Skip to Content

مارف عومەر گوڵ “شاعیرێک ڕووەو ئاسۆ”.. .سوهەیب فاروق

مارف عومەر گوڵ “شاعیرێک ڕووەو ئاسۆ”.. .سوهەیب فاروق

Closed
by كانونی دووه‌م 16, 2022 General, Literature


کەم کەس هەیە ئەو دێڕە تایبەتەی “هێمنی موکریانی” نەبیستبێت،”من بەرەو ئاسۆ بەرەو ڕووناکی باڵم گرتووە، چۆن بەرەو تاریکی دەخشێم پاڵ وە شەیتانێ دەدەم”.. “مارف عومەر گوڵ” شاعێریک هەمیشە ڕووەو ئاسۆ دەیڕوانی، هەمیشە لە دێڕەکانیدا دەبینیت پشت لە شەیتان و ڕوو لە جوانی پشت لە نائومێدی و ڕوو لە ئومێد سەردەمانێک کە ئەو تیایدا دەست دەداتە شیعر و دەکەوێتە زیندان، دۆخێکە کە مرۆڤ کەمتر توانای بەرگەگرتن و نەدۆڕانی هەیە، وەلێ ئەم بە پێچەوانەی ئاڕاستەکانیشەوە دەڕوات و ناشوەستێت و بەردەوام دەبێت و گوڵ دەگرێت و بەر دەگرێت، هێزێکی سەیر جووڵەیەکی ماندوونەناسانە، بزێوییەک، جۆرێک یاخیگەرێتی لە شیعری مارف عومەر گوڵدا، هەیه هەمیشە چاوی هیوایە دائەگیرسێ هەمیشە لووتکە ئەبینێ، هەمیشە ئەستێرە ئەدوێنێ، هەمیشە دەرگایەک هەیە، ئەگەر داخراویش بێت سەرنج بدەنە ناوونیشانی دیوانەکانی(هێلانەی نغرۆ) و (خۆری زیندان)و (شاییەکی نهێنی) و (شکۆی باڵگرتوو) یانێ ئەمەوێ بڵێم هەمیشە هێلانەیەک هەیە بۆی بگەڕێتەوە، کەرچی نغرۆیە، خۆرێک هەیه لەزیندانیشدا، شاییەک هەر هەیه گەرچی نهێنییش بێت، شکۆیەک شک ئەبات گەر باڵیشی گرتبێتەوە، ئەم هێزە ئەم جۆرە لە “خۆبوون” و “ئەونەبوون”ە، شۆڕ ئەبێتەوە بۆ نێو دێڕبەدێڕی شیعرەکانیش دواتر بڕێک نموونە دەهێنمەوە.

وەختێک لە ساڵی ۱۹٨۲ بەعس دەیگرێت و لە ئەمنی عامەی بەغدا زیندانیی ئەکەن، ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆری ئەدەن تا ڕاددەی مەرگ ئەیبەن، شیعری بەستەی نەبەز.. “من ئەو دیلەم لە زیندانی تاریکا”ی گۆران و چەند کتێب و ژیاننامەیەک هێزی بەرگەگرتن و ورەبەرزیی زیاتری ئەدەنێ ئەم دۆخە وا ئەکات، هەمان دۆخی زیندان بکاتەوە بە شیعر و بە فۆڕم و سەبکی خۆی و ئەم دۆخە بەیان بکاتە ئەم هێزە بکاتە دەرکەوتەیەکی زمانی و بیداتەوە بە بەردەنگی خۆی، سەرنج بدەنە شیعری”لاپەڕەیەک لە پەیامی زیندانییەک” پڕە لە ڕەهەندی سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی و زمانەوانی کە دەتوانێت بە وردی دۆخی دەروونیی کوردێکی شاعیری زیندانی بەیان بکات، کە چۆن ڕووبەڕووی مەرگ ئەبێتەوە، چۆن شیعر لەدایک ئەبێت، چۆن هیوا لە تاریکییەکی وەهادا چرۆ ئەکات، سەرنج بدەن چۆن ڕووەو ئاسۆ دەڕوانێت، سەرنج بدەن له کۆپلەیەکی دەقەکەدا دەڵێت:

“لەپێ هەتاو
بە دیواری ژوور سەرمەوە پێدەکەنێ
کەلەپچەکەم بە دیواری زیندانەوە وا کلیل بوو
٫چی بکەم دەستم ناگاتە ئەو تیشکی خۆرە،
لەپێ هەتاو
هیوا و خۆزگە و ئاواتمی پێوە دیارە
نەخشەی هەموو وڵاتمی پێوە دیارە.
لەوانەیە لە بارەی ئەدەبی بەرگری و زیندانەوە زۆرتر بەردەنگی کورد وەک نموونە بۆ ئەو جۆرە ئەدەبە، شیعری بەندیخانەکەی “قانع” و شیعری “بەستەی نەبەز”ی “گۆران” و لە ئەدەبی نوێشدا زۆرتر شیعرەکانی “شەهید مەلاعەلی” وەک نموونە بهێننەوە، لە کاتێکدا لەپاڵ ئەم نموونەگەلەشدا شیعری “لاپەڕەیەک لە پەیامی زیندانییەک” نموونەیەکی هەرەباڵا و بێوێنەی ئەدەبیاتی زیندانە.
“نەکەی”
دنیا جەنجاڵی هەزار ئاهەنگی شین و شەپۆڕە
نەکەویتە بەر قوڵپی گریانی
چرایەک هەڵکە بۆ سەفەری شەو
نەکەویتە بەر ئەستەمی ڕێگەی سەرکەندەڵانی
لە دووڕیانی پێش خۆرهەڵاتا
دەزانم کام ڕێ بۆ ناو دڵ دەچێ
ڕێگومکێ نەکەی له مەبەستی گەش
نەوەک هاواری پاشگەزبوونەوەم زوو بێتە سەر ڕێ.

بە سەرنجدان لەو تێکستە، تێدەگەین کۆی پرسەکە گوتنێکە کە دەیەوێت “پاڵ وە شەیتانەوە نەدەین” نەکەی.. ناوونیشانی شیعرەکەیە، نەکەویتە بەر قوڵپی گریان جۆرێک لە درکەیە لە بەرانبەر سیفەتی کڕووزانەوە و زەلیلیی مرۆڤ دایناوە، لە بەرانبەردا بەدیلێک دەدۆزێتەوە، دەڵێت چرایەک هەڵکە بۆ سەفەری شەو، بۆ ئەوەی “نەکەویتە بەر ئەستەمی ڕێگەی سەرکەندەڵان”، ئەستەمی ڕێگەی سەرکەندەڵان درکەیە، ئەیەوێ بڵێت مەحاڵ مەناسه، هەر لە شیعرەکەدا بەر دوو دێڕ دەکەوین کە تەواو دەبنە شادێڕ، کە گوتنەکە تیایاندا بەتەواوی دەمەێت ئەوانیش:

١- دەزانم کام ڕێ بۆ ناو دڵ دەچێت.
٢-ڕێگومکێ نەکەی لە مەبەستی گەش.
دەزانێت ئەو ڕێیەی بۆ ناو دڵ دەچێت کامەیە، لووتکەی ڕۆشنبوونەوە و خۆبوونە، ترۆپکی ڕەتکردنەوەی ئەوی ترە، دۆزینەوەی ڕێگەی دڵ ئامانجە پیرۆزەکەیە، مەحاڵە مرۆڤ بتوانێ ڕێی دڵ بدۆزێتەوە و ونی بکات، ئەو پێمان ئەڵێت من ڕێگەکەم دۆزیوەتەوە ڕووەو ئاسۆ ڕووەو دڵ هەنگاو ئەنێم ئێوەش نەکەن پشت بکەنە ئاسۆ و ڕوو بکەنە شەیتان فرێزێ”مەبەستی گەش” کتومت ئەوەیە کە دەڵێت ڕێگومکێی لێ مەکەن.
ئەم “ڕووەوئاسۆچوونە” لە سروشتیشدا دەق دەگرێت، سروشتیش لای شاعیر بەرەو ڕووناکی دەڕوات سەرنج بدەن لەم شیعرەدا لەپاڵ پێشمەرگەدا
” زەمین، شاخ، چەم، ئاو، بوار، بەردەباز”
چۆن ڕادەچەنن چۆن ئەوانیش ڕووەو ئاسۆ دەڕوانن، وەک بڵێی دەبنە شاعیر و شۆڕشگێڕ و مرۆڤ و ڕۆشن دەبنەوە.

“بەگژاچوونەوە”
دوژمن سمی هێنایە سەر خاکی شیرین
زەمین لەرزی
دڵ ڕاچەنی
پێشمەرگە بوو بە ئاگری تووڕەیی و قین
دوژمن سمی هێنایە سەر بەردی چیا
شاخ تووڕە بوو
چەم تووڕە بوو
وشک هەڵگەڕا، دار و درەخت، گوڵ و گیا.
دوژمن سمی هێنایە سەر جۆگەله و چەم
ئاو سەرشێت بوو
بوار ون بوو
بەردەبازێک نەما لەبەر چەکمەی ستەم.
ئەم هێزی ڕاچەنین و خۆبەدەستەوەنەدانە، هاوتای ژیانی شاعیره گوتنی شیعری و واقیعی ژیانی شاعیر یەک شتن و پارادۆکسێک لە ئارادا نییە، یانێ ڕێک دۆخە ناوەکییەکەی شاعیر کە دەرکەوت دەکات هێزێکی دەداتێ هەم دەیکاتە شاعیر هەم دەیکاتە مرۆڤێک ئەوەی کە پشت دەکاتە تاریکی و شەیتان و ڕوو دەکاتە ئاسۆ، تەنانەت ئەگەر بە مەرگی خۆیشی پێشوازی لێ بکرێت گوێی لێ نییە، چوون بەتەمایە بگاتە ئاسۆ و حەقیقەتێک ڕۆشن بکاتەوە.
“سڵنەکردن”
شیعری ساوای چەند ساڵەی من
نە سڵ له مەرگ دەکاتەوە
نە حەپەحەپی ناحەزان
شیعری ساوای چەند ساڵەی من
هەر پێ دەگرێ
تف دەکاتە چاوی دوژمن.

گەرچی بەشە زۆرەکەی خوێنەری کورد زیاتر ڕەهەندە لیریکییەکەی شیعری “مارف گوڵ”ی لە بەرچاو بوو، بە هۆی ئەوەی کە شیعرگەلی وەک “هەوار” کە بە گوڵستانی ڕۆح ناسراو “عەدنان کەریم” کردویەتییە گۆرانی و شیعرەکانی”بەفر” لای ئەمەل سەعید کوردە و “شایی” لای خالید ڕەشید و “باخی دڵ” لای پەیمان عومەر و “شنە” لای ئاڤان جەمال و چەند شیعری تر، وەلێ دیوانەکۆکراوەکەی شاعیر پڕیەتی ئەزموون و تاقیکردنەوەی شیعریی جۆراوجۆر و ڕەهەندی نەبینراو بەو هیوایەی بەردەنگی کورد ڕەخنەی کوردی بگەنە ئەمپەڕ و ئەوپەڕ و قووڵاییەکانی شیعری مارف عومەرگوڵ.


“..سوهەیب فاروق”

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress