Skip to Content

دەقی واڵا.. ستیڤان شەمزینی

دەقی واڵا.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 4, 2024 General, Poems

ئەی ژن
ھەر دەبوو ئەمەت پێ بڵێم

ئەی ژن
ھەرگیز ئەو ھەڵەیە نەکەیت
باوەڕ بە ئێمەی پیاو بکەیت
ئێمە تەنھا لە بۆتەی شیعردا
بەرگی خواوەند بە بەرتدا دەدورین
لە گۆرانییە درۆزنەکانماندا
خۆمان بە بێ دەسەڵات
لە بەردەمتدا نیشان دەدەین
تا شەوێکی سوور مسۆگەر دەکەین
دوای ئەمە گورگەکەی ناوەوەمان
لە دڵی نەرمت بەردەدەین
شانامە بە باڵاتدا دەھۆنینەوە
تاکو ئاوی روونی ژنێتیت لێڵ دەکەین
نەکەیت باوەڕمان پێ بکەیت
ئێمە کۆمەڵێک راوچین
تۆ دەکەینە نێچیری حەزەکانمان
ھەوڵی دەستەمۆکردنت دەدەین
چون ھیچ شەرەفێکمان نییە
دەتکەینە شەرەفی ناچاریی خۆمان
ھەر کات یاخیبوویت
بێ ویژدانانە سەنگەسارت دەکەین
گەر زۆر پێشکەوتووخوازیش بین
نامانەوێت تۆ بۆ خۆت سەما بکەیت
ناچارت دەکەین
بە زوڕنای دەنگ گڕی ئێمە ھەڵپەڕیت
نامانەوێت دنیای خۆتان ھەبێت
ھەموو بەدەنگێکی کۆراڵئاسا
ئەنەڕێنین و ئەقیژێنین
ئێوە جیھانی ئێمەن
وەک ئەو منداڵە گڕو دەگرین
بە میکانۆکانی جیھانێک دروست دەکات
نەکەن، بیرتان بچێت
ئێمەی پیاو
ئێوە بە میکانۆکانی گەورەییمان دەزانین
ئارەزوو دەکەین
جیھانێکی بێ رەنگ بخوڵقێنین
بە دڵی ئێمە و لەسەر ئێسکی ئێوە
نامانەوێت ھەست بە بوونتان بکەن
باشترینمان ئەوەیە
وا بیر دەکاتەوە لە پەراسووە گێڕەکەیەوە
ھاتوونەتە دەرێ و
ئەکتەری شانۆگەرییەکن
ھەر خۆی نووسەر و دەرھێنەریەتی
ئەی ژن ھەرگیز نەکەیت
باوەڕ بەم قسانەی منیش بکەیت
وا بزانی پیاوێکی جیاوازم
ھەرگیز بەم قسەی باق و بریقانە تێمەکەوە
ئێمە ھەموو یەک میتاڵین
جیاوازییەکە لەوەدایە
ھەندێکمان لە یاری شێوەگۆڕیندا
کارامە و لێھاتووترین
ئەگەر بۆمان بلوێ
دوا بە یەکتان دەخەینە
تۆڕی خولیا شەھوانییەکانمانەوە
گەر بۆشمان نەکرێت
وەک ماری سڕ دەچینە قاوغی متبوونەوە
ھەندێکی ترمان
مێشکیان لە خوار ناوکیانەوەیە
ھەزاران تۆپ قوماشت تێوە پێچرابێت
ھەر وەک لەشێکی رووت دەتبینن
ئەمانە لەو پیاوانە پێکنەھاتوون
بە ئەبجەدیات نەخوێندەوارن
ھەمانە کتێبی قەبە دەنووسێت
ھەمانە چارەنووسی ملیۆنانی بەدەستە
ھەمانە ئێوە زۆرتان خۆشدەوێت
ئاە کەمتان دەتوانن لە سۆنەرێکدا
ناوەوەی ببینن، تا بزانن
چ کەمتیارێکە لە پێستی کەروێشکدا
ئەی ژن
ئەمەت با بیرت نەچێت
ئەوانەی دەڵاڵی بە لەشتەوە دەکەن
ھەموو پیاون
ئەوانەی خوێنت حەڵاڵ دەکەن
ھەموو ھەر پیاون
گەر بە رێکەوت
مێینەیەکیشیان لەگەڵ بوو
خوێنی پیاوسالاریی
بەدەمارەکانیدا دەگەڕێت
دەبێت ئەویش حسابی نێری بۆ بکرێ
ئەوانەی دەتکەنە کاڵا
لە جەمخانەکانی بازاڕی ئازاددا
یەک بە یەکیان پیاون
ئەوانەی فوو بە شەیپوری جەنگدا دەکەن
کە تۆی تێدا لاقە دەکرێیت
ھەر ھەموو سمێڵ بابڕن
ئەوانەی تەنیا لە شیعردا
تۆیان خۆش ئەوێ
ھەموو ھەر نێرە زەلامن
ئەوانەی لە ژوانەکاندا
درۆتان لەگەڵ دەکەن
ژمارەیەکی بێشووماری کەر پیاون
رەنگە بڵێن
تۆ بۆ ئەم دێڕانە دەنووسیت؟
پرسیارێکی زۆر بەجێیە
لەوانەیە ھیچ وەڵامێکم نەبێت
تەنھا ئەوەندە نەبێت
ئەی ژن
باوەڕم بەوە ھێناوە
تۆ ھەر جەستە نیت
تۆ بۆ بێتاقەتی دەرکردنی من
نەئافرێندراویت
دەرچەیەک نیت بۆ خاڵیبوونەوە
لە ھەڵچوونی غەریزە ھەراشەکانم
نا، شتێکی گرنگتر ھەیە بیڵێم
تکایە گوێم بۆ بگرە
بە خاتری گەیاندنی ئەم مەسیجە
رەچاوی شیعرییەتی ئەم دەقە ناکەم
دەمەوێت پێت بڵێم
وەک مرۆڤێک قبوڵت دەکەم
تۆش وەک مرۆڤ نەک پیاو
تەماشای خۆم و شیعرم بکە

دیسامبەری ٢٠١٤
ناو شەمەندەفەر
لە کۆڵن – ئەڵمانیاوە
بۆ ئاڕنھێم – ھۆڵەندا

Previous
Next
Kurdish