مامۆستا عەزیز گەردی ..زانایەک لە ژیانێکی سادەیی دا.. مەولود ئبراهیم حەسەن
بمبوورن بەڕێزان بمبوورن بەڕاستی .. بۆ من ئاسان نیە ، باسی مەرگی خۆم بکەم ؛ ئەوەی ئێوە دەتانەوێ من باسی بکەم ، من خۆمم خۆم ، ئەو خۆمە برای ڕوحیمە .. برای ڕوحی منە ! من ئێستا نیوەی ڕوحم کۆچی کردووە !؟ کەس و کاری زۆرم مردوون ، دۆست و ناسیاوی زۆرم مردوون ، هیچ مەرگێک وەک مەرگی ئەو زاتە ، ڕوحی نە تاساندووم !؟ بە مەرگی ئەو برا ڕوحییەم .. بەشێک لە یادو مێژووم مرد! بەشێک لە هیواو ئاواتم مرد !؟ بەشێک لە ڕابردوو و داهاتووم مرد !؟ لەو ڕؤژەوە ئەو زاتە مردووە ، بەردەوام دەستێکی مەرگ هێن ها وەسەر شانمەوە ! من لەو دەستە مەرگکارە ناترسم .. چؤن تا ئێستا چەندین جار لە مەرگی مسۆگەر ڕزگارم بووە ! ئەوەش دەزانم ڕؤژی هەر دەمرم !! ئێمە هەموومان بەردەوام لە ناو بازنەی مردن دا دەسوڕیینەوە ، بەردەوام مەرگی کەس و کارو ئازیزان دەبینین !! بەڵام ، بۆ من مەرگی ئەو ئازیزە ، مەرگێکی تر !! ئێستا من بە ڕوحێکی نیوە ڕوحەوە دەژیم .. بە ڕوحێکی نیوە وڕوح کار دەکەم ! کەسانێ هەن لە ژیاندا ماڵ لە گەڵ یەک بەش دەکەن ؛ من براکەم ڕوحی لە گەڵ دابەشکردووم ! بمبوورن من ئێستا بە ڕوحێکی نیوە ڕوحەوە دەنووسم !!
لە کوێ دەستپێبکەم و لە کوێ کۆتایی پێبێنم ؟!
ڕێککەوتنامەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥ دیوارێکی ڕەق بوو ، سەری نازکی کەم ئەزموونی پڕ لە (هیوای ئازادی) ئێمەی گەنج و قوتابی بەرکەوت ! گەڕاینەوە ..بووین بە – عائدون – هەموو هیواو خواستێکمان سەراو بن بوو بوو ؛ بێ سەر دەهاتین و دەچووووین ، بێ سەر دەڕؤیشتین و دەگەڕاینەوە ، ڕۆژانێکی زۆر گۆڕەو شار بوو ! هیچ شتێک تام و ڕەنگ و بۆنی خۆی نەمابوو ، هەر ئێمە وانە بووین کە بە هیوایەک هەڵفڕێن و بە شکستێک نیشتینەوە ! کەسانی هەبوون نە هاتبوونە دەرەوە .. ئەوانیش وەک ئێمە ، وەک گەڕاوە کان سەری نازکی پڕ لە هیوای ئازادییان بەر دیواری ڕەقی ڕێککەوتننامەی جەزائیر کەوتبوو ! هەموومان بۆ ماوەیەکی زۆر بەو ژانە سەروە دەژییاین ، ڕێک لەو ڕۆژانە من و (مامۆستا عەزیز گەردی ) قۆناغێکی تازەی برادەرایەتیمان دەستی پێکرد ، هاو خەم بووین .. ئەو نە هاتبووە دەرەوە ، بەڵام ، ژانە سەرەکەی لە ئێمە کەمتر نەبوو ، پێشتر من و مامۆستا چاک و چۆنیمان لە گەڵ یەک هەبوو ، دوای ئەم ژانە سەرە ڕؤژ بە ڕۆژ چاک و چؤنی بەرەو برادەرایەتی دەچووو.. تا گەیشتە برایەتی و دوا جار گەیشتینە برایەتی ڕوحیی ! برایەتیەک لەسەر بنەمای خوێندنەوەو کتێب دامەزرا و لەسەر خۆشەویستی و ڕێز لێکگرتن بە هێز دە بوو ، بەرە بەرە باشتر لێک نزیک دەبووینەوەو چاکتر تێکدەگەیشتین و زۆر تر بڕوامان بە یەک دەکرد ؛ مامۆستا عەزیز دۆست و برادەری زۆری هە بوون ، برادەری چاکیشی هەبوو .. ئەو .. ئەوان ڕؤژان ڕووی خۆی لە کەس وەرنەدەگێڕاو دڵێ هەمووانی ڕادەگرت ؛ پیاوێکی خۆشەویست و ڕوو خۆش بوو هەموو کەس حەزی دەکرد بیناسێ و برادەرایەتی لە گەڵ دا بکات ، ئەویش بێ سنوور مامۆستاو نووسەرێکی خاکی بوو ، بەرە بەرە کتێب و نووسینەکانی بڵاو دەبوونەوەو توانا کانی دەرکەوتبوون ، هەر زوو وەک نووسەرێکی گەورە کەوتە بەر چاوان و سەرزاران ، ئیدی مامۆستا بوو نووسەرە هەڵکەو تووەکەی شاری هەولێرو کوردستان .
مامۆستا عەزیز گەردی جگە لە وتارو ڕەخنەکانی سەرەتا سێ بەرگ کتێبی ڕەوانبێژی بڵاو کردەوە ، هەر زووش ڕووی لە وەرگێڕانی ئەفسانە کرد ،ئەفسانەی میللەتانی دەکردە کوردی ، ئەفسانەی کۆن و نوێ و دوورو نزیک ، زۆر کەس پێیان وابوو مامۆستا کە ئەو زمانە گرنگ و کوردیە ڕەوانە دەزانێ باشترە کتێبی فەلسەفە وەربگێڕێ ، ئەوان نەیاندەزانی هەموو ڕەهەندە هزریەکان لە ئەفسانەوە سەرهەڵدەدەن ، مامۆستا بەردەوام بوو لە وەرگێڕانی ئەفسانە جیهانیەکان ، ئەوە بوو بەرە بەرە خەڵک تێگەیشتن کە ئێمە خۆشمان ئەم جۆرە ئەفسانانەمان هەیە ، ئەمە وایکرد کە نووسەرانی کورد گرنگی زۆر تر بە ئەفسانەو کلتوری خۆمان بدەن ، ئەوەی من بزانم تا ئێستا دەورو بەری چل کتێبی لە ئەفسانەی جیا جیای جیهانی وەرگێڕاوەو بڵاو کردووتەوە، جگە لە مە خۆشی حەکایەت و گۆرانی و فۆڵکڵۆرو پەندو ڵاوک و ئەفسانەی کوردی کۆکردووتەوەو هەندێکی لێ چاپکردوون ، من خۆم دیان کاسێتی تۆمارکراوم لە ماڵەکەی دا بینیوە .
مامۆستا عەزیزگەردی لە نووسین و وەرگێڕان و دا لە سنوورێکی دیاری کراوو لە پسپۆریەک دا جێگیر نە بوو ، ئەگەر سەیری لیستی ناوی کتێبە چاپکراوەکانی بکەین ..دەبینین باخچەیەکە لە ڕەنگاوڕەگی بەرهەمی جۆراوجۆر .. لەوەرگێڕانی ئەفسانەوە بۆ ورگێڕانی لێکۆڵێنەوەو مێژوو و ڕەخنەو شێعرو ڕۆمان و چێڕۆک و گەشت و چاو پێکەوتن و زۆری تر ..
مامۆستا بە هۆی لێهاتوویی و زمانڕەوانی و تایبەتمەندی خۆی لە وەرگێڕانی کتێب و نووسین و لیکۆڵێنەوە دا بەرهەمەکانی زۆر چاک دەخوێندرانەوەو بڵاو دەبوونەوە ، دەتوانم بە دڵنیاییە وە بڵێم پێنج نەوە زیاتر لە کچ و کوڕوگەنجەکانمان تا دەگاتە بەتەمەنەکانیش لە پەنا زمانی ڕەوان و کوردیە خۆش و وەرگێڕانە گرنگەکانی مامۆستا عەزیز پێگەیشتن و زمانی نووسینی خۆیان دەمەزەرد کردەوە .
مامۆستا عەزیز کوڕێ خانوادەیەکی بەڕێزی کوردەواری خۆمان بوو ، کوردێکی ڕەسەن و پاک و یەکڕەنگ بوو ، هەتا پێتخۆشە کورد بوو ، بەڵام ، بە قەد کورد بوونەکەی دوورە سیاسەت بوو ! ئەو سیاسەتی نەدەکرد .. بەڵام ؛ لە وەرگێڕاندا سیاسەتی خۆی هەبوو ، دەیزانێ چی وەرگێڕێ و چی بڵاو بکاتەوە ، وەرگێڕانی دوو بەرگی ( داغستانی من ) کارێکی سەر پێی نەبوو ، ئەو لە ڕؤژگارێک دا داغستانی بڵاو کردەوە ، کە هێشتا تەپەسوڕەی کارەساتی ڕێککەوتننامەی جەزائیری نێوان ئیران و عێراق میللەتەکەمانی بەرنەدابوو ، داغستان وەک ڕاپەڕێنێکی کتێب .. نێوەندی کۆمەڵگەی کوردەواری هەژاند..چ هەژاندنێک ! بێ دوو دڵێ( داغستانی من ) ی مامۆستا عەزیز گەردی زۆر ترین کەس خوێندیانەوەو زۆر ترین جاریش خوێندرایەوە ،هەرکەسێکیش لە جارێک و دوو جار زیاتری خوێندوویانەتەوە ، کتێبەکە دەستاو دەست دەکراو سنووری وڵات و شارەکانی بەزاند ، گەیشتە نیو کوڕانی چیاو لەوێ بە کۆمەڵ دەیانخوێندەوە ، هەڵە نەبم زۆر گەنجیشی هەناردە چیا ، ئەوە جگە لە کاریگەریە زمانی و ئەدەبی و کلتوریەکەی کە بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەدەبێکی کتوری خۆماڵێ ، چۆن داغستان کوردستان و کلتورەکەی خۆشەویست تر کرد ، هەر بۆیە زۆر کەس بە (کوردستانی من ) ناویان دەبرد . بە دڵنیاییەوە داغستانی من کتێبێک بوو لەو ڕؤژگاری دوای ڕێککەوتننامەی عێراق و ئێران زۆر ترین و گەورە ترین کاریگەری ئەدەبی و سیاسی هەبوو بە سەر گەنجانی ئەوسای کوردەوە ، بۆ ئەوەی لە پاش نائومیدی بە هیواوعەشقەەو ڕوو لە خاک و نیشتمان بکەن .
مامۆستا زۆر بە نووسینەکانی خۆیەوە ماندوو دەبوو بە ئاسانی کتێبی بڵاو نە دەکردەوە ، هەر کتێب و نووسێنێکی چەند جار دەنووسیەوە ، لە بارەی داغستانەوە ڕؤژێ گوتی : من شەش جار لەسەری تا بنی هەردوو بەرگە کەم نووسیوەتەوە ! ئەو لە وەرگێڕانەکانی دا دەکۆشا بۆ بابەتە وەرگێڕدراوەکە بە کوردی بیر بکاتەوە ، لە نێو زمانی کوردی بیر بکاتەوە ، بە کلتوری کوردی بیر بکاتەوە و کتێبەکە بکات بە کوردی..هەر ئەم کارەش بوو داغستانی منی گەیاندە لوتکە ، زۆر گەنج لە داغستانەوە دەستیان پێکرد و بەردەوام بوون لە خویندنەوەو دوا جار بوون بە نووسەر ! وەرگێڕانی دا غستان بۆ مامۆستا عەزیز قۆناغێکی گرنگ بوو لە کاری وەرگێڕاندا ، هەر بۆیە داغستانی من لە نێو کورد دا هێندەی بە ( داغسانی عەزیز گەردی ) ناسرا .. هێندە بە هی ( هەمزە تۆف ) نە دە ناسرا !
مامۆستا عەزیز گەردی و خوێندن..
من وەک لە خۆیم بیستووە ، سەرەتا لە لای مامۆستای ئایین خوێندووەو لەم خوویندنەش لێهاتوو بووە ، لەوێوە زمانی عەرەبی بە چاکی فیر دەبێت و شارەزایی لە قورئان و ئایین پەیدا دەکات ، هەر لەم قۆناغەش خەریکی خەتخۆشی دەبێت و دواجار خەتخۆشێکی باشی لێ بەرهەم دێت ، لە کۆتایی حەفتاکانی سەتەی ڕابدوو من لە ماڵە کەیان لە گوندی ( بەحرکە ) ی ئەوسا خەتخۆشی مامۆستام لەسەر کارتۆنێکی گەورە بینیوە ، جگە لەمەش دەس و خەتی نووسینی ئاساییشی زۆر جوان و تایبەت بوو ، پاشان کە دەچیتە قوتابخانە قوتابیەکی زیرەک و هوشیار بووەو بەردەوام لە هەموو قۆناخەکان یەکەم بووە ، نەک تەنیا بە نمرە یەکەم بووە ، بەڵکو بە تێگەیشتن و زانینی بابەتەکە بەتەواوی هۆی ئەوە بووە نمرەی بەرز بەدەست بێنێ ، کە قۆناغێ سێی ناوەندی تەواو دەکات دەچێتە خانەی مامۆستایان و لەوێش بەردەوام لە قوتابیە زیرەک و یەکەمەکان دەبێت ، من خۆم وێنەی مامۆستام بە – لوحة الشرف – ی قوتابخانەەوە بینوە ، ئەم لێهاتوویە مامۆستا دەباتە – خانەی مامۆستایان – لەوێش وەک مامۆستایان نووسەرو شاعیری ناوداری کورد مامۆستایان ( حەمەکەریم هەورامی وڕەحمەتی مەجید ئاسنگەر ) باسیان کردووە ، مامۆستا عەزیز لە قوتابیە بەرچاوو زیرەک و لێهاتوو و یەکەمەکان بووە ، دواجار لە سەرئاستی عێراق یەکەم دەبێت و هەر ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە نێو شاری هەوڵێر وەک مامۆستا دادە بمەزرێ .
مامۆستا عەزیز هەر لەسەرەتاوە مامۆستایەکی لێهاتوو و زانا بوو ، ئەوەش وای کردووە لە هەموو قۆناخەکانی خوێندن .. لە سەرەتاییەوە تا خوێندنی باڵاو ماستەرو دکتۆرا وانەی گوتووەتەوە ، لە هەر قۆناغێکیش وانەی گوتبێتەوە قوتابیەکانی وا دەرز داوە کە ئاستی هەمووانی لەو بابەتە بەرزکردووتەوە کە وانەی پێگوتوون ، من قوتابیم بینیوە گوتوویەتی : من پێش ئەوەی مامۆستا عەزیز بناسم ودەرزمان پێ بڵێ لەو بابەتە تەقەی سەرم دەهات و هیچێ لێ تێنەدەگەیشتم ، بەڵام ، لە گەڵ هاتنی مامۆستا عەزیزو دەرز گوتنەوەی ئێستا خۆم بە پسپۆری ئەو بابەتە دەزانم ! مامۆستا هەر لەسەرەتاوە هەر بابەتێکی دەخوێندەوە بەوردی و بە تێگەیشتنەوە دەیخوێندەوە ، بە تەنیا کتێبێک و سەر چاوەیەک وازی لە هیچ بابەتێک نەدەهێنا ، دەتوانین بڵێن .. مامۆستا هەموو بابەتەکانی بە لێکۆڵێنەوە دەخوێندەوە ، بە ڕەخنە لێگرتن دەخوێندەوە ، ئەمە وای دەکرد هەر بابەتێک بخوێنێتەوە ، بتوانی بە زانستیەوە قسەی لە بارەوە بکات .
مامۆستا عەزیز مەیلی بەردەوامی خوێندنی هەبوو ، خۆی گواستەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی بتوانێ لە زانکۆ بخوێنێ ، بەداخەوە وەر نەگیرا .. دووساڵ بە خۆڕایی لە بەغدا ماوەتەوە ، پاشان بە گۆڕینەوە دەگەڕیتەوە هەولێر ، ئەمجارە تاقیکردنەوەی دەرەکی کرد لە پۆڵی دوازدە و لە ئەنجام لە زانکۆی موسل لە بەشی ( فەڕە نسی ) وەردەگێرێ ، لەم بەشە هەر چوار ساڵ بە سەرکەوتوویی و ئاستێکی بەرز خوێندن تەواو دەکات و هێشتا قوتابی بوو لە بەشی فەڕە نسی مامۆستا لە مەلزمەیەکدا – چۆن فێری زمانی فەڕەنسی دەبیت – ئامادەکردو زۆر کەس سودی لێبینیوە ، کە لە زانکۆی موسل وەر گیرا .. ئەوو چەند مامۆستایەکی تر بەشەو لە هەوڵێر وانەیان دەگوتەوەو بە ڕۆژ لە هەوڵێرەوە دەچوون بۆ زانکۆی موسل ودیانخوێند ، ئەوەی باش بوو دەستەیەک مامۆستای هاوتەمەنی مامۆستا عەزیز پێکەوە لە زانکۆی موسل و بەشە جیا جیاکانی وەرگیران هەموویان نووسەرو وەرگێڕ بوون .. لەوانە ڕۆماننووسی ناسراوی کورد مامۆستا حسام بەرزنجی و حاجی ئەحمەدی نووسەرو وەرگێر و دکتۆر حسێن عەلی وەلی و دکتۆر عەلی جوکل و مامۆستا تاهیر ..کە هەموویان پێکەوە لە هەوڵیرەوە بەیانیان دەچوونە زانکۆی موسل و ئێواران لە هەوڵێر لە قوتابخانەکانیان دەرزیان دەگوتەوە ،پاش تەواو کردنی زانکۆ مامۆستا لە موسل و من لە زانکۆی بەغدا خوێندنمان تەواوکرد ، ئەوە بوو هەردوو کمان پێکەوە داوای خوێندنمان پێشکەشی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کۆماری عیراقی ئەو سەردەم کرد ، مامۆستا عەزیز ناوی بۆ وڵاتی فەڕەنسا دەرچووو ، تا دکتۆرای زمان و ئەدەبی فەڕەنسی بخوێنێ ، منیش ناوم بۆ تاجیکستانی سۆڤیەتی ئەوکات دەرچوو بۆ ئەوەی دکتۆرای زمان و ئەدەبی فارسی بخوێنم ، بەڵام ؛ ئەمنی عێراقی ڕەزامەندی نەدا بۆ چوونە دەرەوەی ئێمە ، کە هەردوکمان یەکەمی سەر هەموو عیراق بووین ! کەچی خەڵکانێک بە نمرەی زۆر کەم توانیان بچنە دەرەوەو خوێندن تەواو بکەن .
