌ل له‌لای من ته‌نها هێزی باشوور نیه‌، به‌ڵکو هێزی خه‌بات وبه‌رخودانی باکوور وهێزی رۆژهه‌ڵات وهێزی رۆژئاوایه‌، به‌ هه‌موو شیوه‌یه‌کی خه‌باتی چه‌کداری ومه‌ده‌نیه‌وه‌ به‌ خه‌باتی ره‌وای گه‌لی کوردستان ده‌زانم.
بۆیه‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌نگی سه‌ربه‌خۆبوون و ده‌وڵه‌تی کوردستان، ده‌نگێکه‌ بۆ باشووری ئه‌مرۆ و ئاسۆی ئاینده‌ی سه‌ربه‌خۆبوون وده‌وڵه‌تی کوردی له‌ باکوورو رۆژه‌هه‌لات و رۆژئاوی کوردستان. ده‌نگێکه‌ له‌لای من بۆ سنه‌و کرماشان و مه‌هاباد وبۆکان و قامیشلو و حه‌سه‌که‌و ئامه‌دو ماردین . ده‌نگم دژی سیاسه‌تی تاران و ئه‌نقه‌ره‌و دیمه‌شق و به‌غدایه‌.

کاتێک تاران وئه‌نقه‌ره‌و دیمه‌شق و به‌غداد و حه‌نان فه‌تڵاوی هاوار ده‌که‌ن و پێمان ده‌ڵێن: بڵێن نه‌خێر بۆ سه‌ربه‌خۆی وده‌وڵه‌تی کوردستان، من ده‌ڵێم:
به‌ڵی بۆ کوردستانیكی سه‌ربه‌خۆ و ده‌وڵه‌تێکی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ.
ده‌ڵێم به‌ڵی بۆ کوردستانیكی سه‌ربه‌خۆی ئازاد و ‌وشیارکردنه‌وه‌ی تاکی هاووڵاتی کوردستان و به‌ره‌و سیسته‌مێکی ئازادو عه‌داله‌ت بۆ دابین کردنی به‌خته‌وه‌ری وخۆشی بۆ تاکی هاووڵاتیانی کوردستان به‌ په‌روه‌رده‌یه‌کی ته‌ندروست.
به‌ره‌و دروست کردنی ئه‌و ماڵه‌ ی که‌ به‌ خاک و خۆڵی کوردستان و به‌هێزی یه‌ک ریزی نیوان هه‌موو رێکخراو ناوه‌ندی سیاسی ومه‌ده‌نی و که‌سایتیه‌کان وحزبه‌کانی کوردستان، ده‌توانرێت ئه‌م ماڵه‌ به‌ پته‌وی دروست بکرێت به‌ قودره‌تی هێزی خه‌ڵکی و هێزی خه‌ڵکی له‌ هه‌موو هێزێکی دونیا جه‌سوورتره‌.
هه‌موو مرۆڤێک ئازده‌ له‌ ده‌ربڕینی ده‌نگی خۆی به‌ پێێ هۆشیاری و باوه‌ڕی خودی خۆی.

د.هاوڕی زه‌نگه‌نه‌.
2017 میونشن

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish