ڕۆمانی كه‌شتییه‌كان ناگه‌ڕێنه‌وه و چه‌ند سه‌رنجێك.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
كه‌شتییه‌كان ناگه‌ڕێنه‌وه، ناوی دوا ڕۆمانی (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) یه و ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و به‌ر، چاپ و بڵاوكرایه‌وه. ئه‌م ڕۆمانه، باسی كاره‌كته‌رێك به ناوی فقێ گڵناس ده‌كات. فقێ كوڕی مه‌لا كۆتره، مه‌لاكۆتر دوای ئه‌وه‌ی به‌دریه‌ی قه‌یره كچ، به سه‌ر غوربه‌تی دایكی فقێ گلناس دێنێت، ئیدی ئه‌ویش گونده‌كه جێدێڵێت و له ڕێگه‌دا، ڕێكه‌وتی گالیسه‌وانێك ده‌كات و داوای لێ ده‌كات بیباته ئه‌و سه‌ری دونیا. ئه‌ویش له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبات و گوند به گوند ده‌یگێڕێت. له هه‌ر یه‌ك له‌و گوندانه، كه‌سانێكی به بیركردنه‌وه و به كولتوور جیاوز ده‌ژین و هه‌ریه‌كه‌یان سه‌رۆكێكی خۆی هه‌یه. تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی ئه‌م گوندانه، له یه‌كتری جیاوازن, بۆ نموونه: له گوندێكییان، پێشبڕكێی جوێن ساز ده‌كرێت و كامه‌یان جوانترین جوێن بدات خه‌ڵات ده‌كرێت. له گوندێكی دیكه‌یان، مه‌لایه‌ك به میزی حوشتر نه‌خۆشه‌كان چاره ده‌كات. له‌ویتریان، مه‌لا ته‌یفور خه‌ون لێك ده‌داته‌وه. گڵناس ده‌چێته شاخ و له نێو شۆڕش و كاره‌كته‌ره‌كانی ده‌مێنێته‌وه و دوای نا ئومێدبوونی، به ڕێگه‌ی قاچاع ده‌چێته ئه‌وروپا. هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه، له ژیانی گه‌نجی گڵناس ڕوویانداون و ئه‌و كاته‌ی له سه‌ر چارپایه‌ك و به ته‌نها ده‌ژیت، وه‌ك یاده‌وه‌ری ده‌یانهێنێته‌وه به‌رچاوی خۆی. به بڕوای من، تیمه‌ی ڕۆمانه‌كه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، ڕه‌خنه‌گرتنه له شۆڕش و دروشمه‌كانی و خه‌باتی شاخ و دوای ڕاپه‌ڕین، به تایبه‌تیش كه ڕۆماننووس پێشتر خۆی له شاخدا ژیاوه و ئه‌و كاره‌كته‌رانه ده‌كاته بیانووێك بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه له ئه‌قڵیه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی سیاسییانه‌ی تاكی كوردی و كاره‌كته‌ره سیاسییه‌كانیشی بگرێت. ڕۆمانه‌كه وه‌ك تیمه، بیرۆكه‌یه‌كی جوانه، به‌ڵام ڕۆماننووس نه‌یتوانیوه به ته‌كنیكێكی سه‌ركه‌وتووانه و زمانێكی ئه‌ده‌بییانه‌ی باڵا، سوود له‌و تیمه‌یه وه‌ربگرێت و به شێوه‌یه‌ك له ڕۆمانه‌كه‌دا، بینای بكات، كه ببێته جێی سه‌رنجی خوێنه‌ر. به داخه‌وه زمانی نووسین و گوزراشت و گێڕانه‌وه له‌و ڕۆمانه‌دا، ده‌یان هه‌ڵه‌ی تێدایه، كه لێره‌دا ئاماژه‌یان پێ ده‌ده‌ین.
هه‌ڵه له گوزارشتكردن و ده‌ربڕین:_
له ڕۆمانه‌كه‌دا، چه‌ندین هه‌ڵه له ڕووی گوزارشتكردن و ده‌ربڕینه‌وه هه‌ن، وه‌ك:_
- لا 5 نووسیویه‌تی:_(باڵنده له سه‌ر چڵ و لقه چڕه‌كانی ده‌نیشتنه‌وه، پاییز بوو) سه‌رنج له وه‌رزه‌كه و لق و چڵی داره‌كان بده‌ن؟
- لا 6 نووسیویه‌تی:_( ڕۆژی گواستنه‌وه‌كه به بێ شایی و ئاهه‌نگ به‌ڕێوه‌چوو، كۆتاییان به زه‌ماوه‌نده سارد و سڕه‌كه هێنا) مادام شایی و ئاهه‌نگ نه‌بووه، زه‌ماوه‌نده‌كه چۆن كراوه؟
- لا 13 نووسیویه‌تی:_(دره‌ختێكی ده‌گمه‌ن بوو، چه‌ند ساڵێك بوو خودی وه‌زیری كشتوكاڵ له حه‌وشه‌كه‌ی خۆی په‌روه‌رده‌ی كردبوو، هه‌ر به تۆوه چاندبووی) ئایا دره‌خته‌كان به تۆ ده‌چێنرێن؟
- لا 13 نووسیویه‌تی:(دره‌ختێكی ده‌گمه‌ن بوو، چه‌ند ساڵێك بوو، خودی وه‌زیری كشتوكاڵ له حه‌وشه‌كه‌ی خۆی په‌روه‌رده‌ی كردبوو) كه چی دێڕێك دواتر، ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:(دره‌خته‌كه ته‌مه‌نی سێ ساڵ ده بوو) سه‌رنج له چه‌ند ساڵێك و سێ ساڵ بده‌ن!
- لا 16 نووسیویه‌تی:_( سه‌رۆك پیاوێكی ڕه‌وان بێژ نه‌بوو، به زه‌حمه‌ت وشه‌ی به دروستی له شوێنی خۆی به كارده‌هێنا، به‌ڵام ده‌یزانی چۆن هه‌ست و سۆزی گوێ‌گران به لای خۆی ڕابكێشێت) ئایا ئه‌و دوو گوزارشته، له ڕووی مانایه‌وه یه‌كده‌گرنه‌وه؟ ئه‌گه‌ر گوتاربێژێك نه‌توانێت وشه به دروستی به كاربێنێت، كه واتا ناتوانێ وتارێكی باش و سه‌رنج ڕاكێش پێشكه‌ش بكات؟ ئیدی نازانم چۆن توانیویه‌تی سۆز و هه‌ستی گوێ‌گران ڕابكێشێت!
- لا 18 نووسیویه‌تی:_( دوعایه‌كی تفت و تاڵی بۆ مه‌لا كۆتر نارد) دوعای تفت و تاڵ چ مانایه‌كی هه‌یه؟ چ جوانییه‌كی تێدایه؟
- لا 22 نووسیویه‌تی:_(كه‌له شێره‌كه‌ی له ئاوی گه‌رم هه‌ڵده‌هێنا، تاكو گه‌ندوو مووانه‌ی لێ بكاته‌وه) ئایا په‌له‌وه‌ره‌كان، موویان هه‌یه یان چیخ؟ تۆ بڵێی نووسه‌ر كه كه‌سێكی دیاری دونیای نووسینه، نه‌زانێت مریشك و په‌له‌وه‌ره‌كان چیخییان هه‌یه نه‌ك موو؟
- لا 25 نووسیویه‌تی:_( پاش نیوڕانێك دوای نوێژی عه‌سر) سه‌رنج له ڕسته‌كه بده‌ن له ڕووی زه‌مه‌نییه‌وه؟
- 26 نووسیویه‌تی:_( دڵۆپه عاره‌قه‌ی هه‌ڕاش له سه‌ر ته‌وێڵی ده‌له‌رینه‌وه) به داخه‌وه ئه‌م جۆره له زمانی گوزارشتكردن له ڕۆماندا، به تایبه‌تی بۆ نووسه‌رێكی سه‌نگینی وه‌ك ئه‌حمه‌دی مه‌لا .
- لا 27 نووسیویه‌تی:_( بۆنی شیری دایكت بهێنمه‌وه ژێر مه‌ڵاشووت) ته‌نها ده‌پرسین، ئه‌گه‌ر شیر بێته‌وه ژێر مه‌ڵاشوو، تامی هه‌یه یان بۆن؟
- لا 28 نووسیویه‌تی:_(په‌ز و مه‌ڕ) هه‌ردووكییان هه‌ر یه‌كن.
- لا29 نووسیویه‌تی:_(ڕامانه‌كانی زۆر قووڵ نین به‌ڵكو ته‌نكه بیرۆكه‌یه‌كه) ته‌نكه بیرۆكه، چ داهێنانێكی تێدایه؟
- لا 31 نووسیویه‌تی:_( تا بناگوێی مرۆڤ تاریكی بوو) ئایا تاریكی تا بنا گوێی مرۆڤ دێت؟
- لا 32 نووسیویه‌تی:_(پیاوێك دانیشتبوو هه‌ندێ ئاگری كردبووه‌وه) هه‌ندێ ئاگر چییه؟ ئاگر ئاگره، هه‌ندێك و زۆری له كوێ بوو؟ ئه‌وه‌ی هه‌یه بڵێسه‌ی بچووك و گه‌وره‌یه.
- لا 36 نووسیویه‌تی:_( لووتیان وه‌كو كفته‌یه‌كی بچووك سوور ببوو، فرمێسكی شڵتێن به چاویان ده‌هاته خوار) لووتی كفته‌یی و فرمێسكی شڵتێن، هیچ جوانییه‌كییان تێدایه؟
- لا 36 نووسیویه‌تی:_( كفنێكی سپی) كه گوتمان كفن، سپییه‌كه ئاماده‌یه، كه‌واتا سپی پێویست نییه.
- لا 39 نووسیویه‌تی:_(شه‌ش وه‌زیر دره‌خته‌كه‌یان هه‌ڵگرتبوو) به‌ڵام پێشتر له لاپه‌ڕه 13 دا، نووسیویه‌تی ( چوار وه‌زیر) .
- لا 48 نووسیویه‌تی:_( ئه‌و پرسیاره‌ی هاتبووه سه‌ر نووكی زمانی) هه‌میشه ناگوترێت سه‌ری زمان و بنی زمان نه‌ك نووكی زمان.
- لا 50 نووسیویه‌تی:_(سڵاویان له‌و بڕه كه‌سه ده‌كرد كه هاتبوون سه‌یریان بكه‌ن) ئایا بڕیش هه‌مان مانای چه‌ندی هه‌یه و ده‌توانیت بۆ مرۆڤیش بڕ به كار بێنیت؟
- لا 51 نووسیویه‌تی:_(جوعه قه‌مبوور به نه‌وازشێكه‌وه چه‌مایه‌وه) جا كه قه‌مبوور بووه، چه‌مانه‌وه‌ی بۆ چییه؟
- لا 54 نووسیویه‌تی:_( له دۆڵه‌كه‌دا له نێو مژێكی چڕدا ون ده‌بوو، بۆنی شێی ده‌كرد، هاڵاوێك به‌رزده‌بووه‌وه نه‌یده‌زانی چۆن وه‌سفی بكات) سه‌رنج له شێ و هاڵاو به یه‌كه‌وه بده‌ن!
- لا 55 نووسیویه‌تی:_( چه‌ند كانییه‌ك ته‌قیبوون و خوڕه‌یان ده‌هات، خۆری پاییز له‌و به‌رزایه‌ش ئاگری ده‌كرده‌وه) سه‌رنج له ته‌قینی كانییه‌كان و وه‌رزه‌كه بده‌ن ؟
- لا 56 نووسیویه‌تی:_( گزه‌ی زه‌رده‌واڵه ده‌هات، ده‌چوو هێلانه دروست بكات) تۆ بڵێی ڕۆماننووس، بای ئه‌وه له زمان شاره‌زا نه‌بێت، كه زه‌رده‌واڵه شانه دروست ده‌كات نه‌ك هێلانه؟
- 57 نووسیویه‌تی:_(هه‌ر به ته‌كییه‌كی بێ هه‌ریسه و شێخی ده‌كرد) كه‌واتا ده‌بێت حوسێنییه بووبێت، نه‌ك ته‌كییه!
- لا69 نووسیویه‌تی:_( ئاسمانی ئه‌و به‌یانییه زۆر شین بوو، به‌ڵام شینێكی كاڵ) كه زۆر شین بووه، نازانم چۆن كاڵ بووه؟
- لا 72 نووسیویه‌تی:_( ده‌ستی كرده‌وه به گۆرانی و له به‌ر خۆیه‌وه وشه‌كانی بۆ زیاد ده‌كرد، له‌گه‌ڵ گۆڕانییه‌كه هه‌مووله‌شی ده‌له‌رییه‌وه) كه‌سێك گۆرانی له به‌رخۆیه‌وه، واتا به نزمی بڵێت، له‌شی ده‌له‌رێته‌وه؟
- لا 73 نووسیویه‌تی:_( ئاره‌زووی ده‌كرد خۆی له ناو ئه‌و چڵپاوه، وه‌ك ئاژه‌ڵێك بگه‌وزێنێ) ئاژه‌ل له نێو چڵپاو خۆی ناگه‌وزێنێ، به‌ڵكۆ خۆی تێ وه‌رده‌دات، گه‌وزاندن ته‌نها بۆ ناو تۆز و خۆڵه.
- لا 77 نووسیویه‌تی:_( بروسكه‌كان هێنده خێرا‌و له پڕ بوون) مه‌گه‌ر بروسكه‌ی هێمن و له سه‌ر خۆش هه‌یه!
- لا 78 نووسیویه‌تی:_(له پرێكدا، گوێی له شڵپه شڵپه‌ی جووتێك جزمه بوو، قوڕه‌كه‌ی ده‌شێلاو له ده‌رگاكه نزیك ده‌بووه‌وه، له ده‌رگا درا، گه‌نجێك بوو، وه‌ك كێشكه له ئاو هه‌ڵكێشرابوو، جووتێ نیو پووتی له به‌ر بوو) ڕۆماننووس به وردی سه‌رنجی له كه‌وشی كاره‌كته‌ره‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی نه‌داوه!
- لا 94 نووسیویه‌تی:( مه‌لا پاساری، له نێو سنووقێكی بۆڕاق، سێ شه‌و و سێ ڕۆژ خۆی شاردبووه‌وه له‌و ماوه‌یه‌دا نه نانی خواردبوو نه ئاو) كه‌چی ئه‌مجاره له لاپه‌ڕه 96 ده‌نووسێت:(سێ ڕۆژ و سێ شه‌و بوو، له‌و یه‌ك دوو پسكیته بترازێ كه له‌گه‌ڵ خۆی بردبوویه ژووره‌وه، هیچ زادێكی تری نه‌خواردبوو) نازانم كه هیچی نه‌خواردووه، چۆن بسكیت و زادی خواردووه؟
- لا96 نووسیویه‌تی:_(ته‌رمیش ته‌نها هه‌ندێك ئێسك و پرووسك بوو) كه‌واتا ڕوفات بووه نه‌ك ته‌رم، چونكه ته‌رم، مانای وایه هێشتا گۆشت به ئێسقانه‌وه‌یه.
- لا 97 نووسیویه‌تی:_( له پێش ئه‌و گۆڕه‌ی دایبنێن، كه چه‌ندین ساڵ بوو بۆی دیاریكرابوو، دوێنێ ئێواره به جوانی هه‌ڵكۆڵدرابوو) نازانم كه گۆڕه‌كه ئێواره‌ی پێشتر هه‌ڵكۆڵدراوه، چۆن چه‌ندین ساڵه بووه بۆی ئاماده كراوه؟
- لا 97 نووسیویه‌تی:( مه‌لا پاساری هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پێكرا، كراس و عه‌با سپییه‌كه‌ی له به‌ر بكات) كه چی چوار دێڕ دواتر ده‌نووسێت:(بایه‌كی مه‌یله و گه‌رم جه‌مادانییه‌كه‌ی مه‌لای ده‌له‌رانده‌وه).
- لا 97 نووسیویه‌تی:_( حه‌شاماتێكی بێ ئه‌ژمار) مه‌گه‌ر كه گوتمان حه‌شامات، مانای ئه‌وه نییه خه‌ڵكێكی بێ شوماری لێ بووه؟.
- لا 99 نووسیویه‌تی:_( خۆی له‌و خۆره ده‌پاراست، كه لێی دووركه‌وتبووه‌وه) مادام خۆره‌كه نه‌ماوه، خۆ پاراستنی بۆ چییه!
- لا 109 نووسیویه‌تی:(شه‌وێكییان كچه گه‌وره‌كه‌ی موختار له خه‌و ڕاپه‌ڕی، نیوه‌ی شه‌و تازه به تازه به دیوی سپێده‌دا وه‌رده‌چه‌رخا، خێرا سه‌رپۆشێكی سپی دا به‌سه‌ریا و به‌ره‌و ماڵی مه‌لا ته‌یفوری خه‌وبین كه‌وته ڕێ) كاته‌كه لێره‌دا دیاره كه هێشتا نه‌بۆته به‌یانی، به‌ڵكو شه‌وه‌كه تازه به‌لای سپێده‌وه وه‌رچه‌رخاوه، به‌مه‌ش ده‌بێ هێشتا زۆری مابێت بۆ سپێده، كه‌چی شه‌ش دێر دواتر ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:( یه‌كه‌م جار بوو به‌و كازیوه‌یه، به ته‌نها به‌گرده‌كه بێته خواره‌وه) به مه‌رجێك ماڵی ڕه‌عنا و ماڵی مه‌لاش، هێنده له یه‌كترییه‌وه دوور نه‌بوونه.
- لا 111 نووسیویه‌تی:_(له پڕێكدا هه‌ستم كرد دڵم نییه، ده‌ستم خسته سه‌ر دڵم هیچ شتێك لێ نه‌ده‌دا، ترسێك له سه‌ر دڵ و ده‌روونم نیشت) ڕۆماننووس هه‌ر به خۆی قسه‌كانی خۆی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، كه جارێك ده‌ڵێت دڵی نه‌ماوه، كه‌چی له هه‌مان كاتدا دڵی هه‌ستی به شتێك كردووه!
- لا 115 نووسیویه‌تی:( مه‌لا ته‌یفور، كتێبه‌كه‌ی سه‌ره‌و ژێر كردبوو، چاوی به وشه‌ی ته‌ماته نه‌كه‌وتبوو، به خه‌ون بینینه‌كه‌ی گوت، برام به‌هێت ده‌وێت هه‌یه، هه‌نارت ده‌وێت هه‌یه، قه‌یسیت ده‌وێ هه‌یه، خورمات ده‌وێ هه‌یه، ته‌نانه‌ت پیاز و ترێی ڕه‌ش و سپیشت ده‌وێ هه‌یه) لێره‌دا، مه‌لا باسی سێوی نه‌كردووه، كه‌چی له‌لاپه‌ڕه 132 دا، كاتێ مه‌لا له شاخدا ئه‌و به‌سه‌رهاته ده‌گێڕێته‌وه ده‌ڵێت:( به گوندییه‌كه‌م گوت، له جیاتی ته‌ماته با سێوێكی سوور دابنێین) ڕۆماننووس بیری چۆته‌وه، پێشتر چی نووسیوه!
- لا 117 نووسیویه‌تی:_(مه‌لا ته‌یفور به ڕه‌عنای گووت، گیانه‌كه‌م نه‌كه‌ویته ده‌شتی كه‌نعان و نه‌تخه‌نه بیرێكی قووڵه‌وه، كاروانیش فریات ناكه‌وێت، میسریش دووره) باسه‌كه دیاره كه مه‌به‌ست حه‌زره‌تی یوسفه، به‌ڵام ئایا، حه‌زره‌تی یوسف مێ بوو، تا ڕۆماننووس ڕه‌عنا به ئه‌و بچوێنێت؟!
- لا 119 نووسیویه‌تی:_( پڕۆژه‌كته‌ره‌كان به پێی هاتنی شه‌و و ڕۆژ داده‌گیرسان و ده‌كوژانه‌وه) ئه‌م ده‌ربڕینه، هیچ داهێنانێكی تێدایه له نووسین؟ مه‌گه‌ر كه‌س هه‌یه نه‌زانێت، هه‌موو ڕووناكییه‌ك ئه‌و كاته داده‌گیرسێت، كه تاریكایی هه‌بوو؟
- لا 119 نووسیویه‌تی:_( ده‌ستی گڕ ده‌دا تاكو ئه‌و لایته بچووكه بدۆزێته‌وه كه به دیاری به‌خشیبوویه كوڕه‌زاكه‌ی) مادام ده‌زانێت لایته‌كه‌ی كردۆته دیاری، به دوا گه‌ڕانی بۆ چییه؟
- لا122 نووسیویه‌تی:(كه‌واو چاكه‌ته‌كه‌ی خۆڵاوی بوون) به‌ڵام هه‌ر چه‌ند دێڕێك دواتر ده‌نووسێت:(كه‌واو كراسه‌كه‌ی فرێدا)
- لا 125 نووسیویه‌تی:_( سه‌یری ئه‌و بۆیاغانه‌ی ده‌كرد، كه له هه‌ندێ شوێن له ته‌خته‌ی گالیسكه‌كه وشك ببوونه‌وه و چه‌مابووه‌وه ڕه‌ق ببوو) بۆیاغ كه له ته‌خته وشك بووه‌وه، ڕه‌ق نابێت، چونكه ته‌خته بۆیاغ هه‌ڵده‌مژێ. ئه‌و حاڵه‌ته‌ی ئه‌و باسی ده‌كات، ته‌نها بۆ مادده‌ی ئاسنه. بۆیاغ له‌سه‌ر ئاسن ره‌ق ده‌بێت و لول پێچ ده‌بێت.
- لا 132 نووسیویه‌تی:_ (مه‌لا ته‌یفوور، گه‌ڕام و سووڕام له هیچ شوێنێكی ئه‌و ئیبن سیرینه‌م نه‌بینی باسی ته‌ماته بكات، ئه‌و ده‌م به گوندییه‌كه‌م گوت، له جیاتی ته‌ماته با سێوێكی سوور دابنێین) تا ئێره دیاره، به‌ڵام با بزانین ڕۆماننووس پێشتر چی نووسیوه، ئایا باسی سێوی كردووه؟ له‌ڵاپه‌ڕه 115 نووسیویه‌تی:_( مه‌لا ته‌یفور كتێبه‌كه‌ی سه‌ره‌و ژوور كرد، چاوی به وشه‌ی ته‌ماته نه‌كه‌وت، پێی گوت برام، به‌هێت ده‌وێ هه‌یه، هه‌نارت ده‌وێ هه‌یه،قه‌یسیت ده‌وێ هه‌یه،خورمات ده‌وێ هه‌یه، ته‌نانه‌ت پیازو ترێی ڕه‌ش و سپیشت ده‌وێ هه‌یه) واتا نه‌یگوتوه‌ه سێوێكی سوور دابنێین، به‌مه‌ش ڕۆماننووس بیری چۆته‌وه پێشتر چی نووسیوه!
- لا139 نووسیویه‌تی:( كاتێ هه‌ڵاتم ده‌مزانی شه‌وێك دادێت ماڵی موختار به سه‌رمان داده‌ده‌ن) لێره‌دا، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه دوای هه‌ڵاتنی مه‌لا ته‌یفووری خه‌ون بین، پیاوه‌كانی موختار چوونه‌ته سه‌ر ماڵه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بیكوژن، به‌ڵام ڕۆماننووس هه‌ر خۆی پێشتر له‌ڵاپه‌ڕه 122 ده‌ڵێت:( دوای ئه‌وه‌ی پاسه‌وانه‌كان، موختار ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه، شه‌وی پێش ئه‌وه‌ی گڵناس و به‌خته‌وه‌ر بگه‌نه گونده‌كه، دابووی به سه‌ر ماڵی مه‌لا دا‌و مه‌لاش چووبوو ده‌ست به ئاو بگه‌ینێت، هه‌رچۆنێك بێت هه‌ر ئه‌و شه‌وه بۆی ده‌رچوو كتێبه‌كه‌ی ڕزگار كرد) واتا هه‌مان شه‌و ، به ڕێكه‌وت خۆی ڕزگار كردووه. بۆیه ئه‌مه دوو گێڕانه‌وه‌ی پێچه‌وانه و هاودژی یه‌ك ڕووداون!
- لا140 نووسیویه‌تی:(ده‌ڵێن تووره‌گه‌كه‌ی ڕوو كردببووه سه‌ر عه‌رزه‌كه، ده دوانزه گوێی بڕاو كه‌وتبوون، به‌خشه‌وه‌ر كه‌مێك په‌شۆكا) به‌ڵام شه‌ش دێر دواتر، هه‌ر خۆی ئه‌م قسه‌یه‌ی خۆی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌و ده‌نووسێت:( كاتێ تووره‌كه گوێیه‌كانی ڕووكرده سه‌ر زه‌وی، هیچ مووچركێك به جه‌سته‌ی دانه‌هات).
- لا 141 نووسیویه‌تی:_( به‌خشه‌وه‌ری بینی زۆر نه‌گۆڕاوه، به‌ڵام سه‌رو ڕیشی سپی بووه) مه‌گه‌ر گۆڕانی مرۆڤ چۆنه؟
- لا 144 نووسیویه‌تی:_( له سه‌ر كومبارێكی نایلۆن دانیشتبوو) نازانم كه كومبار بووه، چۆن نایلۆن بووه؟
- لا 159 نووسیویه‌تی:_( به درێژایی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، ڕیشاڵه تێكچڕژاوه‌كانی ده‌رده‌كه‌وتن) سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، تازه دوو ده‌یه‌ی لێ ڕۆیشتووه، ئیدی نازانم به درێژایی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك بۆ؟
- لا 166 نووسیویه‌تی:_( جوعه قه‌مبوور پیر ببوو، له سه‌رووی هه‌شتاوه بوو، پیری پێوه دیار نه‌بوو، خاوه‌ن جه‌سته‌یه‌كی گردبووه‌وه تۆكمه بوو) به ته‌نها له‌و په‌ڕه‌گرافه، ڕۆماننووس دوو هه‌ڵه‌ی كردوونه. یه‌كه‌م: ئایا كه‌سێك ته‌مه‌نی له سه‌رووی هه‌شتا ساڵه‌وه بێت، پیری پێوه دیار نییه؟ دووه‌م: جوعه كه قه‌مبوور بووه، چۆن جه‌سته‌یه‌كی گردبووه‌وه‌ی هه‌بووه؟ به تایبه‌تی كه ئه‌و كاره‌كته‌ره له زگماكییه‌وه، به كووڕی له دایك بووه؟
- لا 172 نووسیویه‌تی:_ (جه‌ژنی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مه‌ریكا، هه‌موو ساڵێك له به‌رواری 4 ی گه‌ڵاوێژ به‌ڕێوه ده‌چێت) بێگومان ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، چونكه جه‌ژنی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مه‌ریكا، له 4 ی ته‌ممووزه، ئایا ئه‌و ڕۆژه ڕێكه‌وتی چواری گه‌لاوێژ ده‌كات؟
- لا 174 نووسیویه‌تی:(سه‌ره‌تا ده‌بوو، ژه‌نه‌ڕاڵ شۆرت مارت گوتارێك به كوردی پێشكه‌ش بكات، گوتاره‌كه‌ی به كوردی پێشكه‌ش كردوو گووتی: له ساڵی 1776 سه‌ربه‌كۆیی مانمان به ده‌ست هێنا، دۆستایه‌تی پێویستی به كوربانییه، كوربانی له هه‌ردوو لاوه) ئه‌مه زمانی ژه‌نه‌ڕاڵه ئه‌مریكییه‌كه‌یه كه به كوردی ده‌دوێت، سه‌یر له‌وه دایه، چه‌ند دێڕێك دواتر ڕۆماننووس ده‌نووسێت:( به كوردییه‌كی ڕه‌وان گوتاره‌كه‌ی پێشكه‌ش كرد) سه‌رنج له قسه‌كانی و ڕه‌وانییه‌كه بده‌ن، بزانن یه‌كده‌گرنه‌وه؟
- لا 185 نووسیویه‌تی:(دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی قژ زه‌رده‌كه‌و دوو جمكانه‌كه، به‌دریه‌ی قه‌یره بووك، له نێو خانووێكی گه‌وره و چۆڵ و هۆڵ ده‌ژیا) لێره‌دا، دیاره كه دوو جمكانه‌كه له گه‌ڵ ژنه قژ زه‌رده‌كه گه‌راونه‌ته‌وه هۆڵه‌ندا، كه‌چی له لاپه‌ڕه 186 دا ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:(كاتێك جمكانه‌ی دووه‌م دڵی وه‌ستا، له‌گه‌ڵ مردنه كتوپڕه‌كه‌ی مه‌لا كۆتر لێی تێكچوو، كاتێكیش قژه زه‌رده‌كه سواری فڕۆكه بوو بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه هۆڵه‌ندا، باوه‌شیان له‌یه‌ك نه‌دا) ئه‌مه مانای وایه، ته‌نها یه‌كێك له جمكه‌كان له‌گه‌ڵ ژنه قژ زه‌رده‌كه چووه، چونكه جمكی یه‌كه‌میان مردووه!
- لا 188 نووسیویه‌تی:( دوو گه‌نج به به‌هانه‌ی كڕینی چه‌ند شوشه‌یه‌ك شه‌ڕاب، خۆیان گه‌یانده ناو دۆڵه‌كه، ئه‌م شارۆچكه‌یه‌ی كه جاران پێی ده‌گوترا میوانخانه‌ی شۆڕش، خێوه‌ته‌كان نه‌مابوون، نانه‌واخانه‌كه وێران ببوو، باره‌گاكان ڕووخابوونه سه‌ر یه‌ك) ئه‌مه مانای وایه ئاسه‌واری ژیانی لێ نه‌ماوه، كه‌چی چه‌ند دێڕێك دواتر و له لاپه‌ڕه 189 دا ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:(چه‌ندین گالۆن به نزینییان خسته ژێر دار مێوه‌كانه‌وه) نازنم ئه‌و گالۆنه به‌نزینانه، له‌و شوێنه وێران بووه له كوێ هاتن؟! به تایبه‌تی پێشتر ڕۆماننووس باسی به‌نزینی نه‌كردووه!
- لا 188 نووسیویه‌تی:_( هه‌موو پاییزانێك ده‌یان هێشووه ترێی ئاوسییان به ژێر گه‌ڵاكاندا شۆرده‌كرده‌وه) ئه‌مه‌ی ئه‌و باسی ده‌كات، ده‌بێ هاوین بێت، چونكه له پایزدا، ترێ زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه و هه‌ر نامێنێت.
چه‌ند نموونه‌یه‌ك له ڕێزمانی هه‌ڵه له كتێبه‌كه‌دا:_
به گشتی ڕێنووسی ئه‌م ڕۆمانه، له زۆر شوێن هه‌ڵه‌یه و نووسه‌ر ڕه‌چاوی هیچ ڕێسایه‌كی زمانه‌وانی نه‌كردووه. به تایبه‌تی له داڕشتنی ڕسته و كرداره‌كانی تاك و كۆ، یاخود بكه‌ر و كار. لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌ك له ڕۆمانه‌كه وه‌رده‌گرین.
- لا 39 نووسیویه‌تی:_(سه‌رۆك و دار‌و ده‌سته‌كه‌شی له ژێر كه‌پرێك دانیستبوو) سه‌رنج له كرداره‌كانی تاك وكۆ له ڕسته‌كه بده‌ن.
- لا 43 نووسیویه‌تی:_( سه‌رۆك هۆزه‌كان، به په‌نجه‌ی شایه‌تمان ڕاوه‌شاندنه‌وه ده‌هاته خه‌ونه‌كانییه‌وه) سه‌رۆك هۆزه‌كان كۆیه، بۆیه ده‌بوو بنووسێت ( ده‌هاتنه خه‌ونه‌كانییه‌وه).
- لا 48 نووسیویه‌تی:_( خه‌ڵاتیش، یا سه‌ركه قه‌ندێكه، یا شه‌ڕواڵێكه یا كڵاوێكه) خه‌ڵات هه‌ڵه‌یه و خه‌ڵاته‌كانیش دروسته.
- لا 56 نووسیویه‌تی:_( خۆڵی هه‌یوان وه‌كو لم وابوون) وابوون هه‌ڵه‌یه، وابوو ڕاسته.
- لا60 نووسیویه‌تی:_( خاتوون ده‌مێك بوو له ته‌نیشت سه‌رۆك دانیشتبوو، ئه‌مجاره‌یان سه‌رۆك هاوارێكی كرد، خانمه سه‌رۆك ئاوڕی لێ دایه‌وه) ڕۆماننووس به شێوه‌یه‌ك ڕسته‌كه‌ی داڕشتووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی خانمێك هه‌بێت و سه‌رۆك بێت، نه‌ك ئه‌و خانمه خاتوونی ژنی سه‌رۆك بێت. زمانی كوردی زمانێكی ورده، یه‌ك هه‌ڵه‌ی بچووك له نووسین، ته‌واوی مانای ڕسته‌كه ده‌گۆڕێت. پاشانیش، ده‌بوو نووسه‌ر بزانێت، ژنی سه‌رۆك پێی ناگوترێت خانمه سه‌رۆك، به‌ڵكو خانمی یه‌كه‌می پێ ده‌گوترێت. ئه‌مانه زانیاریی زۆر سه‌ره‌تایین، بۆ كه‌سێك كه ڕۆمان بنووسێت.
- لا 66 نووسیویه‌تی:_( سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ده‌كانی خوارتر) سه‌ده‌كانی پێشوو، پێشووتر هه‌ن، به‌ڵام نه‌مبیستووه سه‌ده‌ی خوارتر هه‌بن!
- لا72 نووسیویه‌تی:_( به‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ی ده‌كرد، كه له ده‌ست قه‌ومه‌كه‌ی هه‌ڵاتبێ) به‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی ده‌كرد دروسته‌كه‌یه.
- لا 72 نووسیویه‌تی:_( ده‌تگوت ده‌رزی لای فارابی خوێندووه) ئایا ده‌رس و ده‌رزی، هه‌مان ما‌نایان هه‌یه؟
- لا 76 نووسیویه‌تی:_( بگه‌ڕێته‌وه لای باوكه پیره‌مێرده په ژموورده‌كه‌ی) مه‌به‌ست باوكه پیره‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام ڕۆماننووس به شێوه‌یه‌ك نووسیویه‌تی، وه‌ك ئه‌وه‌ی باوك و پیره‌مێردێك بن!
- لا80 نووسیویه‌تی:_( ئێواره ڕۆژنامه‌وان زۆر ماندوو بوو، یه‌كسه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه ژووره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بخه‌وێت، جله‌كانی له به‌ر داكه‌ندو ته‌نها به ده‌رپێیه‌كه‌وه چووه سه‌ر جێیه‌كه) مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه، كه ڕۆژنامه‌نووسه‌كه خۆی جله‌كانی ده‌گۆڕێت، كه‌چی ڕۆماننووس به شێوه‌یه‌ك نووسیویه‌تی، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سێك جله‌كانی له‌به‌ر دابكه‌نێت!
- لا 106 نووسیویه‌تی:_( زۆربه‌یان تا ده‌مه و ئێواره ده‌خه‌وت) سه‌رنج بده‌ن، بكه‌ر كۆیه كار تاكه.
- لا 139 نووسیویه‌تی:_ (پڕی له گوێی بڕاوی موختاره‌كانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره بوو) سه‌رنج له ڕسته‌كه له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه بده‌ن.
- لا 201 نووسیویه‌تی:_( زۆریان پارچه په‌ڕۆیان به ده‌سته‌وه بوو، ڕای ده‌وه‌شاند) دیسانه‌وه بكه‌ر كۆیه، كار تاكه.
وه‌سف:_
وه‌سف، یه‌كێكه له ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی ڕۆمان و له پاڵ ڕه‌گه‌زه‌كانی دیكه، بینای هونه‌ری ڕۆمان پێك دێنن. زمانی وه‌سفكردن، ده‌بێ زمانێكی هونه‌ری جوان، ورد، هاوكات بابه‌تی و لۆژیكیش بێت، كه بشێ وه‌سفه‌كه بكاته جێگه‌ی سه‌رنج و باوه‌ڕی خوێنه‌ر. وه‌سف له‌و ڕۆمانه‌ی ئه‌حمه‌دی مه‌لادا، هێنده سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه، كه خوێنه‌ر گومان ده‌كات ڕۆماننووس زمانێكی هێنده هه‌ژاری له ڕووی ئستاتیكی و هونه‌رییه‌وه هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌سفی شته‌كانی پێ بكات. له‌و ڕۆمانه‌دا، خوێنه‌ر به‌رچه‌ندین وه‌سفی سه‌یر و سه‌مه‌ره ده‌كه‌وێت. بۆ نموونه:
- لا 81 نووسیویه‌تی:_( له پڕێكدا قاقایه‌كی كرد، قاقایه‌ك بوو، گوێی گوێدرێژه‌كه‌ی ده‌له‌رانده‌وه، پێكه‌نین نه‌بوو، قاقا بوو، شتێك بوو له‌و دیو قاقاشه‌وه، به جۆگه‌ڵه‌یه‌ك قاقای ده‌كرد، وه‌ك شه‌ربه‌یه‌كی زه‌به‌لاح سه‌ر و قلپ كرابێته‌وه) لای من به هیچ شێوه‌یه‌ك گونجاو نییه، ئه‌مه زمانی وه‌سف بێت له ڕۆمان، لای ئه‌حمه‌دی مه‌لا.
- لا 81 نووسیویه‌تی:_( هه‌مان قاقا به گه‌رم و گوڕتر و شێتانه‌تر، وه‌ك به‌رمیله شه‌ڕاب ده‌له‌رییه‌وه ) به‌رمیلێك شه‌ڕابی تێدا بێت، تۆ بڵێی له به‌ر قورسایی بله‌رێته‌وه؟
- لا 82 نووسیویه‌تی:_( ئه‌و هه‌موو كالۆریه‌ی فاسۆلیا به هه‌ند وه‌رنه‌گرین) كه‌واتا ده‌بێ پڕۆتین بووبێت نه‌ك كالۆری.
- لا 89 نووسیویه‌تی:_( هه‌ندێ په‌نیر و هه‌ندێ نان و مه‌تاره ئاوه‌كه و كاڵه‌كێكی نۆ مانگیله‌ی له سه‌ر سفره‌كه دانا) كاڵه‌كی نۆمانگیله، چ مانایه‌كی هه‌یه؟
- لا 89 نووسیویه‌تی:_( توێكڵێكی ته‌نكی له له‌شی كاڵه‌كه‌كه داماڵی) سه‌رنج له‌و وه‌سفه بده‌ن؟
- لا 90 نووسیویه‌تی:_ ( كاڵه‌كه‌كه‌ی درێژكردوو وه‌ك سپرینگێكی خاوی لێ هات) ئاخر كاڵه‌ك له‌كوێ و سپرینگ له كوێ؟
- لا 116 نووسیویه‌تی:_ (ئه‌م خه‌ونه شێدارانه) خه‌ونی شێ‌دار چ مانایه‌كی هه‌یه؟
- لا 116 نووسیویه‌تی:_ (ده‌ستی كرد به فیكه لێدان، فیكه‌یه‌كی پڕ گله‌یی بوو) فیكه‌ی پڕ گله‌یی چ مانایه‌كی هه‌یه؟
- لا 127 نووسیویه‌تی:_( وه‌ك گوندێكی زلی ناقۆلا، به بێ پلان زل ده‌بوو) گوندی زل، چ جوانییه‌كی تێدایه.
- لا 132 نووسیویه‌تی:_ (ماڵ كاولییه‌كی په‌تی بوو) كه‌س وه‌سفی وه‌های بیستووه؟
- لا 139 نووسیویه‌تی:_ (به‌خشه‌وه‌ر هه‌موو گیانی بوو بوو به دوو گوێ) مه‌گه‌ر مرۆڤ خۆی دوو گوێی نییه؟
- لا 172 نووسیویه‌تی:_ (پێویستیان به بۆنی هاڵاوی فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخ هه‌بوو) سه‌رنج له‌و وه‌سفه بده‌ن! مه‌گه‌ر هاڵاو بۆنه یان گه‌رمایی؟
خاڵێكی دیكه له باره‌ی ڕۆمانه‌كه به بڕوای من ئه‌وه‌یه، كه ڕۆماننووس له پێدانی ڕۆڵ به كه‌سایه‌تییه‌كان، سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. به شێوه‌یه‌ك كه بگونجێت له‌گه‌ڵ پاشخانی هزری و ڕۆشنبیریان. بۆ نموونه: كاتێ كاره‌كته‌ری مه‌لا كۆتر، هه‌ڕه‌شه له ئاغا ده‌كات، ڕۆماننووس ده‌نووسێت:_( مه‌لا كۆتر ده‌ستی بۆ گۆپاڵه‌كه‌ی درێژ كردوو تووڕه دیاربوو گووتی: هه‌ی بێ نامووسی قه‌حپه باب، هه‌ی سه‌گی سه‌گباب، هه‌ی كاوێزی حیزباب) ده‌پرسین، ئه‌مه زمانی كه‌سێكه به پیشه مه‌لا بێت و به‌رده‌وام له مزگه‌وت بێت؟ دواتر مه‌لا و هیچ كه‌سێكی دیكه، قه‌ت بوێری ئه‌وه‌یان هه‌بووه به‌و شێوه‌یه قسه به ئاغایه‌ك بڵێن؟
دواجار ده‌ڵێم، ئه‌حمه‌دی مه‌لا، شاعیر و نووسه‌رێكی به توانا و دیار، سه‌نگین و ڕۆشنبیره و لای من و یه‌كێكه له‌و نووسه‌رانه‌ی به بایه‌خه‌وه نووسینه جۆراوجۆركانی ده‌خوێنمه‌وه. به داخه‌وه‌م كه ئه‌و ڕۆمانه‌ی به‌و ئاسته نووسیوه. هیوادارم ئه‌مه، هۆكاره‌كه‌ی په‌له‌كردن له نووسین و بڵاوكردنه‌وه نه‌بێت، چونكه ئه‌و ساڵانێكی زۆر و درێژه له‌وه ده‌رچووه ته‌نها بۆ ناو و نماییش كتێب بڵاو بكاته‌وه. - په‌راوێز: كه‌شتییه‌كان ناگه‌ڕێنه‌وه، نووسینی ئه‌حمه‌دی مه‌لا، بڵاوكراوه‌ی: ئه‌ندێشه_ 2020