Skip to Content

ئایا ناسیونالیزمی ئایینیی کوردی هەیە؟.. نووسینی: عەتا قەرەداخی

ئایا ناسیونالیزمی ئایینیی کوردی هەیە؟.. نووسینی: عەتا قەرەداخی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 17, 2021 General, Opinion


مەبەست لە ناسیونالیزمی ئایینی کوردی چیە؟ ئایا دەشێت لە کۆمەڵگای کوردیدا ناسیونالیزمی ئایینی پێکبێت و بتوانێت ببێتە هەڵگری گوتاری دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی؟ ئایا ئەگەر ناسیونالیزمی ئایینی کوردی دروست بێت، پایەکانی بنەما رۆحی و عیرفانی و تەسەوفیەکانی ئیسلام دەبێت، یان لە ئیسلامی سیاسیەوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئایا کامیان پێگەیەکی بەهێزتریان هەیە لە کۆنەستی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردیدا، ئیسلام وەکو پەیام، یان ئیسلام وەکو سیاسەت؟ ئاشکرایە ئیسلام وەکو پەیام و وەکو ئایینی خەڵک لەسەردەمی فەتحی ئیسلامیەوە گەیشتووەتە کوردستان و بووەتە ئایینی خەڵک. بەڵام ئیسلامی سیاسی مێژوویەکی کورتی هەیە لە کوردستاندا.
لە دوای دروستبوونی ئیسلامی سیاسی بە تایبەتی ئیخوان موسلیمین لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی رابردوودا لە میسرو بڵاوبوونەوەی لە نیشتیمانی عەرەبیدا لە ناویشیاندا عێراق، وادەردەکەوێت لە ڕیگای عێراقەوە بیرو ئایدیۆلۆجیاو رێکخستنی ئەم رێکخراوە لە شەستەکانی سەدەی رابرددا گەیشتبێتە باشوری کوردستان و لە ساڵی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، بە تایبەتی بە کاریگەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەم لە کوردستاندا و هەم لە جوگرافیای سونەی عێراقدا شوێنکەوتوانی ئیخوان زیاتر پەرەیان سەند. هاوکات لە جوگرافیای شیعەی عێراقدا پارتە سیاسیە شیعەکان کە راستەوخۆش سەربە ئێران بوون پەرەیان سەند. لە باشوری کوردستان لە ساڵانی هەشتاکاندا، پارتی ئیسلامی دەستی دایە چەک و شانبەشانی پارتە سیاسیە کوردیەکان لە شاخ بوو. بێگومان سەرباری ئەوەی کە ئەم پارتە ئیسلامیە ئیلهامی لە ئیخاون موسلیمینەوە وەرگرتبوو، پارتێکی سونەی ئیسلامی بوو، بەڵام پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ئێراندا هەبوو. هەر بە کاریگەری کۆماری ئیسلامی و لەگەڵ ئەو رابوونەوە ئیسلامیەی کە لە چارەکی دوایی سەدەی بیستدا سەریهەڵدا، نەک هەر کوردستان بەڵکو شەپۆلی رابوونەوەی ئیسلامی تورکیایشی گرتەوەو پارتی رەفای ئیسلامی تورکی دروستبوو. لە سەروبەندی شۆڕشی ئیسلامیدا حیزبوڵای کوردی لە باکوردی کوردستان دامەزرا..حیزبوڵای کوردی سەربە مەزهەبی سونەن، دامەزراندنیان لە ساڵی ١٩٧٩دا، بەشێوەیەکی لەبەرچاو بە کاریگەری شۆڕشی ئیسلامی بوو. لە ساڵانی ١٩٩٠ەکاندا زۆر نزیکبوو لە حکومەتی ئێرانەوە(١)..لە پاڵ شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا، پەرەسەندنی لقی کوردی ئیخوان موسلیمین لە سوریاو، رووداوە تووندوتیژەکانی حەمای سوریا لە ساڵی ١٩٨٢ دا و رابوونەوەی ئیسلامی جیهانی راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پێگەی حیزبوڵای کوردی لە تورکیا هەبووە(٢). لە ساڵی ٢٠٠٠ دا، پۆلیسی تورکیا حیزبوڵای کوردی هەڵوەشاندەوە، کە تاوانبارکرابوو بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی(٣). لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم پارتە ئیسلامیە پارتێکی تر لە پاشماوەو زیاتر رێخستنەکانی ئەم پارتە دروستبوو بە ناوی هوداپار کە ئەمیش سەربە ئێران بوو.

بەرنامەکەی دوو پایەی هەبوو قورئان و نەریت(٤). بۆچوونی لەوجۆرە هەبوو لە باکوری کوردستان کە دەیگوت ئەو پارتە سیاسیانەی کە لەوێ دروستبوون چەپ و عیلمانین و هێچ کام لەوانە نوێنەرایەتی کوردی مسوڵمان ناکەن و ئەوەش وادەکات کە لە هەڵبژاردندا رووبەرێکی فراوان لە کوردی مسوڵمانی کۆنەپارێزو نەریتی دەنگ بە پارتی دادو گەشەپێدان بدەن، بۆیە ..پێویستبە دامەزراوەیەک هەبێت کە پێکەوە دەنگ بە چارەسەری ئیسلامیانە بدات و پشتگیری کوردو بەرەی کوردایەتیش بکات(٥). لە شاڵاوی هەڵبژاردنی پەرلەماندا ساڵی ٢٠١٥، سەیت شاهین لە بەردەمی خەڵکدا گوتی: ئێمە دەمانەوێت داوای پشتگیری بکەین بۆ ئەوەی ببینە دەنگی ئیسلام لە پەرلەماند(٦). بێگومان حیزبوڵای کوردی و هوداپاریش وەکو دوو پارتی ئیسلامی بەردەوام لەگەڵ پارتە کوردییەکان بە پارتی کرێکاران و پارتە مەدەنیەکانی تریشەوە ناکۆک بوون و دوژمنایەتیان دەکردن و ناڕاستەوخۆ لەبەر دژایەتی پارتە کوردیەکان بوونەتە هاوپەیمانی پارتە ئیسلامیە تورکەکانی وەکو پارتی سەعادەت و پارتی دەنگی خەڵک و پارتی دادو گەشەپێدان کە پارتی فەرمانڕەواو خاوەن دەوڵەت بوو.

بەئاشکرا دیارە کە ئەم دوو پارتە سیاسیە ئیسلامیەی لە باکوردی کوردستان و لەناو کۆمەڵگای کوردیدا دروستبوون بە پلەی یەکەم ئیسلام بوون و وەکو خۆیان دەڵێن ویستوویانە نوێنەرایەتی ئیسلام بکەن لە پەرلەمانی تورکیادا، یان چارەسەری ئیسلامیانە بۆ کێشەکان بدۆزنەوە، دیارە مەبەست لە کێشەی کوردیشە. ئەگەر ئەم پارتە ئیسلامیە کوردانە بەرنامەیان نوێنەرایەتیکردنی کوردی مسوڵمان بوایە لە پەرلەمانی تورکیا، یان بەرنامەی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی ئیسلامی کوردییان هەبووایە، هەرچۆن پارتی دادو گەشەپێدان و پارتە ئیسلامیە تورکەکانی تر زیاتر لە ناسیونالیستی عیلمانی تورک پارێزەری دەوڵەتی نەتەوەیی تورکن و هەرچۆن شیعەی ئیسلامی دەوڵەتی شیعەی ئێرانی دامەزراندووەو تەشەیوع و ئێرانیبوون و لە پشتی ئەوەشەوە فارسیبوون و پاراستن و بەهێزکردنی ئامانجی سەرەکیەتی. ئەگەر ئەم پارتە ئیسلامیە کوردانە بەرنامەی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی کوردییان هەبووایە، ئەوا مانای ئەوەبوو کە ئەمانە ناسیونالیزمی ئایینی کوردین. بەڵام لە راستیدا ئەم دوو پارتە ئیسلامیەی باکوری کوردستان دوو پارتی پان ئیسلامی بوون و نەک بە ئاراستەی کوردبوون یان بەکوردی کردنی گوتاری ئیسلامی هەنگاویان نەناوە بەڵکو بە ئاراستەی بە ئیسلامیکردنی کوردو تواندنەوەی کورد لەناو ئەوانی ئیسلامدا کاریان کردووە. بە مانایەکی تر ئەم پارتە ئیسلامیە کوردییانە نەک هەر لە چوارچێوەی ناسیونالیزمی ئایینی کوردیدا جێگایان نابێتەوە، بەڵکو بوونیان کاریگەری نەرێنی لەسەر گوتاری کوردی و کاوازکردنی هەبووە.

ئاشکرایە لە ڕێگای گەیشتنی بیرو ئایدیۆلۆجێاو رێکخستنی ئیخوان موسلیمین بۆ عێراق، ئیسلامی سیاسی گەیشتتوەتە کوردستان و شوێنکەوتووان یان لایەنگرانی ئیخوان لە باشوری کوردستانیش پەیدابوون. لە دوای روخاندنی میرنشینەکانەوە، قۆناغێک دەستیپێکرد کە شێخ و سەیدەکان بە تایبەتی شێخەکانی هەردوو رێبازی نەقشنەندی و قادری یان سەیدەکانی عەلەوی رابەرایەتی راپەڕینەکانیان لە کوردستاندا کردووەو راپەڕینەکانیش بەو ئەندازەی پاڵنەری نەتەوەیی لە دوایانەوە بووە، ئەوەندەش پاڵنەری ئایینی کە مەبەست ئایینی ئیسلام و رێبازەکانی تەسەوفی ئیسلامیە لە پشتی ئەو راپەڕینانەوە بووە. تا گەیشتنی کاریگەری ئیسلامی سیاسی بە کوردستان، ئیسلام زیاتر لەوەی بەرنامەی سیاسی بووبێت، ئایینی کۆمەڵگا بووە. واتە کۆمەڵگای کوردی کە شوێنکەوتووی ئایینی ئیسلام بووە، کۆمەڵگایەکی دابڕاو نەبووە لە ئایین، بەڵکو لە ئاستێکی بەهێزدا ئایین تیکەڵاوی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەم کۆمەڵگایە بووە. بەڵام ئەوەی پێێ دەگوترێت ئیسلامی سیاسی لە کۆمەڵگای کوردیدا مێژوویەکی تازەی هەیەو سەرەتاکەی وەکو رابوونەوەی ئیسلامی لە کۆمەڵگای کوردیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو، کە پارتی ئیسلامی و تەنانەت بزوتنەوەی چەکداری ئیسلامیش لە کوردستان دروستبوو. بێگومان هۆکارێکی گرنگی دەرەکی کە رۆڵی گرنگی بینیووە لە دروستکردنی پارتە ئیسلامیە سیاسیەکانی ناوچەکەدا، دروستبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو لە ساڵی ١٩٧٩دا.

لە پەیڕەوی ئەم پارتە ئیسلامیەدا ئەوە هاتووە کە بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان وەکو یەکەم بزوتنەوەی ئیسلامی چەکدار لە باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٨٧ دا دەرکەوت. هەرچەندە پێشتر رێکخراوی (پەیوەندی ئیسلامی) هەبوو کە شێخ محەمەدی بەرزنجی دروستیکردبوو، دواتر لەگەڵ بزوتنەوە تێکەڵاوبوو. بزوتنەوەی ئیسلامی، بزوتنەوەیەکی پەروەردەی جیهادی ئیسلامیە، لەسەر پەیڕەوی ئەهلی سونەت و جەماعەت کاردەکات بۆ چەسپاندنی فەرمانڕەوایی شەریعەتی ئیسلام و مافە ئیسلامیەکان لە کوردستاندا. پاشان لە ساڵی ١٩٩٩بزوتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ بزوتنەوەی راپەڕین یەکیانگرت و بزوتنەوەی یەکبوونیان پێکهێنا. بەڵام ئەم یەکبوونە درێژەی نەکێشاو بزوتنەوە دابەشبوو بۆ سێ بەش کە یەکێکیان بە ناوی بزوتنەوەوە مایەوە، ئەوانی تریش بریتیبوون لە کۆمەڵی ئیسلامی و جوندولئیسلام. هەڵبەت باڵێکی تریش هەبوو بەناوی باڵێ ئیسڵاح و لەگەڵ جوندولئیسلام یەکیانگرت و ئەنسارولئیسلامیان پێکهێنا. روانینی ئەو بەشانەی لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوونەوە بۆ دۆزی کوردو بابەتی نەتەوایەتی جیاوزنەبوو لەو روانینەی کە هەر لەسەرەتاوە بزوتنەوە هەیبوو کە چەسپاندنی فەرمانڕەوایی شەریعەتی ئیسلامی بوو. بێگومان پەیوەندیەکی ئەوتۆی بە مەسەلەی نەتەوایەتیەوە نەبوو.
کۆمەڵی ئیسلامی کە دوای جیابوونەوەی لە بزوتنەوە، وەکو پارتێکی ئیسلامی کوردی، لە رووی پێگەی جەماوەریی و ئامادەبوونی لە بزوتنەوە بەهێزتر بوو. کۆمەڵ کە ئێستا ناوەکەی گۆڕاوە بۆ دادگەری، ئەمیش پارتێکی ئیسلامی سیاسیەو رێکاری سونەت و جەماعەت جێبەجێ دەکات. هەڵبەت هەرچۆن بزوتنەوە لەژێر کاریگەری کۆماری ئیسلامیدا بووەو تاکو ئێستاش هەربەوجۆرە ماوەتەوە، بەهەمان شێوە کۆمەڵی ئیسلامیش سەرباری پەیوەندی باشی لەگەڵ پارتە ئیسلامیە سونەکانی عێراق، لە ژێر کاریگەری کۆماری ئیسلامی دەرنەچووەو پەیوەندی لەگەڵ ئیرانیش باشەو ئەمیش وەکو پارتێکی ئیسلامی سیاسی گوتارەکەی لەسەر بنەمای ئایین بنیادنراوەو کەمتر رەگەزی کوردبوونی پێوە دیارە.

پارتێکی دیاری تری ئیسلامی سیاسی لە باشوری کوردستاندا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە. یەکگرتوو پارتێکی ئیسلامی سونەیە لە ساڵی ١٩٩٤ دا لە باشوری کوردستان دامەزرا. بە پێچەوانەی بزوتنەوەو ئەوانەی لە بزوتنەوە جیابوونەتەوە، کە لە ژێر کاریگەری کۆماری ئیسلامیدان، یەکگرتوو لەژێر کاریگەری ئیسلامیەکانی تورکیا یان باشتر بڵێین لەژێر کاریگەری پارتی دادو گەشەپێداندایە کە پێشتر عەبدوڵا گویل و ئێستاش رەجەب تەیب ئۆردۆگان کە سەرۆک کۆماری تورکیایە، سەرۆکایەتی ئەو پارتە دایکە دەکات کە یەکگرتوو شوێنکەوتووی ئەوە. دروشمە سەرەکیەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بریتیە لە سیانەی ئازادی، برایەتی، دادپەروەری و بە پێچەوانەی پارتە ئیسلامیەکانی ترەوە یەکگرتوو پارتێکی مەدەنیە و لە قۆناغی شاردا دروستبووەو بە ئەمیندارو زۆرینەی سەرکردەکانیەوە ئایینداری ئەفەندین لەبری چەک قەڵەمیان هەیە. یەکگرتوو دەڵێت پارێزگاری لە ماف و دەستکەوتە دەستورییەکانی کورد دەکات.

کەواتە با لێرەدا بپرسین ئایا گوتاری ئەم پارتە سیاسیە ئیسلامیانەی باشوری کوردستان لە کوێی گوتاری ناسیونالیزمی کوردیدایە؟ ئایا گوتاری ئەم پارتە ئیسلامیە سیاسیانە زیاتر پەیوەندیدارە بە کوردەوە یان گوتاری هەردوو رێبازی قادری و نەقشبەندی؟ ئایا هیچ کام لەم پارتە ئیسلامیانەی کوردستان دەچنەوە سەر رێگای شێخان و رێبەرانی قادری و نەقسبەندی؟ ئایا ئەم پارتە ئیسلامیە سیاسیانە میراتگری مێژووی چواردە سەدەی مسوڵمانێتی کوردن یان لەبەر ئەوەی بە کاریگەری رابوونەوەی ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی ناوچەکە دروستبوون نامۆن بە واقیعی کوردەواری؟ ئایا ئەم پارتە ئیسلامیە سیاسیانە دەتوانن ببنە هەڵگری گوتاری ناسیونالیزمی ئایینی کوردی و بەرنامەی دەوڵەتی ئیسلامی کوردییان هەبێت؟ یان بەکاریگەری ئایدیۆلۆجیای سیاسیان وابەستەی پایتەختەکانی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستە ئیسلامیەکانی کوردستانن؟
ئەگەر سەرنجی پێناسەی ئەم پارتە ئیسلامیانەی کوردستان بدەین، کە بەگشتی وشەی کوردستانیان لکاندووە بە ناوەکانیانەوە، وەها پێناسەی خۆیان دەکەن کە پارتی ئیسلامی سونەن و پەیڕەوی سونەت و جەماعەت دەکەن و لە پێناوی بەها ئیسلامیەکان و ئازادی و دادپەروەری و برایەتیدا تێدەکۆشن. بزوتنەوەی ئیسلامی و ئەوانەی لێی جیابوونەتەوە بۆ چەسپاندنی فەرمانڕەوایی شەریعەتی ئیسلام و مافە ئیسلامیەکان لە کوردستاندا خەبات دەکەن. ئەم دەربڕینە ئەوە نیشان دەدات کە هەڵگرانی ئەم تێڕوانینە کوردستان وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ سەیردەکەن و لەژێر سایەی فەرمانڕەوایەتیەکی عیلمانیدایە، ئەمان دەیانەوێت بیگۆڕن بۆ فەرمانڕەوایەتیەک لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلام بنیاد بنرێت. واتە ئەم ئاراستەیەی پارتە ئیسلامیەکانی کوردستان خۆیان لەوە دووردەخەنەوە کە کوردستان وڵاتێکی داگیرکراو و دابەشکراوەو دەوڵەتانی ئەو سێ نەتەوە لە ئیستادا شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەی دەستوریانەو کەچی هیچ مافێک بە کورد رەوا نابینن و تەنانەت هەر چوار دەوڵەتی ئیسلامی کە کوردستانیان داگیرکردووە، بڕوایان بە جیاوازی ئیتنیکی و نەتەوەیی نیەو لەسەر بنەمای ئایین یەکێتی خاکی نیشتیمانە بە زۆر داڕێژراو و دروستکراوەکانیان کردۆتە بنەما بۆ ئینتیما نەک بنەمای ئیتنیکی. ئاشکرایە گوتاری ئیسلامی گوتارێکی نێونەتەوەییە، بەڵام بەمەرجێک گوتاری نەتەوەی هەژمووندار گوتاری باڵادەست و بڕیاردەر بێت. واتە گوتاری ئیسلامی بۆ عەرەب و تورک و فارس گوتاری ناسیونالیزمی ئایینیەو رەوایەتی داوە بە داگیرکردنی نیشتیمانی کورد لە لایەن دەوڵەتانی ناسیونالیستی ئایینی ئەم سێ نەتەوەوە. کەواتە لە کاتێکدا گوتاری ئیسلامی بۆ ئەو سێ نەتەوەیە گوتاری ناسیونالیزمی ئایینیە، بەڵام بۆ کورد گوتاری کۆڵۆنیالیست یان داگیرکەرە. گوتاری بزوتنەوەی ئیسلامی و ئەو پارتە ئیسلامیانەی تری کوردستان کە لە هەناوی ئەوەوە لە دایکبوون، هەمان بۆچوونی دەسەڵاتی خەلافەتیان هەیەو ئەوان لە بری دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی، دەوڵەتێکیان دەوێت کە فەرمانڕەوایی شەریعەتی ئیسلام و مافە ئیسلامیەکان بچەسپێنێت لە کوردستاندا. ئەوان تێدەکۆشن کە فەرمانڕەوای ئەو دەوڵەتە خۆیان بن. خۆ ئەگەر هاتوو خۆیان نەبوون، بێگومان بەلایانەوە پەسندترە کە عەرەب و فارس و تورکی مسوڵمان فەرمانڕەوایی کوردستان بکەن، نەک فەرمانڕەوایەتیەکی عیلمانی کوردی، تەنانەت ئەگەر ئەو فەرمانڕەوایەتیە تەنیا بە روکەشیش عیلمانی بێت وەکو ئەو عیلمانیەتە رووکەشەی پارتی و یەکێتی. هەر لێرەوە ناکۆکی و شەڕی زۆری نێوان ئیسلامیەکانی کوردستان و دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لەوەوە سەرچاوەی گرتووەو هەر پاساوێکی تر بە ناوی گەندەڵی و نەبوونی دادپەروەری و ئازادی لە سیستێمی فەرمانڕەوایی یەکێتی و پارتیدا تەنیا بۆ شاردنەوەی ئامانجی ناکوردی و ناکوردستانی پارتە ئیسلامیە سیاسیەکانی کوردستانە. ئەگینا پارتە ئیسلامیە سیاسیە چەکدارەکان هەمان شێوەی پارتە کوردیەکان و خراپتریش دەستیان بە خوێنی زۆر لە رۆڵەکانی کورد سورەو لە هەر شوێنێکیش دەسەڵاتیان هەبووبێت، هەموو ئازادیەکیان لەناوبردووەو لەسەر بیرورای جیاوازیش هەتا بواریان هەبووەو توانیوویانە رێگای نادیموکراتی وناشارستانییان لەبەرگرتووە. لە کاتی بێ دەسەڵاتیشدا بەرامبەر رای جیاواز یان رەفتاری نەگونجاو لەگەڵ گوتاری ئەواندا دەنگی ناڕەزاییان بەرزکرۆتەوە.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وەکو پارتێکی ئیسلامی سونە کە دروشمەکانی ئازادی و برایەتی و دادپەروەریە، ئەمیش کوردستان بە ناوەکەیەوە لکێنراوە. بەڵام لە رووی بەرنامەو ستراتیژەوە نابینرێت باسی کوردو سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردی بکات مەگەر بە رووکەش و بۆ راگرتنی هەستی خەڵک. بێگومان ئەمیش هەوڵدەدات دەسەڵاتێکی ئیسلامی سونە لە کوردستاندا دابمەزرێنێت. ئەم پارتە تاکو ئێستا خەباتی مەدەنی دەکات و هەوڵدەدات لە ڕیگای هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی دەنگەوە بگات بەدەسەڵات. بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت پارتە ئیسلامیەکان لە باشوری کوردستاندا لە قۆناغێکدا گەشەیان کرد، بەڵام لە روخاندنی سەدامەوەو بە تایبەتیش لە دەرکەوتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بەرەو لاوازی زیاتر رۆیشتوون و پێدەچێت ئەو زەمینە کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و نێودەوڵەتیەی ئەوان تیایدا گەشەیان کرد و لەبارو گونجاو بوو بۆ بەهێزبوون و جەماوەریبوونی ئەوان، گۆڕانی بەسەردا هاتبێت و بەرەو لاوازبوون چووبێت. هەرئەوەش وایکردبێت لەم هەڵبژاردنانەی دوایدا لیستە ئیسلامیەکان لە رووی دەنگدانەوە پاشەکشە بکەن.
بەهارحاڵ سەرباری نەبوونی خاڵێکی دیار لە بەرنامەو کاری یەکگرتووی ئیسلامیدا سەبارەت بە سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، بەڵام یەکگرتوو دەڵێت پارێزگاری لە ماف و دەستکەوتە دەستوریەکانی کورد دەکات. ئەم خاڵە تا ئەندازەیەک گوتاری یەکگرتوو لە گوتاری ئیسلامیەکانی تری کوردستان جیادەکاتەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی کە لەوە بەئاگاین کە ئیسلامی سونە گوتاری ناوەندی دەسەڵاتی ئیسلامیەو بەوپێیەش پارتە ئیسلامیە سونەکان هەڵگری گوتاری خەلافەتن و ئەوەش مانای هەموو مسوڵمانان بێ رەچاوکردنی جیاوازی ئیتنیکی و نەتەوەیی هاووڵاتی دەوڵەتی خەڵافەتن. ئەم گوتارە لە سەردەمی خەلیفەکانی راشیدینەوە هەتا روخاندنی دەوڵەتی عوسمانی گوتاری باڵادەستی دەوڵەتی خەلافەت بووە. هەر لێرەوە پەیوەندی پتەوی یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتانی ئیسلامی سیاسی سونەدا دەردەکەوێت بۆ نموونە دەوڵەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی پارتی دادوگەشەپێدان کە لەو رووەوە خۆی بە جێگرەوە یان درێژکراوەی دەوڵەتی خەلافەت واتە عوسمانی دەزانێت.

یەکگرتووی ئیسلامی باسی پارێزگاریکردن لە ماف و دەستکەوتە دەستورییەکانی کورد دەکات. لێرەدا دیارە مەبەستی یەکگرتوو ئەو خاڵانەی دەستوری عێراقیە کە گوایە تیایدا دان بە بەشێک لە مافەکانی کورددا نراوە. ئەوەی لە دەستوری عێراقیدا وەکو ماف و دەستکەوتی کورد دیاریکراوە ناوهێنانی عێراقە وەکو دەوڵەتێکی فیدراڵی و داننانە بە کوردستانی پێش نەورۆزی ساڵی ٢٠٠٣دا وەکو دەسەڵاتێکی فیدراڵی. دیاریکردنی ئەو مێژووە واتە نەورۆزی ٢٠٠٣، بۆ ئەوەیە بگوترێت کەرکوک و رووبەرێکی فراوانی باشوری کوردستان سەربە هەرێمی کوردستان نین. یەکگرتوو ئەو مافانە دەپارێزێت کە لەو دەستورەدا هاتوون. بێگومان ئەو خاڵەی ناو دەستوری عێراقی بە فشاری زۆرینەی عەرەب و بە تایبەتی شیعە سەپێندراوەو لە دوای ئەو دەستورەش ئەستەمە کەرکوک و ئەو ناوچانەی تر بێنەوە سەر کوردستان. کەواتە یەکگرتووی ئیسلامی پەیوەست بە کورد پارێزگاری لەو شتانە دەکات کە دەستوری عێراقی دانی پێداناوە، کە ئەویش لە ئاستی یەکەمدا هێشتنەوەی هەرێمی کوردستانە وەکو بەشێک لە عێراق و هێشتنەوەی کەرکوک و ناوچەکانی تری ژێر سایەی حکومەتی ناوەندیە لە ژێر دەستی حکومەتی ناوەنددا. واتە لەم رووەوە گوتاری یەکگرتووی ئیسلامی گوتارێکی عێراقیە و بەو روانینە کاردەکات کە مانەوەی کورد لە سایەی دەوڵەتی عێراقدا بەردەوام دەبێت و ئەم پارێزگاری لە ماف و دەستکەوتە دەستورییەکان دەکات، چونکە هەرگیز حکومەتی عێراقی بە پێی ئەو دەستورەی دایناوەو کوردیش لەگەڵیدا بەشدار بووە، رێگا بە دابەشبوونی عێراق نادات، واتە گوتاری کوردی لە گوتاری عێراقی جیاناکاتەوە. یەکگرتوو پارێزگاری لەو دەستکەوتە دەستورییانە دەکات، ئەو دەستکەوتانەی لە رووی دەستوریەوە حکومەتی عێراقی بە کوردی داوە. بەڵام بێگومان ئەو دەستکەوتانەی لە دەستوری عێراقیدا تەنیا بە نووسین بە کورد دراون، ئەگەر وەکو خۆیشیان جێبەجێبکرێن، هێشتا لە رووی گوتاری ناسیونالیزمی خاوەن شوناسەوە شتێکی کەم و ناتەواون، چونکە لە رووی راستی و رەوایەتیەوە مافی هەر نەتەوەیەکە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیی هەبێت و خۆی بەڕێوەببات.

لێرەوە دیارە یەکگرتووی ئیسلامی خۆی بە پارێزەری ئەو دەستکەوتانە دەزانێت کە دەستوری عێراق دانی پێداناون. ئاستی ئەو دەستکەوت و مافانەی کورد، کە دەستوری عێراقی دانی پێداناون لە ئاستی گوتاری ناتەواوی نەتەوەیدان، لە کاتێکدا ناسیونالیزمی ئایینی هەڵگری گوتاری تەواوی نەتەوەییە. بۆ نموونە گوتاری ناسیونالیزمی ئایینی عەرەبی و تورکی و فارسی لە سەروەری نەتەوەیی هەریەکە لەو نەتەوانەدا پێناسە دەکرێت. بەڵام پارتی ئیسلامی کوردی بڕوایان بەسەروەری دەوڵەتی نیستیمان هەیە لەو وڵاتانەدا کە ناسیونالیزمی ئایینی نەتەوە سەردەستەکان فەرمانرەوان و کوردیش نەتەوەی دووەمەو ژێردەستەو پاشکۆیەو هیچ سەروەرییەکی نیە. لێرەوە گوتاری پارتی ئیسلامی کوردی وەکو گوتاری پارتە شیوعیەکانی رابردووی ئەم وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە گوتاری نیشتیمانیە کە دەبێتە گوتاری نەتەوەی دەسەڵات بەدەست، واتە عەرەب و تورک و فارس. لێرەوە ئاشکرا دیارە کە پارتی ئیسلامی کوردی هەڵگری گوتاری نەتەوەیی نیەو بەو پێیەش پارتە ئیسلامیە کوردیەکان پارتی ناسیونالیزمی ئایینی کوردی نین، بەڵکو پارتی ئیسلامی نیشیمانی ئەو وڵاتانەن کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوەو دەوڵەتەکانیان داگیرکەری کوردستانن. ئەمەش لە ئاستی قوڵدا لەبەرئەوەیە کە بیری ئایینی داننانێت بە رۆڵی ناسیونالیزمدا لە بنیادنانی بنەما رۆحی و گشتی یان گەردونیەکانی ئاییندا، چونکە بنیادی ئایینی بەگشتی بنیادێکی رەهایەو سەرچاوەکەی ئیلهام یان وەحیەکی هاتووە لە دەرەوەی کۆمەڵ و کۆمەڵایەتیبوون، واتە گەوهەری بیری ئایینی گەردوونی یان جیهانیەو دان بە سنوورە ئیتنیکیەکاندا نانێت و جیهان وەکو یەکەیەک دەبینێت و سنوری جیاکەرەوە بۆ ئەو، هێڵی نێوان بڕوادارو بێ بڕوایە، نەک جیاوازی رەگەزی و ئیتنیکی و نەتەوەیی. واتە ئایین و بەو پێیەش گوتاری ئایینی لەسەروی نەتەوەو جوگرافیاوەیە. بەڵام کاتێک ئایین دەبێتە بنەمای دروستبوون و دەرکەوتنی ناسیونالیزمی ئایینی، ئەوا دەبێتە بەشێک لە گوتاری ناسیونالیزم وەکو گوتاری ناسیونالیزمی عەرەبی و فارسی و تەنانەت تورکیش لە هاتنی ئیسلامی سیاسیەوە بۆ سەر کورسی دەسەڵات لە تورکیادا. بێگومان جیاوازی گەوهەری هەیە لە نێوان بنەماکانی ئایین و نەتەوەداو ئەوەش کاریگەری هەیە لەسەر شێوەی کارکردنی پارتە ئایینیەکان لە ناویاندا پارتە ئیسلامیەکانی کوردستانیش. بەڵام شتێکی دیارو لەبەرچاو هەیە کە کورد وەکو پێکهاتەیەک لە نەتەوە خاوەن سەروەرییەکان جیادەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە کە کورد نەتەوەیەکی دابەشکراو و داگیرکراوەو خاوەنی سەروەری نیەو ئەمەش ئەرکێکی نوێ بۆ کۆی پارتە سیاسیەکان و کۆمەڵگاش دێنێتە پێشەوە، کە بەدەستهینانی سەروەیە، ئەویش تەنیا لە دروستکردنی دەوڵەتدا دەستەبەر دەبێت. وەکو گوتمان بنەماکانی ئایین و نەتەوە یەکن، واتە سەرچاوەی ئایین کە خاسیتی پیرۆزیی هەیە لە شوێنێکی باڵاوە دێن، شوێنێکی نادیار کە لەسەروی مرۆڤەوەیە. نەتەوە لە بنەڕەتدا بوویەکی دنیایی و سیاسیە. هەریەکە لە ئایین و نەتەوە دەیانەوێت مانا بە ژیان ببەخشن. بەڵام ناسیونالیزمی ئایینی رێککەوتن لە نێوان ئەم جیاوازانەدا ناکات، بەڵکو زیاتر پێوانە ئایینیەکان دەکاتە بنەماو بەکاریان دێنێت بۆ پێناسەکردنی نەتەوەو ئەندامانی نەتەوە(٧). لە راستیدا ناسیونالیزم وەکو بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی و عەقڵانیەت و عیلمانیەت دەردەکەوێت. ئەمەش وادەکات کۆکردنەوەی ئایین و ناسیونالیزم وەکو دوو رەگەزی پێکەوە نەگونجاو و تەنانەت ناکۆک دەردەکەون. لە کاتێکدا مۆدێرنیستەکان ناسیونالیزم وەکو بەرهەمی مۆدێرنێتە سەیر دەکەن، بیری ئایینی و شوناسە ئایینیەکان وادەبینن لەگەڵ شوناسە نەتەوەییەکاندا نەگونجاو بن. لەسەر ئەم بنەمایە زۆر لە توێژەرانی ئەم بوارە ئایین و نەتەوە وەکو جێگرەوەی یەکتر سەیر دەکەن و چەمکی ناسیونالیزمی ئایینی وەکو یەکگرتنی دوو دژ دەبینن(٨). هەر لەم رووەوەو لە رونگەی مۆدێرنێتەوە کۆکردنەوەی ئایین و ناسیونالیزم پێکەوە وەکو شتێکی نەگونجاو دەردەکەوێت چونکە بەشێک لەو ئەرکانەی لە رووی کۆمەڵایەتیەوە کە ئایین پێشتر بینیونی، ناسیونالیزم وەکو جێگرەوەی ئایین ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتیانە دەبینێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە پەرەسەندنی ناسیونالیزمدا جێگایەک بۆ ئەوە نامێنێت کە ئایین کاری کۆمەڵایەتیبوون بکات. لە راستیدا ئایین بواری بۆ یەکبوونی کۆمەڵایەتی پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان بە نەتەوەشەوە کردۆتەوە. ناسیونالیزم لەم رووەوە وەکو شوێنگرەوەی ئایین دەردەکەوێت و کاردەکات و دوای جێبەجێکردنی پێداویستیەکانی تاکەکەس دەکەوێت و لێرەشەوە زەمینە بۆ دروستکردن و پتەوکردن و بەهێزکردنی شوناسی دەستەجەمی یان شوناسی گروپ خۆش دەکات.. ناسیونالیزمی نوێ ئایینی خستۆتە دەرەوەی ئەوەی کە کارکەرێکی سەرەکی بێت لە پەیوەندییەکانی گروپ یان پێكهاتە مرۆییەکاندا. لەم رووەوە ئەندرسۆن و گیلنەرو هۆبزباوم رایان وایە ئایین لەگەڵ ناسیونالیزمی نوێدا ناسازێت و دەشێ ناسیونالیزم شوێنی ئایین بگرێتەوەو ببێتە ئایینێکی سیاسی.

