دوو تنۆکی ئۆقیانووسێ … هێمن رەووف شوانی
Closed
/١/
وتیان خەواڵوەکە
وڕێنەی دەکرد
پێش ئەوەی بنوێ
دەیگوت
کوان سی ساڵی تەمەنی شەبەیخون؟
یان لە ژێر پێی
تانجییە گەڕەکانی ڕاوا
گلان و
لە تەپوتۆزی جەنگەکانی ئەواندا
بزر بوون؟
ئیتر هەر چوار وەرزی ساڵیش
بە ڕووحمان سار بوون
راستە بە چاو خەوتوو
بەڵام هێشتا بە دڵ زیندوو
ئەی نازانی
چەند باشە ئەو مەودایە
بۆ عوزلەتی قەومی کەوتوو
پێیان بڵێ: با گوێبگرن
لە نیقاشی
کرۆناکانی ناخی نوستوو
- ئەم نووسینە ئیلهامی شیعری /هاوڕێم لە خەونی قوڵت ڕابە/ ی نەوازاد مدحەتی لە پشتە
/٢/
زۆر درەنگ
کۆتەکانمان پچڕان
ئەو کۆتانەی
نازانین بۆ
لە گەردنمان کرابوون
ئەو ساتانەش
خەڵك سەرەوخوار
ئازادییان ئازار دەدا
بەڵام هێشتا
هەر کات ماوە
زۆر درەنگی نەکردووە
تا دەریخەین
جوانییەکانی نێوەمان
کە هیچ گۆڕانیان
هێشا بەسەر نەهاتووە
+ئەم نووسینە ئیلهامی شیعری /ئەندێشەی وەهم/ی گەشاو محمد عەتای لە پشتە