گەمەی ملیشیا چەکدارەکان لە عێراقی کۆماری و فیدراڵیدا.. کەریم قادر
لەدوای ڕووخانی سیستمی پاشایەتی و ڕاگەیاندنی سیستمی کۆماری، هەر لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسمی یەکەم سەرکۆماردا تا بەئێستا دەگات، لەعێراق هەر جارەی بە بیانوویەک لەپاڵ سوپادا ملیشیای چەکدار دروستکراوە. پاساوەکانی دروستکردنی ئەو ملیشیانە کە لەلایەن دەسەڵات دەهێنرانەوە، هەرچیەک بووبێت، بەپلەی یەکەم بۆ پاراستنی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردن و بێدەنگکردنی شەقام بووە، چونکە هەرهەموویان بێ جیاکاری بەرانبەر نەیارانی دەسەڵات، یان ئەوەی پێی دەگوترێ ئۆپۆزیسیۆن؛ ستەمکاربوونە و خۆشیان لەسەرووی سوپا دەبینی و پێیانوابوو هیچ هێزێک ناتوانێت بیانهەژێنێ، وەک ئەوەی چەکدارە هاوسۆزەکانی قاسم دەیانگوتەوە؛ “تا پەت هەبێت، کەس ناتوانێ حکومەت بڕوخێنێ”، بەڵام ئەوەتە لە زەوینەی واقیع هیچ یەکێک لە ملیشیا چەکدارەکانی پاڵ سوپا نەماون، بێجگە لە حەشدی شەعبی کە نەمانی، یان هەڵوەشانەوەی گووشارێکی زۆری لەسەرە بەپاساوی ئەوەی ” دەبێت چەک تەنیا بەدەستی دەوڵەتەوە” بێت.
لەم سۆنگەوە بابەتی گەمەی ملیشیا چەکدارەکان دەخوازێ بەکورتی هەم باس لە هۆکاری دروستکردنیان، هەم باس لەپاساو و ڕەفتارە هاوشێوەکان و هەڵوەشانەوەیان بکەین کە دوجار دەسەڵات بەهۆکارگەلێک خۆی ناچار دەبێت، بڕیاری هەڵوەشانەوەیان بدات، یان زەوینەی هەڵوەشاندنەوەیان بڕەخسێنێ، تەنانەت هەندێ لەسەرانیشیان دەستگیر بکات و بداتە دادگا بۆئەوەی بە سزای خۆیان بگەن.
پارێزەرانی شۆڕش (حماية الثورة).
دوای ئەوەی عەبدولکەریم قاسم بەیارمەتی چەند ئەفسەرێک کە خۆیان بەئازادیخواز دەناساند و لەبنەڕەتدا لە تێکەڵەیەک لە چەپ و ناسیونالیست و شۆڤینی پێکهاتبوو، کودەتای سەربازی بەسەر ڕژێمی پاشایەتی کرد و سەرکەوت، هەرزوو حزبی شیوعی عێراقی خۆی لەو کودەتایە بەخاوەن کرد و بەشۆڕشی ١٤ی تەمووزی ناوزەد کرد. سەرەتا یەکەم سەرکۆماری عێراق چەند کارێکی سیاسی و خزمەتگوزاری دروستی هەم لەبارەی پێناسەکردنی عێراق، هەم بۆ هاووڵاتیان ئەنجامدا، بەڵام لەبەرئەوەی عێراق بەسروشتی دانەمەزراوە، بەڵکو بەرهەمی خوێن و لێکدانی سێ ویلایەتی تایبەتمەند جودابووە، بۆیە گشت حزب و حوکمڕانەکانی ئەوەندەی بەتەنگ تۆڵە و قایمکردنی پێگەی خۆیان بوونە، ئەوەندە بەتەنگ خزمەتکردنی گەلان عێراقێکی تەبا لەناوخۆدا نەبوونە، هەر بۆیە بە یەکێک لەو وڵاتانە هەژمار دەکرێ کە زۆرترین کودەتای سەربازی تێیدا ئەنجامدراوە.
ساڵی ١٩٥٩ حزبی شیوعی عێراقی ملیشیایەکی دەستکراوەی چەکداری بەناوی پارێزەرانی شۆڕش دروستکرد، بە حەز و ئارەزووی خۆی بێئەوەی بۆ دەزگای پۆلیس، یان سوپا بگەڕێتەوە، بازگەی دادەنا و خەڵکی دەستگیر دەکرد و دەکوشت، تەنانەت ڕەفتارە بێمنەتەکانی وایکردبوو لەلایەن چەند لایەنێکەوە گومانی لێ بکرێ کە ئەگەر هەیە بە تۆبزی و بە زەبری هێز دەسەڵات لە دەست قاسم دەربهێنێ.
کاتێک یەکەم سەرکۆمار، جێ پێی خۆی قایمکرد، تاڕادەیەک کارە باشەکانی، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە یاسای چاکسازی کشتوکاڵ و دابیکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەخۆڕاییکردنی خوێندن هەبوو، لەڕێگەی ئەو دروشمەوە “ماكو زعيم إلاّ كريم” ئەویان کردبوو بە “الزعيم الأوحد”، ئەویش مرۆڤە بە بایەک بە هەلەکەسەما دەکەوێ، ئیدی بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی هێندە پێویستی بە شیوعیەکان و هاوبەشەکانی نەمابوو، بەڵکو زیاتر کاری بۆ ڕاگرتنی دڵی ناحەزانی دەکرد، بەتایبەتی ئەوانەی چاویان لە دەسەڵات بوو، سەرەتا لە کەنیسەیەک لە گەڕەکی کەڕادەی شەرقی وتارێکی ئاگرینی دژ بە چەکدارانی پارێزەرانی شۆڕش دا و خۆی لەو ملیشیایە بێبەری کرد، تەنانەت سەرکۆنەی ڕەفتارە ئاژاوەگێڕییەکانیشی کردن کە لە مووسڵ و کەرکووک دژ بە خەڵکیان ئەنجامدابوو. ئیدی ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی چەکدارانی حیمایەی شۆڕش دەستی پێکرد و ڕادەستی نزیکترین بنکەکانی پۆلیش دەکران بۆئەوەی لەسەر ڕەفتارەکانیان سزای خۆیان وەربگرن، بەڵام سیاسەتی دڵڕاگرتنی نەیارەکانی نەبووە هۆی ئەوەی ناحەزەکانی کار بۆ لادان و ڕووخانی نەکەنەوە، ئیدی ئەوەبوو لەڕێکەوتی ٨ی شوباتی ١٩٦٣ لەلایەن بەعسی و ناسیونالیستەکانەوە، چۆن ئەو بنەماڵە و دەستوپێوەندەکانی پاشای عێراقی خەڵتانی خوێن کرد، ئەوانیش ئەویان لە خوێن گەوزاند کە ئەو لەخوێنگەوزاندنە تۆمارێکی کۆنی عێراقیانە، دواتریش بۆی لە خۆیان دەدەن.
حەرەس قەومی
لەدوای کودەتای ٨ی شوباتی ١٩٦٣، لەپێناو بەهێزکردنی دەسەڵات بەسەر شەقامی عێراقی، لەپاڵ سوپا ملیشیایەکی چەکدار بەناوی حەرەس قەومی لەلایەن بەعسییەکان هاتە دامەزراندن. لە ڕێکەوتی ١٨ی ئایاری ١٩٦٣ بە دەرکردنی بڕیاری ٣٥ی ساڵی١٩٦٣ (ئەو بڕیارە لە ١٤ ماددە پێکهاتووە و لەژمارە 809 ی ڕۆژی 2 -6 -1963 لە وەقائیعی عێراقی بڵاوکراوەتە) ڕوویەکی یاسایی بەو ملیشیایە درا. کۆنترۆڵی جووڵەی ئەو ملیشیا چەکدارییە لەژێر سەرکردەکانی حزبی بەعس بە فەرماندەیی مولازی دووەم مونزر ئەلونداوی بوو، دواتر پلەی موقەدەمی پێ بەخشرا.
زۆرینەی چەکدارەکانی ئەو ملیشیایە لە هەرزەکاران و قەبیلەکانی عەرەبی سونە پێکهاتبوو، هاوشێوەی چەکدارانی پارێزەرانی شۆڕش بە حەزو ویستی خۆیان بازگەیان دادەنا و هەر کێیەکیان بویستبا دەستگیریان دەکرد و ئەشکەنجەیان دەدا، سەرانەوەرگرتن لە خەڵکی لاشەڕ ببووە کاری ڕۆژانەیان، تەنانەت لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لەگەڵ ناوچە عەرەبنیشینەکان دەستیان لە کوشتن و داگیرکردنی موڵکوماڵی کورد نەدەپاراست کە لە دەشتی قەراج و کەندێناوەی سەر بە پارێزگای هەولێر بەساڵی فەرهود بەناوبانگە.
گرووپە ناسیونالیستە جۆراوجۆرەکان بەسەرکردایەتی عەبدولسەلام محەمەد عارف کە زۆرینەی کودەتاچییەکانیان پێکدەهێنان و باڵادەستی تەواویان بەسەر سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی عێراقەوە هەبوو، کاتێک بینیان ئەو ملیشیایە هەڕەشە لە پێگەیان دەکەن، لە ڕێکەوتی ١ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٣ عارف بە مەبەستی لاوازکردنی کوتلەی ڕاستڕۆی حزبی بەعس، بڕیاری کارکەنارکردنی مونز ئەلونداوی لە فەرماندەیی حەرەس قەومی دا و لە جێگەیدا عەبدولستار عەبدوللەتیفی دانا.
عەبدولسەلام عارف هەر بەوە نەوەستا، بەڵکو زۆر بە چڕی و بایەخەوە چاودێری ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی حەرەس قەومی دەکرد. سەرەنجام فەرمانی بەسوپا کرد تۆوی حەرەس قەومی ببڕێتەوە، ئەو ئەفسەرانەی سوپا کە لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی ئەو ملیشیایە بەگومان بوون و خەونیان بە لەناوبرنی دەبینی، ئێوارەی ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣ بە پشتیوانی تانک و زرێپۆشەوە هەڵیانکوتایە سەر بارەگای گشتی ئەو ملیشیایە و بۆ دوای نیوەڕۆی ١٨ی مانگ تۆزیان پێکرد و زۆربەی سەرکردەکانی حزبی بەعسیان دەستگیرکرد کە ئەحمەد حەسەن بەکر لەسەروویانە بوو. هەر بەم بۆنەیەوە سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٨ی مانگ عەبدولسەلام لە بەیاننامەیەکدا موژدەی لەناوبردنی حەرەس قەومی ڕاگەیاند کە ئەو بە حەرەسی ناقەومی ناوی بردن.
فدائيو سەدام
لە ڕێکەوتی ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٤ لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتی بەعس بەگشتی و پێگەی سەدام حوسێن بەتایبەتی بە پێشنیازی عودەی سەدام هاتە دامەزراندن، سەرەتا لە ١٠ هەزار تا ٢٥ هەزار کەس پێکهاتبوو، دواتر لە ساڵی ١٩٩٨ ڕێکخراوێکی دی لەو ملیشیا چەکدارە جوداکرایەوە بەناوی ئەشبال سەدام (بەچکە شێرانی سەدام) بەمەبەستی ئامادەکردن و ڕاهێنانی مێردمنداڵی تەمەن لە ١٠-١٥ ساڵیدا، زیاتریش لە قوتابیانی قۆناغی ناوەندی پێکهاتبوو. ئەم ملیشیایە فیدائیو سەدام لەلایەن عودەی سەرپەرشتی دەکرا و بەشێک نەبوو لە سوپای عێراقی، بەڵکو ڕاستەوخۆ سەر بە سەرکۆماری عێراق بوو و لە ڕێگەی عودەوە فەرمانەکانی لەسەدام حوسێن وەردەگرت. ئەوانە جلوبەرگی ڕەشیان لەبەردەکرد لەسەر قۆڵی ڕاستیان لۆگۆی فیدائییان دەبەست و لەسەر قۆڵی چەپەش ئاڵای عێراق.
مەبەست لە دامەزراندنی ئەو ملیشیایە، هەرچەندە بەناوی بەرگریکردن لە وڵات بوو، بەڵام زیاتر بۆ کۆنترۆڵکردنی بەغدا و بەرگریکردن لە دەسەڵاتی بەعس بوو، چونکە دوای سەر لەدوونانی سوپای عێراق لە کوێت و بێزاری پلەدارە باڵاکانی سوپا لە ڕەفتارە دیراسەت نەکراوەکانی سەدام، ئەگەری ڕاپەڕین و کودەتا لە ئارادا هەبوو.