ئایین خاسێتێکی کۆمەڵگای نەریتی بووە کە لە هاتنی ناسیونالیزمی نوێدا شوێنی پێ لەق کراوە(٩). مەبەستی ئەم نووسەرانەی بواری ناسیونالیزم ئەوەیە کە ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیایەکی کۆمەڵایەتی بنەما یان رەگوڕیشەی ئایینی هەیە. هەربۆیە لە دەرکەوتن و گەشەکردنی ناسیونالیزمدا سەرئەنجام ناسیونالیزم پەل دەکێشیت بۆ ئەو رووبەرانەی ئایین کاریان تێدا دەکات و سەرئەنجام کاریگەری ئایین لەو رووەوە هۆکاری بەهێزو یەکەمینی دروستکردنی شوناس و پرۆژەی دەستەجەمی بێت کاڵتر دەبێتەوەو کەم دەبێتەوە. بێگومان ئەمەی گوتمان روانینی مۆدێرنێتەو عیلمانیە بۆ ناسیونالیزم و پەیوەندی نێوان ئایین و ناسیونالیزم. بەڵام لەپاڵ ئەم بۆچوونەشدا، دەشێ وەها سەیر بکرێت کە دەرکەوتنی ناسیونالیزمی ئایینی و تەنانەت فاندمێنتالیزمی ئایینی بەگشتی لە ئەنجامی شکستەکانی ناسیونالیزمی عیلمانیدا بێت، لەو رووەوە کە ناسیونالیزمی عیلمانی نەیتوانیووە پێداویستیەکانی تاکەکەس و کۆمەڵ لە هەموو ئاستەکاندا جیبەجێ بکات، بە تایبەتی لە ئازادی و یەکسانی و برایەتی و لە بەدەستهێنانی سەروەری و لە پیادەکردنی دیموکراسی و دادپەروەری چەمکی هاوولاتیبووندا.
دیسان لێرەدا ئەو پرسیارە سەهەڵدەدات: ئایا پارتە ئیسلامیە سیاسیەکانی کوردستان وەکو کاردانەوە لە ئەنجامی شکستی پارتە سیاسیە بە رووکەش عیلمانیەکاندا دروستبوون، یان پێداویستی کۆمەڵگای کوردی دروستی کردوون، یان بە کاریگەری سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لە نیشتیمانی عەرەب و دروستبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەرکەوتنی ئیسلامی سیاسی لە تورکیاو بەدەستگرتنی دەسەڵات لەو وڵاتەدا دروستبوون؟ ئایا پارتە ئیسلامیەکانی کوردستان سودیان هەیە بۆ پرۆژەی ناسیونالیزمی ئاییندەیی کورد یان رۆڵی نەرێنیان هەیە؟ ئایا هیچ ئەگەرێکی ئەوە هەیە ناسیونالیزمی ئایینیی کوردی دروست ببێت و دەوڵەتی ئیسلامی کوردی دروست بکات و پارتە بە رووکەش عیلمانیەکان و بەناو نەتەوەییەکان بخاتە پەراوێزەوە؟ بێگومان لە روانگەیی نەتەوەییەوە ئەوەی گرنگە بۆ نەتەوەیەکی دابەشکراوی وڵات داگیرکراو رزگاربوونی نیشتیمان و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیە. ناسیونالیزمی عیلمانی یان ناسیونالیزمی ئایینی یان ناسیونالیزمی چەپ … هەرکەس ئەو دەوڵەتە دروست بکات، ئەو دەکەوێتە پێش ئەوانی ترەوە، هەر ئاراستەیەکیش لە داهاتووی کورددا نەبێتە هەڵگری گوتاری نەتەوەیی و کار بۆ سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەت نەکات دەکەوێتە پەراوێزەوەو کاروانی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی بەجێی دەهێڵێت و شوێنێکی ئەوتۆ لە مێژووی کورددا ناگرێت.

————————————————
سەرچاوەکان:

١- کوردەکان، وەرگێرانی عەتا قەرەداخی، سلێمانی، دەزگای جەمال عیرفان، ٢٠٢٠، ل ١٠٩.
٢- کوردەکان، ، ل. ١٠٩.
٤- کوردەکان، ل ١٠٩.
5- Shahen, Sait: Interviewed by Firat Erez. Hudapar: The other Kurds. Turkey Agenda, http-www turkeyagenda.com
٦- کوردەکان، ، ل ١١٢.
٧- کوردەکان، ل١١٢.
8- Greenfield, L., Nationalism: Five Roads to Modernity, Harvard University Press, 1992, p. 67
9- Bruce B. Lawrence, Shattering the Myth, Islam Beyond Violence, Princeton University Press, 1998, p. 16.

Previous
Next
Kurdish