Skip to Content

کورتە چیڕۆک/ پەنابەر.. رەسوڵ بەختیار

کورتە چیڕۆک/ پەنابەر.. رەسوڵ بەختیار

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 13, 2021 General, Literature


لەچایخانەی مەچکۆ لەتەک کۆمەڵێک کەس باس نەهامەتی و هەژاری و جەنگمان دەکرد، وەک دەزانن هەمووان خۆیان بەپسپۆڕی بوارەکان دەزانی، لەبابەتی هەژارییەوە، باسی مووشکەکانیرووسیایان دەکرد، دواتڕ باسی هەموو رێ و شوێن و سیستەمەکانی ئەمریکا، لەلایەن یەکێکی دیکەوە، دەخرایە بەرباس وەک ئەوە وابوو لەکۆنگریس لەگەڵ ئەندامەکان دانیشتبێ، لەو قسانە دابووین پیاوێکی باڵابەرز و تەمەنی زیاتر لەچل ساڵ دەبوو، سڵاوێکی کرد و هات لەتنیشتمان دانیشت، دوای چەند خولەکێک یەکێک لەوانەی هەر لەوانەی قسەی دەکرد، هاتە سەر باسی مێژووی ئەورووپا، وای باس دەکرد هەموو مێژووی ئەورووپای خوێندۆتەوە، بەڵام لەقسەکانی دیار بوو تەنیا چەند زانیارییەکی لەلابوو، کە لەفەیسبووکدا خوێندویەتییەوە، پیاوە باڵابەرزەکەش بەکوردییەکی پچڕ پچڕ هەڵیدایەوە و گوتی: ئەوانەی تۆ باسی دەکەیت، منداڵی پۆلە سەرەتاییەکانیش دەیزانێ….
هەموو واقیان وڕما و یەکێک بەوی گوت:بەزمانەکەتەوە دیارە خەڵکی ئێرە نیت.
پیاوە باڵابەرزەکە: تەواوە، من خەڵکی ئێرە نیم، بەڵکو پەنابەرێکم پەنام هێناوەتە وڵاتی ئێوە، بۆیەش ئەو قسەیەم کرد، من ماوەی مانگێکە هەتوومەتە ئێرە، ئەوەی لەهەموو گفتوگۆکان لێرە و لەوێ گوێم لێبووە، ئێوە لەهەموو شتێک شارەزان، تا سەر ئێسقان نیشتمانپەروەرن، بەڵام کردەوەکانتان هیچ ئەو شتانە بەدەر ناخا…..
کاتێک پەنابەرەکە ئەو قسانەی کرد، هەموو دایانە قاقای پێکەنین و گوتیان برا هەموو شتانە فشەیە، تەنیا کات بەسەر بردنە.
پەنابەرەکە سەرێکی بادا و گوتی: من لەسەر بۆچوون و ڕای ئازاد گیراوم و دواتر لەوڵاتی خۆم رامکردووە و ئێستا پەنابەرم…
کەس قسەی لەسەر ئەو بابەتە نەکرد و دوای چەند خولەکێک پەرتەیان لێکرد.
ماوەی چەندین ساڵی پێچوو، وڵاتی پەنابەرەکە ئاژاوەی کەوتە ناو و هەرچی دەسەڵاتی پێشووترە رووخا، کاکی پەنابەریش لەچایخانە و شەقام و کۆڵانەکان نەبیندرا.
رۆژێک بەڕێککەوت سەردانی وڵاتی کاکی پەنابەرم کرد، کاتێک چوومە سەنتەری شارێک بینیم چەندین وێنەی کاکی پەنابەر بەگەورەیی هەڵواسراوە، پێمخۆشبوو گوتم لەوانەیە پەنابەرەکە ئێستا کەسێکی دڵسۆزی وڵاتەکەی بێ….
لەسەر شەقامدا پرسیارم لەچەند کەسێک کرد، تا بزانم ئەو کەسە کێییە….چەندین کەس ئامادە نەبوون وەڵامم بدەنەوە…بۆیە وازم هینا گوتم چیتر پرسیار ناکەم، لەنێوەندی ئەو پرسارانەم دیار بوو یەکێک لەو لاترەوە تێبینی کردبوو، تا بزانم ناوی ئەو وێنە گەورەیە کێییە، لێم نزیک بۆوە و گوتی: دیارە زۆر مکوڕی لەوەی بزانی ئەو کەسە کێییە، با پێت بڵێم: خاوەنی ئەم وێنەیە چەندین ساڵ لەمەوبەر پارە و سامانێکی زۆری لەم وڵاتە بردۆتە دەرەوە، پاشان خۆشی رایکرد، دوای نەمانی حکومەتی پێشوو، گەڕایەوە وڵات ئێستا ئەمە زنجیرەیەک چێشتخانەی هەیە، ئێستاش دەیەوێ وەک داکۆکیکارێک لەڕای ئازاد بچێتە پەرلەمان.

Previous
Next
Kurdish