كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه … 65 …..كه‌ریم كاكه
یاده‌وه‌ری …..
٦٥
پیری سوارچاكان له وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵیدا زۆر له قه‌لات ده‌چوو، ده‌چوومه هه‌ر كوێ، لێم دیار بوو، هیچ دیوار و به‌رزیه‌ك بزریان نه‌ده‌كرد، بۆیه دوای كۆچی وی ده‌سكاریی گۆرانیه‌كم كرد و بۆ خۆمم ده‌گوته‌وه:
قه‌راتی هه‌ولێر پاڵم دا پێوه
قه‌راتم رووخا، پاڵ ده‌م به كێوه
كه‌ویار و فازیل رێحانه و كچه‌كه‌ی پلكه شایه‌ر و كوڕی شه‌كه‌راتفرۆش و كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستان و زۆریدیش له منیان بیست و ده‌یانگوته‌وه، خۆ نیوه دێری دووه‌می باران بارانه‌م هه‌ر ته‌واو گۆڕیبوو، له سه‌ر كتێبی قوتابخانه وام نووسیبوو:
باران بارانه، هه‌ور و بارانه
باپیرم رۆیی ماڵمان وێرانه
وه‌بیرمدێ مامۆستاكه‌ی ماڵ له بن تانكی نازانم چۆن چاوی كه‌وته سه‌ر ئه‌و دێره، كتێبه‌كه‌ی له ده‌ستم وه‌رگرت، ملم هاویشته‌وه ناو یه‌ك و خۆم كورژكردهوه، هه‌وكه زلله ده‌وه‌شێنێ، ئاخر نه‌ده‌بوو كتێب پیسبكهین، پرسی:
+ باپیرت مردووه؟
– به‌ڵێ.
+ له‌مێژه؟
– نه‌خێر.
چاوه‌ڕێی زلله‌م، گوتی:
كوڕم، ماڵ به كۆچی باپیر وێران نابێ، وێرانه‌كه رهشكهوه، شتێكیدی بنووسه.
ئۆخه‌یه‌ش لێینهدام، ده‌موده‌ست (ماڵمان وێرانه)م ره‌شكرده‌وه، دواتر هه‌ر (ده‌ست لێكبهردانه)م له جێی دانایه‌وه، ئه‌گه‌ر گه‌یشتمه گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربرده‌ی (خوێندنه‌وه و نووسین) دیاره مهم و زینی خانی یه‌كه‌م كتێبه خوێندبێتمه‌وه،( باپیرم رۆیی ماڵمان وێرانه)ش یه‌كه‌م نیوه دێره نووسیبێتم، زستانی ساڵی (1975)ه به‌و زستانه تووشه، به‌و زستانه به رۆژ هه‌ور و به شه‌و سایه‌قه شه‌ڕ له چیاكان گه‌رمه، كوڕه‌كه‌ی پیرخدر له شیعرێكیدا گوتبووی:
شه‌ڕ هێند گه‌رمه، سه‌فین به‌فر ناگرێ.
حه‌مه‌د مه‌ستان شیعرێكی ئه‌و كوڕه‌ی پیر خدری كردبووه گۆرانی، له مه‌ستبووندا ده‌یگوته‌وه، وا كۆتایی پێده‌هێنا:
شه‌ڕ دوایی نایه
تا دنیا دنیایه
شه‌ڕ دوایی نایه
شه‌ڕ گه‌رمه و كه‌س نازانێ كه‌نگێ دوایی دێ و به كی لادا ده‌شكێته‌وه، به قسه‌ی هه‌ندێك بێت، ههردیتت شۆڕش سه‌ركه‌وت، پێشمه‌رگه گه‌یشته‌وه هه‌ولێرێ و عاره‌بی تا بن به‌غدایێ هه‌ڵبڕی، ژنه جوانه شه‌له‌كه كه زوو ده‌هاته ماڵمان و شه‌وانیش ده‌مایه‌وه، ده‌یگۆ:
مێرده‌كه‌م نامه‌ی ناردووه، ده‌ڵێ: به‌و زووانه حوكمه‌ت مل ده‌دا و به حوكمیزاتیهوه دێینه‌وه.
