Skip to Content

فلاشباک.. بەشی چواردە/ ستیڤان شەمزینی

فلاشباک.. بەشی چواردە/ ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئه‌یلول 21, 2021 General


لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی چواردە

ئێستا کاتژمێر 11ی سەر لەبەیانییە، لە گازینۆ 2000 لە سەهۆڵەکە دانیشتووم، برادەران بلیارد دەکەن، منیش بیر دەکەمەوە. لە ناکاو شتێک هات بە مێشکمدا بینووسم، ئەوەتا دەفتەری رۆژانەم دەرهێناوە و وا دەنووسم “لە ئەم پێکەنینەی مندا خەمێکی قووڵ هەیە، هەموو خەندەکانم تەنیا رووپۆشی ئازارەکانمە، چاپلن و عەزیز نەسین بە کۆمیدیا گوزارشت لە خەمە ئینسانییەکان دەکەن. لە ناو قووڵایی ئەو قاقا و تریقانەوەی مندا، ئازارێک هەیە، برینێک هەیە کە هەرگیز ساڕێژ نابێت”. بیرکردنەوەکەم پسا بە هاتوهاواری برادەران بۆ بلیارد و لە قووڵایی ئەم تێفکرینە هاتمە دەر.
ئێستا ئەمەوێ بێمە دەرەوە بۆ بارەگای حزب، هاوڕێیەکی کچ دوێنێ وەسفی زۆری کردم و هەمیشە بە “رێکی مارتن” بانگم دەکات، منیش حەزم لە گۆرانییەکەی “مارتن”ە بۆ مۆندیالی ئەمساڵ. هەرچەند بۆ بینینی ئەو هاوڕێیە ناچمە بارەگا، بەڵام دەخوازم ئەو هاوڕێیە ئەمڕۆ لەوێ بێت. بەهەرحاڵ ئەمڕۆ یەکێک لەو رۆژانەیە ئاستی رەشبینیم بۆ لوتکە بەرز بۆتەوە، لەوانەیە هیچ بارۆمەترێک توانای پێوانەی ئەم رەشبینییەی نەبێت. ئەم کتێبەم کڕیوە بە دوو دینار “رێنیسانس” نووسینی کەمال مەزهەر. ئەمڕۆ خۆم بۆ خوێندنەوەی ئەو کتێبە تەرخان ئەکەم ئەگەر ژاوەژاوی ناو بارەگا بهێڵێت، دواتر نازانم بەرنامەم چییە، بەڵام حەزم لە پیاسەیەکی لای سەرا هەیە بۆ بەردەم محاجەرەکان و موناقەشەی ئێوارانی هاوڕێیان. خۆشحاڵ دەبم لەوێ فەرهاد فەرەج و برادەرانی تریش ببینم. هەرچەندە حزب حەزی لەم رەفتارەی من نییە.
هەمیشە سەرم لەسەر کتێب، هۆشم لای ئازارەکانی خەڵکە، نازانم بۆچی ئەرکێکی ئەخلاقیم لەسەر خۆم داناوە، داکۆکی لە مافی بەشخوراوان بکەم. ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی رێکخستنی چەندان رێپێوان بووم بۆ خانەنشینان، ئەمەش بە هاوکاریی نوێنەری خانەنشینان کاک “خەلیل” و کاک “جەمال”. چوونکە چەندان مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و لە هەلومەرجێکی سەختی بژێوییدان. بەهەرحاڵ یەکەمجارمە بەو راستەوخۆییە لەناو دنیای بە ساڵاچوواندا رۆچم، دنیایەکە پڕ لە یادەوەریی و خۆشیی بابردوو. ئەمڕۆ تێگەیشتم پیر بەهێزی رابردووی خۆی ئەژی و گەنجیش بە ئایندەی. بەواتایەکی تر پیر لەناو یادەوەریی رابردوو وزە بۆ ژیان وەرئەگرێ،ـ گەنجیش بە چاوبڕینە داهاتوو گوڕ لە ژیان وەرئەگرێ.
شتێکی تر کە لە ناخەوە ئەمخوات، ئەو بێهیواییە بە خەڵک و حکوومەت و ئایندەی کوردستان بۆم دروست بووە، ناکرێ لە دۆزەخی وڵاتەوە هەڵبێین بۆ بەهەشتە وەهمییەکەی سەرمایەداریی لە ئەوروپا. ناکرێ ئەم وڵاتە رادەستی دز و تۆڕە مافیاییەکان بکرێ، چۆنیان بوێ ئاوها یاری بە مەشاعیری سێ ملیۆن کەس بکەن. ئێستا ئەو پرسیارەی لینین “چار چییە؟” لەهەموو کات زیاتر وەختێتی بوروژێنرێ. هیچ گەشبین نیم، لەسەر ئەو ئەقڵە دۆگمایە، لەسەر ئەو لۆمپنیزمە سیاسییە، لەسەر ئەو میکانیزمە نەشیاو و پڕ لە هەڵانە، لەسەر ئەو ستراتیجییە ئۆرسۆدۆکسییەی حزبی کۆمۆنیست، هیوا هەڵچنین، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە جیددییە!. چەمکی “ئەم دنیایە دەبێ بگۆڕدرێ” دروشمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقە، بەڵام چۆن، کێ، کەی دنیای خۆمان ئەگۆڕین؟ جارێ هیچ رووناکییەک لە ئاسۆوە دیار نییە. “هەڵگرتنی بەردی زل نیشانەی نەوەشاندیەتی”.
یار نامەیەکی بۆ ناردووم و لە کۆتایی نامەکەیدا نوسیویەتی تواومەتەوە بە نامەکەی پێشووت، بە تایبەت بەم دێڕە “وا تێمەگە لە ژیاندا هیچم نەکردووە چوونکە ئەگەر بۆ چەند چرکەیەکیش بووبێت عاشق بووم”. ئەو دێڕەشی نوسیبووەوە کە نووسیبووم “گەیشتوومە قۆناغێک لەسەرو عەشقەوە کەچى تۆ هێشتا هەر بێئاگایت”.

29-11-1998

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 48-51 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish