لەبری پرۆلیتاریا، دەڵێن مێگەل!.. جەمال کۆشش
ساڵی خەونە موژدە بەخشەکان! ساڵی بەهێزبوونەوەی کۆمۆنیستەکان!
سلاڤۆی ژیژەک کتێبێکی بەناوی “ساڵی خەونە ترسناکەکان” هەیە، وەرگێڕی کارامەی بواری هزر و فەلسەفە، ئەرسەلان ئەفراسیاو بۆ کوردی وەریگێڕاوە. بەکارهێنانی ئەم دەستە واژەیە وەک میتافۆرێکی ئاوەژوو، تەنها بۆ چڕکردنەوەی مەبەست بووە بۆ دەرکەوتنەوەی شەبەنگێکی سور. کتێبەکە پتر لەدەیەیەکە نوسراوە، ساڵی بەهێزبوونی ڕاستی پۆپۆلیستی توندڕەو، پوکانەوەی عەقلانیەت و جەنگ.
کیژان ئیسپه هانگیزی، مامۆستای زانکۆی زوریخ لە نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەی دێر بوند (بەڵێ، بەڕاستی ئێمە لە سەردەمی لەدایکبونی نەزمێکی نوێێ جیهانیدا دەژین کە بەرەیەکی خراپەکار لەئۆتۆکراتەکان شەڕیان لە دژی کۆمەڵگای ئازاد و دیموکراسیەکەی ئێمە ڕاگەیاندووە. ئێمە لە نێو ئاڵوگۆڕێکی ئابوری و هەیکەلەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن گیرمان خواردووە، ڕێگای دەرچوون زۆر مەترسیدارە).١
سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای ڕەوتێکی بە هەژمون و هەیبەتی بۆرژوازی، پاراستنی کەمایەتیـیە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکان، ڕێزگرتنی کلتورەکان و مافی گروپەکان و دایەلۆگی نێوان ئاینەکان و بەرگری لە کۆمەڵەی پەلکە زێرینەکان و پەراوێزخراوەکان و فێمێـنیستی جێندەری و مافەکانی پەنابەران و کرێکارانی کۆچکردوو،…پاشەکشەی لەبەرامبەر کۆنسێرفەتیفە ڕاستڕەوەکان و ئیسلامفۆبیا و بزووتنەوە نیو-فاشیستەکاندا کردووە. ئەم دەورانە بە کۆتایی ڤۆکیزم و پۆلیتەکەڵ کۆڕێکتنێس دەناسرێت، بەڵام بۆ ئەمانە پەیدا بوون؟
لەڕاستیدا، خۆی ئەمە پرۆسەیەکی یەکجار ئاڵۆزە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی سەرمایەدا و لە نێو دەورانی سیستەمەکەدایە. ڕێکخستنەوەی بازاڕی کار و سەرمایە و جیۆپۆلیتیکی نوێ لە ئاستی جیهاندا، بەتایبەت پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان لەبواری دجیتاڵ و زیرەکی دەستکردا، شەڕی غەززە و ئۆکرانیا، …هتد.
بەڵام ئەوەی تایبەتیـیەکی بنچینەیی تر لەم جێگۆڕکـێـیە، هەر ئەو ڕەوتەی بۆرژوازی بوو، کە کۆمۆنیزمی چینی کرێکاری وەک کوشندەترین دەرد و بەڵا لە کۆمەڵگا ڕاو دەنا. هەر لە بەنگلادیش و ئەندەنوسیاوە بگرە تا ئەمەریکای لاتین و تا ئەفگانستان و پاکستان و ئێران، بە کودەتای ڕاستەوخۆ و دامەزراندنی حکومەتە پرۆکسیسەکان، یان بەهێزکردنی تاوانبارترین بزووتنەوە سیاسیـیە مافیاییەکان ، یان هەردوکیان وەک ئێستای عێراق. هیچ بوارێک و هیچ شوێنێک نەما، بۆنی کۆمۆنیزمی لێهاتبا و هەر چەند بچوکیش بێت، هەر چەند ڕەمزییش بێت، دەبوا هاوتا بکرێت بەنازیزم و فاشیزم و توندتر هەوڵی لەنێوبردنی بدەن. تەنانەت لەبێلایەنترین زانکۆشدا. دیقەتتان دا، کارزان عەزیز لە کۆتایی نۆڤەمبەری ئەمساڵ، لە لاپەڕەی فەیسبوکی خۆی، نوسینێکی بەناوی “ئایدیولۆژیای بەعسیزم چیە؟” بڵاوکردەوە، لەوێدا لە یەکێک لە زانکۆکانی بەریتانیا لە کۆرسی ماستەرەکەیدا کە تایبەت بوو بە نازیزم، مامۆستاکەی ناچاریکردووە و لە دەرەوەی ئارەزووی خۆی کۆمۆنیزم لە تەنیشتی فاشیزم و نازیزمدا دەبوو بەکاربهێنێت. یۆڤال نۆح هەراری درەوشاوەترین ئەستێرەی بیرمەندی لیبراڵی ئەمڕۆیە. تەنها کتێبی “نوکسێس” کە لە (٢٠٢٤) بڵاوبوەوە، (٤٥) ملێۆن دانەی لێفرۆشراوە و بۆ سەر (٦٥) زمان وەرگێڕدراوە. وەرگێڕانە کوردییەکەی، بەڕێز شاهۆ عوسمان لە ئەڵمانیەوەیە، ، لە لاپەڕە (٢٧)دا، پەرەگرافێک لە مانفێستی کۆمۆنیست دەهێنێتەوە (مێژووی هەموو کۆمەڵگایەک تا ئێستا مێژووی ململانێی چینایەتییە، ئازاد و کۆیلە، ئەشراف و عەوام…). دواتر دەنوسێت، ئەم لێکدانەوە دووانەییە بۆ مێژوو، هەموو کارلێکێکی مرۆیی وەک ململانێی دەسەڵات لەنێوان ستەمکار و ستەملێکراو دەبینێت، کەواتە بۆ هەر وتەیەک نابێت بپرسین ( چی دەوترێت؟ ئایا ڕاستە؟)، بەڵکو دەبێت بپرسین (کێ ئەمە دەڵێت؟ ئەمە خزمەتی ئیمتیازاتی کێ دەکات؟).
یۆڤال هەراری کاتێک ئەم تێزە بەناوی “زانیاری” دەهێنێتەوە، کە لە لاپەڕەکانی پێشوویدا زۆر گێڕانەوەی هەڵبەستراوی زانیاری ناڕاستی دۆزیوەتەوە. هەمان نیەتی هەیە کاتێک لە دیدگای مارکس بۆ خەباتی چیانەیەتی دەکۆڵێتەوە. کتێبێکی تر کە لە لیستی پێشنیارکراوی (٢٠) باشترین کتێبی پایزەی دەوری ڕۆژنامەی (ئین زیت زیت) بوو، نوسەرەکەی (ئوڤا وتستۆک)ە، بەناوی (کارل مارکس لە جەزائیر، ژیان و دواین گەشتی شۆڕشگێڕێک)، بەزمانی ئەڵمانی، کتێبەکە بەنیازی ژیاننامەی مارکس لە (٢٧-٤-١٨٨٢)، یانزە مانگ پێش کۆچی دوایی، وە تایبەتی تر ئەو دە هەفتەیەی مارکس لە جەزائیر بوو، بەڵام بەشێوەیەک بۆ تەواوی ژیانی دەگەڕێتەوە و لەوێوە وێنەیەکی شێواو لە بۆچوونە بونیادییەکانی مارکس دەدات. (بۆ ئەمە ڕوون نیـیە، ئایا مارکس بڕوای بە تێزە بنەڕەتیەکەی خۆی هەبوو، چەقی هەڵوسێنەری مێژوو، ململانێێ نیوان چینەکانە، کە ئەمە ئایا دەتوانرێت بەڕاستی و
قەناعەتهێنەر بێت و ئەزمون بکرێت و بەداتا بسەلمێنرێت، یان ئەم تێزە لەچاوی مارکسدا تەنها لێکدانەوەیەکی تایبەتی (سۆبێیەکتی) بووە لە سەردەمە مێژووییەکان)، چەند دێری دواتر دەنوسێت: “مێژوو پرۆسەیەکی گەورەی ئاڵۆزە کە لە ژمارەیەکی بێسنوری ڕەوتە کۆمەڵایەتیەکان، تاکیەکان، ژینگەییەکان، کلتورییەکان و فاکتۆرەکانی تر کاریگەرییان هەیە، ئەم فاکتۆرانە کە بە بەردەوامی دەگۆڕێن و کاریگەرییان لەسەر یەک هەیە و بۆیە ناتوانین تەنها بۆ یاسا ئابورییەکان بگەڕێێنەوە ، لاپەڕە١١٠)٢. یەکجار زۆرن بەهەموو زمانێک و لە تەواوی جیهان، دژایەتی مارکسیەت و تێۆری خەباتی چینایەتی.
ساڵی (٢٠٢٦) و ساڵانی داهاتوو، موژدە بەخشن، بۆ یەکەمجارە لە مێژوی سویسرا، گەورەترین خۆپیشاندانی کرێکاران و کارمەندانی کانتۆنی فات دەستیان بەمانگرتن و خۆپیشاندان کردووە. گەورەترین خۆپیشاندان لەدژی ڕاسیستەکان لە ئەڵمانیا، گەورەترین خۆپیشاندانی جەماوەری لە بەریتانیا بۆ کێشەی فەلەستین. بزووتنەوە کۆمۆنستیـیەکان لەسەراسەری ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا بەهەنگاوی گەورە بەرەو حزبیەت و بەرەو هەڵسوراوە کرێکارییەکان دەڕۆن.
شۆڕش بە چ مانایەک دێت؟
بۆرژوازی لە کوردستان، لە لاوازترین کاتەکانی خۆیدا، غافڵ نەدەبوو لە سەرکوتکردن و تیرۆر و ڕێگری لە چالاکی ڕاستەوخۆی کۆمۆنیستەکان. هێڕش بۆ سەر بارەگاکانی (ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست) لە ساڵانی (١٩٩١ و ١٩٩٢) لە هەولێر و هەڵەبجە و ڕانیە و دهۆک و ئاکرێ، هێرش بۆ سەر شوراکان. وە دواتر کرۆنۆلۆژی خوێناوی درێژەی کێشا بۆ تیرۆری نەزیرعومەر (١٩٩٣)، شاپور و قابیل (١٩٩٨) و کوشتاری بە کۆمەڵی ناو شاری سڵیمانی لە (١٤)ی تەمووزی (٢٠٠٠)دا.
ڕۆشنبیران، بەتایبەت گروپی ڕەهەندییەکان، زمانیان بەخشی بەدەمی سەرکردەکانی شاخ کەتازە بەربوونە تاڵانی شار. لیبڕاڵیەتێکی بێ بەهایان بۆ کورد دامەزراند و شوناسێکی فەردیان دا بەناوی تاکی کورد. خۆ کرێکار لە کوردستان نیـیە، ئیدی مارکس و کۆمۆنیزم بۆ دەبێت لێرە هەبن، بۆ ئەوەی ئەم تێۆرە دابهێننن، دەبوا مارکس و بیروباوەڕە مارکسیـیەکان، لە فکر و ڕۆشنبیری کۆمەڵگا دەربکەن. بەڵێ لە زۆر چاوپێکەوتن و ڕاڤە و کتێبەکانیاندا، چەمکەکانی بەعسیزم و فاشیزم و سۆشیالیزم و تەنانەت مارکسیسزم و کۆمۆنیزمش، وەک یەک ئایدیۆلۆژیا تاوانبارکراون و و بەنەفرەتکراون. فاکتەرێکی گرنگی دواکەوتویی فەرهەنگی و تەشەنەسەندی سەلەفیەت و داعشیەت و نیولیبراڵیزم. دورخستنەوەی بەتایبەت لاوان بوو لە مارکسیەت.
کەسانێک هەن و ڕەنگە بەخۆشیان بڵێن کۆمۆنیست:–
لەبری گەڕانەوە بۆ مارکس، دەگەڕێنەوە بۆ نیتچە؟ لەبری لێکدانەوەی مادییانە، میتافیزیکییانە دەڕواننە گەردون.
لەبری پرۆلیتاریا، دەڵێن، مێگەل!
ڕاپەڕین و هەڵسانە جەماوەرییەکان نابینن، دەڵێن کۆیلەی فکری!
لەبری خەباتی کۆمۆنستی، لە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، ڕیکلام بۆ کاندیدی کۆتای مەسیحی، لەسەر لیستی حزبی شیوعی کوردستان دەکەن؟
لەبری لێکدانەوەی ماتریالیزمی مێژوویی بۆ ئاژاوە و کێشەکانی نێوان ئینسانەکان لەسەر شوناسە جیاوازە کلتورییەکان، دێن ئینسانەکان بەپێی لۆجیکی فیدرالیەتی سیاسی پەرلەمانی سەرژمێرییان دەکەن ولەڕادیکالترین شێوەیدا دیدگای کارل پۆپەرییەکان بۆ کۆمەڵگای کراوە، لەبری خەباتی هاوبەشی چینایەتی.
لە نێو کارەساتێکی سروشتیدا، لەبری قوڕبارانکردنی دەسەڵاتداران و ڕاونانیان بەهوتافی تاوانبار و بکوژ، ناچارکردنیان بەدەستکێشانەوە، وەک ئەوەی لە ڤالانسیای ئیسپانیادا بوو. کۆمۆنیستەکان دەبێت لە ڕێکخراوە خێرخوازییەکاندا لەنزیک خەڵکەوە بن!
شۆڕشی کۆمۆنیستی، قۆناخبەندی نییە، زەمینەسازییە. پراتیکی کۆمۆنیستی ڕێژەی لەسەدای نییە. شۆڕشە بۆ ئازادی هێزی کار لە سیستەمی چەوسانەوە. “کاڵای ئەبستراکت” نییە، تێۆرییەکی گشتی ئەنتەرناسیۆنالیستیە و کۆمۆنیستەکان ئەم تێۆرییە لە خەباتی چینایەتی نێوکۆمەڵگادا زیندوانە لە وڵاتەکان و لە کێشەکانیاندا بەرەوپێشەوە دەبەن. وردەبۆرژوازی، هیچ کاتێکی گونجاو نادۆزنەوە بۆ ئەم خەباتە و بۆرژوازیش بەتەواوی لەدژایەتی وەستاوەتەوە.
٢٠-١٢ی – ٢٠٢٥
1-kijan Espahangizi .der Bund 15.Dezember.2025
2-Uwe Wittstock , Karl Marx in Algier page(109-110)