هه‌رچی پیاوه‌كه‌ی بن سهفینێیه ده‌یگۆت:
شۆڕِش كه‌رێكی بۆ نه‌كرێته هێستر، حوكمیزاتی پێوهردهگیرێ!
ئه‌و پیاوه، پێشمه‌رگه كه‌رێكی لێ ده‌خوازن، به‌ڵام ئه‌و داوای هێستر ده‌كاته‌وه، پێده‌ڵێن:
كهرمان لێوهرگرتووی، بۆچی هێستر؟ كه‌ر ده‌بێته هێستر؟!
پیاوی بن سه‌فینێ له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی وای وهڵامدابوونهوه.
به قسه‌ی مێردی ژنه ده‌لینگ سۆرهكهش بێ، ئه‌و شۆڕشه سه‌رناگرێ، دایكم وا وه‌ڵام ده‌داته‌وه:
ئه‌و شوعیانه قسه‌ی باش به زاریاندا نایه.
من قسه‌ی ژنه جوانه شهلهكهم به‌دڵ بوو، ئاخر پیری سوارچاكانیش هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌گوت، ئه‌دی دنیا بۆ زه‌نگال له پێیان نیه! بابم چ ناڵێ، به‌ڵام له سیمایه‌وه دیاره هێنده ته‌مای به شۆڕش نیه، نه‌ك شۆڕش پێناچێ هیچ ته‌مایه‌كی به دنیا مابێ، ئه‌وه‌تا ردێنی پتر به‌رداوه‌ته‌وه، كه‌مێكیش كووڕبۆتهوه، تێنه‌گه‌یشتم بۆ وا كتووپڕ! تا چه‌ند رۆژێ له‌وه‌وپێش له رێیێ قیت قیت ده‌ڕۆیی! هێنده‌ی مناره‌ی چۆلیش لاریت له به‌ژنی نه‌ده‌دی، بابم ته‌واو داكه‌وتووه، ئه‌و پیاوه بارێكی زۆر قورسی به كۆڵه‌وه نه‌بێ، وا داناكه‌وێ، چۆن وا چه‌می! ئاخر به شایه‌دی گه‌ڕه‌ك و كه‌سوكار هێز و زاخی حه‌فت پیاوی تێدایه، به ته‌نێ فه‌رده گه‌نم بارده‌كات، له عه‌رده‌وه بلۆك بۆ سه‌ر بان هه‌ڵده‌دات، كیسه چهمهتنۆ به ده‌ستێك هه‌ڵده‌گرێ، ده‌ڵێن: له دروێنه له دانه رۆژێ سێ چوار جار پشتی قیت‌ده‌كاته‌وه، له زۆرانێ هه‌رگیز پشتی به عه‌رد نه‌كه‌وتووه، له دهستشكاندنهوهش كه‌س لێی نه‌بردۆته‌وه.
باری ئه‌و جاره ده‌بێ زۆر قورس بێ، من ده‌ڵێم هه‌ر ده‌بێ باری خه‌می پیری سوارچاكانی بابی بێ، وا پشتی كردۆته كه‌مه‌ی گۆچان، یاخود خه‌می نه‌بوونی، زۆر جار له زاری ویم بیستووه:
چ وه‌ك نه‌بوونی نیه، پیاو به نه‌بوونی له كورتی ده‌دا.
به‌ڵام داخ‌و ئێمه وا نه‌بووین، بابم وا كووڕبێتهوه؟!
خه‌می پشتی بابمه، تا له چاو بزر ده‌بێ، چاوم له سه‌ر پشتیه‌تی، له دوور ده‌رده‌كه‌وێ تا ده‌گاته‌وه سه‌ر ده‌رگای حه‌وشه چاو له رۆیشتنی هه‌ڵناگرم، ئای ساقۆكهشی خواربۆته‌وه، له خودا ده‌پاڕێمه‌وه:
خودایه، پشتی بابم راستكهوه، با ساقۆ درێژه‌كه‌ی راست بێته‌وه.
وه‌بیرمدێ، لێ له‌بیرمنیه كیهه‌یان بوو، گۆتی:
ده‌زانن بابم له ماڵێ قیت قیت دێت و ده‌چێت، پێی له حه‌وشه ئاودیو ده‌بێت، كووڕدهبێتهوه!
كوو وه‌یه؟ نابێ وا بێ! به دزیهوهله بابمی ناو حه‌وشه و ماڵێ ده‌ڕوانم، به خودای وایه و واتریش، باشه من چۆن تا ئێستا هه‌ستم به‌و جوایهزیه نه‌كردووه، بابمی ده‌رێ و بابمی ژۆرێ، له رۆیشتن و به‌ژن نه‌ك هه‌ر برا ئامۆزاش نابنه‌وه، خۆم پێنه‌گیرا گۆتمێ:
بابه، لۆ له ده‌رێ كووڕ ده‌بیه‌وه؟
بابم دوایوه‌ی هه‌رێی لێوه‌رگرتم له كن كه‌س وا نه‌ڵێم، پێی‌گوتم كه له ترسی حوكمه‌ت خۆی پیرتر نیشانده‌دات، ئه‌گه‌ر وا نه‌كات دوور نیه بیگرن، له‌و سه‌روبه‌نده چه‌تۆ سه‌رناس به نهێنی هاتبۆوه ناو شار، شه‌وێ دوو مایه‌وه، عهیشۆكی به منداڵێكی ساواوه له ماڵی ئێمه به‌جێهێشت و خۆی رۆیشت، له‌بیرمه گۆتیه بابم:
ده‌روێش، ته‌مه‌نی تۆ له‌وه سه‌رتره، ئینزیبات داوای تهسكهره و مهسكهرهت لێبكه‌ن.
بابم گۆتی:
بوعسی پیرو شێت ناناسێ، هه‌ر كه‌سێ قیت به‌رێدا بڕوا و ته‌سكه‌ره‌ی ته‌واو نه‌بێ، رایدهپێچێ، بابیشم نه‌ماوه به بزن ده‌ویان چه‌ور بكات و چاویان بنووسێنێ.
عهیشۆك ده‌ڵێته بابم:
+ بابه، له بزنه‌كانی بابت چه‌ند سه‌رت به‌ركه‌وت؟
– دوو بزن و گیسكێ.
+ به راستمه، به راستی بڵێ.
– كچم، وه‌ك گوتم، ئهوهتهن له هۆرهكه.
دیاره پیری سوارچاكان دوایوه‌ی هاته شار هه‌ندێ بزنی به نیوه‌یی دابووه چه‌ند كه‌سێ، عهیشۆك به چه‌په‌ڵۆك له سه‌ری خۆی ده‌دا، هه‌زار سوێندی ده‌خوارد به‌لای كه‌می ده‌بێ سه‌د سه‌ری به‌ركه‌وێ، ده‌یگۆ:
(….) دزیویه‌تی، بڕۆ سه‌ری، لێیوهرگرهوه.
بابم ده‌ڵێ:
كچم له سه‌رخۆبه، ده‌زانم بزنه‌كان زۆر بوون، به‌ڵام له قسان: هه‌ندێك گورگ خواردی، هه‌ندێك تاڵان بردی، هه‌ندێك ته‌یاره كوشتی، ئه‌و شه‌ش حه‌فت سه‌ره ماوه‌ته‌وه.
به‌و قسانه پێده‌كه‌نی، زۆر هه‌وڵی له‌گه‌ڵ بابی دا، له مافی خۆی خۆش نه‌بێ، باب گوێی نه‌دایێ و گوتی:
ئه‌گه‌ر واشی كردبێ، من گه‌ردنی ئازاد ده‌كه‌م، ههقیشم له خوا نیه چی لێده‌كات.
دایكم به ددان چیركردنهوه:
ده‌ك مار به گه‌ردنیه‌وه بدات، خوایه تیراوهی لێبێ، مێگه‌له بزنه‌كه لێی ببن به عیزرائیل و..
بابم له سه‌رخۆ و به نه‌رمه پێكه‌نینه‌وه:
من ئه‌و سێ سهرهشم وه‌رنه‌ده‌گرت، به‌ڵام بۆ ئینزیباتم داناون، له باتی تهسكهره ده‌یانده‌مێ.
بابم ته‌سكه‌ره‌ی ته‌واو نیه، خۆی ده‌ڵێ: له‌وه‌ته‌ی گه‌یشتوومه‌ته ته‌مه‌نی سه‌ربازی له حوكمه‌ت قاچاخم.
ئه‌و بابه‌ی من له پێش سینه‌ماش هاتۆته هه‌ولێر، زۆری ته‌مه‌نی له شار به‌رێكردووه، له وه‌رزی دروێنه و جۆخین چۆته‌وه گوند و یارمه‌تیی پیری سوارچاكانی داوه، ئه‌وجا سه‌ربازییشی نه‌كردووه، پیری سوارچاكان خۆش بێ، خۆ شێت نیه بچێته سه‌ربازی.
پیری سوارچاكان زوو گوتبووی، تا من له ژیان بم كوڕه‌كانم نابێ جلكی حوكمه‌ت بكه‌نه به‌ریان، چه‌كی حوكمه‌ت بكه‌نه شانیان.
هه‌ر جارێ پیاوی حوكمه‌ت هاتبنه دووی كوڕه‌كانی، چه‌ند سه‌ر بزنێكی داونه‌تێ و ئه‌گه‌ر بۆشیان نه‌چووبێ، هه‌ر خۆی لێی كڕیونهتهوه، ئیدی چاوی نووساندن و زاری قه‌پات كردوون و گه‌ڕاونه‌ته‌وه و تا ماوه‌یه‌كی باش نه‌هاتوونه‌ته‌وه، له هه‌ر كوێ كوڕه‌كانی تووشیان به تووشی پۆلیسه‌وه بووبی، پیری سوارچاكان به چه‌ند سه‌ر بزنێكهوه ئاماده‌بووه و كوڕه‌كانی رزگاركردووه، بابم بۆی گێڕاینه‌وه:
من به‌ڕكی تایبه‌تم هه‌بوو، پڕ له پاره‌ی بابم، ناوم له‌و بهڕكهم نابوو، به‌ڕكی حوكمه‌ت، ئاخر بۆ پیاوی حوكمه‌ت دامنابوو، بابم پێیگوتبووم: كوڕم ئه‌گه‌ر له جێیه‌ك تووش بوویت و من دره‌نگ گه‌یشتم، به‌و پاره‌یه چاویان بنووسێنه و خۆت قوتاربكه.
بابم ده‌ڵێ:
له برسا مردبام، درههمێكم له به‌ڕكی حوكمه‌ت ده‌رنه‌ده‌هێنا، هه‌ر كاتێ ده‌چوومه‌وه گوند و پاره‌كه‌م ده‌دایه‌وه بابم، ده‌یگوت: كوڕم، بۆ هیچت لێی خه‌رجنه‌كردووه؟ ده‌مگوت: تووشی حوكمه‌ت نه‌بووم، ده‌یگوت: ده‌زانم، به‌ڵام بۆ خۆت خه‌رجت كردبا.
خه‌رجم نه‌ده‌كرد، له‌بیرم نیه دینارێكم له بابم وه‌رگرتبێ، ئاخر ده‌زانێ چی له ئێمه خه‌رج ده‌كرد، هه‌ر بۆوه‌ی له عه‌سكه‌ری دووربین، به مێگه‌ل بزنی له ئێمه خه‌رجكردووه، به قوڕگی پیاوی حوكمهتیدا كردووه..
من له‌وه‌وه تێگه‌یشتم، بابم بۆچی به قسه‌ی گوڵی كۆسارانی نه‌ده‌كرد، كه ده‌یگوت:
كوڕم، بزنه‌گه‌لی بابت رۆژێك دێ بۆ كه‌س نابێ، بۆ بایی خانووێكی خۆشی لێنافرۆشی.
ئاخر سوێندی خواردبوو گیسكێ چیه ئه‌گه‌ر بۆ به‌ڕكی خۆی بێت، له بابی وه‌رنه‌گرێت، هێنده‌ی بۆ به‌ڕكی حوكمه‌ت لێوه‌رگرتبوو، چاوی هه‌ڵنه‌ده‌هات بۆ خۆیی لێوه‌رگرێ.
دایكم ده‌ڵێ:
پیاوه‌كه، قه‌ت ئیشی باشت نه‌كردووه، بابت خاوه‌ن گوند و ئه‌و هه‌موو ماڵاته بوو، هه‌مووی چوو، كه‌س نازانی چۆن چوو، تۆش نه‌بوویه خاوه‌ن خانووێك له خانووان بچێت، به بارانێ ئاو ده‌گاته بن ئهستێڕكێ.
بابم قسه بهلایهكیدا ده‌بات، ده‌ڵێ:
عهیشۆك، چۆنه بزنێكیان بكوژینه‌وه و بیكه‌ینه خێری بابم، تۆ ده‌زانی جوان دابه‌شی بكه‌یت؟
كوشتیهوه، هه‌ردووه بزنه‌كه‌ی كوشته‌وه و كۆڵانی ماڵی كه‌ویار به‌ر من كه‌وت، قاپ قاپ له سه‌ر سینی گۆشتم ده‌گێڕا، له‌بیرمه له سه‌ر ده‌رگای ماڵی كه‌ویار دوایوه‌ی چاوم گێڕا كه‌س چاوی لێنیه، پشكه گۆشتێكم له قاپێك هه‌ڵگرت و خستمه ناو قاپه‌كه‌ی ماڵی كه‌ویاره‌وه، ویستم بۆ ماڵی فازیل رێحانه‌ش وا بكه‌م، پهشیمانبوومهوه..له‌بیرمه دواتر گیسكهكهشمان كرده خێر.
چ ما، چ ما؟ له‌و زستانه چ ما بۆ گێڕانه‌وه؟ ئا، تا عهیشۆك نه‌چۆته‌وه و دنیا دیسان به‌ره‌واژ نه‌بۆته‌وه، سه‌رهاتی تاڵی لوقم هه‌یه، ده‌نگۆ هه‌یه، حوكمه‌ت ژه‌هر ده‌كاته هه‌ندێ خواردنه‌وه و ره‌وانه‌ی ناو گونده دووره‌كان و ئاقاری پێشمه‌رگه‌ی ده‌كات، ناو ئارد و شه‌كر و شه‌كرله‌مه و باداملی و لوقم و ئه‌و شتانه، به‌ڵام هی ناو شار مه‌ترسی نیه، بۆیه ئێمه ترسمان له‌و شتانه نه‌بوو، ئێ، وه‌بیرمدێ بابم به كیسه‌یه‌ك لوقمهوه هاته‌وه، یه‌كه‌م لوقمی دا ده‌ست منداڵه‌كه‌ی عهیشۆك، دووه‌میش بۆ عهیشۆك، وه‌ی لوقمێكی خۆش بوو، به‌ڵام چ ناخۆشیه‌كی به دواداهات، له‌پڕ عهیشۆك ده‌ستی به زگیه‌وه گرت و گوتی:
كوڕه ده‌روێش، ئه‌وه چیت دایه من؟
عهیشۆك كه‌م بابمی به بابه بانگ ده‌كرد، یان ناوی خۆی یان به ده‌روێش گازیدهكرد، ئیدی ژانه زگ له‌وه ده‌رچوو، به دیاریه‌وه دانیشی، سواری ترومبێلی ماڵه‌كه‌ی كن حهسارێیان كرد‌و دایكم و بابم له‌گه‌ڵی رۆیشتن، كابانه ژیكه‌ڵه گۆتی:
لوقمهكه ژه‌هری تێدا نه‌بووبێ!
وه‌ی! له‌وه‌یه، هه‌موو هه‌ستمان له خۆمان راده‌گرت و ده‌ستمان له سه‌ر جێ جێی زگمان داده‌نا، ئێمه‌ش تووش نه‌بین، ئه‌ها منیش ده‌ڵێی ئێره‌م دێشێ، وه‌ی زمانم ده‌ڵێی ده‌زوورێته‌وه، ئه‌من هێڵنجم دێتێ، ئیدی هه‌ستمانده‌كرد ئێمه‌ش ژه‌هراوی بووین، دره‌نگ زۆر دره‌نگ هاتنه‌وه، عهیشۆك ره‌نگی ببووه په‌لكه پیاز، دیاربوو گه‌ده‌ی ژه‌هراوی ببوو، دكتۆر پرسی بوو:
چیت خواردووه؟
عهیشۆك: لوقم
دكتۆر: له كوێت كڕی
عهیشۆك: بابم لۆی هێنام
دكتۆر روو له بابم:
له كوێت كڕی؟
بابم: له سه‌ر عاره‌بانه‌یه‌ك، نایناسمه‌وه.
بابم لوقمهكهی له دووكانی مام ئه‌نوه‌ری ناو قه‌سران كڕیبوو، به‌ڵام ناوی نه‌دابوو، نه‌وه‌ك تووشی به‌ڵایه‌كی بكه‌ن، بابم چووبۆوه لای دوكانداره‌كه و سه‌رهاته‌كه‌ی بۆ گێڕابۆوه، ئه‌ویش بۆ ئه‌و جێیه‌ی گێڕابۆوه كه لێی هێنابوو، ئیدی نازانم گه‌یشته كوێ، له‌وه‌و به دوا لوقم به سینی له گۆڕێ كه‌وتبا، لێی نزیك نهدهكهوتینهوه، دواتر له ماڵی ئێمه ئه‌و زستانه له ناو زستانان به زستانی لوقمهكه ده‌ناسرایه‌وه، زستانێكی تووش بوو، زستانێكی تاڵ بوو، له كنه من تاڵ بوو، بێ باپیر و داپیر مابوومه‌وه، ته‌ماشای ده‌لاقه‌ی مهم و زینم ده‌كرد و ئاخم هه‌ڵده‌كێشا و ده‌مگۆ: باپیره، مهم و زینم هه‌موو بۆ نهخوێندیهوه، ده‌مگوت: نه‌نه تۆ بۆ به‌جێتهێشتین، وه‌ره‌وه، شه‌وان خه‌ونم پێیانه‌وه ده‌دیت، هێشتا ژووره‌كه‌یان داخراوه، من جار و بار له په‌نجه‌ره‌كه نزیك ده‌بمه‌وه و ده‌گه‌ڕێمه‌وه، ناوێرم سه‌ر به ژوورێ‌دا بگرم، ئه‌و زستانه كه‌م شه‌و هه‌بوو بێ مێوان بین، مێوانهكانیش ئه‌و ژنانه بوون كه مێرده‌كانیان له چیا بوون، ئه‌وه ژنه جوانه شه‌له‌كه، ئه‌وه خاتوون ئه‌و ژنه‌ی به فیشه‌ك خۆی دووگیان نیشانده‌دا، له ماڵی ئێمه زگێكێ شه‌ش حه‌فت مانگی بۆ خۆی درووستده‌كرد و به ناو دنیایه‌ك سه‌رباز و جاش ده‌گه‌یشته ئاقاری پێشمه‌رگه، له‌وێ زگهكهی دادهناو بێ منداڵ ده‌گه‌ڕایه‌وه شار، ئه‌وه ژنه‌كه‌ی كوڕی شه‌خته كه حریته‌ی ده‌گاته سه‌ره كۆڵانێ، ئه‌وه‌ش دوو ههوێكهی ماڵ له نزیك ماڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، هه‌ردووكیان پێكه‌وه دێن، هه‌موو جارێكیش به مه‌نجه‌ڵێ دۆڵمه‌ی پێچراوه‌وه دێن و له ماڵی ئێمه ده‌یخه‌نه سه‌ر ئاگر، ئه‌وه‌یان..
ژنان ده‌هاتن و ماڵی ئێمه‌یان پر له باس و خواس ده‌كرد، تێیاندابوو، سه‌ربرده و هه‌قایه‌تی ده‌گێرایه‌وه، به‌ڵام هیچیان وه‌ك كابانه ژیكه‌له به تام نه‌یانده‌گێڕایه‌وه، ئه‌و كه ببووه بووكی هه‌قایه‌تبێژ هه‌قایه‌ته‌كانی وی وه‌ك وی ده‌گێڕایه‌وه، ده‌بێت بڵێم من دوای كۆچی پیری سوارچاكان رقم له‌و هه‌ڵگرتبوو، وام زهندهكرد مه‌رگی پیری سوارچاكان ده‌ستی وی تێدایه، ئاخر نۆ ساڵ له‌و گه‌وره‌تر بوو، ده‌بوو نۆ ساڵ پێش وی بمرێت، كه‌چی پیری سوارچاكان مرد و ئه‌و هه‌ر قیتوقۆز، به‌ڵام رقم له هه‌قایه‌ته‌كانی نه‌ده‌بۆوه، ئیره‌ییم به كابانه ژیكه‌ڵه ده‌برد، هه‌قایه‌ته‌كانی وی زۆر شیرین و جوان ده‌گێڕایه‌وه، ئیره‌ییم پێیدهبرد، زۆر هه‌وڵمدا فێری گێڕانه‌وه‌ی سه‌رهات و هه‌قایه‌تان بم، فێرنه‌بووم، ده‌مگوته كابانه ژیكه‌ڵه:
فێرمبكه، ده‌ی چۆن بگێڕمه‌وه؟
ده‌یگۆ: نازانم فێرت بكه‌م.
ده‌مگۆ: ده‌زانی، به‌ڵام ناته‌وێ فێرم بكه‌یت.
سه‌د سووندی ده‌خوارد كه نازانێ فێرمبكات، باوه‌ڕم پێنه‌ده‌كرد، ئیدی فێر نه‌بووم، سێ چوار رسته‌یه‌كم له چیرۆكێ ده‌گۆت، هه‌موو ده‌یانگوت: به‌سه، به‌س، دوایی دوایی..
به‌ڵام كه مهم و زینم ده‌خوێنده‌وه زاریشیان ده‌كرده گوێ، كابانه ژیكه‌ڵه ده‌یگۆ: ئه‌منیش نازانم وه‌ك تۆ مهم و زین بخوێنمه‌وه.
ئیدی نه ئه‌و مهم و زینی خوێنده‌وه نه من فێری گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربرده و هه‌قایه‌تان بووم، ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ نازانم سه‌ربرده‌یه‌ك بگێڕمه‌وه.
له‌و زستانه‌ی لوقمێ، زستانی كۆچ، ئه‌و زستانه‌ی منیش حه‌زمده‌كرد، ناوێكی بده‌مێ، زوو زوو سه‌ردانی ده‌لاقه‌ی مهم و زینم ده‌كرد، مهم و زینم ده‌كرده‌وه، چه‌ند دێرم لێی ده‌خوێنده‌وه، پتر ئه‌و دێرانه‌ی دڵی پیری سوارچاكانیان ده‌كرده‌وه، له‌بیرمه مهم و زینم خسته بن ساقۆكهم و به بن نمه نمه‌ی بارانێ، گه‌یشتمه گۆڕستانێ، گۆڕی پیری سوارچاكان كه‌وتۆته په‌ڕگه، به‌لای قیبله، به دیار كێلی لای سه‌ریه‌وه، پشت له قیبله روو له گۆڕ له سه‌ر چیچكان دانیشتم، مهم و زینم له سه‌ر چۆكم دانا، تا ته‌ڕ نه‌بێ، خۆم به سه‌ریدا نووشتانده‌وه، به ده‌نگی مه‌لایانه، به‌ڵام نزم، خوێندمه‌وه، وا دیاره باران لێناكاته‌وه، هه‌ستام، ژنێَكی به ته‌مه‌نداچوو، چه‌ند گۆڕێ وێروهتر، دیاربوو له سه‌ر گۆنای فرمێسك و بارام تێكه‌ڵ ببوون، گوتی:
حه‌زم لێیه له سه‌ر كوڕه‌كه‌م بخوێنی، به‌ڵام باران قورئانهكهت ته‌ڕده‌كات، ها كوڕم، ئه‌و پاره‌یه وه‌رگره، كه‌نگێ خۆشی كرده‌وه، له سه‌ر كوڕه‌كه‌م بخوێنه، زۆر بخوێنه، به‌ڵام بیناسه‌وه، ئه‌وه‌تا كێله‌كه‌ی ده‌مانچه‌ی پێوه، ئێستاش نازانم چۆن ده‌ستم كرده‌وه و پاره‌كه‌م لێیوه‌رگرت، من هه‌رگیز ئه‌وها نه‌بووم، جێژنان نه‌با، وا به سانایی پاره‌م له كه‌س وه‌رنه‌ده‌گرت، ژنی چاو به گریان و باران، ده‌ڵێ:
كوڕه‌كه‌م پێشمه‌رگه بوو، سه‌رباز و جاش كوشتیان، خوایه حوكمه‌ت له ته‌یاره وه‌رگه‌رێ، ببێته هه‌زار پارچه و هه‌ر پارچه‌یه‌كی بكه‌وێته گه‌ڕه‌كه‌كی.
ته‌ماشای كێله‌كه‌م كرد چ ده‌مانچه‌م نه‌دیت، ره‌نگه باران له چاومی شاردبێته‌وه، هێشتا هه‌ر له ده‌وری گۆڕی كێل به ده‌مانچه ده‌سووڕامه‌وه، هه‌شت نۆ ده خاكه‌ناز و دووده‌و به ده‌ست په‌یدابوون، له نزیك گۆڕی كوڕی ژنه‌كه كه‌وتنه گۆڕ ههڵكهندنێ، دوو سێ كه‌سم لێیان ناسیه‌وه، دوای كه‌مێ پێكه‌وتم، مردووه‌كه جاشه، له شه‌ڕی پێشمه‌رگه كوژراوه، ناوێكی وه‌ك ناوی كوڕی ژنه‌كه‌ی لێیه، ماڵیشیان له سێتاقانی سه‌رێیه.
وهبیرمدێتهوه، رۆژی دوایی، به جز‌و عه‌مه‌وه هاتمه‌وه سه‌ر گۆڕی ده‌مانچه به كێله‌وه، ئه‌و چه‌ند ئایه‌ته‌ی له قوتابخانه له‌به‌رم كردبوو، سه‌رم به سه‌ریان داده‌گرت و ده‌مگوتنه‌وه، له دوای هه‌ر ئایهتێكیش ده‌مگوت:
خودایه، لۆ جاشه‌كه‌ی نه‌نێری.
ده‌ترسام ئه‌ویش به‌ری بكه‌وێ، ئاخر له فازیل رێحانه‌م بیستبوو، له سه‌ر گۆڕێك قورئان بخوێنی، گۆڕه‌كانی نزیكیشی گوێیان لێده‌بێ، به‌ڵام دواتر گوتی: به درۆم بوو، باوهڕتكرد؟!
هه‌ر جارێ ده‌هاتمه سه‌ر گۆڕی پیری سوارچاكان، ده‌ستێكم به سه‌ر كێلی پێشمه‌رگه‌كه‌دا ده‌هێنا، ده‌مویست پێلهقهیهكیش له گۆڕی جاشه‌كه بده‌م، به‌ڵام قسه‌یه‌كم بیرده‌كه‌وته‌وه و پێم ده‌كێشایه‌وه:
له گۆڕستانێ نابێ پێ بخه‌یته سه‌ر هیچ گۆڕێ، با گۆڕی فیرعه‌ونیش بێ.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌س دیار نه‌با، له دووره‌وه پهلامیزهكم لۆ ده‌هاویشت، پهلامیزه درێژبۆوه و نهپسایهوه تا ئه‌و رۆژه‌ی له زاری مێردی دهلینگسۆرهوه بیستم:
نه پێشمه‌رگه ما، نه جاش هه‌ر كه‌سه لۆ ماڵی خۆی.
نازانم بۆ ئه‌و قسه‌یه له كنه من له (گه‌نم گوڵه جۆ به‌ره) ده‌چوو، ئه‌وه‌ش كه‌وته دوای گریانی به كوڵی حه‌مه شێت.
ماویەتی ….