Skip to Content

ڕزگاركردنی موسڵ و مه‌ترسی شه‌پۆلێكی تری ئاواره‌بوون … 5 – 5

ڕزگاركردنی موسڵ و مه‌ترسی شه‌پۆلێكی تری ئاواره‌بوون … 5 – 5

Closed
by ئه‌یلول 29, 2016 General, Opinion

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

قۆناغی دوای داعش و چاره‌نووسی كورد

ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش وه‌ك ڕووداوێكی له‌ناكاو سه‌ری هه‌ڵدا و له‌ 10-6-2014 شاری موسڵی داگیر كرد و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا سنوورێكی فراوان له‌ ناوچه‌كه‌ی كۆنتڕۆڵ كرد، ئه‌گه‌رچی له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا داعش له‌عیراق دووچاری شكستێكی گه‌وره‌ بۆته‌وه‌ و ناوچه‌یه‌كی زۆری له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ پێشتر داگیری كردبوو، به‌ڵام هێشتا شاری موسڵ و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، هێزه‌ عیراقیه‌كان به‌هاوكاری هاوپه‌یمانان له‌ هه‌وڵی كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌ دان، هێرشه‌ پچڕ پچڕه‌كانی سوپای عیراق له‌ باشووری پارێزگای نه‌ینه‌وا و باكووری سه‌لاحه‌دین له‌چوارچێوه‌ی ئاماده‌كاریه‌كان دایه‌ بۆ ده‌ست پێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی به‌رفراوانی ئازاد كردنی شاری موسڵ، ئامانجی داهاتووی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و عیراق ڕزگاركردنی شاری موسڵه‌ كه‌ به‌ حه‌شارگه‌ی سه‌ره‌كی داعش هه‌ژمار ده‌كرێت. به‌پێی زانیاریه‌ ئه‌منیه‌كان و لێدوانی به‌رپرسانی سه‌ربازی عیراقی و ئه‌مریكی له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا شه‌ڕی كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی موسڵ و ڕزگار كردنی له‌ده‌ست داعش ده‌ست پێده‌كات، به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌ پێشبینی ده‌كرێت نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌سی دیكه‌ له‌و پارێزگایه‌ ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی تر بن. سایتی خه‌ندان له‌ 18-7-2016 بڵاوی كرده‌وه‌ دوای سه‌ردانێكی بۆ عیراق (یولخیم رۆكه‌ر) دیپلۆماتكاری ناوداری ئه‌ڵمانی و نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئه‌ڵمانیا له‌ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد مه‌زنده‌ ده‌كرێت زیاتر له‌ دوو ملیۆن هاووڵاتی عیراقی ناچاربن ماڵه‌كانی خۆیان جێبهێڵن به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌، دوور نیه‌ بارودۆخی خراپی داعش هه‌ندێك له‌خه‌ڵكانی خۆیان به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌س و منداڵانه‌ی له‌سه‌ر مه‌شق ڕاهێنراون، خۆیان بخزێننه‌ كاروانی ئاواره‌كان و بێن له‌كوردستان وه‌ك ئاواره‌یه‌ك نیشته‌دێ‌ بن، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌داهاتوودا كاریگه‌ری نه‌ك له‌سه‌ر عه‌ره‌به‌ ئاواره‌كان، به‌ڵكو كاریگه‌ریان له‌سه‌ر كوردیش هه‌بێت، به‌هار عه‌بدولڕه‌حمان بڕیارده‌ری لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان بۆ (باسنیوز)ی ڕاگه‌یاند: پێشبینی ده‌كرێت چه‌كداره‌كانی داعش ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ فێرگه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه‌ ڕاهێنانیان پێ‌ كراوه‌، خۆیان بخه‌نه‌ ناو ئه‌و ئاوارانه‌ ڕوو له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕوویان له‌ ئه‌وروپا كردووه‌، گووتیشی گرنگه‌ له‌لایه‌نی ئه‌منی كوردستان ئه‌و پرسه‌ به‌گرنگ وه‌ربگرێ‌ و خۆی بۆ ئاماده‌ بكات، گووتیشی: پرسی ئاواره‌ و پرسی ئه‌منی دوو بابه‌تی له‌یه‌كتر جیاوازن، ” هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره‌ و كاركردن بۆیان ناوبانگی زۆری له‌دنیا په‌یدا كردووه‌ و زۆربه‌ی هاوكاریه‌كانی وڵاتانیش به‌و هۆیه‌وه‌ بووه‌، به‌ڵام پرسی ئه‌منی بابه‌تێكی جیایه‌” باشتروایه‌ ئاواره‌كان كه‌مپی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت و تێكه‌ڵ به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان نه‌كرێن، به‌بوونی كه‌مپه‌كان زیاتر ده‌توانرێ‌ كۆنتڕۆڵی ئه‌و كه‌سانه‌ بكرێت كه‌ داعشن، یان هه‌ڵگری بیروڕای داعشن و له‌به‌رگی ئاواره‌دا ڕوو له‌ كوردستان ده‌كه‌ن”
سوپای عیراق به‌هاوكاری گروپه‌ چه‌كداره‌كانی تر و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی زۆرێك له‌ خاكی ژێر چنگی داعشیان ئازاد كردووه‌، خالد عوبێدی وه‌زیری به‌رگری عیراق ڕایگه‌یاند هێرش كردن بۆ ئازاد كردنه‌وه‌ی موسڵ پێویستی به‌هه‌ماهه‌نگی كاریگه‌ر هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ئاشكرای كرد له‌ ئێستادا له‌10% ی خاكی وڵات به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ ماوه‌. پێشبینیشی كرد له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنی شه‌ڕ خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ هه‌ڵبێن و خۆیان ڕزگار بكه‌ن. له‌و باره‌یه‌وه‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش بۆ كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی موسڵ له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراواندا له‌ئه‌مریكا به‌بێ‌ نوێنه‌رایه‌تی كورد تاوتوێی هه‌نگاوه‌كانی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕێكخراوه‌یان كرد، ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستانی لێكه‌وته‌وه‌، چونكه‌ كورد لایه‌نێكی سه‌ره‌كی ئه‌و شه‌ڕه‌یه‌، پشت گوێ‌ خستن و خه‌مساردی به‌رامبه‌ر به‌كورد زیان به‌پرۆسه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێ‌، بێ‌ گومان دوای جه‌نگی داعشیش بارودۆخی ناوچه‌كه‌ بابه‌تێكی ئاڵۆزه‌ به‌تێڕوانین له‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كان ئه‌وه‌ ڕه‌چاو ده‌كرێت بۆ له‌مه‌ودوای شه‌ڕی داعش سروشتی به‌رده‌وامی ململانێكان و گۆڕانكاری جوگرافی سیاسی ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت، ئێمه‌ قسه‌مان له‌سه‌ر موسڵ و هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌ ڕووكه‌شدا شه‌ڕه‌كه‌ دژی داعشه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستی دا شه‌ڕێكی مه‌زهه‌بی- ئیتنی یه‌، گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌كه‌ش ناوچه‌ی سوننه‌نشین و خاكی كورده‌، هه‌رچه‌نده‌ كورد له‌شه‌ڕی داعش قاره‌مانی زۆری نواند و قوربانی زۆری داوه‌، گورزی به‌هێزیشی له‌ داعش داوه‌، ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان ئاماژه‌ بۆ لاواز بوونی داعش و له‌ده‌ستدانی به‌شێكی زۆر له‌تواناكانی له‌ پاشه‌كشێ‌ دایه‌، ئه‌مریكا و ڕۆژئاواش به‌په‌له‌یه‌ له‌ كۆتایی هێنان به‌ باڵاده‌ستی سه‌ربازی داعش له‌ناوچه‌كه‌ یان هه‌رنه‌بێت بۆ ئه‌م قۆناغه‌، له‌ئێستادا ناوچه‌كه‌ له‌به‌رده‌م گۆڕانكاری قۆناغێكی نوێ‌ دایه‌ ئه‌ویش قۆناغی دوای داعشه‌، قۆناغی دوای داعش قۆناغێكی ئاڵۆزده‌بێت به‌پێی ئاماژه‌كان گرژی و ئاڵۆزی نێوان سوننه‌كان و شیعه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، بێ‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌ و هه‌ر گروپه‌ ڕووی له‌لایه‌ك ئه‌وه‌ش كێشه‌یه‌كی تره‌، له‌لایه‌كی دیكه‌ كێشه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ئه‌گه‌رچی به‌قاره‌مانیه‌تی و گیانبازی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ده‌ستی داعش ده‌رهێنراون و له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن، تائێستا وه‌كو كێشه‌یه‌كی ئاڵۆز و هه‌ڵواسراو ماوه‌ته‌وه‌ و چاره‌نووسی دیار نیه‌، ئێستا داعش هۆكارێكه‌ بۆ داپۆشینی هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان له‌نێوان حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان هه‌موو هه‌سته‌ شاراوه‌كان و بوغز و كینه‌ نهێنیه‌كانی ناو دڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا كپ كراون، هه‌ر كاتێك شه‌ڕی داعش نه‌ما ئه‌وا ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ست پێده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كورد پێویسته‌ قۆناغی دوای داعش له‌به‌رچاو بگرێت و به‌رچاوی ڕوون بێت له‌وه‌ی پاش شه‌ڕی داعش گۆڕانكاریه‌كان چۆن ده‌بن و چی ڕووده‌دات، پاش قۆناغی شه‌ڕی داعش یه‌كێك له‌ ئاماژه‌كان ئه‌وه‌یه‌ فیدڕاڵیه‌ت بۆ سوننه‌كان دروست بێت، ئه‌وه‌ش بۆ خۆی كێشه‌یه‌كی دیكه‌یه‌، پرسی ڕزگاركردنی موسڵ و مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵیدا پرسێكی ئاڵۆزه‌، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و لایه‌نه‌ ناوخۆییه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێش ڕزگاركردنی موسڵ، ڕێك كه‌وتن بكرێت له‌ نێوان حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی خۆجێی موسڵ له‌ ڕووی سیاسی و سه‌ربازی، پێویستی به‌لێك تێگه‌یشتنی لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراق و حكومه‌تی خۆجێی موسڵ و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌. له‌لایه‌كی تر به‌رامبه‌ر به‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كوردی عیراق هه‌قه‌ دراسه‌یه‌كی وردی بۆ بكه‌ن، چونكه‌ بارودۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یان لانی كه‌م ئه‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌ له‌نێوان ده‌ستێوه‌ردانی خۆرئاوایی و سیسته‌می خێڵه‌كی و مۆدێرنه‌ته‌یه‌كی شه‌رمن سه‌رگه‌ردانه‌، له‌ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابردوودا ڕۆژئاوا له‌پشتگیری عه‌ره‌بێكی خێڵه‌كی و ئیشتراكی و ئه‌مڕۆش پشتگیری گروپی ئیسلامی و سیاسیه‌ جۆراو جۆره‌كان له‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز دابووه‌، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش به‌درێژای ماوه‌ی جه‌نگی سارد و ئێستا چه‌ندین گۆڕانكاری له‌ په‌یوه‌ندی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و خۆرئاوا هاتۆته‌ ئاراوه‌، ئه‌گه‌رچی ئێستا زۆر كه‌س كورد و نیشتمانه‌كه‌ی به‌ پێویستیه‌كی جیۆپۆله‌تیكی ده‌زانن بۆ ڕۆژئاوا و به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا، به‌هۆی بوونی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی و سامانێكی زۆری سروشتی و سامانێكی مرۆیی به‌پیت له‌بواری سه‌ربازی، به‌ڵام مه‌ترسی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ شه‌ڕی داعش كۆتایی بێت، له‌ دابه‌ش كردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی شه‌ڕ كورد مایه‌پوچ بێت و نه‌یتوانبێت خۆی كۆبكاته‌وه‌ و هیچ بڕیارێكی نه‌دابێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ گرنگه‌ پێش كۆتایی هاتنی شه‌ڕی داعش كورد بڕیاری كۆتایی خۆی دابێت، چونكه‌ دوای كۆتایی هاتنی داعش مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ڕووداوه‌كان هێنده‌ خێرا بن كورد فریای ئه‌وه‌ نه‌كه‌وێت له‌و كارانه‌ بدوێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانیه‌ ناكۆكی توندی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمه‌، جیاوازیان له‌چه‌ندین لایه‌نی وه‌كو سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌ربه‌خۆیی و ڕیفراندۆم و چه‌ندین شتی تر هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش دوورنیه‌ به‌هۆی دابه‌ش بوونی هێزه‌ ناوچه‌ییه‌كان بێت، كه‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردی به‌سه‌ر دابه‌ش بووه‌، زۆر گرنگه‌ له‌م قۆناغه‌دا كورد مامه‌ڵه‌یه‌كی له‌بار و ته‌ندروست بكات نه‌یه‌ڵێت ململانێكان به‌ئاقاری لاوه‌كی و نه‌شیاودا هه‌نگاو بنێن و مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ له‌بار ببات.

Previous
Next
Kurdish