Skip to Content

دەڕۆم.. لەم سەرزەمینە بار دەکەم.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

دەڕۆم.. لەم سەرزەمینە بار دەکەم.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 29, 2021 General, Poems

ئەو باڵندە کۆچەرییەم
لە فڕین و سەفەردام
رووەو باوەشی ئەو ئاسمانەی
تەمی هەلاهەلابوون لێڵی نەکردووە
رووەو ئەو گۆرانییەی هێشتا نەوتراوە و
لەنێو قورگێکی پڕ گریاندا قەتیس بووە
رووەو ئەو شارە گەرمەسێرانەی
سەرمای بێ نازیی نەیتەزاندوون
پێش ئەوەی درەنگ بکات
سەفەر دەکەم
ماڵی خۆم دەگوازمەوە گوندی بیرچوونەوە و
لە شەقامێکی بێ ناونیشاندا دەبمە دەستفرۆش
هەرچیم هەیە لە فرمێسک و دڵشکان هەڕاجی دەکەم
هەموو زەردەخەنە بێ کڕیارەکانم مەزاد دەکەم
لە کەنار دەریا و لە نێو شەپۆلەکاندا
کوخێک بۆ سەرەڕۆییەکانم ئاوەدان ئەکەمەوە و
هەموو بەیانییەک
پێشوازیی لەو گەشتیارانە دەکەم
لە زمانی ئاو تێناگەن و مغازەلەی ئەکەن
لە زمانی عەشق حاڵی نین و
پێیدا هەڵدەدەن
ئێوارانیش دەستی خواحافیزیی
بۆ ئەو ماسیگرانە بەرز دەکەمەوە
دەریا بە ماسیدا دەناسنەوە و
شەپۆل لەنێو تۆڕەکانیاندا کەلەپچە دەکەن
مەقامێکیان لە بارەی
عەزابەکانی خۆم بۆ دەخوێنم و
خورپەیەک لە دڵیاندا دروست ئەکەم
کە لە ناخی هەر یەکێکیاندا
پڵنگێکی دڕندە هەیە
لە کۆڵانی یەکەمی قاڕەی خۆکوشتندا
باڵەخانەیەک لە مەراقەکانم رۆ دەنێم و
دەیکەمە تابووتی ئەو وجودەی
هیچی پێ نەبەخشیم و
هیچی فێر نەکردم جگە لە راکردن
بەدوای کڵاوی بابردووی شۆخە ژنێکدا
هیچ لێی تێنەگەیشتم جگە لەوەی
ببمە بینەری ئەو شانۆگەرییە گاڵتەجاڕەی
دەوڵەمەندەکان هەژاران برسیتر ئەکەن و
هەژارانیش ئەسپی عەرەبانەی
خۆشبەختی ئەوان بەرەو پێش رادەکێشن
هیچ ئازادییەکم تێدا نەبینی
جگە لەو کۆتانەی زمانمانی پێوەند کرد و
سەری بیرکردنەوەمانی پێ پان کرایەوە
جانتای هیواکانم خاڵین لە ئومێد
بینایی چاوەکانم ئاسۆ نابینن
هێزی ئەژنۆم توانای یەک شەقاوی تری نەماوە
دەستەکانم لەم زستانی مرۆڤایەتییەدا سڕ بوون
بیرکردنەوەم بۆنی فرمێسکی سەربازێکی گرتووە
کە لە سەنگەرەکەیدا دوا نامە
بۆ خۆشەویستەکەی ئەنووسێ
سەرم بووە بە دۆڵابێکی تەژی نهێنی
ئەو سوێسکە عاشقانەی، کێردی کولتوور
لە خەونی یەکەمین فڕینیان ئەچەقێنرێ
دەڕۆم و ماڵەکەم دەبەمە نێو خەون
هیچ کات نامەوێ بەخەبەر بێم و
لەسەر خەونەکانم، وەک یوسف
بمخەنە نێو بیرە تاریکەکانی بیرچوونەوە و
کراسێکی خوێناویی نیشانی یارم بدەن و
بڵێن عاشقەکەت گورگی خیانەت خواردی
هەر لەنێو ماڵی خەونەکانمدا ئەمێنمەوە
نامەوێ دیمەنی سەربڕینی مۆمەکان و
بە کۆمەڵکوشتنی باخچەکان ببینم
نامەوێ گریانی منداڵێکی بێ باوک
وەک شوشەی شکاو رۆحم تیغ بکات
نامەوێ گوڵە لاولاوێکی تیرۆرکراو ببینم
لە ئانی پاڕانەوە
لەو جەلادەی چەقۆ لە ملی دەسووێ
نامەوێ ئەو کرێکارە دەست قڵیشاوە ئازارم بدا
نرکەی برسێتی تا کەشکەڵانی فەلەک ئەڕوات
هەر لە نێو ماڵە فراوانەکەی خەیاڵم دائەنیشم
لەوێ هەموو شتێک هەیە
تەنها گریان نەبێت
هەموو شتێک ئازادە
تەنها قەدەغە نەبێت
هەموو شتێک رێپێدراوە
تەنها نیگەرانی نەبێت
دەڕۆم و
رەشماڵەکەم لە مەیخانەیەکدا هەڵدەدەم
ئۆکۆردیۆنی زەمەنی قەرەجیم ئەژەنم و
لایلایەی شەوانی دایکم ئەکەم بە میلۆدی
بەسەر پردی ئەندێشەی ئاڵۆزکاومدا ئەپەڕمەوە
ئەوبەری بێدەنگی و
ئەمبەری گەردەلوولی شەڕ
بارانێک لە خودا قەرز ئەکەم
بۆ شینکردنەوەی درەختی وشکبووی پێکەنین
ئینجانەیەکی سوور لە بەهەشت ئەدزم
بۆ رواندنی گوڵە مۆرەکانی ئەوین
لافاوێک لە زەریا نیگەرانەکە دەخوازم
بۆ راماڵینی چڵکی کینە و ژاری ناپاکیی
دەڕۆم و
هەوارم دەگوازمەوە مەملەکەتی عەشق
کچی گاور لە شێخی سەنعان مارە ئەکەم و
زەماوەندێ بۆ پێکگەیشتی مەم و زین ساز ئەکەم
پەپولە تۆراوەکان
لەگەڵ گوڵەباخ ئاشت ئەکەمەوە و
دەستی جۆگە دەخەمەوە ملی مەزرای تینوو
زمانی خۆشەویستی دەکەمە زمانی فەرمیی
قوتابخانەکان پڕ دەکەم لە بۆنی نیشتمان و
خوێنی کورد لە وانەی مێژوو دەرئەهێنم
دەستی هەورە گەڕۆکەکان توند ئەگرم و
ئەیانبارێنم بەسەر وشکەساڵیی وڵاتدا
دەڕۆم و لەم سەرزەمینە بار ئەکەم
زەوییەکی تر دوور لە نرکە و ژان
ئاوەدان ئەکەمەوە
لەوێ کێڵگەکان
تەنها خونچەی دڵدارییان تیا ئەڕوێ
لەوێ جۆگەکان
تەنها ئاوی ژیانیان پێدا تێدەپەڕێ
لەوێ ئاسۆ
خۆری چاوی مەعشووقی لێ هەڵیێ
لەوێ رۆژ و شەو دوژمنی یەکتر نین
تاریک و روون بەسەری یەکتر تینو نین
ئاوابوون و هەڵاتن پێچەوانەی یەکتر نین
مرۆڤ و ئازادیی لە یەکتر دوور نین
عاشق و مەعشووق
لەسەر شەقامی دابڕان نین
مەستیی و ئاگایی
دەستیان ناچێتە خوێن یەکتر
دەڕۆم و لەم سەرزەمینە بار ئەکەم
بار ئەکەم بۆ نێو نیشتمانی خەونەکانم
بار ئەکەم…

دانیمارک – کۆپنهاگن
نۆڤەمبەری 2017

Previous
Next
Kurdish