Skip to Content

بۆچى شانۆى کوردى چەقى بەستووە؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

بۆچى شانۆى کوردى چەقى بەستووە؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

Closed
by ئه‌یلول 21, 2021 General, Literature


هەتا ئەگەر هەندێ جیاوازی لەرووى رێژەى بەرهەمهێنان و ئاستى هونەرى دا هەبێت لەناوچەیەکەوە بۆناوچەیەکى تر، بەڵام دیسان ئەم جیاوازیەش سەقامگیر نیە و بەگشتى ناتوانین خۆمان لەو هەقیقەتە بدزینەوە، کە بەڵێ ئێستاى شانۆى کوردى بەگشتى لەئاستێکى دڵنیا دانیە کە پشتى پێ ببەسترێت و خواستى بینەرى شانۆیى بەدى بێنێت و ئەو بۆشاییە زەقەى شانۆ لەکوردستاندا پڕ کاتەوە کە پێویستە.
بەردەوام پرسیارى ئەوەش دەکرێت، ئاخۆ ئەو حاڵەتە سستەى بزاڤى شانۆ بۆ؟
یا فاکتەرەکانى ئەو چەقینە چین ؟
بۆیە ئەگەر بەدیدێکى بابەتیانە لەوهەلومەرجە نائاساییەى ناوچەکە بەگشتى و لەکوردستان بە تایبەتى بڕوانى، ئەوە بەئاسانى دەگەیتە ئەو ئەنجامەى کە کۆمەڵێ زنجیرە هۆکارى لێک بەستراوە بەیەکترەوە هەن کاریگەرییان لەسەر تێکڕاى ژیاندا بەجێ هێشتووە، لەوانەش شانۆ، وەک :
1.هەلومەرجى تەنگەتاوى بارى ئابوورى وەک دیاردەیەکى جیهانیى و نیشتیمانى و کاریگەرییە نەگەتیفەکانى بەسەر ژیانى رۆژانەى خەڵک و لاواز بوونى بەهاى ئابوورى حکومەت بۆ یارمەتى دان و پشتگیریى کردنى کەرتى شانۆیى و ئەو تیپانەى پشت بەبودجەو دارایى حکومەت دەبەستن لە بەرهەمهێنانى کارى شانۆیى دا.
تەنانەت ئەو تیپانەش کە پشت بەکەرتى تایبەتیش دەبەستن، ئەوانیش کەوتونەتە ژێر بارى ئەو قەیرانە ئابوورییە، بەهۆى پڕ نەکردنەوەى سەرمایەو کەمى بینەرى شانۆیى و پڕ نەکردنەوەى بۆشایى بودجەى بەرهەم هێنان، بەسپۆنسەرو هاوکارى کردنى تاک و تەراى کەسانى دڵسۆز.
بۆیە لەزۆر حاڵەت و بۆ خۆ دوورە پەرێز راگرتن لەو تەنگەتاویە، زۆر لەو تیپانە لەبرى ئەنجامدانى فیستیڤاڵ و نمایش کردنى شانۆیى جاد، بەناچارى پەنا بۆ مۆنۆدراما دەبەن، بۆ ئەوەى ئەرکى داراییان لەسەر سووک بێت.
بەڵام ئەو خۆ سنووردارکردنەش ئەگەر بەردەوام بێت، ئەوە کاریگەرى نەرێنى زیاتر لەسەر ئایندەى ئاستى شانۆ بەگشتى دروست دەکات، بەتایبەت لەسەر ون بوونى شانۆى جاد .

2.ئەو حاڵەتە ناوازەى پەتاى کۆرۆناش کە ژیانى سەر زەوى روو بەرووى ئیفلیج کردن بردووە، لەو کاریگەرییە هەرە بەتینانەن، کە خەڵکى بەگشتى ناچارى ئەوە کردووە، لەزۆر لایەندا دەست لەکارى رۆژانەى خۆیان هەڵگرن و لەچاوەڕوانى تێپەڕ بوونیدا بژین، بەتایبەت لەشانۆو سینەمادا کە دوو هونەریى جەماوەرین و شیاوترین سەرچاوەیەکن بۆبڵاو بوونەوەى ئەو پەتایە.
بێگومان ئەمە واى کرد هەموو کەناڵە شانۆییەکان هیچ پلان و بەرنامەیەکیان نەبێت بۆ شانۆ، تاک و تەرا نەبێت کە بەسەرکێشی و خۆپارێزیەکى توند، هەندێ بەرهەم پێشکەش بکەن .

3.ناجێگیرى بارى سیاسى و لاوازى سەقامگیریى کۆمەڵایەتى و دەروونى و هەڵایسانى پێداویستى ژیانى رۆژانەى خەڵک، وایان کرد کەمتر لەو هەلو مەرجە خنکاوەدا بیر لەشانۆ بکەنەوە، بەتایبەت بۆ کۆمەڵگایەکى وەک کوردستان کە تا ئێستا شانۆ نەبۆتە کولتوورێک لەژیانیدا بە شێوەیەک نەتوانێت بێ شانۆو سینەما هەل بکات .
4.شانۆ کارانى ئێمە بەگشتى شانۆیان وەک پیشە وەرنەگرتووە بۆ ئەوەى هەمیشە ئامادە باشیان هەبێت بۆ کارى شانۆیى و بەردەوام بوونى شانۆ، بەڵکو شانۆ بۆتە هونەرێکى ئارەزوو مەندانە و بەردەوام بوونى یان وەستانى،لاى ئەوان وەک یەک بێت .

5.لاوازى پێرفۆرمانسى کولێژو پەیمانگانى کوردستان و نغرۆ بوون لەنێو کێشەو ئاریشا بەجێ ماوەکانیان بێ چارەسەر کردن.
ئەم کێشە کەڵەکە بووانە، تەوژمى شانۆى ئەکادیمیان دووچارى سڕ بوون کردو بژاڤى نوێ ى شانۆى کوردییان پەک خست، بۆیە شانۆى کوردى لەو ساڵانەى دوایى دووچارى جۆرێک لە نەزۆکى بوو، کە وزەو توانست ى نوێ بێتە گۆڕەپانەکەو تەکانێکى نوێ بەشانۆى کوردى بدات و ئاستى هوشیاریى و مەعریفى شانۆیى پێ بەرز بکرێتەوە.

6.وەستانى گۆڕینەوەى ئەزموونى شانۆیى لەنێو شارەکانى کوردستان و گۆشەگیر بوون و بەکەنارخستنى شانۆ لەو شارانەو نەگواستنەوەیان لەشارێک بۆ شارێکى تر، واى کرد ئەو جیاوازییە زەقە لەشوێنێ بۆ شوێنێکى تر دروست بکرێت و بینەرێکى زۆر لەشارەکانى کوردستان بێبەش بکرێن لەبینینى ئەو بەرهەمە شانۆییانە، ئەمەش لەئاکامدا جیاوازى لەئاستى هوشیاریى بینەرى کورد دروست کرد.

7.خەمساردى دەسەڵات لەبەهەند وەرگرتنى زەرورەتى شانۆ و پشتگوێ خستنى لەم هەلو مەرجەدا، بە تایبەت لەرووى بایەخ نەدان بەدروست کردنى هۆڵى شانۆیى، بەو ناوەى کە شانۆو سینەما سەرچاوەیەک نین بۆ داهات و بەگەڕ خستنى بازاڕ.

ئەم تێڕوانینە ماددیە بۆ شانۆ و سینەما و لەبەرچاو نەگرتنى حاڵەتە مەعنەوی و کولتووریى و شارستانیەکان، هێندەى دیکە شانۆیان روو بەرووى مردنێکى حەتمى کردۆتەوە، چونکە تا حکومەت هاندەر نەبێت بۆ گەشەپێدانى شانۆ لەرووى دابین کردنى هۆڵ و گەڕاندنەوەى شکۆمەندى شانۆو پشتگیریى کردنى وەزارەتى رۆشنبیریى بۆ دەست گرتنى تیپە شانۆییە حکومى و ناحکومیەکان و تەرخان کردنى بودجە بۆ بەرهەمهێنان، ئەوە شانۆ دەکەوێتە ژێر بارى حاڵەتێکى وەستان، هەموو وەستانێکى بەردەوامیش مردنى بەدواوەیە.

  1. سیس بوونى هوشیاریى شانۆیى و ون بوونى کولتوورى شانۆیى لەنێو کۆمەڵگادا، فاکتەرێکى ترە لە فاکتەرەکانى مردنى شانۆ، چونکە چەند ئەوەندەى دەرگاى هۆڵەکانى شانۆ بەداخراوى بمێننەوە، مەوداى دوور کەوتنەوەى شانۆو بینەر فرەوانتر دەبێت و ئاستى هوشیاریى کەمتر.
    ئەو وەستانە کاریگەرى هەر تەنها لەسەر بینەر نابێت، بگرە لەسەر سیس بوونى توانستى دەرهێنەرو ئەکتەرو رەخنەگرو هەموو شانۆکارەکانى تریش، چونکە هەموو ئەزموونێکى نوێ لەبەردەوام بوونى کاردا دروست دەبێت و بەپێچەوانەکەى توانستى تەواوى شانۆکارەکان لە بار دەچێت .
    9.هیچ شانۆیەک ناتوانێت بوونى خۆى بسەلمێنێ ئەگەر مەواکەبەى سەردەم و گۆڕانکارییەکانى نەکات، بەپێچەوانەوە هەموو هەولێک لەوەستاندا بەئیفلیجى لەدایک دەبێت.
    لەدواى هەر وەستانێکیشدا تۆ پێویستییت بەکاتێکى زۆر دەبێت بۆ زیندوو بوونەوە، بەتایبەت لەرووى فیزیکى جەستەى ئەکتەرو لەرووى سایکۆلۆژییەوە.
    هەندێ داهێنانى ترى وەک رەخنەى شانۆیى وا بەستەیە بەبەردەوام بوونى شانۆو گەشە سەندنى بەرهەمەکانى، هەر کاتێک شانۆ وەستا رەخنەش نامێنێت، چونکە رەخنە لەرەحمى بەرهەمە شانۆییەکاندا لەدایک دەبێت .
    زۆر جاران گلەیى لەسست بوونى رەخنەى شانۆیى و دروست بوونى بۆشایى رەخنە دەکرێت، بەڵام ئەو حاڵەتە بێ بەرهەم و ژاکاوەى شانۆ وەک سەرچاوەى رەخنە لەبەرچاو ناگیرێت.
    10.رۆڵى وەزارەتى رۆشنبیریى و لاوان و سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان بەگشتى کزە لەبەرگرى کردن لەشانۆو پێداویستیەکانى شانۆ، رەنگە هەندێ جار ئەو هەوڵانە بۆ ئەنجامدانى فیستیڤاڵێکى ساڵانەى مۆنۆ دراما بچووک بکرێتەوە، بەڵام هەوڵەکان بۆ شانۆو دابین کردنى پێداویستیە بنەڕەتیەکانى شانۆو سووک کردنى کێشەو ئاریشاکانى چڕ ناکرێتەوە .
    زۆرینەى ئەوانەى لەرووى کارگێریەوە لە دام و دەزگا حکومییەکاندا بەرپرسى شانۆن، یا سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان ئەوەندە پەرۆشى شانۆ نین، بەجدى تەکانێک بەو حاڵەتە چەق بەستووەى شانۆ بدەن و بەرژەوەندى شانۆیان بەلاوە لەهەر بەرژەوەندییەکى تر بەگرنگتر بزانن.
    ناچارین لەگەڵ ئەو هەموو کێشەو ئاریشانەى لە گەردنى شانۆى کوردى دا ئاڵاون، ئەو هەلومەرجەى شانۆى کوردى بەحاڵەتێکى چەق بەستوو ناوبەرین، لەبەر دوو هۆ:

    1.ناتوانین وەک شانۆ خۆمان بەراوردێ لەگەڵ هیچ لەو وڵاتانەى خاوەنى شانۆن و هەرگیز هۆڵەکانى شانۆ بێ نمایش نابن و هەر شارێک بەدەیان هۆڵى شانۆیان تێدایە، بۆ هەمیشە جمەیان دێ لەبینەر ێک کە شانۆ وەک نان و ئاو لە ژیانیاندا بۆتە زەرورە، ئەگەرچى ئەوانیش ئێستا لەگەڵ دیاردەى کۆرۆنا کەوتونەتە قۆناغێکى نائاسایى .
  2. ئەگەر ئەو خاڵانەى سەرەوە نەبونایە، کە وڵاتى ئێمەیان کردووە بەوڵاتى بێ شانۆو بێ سینەما، ئێستا ئێمەش لەو وڵاتانە دەبوین کە سەرمان بەناسنامەى هونەریى و نەتەوەیى خۆمان و بێ
    دەچوینە رێزى ئەو کۆمەڵگا مەدەنیانەى کە شانۆو سینەمایان کردۆتە هێما بۆ پێشکەوتنى خۆیان.
Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress