
گفتوگۆیه‌كی فیكری كراوه له‌گه‌ڵ نوسه‌ر و روناكبیر سمكۆ محه‌مه‌د له‌باره‌ی ئایدیۆلۆژیا‌و دژه‌كانی.-5- …ئا: عه‌باس جه‌میل جێماو
سمكۆ محه‌مه‌د: ئایدیۆلۆژیا ماسكێكه له‌شێوه‌ی هۆشیارییه‌كی موزه‌یه‌ف و ته‌مومژاوی، سه‌ره‌تای هه‌یه و كۆتایی نادیاره.
سمكۆ محه‌مه‌د: هه‌موو رۆشنبیر و نووسه‌ر و ئه‌كادیمیستێك جورئه‌تی موناقه‌شه‌كردنی ئایدیۆلۆژیای نیه.
ئاماده‌كردنی: عه‌باس جه‌میل جێماو
به‌شی 5
سمكۆ محه‌مه‌د نووسه‌ر و روناكبیر له‌به‌شی چواره‌می چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی ئایدیۆلۆژیا و دژه‌كانی قسه ده‌كات، پێی وایه، ئایدیۆلۆژیسته‌كان هه‌ریه‌كه‌یان ئارگۆمێنتی خۆیان هه‌یه، هه‌ریه‌كه‌یان پێیانوایه لۆژیكی ئه‌وان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌یه كه كۆمه‌ڵگه به‌گشتی بڕوایان پێیه‌تی، لۆژیكسته‌كانیش واشیده‌كه‌نه‌وه گوایه وه‌همی ئه‌وانی تره كه ستایلی جۆره خۆشه‌ویستییه‌كه كه مانای كۆنتڕۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌یه، ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی هه‌یه كه ماتریال و عه‌قلانییه‌ت حوكمی به‌سه‌ردا ده‌كه‌ن.
ده‌قی گفتوگۆكه
پرسیار: به‌هۆی سرووشتی جیاوازییه فكری و ئایینی و زانستیه‌كانه‌وه، به‌ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ هه‌موو شتێك سیفه‌تی ئایدیۆلۆژیای وه‌رگرتووه، ئه‌مه‌ش روونكردنه‌وه و پێناسه و شیكردنه‌وه‌ی زیاتری ویستووه، له‌كاتێكدا توێژه‌ران و بیرمه‌ندان به‌به‌رده‌وامی ره‌خنه‌یان له‌م چه‌مكه گرتووه، خوێندنه‌وه‌ی ئێوه چییه و چۆنه، بۆ چی هه‌موو دیارده‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌دا رۆیشتن؟
سمكۆ محه‌مه‌د: نا من ته‌واو كۆك نیم له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه كه هه‌موو شتێك بۆته ئایدیۆلۆژیا، چونكه ئه‌م بابه‌ته چیرۆك و به‌سه‌رهاتی جیاوازی هه‌یه كه له‌دوای كلاسیكیزم، چه‌مك یان تێرمی جۆراوجۆر به‌رهه‌مهات و ئه‌و تێرمانه‌ش به‌لانیكه‌مه‌وه فكری فراوانتر كرد و ره‌خنه‌ی نوێی به‌رهه‌مهێنا كه پێشتر ره‌خنه‌ش سیستمێك بوو له‌دژی سیستمێكی تر، كه‌واته نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێ له‌وه‌ته‌ی بیركردنه‌وه هه‌یه، ئایدیۆلۆژیا هه‌یه و له‌هه‌موو سه‌رده‌مێك و قۆناغێكدا به‌ستایلی جیاواز نوێ ده‌بێته‌وه، چونكه ئینسانی ئایدیۆلۆژیست هه‌میشه به‌دوای ئایدیایه‌كی نوێ ده‌گه‌ڕێت تاكو له‌پرۆسه‌ی بڕیارداندا به‌پێی ئه‌و دیدگایه بوونی خۆی بسه‌لمێنێ، به‌ڵام ئه‌و دابڕانه مه‌عریفییه به‌فۆڕمێكی جیاواز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و تێرمانه كرد كه هیچ نه‌بێ ئه‌و سیفه‌ته‌ی داماڵاند.
وه‌ختێك ئایدیۆلۆژیا له‌چه‌مكه‌وه بوو به‌كه‌ره‌سته‌ی داموده‌زگای ده‌وڵه‌ت و هه‌روه‌ها كۆمپانیاكانیش ده‌بنه به‌شێك له‌كارگه‌ی ئایدیۆلۆژیا، ئه‌وكاته زیاتر هه‌ست به‌مانه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مكه ده‌كه‌ین كه چه‌ند چالاكه.
پرسیار: باشه بۆ ئه‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر سه‌ره‌تاو ده‌رهاویشته‌كانی دوا قۆناغی فكر و ئایین بكه‌ین، ده‌بێ له‌سه‌ره‌تای ئه‌و جیاوازییه فكری و ئایدیایانه‌وه موناقه‌شه بكه‌ین، ئایا بۆچی هه‌موو فكرێك و هه‌موو كرده‌یه‌كی ته‌نانه‌ت پیشه‌سازیش بوون به ئایدیۆلۆژیای كۆنكریتی و بۆچی پێویستمان به‌دابڕانێكی تر هه‌یه؟.
سمكۆ محه‌مه‌د: هه‌ڵبه‌ت هه‌موو فكر و ئایین و فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بنه‌مای ره‌سه‌نایه‌تی خۆی هه‌یه و هۆكارێكی مێژوویی و نهێنییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌بووه گره‌وی له‌سه‌ر جێكه‌وته‌بوونی كردووه، بۆیه كۆدی بۆ دانراوه وه‌كو ئه‌وه‌ی هه‌ر ئایینێك كۆدی خۆی هه‌یه، ئه‌مه هه‌ر له‌سه‌رده‌می كلاسیكه‌وه واهاتووه، بۆیه ناكرێ بۆ هه‌موو بابه‌تێك بچینه‌وه یۆنانی كۆن و میسری كۆن و هیند و چینی كۆن كه ئه‌مان هه‌م كۆمه‌ڵگه و هه‌م ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌ی ره‌سه‌نن و جیاوازیان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له‌پاشكۆی ئه‌مانه مێژوویان بۆ خۆیان درووستكرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه تاڕاده‌یه‌ك وڵامی ئامانجی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه، ئه‌وه‌یه كه كۆتایی سه‌ده‌ی رابردبوو سه‌ده‌ی گه‌شه‌و هه‌ڵدانی ته‌كنۆلۆژیا بوو، به‌وپێیه‌ی كه فه‌لسه‌فه و ئایینیش له‌ماڵێك و له‌زه‌مه‌نی جیاوازدا موناقه‌شه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرا، ئیدی ئایدیۆلۆژیا یه‌كێك له‌و چه‌مكانه بوو كه زۆرترین موناقه‌شه‌ی له‌سه‌ر كراوه چ له‌لایه‌ن ئیایدۆلۆژیسته‌كانه‌وه و چ له‌لایه‌ن ره‌خنه‌گرانییه‌وه، چونكه زۆرترین رووبه‌ر و فه‌زای فه‌لسه‌فی و ئایینی داگیركردبوو، تائێستاش گره‌وی ململانێكان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌كرێ، بۆیه كه مۆدێرنه و رێنیسانس هاتن، زنجیره فۆرمێكی له به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی پێشكه‌ش كرد كه دژی ئایدیۆلۆژیا وه‌ستانه‌وه، ئه‌مه وه‌كو ته‌شكیلاتێكی ئیدیۆلۆژی جیاواز له‌سه‌ر زاری بیرمه‌ندان جێكه‌وته بوو، ئه‌وكاته بوو كه تاقمێك گوتاری به‌هایی رێژه‌یی پێكه‌وه‌گرێدراو نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م ره‌وته‌یان ده‌كرد، هه‌ر له‌وكاته‌وه ئایدیۆلۆژیا جارێكی تر و به‌ره‌نگ و بۆیه‌كی تره‌وه، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌سفره‌وه جیهان بونیاد بنێته‌وه، سه‌رتاپای فه‌زای بیركردنه‌وه‌كانی سه‌رخانی كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌تیشی داگیركرد، هه‌موو دژه‌كان به‌ئاكادیمی و ده‌ره‌وه‌ی ئاكادیمیاشه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و گوتاره ئایدیۆلۆژیانه كۆك بوون كه قه‌یرانه مێژووییه‌كانیان مه‌ترسیدارترن له‌و قه‌یرانانه‌ی هه‌نوكه‌یین، چونكه وه‌كو په‌ندێكی كوردی هه‌یه ده‌ڵێت (شه‌ڕ به‌كۆنه قین ده‌كرێت) ئه‌مه تاكو بۆشاییه‌ك مابوو كه هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان بوو، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا جه‌نگی ده‌كرد، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه ئایدیۆلۆژیا به‌حوكمی زه‌مه‌ن له‌گه‌ڵ خۆیدا كێشه‌ی هه‌بوو، ئه‌ویش به‌بنبه‌ست گه‌یشتنی ململانێی فكری بوو كه پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كه بوو، لێره‌وه په‌یوه‌ست بوون به‌ئه‌خلاقه‌وه بوو به ئۆلگۆیه‌كی تر بۆ له‌دایكبوونی ئایدیۆلۆژیای هاوچه‌رخ، بۆ نموونه دادگایی كردنی هێزی ئایدیۆلۆژی هاته ئاراوه كه دژی روحی سه‌رمایه‌داری كلاسیكی بوو، دژایه‌تی روحی سالوسی مه‌سیحیه‌ت و ئایینه‌كانی دیكه بوو، هه‌روه‌ها دژایه‌تی ئه‌و فكره كۆنكرێتیانه بوو كه لایه‌نێكی دیكه‌ی موناقه‌شه‌كه بوو، كه‌واته بۆمان ده‌ركه‌وت بۆچی ره‌خنه له كۆی سێكته‌ره‌كان به‌ئه‌زموون هه‌موو ره‌هاییگه‌راییه‌كی ئایینی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی ره‌تكرده‌وه، نموونه‌شیان ئه‌و بیرمه‌ند و شاعیرانه بوون كه دژی سیستمه‌كان راوه‌ستانه‌وه و به مه‌رگی خۆیان، یان په‌راوێزخستنیان كۆتایی هات، لێره‌وه ئه‌و سیفه‌ته‌ی باسی ده‌كه‌ی كاڵ بووه‌وه.
.پرسیار: باشه كه‌واته ده‌كرێ بڵێین هۆكاری ئه‌و فره‌ییه‌ی كه له ئاڕاسته فیكریه‌كاندا ده‌بینرێت، به زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گۆڕانكاریه‌كانی كه‌ژینگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌كان، به‌ده‌ر له پێناسه كلاسیكییه‌كه‌ی، ئێستا پرسیاری دوای ئه‌وه ئه‌وه‌یه ئایا جیاوازی و به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌م چه‌مكه له كۆمه‌ڵگه داخراوه‌كان به‌راورد به گه‌لانی پێشكه‌وتوو چۆن ده‌بینن؟، ئایا ئایدیۆلۆژیا چ وه‌كو ئایین و چ وه‌كو فكر له‌نێو هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كاندا ماوه، یان گه‌یشتۆته كوێ ؟.
سمكۆ محه‌مه‌د: كه باس له‌زه‌مه‌نی پراكتیكردنی ئه‌م چه‌مكه ده‌كه‌ین، یه‌عنی نابێ جیاوازی له‌نێوان ئێره‌و ئه‌وێ بكه‌ین، به‌ڵام ده‌كرێ كاریگه‌رییه نیگه‌تیڤه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه و وڵاتانه به‌نموونه وه‌ربگرین كه پراكتیكه‌كه‌یان نیگه‌تیڤه، بۆ نموونه بوزی له بۆرما توندوتیژن به‌ڵام له مالیزیا میانڕه‌ون، ئیسلام له‌رۆهژهه‌ڵات به‌شی زۆری توندڕه‌ون، كه‌چی له تونس یان له‌مه‌غریب میانڕه‌ون، ئه‌مه جیاوازی له‌كۆمه‌ڵگه‌ی داخراو‌و و كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه ده‌رده‌خات، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئایدیۆلۆژیا هه‌ر ئه‌و فه‌زایه درووستده‌كات كه ده‌یه‌وێت، واته به‌پێی ویست و ئامانجی ئایدیاكه‌یه له‌رووی پراكتیكه‌وه، یان به‌پێی ویستی كاڵا‌و بانگه‌شه‌كه‌یه، جا ئه‌و ئایدیایه ماتریالی بێت یان ئایدیالیستی بێ هه‌مان ئامانجی هه‌یه، كه‌وابوو ئایدیۆلۆژیا له‌خۆڕا ده‌رناكه‌وێت، به‌ڵكو له‌ده‌قێكدا یان له‌رێگه‌ی تیۆره‌وه یان له‌فه‌زایه‌كی ناجێگیردا ده‌رده‌كه‌وێت، یان له‌رێگه‌ی ئایینه‌وه یان له‌رێگه‌ی كه‌ره‌سته و گرووپی سیاسی و ته‌نانه‌ت وه‌رزشیشه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین، بۆیه به‌ئاسانی ئایدیۆلۆژیای هاوچه‌رخ نابینرێت و هه‌ستی پێناكرێ، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه شاره‌زاییان نییه له گه‌مه‌ی سیاسی ئه‌م سیستمه هاوچه‌رخه، له‌سیستمی فیدرالیدا هه‌ر كارێك به‌پێی ره‌هه‌ندی خۆی و به‌رامبه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌كی تر ده‌پارێزرێ كه حوكمی به‌سه‌ردا ده‌كات، ئیدی ئایدیۆلۆژیا په‌یوه‌ندییه‌كی خه‌یاڵییه كه ئه‌فراده‌كان پێكه‌وه له بابه‌ت و مه‌یدانێكی دیاریكراودا گرێده‌دات و وه‌كو واقیع ده‌یناسێنێ، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌دا مانایه‌كی دیكه‌ی وه‌همی یه.
با پێناسه‌یه‌كی نوێ پێشكه‌ش بكه‌م، ئایدیۆلۆژیا ماسكێكه له‌شێوه‌ی هۆشیارییه‌كی موزه‌یه‌ف و تێكه‌ڵ و ته‌مومژاوی كه سه‌ره‌تای دیاره و كۆتایی نییه، چونكه كۆمه‌ڵێك به‌ها و بیرۆكه‌یه كه گروپێك بڕوایان پێیه‌تی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر فكر ده‌كات و زۆرجاریش به‌لاڕێیدا بردووه، ده‌بێته لۆژیكێكی نه‌شیاو یان مه‌عریفه‌یه‌كی وه‌همی كه بیانووه‌كه ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵگه به‌پێی ئه‌و لۆژیكه به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بدۆزنه‌وه، (عبدلله العروی) بیرمه‌ندێكی عه‌ره‌بییه له‌هه‌شتاكانی سه‌رده‌ی رابردوو زۆر موناقه‌شه‌ی ئه‌م چه‌مك و تێرمانه‌ی كرد، زۆربه‌ی چه‌مكه‌كانی كردووه به كتێب، له كتێبی (مفهوم الایدیولوجیه) ئه‌م چه‌مكه دابه‌شده‌كاته سه‌ر سێ جۆر.
جۆری یه‌كه‌م (ئایدیۆلۆژیای تێڕوانینی یونیڤێرساڵییه). ئه‌م سیفه‌ته‌ی ئایدیۆلۆژیا له‌فه‌لسه‌فه نزیكتر ده‌بێته‌وه، به‌وپێیه‌ی له حوكمی شمولی و یونیڤێرساڵیدا، چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌كات، به‌هه‌مان شرۆڤه‌ش خۆی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه و له‌مێشكی هه‌مووانیشدا ره‌نگده‌داته‌وه.
جۆری دووهه‌م (ئایدۆلۆژیای تاكگه‌راییه). ئه‌م ستایله به‌پێی تێگه‌یشتن و قه‌ناعه‌تی تاكه‌كانه بۆ ئاسۆیه‌كی فكری ده‌ڕوانێ، لێره‌دا تاك هه‌موو ئه‌و ره‌گه‌زانه له‌فكر و له‌وێنه‌یه‌كی درووستكراو و ره‌نگاوه‌ڕه‌نگدا ده‌دۆزێته‌وه، له‌وێشه‌وه غه‌ریزه بچوك و گه‌وره‌كانی خۆی له‌جه‌سته و مێشكی‌دا ته‌وزیف ده‌كات، به‌ڵام ناتوانێ بازبدات به‌سه‌ر هه‌موو سنووره‌كانی خۆیدا و قه‌ید و به‌ند به‌یه‌كجاری بشكێنێ، ئه‌مه‌ش تێڕوانینێكی زه‌ینییه كه خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه، نه‌ك هه‌موو دونیابینی نوێ ببینێ.
جۆری سێهه‌م (ئایدیۆلۆژیای دیارده‌ناسی). ئه‌م ره‌هه‌نده‌یان شیكارییه بۆ مه‌عریفه و زانست و كێشه بابه‌تی و خودییه‌كان زیاتر ده‌رده‌خات، ئه‌مه‌یان به‌بارته‌قای ئایدیۆلۆژیای یونیڤێرساڵی كاریگه‌ری هه‌یه، چونكه له‌باره‌ی ئینسانه‌وه به‌گشتی قسه ده‌كات، چونكه جیاوازییه‌ك له‌نێوان ریالییه‌تی و فكر هه‌یه، ئه‌مه هۆكاری ئه‌وه‌یه كه ئایدیۆلۆژیا وا لێده‌كات پێچه‌وانه ببێته‌وه له‌به‌رامبه‌ر فكری راسته‌وخۆ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش ئارگۆمێنتی خۆی هه‌یه.
كه‌واته ئایدیۆلۆژیسته‌كان هه‌ریه‌كه‌یان ئارگۆمێنتی خۆیان هه‌یه، هه‌ریه‌كه‌یان پێیانوایه لۆژیكی ئه‌وان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌یه كه كۆمه‌ڵگه به‌گشتی بڕوایان پێیه‌تی، لۆژیكسته‌كانیش واشیده‌كه‌نه‌وه گوایه وه‌همی ئه‌وانی تره كه ستایلی جۆره خۆشه‌ویستییه‌كه كه مانای كۆنتڕۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌یه، ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی هه‌یه كه ماتریال و عه‌قلانییه‌ت حوكمی به‌سه‌ردا ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌رابردوودا په‌یمانی شۆڕشی فه‌رانسی و ئاشكراكردنی پارادۆكسه‌كانی فكر، نه‌یانتوانی باڵانس بۆ هه‌موو شته‌كان رابگرن، بۆیه لێره‌وه لۆژیكیسته‌كان ئه‌مه‌یان وه‌كو دیفاكتۆ ته‌ماشا نه‌كردووه و به‌فكرێكی ئایدیۆلۆژیی دۆگما و نازانستی ناوزه‌دیان كردووه.
كه‌وابوو لێره‌وه ئه‌و جه‌نگه ئایدیۆلۆژیه‌ی له‌گه‌ڵ ئاراسته‌كانی تر كه خاوه‌ن فرسه‌تێك نیین بۆ ته‌عبیركردن له خۆیان، ئه‌و باسه زیندوو ده‌كه‌نه‌وه كه هه‌موو رۆشنبیر و نووسه‌رێك جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نییه موناقه‌شه‌ی ئاییدۆلۆژیا بكات، چونكه به‌ناڕاسته‌وخۆ رۆشنبیری كردووه به كارێكته‌رێكی چالاك و به‌كارهێناو كه له‌رێگه‌ی ئه‌ده‌بیات و نووسینی رۆمان و تێكسته‌وه ته‌عبیر له‌خۆی بكات و به‌خه‌یاڵی خۆشی وابزانێ دژی ئایدیۆلۆژیایه، به‌ڵام گروپی سیاسی و چین و توێژه‌كانی تر ململانێیه‌كی دیكه‌ی راسته‌وخۆ ده‌كه‌ن، بۆیه ئایدیۆلۆژیا هه‌میشه خۆی به‌رهه‌مدێنێته‌وه و به‌راسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ خۆی زیندوو ده‌كاته‌وه.
وه‌ختێك ئایدیۆلۆژیا له‌چه‌مكه‌وه بوو به‌كه‌ره‌سته‌ی داموده‌زگای ده‌وڵه‌ت و هه‌روه‌ها كۆمپانیاكانیش ده‌بنه به‌شێك له‌كارگه‌ی ئایدیۆلۆژیا، ئه‌وكاته زیاتر هه‌ست به‌مانه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مكه ده‌كه‌ین كه چه‌ند چالاكه، ئاڵتۆسێر زووتر له‌هه‌موو بیرمه‌نده‌كان هه‌ستی پێكرد، ئه‌و باسی له‌و جیاوازییه ریشه‌ییانه كرد كه له‌نێوان ماركس و هێگڵ بوو، چۆن ده‌وڵه‌ت خراپ كه‌ڵكی لێوه‌رگرت و هه‌موو داموده‌زگاكانی خسته ژێر هه‌ژموونی ئایدیۆلۆژیاوه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه دوابه‌دوای ئه‌و جه‌نگه دیالیكتییه‌كه‌ی ماركس و هیگڵ بوو له‌رابردوو، ئه‌وكاتیش به‌شێكی زۆر له‌بیرمه‌ندان هه‌ستیان به‌مه‌ترسیه‌كه كرد كه له‌ئه‌نجامی ئه‌و گه‌شه‌یه سه‌ره‌تای بێبه‌هاكردنی ئه‌و شتانه‌یه كه ئینسان شانازی پێوه‌ده‌كات و له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه هۆشیاری و ئازادی نووسین بوو، ئه‌وه‌بوو له‌درێژه‌ی ئه‌و ره‌وته چه‌په فرۆییدیه‌ی كه‌لێنه روحییه‌كانی ماركسی پڕكرده‌وه، ئه‌م بێبه‌هاكردنه بووه میتۆدێكی سنوورداری فكری، ویلهێم رایش یه‌كێك له‌و بیرمه‌ندانه‌یه كه هه‌ردوو فه‌لسه‌فه‌ی سایكۆلۆژی و ماتریالیزمی دیالیكتیكی تێكه‌ڵ كرد، به‌ڵام له‌رێگه‌ی ره‌خنه له‌ئایدیۆلۆژیاوه، كتێبی (گوێبگره پیاوی گرگن) ی نووسی و تائێستاش زۆرترین خوێنه‌ری هه‌یه، زۆرترین كه‌س له‌سه‌ره‌تاسه‌ری دونیادا كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ری و هه‌ژموونی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌وه كه دژی ئایدیۆلۆژیا و خه‌یاڵی دۆنكیشۆتی بوو.
له‌رووی فه‌لسه‌فه‌ییشه‌وه ماركس تێڕوانینی خۆی هه‌یه، ئه‌و پێیوایه شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ئایدیۆلۆژیاكان به‌سه‌ر راڤه‌ی كرده‌ی مرۆیی‌دا په‌یڕه‌وناكرێ، پێویسته دان به‌وه‌دا بنرێت كه زیاتر له‌كاریگه‌ری و نیشانه‌كانی ئه‌و تیگه‌یشتنه ئاماده‌یه، بۆیه له‌كتێبی ئایدیۆلۆژیای ئاڵمانی ده‌نووسێ وادیاره خه‌ڵكی و بارودۆخی خه‌ڵكی له هه‌موو ئایدیۆلۆژیاكاندا كه له‌سه‌ری وه‌ستاون، وه‌كو ئه‌وه‌یه له فۆتۆیه‌كی ته‌مومژاویدا دره‌كه‌ون، چونكه ئایدیۆلۆژیا ریشه‌ی خۆی له بارودۆخی ژیانی ماتریالیدا داكوتاوه، به‌ڵام ئه‌وه پێویستی به‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی گشتی، یان تاكلایه‌نی نێوان بناغه‌ی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگه هه‌یه، چونكه په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان بونیادی یاسایی و سیاسی نییه. ئه‌وه‌ی تێبینی ماركسه له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌كه‌وێته نێوان بونیادی چینایه‌تی و خودی ئایدیۆلۆژیا، به‌وپێیه‌ش بێت په‌یوه‌ندیی نێوان ئایدیۆلۆژیا و ژێرخانی ماتریالی ده‌گشتێنێ، چونكه بنه‌مای ئه‌و بۆچوونه كه‌ناڵێكی نێوان ئه‌و دوانه‌یه كه به‌شێكی ده‌ركه‌وتنی ئایدیاكانه و دوا به‌دوای ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش، ئایدیۆلۆژیایه‌كی دیكه له‌دوای خۆی به‌رهه‌مدێنێته‌وه، زۆرجار ئایدیالیزمیش كه به‌رامبه‌ر ماتریالیزم داده‌نرێت، هۆكاره‌كه‌ی ته‌نها دژبوونی چه‌مكه، چونكه ئایدیا وه‌كو بیرۆكه و به‌رهه‌می عه‌قڵ ته‌ماشا كراوه، واته شتێك له‌زه‌یندا چه‌كه‌ره‌ی كردووه، ئه‌وه‌ی دیكه وه‌كو رێژه‌ی كامڵبوونی پێش پراكتیك كردنی بیرۆكه‌كه‌یه، ئه‌م چه‌مكه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به روحه‌وه هه‌یه، بۆ ئه‌و بابه‌تانه به‌كاردێت كه نابینرێت، وه‌كو چۆن دیكارت له‌باره‌ی لاهوته‌وه به‌كاریهێنا.
پرسیار: له‌و وڵامه‌دا ئه‌وه‌م بۆ ده‌ركه‌وت كه ئه‌م چه‌مكه وه‌كو تارماییه و له‌هه‌موو ئایدیایه‌كدا ئاماده‌یه، ته‌نها ئه‌و وه‌خته‌ش زیاتر زیندووه كه دژه‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر خۆی ده‌بینێ، نه‌ك هه‌ر سیاسه‌ت و ئایین، به‌ڵكو عه‌قڵ و ده‌وڵه‌تیش كاریان پێكردووه؟.
سمكۆ محه‌مه‌د: ئێستا باسی ئه‌وه ده‌كه‌م چۆن هه‌موو شتێك كردار و په‌رچه كرداره و چۆن هه‌تا دژ ئاماده نه‌بێت، بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كه ئاماده نییه، هه‌روه‌ها باسی ده‌وڵه‌تیش ده‌كه‌م چۆن جومگه‌كانی به ئایدیۆلۆژیا بارگاوی كردووه، بۆچی له‌ده‌وڵه‌تی خه‌ڵكه‌وه كه گوایه له‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌وه روویداوه، بووه‌ته ده‌وڵه‌تی سته‌مكار و سه‌ركه‌وتكه‌ر، بۆچی هه‌موو سیاسه‌تی كارگێری و سیاسه‌تی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه بووه به ئایدیۆلۆژیای گشت. ئه‌مانه ئه‌و پرسیارانه‌ن كه من له‌نێو پرسیاره‌كه‌ی ئێوه‌دا ئاشكرام كردووه و گرینگی پێده‌ده‌م، چونكه بابه‌ته‌كه ناچارمان ده‌كات شرۆڤه‌ی حاڵه‌تی پراكتیك كردنی چه‌مكی ئایدیۆلۆژیای ده‌وڵه‌تی بكه‌ین كه بۆچی كۆمه‌ڵایه‌تی بووه و له‌مێشكی هه‌موواندا ره‌نگیداوه‌ته‌وه، به‌وپێیه‌ی هه‌موو ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت كه به‌ئه‌فراده‌كانی خۆی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، به‌گشتی سه‌ركوتكه‌رن و توندن، ئه‌مه په‌روه‌رده‌ی ده‌وڵه‌ته بۆ ئه‌فراده‌كانی كه له‌جومگه‌كاندا كارده‌كه‌ن، چونكه كاری ئه‌وان ئه‌وه‌یه به‌چڕی چاودێری بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی بكه‌ن، بۆ نموونه ته‌نانه‌ت بۆ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی هه‌ر كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیش، به‌پێی ئه‌و ئایدیۆلۆژیا پراكتیك كراوه كار ده‌كه‌ن، هه‌ر به‌پێی ئه‌و به‌رنامه داڕێژراوه كار ده‌كه‌ن كه جومگه‌كان وه‌كو بیرۆكه و ده‌ستووری كار وه‌ریانگرتووه، هه‌ر به‌و سیستمه چاودێرییه سیاسییه كارده‌كه‌ن كه بنه‌ما فكرییه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات قه‌بوڵی كردووه، ده‌بینی ئاراسته‌ی كێشه‌كه به‌ره‌و چ ئاراسته‌یه‌ك رۆیشت.
وه‌ختێك هه‌موو شتێك له‌ژێر كۆنتڕۆڵی چاودێری وردی سیاسی و ئه‌منی بوو، ئیدی ئایدیۆلۆژیا له‌چه‌مكه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ ده‌ستووری كاركردن، به‌تایبه‌تی ئه‌و كاته‌ی كه چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و بازرگان و پیاوانی ئایینی و ته‌نانه‌ت رۆشبیری موزه‌یه‌ف و نووسه‌ری موزه‌یه‌ف و ئه‌وانی تر كه نزیكن له‌ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كسانیان هه‌یه، ئیدی هه‌موو شتێك به‌و چه‌مكه‌وه بارگاوی ده‌بێت.
پرسیار: به‌ده‌ر له‌كایه‌ی سیاسی، ئایدیۆلۆژیا لایه‌نی دیكه‌ی وه‌رگرتووه كه زانسته ئه‌كادیمیه‌كانه، چونكه زانكۆ له‌سه‌رتاسه‌ری دونیادا دوچاری وه‌همێكی ده‌سه‌ڵاتدارێتی فه‌رهه‌نگی بووه، ئه‌م فه‌زایه هیچی كه‌متر نییه له جومگه‌كانی ده‌وڵه‌ت، نموونه‌ش له‌و سه‌ره‌ده‌مه‌وه هاتووه كه هایدگه‌ر یه‌كێك له جومگه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌وڵه‌تی نازی به‌ڕێوه‌ده‌برد كه زانكۆی به‌رلین بوو، بۆیه جه‌ده‌لێكی زۆری درووستكرد، تائێستاش ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئه‌كادیمییه به‌رده‌وامه له‌و فه‌زایه‌ی خۆی به‌خۆی داوه، ئێستا ئه‌م تێگه‌یشتنه له‌چ ئاستێكدایه؟.
سمكۆ محه‌مه‌د: ئێمه تائێستا له‌بابه‌تی به‌ر له‌سه‌رهه‌ڵدانی دابڕانی فه‌لسه‌فه له‌ئاڵمانیا قسه‌مان كرد، به‌ڵام له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی ره‌وته فكرییه‌كه له‌ئاڵمانیا كه ره‌خنه‌یان له ئایدیۆلۆژیا ده‌گرت و به‌تێگه‌یشتنێكی سایكۆلۆژییه‌وه وڵامی پرسیاره‌كه‌ی به‌رده‌م خۆی دایه‌وه، ئێمه ناكرێ هه‌موو وه‌همه‌كه به‌زانسته‌وه گرێ بده‌ین، به‌ڵام ده‌كرێ به زانستخوازه‌كانه‌وه گرێی بده‌ین كه پێیانوایه میتۆدی زانسته‌كه‌ی به‌رده‌ستیان داهێنانی فكری خۆیانه كه ئه‌مه وه‌همه‌كه‌یه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه مامۆستای زانكۆ هێشتا له‌وه تێنه‌گه‌یشتووه بڕوانامه، بڕوانامه‌ی ئه‌كادیمی و زانست نییه، ته‌نها رێگه‌پێدانی كاره و هیچی تر، بۆیه وه‌همه‌كه لێره‌وه هه‌ستی پێده‌كرێت، ئه‌وه‌ی دوای هایدگه‌ریش كه به‌شێكی زۆركردنی زانستی بوو، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی ده‌بێ وه‌كو توانای فه‌لسه‌فی ته‌ماشا بكه‌ین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی هه‌ریه‌ك له بیرمه‌ندانی وه‌كو (ئه‌ریك فرۆم و هابرماس و ماركۆزه و ولهێم رایش) دوای ئه‌و زه‌مه‌نه كه سته‌مكاری به‌هێز بوو، مانای چه‌مك و تێرمه‌كان ره‌هه‌ندێكی دیكه‌یان وه‌رگرت، چونكه له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی چه‌مكی ئایدیۆلۆژیا كه پێشتر ئاڵتۆسێر له داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا كۆی كردبۆوه، ئه‌و دوو بیرمه‌ندانه ده‌ركیان به‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه كردبوو كه به‌ناوی شۆڕشی ته‌كنۆلۆژی و جیهانگه‌راییه‌وه تۆمه‌تبار كردبوو، گوایه هێرشی هێناوه و هه‌رچی به‌های فكری هه‌یه رایده‌ماڵێ.
با وایدابنێین رزگاربوونێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌ده‌ره‌نجامی دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئایدیا فكرییه‌كانه‌وه ئینسان ئازاد ده‌كات، به‌ڵام ده‌ركه‌وتووه به گه‌شه‌ی ته‌كنۆلۆژیاش بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ئه‌نجامی دابه‌شبوونی كاردا هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی پێشووتره، ئینسان جارێكی دیكه و به بیانووی دیكه زیندانی ده‌كرێته‌وه، ئێستا هه‌مان ئه‌و دۆخه‌ی كه چینێك به‌سه‌ر چینێكی تردا زاڵه مه‌جووده، ئێستا له‌دۆخی ژیانی سه‌ده‌ی 18 و 19 ده‌چێت ره‌نگه له‌هه‌ندێك باردا خراپتریش بێت، چونكه ره‌خساندنی زه‌مینه و توانای فكری و جه‌سته‌یی بۆ ده‌ركه‌وتنی چینی ناوه‌ڕاست نه‌ما، ئه‌وانه‌ی كه به‌ته‌نگ فكره‌وه بوون، ئه‌وانه‌ی كه به‌ته‌نگ دامه‌زراندنی پێشكه‌وتووخوازی و شارنشینییه‌وه بوون، كه‌وتنه نێوان به‌رداشی ته‌كنۆلۆژیا و باوه‌ڕی ئایینی كه بوو به‌ئایدیۆلۆژیایه‌كی نوێ، تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی بێ‌ئومێد ببوون له دونیای سه‌رمایه‌داری، بوون به كه‌سی ئیدیالیستی و تیرۆریست و له‌رێگه‌ی ته‌كنۆلۆژیاوه ئایدیۆلۆژیایان ده‌پاراست.
ئاڵوگۆڕی زه‌مه‌ن كه ته‌كنۆلۆژیا وه‌كو به‌شێكی گرینگ له‌زانستی كرد به‌ئایدیۆلۆژیا، ته‌كنۆلۆژیا پانتاییه‌كی فراوانی فه‌راهه‌م كرد بۆ به‌شداربووه‌كانی خۆی، ئیدی ئایدیۆلۆژیا ئه‌و مانایه‌ی پێشتری نه‌ما كه بریتی بوو له فكرێكی دیاریكراو یان ئایینێك، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌هۆی هه‌ڵدان و گه‌شه‌ی ته‌كنۆلۆژیاوه پیوه‌ندییه‌كانیش گۆڕانیان به‌سه‌رهات و هه‌ركه‌س بیهه‌وێ ده‌توانێ ببێته خاوه‌ن ئیمێڵ و ده‌ستكه‌وتنی داتا له‌رێگه‌ی كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێته‌كه‌ی له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه كه كۆمپانیا درۆزنه‌كان به‌خۆڕایی پێیان ده‌به‌خشن، ئه‌مه به‌بێ هیچ ماندووبونێك ئه‌وه‌ی پێویستی بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی خوێندنه‌وه و كۆڕ و سیمینار و كۆنفڕانس و هتد چنگی بكه‌وێ، ئه‌م دیارده‌یه كه سه‌ره‌تاكه‌ی دیاربوو به‌نیازه هیچ به‌هایه‌ك بۆ فكر نه‌هێڵێته‌وه، ئه‌و مه‌ترسییه‌ی خوڵقاند كه كێشه‌یه‌ك به‌ناوی ئازادی نووسین و بیركردنه‌وه و نه‌هێشتنی موڵكیه‌ته‌وه نه‌مێنێت و مۆدێلی ته‌مبه‌ڵی بیركردنه‌وه درووست ببێت، بۆیه كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌وه‌ی به‌ناوی پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆژیا هات، ئه‌وه‌بوو ده‌ستی هه‌موو كه‌سێكی واڵاكرد تاكو ببێت به‌نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند له‌هه‌موو بواره‌كاندا، ئیتر هه‌ركه‌س له‌ماڵی خۆی هه‌م بوو به‌سه‌رنووسه‌ر و هه‌م خاوه‌ن ستۆدیۆ و هه‌م بوو به‌كامیرامان و مونتێر و به‌ڕێوه‌به‌ری میدیا و هتد، به‌وپێیه‌ی مه‌ترسی سانسۆرێك نه‌ما كه له‌ده‌ره‌وه‌ی سانسۆری ئازادی و بیركردنه‌وه هه‌بوو له‌سه‌ده‌كانی پێشوو كه له‌ئه‌نجامی سانسۆردا بووه فكری نوێ، یان ره‌خنه و موناقه‌شه‌ی نوێ به‌رهه‌مده‌هات، هه‌ڵبه‌ت سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و خاوه‌ندارێتییه موزه‌یه‌فه‌ی كه دژی موڵكیه‌تی فكره، كارێكی كرد هه‌رچی ناوی موڵكیه‌ته نه‌مێنێ و موڵكیه‌تێكی دیكه بێته‌ئاراوه كه به‌ناوی ماسمیدیاوه له‌فه‌یسبوكدا نه‌خوێنه‌وار و بیرمه‌ند وه‌كو یه‌ك به‌شداری ته‌كنۆلۆژیا بن، بگره بازاڕی نه‌خوێنه‌واری ره‌واجی باشتری وه‌رگرت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م فه‌زایه له‌شوێنێكی دیكه‌دا كێشه‌ی بۆ سیاسه‌تیش درووستكرد، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه له‌به‌رامبه‌ر بێ به‌هاكردنی نووسین، جۆرێك له‌ناڕه‌زایه‌تی گشتی به‌بێ هاتنه سه‌ر شه‌قام و ترس له‌پۆلیس خوڵقاند، ناڕه‌زایه‌تی گشتی درووستبێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌كادیمیای زانستیش به‌م ده‌خه‌وه تێوه‌گلا و وه‌همه‌كه‌ی زیاتر بوو.
سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی میسر و تونس و لیبیا و سوریا له‌ناوچه‌كه، باشترین سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌ن كه سیاسه‌ت له‌رێگه‌ی ته‌كنۆلۆژیاوه خه‌ڵكی له‌دژی ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌ڵخڕان و كردنی به‌كۆمبارسی فیلمێك و هه‌ر خۆشی پاڵه‌وانی كارتۆنی و كۆمیدیی و تراژیدی بۆداناو و دۆخه‌كه‌ی گۆڕی، ئه‌مه راستییه‌كه‌یه كه ئازادی كرد به ویستێكی نیگه‌تیڤ و هه‌موو كه‌س خاوه‌نی هه‌موو شتێكه و له‌رووی غه‌ریزییه‌وه بۆ ئازادی چێژی لێوه‌رناگرێت، چونكه ئه‌م سیستمه هه‌موو شتێكی بۆ تاك فه‌راهه‌م كردووه، تاكو كه‌ڵك له‌و ئازادییه‌ی سه‌ده‌ی رابردوو وه‌رنه‌گرێت و نه‌گه‌ڕێته‌وه به‌ره‌و دواوه و مانای شۆڕش بسڕێته‌وه له‌فه‌رهه‌نگی خۆیدا، هه‌روه‌ها ببێته هه‌ڵگری ئه‌و شووناسه‌ی خوده‌كان پێداگری له‌سه‌ر عه‌قڵی بیركردنه‌وه ده‌كه‌ن، رۆژانه خۆیان به‌رهه‌مدێننه‌وه، ئه‌مه‌ش ستایلێكه له دیسكۆڕسی عه‌قلانییه‌ت، كه‌چی له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه به‌شێك له نووسه‌ر و بیرمه‌ندی كۆنسه‌رڤاتیڤ خۆیان ده‌نوێنن، ئه‌وان له‌وه تێنه‌گه‌یشتوون كه بواری تێگه‌یشتن له‌زمان، به‌تایبه‌تیش زمانی دایك یان لۆكاڵی، ئه‌وا پێویسته دوور بێت له‌هه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌كی ده‌سه‌ڵاتگه‌رێتی سیاسی، بۆیه هه‌قیقه‌تی باڵاده‌ستی زاڵ كرد، چونكه ده‌سه‌ڵات بۆ خۆی دوودڵه له‌مانه‌وه‌ی به‌و زمانه‌وه كه گوتاره‌كه‌ی جێگه‌ی سه‌لماندنی مانه‌وه‌یه‌تی، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیش له‌ده‌ره‌وه‌ی مانه‌وه‌ی زمانه لۆكاڵییه‌كه‌ی، زه‌مانه‌تی مانه‌وه‌ی مسۆگه‌ر نییه.
پرسیار: پێشتر باسی ئه‌وه‌ت كرد كه ئایدیۆلۆژیا ته‌نها له‌نێو ئایین و سیاسه‌ت و فكردا نه‌بووه، به‌ڵكو ئه‌ده‌ب و نووسینیشی گرته‌وه، ئایا ئه‌مه كۆتاییه یان چۆنه؟.
سمكۆ محه‌مه‌د: جه‌نگێك كه یه‌كێك له رووبه‌روو كایه‌كانی سه‌ده‌ی بیست بوو، دیارده‌ی تۆتالیتاری بوو، ئه‌وه‌ی كه لادانێك بوو به‌ناوی پێشنیاری كلاسیكی تۆتالیتاری بۆ پۆست تۆتالیتاریزم، ئه‌وه‌ی كه له‌پێشنیاره‌كانی جۆرج ئۆرویل و هانا ئارێندت و هاوچه‌رخه‌كانیان ده‌ركه‌وتووه، یه‌كێكیان له‌رێگه‌ی خوێندنه‌وه بۆ تۆتالیتاریزم و ئه‌ویتر له‌رێگه‌ی ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌تی رۆمانه‌وه بوو، ئه‌وان بیریان له قۆناغی سیاسی كورتكراوه ده‌كرده‌وه، به‌و پێیه‌ی كه تۆتالیتاریزم مه‌حكوم بوو به‌وه‌ی پارادۆكسه‌كانی خۆی نه‌هێڵێت، دواتر ده‌ركه‌وت كه هیچ كام له‌و ئایدیایانه خۆیان به ئایدیۆلۆژیست نه‌ده‌زانی هه‌موویان پاساویان هه‌بوو، چونكه ده‌یانزانی به‌یه‌كداداچوونی ئایدیان ئاخری خێر نابێت و پلانی درێژخایانیشیان نییه بۆ رێگه‌چاره‌ی فكر، به‌ڵام ئه‌مڕۆ درووست به پێچه‌وانه‌وه روحی تۆتالیتاریزم و ئه‌وانی تر، نه‌ك هه‌ر نه‌ما، به‌ڵكو خودی خۆی بۆ پارێزرا، مه‌به‌ست له تۆتالیزمی رۆشنبیرییه كه له‌كایه‌ی ئه‌ده‌بدا ناوی هه‌ریه‌ك له جۆرج ئۆرویل و هانا ئارێندت دێت، وه‌كو دو كه‌سی خوێنه‌ر بۆ تۆتالیتاریزم، له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه هه‌ریه‌ك له‌و دوو نووسه‌ره ناسراوه كه ده‌توانم زیاتر له‌ده‌یان نووسه‌ری وه‌كو ئه‌وان باس بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وان به‌یه‌ك چاو ته‌ماشای یه‌كێتی سۆڤیه‌تی كۆنیان كردووه و زاڵم و مه‌زڵوومیان وه‌كو یه‌ك ته‌ماشا كردووه، هه‌روه‌كو هانا ئارێندت له كتێبی (بنه‌ماكانی تۆتالیتاریزم) و جۆرج ئۆرویل له رۆمانی (باخچه‌ی ئاژه‌ڵان) نووسیویانه، ئه‌وان به‌وپێیه‌ی دژه فكری كۆمۆنیستی باو بوون، به‌یه‌ك ئاراسته بیریان كردۆته‌وه و دونیای سیاسه‌ت و رۆشنبیرییان به دونیای زیندووبوونه‌وی تۆتالیتاریزم ناوبردووه، چونكه تاكو ئه‌مدواییه‌ش كه بابه‌تی ئایدیۆلۆژیا ده‌هاته پێشه‌وه، باسی بیری كۆمۆنیستی و سیستمی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌كرا، به‌ڵام خۆ ئێستا ئه‌و سیستمه نه‌ماوه، به‌هۆی هه‌وڵی گروپێك له توێژه‌رانی فكری له 1950 تاكو 1960 كۆتایی ئایدیۆلۆژیایان راگه‌یاند، به‌ڵام به درێژایی زه‌مه‌ن و قۆناغه‌كان، ده‌ركه‌وت ئه‌مان هه‌ڵه‌بوون، چونكه ته‌نها له‌سه‌ر پرنسیپه‌كان كاریان ده‌كرد و به‌تایبه‌تی جیهانی سێهه‌م كه هه‌میشه چاوه‌ڕێی ده‌ستی داهێنانی رۆژئاوا و ئاسیای چین و ژاپۆن و ئامریكایه، كه‌وابو ئه‌وان چاوه‌ڕێی ئه‌و وه‌به‌رهێنانه به‌شه‌رییه نه‌بوون كه له‌رێگه‌ی ئایدیۆلۆژیای مه‌زهه‌بی و ئایینی جیاواز و نه‌ته‌وه‌ی جیاوازی سیاسی درووستكراو و پیشه‌سازی و گه‌مه‌ی وه‌رزشی جیاواز و كاڵای جیاواز په‌یدا ده‌بێت له رۆژهه‌ڵات، بۆیه ئه‌مه ناوده‌نێم دابڕانێكی دیكه‌ی ئایدیۆلۆژی كه بیرمه‌ندانی سه‌ده‌ی رابردوو پێشبینییان نه‌ده‌كرد.
با ئه‌وه‌ش باس بكه‌ین كه من له كتێبی (ره‌خنه له ئایدیۆلۆژیادا) باسی ئه‌وه‌م كردووه كه په‌یدابوونی كۆمه‌ڵناسی پۆست مۆدێرنه هاته‌بوون، كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی تیۆری په‌یدابوو، ده‌سته‌بژێرانی رۆشنبیری و سیاسی و ئه‌ده‌بی و هتد، هه‌ستیان به‌م گرێ فكریه كرد، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان كۆدی كولتووریان بۆ دانرا، ئه‌ویش په‌نابردن بوو بۆ مارشی سه‌ربازی و مارشی یانه‌ی وه‌رزشی و مارشی خه‌ڵاته جیهانییه‌كان و مارشی شۆڕشی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كان و مارشی حه‌ماسی ئاره‌زوخوازه‌كانی سێكسواڵێتی كه هه‌موویان فابریكه و درووستكراو بوون، بۆیه ته‌نانه‌ت ئایدیۆلۆژیسته‌كانی جیهان به ده‌سته‌بژێر و خه‌ڵكی عه‌وامه‌وه كه شوێنكه‌وتووی ئه‌و جیهانه سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه‌ن، له‌ئه‌خلاقیشدا خۆیان جیاوازكرده‌وه. كه‌واته ئه‌وه‌ی ئێستا كۆتایی قۆناغی ئایدیۆلۆژیا نییه، به‌ڵكو دووباره بوونه‌وه‌ی هه‌مان مێژووه كه به‌ژینالۆژیای رۆشنبیری ناسراوه و هێشتا نووسه‌ر و ئه‌دیب له‌و فه‌زایه رزگاریان نه‌بووه، چونكه رۆشنبیران له‌بری خۆده‌ربازكردن له بیری بنه‌ماڵه‌یی و ده‌ستگرتن به بیركردنه‌وه‌ی تاكگه‌رایی، به‌پێچه‌وانه‌وه بوون به كه‌سانی تۆتالیتاریزمی رۆشنبیری، ئه‌مه‌شیان كردووه به ستایلێكی دیكه‌ی ئایدیۆلۆژیا و زۆربه‌ی گرووپه به‌ناو ده‌سته‌بژێره‌كان ئه‌م پرنسیپه‌یان قبوڵه، چونكه خۆیان له‌هه‌ناوی فكرێكی كۆنكریتییه‌وه هاتوون و سه‌ر به‌هه‌مان ئیدیۆلۆژیای نادیارن.
له‌دوای هاتنه پێشه‌وه‌ی سه‌ده‌یه‌كی نوێ و هه‌زاره‌ی سێهه‌م، ئایدیۆلۆژیا وه‌كو بابه‌تێكی نوێی فكری كه‌وته به‌رده‌م موناقه‌شه‌ی بیرمه‌ندانی ئه‌وروپا، ئه‌مجاره‌یان ئایدیۆلۆژیا له چوارچێوه ته‌سكه حیزبی و ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌كه‌ی تێپه‌ڕی و بوو به ئه‌ركێكی ناچار كه ململانێكان وه‌كو ئه‌رك به ئینسانی هه‌زاره‌ی سێهه‌می سپارد، ئه‌گه‌رچی ئایدیۆلۆژیا ته‌واوی توێژ و چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ناچار كرد ببن به خزمه‌تكاری، چونكه ماكینه‌یه‌كی دیكه بوو بۆ به‌رهه‌مهێنانی جۆرێك له ئینسانی ئه‌م سه‌ده‌یه و شه‌رعیه‌تدان به‌و دۆخه‌ی كه كایه‌ی سیاسه‌ت به‌رهه‌میهێناوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه به‌ده‌ر له ئینسانی ئاسایی، به‌شێكی زۆر له به‌ناو رۆشنبیره‌كانیش كه له‌سه‌ر حیسابی رۆشنبیری جددی هاتن و كۆمه‌ڵێك جومگه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له‌هه‌موو دونیا به‌ده‌سته‌وه گرت، ئه‌وانه بوون كه به‌ده‌ر له‌بیركردنه‌وه و خه‌می رۆشنبیری له‌داهاتووی ئینسان، بوون به‌خزمه‌تكاری ئایدیۆلۆژیای حیزبی و ئایینی و مه‌زهه‌بی و كاریان كرد بۆ سه‌رخستنی هاوكێشه‌ی سیاسی لۆكاڵی و نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌وانه‌ی له‌ئاستی لۆكاڵی ده‌نووسن و قسه‌ده‌كه‌ن زۆرترن له‌وانه‌ی كه له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تی شته ناحه‌زه‌كان تیۆریزه ده‌كه‌ن بۆ خوێنه‌ری ته‌مبه‌ڵ، ئه‌م بانگه‌شه‌یه مانایه‌كی وای پێدرا گوایه ئه‌وان زمانێكی سیاسی جیاوازی دوور له ئایدیۆلۆژیایان هه‌یه، بۆ نموونه.. ئه‌و كۆنتێكسته‌ی كه بۆ ئازادی رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و چالاكوانی سیاسی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و هتد به‌كار ده‌هات، هیچیان كه‌متر نه‌بوون له‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ی سه‌ده‌ی رابردوو به‌ناوی كۆمۆنیزم و رزگاری نیشتیمانی و هتد هه‌بوو، ئه‌م فه‌زایه له‌كاتێكدا به‌رهه‌مهاتووه كه به‌هه‌موو پێوه‌رێك ده‌بوو له‌دوای روخانی بلۆكی سۆڤیه‌تی به‌ناو سۆسیالیستی، ئه‌و جۆره خزمه‌تكاره ئایدیۆلۆژیایه نه‌مابوایه و هه‌مان زمانی سیاسی رابردوو به‌كاربهێنێ، به‌ڵام به‌فۆنتێكی سیاسی جیاواز، تاكو ئینسان بكه‌ن به‌خزمه‌تكار و كۆیله‌ی سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژیای وشك و هه‌ندێكجاریش مه‌ترسیدار، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌م ته‌رزه له‌و به‌ناو رۆشنبیران و رۆژنامه‌نووس كه هه‌قی ئه‌وان نییه، هه‌روه‌ها مامۆستایان زانكۆ و ئه‌كادیمی و حیزبی به‌ناو چه‌پ و هتد هه‌بوون و ئێستا هه‌ن، ده‌ركه‌وت ئه‌م ره‌وته زۆرترن له‌وانه‌ی كه حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ترسیان لێنیشتووه، چونكه ئه‌وان كه‌لێنه‌كه‌یان بۆ پڕكردنه‌وه به‌نووسین و بابه‌تی كرچ و كاڵ به‌ناوی هونه‌ره‌وه و هه‌روه‌ها به‌ناوی به‌رگری له‌خه‌ڵكی هه‌ژار و به‌رگری له ئازادی ژنان و به‌رگری له‌مافی خوێندن و بازرگانی و هتد، ترسه‌كه‌یان زیاتر كرد كه ئه‌مه به‌ئایدیۆلۆژیای پراكتیكی ناسراوه له‌دونیای فكری هاوچه‌رخدا. ئه‌م حاڵه‌ته له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرت كه ستایلێك له‌خوێندنه‌وه په‌یدا بوو جێگه‌ی به‌ره‌خنه‌ی جددی و فكری له‌ق كرد و بوو به دیفاكتۆ، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وێدایه ئه‌م ره‌وته به‌بێ باگڕاوندی فكری تۆكمه قسه‌یان كرد، تاكو ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه ئایدیۆلۆژیا وای لێهات ئه‌و مه‌ترسییه‌ی نه‌مێنێ.
له‌سه‌ده‌ی رابردوودا كه‌سێكی وه‌كو (ئه‌نتۆنیۆ گرامشی) جارێكی تر به‌زمانێكی ره‌خنه‌ئامێزه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا و ره‌خنه‌ی له‌و ته‌رزه رۆشنبیره گرت كه ئه‌و ناوی نابوون رۆشنبیری ئۆرگانی، ئه‌وانیش له‌چه‌شنی مه‌لا و قه‌شه و مامۆستای كۆلكه خوێنه‌وار و هتد ئۆرگانه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ڕێوه‌ده‌برد، به‌ڵام سیاسه‌ت كه خۆی پێچه‌وانه‌كرده‌وه و دژی خۆی وه‌ستایه‌وه وه‌كو سیناریۆ، جارێكی تر ئایدیۆلۆژیا هاته‌وه مه‌یدانه‌كه و ئه‌وانه‌ی كه بڕوایان نه‌مابوو، ئێستا ئیتر به‌رگری لێده‌كه‌ن، ئه‌مه ئه‌و دژكارییه‌ی سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب و رۆشنبیرییه به گشتی و ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌یه.
هه‌ڵبه‌ت درووستبوونی ئه‌و فه‌زا درووستكراوه كارێكی كرد كه ئیتر نه‌ك نووسین و ره‌خنه له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ت و جومگه‌كانی پاشه‌كشه بكات، بگره بێ به‌ها بكرێت و هه‌ركه‌س به‌و جددیه‌ته‌وه كار بكات، بكه‌وێته به‌ر تانه و گاڵته‌جاری ئه‌و سوپایه‌ی كه وه‌كو ئه‌لته‌رناتیڤی رۆشنبیری خۆی نمایش كرد و قه‌بوڵیش كرا. (كۆڵن ولسن) له‌سه‌روه‌ختی خۆیدا كه پشتگیری له عه‌به‌سییه‌ت ده‌كرد، ئه‌وه‌ی به‌یانكرد كه رۆشنبیر ده‌ستی هه‌یه له‌پارێزگاریكردن له ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، چونكه ئه‌وان هۆشیارترن له‌وه‌ی سیاسییه‌كان به‌هه‌ڵه‌یاندا ببه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه ئێستا له‌ژێر چنگی رۆشنبیر ده‌ركراوه و راده‌ستی به‌ناو رۆژنامه‌نووس و میدیاكار كراوه كه شاشه‌ی زیندووی له‌به‌رده‌سته، بۆیه ئه‌و ئاشته‌واییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ش مه‌ترسی تێكه‌وتووه كه خه‌ڵك له‌و فه‌زا گوماناوییه تێناگه‌ن به رۆشنبیرییشه‌وه، بۆیه ئێمه ناتوانین له‌یه‌ك كاتدا قسه له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مكه بكه‌ین ئه‌گه‌ر چه‌ندین ره‌هه‌ندی جیاوازی پێناسه نه‌كه‌ین.
پرسیار: زۆركه‌س كه قسه دێته سه‌ر بابه‌تی فكری و مه‌زهه‌بی و هه‌ندێك جاریش ئه‌ده‌بی، باس له‌ئایدیۆلۆژیای نادیار ده‌كه‌ن كه به فۆرم به‌رگری له‌خۆی ده‌كات، به‌تایبه‌تی ئایدیای وه‌رزشی یان ته‌كنۆلۆژی، ئه‌مه‌یان چۆنه كه به‌بڕوای من كه‌متر قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه؟.
سمكۆ محه‌مه‌د: بڕوانه من پێشتریش ئه‌وه‌م به‌یان كرد كه ده‌بێ ئه‌وه بزانین كه ئایدیۆلۆژیا وه‌كو ئایین و فكر و سیاسه‌ت، به‌ته‌نها هێرشی نه‌هێنا بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی خۆی، تاكو له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تدا بمێنێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌مجاره‌یان كۆمپانیاكان بۆ ره‌واجپێدان به كاڵاكانیان كه ئینسان به كاڵا كرا، ئایدیۆلۆژیاش ته‌كنۆلۆژیایان به‌رهه‌مهێنا و كردی به ستایلێكی تر، له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ئایدیۆلۆژیایه‌كی نوێیه كه وه‌رزش ه، چونكه ئێستا نه‌وه‌كان له‌ململانێدا نیین وه‌كو سه‌ده‌ی رابردوو كه كێشه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری و زانست و هتد بوو، ئێستا ململانێی نێوان گه‌نجان و دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر یانه‌كانی به‌رشه‌لۆنه و ریاڵ مه‌درید و بایرن میونغ و ئینته‌ر میلان و چێڵسی و هتد و ئه‌ستێره‌ی گۆڕه‌پانه‌كانیش كه‌سانی وه‌كو میسی و رۆناڵدۆ و هتد لێكه‌وته‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌م فه‌زایه له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌میش به‌رازیل و فه‌رانسه و ئه‌رجه‌نتین و هتد، شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئیدیۆلۆژیایه‌كی نوێیه كه له‌رێگه‌یه‌وه هه‌م ململانێكان ده‌گوازێته‌وه بۆ شه‌رعیه‌تێكی هێمنانه و ئاشتیخوازانه‌ی چێژبه‌خش، هه‌م ره‌واجدان به كاڵا‌و كه‌مالیات و ئیكسسواراتی وه‌رزشی و هه‌م كوشتنی ململانێی فكری، ئه‌م بیرۆكه‌یه له كاتێكدا هاته پێشه‌وه كه سیستمی سه‌رمایه‌داری له ته‌واوی دونیادا تێگه‌یشت به‌ته‌نها ئینتیمابوون بۆ حیزب و مه‌زهه‌ب به‌س نییه، به‌ڵكو ده‌بێ ئه‌لته‌رناتیڤێكی دیكه بدۆزرێته‌وه و درێژه به گه‌مه‌كان بدات كه فۆڕمێكی جیاوازی هه‌یه، ئه‌ویش ئایدیۆلۆژیای پراكتیكییه.