Skip to Content

وێستگەکانی ژیان … کامەران چروستانی

وێستگەکانی ژیان … کامەران چروستانی

Closed
by ئه‌یلول 29, 2016 Literature

لە شەمەندەفەری ژیاندا دانیشتووە: لەم وێستگە بۆ ئەو وێستگە، لەم هەوار بۆ ئەو هەوار بەردەوامە، ناوچەکان تێدەپەڕێنێت، وێستگە جیاوازەکان دەبینێت: لەم وێستگەیە دادەبەزێت و بە شەمەندەفەرێکی دیکە گەشتەکەی بەردەوام دەبێت، دیمەنەکان دێن و لە ساتێکدا دەبن بە ڕابردوویەک، لەناکاو لە دوورەوە چاوەکانی شتێکیان بەدی کرد، شوێن سەرنجی هەست و ناخێتی، شەمەندەفەرەکە بەردەوام بەرەو پێشەوە دەڕوات، هێندەی دێت لەو شتۆلکەیە، لەو شتە، لەو بابەتە نزیک دەبێتەوە، نزیکتر، هێندەی دیکە لە یەکتر نزیک دەبنەوە، دەتوانێت باشتر و ئاشکراتر بیبینێت، لەلای ڕوونتر دەبێت … دەبێت بە یاوەری ناخی، چاوەکانی، خەیاڵ و هەستی.
وەها لێی نزیک دەبێتەوە، کە خۆی بە شووشەی شەمەندەفەرەکەوە دەنووسێت، شووشەکەش دەبڕێت، جەستەشی دەبڕێت و دەچێتە ناو ناخیەوە، لە سنووری بابەت دەردەچێت و دەبێت بە بەشێک لە خود: لەگەڵ گەشتەکەی ژیان و هەموو وێستگەکاندا بەردەوام دەبێت، لەگەڵیدا دێت و دەڕوات.
لە وێستگەیەک لە وێستگەیەکی ژیان دادەبەزێت، هەندێک لە بابەتەکانی ژیانی خۆی لەناو شەمەندەفەرەکەدا بەجێ دەهێڵێت، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها یادەوەرییە بەجێماوەکانە لەناو شەمەندەفەرەکەدا، ئەو شەمەندەفەرە بەجێ دەهێڵێت و لە وێستگە نوێکەی ژیانیدا دەمێنێتەوە، دەستی لەژێر چەناگەیدا داناوە، خەیاڵ بۆ وێستگەیەکی دیکە و جیهانێکی دیکە دەیبات، چاوەڕێی ئەوە دەکات بەڵکوو هەمان شەمەندەفەر جارێکی دیکە بۆ سەر هەمان ڕەوت و ئاراستەی بباتەوە یاخود چاوەڕوانی شەمەندەفەرێکی دیکە بکات، بەڵکوو هەڵی بگرێت و بەرەو وێستگەیەکی دیکەی بیگەێنێتە هەوارێکی دیکەی ژیان.
ئای لەم ژیانە، شەمەندەفەری ژیان بەرەو هەر هەوارگەیەکمان بەرێت و وێستگەکان هەرچەندە بگۆڕێن، هەرچەندێکیش گۆڕینی دیمەنەکانی دەوروبەر ئاسان بێت یان ئاڵۆز، بەڵام گۆڕینی ئەندێشە و خەیاڵەکان، ناخ و هەستەکان، بەها و بۆچوونەکان کارێکی ئاسان نییە: ئەوەی کە پێش ماوەیەک شووشەی شەمەندەفەرەکەی بڕی، سنوورەکانی نەهێشت و بوو بە بەشێک لە ویژدان و ناخ، هەتا ئێستاش هەر لەگەڵیدایە و یاوەری گەشتەکەی دەکات، بەردەوامە لە بوونی خۆی لەناو ویژدانیدا.
هەموو وێستگەیەک، هەموو گەشتێک بەشێک لە خۆشی و ناخۆشی، تاڵی و شیرینی، هیوا و ڕەشبینی، پێکەنین و گریان، فشار و ئاسانی، تاریکی و ڕوونی لەناو خۆیدا هەڵدەگرێت: ئەگەر هیچیش پێ نەبەخشێت، ئەوا ئەزموونێک دەبەخشێت، ئەگەر ئەزموونیش نەبەخشێت ئەوا بەلایەنی کەمەوە یادگارییەک لەناو ناخی مرۆڤدا بەجێ دەهێڵێت.
تۆ بڵێیت ئەم شەمەندەفەرەی داهاتووش شتێکی نوێم بۆ نەهێنێت؟ تۆ بڵێیت وێستگەی داهاتووم ئەوە بێت، کە ویستوومە و ئاواتەخوازی بووم؟ لەم شەمەندەفەرەی ژیانمدا بە گەلێک وێستگەدا تێپەڕ بووم، گەلێک دیمەنم بینی، ئەم هەوار و ئەو هەوارم کردووە، لە چەندین ویستگە دابەزیم و لەوەش زیاتر سەرلەنوێ بەرەو وێستگەیەکی نوێ سواری شەمەندەفەری ژیان بوومەتەوە: هەندێکیان هەتا ئەم ساتەوەختەش لە ناخمدان، لە هەندێکیاندا باری خەم و پەژارەی خۆمم تیایاندا بەجێ هێشتووە، لە هەندێکیشیاندا بارێکی نوێی خەم و پەژارەم لەگەڵ خۆم بار کردووە، بەڵام ژیان هەمیشە هەر وا بووە و هەر واش دەبێت: وێستگە و شەمەندەفەرەکان دەگۆڕێن، وێستگە و شەمەندەفەرەکانیش ئێمە دەگۆڕن، جێمان دەهێڵن و جێیان دەهێڵین . . .
لە هەموو ئەم چیرۆکانەدا گەلێک جار تاکە شتێک لە ژێر دەسەڵاتدا بمێنێتەوە ئەوەیە: لە یەکێک لە وێستگەکاندا دەوەستیت، بیر لە گەشتەکەی پێشووت دەکەیتەوە، لە کوێوە دەستت پێ کرد، بە کوێدا تێپەڕیت و لە کوێدا کۆتایی هات. لەو ساتانەدا مرۆڤ ئاواتەخوازی گەڕاندنەوەی کاتە بۆ ئەوەی شەمەندەفەرێکی دیکە بگریت یان بەلایەنی کەمەوە لە وێستگەیەکی دیکە دابەزێت و بە شێوەیەکی دیکە شەمەندەفەرەکە بەجێ بهێڵێت، ئەم خەیاڵ لە ئامێز دەگرێت، چنگەکڕێ بۆ ئەو سات دەکات، مرۆڤ گەلێک جار لەناو وێستگەیەکی ژیاندا تەنیا جەستەیەکە: ڕۆحیش لەناو یەکێک لە شەمەندەفەرەکانی ژیاندا یاخود لە یەکێک لە وێستگەکاندا گەشتێکی دیکە دەکات.
خۆ ئاواتی ڕەوتێکی باشتر لە گەشتەکەی ژیاندا هەمیشە لە ناخدایە، خەیاڵی سبەینێیەکی ڕوونتر ئەندێشەیەکی بەردەوامە، بەلایەنی کەمەوە دەیەوێت ئەم جارەیان شەمەندەفەرێک بێت و لەو ویستگە چەقبەستووە ڕزگاری بکات بەرەو شوێنێک، کە دەمێکە تابلۆکانی لەناو خەیاڵیدا کێشراون، چونکە مرۆڤ دەزانێت تەنیا دوا وێستگەی ژیان کۆتایی بە گەشت و ئاواتەکان دەهێنێت. وێستگەی مردن: جا پاش ئەوە ئایا شەمەندەفەر بەرەو کوێمان دەبات، لە چ وێستگەیەک دەگیرسێینەوە و ئاراستەمان بەرەو کوێوە دەڕوات؟ ئەوەیان پرسیارێکی دیکەیە و وەڵامی ئەو پرسیارەش بەپێی دیدەکان بێگومان جیاوازن، بەڵام لەناو هەموو ئەم بیر و بۆچوونە جیاوازانەدا ئەوەی تیایدا کۆکین ئەوەیە: بوونی هیوا و ئاوات بۆ گەشتێکی دروست بەرەو وێستگەیەکی دروست تەنها بە کۆتایهاتنی گەشتی ژیان نەبێت، ئەگینا هەرگیز کۆتایی نایەت.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish