Skip to Content

٢١ هەزار مێگا موچەخۆری بندیوار.. نەوزاد بەندی

٢١ هەزار مێگا موچەخۆری بندیوار.. نەوزاد بەندی

Closed
by ئه‌یلول 11, 2021 General

بیست و یەک هەزار بندیواری VIP .. ئاخر بۆیە ساڵانە سی هەزار گەنجی خێر لە خۆ نەدیو لە ڕەحمی زانکۆ و پەیمانگاکانەوە فڕێدەدرێنە سەر شەقامەکان و پێیان ئەڵێن : ( دامەزراندن نییە بۆ ئێوە .. نان بۆ ئێوە نییە .. )
بیست و یەک هەزار موچەی خەیاڵیی ، کە له بانک وەردەگیرێن ، چونکە ئەوان سەر بە هیچ فەرمانگەیەک نین ..هیچ فەرمانێک جێبەجێ ناکەن ..
بیست و یەک هەزار مرۆڤی لووتبەرز و بێکار و مەسرەفگران ..
بیست و یەک هەزار دەریالوش ،
ئاخر بۆیە ئەوە حاڵی پەروەردە و تەندروستی و بازاڕ و ڕێگا و بان و خزمەتگوزارییەکانە ، ڕۆژ بە ڕۆژ هەرەس دێنن و ..بۆ چاخی بەردین ئەگەڕێینەوە ..
تۆ بڕوانن ، چی ئەگوزەرێ .. چۆن دوای ساڵەهای ساڵ ، شەولەبانەکانی نیشتمان ئاشکرا ئەبن و مێشیش میوانیان نییە .. بڕوانن چۆن خانە شێرپەنجەییەکانی ناو جەستەی کۆمەڵگا دەردەکەون و وەک نە شێرپەنجە بوو بن و نە ئافات ، دەنگیان زوڵاڵتر و ..چەرمی ڕوخساریان قایمتر ، خەنجەری دەبان نایبڕێ ..
ئاخر بۆیە هیچ داهات و ..هیچ نەوت و..هیچ خاڵی سنووری و داهاتێکی ناوخۆ ، ناتوانێ بگاتە کۆمەڵگا و .. هەر بە سەوزیی کراوە بە گەرووی VIP یەکاندا ..
میللەتی زیندوو قەت ئەمە قبوڵ ناکا ..
ئەی دادگا و داواکاریی گشتی خەریکی چین ؟ خەریکی کام ڕۆژنامەنووسی مەزڵومن کە دوو دێڕ لە خەونەکانی لە ڕۆژنامەیەکدا بۆ میللەتێکی نەخوێندەوار دابەزاندووە ؟ خەریکی کام عەرەبانچین کە لەسەر شەقامێکی گشتی دوو دەسک سەوزەی فرۆشتووە ؟
میللەتێک دومەڵی وا گەورەی تێدا هەڵتۆقیبێ ، حەق نییە لە شەرمەزاریاندا ڕووی بێ سەربەرز بکاتەوە ..
میللەتێک بیست و یەک هەزار پیاو ماقوڵی دەنگ زوڵاڵ ، گیرفانەکانیان بۆ گسک لێدابێ ، حەق نییە لە ڕووی بێ باسی ئاڵا و سروودی نیشتمانی و ئازادی بکات ..

Previous
Next
Kurdish