نەبوونی گۆڤارێکی ئەکادیمیی زمانەوانی بۆ زمانی کوردی.. سوداد ڕەسووڵ
لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستا گۆڤارێکی زمانەوانیمان نەبووە بۆ وتار و توێژینەوە زمانەوانییەکان، ئەوانەی تا ئێستاش دەرچوون هیچ کامیان لە ئاست گۆڤارێکی ئەکادیمیی زمانەوانیی کوردی نین کە مرۆڤ دڵی ئاوی لێ بخواتەوە و بکرێ بە سەرچاوەیەک بۆ زمانێکی ستانداردی کوردی، کە دەڵێم زمانێکی ستاندارد واتە نووسینێکی ڕاست و ڕێزماندار، بکرێ بە ڕێنمایەک بۆ ڕاستنووسیی کوردی، واتە نووسین بە ڕێنووسێک کە دوایاسا ڕێنووسییەکانی کوردی تێدا پەیڕەو کرابێت، پێویستە ئەم گۆڤارە ئەوەندە زانستی بێت، لە هەموو ڕوویەکەوە نووسەران و خوێنەران بۆی بگەڕێنەوە وەک نموونەی ڕاستنووسیی کوردی لێی بڕوانن.
بەمدواییە گۆڤارێک دەرکەوت بە ناوی گۆڤاری “زمان و زار”، بەرپرس و سەرنووسەری ئەم گۆڤارە فەرەیدون سامانە. زۆربەی ژمارەکانی ئەم گۆڤارەم دەست کەوتووە و وتارەکانم خوێندووەتەوە؛ لە سەرەتادا دڵخۆش بووم بە دەرچوونی، کە پێم وابوو ئەم گۆڤارە بتوانێ ئەم کەلێنە لە زمانناسیی کوردی پڕ بکاتەوە، بەڵام بە داخەوە ئەوەی من چاوەڕێم دەکرد ئەمە نەبوو. ئەم گۆڤارەش دەچێتەوە سەر کۆمەڵێک گۆڤار و ڕۆژنامەی دی کە هیچ ئاستێکی زانستی بۆ زمانناسیی کوردی تێدا نییە. ئەمە هەرچەندە، چەند نووسەرێکی بەڕێز وتاری زمانەوانییان تێدا بڵاو کردووەتەوە. لێرەدا من نامەوێ هەڵسەنگاندن بۆ نووسینی ئەم نووسەرە بەڕێزانە بکەم، تەنیا دەمەوێ چەند سەرنجێک بنووسم لەبارەی ئاستی ئەکادیمیی گۆڤارەکە و چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی وتارەکان و بەکارهێنانی زمان و ڕێنووسی کوردی تێیدا. بۆ ئەم سەرنجانەش هیچ مەبەستێکی شەخسیم لەگەڵ ستافی گۆڤارەکە نییە، تەنیا باوەڕبوونی خۆمە بە ڕەخنە، پێشم وایە بە ڕەخنەی زانستی و بنیادنەر کارەکانمان پێش دەکەون، هەروەها ڕەخنەش ئازادە، بۆیە هەموو نووسەرێک ئازادە ڕا و سەرنجی خۆی هەبێت لەسەر هەر گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێبێک کە دەردەچێت. بە حوکمی بایەخدانی خۆم بە بواری زمانەوانی، بە پێویستم زانی ئەم هەڵسەنگاندن و ڕەخنەیە لەسەر ئەم گۆڤارە بنووسم. لە خوارەوە بە خاڵ هەندێک سەرنج دەخەمە ڕوو:
یەکەم: ئەم گۆڤارە، بۆ بڵاوکردنەوە هیچ پێوەرێکی ئەکادیمی نییە، هەرچی دەست دەکەوێت، ئەگەر زۆر لاوازیش بێت، بڵاوی دەکاتەوە. گۆڤارێک کە بانگەشەی زمانەوانیی کوردی دەکات، دەبێ هەموو وتارەکانی تەرخان کرابن بۆ بابەتە زمانەوانییەکان، کەچی بابەتی وای تێدا بڵاو کراوەتەوە هیچ پەیوەندیی بە زمانەوە نییە، یان پەیوەندیی بە زمانەوە هەیە بەڵام لە ڕووی زانستییەوە ئاستی زۆر نزمە، شایەنی ئەوە نییە لە گۆڤارێک بڵاو بێتەوە کە بانگەشە بۆ گۆڤارێکی زمانناسی دەکات. هەندێک بابەتی تێدا بڵاو کراونەتەوە پۆستێکی فەیس بووکە، یان وتارێکە پێشتر لە گۆڤاری دی، یان لە وێبسایتێک بڵاو کراوەتەوە. بۆ نموونە لە ژمارە(٨) ی گۆڤارەکە کۆمەڵێک وتار بڵاو بوونەتەوە کە پێشتر لە شوێنی دی بڵاو کراونەتەوە. ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەدەم:
توێژینەوەیەکی د. ڕەحیم سورخی بە ناوی “حکوومەتمەندیی زمان لە ئیستعماری ناوخۆیی ئێراندا”. ئەم توێژینەوەیە، پێشتر لە گۆڤاری تیشک بڵاو بووەتەوە. هەر لەم ژمارەیەدا، وتارێکی غەفوور مەخموری تێدا هەیە بە ناوی ” زمان ناسنامە و هەبوونى نەتەوەى کوردە” کە ئەویش پێشتر لە گوڵان مێدیا بڵاو بووەتەوە، کەچی سەرنووسەرەکەی بەبێ ڕەچاوکردنی ئەتیکی ڕۆژنامەنووسی و بێ ئاگادارکردنەوەی خوێنەر، وەک بابەتێکی نوێ لە گۆڤارەکەی بڵاوی کردووەتەوە. هەر لەم ژمارەیەدا وتارێکی د. موئمین زەڵمی هەیە بە ناوی “(ChatGPT) و فێرکردنی زمان” ئەم وتارەش پێشتر لە وێبسایتی چاوی کورد بڵاو بووەتەوە، کەچی سەرنووسەرەکەی لە پەراوێزەکەی ئاماژەیەکی پێ نەداوە و خوێنەر ئاگادار بکاتەوە کە ئەم وتارە بۆ جاری دووەم بڵاو دەبێتەوە، ئەویشی کردووە بە بابەتێکی نوێ و دەستی یەکەم بۆ گۆڤارەکەی. هەر لە هەمان ژمارە، توێژینەوەیەکی زانستی هەیە بە ناوی “زمانی دادگاکان لە هەرێمی کوردستاندا” کە لە لایەن دوو توێژەر بە ناوەکانی پ . د. شۆرش حەسەن عومەر و د. لەتیف مستەفا ئەمین نووسراون. ئەم توێژینەوەیە وەک دیارە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی زانستی نووسراوە لە گۆڤارێکی ئەکادیمی بڵاو بووەتەوە، کەچی سەرنووسەری گۆڤارەکە بەبێ هیچ تێبینییەک لە گۆڤارەکەی خۆی جارێکی دی بڵاوی کردووەتەوە. وتارێکی ڕەهبەر مەحموود زادە بە ناوی ” خوێندنەوەیەکی زانستیی لەبارەی بەیتەوە” هەیە، ئەم وتارە هیچ پەیوەندیی بە زمانەوە نییە، کەچی سەرنووسەر بڵاوی کردووەتەوە هەر بۆ ئەوەی ژمارەی وتارەکانی زۆر بێت و قەبارەی گۆڤارەکەش ئەستوورتر بێت.
ئایا دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە وتارانە لە گۆڤارێکی زمانناسی چ سوودێکی هەیە؟ هیچ سوودێکی نییە تەنیا قەبارەی گۆڤارەکەی ئەستوور کردووە بە بابەتی کۆن و زیادە و غەیری زمانەوانی، لە بایەخی گۆڤارەکەشی هێناوەتە خوارەوە، وەک دیارە گۆڤارەکە نووسەری چالاکی نییە تێیدا بنووسن، ئەمەش وای کردووە ئاستی زۆر نزم بێت، وەک گۆڤارێک دەرکەوێت کە پێی دەگوترێ مەگەزین، کە هەموو شتێک بڵاو دەکاتەوە بێ ڕەچاوکردنی ئاستی زانستیی وتارەکان؛ دەکرێ بڵێم بۆ هەندێک وتاری ناشایستە، گۆڤارەکە لە ئاستی مەگەزینیش نزمترە.
دووەم: گۆڤاری زمانناسی پێویستە گۆڤارێک بێت بۆ ڕاستنووسیی کوردی ڕێنما بێت، بکرێ بە سەرمەشق بۆ نووسین بە ڕێزمانێکی ڕاست و دروست و ڕێنووسێکی ڕێکوپێک کە دوایاساکانی ڕێنووسی کوردی تێدا ڕەچاو کرابێت. دەبێ هەموو ئەو وتارانەی تێدا بڵاو دەکرێنەوە لە ڕووی ڕێنووسەوە یەکدەست و یەکگرتوو بن، کەچی لەم گۆڤارە زمانەوانییەدا، هەر وتارێک بە جۆرە ڕێنووسێک بڵاو کراوەتەوە، گۆڤارەکە هەڵەچنییەکی وردی تێدا نەکراوە، سەرنووسەرەکەی بەهیچ وتارێکدا نەچووەتەوە هەڵەچنی بۆ بکات و ڕێنووسەکەی ڕاست بکاتەوە، بۆیە هەر وتارێک دەخوێنیەوە ڕووبەرووی کۆمەڵێک هەڵەی ڕێزمان و ڕێنووس دەبیەوە، ئەمە بێجگە لە هەڵەی تایپ. تەنانەت بە وتاری خۆیشیدا ناچێتەوە پڕە لە هەڵەی ڕێنووس و ڕێزمان و خاڵبەندی. ئەمەش دیارە سەرنووسەرەکەی ناوەڕۆکی گۆڤارەکە و ڕاستنووسیی کوردی پێ گرنگ نییە، هەر دەیەوێ گۆڤارێکی قەبە و ئەستوور دەرکات بە ناوی “زمان و زار” و خۆیشی وەک سەرنووسەر دەرکەوێت.
هەر لە ژمارە (٨) ی گۆڤارەکە، سەرنووسەر وتارێکی بڵاو کردووەتەوە بە ناوی “زمانی ستانداردی کوردی لە سۆسیال مێدیادا” ئەم وتارە کە دوو لاپەرە و نیوە، نزیک بە ٤٠ هەڵەی ڕێنووس و تایپ و ڕێزمان و خاڵبەندی تێدا هاتووە، لە خوارەوە سکرین شۆتی وتارەکەم داناوە و هەڵەکانم دەستنیشان کردوون. ئەمە سەروتاری سەرنووسەرەکەیە بۆ گۆڤارەکە، تاقەتی نەبووە پێداچوونەوەیەک بە وتارەکەی خۆیدا بکات، ئەم هەڵانە ڕاست بکاتەوە، ئەگەر ڕێنووسی کوردییش بە باشی نازانێ، بەڵام هەر هیچ نەبێ هەڵەکانی تایپی ڕاست بکردایەتەوە، ئەمە بێجگە لەوەی وتارەکە هیچ مشتومڕێکی زمانەوانی تێدا نییە، لە باسی سۆشیال مێدیا دێتە سەر باسی زمانی ستاندارد، وەک بڵێی دوو بابەتی جیاوازن بە یەکەوە لکێندراون. لەم وتارەدا، نووسەر گلەیی ئەوە دەکات کە نووسەران پابەند نابن بە ڕێنووسێکی یەکگرتوو، کەچی خۆیشی پابەند نییە و نووسینەکەی پڕ هەڵەی ڕێنووسە، گلەیی دەکات ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی ئەکادیمین و زۆربەیان لە زمان کۆڵەوارن، کەچی خۆی دوو لاپەڕەی سەروتار بۆ گۆڤارەکە نووسیوە، بە زمان و ڕێزمان و ڕێنووس و خاڵبەندی کۆڵەوارە. گلەیی دەکات بۆچی زمانی تاکستاندارد نییە، ئەم هەموو زار و شێوەزارە چییە پێی دەنووسرێ، کەچی دواتر هەر لەم نووسینە پێی باشە هەموو زار و شێوەزارەکان ڕێزیان بگیرێ و لە دەوری یەکدی کۆ ببنەوە. لەم وتارە دوو لاپەڕەییەدا، کۆمەڵێک مشتومڕی دژبەیەکی خستووەتە ڕوو کە خوێنەر نازانی چی دەوێ و بۆچی ئەم وتارەی نووسیوە.
ئەمە حاڵی ژمارە(٨) ی گۆڤاری زمان و زارە، ئەگەر ژمارەکانی دیکەیشی سەیر بکەی بە هەمان شێوەیە، ئەگەر خراپتر نەبن، کە هیچ بنەمایەکی زمانناسیی کوردی تێدا نییە، تەنانەت هەست ناکەی ئەم گۆڤارە سەرنووسەر و بەڕێوەبەری نووسینی هەیە، ئەوەندە بێسەروبەر و پڕ هەڵەیە. هەندێک کەس جاروبار پێم دەڵێن: بۆچی توێژینەوە زمانەوانییەکانت لەم گۆڤارە بڵاو ناکەیەوە؟ منیش پێیان دەڵێم: ئەم گۆڤارە ئەوەندە ئاستی نزمە بە شایەنی ئەوەی نازانم نەک توێژینەوە، بەڵکوو وتارێکی ئاساییی ٥٠٠ وشەییشی تێدا بڵاو بکەمەوە.
سێیەم: پێم سەیرە ئەم گۆڤارە سەرنووسەرێکی بۆ دانراوە، کە لە بواری زمانەوانیی کوردیدا هیچ توێژینەوەیەکی نییە، نە دیدێکی ئەکادیمی بۆ زمان و زمانەوانی هەیە، کەچی خۆی کردووە بە توێژەری زمانەوانی؛ هەموو ئەزموونی نووسینی، کۆمەڵە شیعرێکە لەگەڵ چەند وتارێکی ڕۆژانەی ئاسایی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان. ئایا باشتر نەبوو ئەم شاعیرە، گۆڤارێکی ئەدەبی دەرکات لە بواری ئەزموونی خۆی؟ بۆ دەبێ بواری زمانەوانیی کوردی بکەوێتە دەستی کەسانی ناپسپۆر؟ کەسێکی ناشارەزا لە زمانەوانی خۆی کردووە بە فیگەرێکی زمانەوانیی کوردی و هیچیش لە زمانەوانی نازانێ، کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش ڕا و بۆچوونی لە سەر زمان و زارەکانی کوردی وەردەگرن، ئەویش لێدوان و بۆچوونی هەڵە لەسەر بابەتە زمانەوانییەکان دەدات و باسەکان لاڕێ دەکات!. ئایا باشتر نەبوو ئەو کەسە لەسەر ئەزموونی شیعری خۆی قسە بکات و توخنی زمانەوانی نەکەوێت؟
بۆچی ڕێگە بدرێ بوارێکی ئەکادیمی وەک زمانناسی بکەوێتە دەست خەڵکێکی ناشارەزا و ناپسپۆر؟ ئەمە لە کاتێکدا ئێمە لەشکرێک مامۆستای زانکۆ و پسپۆری زمانەوانیی بەشە کوردییەکانمان هەیە، کەچی شاعیرێک گۆڤاری زمانەوانی دەردەکات کە هیچ بەشدارییەکی زانستی لەم بوارەدا نییە. هەتاکەی بوارە زانستییەکان کەسانی ناشارەزا و ناپسپۆر دەستیان بەسەردا بگرن و وێرانیان بکەن؟
هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە بێسەروبەرە زمانییە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەلێنە گەورەیە کە ئەکادیمیای کوردی دروستی کردووە، تا ئێستا نەیتوانیوە گۆڤارێکی ئەکادیمیی زمانەوانی بۆ زمانی کوردی دەربکات، بۆیە ئەمڕۆ، ئەم کەلێنە ئەکادیمییە، خەڵکێکی نائەکادیمی بە هەڵە پڕی دەکەنەوە، و ڕەوشی زمانەکەش زیاتر بەرەو ئاژاوەیی و وێرانەیی دەبەن.
هیوادارم ئەم چەند سەرنج و ڕەخنەی من هاندەرێک بێت بۆ ستافی گۆڤارەکە بۆ ئەوەی لە ژمارەکانی داهاتوویدا بە سەرنووسەر و دەستەی نووسەرانی، پێداچوونەوەیەکی وردی بۆ بکەن، لەو ئاستە نزمەی هەیەتی ڕزگاری بکەن، کەمێک ئاستی زانستی باشتر بکەن.
سوداد ڕەسووڵ