لەسەروبەندی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ملیشیای فیدائیو سەدام تەکەزیان زیاتر لەسەر بەغدا بوو، بۆ خۆشاردنەوە لە هێزەکانی ئەمریکا جلوبەرگی مەدەنیان لەبەردەکرد و لەپەناوە بەناوی مقاوەمەی شەعبی پەلاماری هێزەکانی ئەمریکایان دەدا و بەشداریان لەشەڕی فڕۆکەخانە و پردی دیالە و ئەعزەمیە کرد. دواتر خۆیان لەبەر زەبری هێز و ئاگری سوپای ئەمریکا نەگرت و چەکەکانیان فڕێ دەدایە ناو نزیکترین زبڵخانە و خۆیان ڕزگار دەکرد.
حەشدی شەعبی
لە ڕێکەوتی ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ بەبڕیاری زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستەی حەشدی شەعبی بە هێزێکی نیزامی عێراقی دانرا. بنەمای دامەزراندنی ئەو ملیشیا چەکدارە بۆ (فتوى الجهاد الكفائي) ڕابەری باڵای نەجەف ئایەتوڵا عەلی سیستانی دەگەڕێتەوە کە ئەوکات ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ڕوبەرێکی فرەوانی لەژمارەیەک پارێزگای عێراق لەباکوری بەغدا داگیرکردبوو. واتە مەترسی لەسەر کەوتنی بەغدا بە دەستی داعش دروست ببوو. پێکهاتەکەی سەرەتایی لە هەندێ گروپی چەکداری مەزهەبی شیعە پێکهاتبوو و دەستەی سەرۆکایەتییەکەی هاوشێوەی حەرەس قەومی کە تەنیا لە بەعسیەکان پێکهاتبوو، سەرکرادایەتی ملیشیای حەشدی شەعبیش تەنیا لەشیعەمەزهەبەکان پێکهاتووە کە تا ئێستاش هەر لەلایەن سەرکردە شیعەکانەوە سەرۆکایەتی دەکرێ، بەڵام بۆئەوەی دامەزراندنەکەی لەگەڵ دەستوور بێتەوە و هاوشێوەی حەرەس قەومی ڕەوایی یاسایی وەربگرێ، لە بڕگەی سێیەمی مادەدەی یەکەمی یاسای حەشدی شەعبیدا هاتووە: “هێزەکانی حەشدی (شەعبی) لە پێکهاتەکانی گەلی عێراق پێکدێت، کە گەرەنتیکردنی جێبەجێکردنی ماددەی (٩)ی دەستوور بێت”.
سەرەتا ئەو ملیشایە تەنیا لە کەتایبی حزبوڵا، عەسایبی ئەهلی حەق و ڕێکخراوی بەدر و هێزەکانی شەهید سەدر پێکهات، بەڵام دوای فەتواکەی مەرجەعی باڵا فرەوانتر بوو، چونکە مەبەستی دیکە لەپشت دامەزراندنیدا هەبوو کە بەپێی زانیارییەکان ئێستا لە ٦٨ گروپی چەکدار پێکهاتووە و لەلایەن هەندێ دەوڵەت هەندێک لە گروپەکانی ئەو ملیشیایە بە تیرۆریست هەژمار دەکرێن و هەشبوون ستایشی ڕۆڵەکەیان دەکرد.
بەوپێیەی بنەمای پێکهێنانی بۆ فەتواکەی عەلی سیستانی دەگەڕێتەوە، بەڵام ڕەفتارە توندوتیژەکانی بەرانبەر پێکهاتەکانی دیکەی ئەو گروپانە مەرجەعی باڵای ناچار کرد ڕاسپاردەیەکی ٢٠ خاڵی دەربکات کە پێویستە بەگوێرەی ئاکاری ئیسلامی مامەڵە لەگەڵ خەڵک بکەن، بۆئەوەی ڕەواییە یاساییەکە لەدەست نەدەن.
هەرچەندە بنەمای پێکهێنانی بۆ فەتواکە و ڕوبەڕووبوونەوەی داعش دەگەڕێتەوە، بەڵام کەس ناتوانێ نکۆڵی لەوە بکات کە بووەتە چەکی دەستی ئێران و ئێستا خاوەنی کۆمەڵێک درۆن و مووشەکی دەستکردی ئێرانە. لەلێدوانێکیدا لەڕێکەوتی ٢٢ی تەمووزی ٢٠١٥ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان یان کۆبیچ ئاماژەی بە ڕۆڵی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد، بە گوتەی چاودێران ئەوە دانپێنانە بە شەرعیەتی ئەو ملیشیایە. هەروەها لەڕێکەوتی ١٢ی ئاداری ٢٠١٦ کونسوڵی ئەمەریکا وۆکەر سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاری سەدری لە بەسرا کرد و بریندارانی ئەو ملیشیایەی بەسەرکردەوە و خەڵاتی بە بریندارەکان بەخشی. بەڵام لەلای دیکەوە وڵاتانێکی عەرەبی هەن ئەو ملیشیایە بە داعشێکی دیکە دەبینن و بەهەڕەشەیەکی جدی سەر سەقامگیری ناوچەکەیان دادەنا. وەزیری دەرەوەی ئیماراتی عەرەبی لەڕێکەوتی ٢٦ی شوباتی ٢٠١٦ لەپرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ کۆتایهێنان بە داعس دەخوازێ کۆتایی بە حەشدی شەعبیش بهێندرێت. هەروەها وەزیری دەرەوەی سعودیا لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسان لە پاریس حەشدی شەعبی بە تایفی دانا کە لەلایەن ئێرانەوە سەرکردایەتی دەکرێ و بە نانەوەی ئاژاوەی تایفی تۆمەتباری کرد. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گفتوگانیدا لە سوچی روسیا ئاماژەی بەدا کە ئێران لەڕێگەی حەشدی شەعبیەوە کۆنترۆڵی عێراقی کردووە، بەهەمان شێوە سەرکۆماری تورکیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی جەزیرە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وەسف کرد. بەحرێنیش بە هەمانشێوە بە تیرۆریستی دادەنێت و دەڵی دەبێت سزای بەسەردا بسەپێنرێ.
ئەو ملیشیایە، کە گوایە بەپاساوی ڕوبەڕووبوونەوەی داعش دروستکرا، بەڵام لە خۆپشاندانەکانی ٢٠١٩-٢٠٢١ ڕۆڵی لە دامرکاندنەوەی خۆپشاندانەکان هەبوو کە بەپێی هەواڵەکان نزیکەی ٧٤٠-١٠٠٠ کەس بە گولەی ئەو ملیشیایە کوژارون و زیاتر لە ٣٠ هەزار کەسیش برینداربوونە، واتە بووە ئامرازێکی تۆقێنەر بەدەست دەسەڵات بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕەزاییەکان.
هیومان ڕایتس وۆچ لەڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بە پێشێلکارییەکانی ملیشیای حەشدی شەعبی کردووە، بەتایبەتی لەناوچە سونەنشینەکاندا کە هەندێکیان وەک تاوانی جەنگ وان، هەر پەیوەست بەو پێشێلکاریانە سەرۆکی پێشووتری سی ئائ ئەی دێڤید پەترۆیس لە لێدوانێکیدا کە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست گواستوویەتیەوە گوتویەتی ملیشیاکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە داعش مەترسیدارترن. هەر بەگوێرەی تۆمارەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی ملیشیاکانی حەشدی شەعبی خەڵکی سڤیلیان فڕاندووە و ئەشکنجەیان داوە، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای تکریت. بەپێی هەواڵەکان ژمارەی تاوانەکانی ملیشیکانی حەشدی شەعبی لە ژمارە نایەن، تەنانەت بێجگە لە ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و تاڵانکردنی موڵکوماڵی خەڵک و هاوشێوەی چاخەکانی ناوەراست سووتاندنی خەڵکیشی گرتۆتەوە، بەتایبەتی ئەو پارچە ڤیدیۆیەی گەنجێکی ئەنباری کە لە ٣١ی مایۆی ٢٠١٥ لە ئینتەرنێت بڵاوبوویەوە، تێیدا دەردەکەوێ چەکدارەکان ئەو ملیشیایە کە لۆگۆی کەتایبی ئیمام عەلیان هەڵگرتبوو، چۆن گەنجێک دەسووتێنن و لە شیشی دەدەن.
ئەمانە هەمووی بەسەریەکەوە و هەستکردن بەوەی بۆ گیانی هاووڵاتیانی عێراقی و تێکدانی ڕەوشی ناوچەکە لە داعش مەترسیدارتر دەبن، لەڕێکەوتی ٢٢ی ئابی ٢٠١٩ فڕۆکەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر دامەزراوەکانی کەتایبی حزبوڵا، هەروەها لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێنج هێرشی ئاسمانی کردە سەر دامەزراوەکانی کەتایبی حزبوڵا لە ڕۆژئاوای عێراقدا، ئەم پەلامارەی ئەمریکا وەڵامی بەئامانجگرتنی یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەرکووک بوو. هەر بۆ دانانی ئاستێک بۆ جووڵەکانی ئەو ملیشیایە لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لە هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا هەریەک لە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی ملیشیاکانی حەشدی شەعبی، محەمەد رەزا ئەلجابری، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان و قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی کرایە ئامانج کە تا ئێستاش ساڵانە بۆ سەرکۆنەکردنی هێزەکانی ئەمریکا بەئامدەبوونی بەرپرسانی باڵای عێراق و سەرکردەکانی ملیشیای حەشدی شەعبی ساڵیادی کوشتنیان دەکرێت و بە شەهید ناوزەدەکرێن.
ئەنجام
لە ئەنجامی خستنەڕووی مێژووی ملیشیا چەکدارەکان لە عێراق هەر لە ساڵی ١٩٥٩ەوە تا بەئەمڕۆ دەگات، بەو ئەنجامە دەگەین کە دروستکردنی ئەو ملیشیانە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو پاساوانە نییە کە دامەزرێنەرانی بۆیان هۆنیوەتەوە، بەڵکو تاکە مەبەست لێی کۆنترۆڵکردن و بێدەنگکردنی شەقامی عێراقی و دواجار دەسەڵات بەدەستەوە گرتن بووە، وەک ئێستا دەیبینین، هیچ بڕیارێکی حکومەت بێ ڕەزامەندی ئەو ملیشیا چەکدارە نادرێت و دەرناچێت، بەڵام لە چوارچێوەی ئیتاری تەنسیق وەک کەڤەرێک بۆ شاردنەوەی ئیملائاتەکانی ئەو ملیشیایە دەخرێتەڕوو.
ئێستا لە ئاستی ناوخۆ و دەرەودا گووشارێکی زۆر لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراقە کە ئەم ملیشیایە هەڵوەشێنێتەوە. وەک لەزاری بەرپرسانی فەرمی عێراق بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بە ئاشکرا داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، ئەو ملیشیایە هەڵوەشێنێتەوە و دەبێت چەک تەنیا بەدەست دەوڵەتەوە بێت. لەم سۆنگەوە بە بۆجوونی من باشترین چارەسەر ئەوەیە بە فتوایەکی دیکەی مەرجەعی باڵا بەپاساوی نەمانی پێویستی بە هێزێکی دیکەی چەکداری لەپاڵ سوپای عێراقی، فەتوای هەڵوەشانەوەی بدرێت، ئیدی ئەوکات دەردەکەوێ کە ئایا ئەو ملیشیایە چەکدارە عێراقییە یان ئێرانییە، چونکە مانەوەی بەو دۆخەی ئێستایانەوە هەرەشەیەکی بەردەوامە بۆسەر عێراق.
هەر بۆ وەبیرهێنانەوە و تێگەیشتن لەو هەڕەشە بەردەوامەی سەر عێراق، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاشکرا هەڕەشەی کردووە، ئەگەر سنوورێک بۆ سەرکێشییەکانی ئەو ملیشیانە، واتە بۆ درۆنو مووشەکەکانیەوە دانەنرێت کە لەعێراقەوە ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێن، ئامادەیە خاک و خۆڵیان لە تورەگە بکات. واتە لەناو ماڵی خۆیان چ دکرێکی بەحەماس و حزبوڵای لوبنان کرد، زۆر لەوە خراپتریان پێ بکات.
ئەمانە هەمووی بەسەریەکەوە لەگەڵ لێکەوتەکانی ڕووخانی ڕژێمی بەسار ئەسەد بەسەر ئێران و ترسی هێزە ناوخۆییەکانی دیکەی شیعە وایکردووە بیر لەڕێگەچارەی هەڵوەشانەوەی بکرێت، چونکە ئێران کە پشتیوانکار و هەڵسوڕێنەری سەرەکی ئەو ملیشیایە، بەڵام نایەوێ بەهۆی لێدانی ئەوانەوە شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لە سنوورەکانی نزیک بکەوێتەوە و پڕیشکی بەرکەوێت. چونکە باش دەزانێت، هەر دەبێت ئەو ملیشیایە هەڵبوەشێتەوە، هەڵوەشانەوەکەشی یان بە بڕیارێکی پاڵپشت بە بەکارهێنانی هێز دەبێت لەلایەن سوپاوە، وەک ئەوەی عەبدولکەریم قاسم بەرانبەر پارێزەرانی شۆڕش کردی، یان هاوشێوەی بڕیارەکەی عەبدولسەلام عارف دژ بە ملیشیا چەکدارەکانی حەرەس قەومی کە لەژێر کۆنترۆڵی بەعسیەکان بوو، یان پاڵپشت بەهێزی دەرەکی وەک ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ بەرامبەر فیدائیو سەدامی کرد. ڕەنگە بەکارهێنانی سوپا لە عێراق دژ بە ملیشیکانی حەشدی شەعبی تاڕادەیەک بەدوور ببینرێ، بەڵام ئەگەر ڕەفتاری گەلی عێراق بە نەزەر وەربگرین، هیچ دوور نییە، چونکە عێراق گەلێکە حەزی بە خوێنڕشتنە، تا گفتوگۆ و سەرکردەکانیشی بۆ پاراستنی خۆیان حەز بە خوێنڕشتن دەکەن.
بەڵام ملیشیای حەشدی شەعبی لەبەرئەوەی ئێران خۆی پەروەردەی کردوون و پڕچەکی کردوون کە بەداخەوە زۆرێک لەو چەکانەی ئەمریکا و هاوپەیمانان بە سوپای عێراقیان دەدا بۆ شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، زۆربەی هەرە زۆری لە دەست ئەو ملیشیایە بوو بە تانکی ئەبرامزیشەوە کە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بە ئامانجی داگیرکردنی هەولێری پایتەخت دژ بە پێشمەرگە بەکارهات.
بەپێی لێکدانەوەی هەواڵەکان بێت، عێراق بە هەڵوەشانەوەیان قایل بووە، تەنانەت دوا سەردانی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودس و سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران پەیوەندی بە شێوازی هەڵوەشانەوەکە هەیە، چونکە ئێران لەلایەک ناخوازێ بە پاساوی لێدانی گرووپە جەکدارەکانی عێراق شەڕ لە سنوورەکانی نزیک بکەوێتەوە، لەلایەکی دیکەوە نایەوێ ئەو هێزەی بەیەکجارەکی لەدەست ببێتەوە. چونکە لەوە گەیشتووە کە دوای نەمانی ئەو ملیشیانە ڕاستەوخۆ خۆی دەبێتە ئامانج، بۆیە ڕەنگە بەهەموو لایەک(عێراق، ئێران و ئەمریکا) بە پێچەوانەی هەڵوەشانەوە و لەناوبردنی ملیشیا چەکدارەکانی دیکەی عێراق کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداون، ڕێوشوێنێکی نوێ لەناو سوپا و دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەشێک لە چەکدارەکانی ملیشیای حەشدی شەعبی بدۆزرێتەوە کە بەهۆیەوەی بۆ ماوەیەک جۆرێک لە ئۆقرەیی پەیدا ببێت، چونکە بەلای ئەمریکاوە ڕەفتارەکان گرنگ نین، بەڵکو ئەوە گرنگە بێجگە لە دەوڵەت هیچ هێزێکی دیکە چەکی بەدەستەوە نەبێت. ئەگەر وەک ئەوەی بۆی چووین چارەسەرەکە نە شیش بسووتێ نە کەباب بێت، دوورنییە ئەو گروپە دەست بەخوێن سووربووانە لە ئایندەدا دەست بەسەر زۆربەی جومگە سەرەکییەکانی عێراقدا بگرن و خۆیان وەک حزبێکی سیاسی نمایش بکەن. بۆیە نابێت لەو پرسەدا بۆ لەڕەگەوە دەرهێنای دومەڵەکە شێوازی گولاج بەکارهێنان، جێگە بە نەشتەرگەری بگرێتەوە.