Skip to Content

مەرگی مامۆستا “جیهان تەها” لەنێوان دەنگۆی خۆکوژی و گومان لەتیرۆرکردنیدا!.. تاهیر عیسا

مەرگی مامۆستا “جیهان تەها” لەنێوان دەنگۆی خۆکوژی و گومان لەتیرۆرکردنیدا!.. تاهیر عیسا

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 3, 2023 General

بیست و شەشی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ، لە میدیا کوردیە جۆراوجۆرەکاندا، هەواڵێکی دڵتەزێن کە وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلێک و گڕگرتن و دواتریش بەداخەوە گیان لەدەستدانی شوفێرەکەی بوو بەناوی مامۆستا “جیهان تەها”لە ناوچەی بلێی قەزای مێرگەسۆردا، بڵاوکرایەوە.

دەوترا کە مامۆستا جیهان تەها خۆی پێشبینی مەرگی خۆی کردووەو لەلاپەڕەی فەیس بوکەکەی خۆی نوسیویەتی ڕێگاکەم بەرەو مەرگەو مەرگ بانگم دەکات، چەند کاتژمێرێکیش دوای بڵاو بوونەوەی ئەم نوسینەی کاتژمێر هەشتی شەو دوای دورکەوتنەوەی دەیان کیلۆمەتر لە شوێنی نیشتە جێبوونەکەی کەشاری هەولێرە، ئەم ڕوداوەی بۆ دێتە پێش و لەلایەن بەرگری شارستانی ناوچەکەوە کە بلەو بارزانە، هەواڵەکە بۆ میدیاکان ڕادەگەیەندرێت.

ئەمەش بەومانایەی کە مامۆستا جیهان تەها بەمەبەستی خۆکوژی لەهەولێر دوورکەوتۆتەوە.

بەڵام کاتێک نامەی بڵاوکراوەی ئەم چەند ڕۆژەی خوشک و براکانی دەخوێنیتەوە، روداوەکە زۆر تەم و مژاویی و گوماناویەو لە سیناریۆی دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد دەچێت.

هەر ئەوکاتە هەواڵەکە جێگای گومان بوو، بەڵام بەو دەلیلەی کەسو کارەکەی ئەو کاتە شتێکی ئەوتۆیان لەبارەیەوە نەدرکاند، من وەک خۆشم گومانەکەم لەسەری ڕەویەوە.

بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک، لەو کارەساتە، نامەی خوشک و برایەکی لە میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا وەک گومان لەمردنی خوشکەکەیان بڵاو کرایەوە.

ئەوەی زیاتر گومان دەخاتە سەر ڕوداوەکە و گومانی ئەوە لەلای هەر ئینسانێکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست سەبارەت بەمەرگی مامۆستا جیهان دروست دەکات ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:-

⁃ مامۆستا جیهان تەها ئەکتەرو شانۆکارو مامۆستای وانەبێژو کەسایەتی هەڵسوڕاوو ناڕازی ناو مامۆستایانی وانەبێژبوو.

⁃ ئەو هەڵسوڕاوی ناو مامۆستایان لەزۆنی زەردی ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و پارتەکەیان بوو.

⁃ لەمیدیادا دەردەکەوت و وەک مامۆستای وانەبێژی ناڕازی قسەو لێدوانی هەبوو.

⁃ لەزۆنی سەوزدا مامۆستایان لە باری بایکۆت و ناڕەزایەتیدا بوون

⁃ مامۆستایانی زۆنی سەوز چاوەڕوانییان لە هەڵوێستی مامۆستایانی زۆنی زەرد هەبوو بۆ پشتگیری و هاوپشتی و بردنە پێشی جوڵانەوە چینایەتیە بەرحەقەکەیان بۆ بەدەستهێنانی خواست و داواکاریەکانیان.

⁃ دەسەڵاتی زۆنی زەرد، لەژێرباری نەفرەتێکی گەورەی کۆمەڵایەتی بەرین و فراوندایە، بەتایبەتی لەدوای شکستی ئابووری سەربەخۆو وەستانی هەناردەی نەوت و هاتنە خوارەوەی ئاستی بژێوو ژیانی خەڵکی کرێکارو هەژارو کاسبکار.

⁃ زیاتر لەسی ملیار دۆلار قەرز نراوە بە کۆڵی خەڵکەوەو باجەکەشی هەردەبێت خەڵک بیدات.

⁃ زۆنی زەرد هەردەم و هەمیشە لە هاتنە مەیدانی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا لەپێناو ماف و ئازادیەکانیاندا تۆقیوەو بەتایبەتیش لەم دۆخەی ئێستایدا کە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا کەوتۆتە دۆخی شکست لەدوای شکست و پاشەکشەوە هەتائاستی گومانکردن لەداڕوخانیان .

⁃ بۆ بەرگرتن بەم هاتنە مەیدانانەی خەڵکیش سڵ لەدەست بردن بۆ هەرکارێکی وەحشیگەریانە ناکاتەوە.

⁃ هاوکاتی بایکۆت و هەڕەشەی مامۆستایانی ناڕازی لەڕێگای تەلەفۆنەوە لەلایەن کەسانی بەڵتەجی و نەناسراوەوە هەڕەشە لەمامۆستایان کراوە.

⁃ مامۆستا جیهان تەهاش بەر لەو ڕوداوە هەڕەشەی لێکراوە

⁃ ناوەرۆکی نامەی هەریەکە لە خوشک و برای مامۆستاجیهان بۆ دەسەڵات، کەهاوپێچیان دەکەم لەکۆتایی ئەم نوسینەمدا، زیاتر گومانەکان لەسەر لەپشت بوونی دەستی دەسەڵات لەو ڕوداوەدا زیاتر دەکەن.

⁃ دەسەڵاتدارانی کوردستان لەماوەی سیی ودووساڵەی دەسەڵاتداریی سەرەڕۆیانەیاندا، بەدەیان و سەدان کەسایەتی چالاکی سیاسیی کۆمەڵایەتی ڕۆژنامەوانیان تیرۆرکردووە

⁃ لەزۆنی زەرددا بەدەیان کەس بە تۆمەتی ناڕەوا ئێستاش لەزیندانەکاندا دەردو میحنەت و زەجرو ئازار دەچێژن، تەنیا بەدەلیلی خۆپیشاندان یان هەڵسوڕانیان لە بواری ڕشتەیی یان ڕۆژنامەوانیدا.

⁃ سۆرانی مامە حەمەو عەبدولستار تاهیر شەریف و نەزیر عومەرو شوکری ئامێدی و ویدات حوسێن و سەردەشت عوسمان و … دەیان وسەدان تیرۆری تریان، لەمێژووی دەسەڵاتی سیی ودووساڵەی میلیشیاگەرێتیانداو تیرۆر پیشەییان لەبەرامبەر دەنگە بوێرو ناڕازیەکاندا، گومانەکان لەسەرتیرۆری مامۆستا جیهانیش زیاتر دەکەن نەک خۆکوژی.

⁃ تێبینی :- نامەی هەریەکە لەخوشک و برای مامۆستا جیهان کە لەم چەند ڕۆژەدا بڵاوکرانەوە.

https://www.awene.com/detail?article=99891

تاهیر عیسا

2.12.2023

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish