
توركیا و سوریا و كورده‌كان .. خوێندنه‌وه‌ی دیمه‌نێكی شێواو … له عه‌ره‌بیه‌وه/ هاوكار ڕه‌فیق ڕه‌حمان
هه‌ر له ده‌ستپێكی شۆڕشی سوریاوه، سه‌رزه‌مینی شام بووه مه‌یدانێكی مه‌زن، بۆ جه‌نگی به‌وه‌كاله‌تی نێوان هێزه هه‌رێمیه‌كان، به جۆرێك هه‌ریه‌كه‌یان له هه‌وڵداندا بوون بۆ وه‌گیرخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، له ڕێگه‌ی پاڵپشتی و هاریكاری ده‌سته و لایه‌نه ناكۆكه‌كان.
هه‌ڵوێستی توركیا له به‌رامبه‌ر شۆڕشی سوریا له سه‌ره‌تادا
هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه هه‌ڵوێستی توركیا ڕوونبووه بۆ شۆرش و پاڵپشتی داخوازی و ویستی گه‌لی سوریا بووه، بۆ ڕزگاربوونیان له زۆرداری و سته‌می تایفه‌گه‌ری، كه سیمای ڕه‌فتاری ڕژێم بووه بۆ چه‌ندان ساڵ.
توركیا ته‌نیا به داواكردنی ڕۆیشتنی ڕژێمی ئه‌سه‌ده‌وه نه‌وه‌ستاوه، كه له هه‌موو بۆنه‌یه‌كدا ئه‌م خواسته‌ی ده‌خسته‌ڕوو، به‌ڵكو زیاتر و فراوانتر له‌مه‌ش به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام هه‌ستاوه به پێشكه‌شكردنی هه‌موو پاڵپشتیه‌كی ڕامیاریی و سه‌ربازی بۆ یارمه‌تیدانی ئۆپۆزسیۆنی چه‌كدار و لایه‌نگرانی، به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سوپا و ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د.
په‌یوه‌ندی توركیا له‌گه‌ڵ ئیسلامی عه‌ره‌به‌كان
توركیا ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه كه ئیسلامییه عه‌ره‌به‌كان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن مه‌رجه‌عیه‌تی ئیسلامی پۆلێن ده‌كات، ئیخوانه‌كان وه‌ك به‌شێك له ڕێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی داده‌نێت، به‌م شێوه‌یه بۆ توركیا ئاسایی و سروشتی بوو كه مه‌یلی به‌لای پشتگیریكردنی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی‌دا ڕۆیشت، وه ئه‌وه ده‌ركه‌وت له پاڵپشتیكردنی بۆ سوپای ئازاد، كه ئیخوانموسلیمین زاڵبوون به سه‌ریدا و كۆنترۆڵیان كردبوو.
سه‌ره‌رای ئه‌و پشتگیرییه گه‌وره‌ییه‌ی (سوپای ئازاد) كه له لایه‌ن توركیاوه ده‌كرا، به‌ڵام به لاوازی مایه‌وه له هێنانه‌دی سه‌ركه‌وتنێكی هه‌ستپێكراو “به‌رجه‌سته”، له گۆڕه‌پانی سوریادا، له كاتێكدا “داعش و به‌ره‌ی نوسره”، به زاڵده‌ستی و كۆنتڕۆڵكردنی گۆڕه‌پانه‌كه مانه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌م دیمه‌ن و پاڵپشتیه‌ی ئۆپۆزسیۆنی چه‌كداری ئیسلامی” سوپای ئازاد” له لایه‌ن توركیاوه، هێزه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئه‌نقه‌ره، به پشتگیریكردنی ئه‌و ده‌سته و گروپه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
11-11-2016 ڕۆژێكی ئاسایی نه‌بوو
به‌رواری 11ئۆكتۆبه‌ری 2015، ڕۆژێكی ئاسایی نه‌بوو له مێژووی ململانێی سوریادا، چونكه له‌م به‌رواره‌دا هێزێكی تازه له دایكبوو، كه توانی هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی و به تایبه‌تیش هه‌ڵوێستی (توركیا) له‌مه‌ڕ بارودۆخی سوریا بگۆڕێت.
كه ئه‌و ڕۆژه‌ش بریتی‌بوو له ڕاگه‌یاندن و دامه‌زراندنی “هێزه‌كانی سوریای دیموكرات”، كه باڵێكی سه‌ربازییه بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین پێكهاته‌ی جیاوازی وه‌ك (سوری، عه‌ره‌ب، سریانی و توركمانی) له هه‌ناوی خۆیدا كۆده‌كاته‌وه.
قه‌باره و توانای هێزه‌كانی سوریای دیموكرات
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له ماوه‌ی چه‌ند مانگێكی كه‌مدا، زیاتر له (27) لیوای سه‌ربازی و باڵی چه‌كداری گرته‌خۆی، ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی قورس و زه‌حمه‌ت بوو بۆ هاوكێشه‌ی سوریا، دوای ئه‌وه‌ی چووه پاڵ هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش پاڵپشتیه‌كی گه‌وره‌ی لێ‌كرد، سه‌رباری ئه‌وه‌ی سه‌ربازه ڕۆژئاواییه‌كان بە شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت مه‌شقیان پێكردن، به‌م چه‌شنه توانیان سه‌ركه‌وتنی گه‌وره به‌ده‌ستبهێنن له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆردا، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد سه‌ركه‌وتنی به‌رچاو به‌ده‌ستبهێنیت، له ڕزگاركردنی چه‌ندین شاری سوریا له‌ژێر ده‌ستی ڕێكخراوی داعش، كه دیاریترینیان (كۆبانێ “عین عرب” و منبج) بوون.
هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ دژایه‌تی كردنی كوردانی سوریا
له دوای زیادبوونی ڕۆڵ و پێگه‌ی كورد له سوریا و له لایه‌كی تریشه‌وه به‌رده‌وامی سه‌ركه‌وتنه سه‌ربازییه‌كانی “هێزه‌كانی سوریای دیموكرات”، ترسی هێزه هه‌رێمیه‌كانی ورژاند له سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه توركیا، هه‌ر بۆیه توركیا له سه‌ره‌تاوه كه‌وته تۆمه‌تباركردنی كورده‌كان، به تایبه‌تی له دوای ڕزگاركردنی منبیج، ڕایگه‌یاند كه كورده‌كان هه‌وڵیانداوه واقیعێكی نوێی دیموگرافی بسه‌پێنن له‌م شاره‌دا، به‌م مه‌به‌سته‌ش به‌زۆر دانیشتووه عه‌ره‌به‌كانیان ناچار به كۆچكردن كردووه، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی كوردی به‌رده‌وام بێمه‌نه‌تی و بێتاوانی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت و ئاماده‌یی خۆیشی پیشانداوه بۆ قبوڵكردنی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له تۆمه‌ته‌كان.
هه‌روه‌كو چۆن توركیا هه‌وڵیداوه بۆ ته‌قاندنه‌وه و له‌باربردنی ماڵی كوردی، له ناوه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ (مه‌سعود بارزانی)پته‌وكرد، هه‌روه‌ها كه‌وته پشتگیریكردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردی، دژ به پارتی یه‌كێتی كوردستانی (PYD).
توركیا و گه‌ڕانه‌وه بۆ ئامێزی ڕووسیا
دوای كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی توركیا، ئه‌ردۆگان كه‌سی نه‌دۆزیه‌وه كه هاوسۆزی بۆی هه‌بێت، بێجگه له “ورچی ڕوسی- الدب الروسی” كه مه‌به‌ست لێی “پوتین”ه، له هه‌مان كاتدا ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپیه‌كان كه‌وتنه ئاراسته‌كردنی ڕه‌خنه و ئاگارداركردنه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان له سیاسه‌ته تۆڵه‌ستێنه‌كانی، به‌رامبه‌ر به كوده‌تاچیه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی توركیای هاندا بۆ ئاماژه‌دان و لێدواندان به تێوه‌گلانی “واشنتۆن – ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا” و هێزه خۆرئاواییه‌كان به پاڵپشتیكردنی كوده‌تا.
هه‌ڵوێستی ڕوسیا به‌رامبه‌ر كوداتاكه، به‌سته‌ڵه‌كی نێوان ئه‌نقه‌ره و مۆسكۆی توانده‌وه و یوو به پاڵنه‌ری ئه‌ردۆگان بۆ ئه‌وه‌ی خۆی ببینێته‌وه له ئامێزی “ورچی ڕووسی – پوتین”، كه ئه‌مه‌ش بووه پشتگوێخستن و فه‌رامۆشكردنی هه‌موو ئه‌و ناكۆكی و هه‌ڕه‌شه به‌رامبه‌رییانه، كه نێوان هه‌ر دوو وڵات‌دا بوونی هه‌بوو، كه به هۆی خستنه‌خواره‌وه‌ی فرۆكه‌یه‌كی ڕووسی له لایه‌ن توركیاوه له سنوری سوریادا ڕوویدا.
نزیكبوونه‌وه‌ی توركیا و ڕوسیا كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له سه‌ر دۆخی سوریا هه‌یه، به‌وپێیه‌ی مۆسكۆ به یاریكه‌رێكی به‌هێز داده‌نرێت له ڕووداوه‌كانی سوریادا، كه خاوه‌نی په‌یوه‌ندیی و ده‌ستڕۆیشتووییه له سه‌ر ڕژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆن به ته‌واوی ئاراسته جیاوازه‌كانیه‌وه.
كاریگه‌رییه‌كانی حه‌سه‌كه له‌سه‌ر گۆڕینی هه‌ڵوێستی توركیا
دوای چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌م له كۆبوونه‌وه‌ی پوتین له گه‌ڵ ئه‌ردۆگان و ڕاگه‌یاندنی لوتكه‌ی ڕووسی و توركی وئێرانی، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له شاری “حه‌سه‌كه” له نێوان سوپای ڕژێم و هێزه كوردییه‌كان ڕوویدا، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ئه‌وه‌ی وه‌سف ده‌كرێت به ” ئاشتی سارد” له نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه و ڕێكه‌وتنێكی ڕانه‌گه‌یه‌نراوی ڕژێمی سوریا به رێگه‌پێدان به دروستكردنی هه‌رێمێكی كوردی له باكوری سوریا، به شێوه‌ی حوكمی زاتی ( خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له ڕۆژئاوا).
ئه‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وانه‌ی “حه‌سه‌كه” پاڵنه‌رێكبوون بۆ گۆڕانكاری له هه‌ڵوێستی توركیا و ملكه‌چبوونی بۆ ڕووئیا و ستراتیژی ڕوسیا بۆ چاره‌سه‌ركردی قه‌یرانی سوریا، له‌به‌ر ئه‌وه پشتگیری مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دی كرد له سه‌رۆكایه‌تی ڕژێمدا ، ئه‌مه‌ش به ڕوونی به‌دیار كه‌وت له لێدوانه‌كانی “یه‌ڵدریم – سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا”، كه بۆ یه‌كه‌مجار وایدانا كه به‌شار ئه‌سه‌د كێشه نیه و به‌شێكه له چاره‌سه‌ر، كه ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ڕوئیای توركیابوو له كاتی به‌رپابوونی شۆڕشی سوریا له ساڵی (2011)دا.
به‌م پێیه ڕژێمی توركیا هه‌ندێك له ئه‌ندامه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و لایه‌نگرانی له حه‌له‌ب كشانده‌وه و گواستنیه‌وه بۆ شاری جرابلس له سه‌ر سنوری سوریا و توركیا، وه‌ك ده‌ستپێكێك بۆ ڕزگاربوونیان له (داعش).
سه‌ركه‌وتنی هێزه كوردییه‌كان و ده‌ركردنی ڕژێمی سوریا له حه‌سه‌كه و كۆنتڕۆلككردنه‌وه‌ی، بووه هانده‌رێك بۆ توركیا بۆ ده‌ستوه‌ردان به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له باكوری سوریا و جوڵه‌پێكردنی پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌وه‌ی ناسرابه ( قه‌لغانی فورات)، له پێناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی داعش و ڕێكخستنه‌كانی چه‌كداره كورده‌كان، ئه‌وه‌ی كه توركیا به رێكخستنی تیرۆریستی ناویان ده‌هێنێت، “به پێی ڕاگه‌یاندراوێكی توركیا”.
توركیا ناتوانێت ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆ بكات
به‌دڵنیاییه‌وه توركیا ناتوانێت هه‌ڵبستێت به هه‌نگاوی ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی زه‌مینی له سوریا، به بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕژێمی سوریا و به‌رپرسانی فه‌رمی مۆسكۆ و تاران، مه‌به‌ست و تێڕوانینی دیمه‌شق به ئیدانه‌كردنی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی توركیا، ته‌نیا یه‌ك لێكدانه‌وه له خۆده‌گرێت، كه ئه‌ویش بریتیه له ڕێكه‌وتنێكی ڕوون و ئاشكرا كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌بێت له نێوان هه‌ردوو لاینه‌كه‌دا بكرێت.
به‌م پێیه ده‌ستوه‌ردانی سوپای توركیا له سوریادا، سه‌ركه‌شییه‌كی ناڕێكخراو وناپه‌سه‌ندی ئه‌ردۆگانه، كه ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامێكی قورسه بۆ سوپای توركیا، ئه‌مه له كاتێَكدا هه‌تا ئێستا شۆكی (15)ی ته‌مووزی به‌سه‌ره‌وه ماوه.
كورده‌كان و كاریگه‌رییان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه
پێویسته ڕه‌چاوی ئه‌وه بكرێت كه كۆتایی پێهێنانی “پارتی یه‌كێتی كوردستانی – PYD” له باكوری سوریادا، كارێكی ئه‌وه‌نده ئاسان نیه كه ئه‌ردۆگان پێشبینی بۆ كردووه، ئه‌مه له كاتێكدا ده‌وڵه‌تی توركیا نزیكه‌ی (30)ساڵه شكستیخواردووه له كۆتایپێهێنانی “پارتی كرێكارانی كوردستان –PKK”.
ده‌كرێت ئه‌و بیانوویه‌ی توركیا قبوڵكراوبیت، له ترسی ده‌ستڕۆیشتوویی كورد و خه‌ونی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه توركیا چۆن پشتگیری “حكومی زاتی – خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری” كورده‌كانی عێراق كرد و به‌ڵام دژ ده‌وه‌ستێته‌وه له‌گه‌ڵ ویستی كورده‌كانی سوریا له هێنانه‌دی ئه‌م خه‌ونه‌یاندا ؟!
له‌و باوه‌ڕه‌دام كه فكره‌ی كۆتاییپێهێنانی كورده‌كان، له به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كه‌یاندا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له (سایكس بیكۆ)دا ڕوویدا قابیلی دووباره بوونه‌وه نیه، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی كورد له‌و به‌ندكدنه گه‌وره‌ییه‌ی هاته‌ده‌ره‌وه و په‌یبرد به هێزی خۆی، هه‌روه‌ها بووه‌خاوه‌نی دانپیانانی نێوده‌وڵه‌تی،، به‌ده‌ر له‌وه یه‌كه‌مین هه‌نگاوی سه‌قامگیربوونی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به نده به دانپێدانانی مافی كورد به پێی ستراتیژییه‌ك كه ڕه‌چاوی سروشت و ناوچه و بارودۆخ و تایبه‌تمه‌ندی و مافه مێژووییه‌كانی بكات.
——————————
نوسینی/ محسن عوچ الله – گرنگیدان به كاروباری جیهان و قه‌یرانه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دۆسیه‌ی كورد و ئیسلامی سیاسی و جیهادی.
سه‌رچاوه/ زه‌مانی توركی
http://www.zamanarabic.com/category/recent/