Skip to Content

دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر و شەڕخواز بە ناوی رژێمی ئێران!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر و شەڕخواز بە ناوی رژێمی ئێران!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 3, 2023 General


تێڕوانینێک لە هێنانە سەرکاری ئیبراهیم رەئیسی و دەرهاویشتەکانی!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی


کاتێک بە هۆی پەرەسەندن و بەرەوپێشەوەچوونی راپەڕینە جەماوەرییەکان لە ئێران و چالاکییەکانی هێزەکانی موقاومەتی ئێران، نومایشی باڵبازێنی ناو دەسەڵاتی ئایینی دەرکەوت، وەلی فەقیهی دەسەڵات بڕیاری گرژبوونەوەی رژێمەکەی دەرکرد و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی خۆی، واتا (ئیبراهیم رەئیسی)، خستە سەر کورسی سەرۆکایەتی ئاخوندان. ئەم هەنگاوەی خامنەیی سەرەتای جووڵەیەک بوو کە ئێستا نەک تەنیا خەڵکی ئێران، بەڵکو خەڵکی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لێی زەرەرمەند بووە!
لەو رۆژانەدا نووسیبوومان کە (ئیبراهیم رەئیسی) دەبێتە دواسەرۆکی ئەم دەسەڵاتە! رەنگە دەبوو کات تێپەڕێت بۆ ئەوەی ئەم راستیە بۆ هەمووان بسەلمێنرێت. ئێستا لە کۆتایی ساڵی (٢٠٢٣)دا، زیاتر لە جاران راستی ئەم بابەتە بۆ هەموو لایەک روون بووەتەوە.
راپەڕینی جەماوەری لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران و رەوایەتی رێگا و ستراتیژییی تاکە رکابەر و بەدیلی راستەقینەی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی، واتە (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران)، لە یەک ساڵی رابردوودا گەیشتە لوتکە و ئەم رژێمە و هەروەها (سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی) چوونەتە دواقۆناغی خۆیانەوە.
ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر، ئەوانەی لافی راپەڕین و گەل و وڵاتیان لێدەدا، پێناسەیان دەرکەوتووە و لە رەوتی زۆرێک شەهیدبوون و ململانە سیاسی و سەربازییەکاندا، دوو هێزی دژ بە یەک لە پێوەند لەگەڵ ئێران، لە دژی یەکتر ریزیان بەستووە کە بوونی یەکێکیان، بە واتای نەبوونی ئەویتریانە. ئەمە دیمەنی راستەقینەی ئەمرۆی ئێرانە و لە هەمانکاتدا شەڕی چارەنووسی نێوان دیکتاتۆرییەت لە لایەک و خەڵکی ئێران و موقاومەتی ئێران لە لایەکیترەوە گەیشتووەتە لوتکەی خۆی. لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا دیکتاتۆرییەت و سیاسەتی سازان لەگەڵیدا لە دۆخی لاوازی و پاشەکشەدایە و بە دیوەکەیتریدا، خەڵک و موقاومەتی ئێران لە قۆناغی بەرەوپێشەوەچوون و گەشەسەندندان.
ئێستا هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە تیایدا، رۆڵی شەڕخوازانەی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی، سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشاوە و هەمووان لەو بۆچوونە راستەقینەی بەڕێز مەسعود رەجەوی نزیک بوونەتەوە، کە وتبووی “سەری ماری ویلایەتی فەقیهی لە تاراندایە” رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر، کۆدەنگی لەسەر ئەم بۆچوونە بەهێزتر دەبێت.
ئەم بۆچوون و روانگەیە بەشێوەیەک بەرەوپێشەوە چووە و پەرەی سەندووە کە بەشێک لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی نزیک لە دیکتاتۆرییەت لە ئێران وریاییان داوە بە خامنەیی کە مافی ئەوەی نییە وڵاتەکەیان بەرەو شەڕ ببات! بەڕێز رەجەوی وتی: “ئەمە، لاربوونەوەیە و بە ئاوەژوونیشاندانی کێشەکەیە لەلایەن ریفۆرمخوازان لە ناوەوەی دەسەڵات و هەروەها لە دەرەوی رژیم”. هەروەها وتیشی: “خامنەیی هەرگیز بە نیاز نییە بچێتە ناو شەڕەوە لەگەڵ ئەمریکا و شەڕی راستەوخۆ بکات بەرامبەر بە ئیسرائیل. چونکە زیان دەکات و دواجار کورسیی هەژموون و ویلایەت لەدەست دەدات. ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە ئەمریکا بە چەند پشت، پەشیمانە لەوەی لە عێراق کردوویەتی”.
خامنەیی لە رۆژی ٢٢ی گەلاوێژی 2018 گوتبووی: “بەکورتی با بە دوو وشە بە میللەتی ئێران بڵێم: شەڕ روونادات و دانوستان ناکەین… ئەمریکییەکانیش شەڕ دەست پێناکەن”. خامنەیی بە پشت بەستن بە هەڵوێستی سازشتکارانی رۆژئاوایی و هەروەها بۆ لەسەر کار مانەوەی رژێمەکەی بوو کە ئێستا لە سەرەتای ساڵی دووەمی “راپەڕینی جەماوەر لە دژی دیکتاتۆرییەت”دا، پەنای بردۆتە بەر شەڕخوازی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا، تا بە شێوازی خومەینی، دەرمانێک بۆ چارەسەری برینەکانی بدۆزێتەوە و رژێمەکەی لە رووخاندن رزگار بکات و درێژە بە دیکتاتۆرییەتی خۆی بدات. بەڵام بە پێچەوانەی ئەم (هەڵە حیساباتەی) خامنەئی، “دۆخەکە هەرگیز بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە و خەڵکی ئێران بە کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران رازی نابێت”.
موقاومەتی ئێران لە مێژە رایگەیاندووە کە “بەیتی خامنەیی گەورەترین ناوەندی تاوان و سەرکوتکردنە لە جیهانی ئەمڕۆدا” و پێویستە لەلایەن رۆڵە بە جەرگەکانی خەڵکی ئێرانەوە بکرێتە ئامانج. موجاهیدین و موقاومەتی ئێران، وەک ئاڵاهەڵگر و پێشەنگی بزووتنەوەی گەل، زیاتر لە ٤٠ ساڵە لە مەیدانی سەخت و بێوچانی خەباتدان و ساتێکیش لێ دوور نەکەوتوونەتەوە. هاتنە مەیدان لەم رێگەیەدا، پێویستی بە سەرکردایەتیی لێهاتوو، کەسانی گیان لەسەر دەست و خۆبەختکەر و بە باوەڕ هەیە بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی.
بە بڕوای بەڕێز رەجەوی، “کاتی ئامادەیی بۆ رووخاندنی ئەم دەسەڵاتە گەیشتووە”. هەڕەشەکە، پان نەکردنەوەی سەری مارەکەیە بە بەرد. سوپای پاسدارانی جەهل و جینایەت دەبێ بکرێتە ئامانج و لە چەک داماڵڕێت و هەڵوەشێنرێتەوە. پێویستە راپەڕین بکریت” (٣ی پووشپەڕی 2019). بەڕێز رەجەوی هەروەها وتی: “خامنەیی باس لە فەلەستین دەکات تا رێگایەک بدۆزێتەوە بۆ دەربازبوون لە (راپەڕین گەل) و رووخاندنی رژێمەکەی. کەواتە ئێستا کاتی بانگەشەیە بۆ رووخاندنی دەسەڵات. کاتی هەڵمەت و هێرشە بۆ سەر رژێم. ئەو مێزەی ئەو دەستنیشانی کردووە دەبێ تێک بدرێت و بەسەر خۆیدا کەڵەکە بکرێت. نەک ئەوەی لە بەرانبەریدا، بە کڕوزانەوە داوای لێبکرێت وڵات بەرەو شەڕ نەبات!”
لە راستیدا، “خامنەئی لە خوای دەویت ئەوندەی بکرێت، کێشەکە لێرەدا کۆتایی پێ بیت و چار بکریت”، بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی وەک “براوە” لەم شەڕکردنەدا نیشان بدات و “هیچ دۆخ و هاوسەنگییەکیتر بەسەریدا نەسەپێنرێت”. خامنەئی دەیەوێت لە دژی راپەڕینی گەل بووەستێت و سەرکوتکردن و لەسێدارەدان لە ئێران زیاتر بکات و لە ژێر رۆشنایی ئەو هەنگاوەشدا، ساڵی داهاتوو نومایشی گۆڕینی ئەندامانی مەجلیسی نوێنەرانی رژێمەکەی، بە ناو هەڵبژاردن ئەنجام بدات و لە دەرەوەی سنوورەکانیش، وڵاتانی ناوچەکە بێدەنگ کات و دواقسە لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە بۆ خۆی بهێڵێتەوە. لە درێژەی ئەم سیناریۆیەدا و لەسەر ئاستی جیهانیشدا، هەنگاوێکی زیاتر هەڵبگرێت و خۆی زاڵ بکات بەسەر چارەنووسی وڵاتاندا!
دوا وتە!
دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی، دامەزرێنەر و لایەنی سەرەکییە لە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا! ئەوانەی حاشا لەم راستییە دەکەن، لە ریزی ئەو کەسانەدان کە باس لە سازان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە دەکەن. کەمێک تێڕامان لەمجۆرە نکۆڵیکارانە، هەموو ویژدانێک دەگەیەنێتە ئەو راستییە کە ئەوان هاوپەیمانی ئاشکرا و راستەقینەی دیکتاتۆرییەتی دەسەڵاتی ئایینین لە ئێران. هەر ئەوانەن کە بە درێژایی مێژووی ئەم چەند دە ساڵەی رابردوو، بە شێوازی جۆراوجۆر، هۆکاری لەسەر کار مانەوەی ئەم رژێمە بوون و لە جێگەی پانکردنەوەی سەری (مار)ی دیکتاتۆرییەتی خوێنڕێژی مەزهەبی، ئەو (بەرد)ە دەبەستنەوە کە لە سەری مارەکە گیراوە. هەر ئەو کەسانەن کە بە کوشتنی میرغەزەبی وەک (قاسم سلیمانی و ئەسەدۆڵڵا لاجەوەردی و سەیاد شیرازی و …) ماتەمیان گێڕا! لە خۆرا نەبووە کە بینیمان چۆناوچۆن لە جێگەی (دەسەڵاتی دیکتاتۆری) لە ئێران، خەڵک و موقاومەتی ئێرانیان دەکردە ئامانج و راپەرینی ئەم گەلەیان بە (توندوتیژ) دەنواند!


mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish