Skip to Content

ِبوکی دەریا لە خوێندنەوەیەکی ئۆنتۆلۆجی.. لێکۆڵینەوە: عەلی شێخ عومەر

ِبوکی دەریا لە خوێندنەوەیەکی ئۆنتۆلۆجی.. لێکۆڵینەوە: عەلی شێخ عومەر

Closed
by ئه‌یلول 21, 2021 General, Literature


ئەم نووسینە تەنیا هەوڵدانێکە، سەرەتایەکی ئاشنابوونە، داگەڕانێکی پراکتیکیە کە لەسەر بنەماکانی ڕەخنەی ئۆنتۆلۆجی دامەزراوە، واڵاکردنی دەرگایەکە، دۆزینەوەی پەیوەندییەکی تۆکمەی ئازادە لە گرێدانی سێ کوچکەی “نووسەر، دەق و خوێنەر”، ئەم سێ بنەمایە تەواوکەری یەکترن، بە جۆرێک هاریکاری و هەماهەنگی یەکترن، کەس بەشی ئەویتر ناخوات، ئەم سێ کوچکەیە، هاوتەریب لەیەک ئاستدا ڕێدەکەن، بۆ یەک مەبەست کاردەکەن، یەک خزمەت ئامنجیانە، پەیامێکی گرنگیان هەیە، ئەویش نیشتەجێبوون و ناساندنی نووسەر و خوێنەرە لەنێو دەقدا، نەک تێپەربوونێکی سەرپێی بە نێویدا، ئەوە نێوەندگیری دەقە بوونی نووسەرو خوێنەرمان پێدەناسێنێت، هایدگەر دەڵێت ” لەگەڵ هەموو تێکستێکدا بۆ جیهان لە بوون تێدەگەین و بە پێچەوانەشەوە دروستە”1، ناکرێ دەق وەک هەبوونێک یان پرۆژەیەکی نووسین، تەنیا کردەی بەرپرسیاری هەڵگرێ، بەڵکو ئەم بەرپرسیارییە بۆ نووسەر وخوێنەری ڕەسەنیش درێژدەبێتەوە، وەک هەبوونێک لە پەیوەندییەکی ئۆنتۆلۆجی دا، بە ڕێگای کارلەیەکترکردنی نێوان هەبوونە جیاوازەکان، دەتوانن بوونی یەکتر بسەلمێنن، هەڵبەت کردەی دیالۆگکردن لە نێوان نوسەرو تێکست، دواندنی خوێنەر، پرسیار دروستکردن، یەکێکە لەو ئامرازە بنەرەتیانەی گەیاندن، کە ڕۆحی هەبوون بۆ دەق دەگێڕێتەوە، بەم پێیەش دەق دەتوانێ بە گەوهەرێکی ئازادانە بوونی خۆی نمایشبکات، ڕەووف بێگەرد لە چیرۆکنووسی دا خاوەن ئەزموونێ تۆکمەیە، تا چ ئاستێ لە چیرۆکی “بوکی دەریا”2 دا دەتوانێ لە نێو ماڵی دەقدا هاوسەنگی لە نێوان نووسەرو خوێنەر بهێنێتە ئاراوە، خودی خۆی وەک نووسەرێک، ئازادانە، بێ زۆر لەخۆکردن، دەتوانێ ڕۆڵێکی ئەکتیڤی تێدا بگێڕێت، دەق بە کارلێکردنی خوێنەر بارگاوی بکات، ئاساواری نیشتەجێبوون خۆی لە یادگای ئەوی بەرامبەر یان خوێنەردا جێگیربکات، ڕەووف بێگەرد لەم چیرۆکەدا، لە نێوان حیکایەتخوان و کارەسات دا جیاوازییەک دەخاتە ڕوو، ئەوەی حیکایەتخوان دەیگێڕیتەوە لە ئەزموونەوە سەرچاوەی گرتووە، بە نۆرە وەک پێلێنان بە هەبوونی جیاواز، دەمێک خۆی حیکایەتێک دەکات، دەبێتە بەشێک لە کرانەوەی حیکایەتی ئەزموونی کەسێکی تر، ئەم کە گوێی بۆ شل دەکات، ئێستای نووسین بە ڕابردووی بەسەرچووەوە گڕێدەدات، گفتوگۆی نێوانیان لە ئاست پرینسیپ دا، هاوشان و هاوتان، دەنگی چیرۆکنووس لە گێڕانەوەدا باڵادەست نییە، بەڵکو بەشدارێکە لە نێو کرانەوەی بەسەرهاتەکانی ئەوانی تردا، بێ لایەنە، بۆیە هیچ دەربارەی کارەکتەرەکان ناڵێت، ئەوان لەسەر بنەمایەکی بوونەگەرایی، خۆیان باس وخوازی خۆیان دەکەن، کارەکتەر بەرکەماڵە لە هەڵبژاردنی بابەت، تێکەڵبوون و دەرچوون لەنیو دەقی بەرهەمهاتوودا، ئارەزوومەندانەیە، بە ئارەزووی خۆی، بە ویست و پێداویستی تێزی بوونی خۆی بەیان دەکات، بە هیچ شێوازێک، چیرۆکنووس لە دروستکردن و بنیادنانی کارەکتەرەکاندا ڕۆڵ ناگێرێت، سەرجەم دەربڕین و گوزارشتەکان، ئاخاوتن و دیالۆگ ئامێزە، یان ئاماژەیەکە، بۆنی کەش وهەوای دیالۆگی لێدێ، دەق لەم چیرۆکەدا، بە گوێرەی ئەو پەیوەندییە دامەزراوە کە پەیوەستە بە گرێدانی ڕایەڵەکانی بوونەوە، بە پێداویستی نەبێ بنووس یان گێڕێرەوە وشە بەکارناهێنێ، محاڵە خوێنەر زیادەڕِۆیی و خستنەپاڵی تێدا ببینێ، گشت واژەو ڕستەیەک، لە ناوکۆی ئەو پەیوەندییە نایتە دەرێ گەر خزمەت و پەیامێک بە خوێنەر ڕانەگەیەنێ، وشەو هەستی بینینی لەتەکدا دابەش نەکات، بەم جۆرە، هیچ بار قورسیەک ناخاتە سەر بابەتی بوون، خەسڵەتی هەبوون کۆمەڵی پێوەر نین لەسەر یەک کەڵەک بن، بەڵکو بە شێوازێکی کرنۆلۆجی لە شوێنکاتێکی دیاریکراودا بە دوای یەکدا دێن، گوزارشت لە فاکت و بارودۆخێ دەکەن، دەسپێکی ئەم چیرۆکە لە شەوێکەوەیە، کاتێ چیرۆکەوان بە زمانی منی قسکەرەوە، لە حاڵەتێکی دەروونی ناجێگیرەوە دیەوێت لە ڕێگای گوێگرتن لە گۆرانیەوە، یان بەسەرکردنەوەی کتێبەوە ئارامییەک بۆ خۆی بگێڕێتەوە، بە دەروونێکی خاڵیەوە، چیرۆکی بنووسێت، جێی شوێنێ لە دەق هەڵکڕێنێ، هیچی ئەوتۆی بۆ نایەت، تا لە پڕێکدا کچێکی فریشتە ئاسا دێتە ژوورەکەی، لە سۆنگەی ئەوەی لە مرۆڤی ئاسایی ناچێت، بە خۆی و ناوەکەیەوە، پێشوەختە دەتوانێ بچێتە نێو هزری چیرۆکەوانەوە، ناوی “بوکی دەریا”یی بەسەر زمانیا دێنێ، هەروەها بە ڕێکەوت نەهاتووە، ئاگاداری چیرۆکەوانە، کە بەتەمای ئەوەیە چیرۆکی بنوسێت، بابەتی نییە، بۆیە بە ڕاشکاوانە لە کاتی خۆیدا دێت، بەسەرهاتی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە، لە ساتە وەختی گێڕانەوەدا لێکچواندنێک لەگەڵ “سۆنیا”دا فەراهەمدەکات، “سۆنیا” کچێکی سۆزانیە، کارەکتەری ڕۆمانی “تاوان و سزا”3ی دۆستۆیڤیسکی یە، بە هەمان شێوە بەسەرهاتی سۆزانی بوونی خۆی دەگێڕێتەوە، تەنگژەو پاڵنەرەکان دەخاتە ڕوو، لە دواجاردا لە نێو پاکیزی دەروون و ناچاری قێزوەنی پیشەکەی، بەرگەی ئەو دوو ڕووە هاودژە ناگرێت، لە نێو بیابانی نادیاری داکەوتەکان و مێرگی خەونەکانیدا، خەونەکانی هەڵدەبژێرێت، خۆی دەداتە دەم ڕووبارێکەوە، خۆی دەکوژێت، بە مردن ڕۆح لە جەستە جیادەکاتەوە، خۆی لەو دووفاقییە ڕزگاردەکات، لەوێ کەسانێک لە هاوچەشنی خۆی دەبینێ، لە پەیوەندیەکدا هەمان چارەنووس کۆیاندەکاتەوە، بە دەنگییەوە دێن، لە گرێی هەستکردن بە تاوان پاکی دەکەنەوە، دوای ئەم گێڕانەوەیە، “بووکی دەریا” چیرۆکنووس سەرپشک دەکات، چۆن بە چ شێوازێک مامڵەی لەتەکدا بکات، لە چ گۆشەنیگایەکی هونەرییەوە تا ئەم شوێنەی ئێستا، چ بە خوێنەرەکانی بڵێت، پەڕەکانی بدڕێنێت، کۆتاییی بە چیرۆکەکە بێنێت، بەڵام لە کۆتاییدا وەک هێزێکی سیحری، بە جوڵەیەکی پەنجەکان، چیرۆکنووس کەوانێک دەکاتەوە، دەنووسێت “خۆزگە گەلێک لەو جۆرە سۆزانیانە خوشکم بوونایە، یان کچم “چیرۆک کەوانەکەی پێ دادەخات.


چیرۆک لە نێو چیرۆکدا “میتا چیرۆک”


1 ـ هەر لە یەکەم دێڕەوە چیرۆکنووس لە گرتەیەکدا سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت، بە زمانی منی قسەکەرەوە، ئاماژە بە دیاردەی داپچڕانێک، یان دابڕانی خود لە بابەت، فۆرم لە ناوەڕۆک دا دەکات، هەست بە زیزبوون و نیگەرانییەکی ئۆنتۆلۆجی دەکات، بە نائامادە بوونی نووسین، جێگیرکردنی خەمێکی دیاریکراو لە نێو دەق دا، بنووس لە بوونی خەمێکی نادیارەوە هەست بە لەق بوونی ماناکانی بوونی خۆی دەکات، ئەمەش لە نەخوێندنەوەی خودی بنووسەوە سەرچاوەی گرتووە، نەبوون و نووسینەوەی دەق، خۆی لەخۆیدا خەمێکە، دۆزینەوەی خەمەکانی خودی نووسەر لە بووندا، وەک هەبوونی ناوەڕۆکە لە بنیادی دەقدا، خەم وەک خۆشی ڕاگوزەر نییە، زەمینەو بنکەی نیشتەجێبوونە، دیسپلین کردنی خەم و ئازار جۆرێکە لە دەستەبەرکردنی ڕەزامەندیی و بەها، شانوشەوکەتی هەستکردنە بە بوون، ئەمی چیرۆکنووس لە ئێستادا خەمی هەیە، ئاراستەی نییە، قیبلونۆمای دەقی پێ نییە، ناتوانێ ڕۆح بگێڕێتەوە بۆ دەق، خۆی نمایش بکات، نیشتەجێ بێت، دەقێکی چیرۆک بنووسێ، لە پەیوەندییەکدا هەوڵدودات لەتەک ئامرازەکانی چیرۆکدا بەرکەوتنێ بکات، پەنا بۆ هەندێ فاکتەری خۆ دۆزینەوە دەبات، وەک گوێگرتن لە هەندێ گۆرانی، یان پێداچوونەوەو بەسەر کردنەوەی هەندێ کتێب، لە دەرەوەی خۆی بارگاوی بوونی خود ببینێ، بێ سوودە، خەیاڵێک نایباتەوە، تا کارەکتەرێک خۆی تێدا بنوێنێ و لە شوێنێکدا ڕایەڵەکانی ڕووداوێک بچنێت، جگە لە بێدەنگی خۆی گوێی لە دەنگێکی تر نییە، دیالۆگێک نییە خەونی فرەدەنگی تێا بەدی بێنێ، هیچی بۆنایە، لە بۆشایی نووسین و نەبوونی بابەت دا گیریخواردوە، ڕاستەوخۆ دەرگاکانی بەشداربوون، لە خودی جیاکراوە یان ونبوو بە ڕووی ئەم دا داخراوە، لە دوای دڕاندنی چەند لاپەڕەیەک، هەوڵی نەزۆکدا، ڕەووف بێگەرد ڕادەستی بێ ئومێدییەک دەبێت، کەوانێک دەکاتەوە، دەنووسێت (چیرۆکی چیرۆکنووسێک کە دێرەکانی لێ یاخیبووە)چیرۆک لە پاش ڕەشکردنەوەی دوو سێ لاپەڕە، ئەمیش ئەدڕێنێ، تا ئێرە هەلی بەشداربوون لە نێو دەقی بەرهەم نەهاتوودا لە ڕووی ئێمەی خۆێنەردا بە داخراوی و بۆشایی ماوەتەوە، لێرەوە چیرۆکنووس وەک بوونێکی نیشتەجێی نێو دەق، درک بە بەرپرسیارێتی، یاخیبوونی دێڕەکانی دەق تۆراندنی خوێنەر لە ئەستۆ دەگرێت، بۆ کردەی نووسین دڵنەوایی لە بوونی خۆی، پێویستە بڕیارێک بدات، لە لایەکی دیکەوە کلوجێ تر ئەم هەڵبژێرێت، خۆی لەتەک خوێنەرو دەقدا ئاشتبکاتەوە، لە یاخیبوونەوە خۆی ڕادەستی بەسەرهاتێ تازە بکات، بەرکەوتنێ دیکە بکات چیرۆکێ بنووسێت، جا با بزانین، چۆن وەک بوونێکی ئازاد لە چەسپاندنی بەهرەی چیرۆکنووسیدا ، بە کردارو بە کردوە چی دەبێنێ، چۆن لەتەک ئەگەرەکانی تری بووندا، خۆی بە بوونێکی ترەوە پەیوەستدەکات، لە ناوکۆی دەقدا هەڵوێستی خۆی جێگیردەکات، چۆن پێگەی خۆی دەستبژێری ئەوی تر، بە پێداویستی و ویست لە پەیوەندییەکدا بەرکەوتن لە تەک یەکدا دیاری دەکات.


2 ـ نیگەرانی و بۆشاییەکانی بوون لە چیرۆکی یەکەم، کە بە وشەی ئەو شەوە دەسپێدەکات ئاماژەیەکی دیاری ڕابردووە، لە نێو شوێنکاتی بەسەرچوودایە، ئەو پۆلینکردنەی نەکردایە نەی دەتوانی لە پاش ماوەیەکی زەمەنی نەزانراودا، کە نازانین چەندە، جارێکی تر لە شەوێکی دیاریکراودا، چاووگی هەستێکی نەزانراو دەیجوڵێنێ، حەز لە نووسین دەکات، لە پەیوەندییەکدا درک بە پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی بوونی دەکات، مانایەک، ئارەزووی نووسینی چیرۆکێک هەڵیدەگرێت، بۆشایی و نیگەرانی لە چیرۆکی یەکەم نەبوویایە، چیرۆکی دووەم نە دەهاتە نووسین، کاتێ دەبینێ دەرەوشاوەی کچێک کە لە فریشتە دەچێت، بە نەرم ونیانی دێتە لای، بە ناچاری ناوی “بوکی دەریای”ی لێدەنێت، بەڵام ئەم هاتنەی “بوکی دەریا” ڕێکەوت نییە، پرۆژەیە، کڕۆکی کردارێکە، گۆرانکاری هەڵدەگرێت، لە چوارچێوەی پرینسیپێکی سەرکی بووناگەری دەبزوێت، ئەویش گووتەزاکەی سارتەرە کە دەڵێت “بوونایەتی پێشگەری چی یایەتیە”4، واتا بووکی دەریا وەک ئەوەی هەیە، بییەوێت ببێت، یەکەمجار بوونی هەیە، پرۆژەو لە بارەی پرسی بوونەوە دازاینی هەیە، لە خود دا چاو هەڵدەهێنێ، لە پەیوەندییەکی نهێنی و نەبینراودا، لە نێوان شەوی چیرۆکی یەکەم و شەوێکی چیرۆکی دووەمدا، داگەڕان و چاودێری بارودۆخی چیرۆکنووسی کردووە، ئینجا بە پەلانێکی داڕێژراو، بەرکەوتنی لەتەکدا دروستکردووە، بەهێزێ نەزانراو لە دەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤدایە، ناوی خۆی خستەسەر زمانی چیرۆکنووس، دڵنیایە ئەو بەرکەوتن و بەرپرسیارییە، بە تەنیا لە نێو خۆیدا کزرنابێتەوە، بەڵکو کاریگەرییەکانی بۆ خودی چیرۆکنووس درێژ دەبێتەوە، لای وەرگریش ڕەنگدانەوەی خۆی دەبێت، بەم کردەیەش بە هەبوونێک ئومێدی بوونێک بۆ خۆی دەگێڕێتەوە، بەو پێیەی بوون بە کۆتایی ڕادەستبوون قایل نییە، هەنگاو بە هەنگاو دەزانێ چییدەکات، چییدەوێت، تەنیا بە کردار هیوای هەیە، بە ویست و هەڵبژاردن، بە کردار بوونی پەیوەندییەک، ئامادەبوونێک بە پەنهانی لە نێوان خۆی وڕەووف بێگەردی چیرۆکنووسدا دادەڕێژێت، چەند مەبەستێ دەپێکێ، یەکەم لە ڕێگای نووسەرەوە بوونی خۆی دەسەلمێنێت، دووەم لەڕێگای بەسەرهاتی خۆیەوە بیڕۆکەی چیرۆکێک دەبەخشێ بە چیرۆکنووس، کە دڵنیایە نە لە ئێستادا هەیەتی، نە لە کاتی سۆسەکردنی ئەو ماوە نەزانراوەی نێوان هەردوو چیرۆک، مەودای نێوان یاخیبوون و ڕادەستبوون دا هەیبوو، هەردووکیان بە جووتە بەرژەوەندیەکی هاوبەش کۆیاندەکاتەوە، لە نێو دەقدا زیندوو دەبنەوە، خۆیان لەو تەنگژە ئۆنتۆلۆجییانە ڕزگار دەکەن کە بە ئامادەبوونی دەق هەست بە بوونی خۆیان دەکەن، هیچیان لە دەرەوەی دەق بە شێوەیەک لە شێوەکان هەست بە بوونی خۆیان ناکەن، لەسەرێکەوە “بوکی دەریا” تراژیدیای بەسەرهاتی خۆی نەکاتە بیرۆکەی چیرۆکێ، ئەوا دژەوابونێک لەتەک پەیامە بوونەگەرەکەیدا فەراهەمدەکات، وەک بکەرێک لە نێو دەقدا بەرکاری نامێنێ، لە نێو بوونی خۆیدا کزر دەبێتەوە، دەچێتە خانەی نەبوونەوە، نە دەق دەبێ، نە ڕووداو، نە جێگیربوون و بەرکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ هەبوونەکانی تردا، نە لێکەوت و ڕەنگدانەوە و بیرۆکە و پرسیارکردن دەبێ، لەسەرەکەی دیکەوە ڕەووف بێگەردیش لە نەبوونی بیرۆکەی چیرۆکی “بوکی دەریا”دا، درک بە بوونی خۆی ناکات، ئەمە جگە لە بەشداریبوونی وەک کارەکتەر، هەبوونی ڕووداو لە ئێستای نووسیندا نووسەر، لە پەیوەندییەکدا بە دەقەوە گرێدەدات، لە داهاتووشدا بە دەقێکی کراوە، خوێنەر لە نێویدا نیشتەجێدەکات، لە سێ کوچکەی “نووسەر، دەق و خوێنەر” دا پەیامێکی ئۆنتۆلۆجی مرۆیی دیاریدەکات، ئەمە بێجگە لە کارلەیەکردنی نێوان هەبوونە جیاوازەکان، ڕەخساندنی پەیوەندی و دیالۆگ لە نێوانیاندا، ئەوەتانی جگە لە نووسەر، کەس “بووکی دەریا” نابینێ لەسۆنگەی ئەوەی بوونێکی فیزیکی نییە، قورسایی ڕۆحێکە، لە نێو عەوامدا تەرمایی جەستەیەکی مردووە، ، لە کۆمەڵگای چینایەتییدا، یەقدانەوەو پێشێلکردنی هەستە بە خەم و نەهامەتیەکانی چینێکی چەوساوەی دیار، هێمایەکی زەقە لە تەوێڵی ناشرینی مرۆڤایەتی، گەر زەوتکردنی مافی دایکایەتی نەبێت، لەقکردنی ناوو ناسنامە و ئابرووی کەسێکە، هیچ تاوانێکی نییە، جگە لەوەی کچە، بە هۆکارێکی دەرەکی لە دەرەوەی خۆی دەکرێت بە سۆزانی، دیاردەی سۆزانی ئەنجامی ڕەنگدانەوەی نەخۆشییەکانی کۆمەڵە، نیشانەکانی لە داماوترین و هەژارترین کچ، دەردەچێت، لە کۆتاییدا بە مردن باجەکەی دەدات، تەماشانەکردنی سۆزانی وەک مرۆڤ، تەماشاکردنی بەچاوی تاوانەوە، سووککردنێکە بەرانبەری دەکرێ، هەروەها خۆ گێلکردن لێی، لە نەبوونی هۆشیارییەکی ڕەسنەوە سەرچاوەی گرتووە، مێگەل ئاسا نە پرسیار دروست دەکەن نە گومان، ئاوێنەیەکە سەرجەم ڕەنگە دزێوەکانی کۆمەڵگای لێوە دیارە، ئاوێنەیەکی ساف بوو، بە هۆشیارییەکی گەندەڵ و بۆگەن، بە چاوێکی خێچەوە، تەڵخ دەبنرێت، سزای سۆزانی دیارە، بەڵام هۆکار و تاوانکارانی دیارنین، سۆزانی لە کۆمەڵگادا وەک تاوانبار دیارە، بەڵام سزای پاڵنەرو بکەرەکانی بە هیچ شێوەیەک نە دەبنرێن، نە باس دەکرێن، مارکس لە شوێنێکدا دەڵێت “هۆشیاری لە دوو حاڵەتدا بۆگەن دەکات، یەکەم بینینی تاوان نەبینینی سزا، دووەم بینینی سزاو نەبینینی تاوان” هەڵبەت خۆ دەرخستنی “بوکی دەریا” وەک بوونێک، لە هەمان کاتدا دەرخستنی بوونی کەسایەتی چیرۆکنووسیشە، نەک هەرئەوەندە، ڕەووف بێگەرد چەند لە کردەی نووسیندا، وەک بیسەر پێویستی بە گێڕانەوە بەسەرهاتی بووکی دەریا هەیە تا بیکات بە نووسین، دەق لە مردن ڕزگاربکات، “بوکی دەریا” ش بە هەمان ڕادە، پێویستی بە نووسینەوەی گێڕانەوەیەکی هونەری هەیە، تابتوانێت بە زیندووی لە نێو دەقێکی چیرۆکدا بمێنێت، گێڕانەوە بۆ هەردووکیان برابەشە، بابەتێکی حاشاهەڵنەگری ژیانە، ڕۆڵان پارت لە شوێنێکدا دەڵێت ” گێڕانەوە لە سەرانسەری ژیانی مرۆڤدایە، گێڕانەوە خۆی ژیانە”5 گێڕانەوە لە دوو دۆخدا دەبێتە مۆتیڤی بەرکەوتنی بوون، یەکەم بوونی ڕاستەقینە گوێ دەگرێت، دەنووسێت، خودی چیرۆکنووسە، دووەم بوونی خەیاڵی، قسەیەک دەگێڕێتەوە، “بوکی دەریا”یە، لە شەوێکدا بوونی خۆی ئاشکرادەکات، بە ڕاشکاوانە دەڵێت سۆزانی بووم، لە هەمان کاتدا مرۆڤ دۆستی چیرۆکنووس لەتەک سۆزانیدا دەخاتەڕوو، کاتێک لە نووسینێکدا وتبووی” خۆزگە سۆنیا کە کچێکی سۆزانییە، لە “ڕۆمانی تاوان و سزا”ی دۆستۆیڤسکیدا کچم بووایە، یان خوشکم “چیرۆک، دووبارەکردنەوەی ئەم دەستە واژەیە لە لایەن “بوکی دەریا”وە، پێگری وەرگرێکە خود و واتا فەراهەمدەکات، وەڵامێکە ڕابردووی ئەم دەستەواژیە بە ئێستاوە گرێدەدات، لە پەیوەندیەکدا لێکچوانێک لەتەک بەسەرهاتی ڕۆمانی “تاوان و سزا”دا فەراهەمدەکات، ژیانی خۆی لە سۆنیادا بەدی دەکات، پێکهاتەکانی شوێنکاتی ڕابردوو لە ئێستادا، هەمان کارەسات و چیرۆک دووبارە دەکەنەوە، بەبێ گۆڕانکاریش ئاراستەی ئایندەی دەکات، کێشەو تێروانینەکان هەر وەکوو خۆیان ماوەتەوە، لەم گۆشنیگایەوە، “بوکی دەریا” لەم ساتەوە، لەو دەستواژەیەدا خۆی دەخاتە جێی سۆنیا، بەڵام بە کچ و خوشک تەماشا بکرێت، چۆن لە ڕێگای دەقەوە، ڕەهەندەکانی بوون، خەم خودی سۆنیای بە ڕووی دنیادا کردەوە، ئەمیش بە هەمان شێوە لەگەڵ جیاوازی شوێنکاتدا، وەک کارەکتەرێکی سەرەکی، لە ڕێگای دەقەوە، لە ئێستای نووسیندا، خودی خۆی بە دنیا واڵا دەکات، لە پەیوەندییەکی دیکەدا دەروشاندنەوەی ناوەڕۆک بە جەستەی فۆڕمەوە هەڵدەگرێت، بەو ئومێدەی دنیاش، لە شوێنکاتێکدا بکرێتەوە، خۆی بۆ خودی ئەم واڵا بکات هایدگەر گووتەنی” شوێنکاتبوون ئەوەیە کە کرانەوەی خود بە ڕووی دنیادا هەڵگری، وەک چۆن کرانەوەی دنیا، ڕووی خود هەڵدەگرێ”6 گەر دەروشانەوە، کردنەوەی ناوەڕۆکی خودی “بوکی دەریا” بێت، ئەوا هەماهەنگی و پشتیوانی چیرۆکنووس، کەمەندکێشێکی میهرەبانە، باوکێکە، فۆرم و ناوەڕۆکێکی تازە لە جەستەی ئایندەی دەقدا هەڵدەگرێت، لە هەمان کاتدا لە ڕیچکەی وەرگرتنی دەقەکەی پیشووی نووسەرەوە کە لە شوینیکدا دەڵێت “سۆنیای سۆزانی کچم بووایە، یان خوشکم”چیرۆک، “بوکی دەریا” کاتێ ئەم دەقە وەردەگرێت، لێکدانەوەی بۆ دەکات، بە شێوەیەکی جیاواز وەڵامدانەوەی بۆ دەبێ، ستراتیژی دەق، لادانێک لە پێشبینەکانی ئەم و خوێنەر دا فەراهەمدەکات، تێڕوانیان دەگۆڕێت، مەودایەکی ئێستێتیکی بۆ بیروبۆچوونێکی نوێ دیاریدەکات، ئاسۆی پێشبینی وەرگر دەگۆڕێت، ئەو پێوەر سۆسۆلۆجیانەی پێش خۆی لەق دەکات، کە بە لای زۆربەمانەوە خەوشێکی لۆژیکی و لادانە لە داب ونەرێتە باوەکانی نێو خێزان ، ئەمەش بە ڕەگەزو باوەری ئاینی و ئاستی ڕۆشنبیرییەو بەندە، کەی ڕەهەندەکانی دەق لە کارکردنی خۆیدا، توانی لە نێوان دەق و ئاسۆی پێشبینی خوێنەردا، ڕۆڵی ئەرێنی ببینێ بۆ گۆڕینی ئاسۆی پێشبینی وەرگر، هۆکارێ بێت بۆ سەرخستنی ئەجیندای دەق، ئەوسا دەتوانێ پەرەیەکی نوێی هەڵداتەوە، مێژوویەک بنووسێ، هەرچەندە هەندێ خوێنەر لەبەر ڕۆشنای بیرکردنەوەدا ڕەنگە دەیەها ڕەهەندی دیکەیان هەبێت، پرسیاری تر بورووژێنن، وەڵام دانەوەی جیاوازیان هەبێت.

3 ـ دووبارە گێڕانەوەی بەسەرهاتی ڕۆمانی “تاوان و سزای” دۆستویڤسکی تەنیا بەڵگەی ڕابردوو نییە، بەڵکو درێژبوونەی ئەو ژێدەریە، کە کۆمەڵێ بەسەرهاتی لێکچووە لە ئێستادا ماوەتەوە، ئایندەش دیاریدەکات، ئەم مێژووە لە کۆمەڵگای جیاوازدا، ئاماژەیە بە بەرکەوتنی کۆمەڵێ بوون، کە پابەندن بە گۆڕینی چارەنووسی هەندێ کەسەوە، ئەم بابەتە لە ئێستادا “بوکی دەریا” لە ڕێگای گێڕانەوەدا گوزارشتی لێدەکات، وەک کەسێکی تراژیدی بووەتە قوربانی چارەنووسێک، دایکی بە ناچاری چاوی تێدا دەنوقێنێ، لەگەڵ نەرێتی باودا پارادۆکسێ دروست دەکات، چۆن پابەندبوون بە ڕِەوشت و بەهاو و تڕادیسیونی باو، ناوی کەسێتی دەپارێزێت، دنیایەکەی دروستدەکات، بەهەمان شێوەش لادان و چاونووقاندن لێی دنیایی وێران دەکات، دادەبڕێت، بە تەنیا باجەکەی دەدات، ئەو دنیایە بۆ ئەو چیتر بوونی نابێت، بە تەنیا بەرپڕسی هەرەسی دنیایەکە، ئیتر بوون خەونەکانی بۆچییە، لە ناماقووڵی میکانیزمی سات وسەوای لەش فڕۆشییدا ئەتوانێت چیبێت، جگە لە ڕەشبینی چیی زیاتر هەڵدەگرێت، ئەم جۆرە ژیانە کە هەڵیبژاردووە، لێکەوتەی دەرکەوتەکانی فینۆمین و دیاردەکانی دەرەوەی خۆی بوو، هەژاری و نەداری بوو، ویستەکانی خۆی نەبوو، درککردن بە هیچ و پووچی، نەبوونێکە پەی بە کۆتاییەکی ناتەواو دەبات، لە بنەڕەتدا هەندێ جار ژیان بڕیاری ڕووداوی بێ بنەما، ئەزموونی ناجێگیر و نەخوازراو دەستەبەردەکات، ئەو شتەی ئەزموونی دەکات، چ پاشاخانێکی نییە، کردەیەکی ڕاگوزەر نییە، شتێک نییە جگە لەو ساتەی تێیدایە، لەکەیەکە لە نێوان ڕاگرتنی هەردوو بەرداشی خانەوادەکەی وخواپێداوەکان، قوربانییەکە، بەرپڕسە چیی بەسەر دێ، چۆن خانەوادەکەی ڕزگاردەکات، ئەم بەر پرسیارییە بە تەنیا لای خۆی گیر نابێ، هەر بریارێک وەرگرێت، ڕەنگدانەوەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەوانی تریشدا دەبێت، بە پلەی یەکەم، بە دایکی و براکانی باوکە قومارچییەکەی، لە نێوان بەرداشی دنیای چینایەتی توانا وبەرگری بەختی ئەوندەیە، وینگشتاین دەڵێت “کەسی خۆش بەخت و کەسی بەدبەخت لە دوو دنیای جیاوازدا دەژین “7، لێکەوتەی دنیای کەمتەرخەمی باوکی لە ئاستێکدایە، دەکرێ ببێتە پاساوی قایل بوونێکی ناچاری، تیامان و نارەحەتییەکی زۆری ئەگەرەکانی هەڵبژاردنی ژیانی، لە ئاکامدا بە چاوپۆشین لە تاوانە سەرەکیەکەی باوکی و لە بنبەستبوونی چارەنووسی ڕەشی خۆی کۆتایی دێ، لە ئاستێکی تردا هەست بە بێدەسەڵاتی دایکی و داڕمانی ڕەوشت و باهاکانی پەیوەندی خێزانی دەکات، تەشەرەدان ناڕەزایی لە هاوکێشەی ئەو جۆرە پەیوەندییە ئیفلیجە، کێ دەیکات، کێ دەیخوات، کێ باجەکەی دەدات، باوکێکی نا بەرپڕسی قومارچی، دایکێکی چەوساوەی بێدەسەڵات و بێلانە، کۆمەڵی مناڵی بێچارە و برسی بژێوی ژیانیان خستووەتە سەر کچەکەیان، بە لەش فرۆشی بژێوی ژیانیان دابین دەکات، لە ڕێسایەک دەتوانێت چیی بێت، لەوە زیاتر کە هەڵگری ڕەشبینی و ترسێکی گەورەیە، ناتوانێ دڵنیا بێت لەو دازاینەو شێوە ژیانە کە هەڵیبژاردووە، بە هیچ ئەگەرێک و بوونێک، ناتوانێ سەقامگیر بێت، ڕۆحێکی مردوو، جەستەیکی زیندووی هەڵبژاردووە، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەو نامۆبوونەی دوو ڕووەی ژیان، بەرپرسی شێوەی ژیان و ئیشەکەی، خەسڵەتی هەموو بوونێکی دیاریدەکات، پارەو پوولی دوو ساڵ بەرگری، شەونخوونی دایە دەستی دایکی و بڕیارێ قورسی دا، بە قورسی گۆڕینەوەی پەیوەندی ئەوین، لە دابرانی جەستە، زیزبوون و یاخی بوونی زمانی ئەوین لە دابرانی جەستەدا، کارەساتە کۆچکردن و ڕەشبردنەوەی ئەوین لە نیشتیمانی جەستەدا، وەک لابردنی ناوەڕۆکە لە جەستەی دەقدا، چیتر وەک مێنەیەک بەرگە ناگرێت، خودی خاڵی کراو و چپکراو لە چەمکی دڵداری، کە بە شێوەیەکی ئەنتۆلۆژی ئافرەت پێکهاتەو وێنەی ڕەسن و سروشتی خۆی تێدا دەبینێ، بەرانبەر بە دنیا دەیکاتەوە، مێژووی پەیوەندی ئەوینداری چارەنووسی بوونایەتی هەڵدەگرێت، لە سۆنگەی ئەوەی ناتوانێ پەیوەندییەکی ئەوینداری و مرۆیی بهێنێتە دی، نابێتە ئەوەی بە کردەی ئەوین خود لە خۆی جیکاتەوە، ببێتە دڵخوازێ، لە شوێنێکدا خۆی بدۆزێتەوە، ببێت بە خۆی، جەستەی لاقەکراو لە ڕۆحی پاک و بێگەردیدا لەباربەریت، ئیتر جگە لە مردن، چ هۆکارو پاڵنەرێک هەیە بۆ ژیان، ژیانی تەنیایی بێ پاڵپشتی ئەوینێکی ڕەسەن، زامێکە، خوێن بەربوونێکی ناوەکییە، لە جەستەی باوکسالارییدا یەقدەداتەوە، کاتەکەی هاتووە، بە مردنیش بێت دەبێت بەهای خۆی بگێڕێتەوە، سنووری دەستکردی باوکسالاری ببەزێنێ بە مردن ڕیسوای بکات مەولانا جەلالەدین ڕۆمی دەڵێت “هەر کەسێک دوورکەوێتەوە لە سروشت و ڕەسەنایەتی، خۆی بەردەوام بۆ کاتێک دەگەڕێت، بوونی خۆی تێدا بگێڕێتەوە”8

4 ـ هەڵبژاردنی سیلەنیگای مردن، وەک تاکە چارەسەرێکە بۆ کێشەکانی بوون، بگێڕێڕەو چیرۆک ئاسا بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە، باسی گەشتەکەی دەکات، چۆن پاکبووەتەوە، ئاوێزانی سروشتی دەریا و ڕووبار بووە، چۆن لە لایەن چەند بوکێکی دەریاوە، لەو دنیا تازەیەدا، بە خۆشەویستییەوە پێشوازی لێکراوە، پێشوەختەش، هەر ئەوانیش چاودێرییان کردووە، فێریان کردووە بە قسەی دایکی بکات، لە دواجاردا بە مردن لە زۆرو ستەمی مرۆڤ ڕزگاریان کردوە، نازانێ ئەم گەشتە چەندی خایاندوە، خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی ئەم چیرۆکەدا، لەدوای ئەوەی بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێ، دێڕ بە دێڕ شوێن پێی دەقەکە هەڵدەگرێت، تا لە کۆتاییدا دەگاتە ئەوەی کۆتای دەق بە سەرەتایەکەیەوە دەبەستێ، واتا لە گشتەوە دەچێت بۆ بەش، لە چوارچێوەیەکدا بە گوێرەی ئەزموونی خۆی پارچەکانی دەق کۆدەکاتەوە، لە مەودایەکی ئێستێتیکی دا لە گۆشەنیگای بیرکردنەوەیەکدا، دەقەکە شێ دەکاتەوە، لە شوێنێکدا وەک خوێنەرێ بە ڕەهەندە جیاوازەکانی دەق دەگات، فۆرم و واتاکەی ئاشکرا دەکات، بەم کردەیەش پەیوەندییەکی ئەدەبی فەراهەمدەکات، وەک ئەو پەیوەندی و ئاوێتەبوونەی ڕەووف بێگەرد وەک خوێنەرێکی ڕاستەقینە، ڕۆشنبیری خۆی تێدا نمایشدەکات، کاتێ لە ڕۆمانی “تاوان و سزا”ی دۆستۆیڤیسکی دا لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا، بە خوێندنەوەیەکی بەرهەمهێنانە دەقێکی کراوەی نوێ دروستدەکات، دەقێک سەرچاوەکەی ئاشکرایە، وەرگرەکەی دیارە، هەمیشە لە نوێ بوونەوەدا وەرگرەکانی تووشی سەرسامبوون دەکات، لەنێو ئالۆزی زۆری تێزی ئەو پرسیارانەی بەرۆکی دەق دەگرن، کەمترین وەڵامیان دەستدەکەوێت، بۆیە ناچارە پشت بە چەمکی میتا چیرۆک ببەستێ، کەخەسڵەتی خۆگێڕانەوە هەڵدەگرێت، گێڕانەوەی چیرۆکەکەی خۆی بە چیرۆکی یان ڕۆمانی دەرکی ئەنجامدەدەات، تەکنیکەکانی لە ئەزموونی خوودی بنووسەوە بەرجەستە دەبێت، خۆی لە دەرەوەی چیرۆکدا دەوەستێ، لە کاتی نووسینی چیرۆکدا، بە شێوازێکی ئۆتۆبیوگرافی بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە، لە چ بارودۆخێکدا بووە، ئەم جۆرە چیرۆکە چیرۆک لەنێو چیرۆکدا باس دەکات، لە ڕووی پێکهاتەوە، سوود لە ئەفسانە وەردەگرێ، لە کردەی گێڕانەوەشدا نووسەر پێکهاتەیەکی ئەفسانەیی بەکاردەهێنێ، بەزۆری سوود لە چەمکی دەقئاوێزان دەبینێ، نووسەر لە دوو کەسایەتی خۆی دەنوێنێ، یەکەمیان کەسی ڕاستەقینەیە، ئەویتریان کەسی خەیاڵییە، یەکەم کەسی ڕاستەقینە، خودی چیرۆکنووس خۆیەتی، کەخوێندنەوەیەکی بەرهەمهێنی ڕۆمانی “تاوان و سزا”ی دۆستۆیڤیسکی” کردوە، هەر خۆیشی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، یەکەم بەرکەوتن و کارلێکردنی لەتەک دەقی ئەم ڕۆمانە لە نووسینێکدایە، کەسایەتی “بوکی دەریا” لەنێو چیرۆکەکەدا ئاماژەی بۆ دەکات دەڵێت “خۆزگە سۆنیا کە کچێکی سۆزانییە لە ڕۆمانی “تاوان و سزا”ی دۆستۆیڤیسکی دا کچم بوایە یان خوشکم”چیرۆک، دووەم چیرۆکی بەرهەمهاتوو “بوکی دەریا”یە، دیسانەوە بە بەرگێکی دیکەوە لە ڕێگای وەرگرتنی پێدراوەکان دەقی ڕۆمانی “تاوان و سزا”دا بەرهەمهاتووە، کارلێکردن و کاریگەری دەقەکەو نووسینەکەی پێشووی پێوە دیارە، ئاوێتەی بووە، دەقئاوێزانی ئەنجامداوە، جولی کریستیڤا دەڵێت “هەموو دەقێک بریتییە لە تابلۆیەک لە وەرگیراوەکان”9، شاراوە نییە بە کەسایەتی بوکی دەریا و بە وەرگرەکانی دەڵێت “ئەم چیرۆکە قفڵی نییە”چیرۆک، کاریگەری دەقی ئەم چیرۆکە ڕەنگە لە چەندین نووسینی تردا ڕەنگدانەوەی هەبێ، چەندەها دەقی تر بە دوای خۆیدا بێنێ، بە پێی شارازابوونی لە دنیای ئەدەب و ئەزموونی ڕۆشنبیری توانیویەتی واتایەکی تازە بە کرانەوەی دەقی “بوکی دەریا” ببخشێت، ئاسۆی پێشبینی وەرگرەکانیشی بگۆڕی، هەروەها وەک خوێنەرێکی بەرهمهێن، ئەم ئاوێتەبوونەی ڕەووف بێگەرد لەگەڵ دەقی باسکراودا نیشتجێبوونە لەنێو دەقدا، لە چەندین شوێنی تردا، لە ژێر ناونیشانی دیکەدا، لە ئەفراندنی دەقێکی نوێ دا، لە شوێن و کاتی جیاوازدا دەردەکەوێتەوە، دووەم کەسی خەیاڵیە بەشداریکردنی کەسایەتی بووکی دەریا لە ڕێگای گێڕانەوەی گۆکردنەوە، وەک نێرەرێک بەسەرهاتەکانی خۆی دەگوازێتەوە بۆ بۆنێراو کە چیرۆکنووس خۆیەتی، دەیکاتە نووسین بەڵام لە ڕاستیدا، ئایا کەسایەتی بووکی دەریا، وەک بوونێکی فیزیکی بوونی هەیە یان نییە! ئایا گەمەیەکی تکنیکی لە گۆرێدا نییە! نەبوونەکەی پەردەپۆش نەکراوە لە بوونێکی ئەفسانەییدا! ئایا ئەم هەبوونە ئەفسانییە وەک کۆدێک بەکارنەهاتووە، نووسەر لەنێو مێشکی خۆی دا، شوێنی خوێنەری پەنهانی پێبەخشیوە، خەسڵەتەکانی پێ هەڵگرتووە، یەکەم لەنێو خەیاڵدا دەبێ، دووەم لە پیادەکردنی ئەو بنیادەی کە پێویستە دەق هەیبی، لەگەڵ نووسەردا بەشدار دەبێ، سێهەم نێوەندێکە لەنێوان نووسەرو وەرگردا، ئاراستەکانی ناووەی دەق بەرجەستە دەکات* ئایا شتێکی سەیر نییە هەردووکیان بە جووتە، واتا نووسەر وەک خوێنەرێکی ڕاستەقینەو “بوکی دەریا” وەک خوێنەرێ پەنهانی، لە ڕەنگدانەوەی “ڕۆمانی تاوان وسزا”دا، لە نووسینەوەی دەقێکی نوێدا هەماهەنگن، ئایا کەسایەتی “بوکی دەریا” دەنگی دووهەمی ڕەووف بێگەرد نییە، دەنگی خوێنەرێ پەنهانی ناگوێزێتەوە بۆ نێو دەقی بەرهەمهاتوو، ئایا لە نێو ئەم دەقەدا، پەیام و کۆد کارلەیەک ناکەن، پەیوەندی ئەدەبی دروستناکەن، ئەو کۆدەی پەیامەکەی پێ نووسراوە، نابێتە پراکتیکێک، لەو ڕێگایەوە پەیامەکەی دەکاتە بوونێکی واقیعی و بەرجەستەکراو، نووسەر خۆی تێدا شاردووەتەوە پێشتریش ئاماژەمان پێی دا گووتمان لە دەرەوەیە، هەستی پێ ناکەین، جارێ وەک خوێنەرێ بەرهەمهێنی دەقێ بەدیاردەکەوێت، جاری تریش ڕۆڵی خوێنەری پەناهان دەبینێ، لە بەیەک گەیشتنی هەردووکیان لە باکراوندێکدا نیشتەجێدەبن، ڕۆح دەخەنەوە بەر دەق سێ کووچکەی، نووسەر و دەق و خوێنەر تەواودەکەن.


گەلاوێژی 2021 کەرکوک

———————————-


ژیدەرەکان
1 ـ هەرێم عوسمان ـ دامەزراندنی بنەمایەکی ئۆنتۆلۆجی بۆ ڕەخنە ـ چاپخانەی چوارچرا ـ چاپی یەکەم ـ ساڵ 2018 ـ ل 35
2 ـ رەووف بێگەرد ـ چیرۆکی بووکی دەریا ـ گۆڤاری گەلاوێژی نوێ ـ سلێمانی بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێرـ ژمارەی 65 ـ ساڵ 2021 ـ ل 105
3 ـ فیدۆرۆ دۆستۆیڤیسکی ـ تاوان و سزا ـ رەووف بێگەرد ـ زنجیرە بڵاکراوەکانی غەزەل نووس ـ چاپی دوو ـ ساڵ 2014
4 ـ عبدالرحمان بدوی ـ دراسات فی الفلسفە الوجودیە ـ المۆسسە العربیە للدراسات والنشر ـ بیروت ـ لبنان ـ الگلغە الاولى ـ السنە 1980 ـ ێ 262
5 ـ کاوان مەحەمەد پورـ داکۆکی لە ڕۆماننووس یان چی ئەقەومێ کە کەس ئیتر چیرۆک نەگێڕێتەوە ـ دەنگەکان ـ ماڵپەری ئەنتەرنێت ـ ساڵ 14 ـ 2 ـ 2018
6 ـ هەمان سەرچاوەی ژمارە ـ 3 ـ ل ـ 104
7 ـ پۆل ستراتێرن ـ ئایدیا ئاشنابوون بە کیرکەگۆر ـ لە فارسییەوە، لوقمان رەئوف ـ شۆرش مستەفا ـ چاپخانەی کارۆ ـ ساڵ 2013
8 ـ احلام مستغانمی ـ روایە، الاسود یلیق بک ـ نوفل ، هاشیت انگوان ـ السنە 2012ـ ێ41

*ـ کاوان مەحەمەد پورـ ژنە جنۆکەکانی شێمە حموو لەبەردەم جنۆکەدا( کورتەیەک لەسەر چیرۆکی ژنە جنۆکەکانی شێمە حمووـ لە نووسینی لەتیف هەڵمەت ـ دەنگەکان ـ ماڵپەری ئەنتەرنێت ـ ساڵ 29 ـ 1 ـ 2019
9 ـ کۆمەڵێک نووسەر ـ ئایدیا ئاشنابوون بە درێدا ـ سەرپەرشتیاری پرۆژە ـ ئەنوەر حسێن ـ لوقمان رەئوف ـ چاپخانەی کارۆ ـ ل31
** ـ سوودم بینیووە لە: ئەرخەوان محەمەد عوبید ـ ئاوێتە بوون و لێکدانەوە نالی بە نموونە ـ چاپخانەی کارۆ ـ چاپی یەکەم ـ ساڵ 2013 کەرکوک ـ ل228 ـ

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish