Skip to Content

عه‌فرین، وشه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی نوێ له‌ فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانیدا … سالار سۆفی

عه‌فرین، وشه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی نوێ له‌ فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانیدا … سالار سۆفی

Closed
by ئازار 19, 2018 General, Opinion

ئه‌گه‌رچی زۆرینه‌ی گه‌لی كوردستان و لایه‌نه‌ مرۆڤدۆسته‌كانی جیهان پشتیوانی خه‌ڵكی عه‌فرین بوون له‌ شه‌ری به‌رگریی قاره‌مانانه‌یاندا، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام، ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری توركیا و چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كانی سه‌ر به‌ توركیا، ناوه‌ندی شاری عه‌فرینیان داگیر كرد.

ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك له‌و دڵسۆزانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ بانگه‌وازی نه‌كه‌وتنی عه‌فرینیان ده‌كرد، به‌داگیركردنی ناوه‌ندی عه‌فرین تووشی حه‌په‌سان و ڕه‌شبینیی و ته‌نانه‌ت بێهیواییش بووبن. له‌ ڕاستیشدا ئه‌م ئه‌نجامه‌ جێگای تێڕامان و حه‌په‌سانه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ نا كه‌ ناوه‌ندی عه‌فرین داگیركرا، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ڕڤانان و خه‌ڵكی عه‌فرین، توانییان نزیك به‌ دوو مانگ، مه‌زنترین به‌رگریی له‌ عه‌فرین بكه‌ن و ڕاسته‌وخۆ به‌رانبه‌ر به‌ دووهه‌مین هێزی ناتۆ و تیرۆریسته‌كانی و ناڕاسته‌وخۆ به‌رانبه‌ر به‌ هه‌موو زلهێزه‌كانی جیهان بووه‌ستنه‌وه‌.
به‌ڵێ قاره‌مانیی و قوربانیدانی خه‌ڵكی عه‌فرین مایه‌ی حه‌په‌سانه‌، به‌ڵام هه‌رگیز مایه‌ی ڕه‌شبینیی و بێهیوابوون نییه‌. به‌ڵكو مایه‌ی شانازیی و گه‌شبینییه‌كی نه‌بڕاوه‌شه‌.

گه‌لی خۆڕاگری عه‌فرین و شه‌رڤانان، له‌ ماوه‌ی ٥٨ ڕۆژدا به‌رگرییه‌كی قاره‌مانانه‌ی ئه‌وتۆیان له‌ شاره‌كه‌یان كرد، كه‌ هه‌رگیز له‌خه‌یاڵی هیچ ده‌زگایه‌كی سه‌ربازیی كارناسیش له‌و بواره‌دا نه‌بووه‌و به‌رگرییش هه‌ر به‌رده‌وامه‌.
شه‌ری سه‌ربازیی به‌ره‌یی، ته‌نها شه‌ڕی هه‌ست و سۆز و بیروباوه‌ڕ نییه‌، به‌ڵكو له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا، شه‌ڕی جۆر و ژماره‌ی چه‌كی قورس و شه‌ڕی پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی و شه‌ڕی ژماره‌ی هێزی سه‌ربازی و شه‌ڕی پایه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ شه‌ڕی ڕه‌وشتی سه‌ربازییه‌.

ده‌كرێت به‌شێك له‌ گرنگترین هۆكاره‌كانی پاشه‌كشه‌ی شه‌ڕڤانان له‌م خاڵاندا كورت بكه‌ینه‌وه‌.
١. ده‌وڵه‌تی توركیا وه‌ك دووهه‌مین گه‌وره‌هێزی ناتۆ ، جگه‌ له‌ زۆریی ژماره‌ی چه‌كداره‌كانی، باشترین جۆره‌كانی چه‌كی له‌ سه‌رچاوه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی جیاوازه‌وه‌ له‌به‌ر ده‌ستتدایه‌ و پڕچه‌ككردنیشی به‌رده‌وامه‌.

٢. ده‌وڵه‌تی توركیا، له‌ سه‌دا سه‌دی ئاسمانی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی چه‌نگی له‌به‌ر ده‌ستتدایه‌. له‌ به‌رانبه‌ردا شه‌ڕڤانان، ته‌نانه‌ت ئاسمانی خۆشیان له‌به‌ر ده‌ستدا نه‌بووه‌ و نییه‌.
٣. به‌هۆی پایه‌ی گرنگی نێوده‌وڵه‌تیی ده‌وله‌تی توركیا به‌ به‌راوورد به‌ شه‌ڕڤانان، زلهێزه‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌ به‌دڕه‌وشته‌كان و ڕێكخراوه‌ بووكۆكه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ هاوكار و پشتیوانی ده‌وڵه‌تی توركیا بوون، به‌تایبه‌تیی ده‌وڵه‌تی ڕووسیا.

٤. زۆرینه‌ی گه‌لی تورك، وه‌ك یه‌ك ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی سه‌ربازیی یه‌كگرتوو، له‌پشت سوپای داگیركه‌ری توركیاوه‌ وه‌ستابوون، به‌ مزگه‌وت و قوتابخانه‌ و ده‌زگای ڕاگه‌یاندن و هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌. ته‌نانه‌ت به‌ به‌شێك له‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی حكومه‌تی توركیاشه‌وه‌.
٥. ده‌وڵه‌تی توركیا، سه‌رجه‌م شۆڤێنیسته‌ ناسیۆنالیسته‌كانی تورك و فارس و عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵدابوو و خرابوونه‌ خزمه‌تی شه‌ڕی ڕاگه‌یاندنی توركیاوه‌ به‌رانبه‌ر به‌ عه‌فرین.
٦. ده‌وڵه‌تی توركیا، سه‌رجه‌م شۆڤێنیسته‌ ئیسلامییه‌ كۆنه‌په‌رسته‌كانی جیهانی ئیسلامی و عه‌ره‌بیی له‌گه‌ڵدابوو و به‌ هه‌مان شێوه‌، خرابوونه‌ خزمه‌تی شه‌ڕی ڕاگه‌یاندنی توركیاوه‌ به‌رانبه‌ر به‌ عه‌فرین.

٧. ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌لایه‌ك. به‌ڵام جیاوازیی ڕه‌وشتی سه‌ربازیی هه‌ردوولا له‌ گرنگترین هۆكاره‌كانن. پایه‌به‌رزیی ڕه‌وشتی سه‌ربازیی شه‌ڕڤانان له‌لایه‌ك و به‌دفه‌ڕیی ڕه‌وشتی سه‌ربازیی ده‌وڵه‌تی توركیا و تیرۆریسته‌ به‌كرێگیراوه‌كانی له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ڕه‌نگه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ركه‌ییه‌كانی سه‌ركه‌وتنی كاتیی سه‌ربازیی توركیا بن. كوشتنی مناڵان و ژنان و خه‌ڵكی سڤیلی عه‌فرین و بۆمبابارانكردنی كوێرانه‌ و دڕندانه‌ی دانیشتوانی عه‌فرین، ئه‌وه‌ی نیشاندا كه‌ توركیا خاوه‌نی چ ڕه‌وشتێكی نزمی سه‌ربازییه‌. له‌كاتێكدا به‌درێژایی ماوه‌ی شه‌ڕ و تا ئێستاش، هیچ پێشێلكارییه‌كی ئه‌وتۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌لایه‌ن شه‌رڤانانه‌وه‌ تۆمار نه‌كراوه‌. به‌دفه‌ڕیی ڕه‌وشتی سه‌ربازیی توركیا گه‌یشته‌ ڕاده‌یه‌ك، بینینی لاشه‌ی قوربانییانی سیڤیلی مناڵ و ژن و پیر و لاو، له‌سه‌ر شه‌قام و ناو گوند و گه‌ڕه‌كه‌ بۆمبابارانكراوه‌كاندا، بوو به‌ دیارده‌یه‌كی ڕۆژانه‌ له‌ عه‌فریندا.

ده‌وڵه‌تی توركیا، ته‌نانه‌ت نه‌خۆشخانه‌ی سیڤیلی عه‌فرینیشی بۆردومان كرد. لێره‌وه‌ عه‌فرین بڕیاریدا نه‌چێته‌ شه‌ڕێكی به‌و ڕاده‌یه‌ قێزه‌ونه‌وه‌ و ده‌ست به‌ ڕه‌وشتی به‌رزی خۆیه‌وه‌ بگرێت و ئه‌ركی یه‌كه‌می بوو به‌ ڕزگاركردنی دانیشتوانی سیڤیلی عه‌فرین. ئه‌مه‌ش به‌ ته‌نها بۆ خۆی، شانازی و سه‌ربه‌رزییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ شه‌ڕڤانان و ڕیسواییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ توركیا و تیرۆریسته‌كانی و سه‌رجه‌م زلهێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.

هۆكاره‌كانی ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌ ته‌نها ده‌ره‌كیی نه‌بوون و به‌شه‌كانی كوردستانیش ڕۆڵی نه‌رێنیی خۆیان هه‌بوو، كه‌ ده‌كرێت له‌م خاڵانه‌دا كورت بكرێنه‌وه‌:
١. هه‌ڵوێسی پ ك ك ، كه‌ له‌ پشتیوانیی میدیایی و پشتیوانی له‌ چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان و كۆمه‌ڵێك وتار و لێدوانی سۆزبزوێنه‌ر تێپه‌ڕی نه‌كردووه‌ و هه‌ڵوێستێكی كاریگه‌ری ئه‌وتۆی نه‌بووه‌. پ ك ك به‌ كرده‌وه‌ له‌ جه‌ماوه‌رێكی هانده‌ری ته‌ماشاكه‌ر ده‌چێت، زیاتر له‌وه‌ی له‌خاوه‌نی پرسه‌كه‌ بچێت و له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا ڕۆڵی هه‌بێت.

٢. هه‌ڵوێستی پڕ له‌ شووره‌یی ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووری كوردستان.

٣. ئه‌وانه‌ی زیاتر له‌ نیوه‌ی خاكی باشووری كوردستانیان له‌ قومارێكدا دۆڕاند و ده‌یان كه‌سیان به‌كوشتداو ده‌یان ماڵیان به‌كاولكردن دا و نوشوستییان بۆ گه‌لی باشووری كوردستان تۆماركرد و كه‌ركووك و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی تریان ڕاده‌ستی عێڕاق كرد، له‌پێناوی شاردنه‌وه‌ی ڕووی ڕه‌شی خۆیان، پێیان باشتر بوو ده‌وڵه‌تی توركیا و تیرۆریسته‌كان سه‌ركه‌ون نه‌ك شه‌ڕڤانان، نه‌وه‌ك ڕووی خۆیان له‌ ئێستا ڕه‌شتر بێت.

٤. بێهه‌ڵوێستیی به‌كرده‌وه‌ی زۆرینه‌ی حزب و ڕێكخراوه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كانی تر.

٥. ئه‌و ئه‌ردۆگانییه‌ ئیسلامییانه‌ی، دڵیان به‌ ئه‌ردۆگان و خه‌لافه‌ته‌كه‌ی خۆشه‌ و ته‌نانه‌ت جینۆسایدی گه‌له‌كه‌ی خۆشیان به‌و شێوازه‌ دڕندانه‌یه‌، له‌و خه‌وخۆشییه‌ شۆڤێنییه‌ ئیسلامییه‌ به‌خه‌به‌ری نه‌هێنانه‌وه‌.

٦. كه‌مته‌رخه‌میی زۆرینه‌ی میدیا كوردییه‌كان و هه‌ستنه‌كردن به‌ به‌رپرسیاریی مێژوویی خۆیان.

به‌ڵێ توركیا گه‌یشته‌ ناوه‌ندی عه‌فرین، به‌ڵام هه‌رگیز به‌سه‌ر هیوای گه‌لێكدا سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ كه‌ ئازادی و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كسانیی له‌ناو دڵیدا ڕه‌گی داكوتاوه‌ و خۆی بۆ خولێكی تری به‌ره‌نگاریی سه‌ربه‌رزانه‌، ئاماده‌كردووه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌، شه‌ڕڤانان و گه‌لی خۆڕاگری عه‌فرین گه‌وره‌ترین به‌رخۆدان و گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنیان له‌ماوه‌ی ٥٨ ڕۆژی به‌رگریی بێوێنه‌دا تۆمار كرد و به‌رخۆدانیش به‌رده‌وامه‌.

گه‌لێك به‌م جۆره‌ به‌رگریی له‌خۆی بكات و ژنانیان هاوسه‌نگه‌ری پیاوانیان بێت و له‌پێناوی ئازادی و دادپه‌روه‌ریدا قوربانیی بدات و پاش به‌رگرییه‌كی مه‌زن، له‌پێناوی پاراستنی گیانی مناڵان و ژنان و خه‌ڵكی سڤیل، بڕیاری دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ناو شار بدات، بێگومان هه‌ستانه‌وه‌ی زۆر ئاسانه‌ و ته‌نها په‌یوه‌ندیی به‌كاته‌وه‌ هه‌یه‌ و هیچی تر. گه‌رچی شه‌رڤانان ئێستا له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ كشاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان سه‌لماندیان كه‌ هه‌رگیز له‌شكست نایه‌ن.

سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زن له‌ناخی شه‌ڕڤانان و سه‌رجه‌م گه‌لی عه‌فرین و ڕۆژئاوادا خۆی مه‌ڵاس داوه‌ و هاكا خۆری ئازادیی هه‌ڵهاته‌وه‌ و پرشنگی به‌هه‌موو لایه‌كدا په‌خش كرده‌وه‌. ئیتر كه‌ باس له‌ عه‌فرین ده‌كرێت، باس له‌ شكست و سه‌ركه‌وتن ناكرێت. شه‌ڕی عه‌فرین وشه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌شی خسته‌ ناو فه‌رهه‌نگی سه‌رجه‌م زمانه‌كانه‌وه‌. له‌مه‌ودوا وشه‌ی عه‌فرین، به‌مانای پێكه‌وه‌ژیانه‌، دادپه‌روه‌رییه‌، یه‌كسانییه‌، به‌رخۆدانه‌، قوربانیدانه‌، سه‌ركه‌وتن و بردنه‌وه‌یه‌.

سالار سۆفی
١٨\٣\٢٠١٨

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish