Skip to Content

نوستالژیا\١\.. ھەوڵەکانمان بۆ دامەزراندنی حزبێکی چەپی شۆڕشگێڕ..  ستیڤان شەمزینی

نوستالژیا\١\.. ھەوڵەکانمان بۆ دامەزراندنی حزبێکی چەپی شۆڕشگێڕ.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 16, 2024 General, Opinion


بەشی یەکەم..

کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان ھەروەک دەستپێکەکەی، کوردستان لە بارودۆخێکی سیاسیی ھەڵواسراو و پڕ قەیراندا بوو، ئەگەرچی دوو ساڵی کۆتایی ئەو دەیەیە شەڕی ناوخۆ کۆتایی پێھاتبوو، بەڵام دوو پارتە فەرمانڕەواکەی کوردستان ھیچ پلاتفۆرمێکی رۆشنیان نەبوو بۆ پرسە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ھاووڵاتیان، لەلایەک گرانی و بێکاریی ھەبوو، لەلایەکی تر کۆچڕەوێکی بە کۆمەڵ دروست ببوو بۆ ھەندەران، لەولاشەوە دەسەڵات بێباکانە سەیری دیمەنە تراجیدییەکانی کۆمەڵگەی دەکرد، ھەموو کاریان ببووە دۆشینی داھاتی کوردستان و راکێشانی ھێزی وڵاتانی ھەرێمی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان، ھەر لەم نێوەندەدا چەندان جار سوپای پاسداران کەوتنە ناو پرۆسەی شەڕەکەوە، ساڵی ١٩٩٤ تۆپخانەکانی سوپای پاسداران لە ھەردوو میحوەری ھەڵەبجە و قەڵادزێ بۆ پاڵپشتی پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامی بارەگا و سەنگەرەکانی یەکێتیان بۆردومان کرد کە یەکێتی ناچار کرد، رێکەوتن لەگەڵ پارتی و بزووتنەوە بکات تاکو بگەڕێنەوە سلێمانی و گەرمیان و ناوچەکانی ژێر ھەیمەنەی یەکێتی.
لە ساڵی ١٩٩٥ ھاوکێشەکە گۆڕانی بەسەردا ھات پاش ئەوەی یەکێتی توانی دەست بەسەر ھەولێردا بگرێت، ئەم جارە یەکێتی توانی دوو شتی گرنگ بکات، یەکەم توانی پاڵپشتی ئێران بەدەستبھێنێت لە دژی پارتی. دووەم: توانی رێکەوتنێک یان ھاوپەیمانییەکی فراوانی حزبە کوردییەکان دژی پارتی دروستبکات. بۆ نموونە لە رێکەوتننامەی تاران دەڤەری ھەڵەبجە و ھەورامان تاکو سەیدسادق بە واژۆی تاڵەبانی و مەلا عەلی عەبدولعەزیز خرایە ژێر قەڵەمڕەوی بزووتنەوەی ئیسلامی بەو مەرجەی ھاوپەیمانێتی سەربازیی لەگەڵ پارتی کۆتایی پێبھێنن، لە قۆڵێکی تریشەوە رێکەوتن لەگەڵ پەکەکە کرا کە ناوچەیەکی بەرفراوان لە قەندیلەوە تاکو حەوزی بیتوێن بخرێتە ژێر قەڵەمڕەوییان بە مەرجی بەردەوامیدان بە شەڕ دژی پارتی. پاشتریش ھاوپەیمانییەکی ئاشکرا بە ناوی ھاوپەیمانی دیموکراتی کوردستان راگەیەندرا کە یەکێتی و سۆسیالیست و زەحمەتکێشان و پارێزگاران و دیموکراسیخوازان و پەکەکەش لەودیو پەردەوە بوونە ھاوپەیمانی یەکتر بۆ شەڕ دژی پارتی.