خوێندنی باڵاو مامۆستا عەزیز گەردی ..
گەیشتینە سەردەمی دەسەڵاتی کوردی و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت ، زانکۆکان دەرگایان کرایەوەو خوێندن لە هەموو ئاستەکان دەستی پێکرد ، ڕؤژێک پاش نیوە ڕۆ چوومە ماڵی مامۆستا عەزیز .. بینیم زۆر بێ تاقەت بوو ، پرسیم : خێرە مامۆستا ؟ یەکسەر گوتی : من لە خوێندن وەر نەگیرێم شیت دەبم ؟! مامۆستا هیچ جارێک بۆ خواستی خۆی کە هەمیشە خواستەکانی ڕەوا بووە ، ئاوا بەم زمان و بەم حەسرەتەوە قسەی نەکردووە ! ئەوکات ئەو ڕۆژانە بوو کە خەڵک بە – وەرەقەیەک ! – لە زانکۆ ولە خوێندن ەردەگێران و هەمووانیش دەزانن چ کەسانێک لە زانکۆکان و خوێندنی باڵا لە دەرەوەی زانست و یاسا چوونە نێو زانکۆکان ! مامۆستاش بەم هەموو زانست و ڕەوایەتی و لێهاتوویی و خزمەتەوە ئاوا لە ماڵ دانیشتبوو ؟ لە کاتێک دا دەبووایە ئێـە هەردووکمان من و ئەو بە – قەربوو – وەربگیرێنەوە ، چۆن پێشتر لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراقی وەک و یەکەمی سەر عێراق هەردووکمان ناومان دەرچووبوو ! بەڵام ، بە هۆی نە بوونی – پشتگیری ئەمنی عێراقی – ڕێگای چوونەدەرەوەیان پێ نەداین ! کە ئەمەم لە مامۆستا بیست زۆر دڵتەنگ بووم چۆن مامۆستا لەو کەسانە نە بوو بۆ کارەکانی خۆی ڕوو لە کەس بنێ و داوای یارمەتی بکات ، ئەو دەبووایە برایەک دۆستێک بۆی داوا بکات ، منیش گوتم : مامۆستا من هەوڵێک دەدەم . هیچ دەنگی نەکرد . من ئەو دەم:( سکرتێری نووسین گۆڤاری هەنگ )ی منداڵان بووم لە وەزارەتی ڕؤشنبیریی ، کە بەڕێز مامۆستا ( شێرکۆ بێکەس ) شاعیری گەورەی کورد وەزیر بوو ، چۆن هەر لە گەڵ بوونی بە وەزیر ، لەدوای ناردم و گوتی : کاک مەولود ئێمە لە وەزارەت نیازمان وایە سێ گۆڤار بڵاو بکەینەوە ، یەکەم گۆڤاری کاروان . دووەم : گۆڤارێکی عەرەبی ئەدەبی . سێیەم : گۆڤارێکی منداڵان .. گۆڤاری منداڵان پێمخۆشە ئێوە کاری تیدا بکەن ! ئەوە بووبە دڵخۆشیەوە من بووم بە – سکرتێری نووسین – ی گۆڤاری هەنگی منداڵان و مامۆستا شێرکۆ بێکەس سەرنووسەر بوو. بەو هۆیەوە لە وەزارەت دەوامم دەکرد . کە مامۆستا عەزیزم بە جێهێشت ، لە دڵی خۆم دا گوتم : دەچمە لای مامۆستا شێرکۆ بێکەس ، بەیانیەکەی چوومە لای مامۆستا شێرکۆ بێکەس و چێڕۆکی دوورو درێژ و پڕ زەحمەتی وهەوڵدانی خوێندن و سەرنەگرتنی مامۆستا عەزیز گەردیم بەتەواوی بۆ گێڕایەوەو گوتم : ئێستآس خەڵک بە ئاسانی وەردەگیرێن کەچی مامۆستا عەزیز ئاوا ماوەتەوە ؟ مامۆستا شێرکۆ گوتی : کاک عەزیز برادەری خۆمەو چاکی دەناسم . گوتم : جا زەحمەت نەبێت هەوڵێکی بۆ بدەی ئەو حەز دەکات بخوێنێ ؛ گوتی: بەسەر چاو با بەیانی بێتە پەرلەمان من هەوڵی بۆ دەدەم . گوتم : سوپاست دەکەم . فەرمووی : سوپاسی ناوێ کاک عەزیز هەرچی بۆ بکەین کەمە ! من لێر باسی خۆمم بۆ مامۆستا شێرکۆ نە کرد ، ئەگەر چێڕۆکی وەرنەگیرانی خۆم وەک چێڕۆکی مامۆستا عەزیز بۆ مامۆستا شێرکۆ باسکردبا .. بە دڵنیاییەوە هەوڵێ بۆ منیش دەدا ، بەڵام ، من مامۆستا عەزیزم پێ لە خۆم لە پێشتر بوو ، گوتم.. با کاری مامۆستا تەواوا بێت من جارێ قەیدی ناکا ! ئەم قەیدی ناکایە حەوت ساڵی تر منی لە خوێندن دواخست ، تا مامۆستا عەزیز کۆچی دواییشی کرد ، ئەمەم لا باس نەکرد . کە مامۆستا شێرکۆ ڕەزامەندی دەربڕێ و قسەی پێدام هەوڵ بۆ مامۆستا عەزیز بدات ، بەدڵێکی خۆش و هیوایەکی گەش پاش نێوەڕۆ زوو چوومە ماڵێ مامۆستا عەزیزو گوتم : قسەم لەگەڵ مامۆستا شێرکۆ کردووەو مامۆستا شێرکۆ گوتی : بەیانی بێتە پەرلەمان من هەوڵی بۆ دەدەم . مامۆستا گەشایەوە ، بەیانیەکەی چووە پەرلەمان و مامۆستا شێرکۆ بێکەس هەوڵێ بۆ دابوو ..هەوڵە کە سەری گرت و لە بەشی زمانی کوردی لە ماستەر وەرگیرا ! دیارە وەرگرتنەکەی مامۆستا بە زۆر قۆناغ تێپەڕێ ، خۆشبەختانە هەمووان یارمەتی دەرو هاوکاری بوون . دوا جار دکتۆراشی تەواوکرد ، بە ماستەرو دکتۆراکەی مەسەلەی – کێش و قافیەی شێعری کلاسیکی کوردی تەواو ساغ کردەوە ، پاش ئەمە لە زانکۆی کۆیە یارمەتیان داو لە بەشی ئینگلیزی وەر گیرا ، وەرگێرانەکەی بە هۆی دکتۆر نەبەز بو دکتۆر نامیق عوسمان بوو، دکتۆر نە بەز ئەودەم سەرۆکی زانکۆی کۆیە بوو، دکتۆرای دووەمی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر مەم و زین نووسی ، مامۆستا پیاوێکی زاناو لیهاتوو بوو ، ئەگەر فرسەتی تەواوی بۆ ڕەخسا بوایە ، لە هەموو ئەو زمانانەی کە دەیزانین ..دەیتوانی هەر دوو ساڵ جارێک دکتۆرایەک لە زمانێک وەربگرێ ! مامۆستا کەدەیخوێند بۆ بەدستهێنانی – بڕوانامە – نە یدەخوێند ، ئەو توانای خوێندن و لێکۆڵێنەوەی هەبوو ، ئەو هەموو ژیانی خۆی بۆ خوێندنەوەو نووسین و لێکۆڵێنەوە تەرخان کرد بوو، ئەو بەڕاستی سەرکردەی ی خوێندنەوەو نووسین و وەرگێڕان بوو !
بڵاوکراوەی ئەدەبی بێگانان..
کە مامۆستا عەزیز لە زانکۆی موسل وەرگێرا ، سەر ڕای ئەوەی ئەوو هاوڕێکانی بەیانیان لە هەولێرەوە ذەچوونە موسل و بەشەو لە هەولێر مامۆستا بوون و وانەیان دەگوتەوە بە ڕؤژ قوتابی زانکۆ بوون و دەیانخوێند ؛ هەر زوو بیری لە کارێکی ئەدەبی کردەوە ، سەرتا ویستی وەک – گۆڤار – دەست پێبکات ، بەڵام ، بە ناوی گۆڤار نەیتوانی ڕەزامەندی وەرگرێ ، هەر بۆیە کردی بە بڵاوکراوەی – ئەدەبی بێگانان – کە تایبەت بوو بە وەرگێڕان ، وەرگێڕان لە زمانە بیانیەکان ، ئەم بڵاو کراوەیە بەسەرپەرشتی مامۆستا عەزیز گەردی توانی شەش ژمارە بڵاو بکاتەوە و بابەتێکی زۆری لە شێعرو چێڕۆک و بابەتی تر بڵاوکردەوەو خوێندەواران پێشوازیەکی گەرمیان لێکرد ، ئەرکی چآپکردنیشی لە ڕووی داراییەوە هەر لەسەر مامۆستاو ئەو بەڕێزانە بوو کە لەسەرەتاوە مامۆستا پرسی پێکردن و ئەوانیش ڕەزامەند بوون وهاوکاریشیان دەکرد بە وەرگێڕانی دەقی ئەدەبی لە زمانە جیا جیاکان و هاوکاری دەرچووونی بڵاوکراوەکە بوون ، وابزانم ژمارەیک دوو ژمارە لەسەر ئەرکی کتێبخانە مامۆستا ( مومتاز حەیدەری ) بڵاو کرایەوە ! ، بەڵام ؛ ئەرکی زۆروگران لەسەر شانی مامۆستا عەزیز خۆی بوو ، خۆی دەیگوت: من بە هەموو نووسیەکان دادیمەوەو چاکیان دەکەمەوەو زۆر بەشیان جارێکی تر دەنووسمەوە ! بۆ چاپکردن.. ئەدەبی بێگانانی دەهێنا بەغدا ، ئەوکات ئێمە لە بەغدا دەمانخوێند ، من و مامۆستا نەژاد عەزیز سورمێ و مامۆستا کەریم سۆفی و قوتابیە کوردەکانی سەر بە نووسین و ئەدەب یارمەتیمان دەدا .
مامۆستا عەزیز گەردی و قەڵای نووسین ..
مامۆستا ئەگەر لەسەرتاوە بە وتارو نووسین و ڕەخنە لە ڕؤژنامەو گۆڤارەکانی سەرە تای ساڵانی حەفتاکانی سەتەی ڕابردوو دەستی پێکرد .. بەڵام ؛ دوایی ڕووی لە وەرگێڕانی کتێب و نووسینی کتێب کردوو چێتر لە ڕؤژنامەو گۆڤارەکان بابەتی بڵاو نەکردەوە ، ئێستا ژمارەی کتێبەکانی ..هەندێک دەڵێن (١٤٠) کتێبەو هەن دەڵێن 🙁 ١٦٠) و ئیواش هەن دەڵێن :(٢٠٠) کتێبە بەوەرگێڕان و نووسین و لێکۆڵێنەوە ، دەشگوترێ ( ٤٠) کتێبی دەسنووسی لە نێو کۆمبیوتەرەکەی ئامادەیە بۆ چاپ ! من دەزانم مامۆستا بەردەوام خەریکی نووسین و وەرگێڕان بوو ، هەر بۆیە هەر ژمارەیەک باسبکرێ ، من بە زۆری نازانم ! بەداخەوە بە هۆی ژیانی ئەم ساڵانەی دوایی مامۆستا دەرگای ماڵی خۆی لە منیش نەدەکردەوە ، بەو هۆیەوە ناتوانم بە دڵنیاییەوە باسی ژمارەی کتێبەکانی بکەم!؟
مامۆستا عەزیز گەردی خۆشەویستی هەمووان ..
مامۆستا عەزیز گەردی وەک مامۆستایەک و نووسەرێک پیاوێکی هەتا بڵێی خۆشەویست بوو ، هەمووان خۆشیان دەویست گەورەو بچووک ، خوێندەوارو نە خوێندەوار هەژارو دەوڵەمەند ، چەپ و ڕاست ، نەتەوەیی و ئایینی ، ئاغاو کرمانج .. ئەویش ڕێزی لە هەمووان دەگرت ، لە گەڵ هەمووان بەیەک دڵ و بەیەک ئاست هەڵس و کەوتی دەکرد ، مامۆستا لە گەڵ هیچ کەسێک .. بە هیچ هۆیەک نەدەچووە نێو ململانێوە ! هەرکەسی قبووڵ بوو وەک خۆی ڕێزی لە هەموو جۆرە بیرو باوەڕو ڕەنگ و ڕوێک دەگرت ، هیچ ڕؤژێک وای نەدەکرد بەرامبەرەکەی هەست بەوە بکات کە خۆی لەو بەرزتر دەزانێ ، ئەگەر بە هەر هۆیەکیش کەسێکی بە دڵ نە بووایە ! نە باسی دەکرد و نە دەیشکاندەوە ، لە گەڵ زۆر کەس یەکماڵ بوو ، دەرگای ماڵەکەی هەردەم کراوە بوو ، زۆر بە سادەییش داوەت و فەرمووی برادەرانی قبووڵ دەکرد ، کە دەچوویتە ماڵێ بە خۆی چی خوارد با ، ئەوەشی لە پێش تۆ دادەنا ؛ کە دەچووە هە ر ماڵێکیش ىە هیچ شێوەیەک نەیدەویست بارگرانی بێت بە سەر ئەو ماڵە ، کە دەچوو هەر ماڵێک هەر زوو لە گەڵ منداڵەکان دەبوو بە برادەر.. زۆر زوو دەبوو بە ئەندامێکی خۆشەویستی ئەو ماڵە ، زانایەک بوو لە هەڵس و کەوتی سادەیی .. بە پۆشاکی سادەیی ، سادەیی ناوەوەی هەمان سادەیی بەرچاو بوو ، بە دڵخۆشی برادەرانی دڵ خۆش دەبوو ، هاو بەشی خەم و دڵتەنگی هەمووانیش بوو ، سەردانی نەخۆشەکانی دەکردو هیچ تازیەیەکیشی نە دەبوارد ، زۆر دەستکراوەو یەکباخەڵ بوو ، زۆر جار دوو دوو و سێ شێ و چوارو پێنج دەچووینە کەبابخانە ، کە زۆری مەیل لە کەباب بوو ، کە هەڵدەستیان هەریەکەو دەچووە پێش و دەیویشت میوانداری برادەران بکات .. دەبوو بە پڕکێش پڕکێش ..ئەو لەدوورەوە دەوەستاو خۆی تێکنەدەداو بە هێمنی ڕادوەستا .. تا وەستاکە دەیگووت : پارەکەی دراوە ! کێ داویەتی ؟ دەستی بۆ مامۆستا درێژ دەکرد ، هەموو بەسەرسامیەوە سەیری یەکمان دەکردو بە چاو لێکمان دەپرسی کەی و چۆن پارەکەی داوە ؟ هیچمان هەستمان پێنەدەکرد ! ئەمە زۆر دوو بارە دەبووە وە !
مامۆستا جگە لەوەی نووسەرو وەرگێڕیک زۆر گەورەو سەرکەوتوو بوو ، وەک مامۆستاو دەرزگوتنەوش کەم هاوتا بوو ، لە هەر قتابخانەو کۆلیژێک دەرزی گوتبێتەوە ، ئاستئ ئەو قوتابخانەو کۆلیژو قوتابیەکانی بەرز کردووتەوە ، هەر کەسێک بۆی ڕێکەوتبێ قوتابی مامۆستا عەزیز بووبێ ؛ مامۆستای لە بیر نەکردووەو هەستی بەوە کردووە کە مامۆستا لەو بابەتە ئاستی ئەوی بردووەتە ئاستێکی بەرز تر ، ئەو سەرکەوتنەی لە مامۆستایەتی وای کرد بوو زۆر دایک و باوک ڕووی لێبنێن و داوای لێبکەن دەرز بە منداڵە کانیان بڵێ ، بەتایبەت لە قۆناغی دووازدە .. ئێستا زۆر کچ و کوڕی ئەو دایک و باوکانە دەتوانین بڵێین مامۆستا ئاستی خوێندن و نمرە وەرگرتنی بەرزکردنەوەو ئێستا زۆر بەیان مامۆستان و سەرکەوتوون لە مامۆستایەتیەکەیان ، هەر باوک و دایکێکیش کە داوای لە مامۆستا دەکرد .. مامۆستا بە خۆشیەوە قبووڵی دەکردو بە پێی خۆی دەچووە ماڵێان و ئەوەندەی پێویست بوو دەرزی بە کچ و کوڕەکانیان دەگوت و هاوکاری دەکردن ، ئەمەش هەمووی بە خۆبەخشێ و بێ بەرامبەر بوو ، مامۆستا لەم ڕووەو بۆ ئەم ئەرک و ماندوو بوونە هیچی لە هیچ کەس قبووڵ نەدەکرد . ژمارەی ئەو کچ و کوڕانەی مامۆستا دەرزی تایبەتی پێگوتوون .. ژمارە یەکی کەم نین !؟
سەردەمی دەرگا داخستنی مامۆستا عەزیز گەردی ..
برادەرایەتی من و مامۆستا عەزیز .. برادەرایەتی نە بوو ؛ برایەتی ڕوحی بوو ، لەم ماویەی ئێمە پێکەوە بووین مامۆستا چاکەو پیاوەتی و برایەتی وای لە گەڵ من کردووە ، هیچ یەک لە براکانم بۆیان هەڵنەکەوتووە ئەمەم لەگەڵ دا بکەن ! لە برایەتی ڕوحی دا سنووری نە بوو ، منیش ئەوەی بۆم کرابێ ..چ مامۆستا خۆی داوای کرد بێت ، چ من خۆم پێ حەسیابم درەنگم نەکردووەو درێخیم نە کردووە و کەمم نەکردووە ، خۆشەویستی من بۆ مامۆستا عەزیزی برای ڕوحیم .. سنووری نە بوو ! گێڕانەوەی مێژوو و چێڕۆکەکانی ئەم برایەتیە ڕوحیە بەئاسانی تەواو نابێت . من لە ساڵی (١٩٩٩ – ٢٠٠١) دا قۆناخی ماستەرم بە نێو تونێلێکی دۆزەخ ئاسادا تەواو کرد و ماستەرەکەم بەراوردی ئەفسانە بوو لە نێوان ئەفسانەی کوردی و فارسی بە تیمەی گەڕان بە دوای نەمریی دا ، هێندەی پێ نە چوو هەستم کرد مامۆستا بوو بە کەسێکی تر ! سڵاو وەرناگرێتەوە ، سڵاو ناکات و ڕووم ناداتێ ! هەرچێم کرد بێ فایدە بوو ! من لە ژیانما زۆر کارەساتی گەورە م بەسەر هاتووە ، زۆر جار لە مەرگی مسۆگەر گەڕاومەتەوە ، داو وفاق و شۆکی وام بۆ داندراوەتەوە کە یەکسەر توشی دڵوە ستان ومێشک لە کار کەوتنبم ! هیچ یەک لەم ئازارانە وەک ئازاری قسە نەکردنی مامۆستا پڕ ئازار نە بوو !! ئێستاش نازانم چۆن توانیم بەرگەی ئەو قسە نەکردنەی مامۆستا عەزیز برای ڕوحیم بگرم ؟! هیچ کارێکی مامۆستا هیچ قسەیەکی خەڵک وێنەی جوانی مامۆستا عەزیز گەردی و خۆشەویستیە ڕوحیەکەی برای ڕوحیمی لای من نەگۆڕیوە !؟ وازم نە هێنا دوازدە جار من خۆم و هەوڵم دا ، زۆر جاریش برادەرانی دڵسۆز بێ ئەوەی من ئاگادار بم هەوڵیان داوە مامۆستا لە گەڵ من ئاشت بکەنەوە ! بێ ئەنجام بوو ، تا من نامەیەکم بۆ نووسی بە هۆی برای بەڕێزم ڕۆماننوس و ڕەخنەگری ناسراوو ناودار مامۆستا ( سابیر ڕەشید ) بۆم نارد . بەداخەوە نامەکەی وەر نەگرتبوو !؟
من نازانم مامۆستا بۆچی لە من ڕەنجا بوو ! ئایا منیش هەر ئاوا ڕەگەڵ ئەی حەمکە خەڵکە کەو تبووم کە مامۆستا بێ ئەوەی گوناهێکیان هەبێت لێیان کەوتبووە گومان و قسەی لە گەڵ نە دەکردن و دەرگای بەڕوودا داخستبوون ؟! یان کەسانێک بە مەبەست و بە ئەنقەست و بە تایبەت ئێمەیان لێککرد !؟ تێکچوونی نیوانی من و مامۆستا بە هەر هۆیەکیان بێت ؛ گەورە ترین زیان بوو لە دوو برای ڕوحی کەوت .. کە جگە لە خۆشەویستی روحی هیچ بەرژەوەندیەکی تایبەتمان لە گەڵ یەک دا نە بوو ! جگە لەمەش وەک دەزانن مامۆستا عەزیز گەردی هەر زوو لە کارە ئەدەبیەکانی دەستی بە وەرگێڕانی – ئەفسانەی گەڵان – کرد و بەردەوام بوو و تێدا کوڵا بوو ، منیش کە بە درەنگەوەو بە زەحمەتی زۆرەوە ڕێم کەوتە زانکۆو تازە بە تازە کارم لە سەر ئەفسانە دەکرد و وەک جوجەلە ڕوو لە گوڵی ئەفسانە دەمچریکاند؛ نیازمان وابوو پێکەوە کار لەسەر ئەفسانەی کوردی بکەین ! سەت مخابن ئەو دەرگا داخستنەی مامۆستا ئەو پێکەوە کار کردنەی لە بار برد ؛ بە لە بار چوونی ئەم فرسەتە گەورە ترین زیانیش بە نێوەندی ئەدەب و لێکۆڵێنەوەی کورد کەوت ، بە تایبەت لە بابەتی فۆلکڵۆرو ئەفسانەو کلتورەوە ، زیانێک کە هەرگیز مێژوو بۆی قەرە بوو ناکرێتەوە !؟ سەرباری ئەوەش ئەگەر هاتبا لەم قۆناغەی ژیانی مامۆستا عەزیز چەند برادەرێک پەیوەندیان بە مامۆستاوە نە پجڕا بوا ؟! بەتایبەت لە گەڵ من زۆر بە دڵنیاییەوە دەیڵێم .. مامۆستا ئەو ئەنجامەی نە دەبوو کە تێیکەوت ! نێوەندی کوردیش ئەو زیانە گەورەیەی نەدەکرد !؟!
نەک هەر لە گەڵ من ، بەردەوام دە مبینی و دە مبیستەوە کە مامۆستا قسە لە گەڵ فلان و فلان ناکات لە گەڵ فلان و فالانیش تێکی داوە .. بەرە بەرە دەرگای بە ڕووی هەرە زۆری برادەرانی تەمەن و بەڕێز خۆشەویستانی خۆی داخست ، نەک هەر دەرگە داخستن ، زۆر جار بە توندی و ڕە قی و دڵ شکاندنەوە وەڵامی دەدانەوە ! هەتا دەهات حاڵەتی مامۆستا دەبوو بە گشتی و هە میشەیی !؟ مامۆستا عەزیز تەواو گۆڕابوو ، بە هیچ شێوەیەک مامۆستا عەزیز گەردیکەی پێشان نە بوو ! ئەم گۆڕانە هەر لە پەیوە ندیە فراوانەکەی دانە بوو لە گەڵ خەڵک و دۆستانی ! مامۆستا لە ڕووی هەڵس و کەوت و باری دەروونی و جەستەیی و کۆمەڵایەتیش تەواو گۆڕا بوو ، بە ئاشکرا پێیەوە دیار بوو ، هەمووان باسیان دەکرد ، خەڵکانی بەڕێزو دۆست لە گەڵ مامۆستا لە دوورەوە دەهاتن و دەچوون بیبێنن ، بە داخەوە دەرگای بە ڕوودا نە دەکردنەوە ! بەڕێزی وا هەبوون لە دەرەوە ی وڵات دەهاتنەوە بە خۆشەویستیە دەچووون تا وەک جاران مامۆستا ببێنن و لەگەڵی دانیشن و بیدوێنن ! نە خێر مامۆستا عەزیز مامۆستا عەزیزی جاران نە بوو کە ڕوو خۆش و قسە خۆش و دانیشتن خۆش بوو!
هەرچێ سەرم دەهێناو دەبرد .. نەمدەزانی مامۆستا لە سەرچێ لە من حادزە ! زۆرم مەبەست بوو دانیشین و قسە بکەین ؛ ئەو بڵێ : مەولود بۆچی واتکردووە یان واتگوتووە ؟! تا من بۆی ڕوون بکەمەوە ، ئەگەر توانیم ڕازی بکەم..کەمن کارێکم نەکردووەو وتەیەکم نە گوتووە کە دڵی مامۆستا گەرد بگرێ ؟ مامۆستا هاتە قەناعەت ئەوا هەردووکمان ئاسودە دەبین ، ئەگەر زانیم لە چێ دڵی ڕەنجاوەو نەشهاتە قەناعەت ! ئەوا لای کەم من دەزانم مامۆستا بەچێ و لە چی لەمن ڕەنجاوە ؟ نە خێر ماموستا ئەو فرسەتەی نەدامێ گوێم لێ بگرێت و گوێی لێڕبگرم ! زۆرم لا گران بوو دوو کەس زیاتر لە پەنجا ساڵ هاوڕێ و برای ڕوحی یەکتر بن نەتوانن دە دەقیقە لە گەڵ یەک دانیشن و ئەگەر کێشەیەک لە نێوانیان هە بێت ڕا بگۆڕنەوە چارە سەری بکەن !؟ بەڵێ مامۆستا ئەو دەرگای دایخست دایخست و نە یکردەوە تا نەخۆش کەوت لە نە خۆشخانەیان خەواند ! ڕۆژی یەکەمی نەخۆشخانە برای بەڕیزم ( دکتۆر عەبدوڵڵا خدر مەولود ) تەلەفۆنی کردوو فەرمووی مامۆستا لە نە خۆشخانەی ( ژینی نێو دەوڵەتی )یە ئەمڕۆ من چووم سەرم لێ داوە .. دکتۆریش وەک من مامۆستا عەزیز قسەی لە گەڵ نەدەکرد ! کە دکتۆر عەبدوڵڵا گوتی نەخۆشەو لە نەخۆشخانە خەوتووە ..یەکسەر چوومە دیدەنی ، کە چووم ..چ ببێنم !! مامۆستا پێستی ڕووی بەسەر ئێسکی ڕوومەتی دا کەوتبوو ، چاوەکانی کرابوونەوە .. بۆی چووم و دەستی بەرزکردەوە ، من دەستم گرت و ماچم کرد .. لەو دەم دا هیچ قسەیەک نەدەکرا بەو دە ست ماچکردنە هەموو شتێکم پێ گوت ، دانیشتم گوتی : بە خێر بێیت ..چاوەکانم پڕ فرمێک ببوون ! چل ساڵ پێکەوەیی و دەساڵ لێکدابڕانم لە یەک چرکەدا هاتنەوە بەرچاوم ؛ مامۆستا عەبدوڵقەهارو مامۆستا کوردۆی برای و پوورزاکانی و چەند بەڕێزێک لەوێ بوون . مامۆستا عەبدولقەهار گوتی : دکتۆر دوێنی کە هێنامانە نەخۆش خانە گوتی:( قەهار ئەوە لۆ برادەرکانم کەس دیار نیەو سەرم لێنادەن ؟! گوتی منیش گوتم برادەرەکانت زۆر هاتنە لات و ئەتۆ دەرگات لێ نەدەکردنەوە ! مامۆستا عەزیز دەڵێ : چۆن من دەرگا لە برادەرەکانم ناکەمەوە ؟! ) کە ئەمەم لە مامۆستا عەبدولقەهار بیست ،،گوتم : ئێستا مامۆستای عەزیز مامۆستا عەزیزی جارانە بەدڵ و هەست و هەڵس و کەوتەوە ؛ ڕاستە ئەوە مامۆستا عەزیز نە بووە ، ئەوەی دەرگای لە برادەرەکانی نەدەکردەوە ، ئەوە عەزیز گەردییەکی دی بووە ! ئەوەی دەرگای لە برادەرەکانی نەدەکردەوە .. کەسێکی تر بوو عەزیز گەردی نە بوو !؟!
ئەو عەزیز گەردییە کێ بو کە دەرگای لە دۆست و برادەرانی نەدەکردەوە ؟!
من بۆ خۆم دەتوانم ..ئەو عەزیزگەردییەی کە دەرگای لە دۆست و برادەرانی نە دەکردەوە ، ئاوای بناسێنم و هۆکەی بدۆزمەوە ولە چەند خاڵێک دا باسی بکەم !!
یەکەم : مامۆستا عەزیز هەر ئەوساڵەی کە لە خانەی مامۆستایان وەردەگیرێ ، دێتە هەولێرو خانووێکی خۆیان دەبێت و بەتەنیا لە خانەی مامۆستایان دەخوێنێ ، ئەو تەنیاییەی نێو ماڵ لەوێوە دەستی پێکردو تا کۆچی دوایی کرد درێژەی کێشاو هەربە نەتەنیا دەژیا . !
دووەم: ئەو تەنیا ییە وای کرد بوو لە هەر کارو بڕیارێکی خۆی ..هەر خۆی بیری لێبکاتەوەو هەر خۆشی بڕیار بدا و واتە زۆر کەم وتووێژو ڕاگۆڕینەوەی بۆ هیچ کێشەیەک لە گەڵ هیچ کەسی ترنە دەکرد .
سێیەم: مامۆستا گەنج و تەنیا بوو .. ژنی نە هێنا بوو ، زۆر کەس لێرەوە دەچوونە نێو ژیانی تایبەتی ئەوو زۆر بەیان بە دڵسۆزیەوە پێیان دەگوت : بۆچی ژن ناهێنی ؟ تاکەی بەتەنیا بیت و ئەوە پیربووی وەرە فلان کچی بخوازەو من بۆت ڕێک دێخم و .. زۆری تر لەم جۆرە قسانە ، کەسانێک بە وەخت و ناوەخت ئەم پرسیارو پێشنیارانەیەن دەخستە بەردەم مامۆستا ..ئەم بابەتە هێندە دوو بارە دەکرایەوە کەسانی جۆراو جۆرو لە وەخت و ناوەخت و بە شێوازی توندو نەرم و لە ناکاووبەردەوام مامۆستایان زۆر ئازار دەداو بریندارو هەستیارتر دەکرد !! ئەوەش بڵێم ..هێندەی من ئاگادر بم مامۆستا خۆی یەک دوو هەوڵی ژنهێنان و ڕێکەوتنی هە بوو لە گەڵ یەک دوو خاتوونی بەڕێز ، بە داخەوە هەوڵەکان سەریان نەگرت ، دەکرێ ئەم هەوڵە کە سۆنیەی خۆشی کەسەریان نەگرت هۆیەك بێت لە بێ تاقەتی و برینداری و هەست ناسکی مامۆستا !
مامۆستا ئەم هەستیارو برینداریەی خۆی دەرنەدەبڕی و بەردەوام خۆی دەخواردەوەو دەیهاویشتەوە هەناوی خۆی ؛ لە دەروونەوە لە ڕووحەوە ئەم بابەتە تەواو ماندووی کرد بوو ! ناخۆش ترین ئازاری دەروونیش ئەوەیە ، کە لە ناوەوە ئازارت بدات و تۆش بە ئاشکرا دەری نە بڕیت و وەک گرێیەک بیخەیتەوە نێو دەروونت ، مامۆستا ئاوای لێهاتبوو! ئەم پرسیارو پێشنیارە هەست بریندارە کەرە بەردەوام بوو تا لە ژیان دابوو !
چوارەم : گەییشتینە سەردەمی دەسەڵاتی کوردی ، دیسان زۆر خەڵک کە مامۆستایان دەبینی پێیان دەگوت : ئەوە بۆچی ناتکەن بە وەزیر ؟ ئەوە بۆ حیزبەکان ئاوڕت لێنادەنەوە و هیچ یارمەتیەکت نادەن ؟! زۆر پرسیاری تر بەردەوام ڕوو بە ڕووی مامۆستا دەکرایەوە ؛ ئەمە هێندەی تر مامۆستای هەستیارو ماندوو و بریندار تر دە کرد ! لە نێو حکومەت و حیزبەکانیش کەسانی هەبوون بە دڵسۆزیەوە پێشنیاری کارو یارمەتیان بۆ مامۆستا دەکرد ، مامۆستا هەموو ئەمانەی ڕەت دەکردەوە ، ئەو تەنیا وەزیرو سەرکردەی مەیدانی خوێندنەوە و بیرکردنەوەو نووسینی خۆی بوو ، مامۆستا پیاوی ئەوە نە بوو پێی بڵێی وەرە ئەم کارە بکەو بەم جۆرە کار بکە ! ئەو پاڵەوانی مەیدانی خۆی بوو .. ئەوکارەی دەکرد کە خۆی پێی خۆش بوو ، بەم جۆرەی دەکرد کە خۆی دەیویست ! باشترین یارمەتی بۆ مامۆستا عەزیز گەردی ئەوە بوو .. لێی گەڕێی ئەو دەیەوێ چێ بکات و چۆن بکات با ئاوا بکات ! ئەم پرسیارو پێشنیارەی بۆ ژن ناهێنی و بۆ ناتکەن بەوەزیر هەردووکیان لێکیان داو مامۆستایان تەواو هیڵاک و بێ تاقەت کرد ، دە مبیستەوە ، بەداخەوە ! تاک تاک نووسەرو مامۆستای زانکۆش هەبوون بەم بابەتانە برینی مامۆستایان دەکوڵاندەوەو دەماریان دەگرت .. ئیتر لێرەوە و دەکرێ شتی تریش هەبێت من نەیزانم ! مامۆستا خۆی پێنەگیراو تەقیەوە ..زۆر خراپ تەقیەوە ! دۆست و نادۆستی لێ تێکەڵ بوو لە هەموو کەس کەوتە گومان !؟ قسەی چاک و خراپی دۆست و دڵسۆزی بە خراپ وەر دەگرت و بە توڕە یی و هەڵچوونەوە وەڵامی دەدایەوە ! ئیتر قۆناغێکی تازەو توند لە ژیانی مامۆستا دەستی پێکردو مامۆستا عەزیزی لە ژیانی هێمنی و ئاسودەیی دابڕێ و خستیە نێو توڕەیی و بەدگومانی ونیگەرانی وتەنیایی و هەڵچوونەوە ! بە داخەوە لەم کاتانە دا کە هەڵدەچوو مامۆستا بەتەواوی دەبوو بە کەسێکی دی ! نزیک ترین برادەرو خۆشەویست ترین برادەرو کۆنترین برادەری نەدە پاراست و بە توند ترین شێوەو بە ڕەق ترین وشە ڕوو بە ڕووی دەبووەوە ! جێی داخە..! لێرە بەدواوە دە مبیستەوە و دەیانگوت : عەزیز گەردی تێکچووە ! عەزیز گەردی شێت بووە !!؟
کۆمەڵگەی کوردەواری کۆمەڵگەیەکە ، تاکەکانی زۆر بە بێ باکی دەست لە ژیانی تایبەتی کەسەکان وەردەدەن ، بە تایبەت کەسانی دەستەبژێرو دیارو ناسراو ، هەندێکێس لەززە ت لە ئازار دانی کەسانی تر دا دەبینن ! هەر هێندە بەسە برینێکت کەوتە دەرەوە هەمووان ئەو برینە گەورە دەکەن و بەردەوام دەیکوڵێننەوەو ئەو ئازارە زۆر تر زۆر تر دەکەن ؛ کەسیان بیری لە چارە سەری و تیمار کردنی برینەکە نەدەکردەوە ! ئیتر لە ئەنجامی ئەم بەردەوامیە ، کەسانی وەک مامۆستا توانای تێکەڵێ ئەو تاک و کۆمەڵگەیان نامینێ و تەنییایی و گۆشەگیری هەڵدەبژێرن و دەرگا بەسەر خۆیان دادەخەن و دەرگا لە کەم کەس دەکەنەوە ! ئەو تاک و لوکەی کە مامۆستا لەم کاتەدا دەرگای بەڕوو دا دەکردنەوە ، ئەوانیش کەسی وایان تێدان دا هەبوو کە هەر ئەوان بەشێک بوون لە دروست بوونی ئازارو بەدگومانی و توڕەیی و هەڵچوونی مامۆستا ، مامۆستا پێشتر خۆی پێناسەی تەواوی ئەم کەسانەی بە دروستی کرد بوو ، بەڵام ، لەم کاتەدا مامۆستا بە تەواوی بیردۆزەکەی لێ سەراو بن بوو بوو.. دوژمنی لێ بوو بوو بە دۆست و دۆستی لێ بوو بووبە دوژمن !؟ بەدگومانی ونیگەرانی و ڕەشبینیەکی لا دروست بوو بوو کە دۆست و دوژمنی بۆ لێکجیا نە دەکرایەوە ، ئەم قۆناغەی ژیانی مامۆستا پێویستی بە کەسانی دڵسۆزو دۆست هەبوو ، دۆستێک لای کەم مامۆستا لێێ بە گومان نە بێت و ئەو دۆستەش بە زانایی و دڵسۆزیەوە هەوڵێ چارە سەری نە خۆشیەکەی مامۆستا بدات !! بە داخەوە ئەو دۆستە نە بوو ، یان ڕاستتر ڕێگای بە کەس نەدەدا ..ئیتر ئەم بارە دەروونیە توندە باری جەستەییشی گرتەوەو نە خۆشیەکانی تریشی دەستیان لێساندوو بەرە بەرە مامۆستایان بەرەو ئەو شووێنە برد ، کە دواجار هەموومان بۆی دەچین !؟
بەڵێ دەیانگوت .. عەزیزگەردی تێکچووە ! عەزیز گەردی شێت بووە !؟ بیستوومەو خوێندووتمەوە زانایەکی فەرەنسی .. کە ئێستا ناوەکەیم لە بیر نەماوە..هێندە بە گەرمی وبە ڕشتی و بەردەوامی بەزانستیەوە لە نێو تاقیگەکەی دا کاری دەکرد ، شەوو ڕؤژ ، تا باری دەروونی و کۆمەڵایەتی تێکچووو ..تێکچوو و کەوتە سەر شەقام ! کەوتە سەر شەقام ئەوەی لە کوردەواری پێی دەڵێن: شیت ..هەر شێت بوو ! ئەو زانایە شیت بوو ، بەڵام ؛ نە ژنەکەی و نە دەزگا زانستیەکان و نە حکومەت ..وازیان لێ نەهێناو پشتیان بەر نەداو یارمەتینداو تا گەڕاندیانەوە نێو تاقیگەو سەرکارە زانستیەکەی ، دوا جار کارێکی کردو داهێنانێکی داهێنا خەڵاتی نۆبلی پێ وەرگرت ، ئێستا فەرەنسا لە سای ئەو شێت بووە ، خەڵاتێکی تری نۆبلی بۆ زانستی خستە سەر خەڵاتەکانی تری خۆێ ! بەڵام ؛ لە کوردەواری ئەگەر نۆبلی وەربگری شێتت دەکەن ؛ وات شێت دەکەن هەرگیز چاک نەبیتەوە ! مامۆستا عەزیز گەردی ئەو زانا کوردە ی شایان بە خەڵاتی نۆ بل بووە ، ئێمە شیتمان کرد ! شیتمان کردو وازمان لێهێنا !؟ گۆشەگیرمان کردو تەنیا تر مان کرد ، لە تەنیایی دەروونەوە بۆ تەنیایی نێو ماڵەوە بۆ تەنیایی نێو کۆمەڵگە ، تەنیاییەکی کوژە ر و لە نێو ئەم تەنیاییە دا بە جێمان هێشت !؟!
دیارە نابێ هەوڵێ خانوادە بەڕێزەکەی و برا و خزمە دڵسۆزاکانی لە بیر بکەین ، کە ئەوەی لەدەستیان هات بۆیان کرد ، بەڵام ؛ لە ڕاستی دا خزمەتکردنی مامۆستا عەزیز تەنیا ئەرکی کەس و کارو براو خزمەکانی نە بوو .. ئەرکی دەزگا زانستی و پەروەردەییەکانی وەک زانکۆی سەلاحەدین و وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی ڕؤشنبیریی و دۆست و برادەرەکانیشی بوو ، ئەو ئەرکەش دەبووایە زۆر زوو دەستپێبکرێ ، نەک کاتێک کار لە کار دەترازێ و چارە سەری ئەستەم دەبێت ! دواجار میللەتی کورد (مامۆستا عەزیز گەردی ) یەکی لەدەست چوو کە هەرگیز مێژوو ناتوانی جارێکی تر عەزیز گەردیەکی ئاوامان بۆ دووبارە بکاتەوە ! بەداخەوە.بە هەزار داخەوە …
وە ک پێشتر نووسیم کە چوومە خزمەت مامۆستا لە نەخۆشخانە ، ڕۆژی دووەمیش ئێوارەو بەیانیەکەی دەچوومەوە لای ، هەرچەندی بۆم دەکرا دەکۆشام دڵی بدەمەوەو ورەی بەرز بکەمەوەو تارمایی مردنی لەبەر چاو بڕەوێنمەوە ، هەستم دەکرد مامۆستا گەڕاوەتەوە سەر ڕەوشێ ژیانە ئاساییەکەی پێشان ، بە خێرهاتنی هەمووان دەکات و هەوڵدەدات بەم نە خۆشیە هەستی هەمووان ڕابگرێ و سۆزی خۆی دەرببڕێ ؛ بەداخەوە ئەم گەڕانەوەیە لە کاتێک دا بوو کە مامۆستا چارە سەریە جەستەییەکانی ببوو بە ئەستەم ! ئێوارە بوو درەنگ داهاتبوو دوو برادەر چاوەڕێ بوون من بیانبەمەوە ماڵ . گوتم : مامۆستا ئیزنم دەدەی ؟ گوتی دانیشە بۆچی دەڕۆی ؟ دانیشتم زۆرم پێخۆش بوو .. دوو جار تەلەفۆنم بۆ هات ، ئەو بەڕێزانە بوون کە چاوە ڕێی منیان دەکردم . پێمگوتن مامۆستا ئیزنم نادات ! گوتم : مامۆستا هەموو نە خۆشیەک چارەسەری هەیە ، من چاوەڕێم چاک بیتەوەو وەک جاران خەریکی ژیان و نووسین بین پێکەوە ! گوتی : من لە مردن ناترسم ! مردن ئاساییە ..هێندە هەیە من و شەقاوەیەک وەک یەک دەمرێن ! تۆو شەقاوەیەکیش وەک یەک دەمرن !! لەم کاتە دا پزیشکەکان هاتنە ژوورەوەو دەبوایە بچینە دەرەوە !! بەیانیەکەی تەلەفۆنم بۆ مامۆستا عەبدولقەهاری برای مامۆستا کرد تا هەواڵێ بپرسم ؛ جێی داخەوە ..وەڵامەکە یەکجار ناخۆش بوو…بەدەست خۆم نە بوو هەتا دەنگم تێیدا بوو لە برا ڕۆم دا ..گریام ..گریام ..گریام ..
مەولود ئبراهیم حەسەن
هەوڵێر – نەورۆزی ٢٠٢٣
پاڵەوانێک لە دەرەوەی مێژوو…
شیعر: مەولود ئیبراهیم حەسەن
دەردە دڵێک .. بۆ گیانی پاکی ( مامۆستا عەزیز گەردی ) مامۆستاو برای ڕوحیم .
سەرەتای مانگی /٧ /٢٠٢٢ هه ولێر
لە ئەفسانەیەکی هاوبەشی ئازەری وکوردی دا پاڵەوانێک هه یە بە ناوی ( دومرلە سەرشێت ) ، ئەو پاڵەوانە وەختی مردنی دێت ، عیزرائیل لە شێوەی کۆتر لێی دێتە ژوورێ ، دومرلەسەرشیت دەیناسێتەوە و ڕادەکێشێتە شیمشێری و دەڵی : هێی ..عزرائیل نەکەی لێم بێیتە پێش دەنا بەم شمشێرە باڵت دەپەڕێنم ، من هێشتا زۆرکارم ماوە بیانکەم ! تۆ بڕو ڕوحی ئەوانە بکێشە کە کارناکەن ! یان کاردەکن و زیان بە مرۆڤ دەگەیێنن ! بڕۆ ..بڕۆ ڕوحی ئەوانە بکێشە کە خۆشی خۆیان لە بەد بەختی کەسانی تردادە بێنن !! ! مامۆستا ( عەزیز گەردی ) زۆر کاری مابوو بیانکات و وەک هەمیشە بە نووسینەکانی دڵی میللەتەکەی خۆش کات ، منیش زۆر کارم ماوە بیانکەم!! بەڵام ؛ ……
پاڵەوانێک لە دەرەوەی مێژوو…
**
پاڵەوانێک لەدەرەوەی مێژوو..
مێژووێک
ڕووی نەداوەو نە نووسراوەتەوە
مێژووێک
نە بیستراوەو نە خوێندراوەتەوە
مێژووێک
لە هیچ مێژووێک ناکات
لەو مێژووەوە دا
پاڵەوانێک هه ڵکەوتووە
لە هیچ پاڵەاوانێک ناکات
پاڵەوانێک
نە شمشێری دەم تیژی هه یە
سەران بپەڕێنێ
نە ڕمی نوک تیژی هه یە
ئەسپ و سوار پێکەوە بسمێ
نەگورزی گرانی هه یە
دیواری قەڵایان بڕوخێنێ و وڵاتان داگیر بکات
پاڵەوانێک
نە کیشوەران گەڕاوەو
نە لە دەریایان پەڕیوەتەوە
پاڵەوان چەندین قەڵای داگیرکرد
**
پاڵەوانێک
لەماڵێکی سادە
لەدایک و باوکێکی سادە
لە گوندێکی سادە
لە( بە حرکە )یەکی سادە تر(١)
بە سادەیی پێی خستە سەر زەوێ
بەسادەیی زمانی گرت
بە سادەیی گەورەبوو
بەسادەیی زمانی دایک و باوکە سادەکەی فێر بوو
هه ر بە سادەیی
بە بەرزترین پلەی بەرزیی گەیی
**
پاڵەوانێک
زمان..نا
بنزاری بنزار
بنزاری دایک و باوکە سادەکەی
کرد بە چەکی ژیا ن
بە چەکی بەرگری
بە چەکی تێکۆشان
پاڵەوان ئەم چەکەی کرد
بە چەکی بەرگری لە میللەتەکەی
بەو چەکە بەگژ داگیرکەر داهاتەوە
**
پاڵەوان ..ئەو زمانە بنزارەی کرد
بەزمانی شیعر
بەزمانی ئەدەب
بەزمانی زانست و لێکۆڵینەوە
لەو زمانە قەڵایەکی دروستکرد
قەڵایەک بەکەس داگیرناکرێ
قەڵایەک بە هیچ کەس ناڕوخێ(٢)
قەڵایەک.. ئیتر بوو بە مێژوو
مێژووێک لەدەرەوی مێژوو
قەڵایەک دەستکردی پاڵەوانێک
پاڵەوانێک لە هیچ پاڵەوانێک نەچوو
پاڵەوانێک لەدەرەوی مێژوو
مێژووێک لە دەرەوەی ڕوودان
پاڵەوانێک
لەسەرەتاوە پرسی بەکەس نەکرد
چاوی لە کەس نەکرد
پشتی بەکەس نە بەستا
پاڵەوانێک لە کەسی نەدەکرد
هه ر خۆی خۆی بوو پاڵەوان
پاڵەوان
پاڵەوانی مێژووێک بوو
لە هیچ مێژووێکی نەدەکرد
پاڵەوانێک
پاڵەوانێکی ئەفسانەیی نەبوو
پاڵەوانێکی بەرچاو بوو(٣)
ئەفسانەیەکی پاڵەوان بوو
پاڵەوانێکی بەرچاو
پاڵەوانێک لە دەرەوەی مێژوو
بەرچاوێک لە دەرەوەی ئەفسانە
ئەو پاڵەوانە
مرۆڤێک بوو لە پاڵەوانیەتی دا
ئەو پاڵەوانە
پاڵەوانێک بوو ڵە مرۆڤایەتی دا
ئەو پاڵەوانە
پاڵەوانێک بوو لە خزمەتکردن دا
ئەو پاڵەوانە
خزمەتکارێک بوو لە پاڵەوانیەتی دا
**
پاڵەوانێک
بەتەنیا هات و
بەتەنیا کاری کردو
بەتەنیاش ڕۆیشت
تەنیاتر لە تەنیایی
جێی هێشتین
بەرەو تەنیاییەکی تر
**
پاڵەوانێک تەنیاو تەنیا
نا .. پاڵەوانێک لەشکری وشەی لەبەردەست بوو
کێوی زمانی لە پشت بوو
پاڵەوانێک خاوەنی دەریای کلتوور بوو
پاڵەوانێک لە خەلوەتی خوێندنەوەو
لە کێڵگەی نووسینە وە
لە خەرمانەی بڵاوکردنەوە دابوو
پاڵەوانێک بەسادەیی ژیا
بە سادەیی دەیخوارد
بە ساەیی دەیپۆشی
بەسادەیی دەژیا
بەسادەیی کاری دەکرد
بەسادەیی داهێنانی دەکرد
بە سادەیی قەڵای وشەی هه ڵنا
قەڵایەک بە هیچ دیکتاتۆرێک داگیرناکرێ
بە هیچ بۆ مبێک ناڕوخێ
پاڵەوانێک چەندین قەڵای داگیرکرد
قەڵای زمان .. بەسادەیی
پاڵەوان پردی لە نێوان زمانەکان دروستکرد
پردی وشە
پردی کتێب ..
پردی وەرگێڕان
پاڵەوانێک بەسادەیی
وەرگێڕانی کرد بە وەرگێڕان
لێکۆڵینەوەی کرد بە لێکۆڵینەوە
پاڵەوانێک .. کۆکردنەوەی کرد بە کۆکردنەوە
پاڵەوانێک .. کۆکردنەوەی کرد بە کتێب
پاڵەوانێک
کە دەچووە مەیدان
لەسەر لبادێکی ڕووت
شانی دەخستە سەر بالیفێکی تووک
لاپەڕەی سپی نە نووسراو
خۆی لە بەردەم نەدەگرت
وەک لە شکرێکی هه ر گیز نە شکاو
**
پاڵەوانێک
پێش ئەوی بمرێ
ئەو مەرگی کوشت
ئەگەر مردن نەمانی – جەستە – یە
ئەو ئاوی زیندووێتی – ناو – ی ڕشت
پالەوانێک پێش ئەوەی بمرێ ئەو مەرگی کوشت
**
پاڵەوانێک
عاشق .. عاشق تر لە هه رچی عاشق هه یە
عاشق بە وشە
عاشق بە کلتوور
عاشق بە زمان
پاڵەوانێک
عاشق ..عاشق تر لە هه رچی عاشق هه یە
عاشق بە نووسین
عاشق بە کتێب
عاشق بە وەرگێڕان
پاڵەوانێک یەکەمجارە- داستانی عەشقی وشە – ی داهێنا
**
پاڵەوانێک
مامۆستای هه موو پاڵەوانان
مامۆستای هه موو مامۆستایان
مامۆستای هه موو نەوەکان
پاڵەوانێک
مامۆستای هه موو پاڵەوانەکان
پاڵەوانی هه موو مامۆستایان
پاڵەوانێک
کۆمەڵگا
مەدالیای شێتی کردە مل
عاقڵانە بەردەوام کاری داهێنانی دەکرد
کۆمەڵگا
گۆشەی تەنیایی بۆ هه ڵبژارد
عاشقانە بەردەوام بە کۆمەڵ کاری دە کرد
**
پاڵەوانێک
مێژوو دروستی نە کرد
ئەو مێژوی دروستکرد
مێژووێک
لە هیچ مێژووێک نەدەچوو
مێژووێک ڕووی نەداوە
مێژووێک نە نووسراوەتەوە
مێژووێک نەخوێندراوەتەوە
مێژووێک لە دەرەوەی مێژوو
**
پاڵەوانێک
چاوی بەسەر لاپەڕەی خوێندنەوە بوو
پەنجەی بە سەر وەرگێڕانی لاپەڕە بوو
دەستی لە گەرمەی چاپ دا بوو
عێزڕائیل بە شێوەی کۆتر نا
بە هه ناسەیەک هه ناسەی مەرگ
لە دەمیەوە چوو
لە لووتیەوە هاتەدەرەوە
پاڵەوانێک هێشتا کاری زۆری مابوو
ئەو پاڵەوانە عەزیزێکی بێگەرد بوو
(گەردی )یەکی پڕ عەزیز بوو(٤)
ئەو پاڵەوانە عەزیز بوو
ئەو پاڵەوانە لەدەرەوەی مێژوو بوو
ئەو پاڵەوانە ( عەزیز گەردی ) بوو
ئەو پاڵەوانە هه ر خۆی خۆی بوو
ئەو پاڵەوانە لە هیچ پاڵەوانێک نەدەچوو
**
تێبینی :
(1) بەحرکە .. زێدی لە دایکبوون و ژیان و نووسین و مەرگی مامۆستایە .
(2) لەم دێرە شێعرەدا بۆنی شیعرێکی (فیردەوسی) دێت کە لە پەسنی ( شاهنامە ) دا دەنووسێ : ( قەڵایەکم لە وشە دروستکردوە بە باوباران لە نیو ناچێ )
(3) بەرچاو : من ساڵانێکە ( بەرچاو ) لە بەرامبەر وشەی (واقیع) دا بەکاردەهێنم .
(4) عەزیزگەردی : مامۆستا هه رچەندە نازناوی ( گەردی) لە ناوی ئەو عەشیرەتەوە وەرگرتووە کە خۆی سەربەو عەشیرەتەیە ، بەڵام؛ بە هیچ شێوەیەک لە ژیانی دا (خانی) مەزن گوتەنی: ( تەعەسوبی عەشیریی ) نەبووە، هه میشە مرۆڤێکی کورد بووە .
(5)
**