Skip to Content

بەکارهێنانی کوردبوون، بۆ لێدان لەوانەی دژایەتیی کوردایەتیی ئەکەن!.. کامیار سابیر

بەکارهێنانی کوردبوون، بۆ لێدان لەوانەی دژایەتیی کوردایەتیی ئەکەن!.. کامیار سابیر

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 12, 2022 General, Opinion

یەکێک لە گرفتە هەرە گەورەکان و کەموکوڕییەکانی مێژووی ئێمە، ئەوەیە کە زۆربەی مونەوەرەکانی رابردوومان، شاعیر و ئەدییب و بەندبێژ بوونە. لە واقیعدا، ئەوە شتێکی باش نییە کە حاجیی قادری کۆیی، بە رائید و مونەوەر و سکۆلاری ناسیۆنالیزمی کوردیی ئەژمار ئەکرێ، بەڵام لەو قوڕە هەر ئەم تۆزە هەستاوە و ئەو واقیعە سیاسییەی رابردوو، ئەوەندە تاڵە لەسەردەمی کۆییەوە تا ئێستایش، کەسانی شاعیرزادە و ئەدییبزادە و نووسەری خەیاڵئامێز، رۆماننووس و پەخشاننووس و رۆژنامەنووس، قسە لەسەر ناسیۆنالیزم و فیکر و سیاسەت ئەکەن! هەر بۆیە رەهەندییە مێنتاڵ شاعیرەکان و هەموو ئەوانەی بە نوخبەی ئەدەبیی و تەنانەت کتێبنووس( زۆربەیان کۆکراوەی گوتارە رۆژانییەکانن) ئەژمارد ئەکرێن، لە پێوەندییە ئاڵۆزەکانی عەلاقاتی دەولیی و ئیقلیمیی و جەبری سیاسیی و جەبری جیۆگرافیی کوردستانەکان بە گشتیی و کوردستانی عێراق بە تایبەتیی، خۆیان نەبان ئەکەن، تەنانەت ئەم ئەدییب و شاعیرزادانە، ناتوانن لە خودی پۆڵەتیکیش وەکو سیاسەت بە بەحتیی( البحت) تێبگەن. ئەمانە عاطیفە و فینگەفینگی نەژادیی، کردوونی بە مەعدەنێکی چەپێنراو و هەست بە نەقصی بونیادیی ئەکەن کە ناتوانن لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە بگەن و هەر خەریکی رۆڕۆی کوردیین و بە طەبیعەتیش خۆشییان بە نەتەوە و نەژاد و پێکهاتەکانی تری ناوچەکە نایەت و هەر خەریکی خوزیعبەلاتی ئاشتبوونەوەی ناوماڵی کورد و یەکڕییزیی کوردیی و دامەزراندنی شاعیرانەی دەوڵەتی نەژادیی کوردیین( بە ستاندەردی خۆیان). بەم پێودانگانەیش، بەردەوام چەمکی کوردبوون بە رەهەندە نەژادییە ئەبستراکتەکەی دونیای هەواجیسی شاعیرانە و ئەدییبانەی خۆیان، دیلان دیلانی پێئەکەن و ئەیلاوێننەوە.

کوردبوون، لە قۆزاخەوە، نەژادییە، چونکە نەک هەر لە ئاستی عێراقدا، خزمەت بە هاووڵاتییبوون و پێکەوەژیانی ئاشتییانە ناکات، بەڵکو لە ئاستی هەرێمی کوردستانیشدا، هەڵاواردنی نەژادیی دژی نەتەوە و گرووپە ئێثنیکیی و ئایینییەکانی تری لە مەغزیدا هەڵگرتووە. لە عێراق و ئێرانیشدا، گرنگە بایەخ بە نیشتمانییبوون بدرێ و نەتەوەپەرستیی(رەگوڕیشەکەی نەژادپەرستییە) کە گوتاری نەتەوەیی زەق ئەکاتەوە، پێویستە بەرکەنار بخرێ. ئەمە رێک لێدانیش ئەبێت لەو گوونە قۆڕەی پەکەکە( مەبەست لە کەنەکەیە) کە بەردەوام لە رابردوودا ژیان ئەکەن و بە تەمای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردن! کە لە واقیعدا هەمان ئەو خورافاتانەی سەردەمی ىەعثییەکان و ناصرییەکان و عوروبییەکان ئەجوونەوە کە بە خەیاڵاتی شاعیرانە، کۆنگرەی نەتەوەیی عەرەبییان ئەبەست!
ئەها، عەرەب لە باری زمانیی و کولتووریی و مێژووییەوە زۆر لە کورد یەکدەستترن، بە تایبەتیی ئێمەی کورد لە بری یەک زمانی ستاندەرد، چوار پێنج دایەلێکتمان نییە، بەڵکو چوار پێنج زمانی تەواو سەربەخۆمان هەیە( کوردیی ناوەڕاست، کرمانجیی، هەورامیی، زازایی…تاد) و بەس لە باری نەژادییەوە کوردین، ئەگینا تەواو لە رووی زمانییەوە لێک جودا بووینەتەوە و سەرەنجامیش ئەگەر نەتەوە بین، ئەوە کۆمەڵی نەتەوەی جیاوازین کە زمانەکانمان ئەوەی تەعبییری پێ لە رۆحە نەژادییەکەمان ئەکەین، تەواو جیاوازە و ئەمانە وەکو فاکت و حەقیقەتی زمانیی و سیاسیی، رەگیان داکوتاوە و نکۆڵییکردن لێیان، شیعرهەڵقوڕاندن و پییشخواردنەوەی نەژادیی نەبێت، هیچ شتێکی تری لێ سەوز نابێت؟

ئەم گوتارە سیاسییە ئایدیۆلۆژییەی کە چەمکی”کوردبوون” بۆ مایەسیریی ئەجێندا نەتەوەیی و نەژادییەکانی خۆیان تەجەلا ئەکەن و مەقامێکی عالیی ئەدەنێ، لە نەقصی سیاسیی و فیکریی خۆیانەوە ئەم هێلکەوڕۆنە سیاسییە( کورد+بوون)، تێكەڵ ئەکەن. ئەم چەمکسازییە لۆکاڵییە، رێک وەکو چەمکی “باشوور و رۆژهەڵات و باکوور…تاد”ەکەی کوردستان، شاعیرانە، خورافییانە و تەنانەت جاهیلانەیشە، بە هەموو زمانەکانی دونیا، کوردستانەکانی “عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا”ن، بەکارئەهێنرێت کە ئەمە حوکم و جەبەروتی پێوەندییە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی و نۆرمە جیهانییەکانی دونیای رییەڵپۆڵەتیکە realpolitik کە پێمان ئەڵێت سیاسەت بە هۆقە وگۆترەکاریی، بە خەیاڵاتی شیعریی و حەزیای ئایدیۆلۆژیی و ئیرادەگەریی وەهمیی بونیاد نانرێ بەڵکو لەسەر ئەرضی واقیع، بە واقیعیی و بە عەقڵانیی، چییت پێئەکرێ؟ ئەوە جەوهەری سیاسەت و داتاکانیەتی. بە پێچەوانەوە، لە ئەدەبی بێ تێکستی کوردیی و لە باوکەڕۆکانی ناسیۆنالیزمی نەژادیی کوردییدا، کوردی باشوور و باکوور و …تاد ( پەکەکەی هەشتا و نەوەدەکان ئەم چەمکە سەقەتانەیان داهێنا)، قوڕی تەعزییەباریی پێئەشێلرێ و لە ” طەوقی سەری” ی کوردبوونە نەژادییەکە! ئەدرێت.

بۆ ئەوەی لە جەهلی سیاسیی و لە جەهلی کولتووریی رزگارمان بێت، ئەبێت زمانمان لە لۆکاڵیی و شیینوشەپۆڕی کوردیی و فەتەڕۆی کوردایەتیی، پاک بکەینەوە. ئەبێ لاقەی زمانی بییرکردنەوەی هەموو شاعیرزادە و ئەدییبزادە و نوجەباکانی کوردایەتیی بکرێت! ئەم لاقەکردنە بۆ راستکردنەوەی مەغزی سیاسیی نەوەکانی ئێستا و ئاییندە، سوودی ئەبێت، بە پێچەوانەوە دەستگرتن بەو ئەدەبییات و زاراوە لۆکاڵیی و داتاشراوە نەژادییانەی هێنراونەتەوە ناو زمانی کوردییەوە، چەند عەقڵی سیاسیی و فیکری سیاسیی کۆت ئەکات، زمانی کوردییش، بەنج ئەکات و ناهێڵێت لەگەڵ گەشە کولتووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکاندا، خۆی بگونجێنێت و لەم رێگەیشەوە، زمانە کوردییەکان( کار لە دایەلێکتدا نەماوە)، زیاتر بەسەر خۆیاندا یەق ئەکەنەوە و لە باری لینگویستییشەوە، گەشە ناکەن و قۆناغ بە قۆناغ بەرەو کزیی و دەستەپاچەیی ئەڕۆن. بە واتایەکی تر ئەم کوردبوونە نەژادییە کە هەندێجار تا رادەی راسیزمیش سەر ئەکێشێت، زیان بە ماکی زمانە کوردییەکان ئەگەیەنێت، بە دەربڕیینێکی تر، ناسیۆنالیزمی نەژادیی کوردیی کە هەندێ لە رەهەندییەکان و بەشێک لەوانەی بە خۆیان ئەڵێن نوخبەی کوردیی! لە یاپراغی کوردبووندا، زمانی کوردیی و فیکر بەرەو گرمۆڵەبوون و بچووککردنەوە ئەبەن، پێچەوانەی ئەوەی کە بە زمانی شیعریی و ئەدەبی کوردایەتیی پێیئەگوترێ( داگییرکاران! و دوژمنانی کورد)، زمانە کوردییەکان، بەرەو فەنابوون ئەبەن.

رەهەندییە نەژادییەکان کە زۆربەیان بەرەو قۆناغی خەرەفاوی نەژادیی ئەڕۆن، لەبەرئەوە چەمکی کوردبوون بەکارئەهێنن، بۆ ئەوەی لەوانە بدەن کە دژایەتیی کوردایەتیی ئەکەن. ئەم هەموو نازدانە نەژادییەی ئەوان بە کەینونەی کورد، خۆبەخۆ هەڵاواردنی نەژادیی و راسیستییە لەبەرامبەر هەموو ئەو نەتەوە و نەژاد و جڤاکە جیاوازانەی تر کە لەسەر ئەو خاکە ئەژیەن کە کوردستانی پێئەگوترێ. ئەمانە بە کردەوە و بە ئەنقەست، چەمکی جوولەکەبوونەکەی ئارێنت لەگەڵ کوردبوونە نەژادییە موقییتەکەی خۆیاندا تەجانوس پێئەکەن، بۆ ئەوەی لێرەوە فاشیزم و راسیزمێک هەڵبهێننەوە کە دیفاعکردن لە کەینونەی ئینسانی ستەملێکراوی کورد، لە بەرامبەر دەستدرێژیی نەژاد و نەتەوەکانی تردا، بە ئەرکێکی موقەدەس ببینن و حەدیثەکانی ئارێنتیش بەردەوام، دووبارە ئەکەنەوە. ئەیانەوێت ئەم کوردبوونە ببێت بە رەدعێك کە ئێمەی کوردیش، ئەبێط (العین بالعین)یان لەگەڵدا بکەین و فاشیزمی ئەوان بە فاشیزمی کوردیی جواب بدەینەوە کە ئەمە بۆ کورد وەکو نەژاد و وەکو نەتەوە و وەکو زمانیش، نەک هەر خۆکوژییە، بەڵکو رێک فاشیزمی کوردایەتییە، بەڵام لەناو مەلۆتکەی کوردبووندا، دەسرازەی ئەکادیمیی و نەرجسییەتی بونیادە فیکرییەکانی خۆیانی پێئەشارنەوە.

Previous
Next
Kurdish