ساڵی ١٩٩٦ یەکێتی ویستی پارتی بخاتە ئەودیو زێی بادینانەوە، ھێزێکی چەند سەد کەسی لە ئێرانەوە برد بۆ پشتگرتن لە پارتی کە یەکێک لەو فەرماندانە ھاوڕێیەکی باوکم بوو بە ناوی ملازم محەمەد قەرەچەتانی “ھەڵبەت ملازمی کۆنی سوپای عێراق بوو، ھەر لەو کارەساتەدا شوێن بزربوو”. لە سلێمانیشەوە سوپای پاسداران تا کۆیە و سەر بارەگاکانی حزبی دیموکرات لەشکرکێشی کرد، پارتی لەوە بێ تواناتر بوو بتوانێت شەڕی یەکێتی و ھاوپەیمانەکانی بکات، لە بەرانبەردا لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دەستی سوپای عێراقی گرت بۆ ناو ھەولێر و بە دەبابەی بەعس یەکێتی لە ھەولێر ھەڵقەند، پاشتر زۆرێک لە ئۆپۆزیسیۆنی شیعەی عێراق بە دیل گیران و برانەوە بەغداد و لەناو بران. دواتر پارتی سوودی لەو شکستەی یەکێتی وەرگرت تاکو مەرزی ئێران یەکێتی ھەڵقەند، بۆ ماوەیەکی کاتی سلێمانی کەوتە دەست پارتی، بەڵام پارتی ھەروەک ئەوەی ئێستا حەشد دەیکات لە کەرکوک کەوتە رەشبگیریی گەنجان و بڵاوەپێکردنی کۆبوونەوەی گەنجان لە گازینۆ و گەڕەکەکاندا بە زەبری ھێز.
دوای چل رۆژ یەکێتی بە پاڵشتی ئێران سلێمانی گرتەوە و پارتیش بە پاڵشتی تورکیا ھێرشەکانی یەکێتی بۆ گرتنەوەی ھەولێر تێکشکاند. تاکو ئەمجارە ھێزێکی تورکی “PMF” بە سەرکردایەتی جەنراڵ کاپڵان بوونە دیواری دێگەڵە بۆ جیاکردنەوەی قەڵەمڕەوی ھەر یەک لە پارتی و یەکێتی. ئەمە رووماڵێکی گشتیی بوو لە باری سیاسییەوە. لە باری ئابوورییەوە ھەژارییەکی زۆر، بێکارییەکی کوشندە، ھەرەسھێنانی چینی ناوەند و بۆرجوا زۆر بە خێرایی تاوی دەسەند، لە رووی کۆمەڵایەتییەوە بەشێوەیەکی گشتیی خەڵک روویان کردە مەزھەب و ئاینگەرایی بەمەش پێگەی حزبە ئیسلامییەکان بەھێزتر بوو، ھەر لەم دۆخەدا بوو یەکگرتووی ئیسلامی توانی لەماوەی چوار پێنج ساڵدا لەچەند سەد کەسێکەوە ببێتە چەند سەد ھەزارێک. جیا لەمەش ژنکوژیی و سەرکوتی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان و مافە تاکەکەسی و سەرەتاییەکانی تاک،ـ دیمەنێکی ھەمەڕۆژی شانۆی کۆمەڵایەتی بوو. دەتوانم بڵێم ھەموو ئاوازەکان ببوونە ئاوازی شەڕ و ھاواری برسێتی، ھێزە بۆرژوازییەکان ھەروەک ئێستا ھەریەک بە ئەندازە و قەبارەی خۆی چاوی لە کێکی دەسەڵات و ئیمتیازاتی وڵاتەکە بوو. لەم نێوەندەدا ئەوەی ھەبوو جیاوازتر لەوان تەنیا چەپەکان بوون، حزبی شیوعی بێلایەن وەستابوو بەڵکو لە سلێمانی یەکێتی و لە ھەولێر پارتی بوون، ئەوەی دەمایەوە تەنیا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بە نزیکی ھەزار ئەندامێکەوە، بەڵام ئەم حزبە دووجار تا ئەو سەروەختە “١٩٩٩” دووچاری ئینشقاق ببوو، لەوە سامناکتر حزبی کۆمۆنیستیش ھێزێکی کاریگەر نەبوو بە زۆر ھۆ کە لە کتێبی “تێزەکان دەربارەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی” لە دوو سەد لاپەڕەدا ھەموو رەھەندەکانیم شی کردۆتەوە.
ئێمە لەو سەروەختەدا “شوباتی ساڵی ١٩٩٩” کۆمەڵێک گەنج بووین کە بیرمان لە پارادیمێکی تری کارکردن و حزبێکی شۆڕشگێڕی چەپ دەکردەوە، چونکە پێمانوابوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی حزبێکە لۆمپنیزمی سیاسیی دایپۆشیوە و دەست و پێ سپیترە لەوەی ئەرکی گەورە لە ئەستۆ بگرێت، زیاتر حزبی راگەیاندن بوو، نەک کار و کردەوەی مەیدانی، ھەروەک ئەمە سروشتی ھەمان ئەو ئۆپۆزیسیۆنە بۆرجوازییەیە ھەنووکە لافی بەرھەڵستکاریی دەسەڵات لێ دەدات. ئێمە وەک ئەو کۆمەڵە گەنجە بەشێوەی تاک تاک و کۆ کەوتینە گفتوگۆی ئەو پرسیارەی کاتی خۆی لینین کردی “چی بکرێت؟”. ئێمەیەک تەمەنی ھیچکاممان نەگەیشتبووە سی ساڵ لەو کاتەدا، ئەرکێکی قورسمان لەسەر شانی خۆمان دانا. ھەڵبەتە پێکھاتەی گروپەکە دوو فۆرمی جیاواز بووین، ھەندێک خوێنەوار و کەسی سیکۆلاستیکی “مەکتەبی” لەگەڵ ھەندێک کادری مەیدانی و تەنانەت سەربازییش.
کۆبوونەوەی یەکەممان لە شەوێکی بەھاردا لە مانگی ئازاری ١٩٩٩ لە ناو حامیە کرد “پارکی ئازادی ئێستا” ئەوانەی لەوێ ئامادەبووین یانزە کەس بووین، ھەموو ناوەکانم لە یادە کە بریتیبوو لە ھاوڕێیان “ئاراس عەلی، محەمەد عەدنان، یوسف ئابڵاخی، نەوشیروان محەمەد، خالید ئەژی، بەھادینە سوور، مامۆستا حەسەن، کوردۆ فایەق، دانای عێزەت، عەباس حەسەن، ستیڤان ئەحمەد”. زیاتر لە چوار کاتژمێر جەدەل و گفتوگۆمان کرد، دوو رای پێچەوانە ھاتنە ئارا، یەکەمیان کە زۆرینە بوون پێداگرییان دەکرد لە ماوەیەکی پێوانەییدا چەند سەد کەسێک چەکدار بکەین و بانگەوازی شۆڕش بکەین، بەوەش ھێزی ناڕازی بێ ئومێد دێنە پشتمان، رای دووەم کە بۆچوونی محەمەد عەدنان و من بوو، پێمانوابوو خەباتی چەکداریی مۆدیل گیڤارایی بۆ ئەم دۆخە ئەستەمە، بەڵکو پێویستیمان بە دروستکردنی کادری چەپ و کۆمۆنیستی بەرچاو رۆشنە کە بتوانێت وەک ئەکتیڤیستی کۆمەڵایەتی لە شارەکانەوە کار بۆ خرۆشانی جەماوەریی بکات نەک لە چیاکانەوە جاڕی شۆڕش بدات، بیرمە من وتەیەکی لینینم بیر ھێنایەوە “ھیچ پراکتیکێکی شۆڕشگێڕانە ھەبوونی نییە، بەبێ ھەبوونی تیۆرێکی شۆڕشگێڕانە”. ئەوانەشی زیاتر لەگەڵ میکانیزمی سەربازیی بوون زیاتر یوسف ئابڵاخی و بەھادین و خالید ئەژی و نەوشیروان بوون.
چەند رۆژێک پاشتر کە ھاتە سەرەتای مانگی چواری ١٩٩٩، لەگەڵ خالید و یوسف دانیشتین لەناو بارەگای کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیست “ئێمە ھەرسێکمان کادری حزب بووین” بۆچوونەکانمان لە یەکتر نزیکتر بووەوە، بڕیاری کۆبوونەوەیەکی ترمان دا، دوو شەو دواتر ھەر لە حامیە کۆبووینەوە و ئەمجارە ژمارەمان کەمتر بوو، بەڵام کاتێکی ئێجگار زۆر سەرقاڵی گفتوگۆ بووین کە گەیشتبووە نزیکی کاتژمێر یەکی نیوەشەو، بۆیە چاودێریی کرابووین و مەفرەزەیەکی ئاسایش ھاتنە سەرمان، ئێمەش ئەوانمان بینی خێرا خۆمان کۆکردەوە بەرەو خوار بە ئاڕاستەی ئەمنە سوورەکە ھاتین، چونکە ماڵی زۆرینەمان لەو ئاڕاستەیەوە نزیکتر بوو، ئاسایشەکان ھاواریان کرد بەسەرماندا نەوەستاین، چوون ئەگەر کاغەز و بەڵگەنامەکان بکەوتبایە دەستیان بێ شک ھەر لەوێدا گوللەبارانیان دەکردین، بۆیە دەستمان کرد بە راکردن بێ ئەوەی یەکتر بزر بکەین و ئەوانیش تەقەیان دەکرد، خالید ئەژی کە شارەزای شەڕ و تەقەکردن بوو، وتی بەردەوام رابکەن با نەگیرێین تەقەکانیان بۆ ئاسمانە، ئیدی بە ھەر شێوەیەک بوو، بێ ئەوەی کەسمان بگیرێت یان بناسرێتەوە خۆمان دەرباز کرد.
ئەوە بوو لە رۆژی ١٠-٤-١٩٩٩دا ئەمە محەمەد عەدنان و خالید ئەژی و بەھادینە سوور و من لە باخی گشتیی کۆبووینەوە، ناوێکمان ھەڵبژارد بۆ جوڵانەوە نوێیەکە “پارتی چەپی شۆڕشگێڕی کوردستان”. ھەر لەوێ کڵێشە سەرەتاییەکانی پەیڕەو و پرۆگراممان بەدەستوخەت نوسییەوە و کاتمان دیاری کرد بۆ مناقەشەکردنی فراوان لەسەری. پاش ھەفتەیەک بە ئامادەبوونی نزیکەی پەنجا کەس لە باخچەی پشتەوەی کتێبخانەی گشتیی سلێمانی کۆبووینەوە، لە سەرەتاوە ھەستمان دەکرد چاودێریی ورد دەکرێین، بەڵام ئێمە گوێمان پێنەدا چونکە ژمارەی تەشکیلاتمان گەیشتبووە چەند سەد کەسێک و سنووری سلێمانیشی تێپەڕاندبوو، بەڵام چەقی کارەکە لەناو سلێمانی بوو. کۆبوونەوەکە تێروتەسەل بوو، بڕیاردرا خەباتی چەکداریی دەستپێبکەین و تەنانەت شوێنیان ھەڵبژارد بۆ دەستپێکردن ئەویش لە چەمی رەزانەوە بوو، تاکو ئەوەی یوسف کردی بە جوک و گووتی ئێمەش لە چەمی رەزانەوە دەست دەکەین بە لەناوبردنیان چۆن ئەوانیش لە سەرەتاوە لەو چەمەوە دەستیان پێکرد “مەبەستی دروستبوونی پێشمەرگە بوو لە ساڵی ١٩٦١ لە چەمی رەزان کە زۆرجاریش دەوترێ چەمی رێزان”.
یەکێتی و دەزگای زانیاریی بەتەواوەتی کەوتنە کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەرمان، بەڵام ھیچ خەتمایلێکیان نەبوو لەناوماندا بۆیە نەیانتوانی ھیچ بکەن. ھەتا بیرمە جارێک پۆلیسێکی کەرتی رزگاری بەناوی “ئا” خۆی نزیک کردەوە لە من و دەیوت بکەمە بە کۆمۆنیست، لە ئەرکەکەی تێگەیشتبووم و چوومە ماڵەوە چەند کتێبێکی زۆر وشکی مارکس و ئەنگلزم بۆ ھێنا، وتم فەرموو لە رێی ئەم کتێبانەوە ببە بە کۆمۆنیست، یان بچۆ کارگەریەک کار بکە و زەحمەت بکێشە تاکو بزانیت ئەم تیۆرییانە باس لە چی واقیعێک دەکەن. کابراش چەند ھەوڵیدا ھیچی لێ سەوز نەکرد بەڵکو ھەڵەیان کردبوو کە منیان ھەڵبژاردبوو، چونکە ھەموو ھاوڕێیانی ترم لەو سیخوڕە ئاگادار کردبووەوە، لە راستیدا ئیسلامییەکان و یەکێتی بە خوێنی سەرم تینوو بوون، چونکە توانیم چەندان گەنجی سەلەفی و ئیخوانیی بکەمە کۆمۆنیستی رادیکاڵ، تەنانەت دواتر کە جارێک “فەلاح ئەحمەد” دەستگیرکرابوو لە ئاسایشی یەکێتی و وتبوویان کێ بەرپرسی سلێمانی خوێندکارانە “یەکێتی خوێندکاران و لاوانی ئازاد، رێکخراوی لاوان و خوێندکارانی حزبی کۆمۆنیست بوو” ئەویش لە وەڵامدا ناوی منی گوتبوو. ئەفسەرەکەش سەری بادابوو، وتبووی ستیڤان، ئای ستیڤان. دواتریش ئیسلامییەکان بە چەقۆ ھێرشیان کردە سەرم و یەکێتیش ئەشکەنجەی زۆری کردم لەم شوێنانە: ئاسایشی سلێمانی، بنکەی ئاسایشی رزگاری، بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەی فریاکەوتن.
دواجاریش ئەوەبوو شەوێک لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران، دوو ئۆتۆمبیلی پڕ چەکداری ئاسایشی یەکێتی ھەڵیانکوتایە سەر ماڵی خالید ئەژی لە گەڕەکی کارەباکەی سلێمانی. لەو کاتەدا منیش لە ماڵیان بووم لەگەڵ شەش گەریلای دابڕاو لە پەکەکە کە سەرجەمیان کورد باکوور بوون جگە لە یەکێکیان کە ناوی “سەربەست” بوو کوردی رۆژئاوا بوو، بڕیاربوو ئەمانیش لەگەڵ ئێمە بن و مەشقی سەربازیی و شێوازی شەڕی پارتیزانی فێری ھەڤاڵانمان بکەن، بەھەرحاڵ دایکی خالید ھاواری کرد ئاسایش ھاتە سەرمان، ئێمەش لە نھۆمی دووەمی ماڵەکە بووین و خێرا ھەر کەسە پەلاماری چەکی خۆی دا، بەڵام کاک “خەلیل” برا گەورەی خالید پێش ھەموومان کڵاشینکۆفێکی ئاڕبیکەی چەقاند لەسەر ستارەی ماڵەکە و ھاواری کرد وەرن ئەگەر مەرد و ئازان، بە قەبری مارکس “کاک خەلیل کۆمۆنیست نەبوو،ـ بەڵام دۆستمان بوو” ناھێڵم کەس بە زیندوویی پێ بخاتە حەوشەکەوە، لە قاتی خوارەوەش کاک “جەمال”ی رەوانشادی باوکی خالید بە بیکەسی وەستابوو، ھێزەکەی ئاسایش کە زانییان چەکی باشمان لایە و ژمارەشمان زۆرە، وتیان تەنیا “خالید”مان ئەوێ، کاک جەمال وتی ئێوە بڕۆن بەڵێن بێت خۆم دەیھێنم بۆ لای ئێوە پاش یەک سەعات، ئاسایشەکان دەیانزانی کاک جەمال خاوەنی قسەی خۆیەتی و خۆیشی ھەر یەکێتی بوو، بۆیە گەڕانەوە، لەو کاتەدا ھەڤاڵە گەریلاکانم لەگەڵ خۆم برد بۆ گەڕەکی ئابڵاخ و بۆ ماڵی یوسف لەوێ خۆیان شاردەوە تاکو بزانین چی روودەدات؟، پاشتر چوومە ماڵەوە. ئەوسا خەڵک لەسەربان دەنوستن چوومە نھۆمی سێھەمی ماڵی خۆمان نوستم بەڵام چەکەکەم کە دەمانچەیەکی تارق بوو ھەر لە ناو دەستما بوو، تەنانەت فیشەکیشی لەبەر بوو، ھەر سەیر بوو لەکاتی خەودا نەمتەقاندبوو بە خۆمدا.
خالید و باوکی ھەر ئەو شەوە چووبوونە ئاسایش، لەوێ خالیدیان رەوانەی دەزگای زانیاریی کردبوو لە قەلاچوالان و ئەشکەنجەیان کردبوو، بەڵام کاک جەمال کە پیاوێکی کۆمەڵایەتی بوو، توانی بە پەیوەندیی خۆی لە زیندان دەریبھێنێت، کە ئازاد کرا من چوومە سەردانی، کاک جەمال وتی: کوڕم ئێوە بەردێکی گەورەتان ھەڵگرتووە، خۆ من تا دوا قەترە خوێنم دیفاعم لێ دەکردن، بەڵام ئەم کارەتان سەرئێشەی بەدواوەیە. دواتر ژوورێکی ماڵەکەی خۆیانی نیشاندام دەتووت جبەخانەیە، چیم بینی؟ ھاوەن و دەیان گووللە، ئاڕبیچی و دەیان گووللە، بیکەسی، چەندان کەپس فیشەکی بیکەسی، زیاتر لە پانزە کڵاشینکۆف، جگە لەو چەکانەی بە ھەڤاڵە گەریلاکان بوو. ئەمان بنەماڵەیەکی چەکدار و عەشائیر بوون، بۆیە بۆ دەسەڵاتیش ئاسایی بوو چەکی قورستریش لە ماڵیاندا بێت. دواتر یەکێک لە ھاوڕێکانی ترمان دەستگیرکرا و لە ژێر ئەشکەنجەدا ھەموو شتێکی درکاندبوو. بۆیە تاکو ماوەیەک چووینە قۆناغی خۆ شاردنەوە، بەڵام شێوازێکی رێکخستنمان دروستکردبوو، کە ھەر کەسێک لە پێنج کەس زیاتر نەناسێ بۆ کاتێکی لەو چەشنەی دەستگیرکردن دێتە پێشەوە، بەڵام ئێمە خاوەنانی بیرۆکەکە نزیکەی پانزە کەس بووین ھەموومان ئاگامان لە خوارەوە ھەبوو، بۆیە ئەگەر یەکێک لە ئێمە بگیرابایە و ئیعترافی بکردبا بێگومان بە ئاسانیی تێنەدەپەڕی.
دوای ئەمە ھەندێک لە ھاوڕێیان ساردبوونەوە لە شێوازی کاری شەڕی پارتیزانی، ئەمەش دڵخوازی ئێمە بوو، یەکێک لەو کەسانەی زۆر سوور بوو لەسەر شۆڕشی چەکداریی بەھادینە سوور بوو، ئەویش دڵسارد ببوو. بەھادین لە ئێمە بەتەمەنتر بوو، وا بزانم یەکێک لەو ھاوڕێ دەگمەنانەی ناو ئێمە بوو، ھاوسەری ھەبوو، بەڵام بیرمە لە پیاسەیەکی شەوان لە گەڕەکی رزگاری نزیک عیمارە عەتار، بەرەو لای مەڵبەندی یەکێتی سەردەکەوتین وتی کاکە من ھەر ئەمشەو چەک ھەڵدەگرم و دوانزە مەخزەن لە خۆم دەبەستم و پێنج رومانەشم ھەیە لەسەر چی وەستاون ئێوە؟ وتم ھاوڕێ قۆناغەکە ئەوە دەخوازێت لەناو شارەکاندا کار بکەین، ئەو شیعرێکی قانعی کرد بەسەر بابەتەکەدا و حەماسەتی فڕی بوو، بەو ھۆیەشی ھەموو دیوانی “قانع”ی لەبەربوو ناوە نھێنییەکەیمان کردبوو بە مامۆستا قانع. ھەر ئەم بەھادینە زۆر ساردبووەوە، بەڵام ساردبوونەوەکەی بەشێوەیەک بوو بڕوای بە کاری رۆشنگەریی و فیکریی نەبوو، بۆیەکا لە ھەنگاوەکانی دواتر لەگەڵمان نەبوو، دەستی کردەوە بە کرێکاریی خۆی.
بە حوکمی ئەوەی زۆربەمان گەنج و کەم ئەزموون بووین، بەشێکیش کەوتنە ژێر باری ترس و تۆقاندنی دەسەڵات شیرازی رێکخراوەکە تێکچوو، ھەندێک بە کەمتر لە شۆڕش رازی نەبوون، ھەندێکی تر وازیان ھێنا و سەری خۆیان ھەڵگرت بۆ ئەوروپا، بەڵام دەستەی یەکەمی کارەکە بە جیاوازیی بیروبۆچوونیشەوە لە دەوری یەکتر ماینەوە، تاکەکەسێکی زۆر ئەکتیڤ سڵی لە وشەی کۆمۆنیستبوون دەکردەوە “محەمەد عەدنان” بوو ئەو زیاتر چەپێکی نەتەوەیی و لە سەرەتاشەوە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی ئیشەکە بوو، ھەموو ئەمانە بوونە ھۆکارێک کە جارێکی تر بگەڕێینەوە سەر گفتوگۆ و جەدەلی زیاتر، بێ دەستبەرداربوون لەو بیرۆکەیەی دەبێت ئەو بۆشاییە ھێزێکی چەپ پڕی بکاتەوە، ھەوڵەکانمان چڕ کردەوە بۆ ھەندێک بابەتی تیۆریی و توێژینەوە، ئەوەی پێشنیار کرا ئەمجارە گۆڕینی ناوەکە بوو بۆ “پارتی چەپی دیموکرات” ئەمەش ئەو ھەڤاڵانەی پێشووی پەکەکەی نیگەران کرد بوو بەو پێیەی ناوی ھەمان پارتی فەرمانڕەوای ئەوسای تورکیا بوو، من یەکێک بووم دژی ئەو ناوە بووم. ھەریەک لە نەوشیروان و یوسف بڕیاریان دا بڕۆنە ئەوروپا و ھەرواشیان کرد لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٠دا، م.حەسەن گەڕایەوە لای ھاوڕێی گیانبەختکردوو فەرھاد فەرەج کە رێکخراوێکی کۆمۆنیستی بچووکیان ھەبوو لەگەڵ رۆژنامەیەک بەناوی “پەیڕەو”، لە ئاکامیشدا لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٩ ھاوڕێ فەرھاد لە ماڵەکەی خۆیدا تیرۆرکرا، دواتریش کەسێکی نێو تەشکیلاتی ئێمە بە ناوی “ئەردەڵان” بە دەمانچەی بێدەنگ تیرۆرکرا لە شارەزوور. منیش بە چەقۆ لێمدرا لەلایەن گروپێکی سەر بە مەلا کرێکار کە ئەوسا پێیاندەوترا “ئیسڵاح” بە سەرپەرشتی فەرھەنگ نامۆ.
من و کوردۆ و محەمەد عەدنان و چەند ھاوڕێیەکی تر بەردەوام بووین لەسەر پارتی چەپی دیموکرات تاکو خەتمایلێک ھەموو شتێکی ئاشکرا کردین، کوردۆ ھەڵات و لە رۆما بن ئۆتۆمبیل کەوت و گیانی سپارد. ئەمە بە تایبەت دوای دەرھێنانی شانۆگەریی “بازاڕی گوڵفرۆشی” کە لە رۆژی کۆتایی نمایشدا ئاسایش چوونە سەر ھۆڵەکە و شانۆگەرییەکەیان راگرت، کوردۆ و چەند ئەکتەرێکی تریشیان برد بۆ زیندان تاکو سێ رۆژ، بەدوای منیشدا گەڕابوون وەک نووسەری دەقی شانۆگەرییەکە. بەھەرحاڵ محەمەد عەدنان ھەر خۆی تاک مایەوە لە حزبەکەدا، ئەویش ناچاربوو دەست ھەڵبگرێت و کۆتایی حزبەکە بەمشێوەیە بوو کە نەیتوانی ھیچ بکات بەڵکو توشی نائومێدییەکی گەورەشی کردین، بەو ھۆیەی تەنانەت حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش دژایەتی دەکردین، کە من تا ئەو ساتەوەختە و چەند ساڵ دواتریش ھەر وەک کادری ئەو حزبە بەردەوام بووم، کەم ئەزموونی و نەخەمڵینی بارودۆخەکە وایانکرد پڕۆژەکە جێی خۆی نەکاتەوە لە واقیعی حاڵدا، ھەرچەند دواتر من و حەمە لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٠٠ لە ھەوڵێکی تردا یەکمانگرتەوە ئەویش ھەوڵی دامەزراندنی “پارتی چەپی نەتەوەیی” بوو، ھەرچەند ئەم پارتە تەنیا وەک بیرۆکە مایەوە، بەڵام ئەمیش چیرۆکێکی خۆشی خۆی ھەیە و لە داھاتوودا دەگەڕێمەوە سەری.
لێرەدا پێم خۆشە پێش ئەوەی ستراتیجی پارتی چەپی شۆڕشگێڕ روون بکەمەوە، ناوی ئەو ئەکتەرە سەرەکیانە بیر بھێنمەوە کە بوونە ھەوێنی ئیشەکە. ١-محەمەد عەدنان ناوی نھێنی حەمە بوو ئێستا لە نیوزلەندا دەژی. ٢-ئاراس عەلی ئێستا ھەر لە سلێمانی دەژی. ٣- بەھادین قادر ناوی نھێنی مامۆستا قانع بوو لە سلێمانی دەژی. ٤- نەوشیروان محەمەد ناوی نھێنی ھاوڕێ نەوە بوو.. ٥- یوسف رەزا ناوی نھێنی کوڕە ئابڵاخی بوو. ٦- کوردۆ فایەق ناوی نھێنی فەتاح بوو ساڵی ٢٠٠٠ لە رۆما گیانی سپارد. ٧-ئاسۆ کانێسکانی ناوی نھێنی جوتیار بوو. ٨-ستیڤان ئەحمەد ناوی نھێنی کاروان فوئاد بوو “خۆم”. ٩- خالید جەمال ناوی نھێنی ئەژی بوو لە سلێمانی دەژی ئێستا. ١٠-حەسەن شێخ کەریم ناوی نھێنی ھاوڕێ کاوە بوو.
ئامانجەکان یان ستراتیژی سەرەکیی پارتی چەپی شۆڕشگێڕ دەکرێت لەم خاڵانەدا کورت بکرێتەوە:
١- رووخاندنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە رێگەی شورای گەڕەک و شوێنکارەوە.
٢- ھەوڵدان بۆ چەسپاندنی سەربەخۆیی کوردستان بەھەر میکانیزم و رێگەیەکی گونجاو بێت بەتایبەت لە رێی ریفراندۆمەوە.
٣- گۆڕینی سەرجەم یاساکانی وڵات کە یاساکانی زەمانی سەدام بوون بە یاسای نوێ و مرۆڤدۆستانە.
٤- ھەڵمەتێکی خێرا بۆ خوێندەوارکردن و بوژانەوەی ژیانی ئابووری و گۆڕینی سیستمی پەروەردە.
٥- ئامادەسازیی بۆ بیناکردنی دەوڵەتێکی محەلی سۆسیالیستی و پراکتیزەی ئابووری سۆسیالیستی تیایدا.
٦-بە گشتیکردنی کەرتەکانی خوێندن و کارگەگان و پڕۆژە گەورەکان لە ھەنگاوی یەکەمدا.
٧-جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت و پارێزبەندیی بۆ پەیڕەوانی ھەر ئاین و ئاینزایەک بێ جیاوازیی.
٨-چەسپاندنی یەکسانی ژن و پیاو بە پێی یاسایەکی روون و کۆنکرێت.
٩-ئامادەسازیی بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی سکۆلار و پێشکەوتوو بۆ ھەرێمی کوردستان.
١٠-ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو ئەو پڕۆژانەی حزبە ناسیۆنالیستەکان بۆ کۆتکردنی کۆمەڵانی خەڵک دروستیان کردبوو. لەوانە گۆڕینی ملیشیای حزبی بۆ ھێزێکی یاسایی پارێزەری قەوارەی کوردستان.
پاش دە ساڵ لەم حزبە دروست نەبووەی ئێمە، گۆڕان ھەستا بە جووینەوەی ئەم پلاتفۆرمە سیاسییەی کۆمۆنیستەکان کە پێشتریش شوراکان و رەوتی کۆمۆنیست و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش تەرحیان کردبوو بە شێوە و ئاستی جیا، بەڵام چەپەکان خرانە ئەودیوی گەمەکە، خەڵک گرەویان لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان دەکرد و ھێلکەکانی خۆیان خستە سەبەتەی نەوشیروانەوە بۆ بەدیھێنانی ئەو خواستانە، بەڵام دوای ھەشت ساڵ لە تەمەنی گۆڕان روونی بۆ ھەموو لایەک دەرکەوت گۆڕان ھەر ئەوەبوو ئێمەی کۆمۆنیستەکان لە سەرەتاوە پێمانوابوو ھێلکەیەکی پیسە و درێژەپێدەری ھەمان ئەو سیستمە باڵادەستە بۆرجوازییەیە کە حزبەکانی دەسەڵاتی لەسەر دامەزراوە.
ئێستا کۆمەڵگەی کوردستان گەڕاوەتەوە چوارگۆشەی یەکەم و ھەمان بارودۆخی سیاسیی و ئابووری ساڵانی نەوەدەکان، تاکە شانس بۆ چەپەکان و بۆ خەڵکیش ھاتنە ئارای ھێزێکی چەپی نوێی رادیکاڵە بێ ئەمە نە ھیچ گۆڕانێک روودەدات کە شیاوی باس بێت نە ئیتر چەپ دەتوانێت دەور و نەخشێکی ھەبێت لە کۆمەڵگەدا تا دەورانێکی دوورتر کە دیار نییە کەنگێیە. ئەمڕۆ رۆژی چەپێکی نوێیە “مەبەست تەنیا ئەو رەوتە نییە لە ژێر ناوی چەپی نوێ خۆیان مانیفێست کردووە”. ئەگەر چەپ و کۆمۆنیستەکان کەڵک لەم دەرفەتە وەرنەگرن دەبێت فاتیحا لەسەر گۆڕی خۆیان بخوێنن، ئەگەریش کۆمەڵگە لە کاتی ھەبوونی ئەڵتەرناتیڤێکی بەھێزی چەپدا خۆشخەیاڵ بێت بە گۆڕان و ئیسلامییەکان، نەک لە دۆخی ناھەمواری ئێستادا دەمێنێتەوە بەڵکو بژاردەکە خۆی سەپاندوویەتی بەسەر خۆیدا. حیکمەتی گێڕانەوەی ئەم ھەقایەتە تەنیا بۆ ئەوەیە بڵێم کات بۆ چەپەکان ماوە، بەڵام چۆن و کێ؟ ھیچ نابینرێ لە ئاسۆدا.


تێبینی: ئەم بەشەی نوستالژیا لە بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە ٥٤٣-٥٥٣ بەشێوەی کاغەز بڵاوبووتەوە.

Previous
Next
Kurdish