Skip to Content

زانین و تێگەیشتن.. هەرمان جەعفەر

زانین و تێگەیشتن.. هەرمان جەعفەر

Closed
by ته‌مموز 29, 2021 General

دۆزینەوەی جیاوازیەكانی نێوان زانین و تێگەیشتن ڕەنگە كرێكی قورس بێت. ئەستەمە خالە جیاكەرەوەكانی نێوان زانین و تێگەیشتن دیاری بكرێن، چونكە هەردووكیان دوو كرداری دەرهەستی مێشك و هۆشی مرۆڤن.
كاتێك مرۆڤێك دەگاتە ئەو ئاستە كە بتوانێت جیاوازیەكان بدۆزێتەوە و لێیان حاڵی ببێت، دەبێتە یارمەتی دەرێكی باش بۆ باشتر ئاگاداربوون لە خودی خۆمان، ئێمە كێین و چیمان دەوێت.

زانین یانیش كرداری زانین پێناسە دەكرێت بە هەموو ئەو ئەزموون و بەهرانەی كەسێك فێریان بووە بەهۆی ئەزموونكردن و پەروەردەكردنی تاكە كەسیەوە، كە هەموو ئەو ڕاستی و زانیاریانە لەخۆ دەگرێت دەربارەی شتێكی دیاریكراو، وە هەموو زانیاریە بنچینەیەكان دەربارەی شتەكە كە پێشتر بە كەسەكە وتراوون یان بەدەستی هێناون لە ڕێگای ئەزموونی تاكە كەسیەوە.
هەروەها هەستپێكردن، فێربوون، گفتوگۆكردن، پێكەوەبەستنەوی زانیاریەكان و بەڵگەهێنانەوەش لەخۆی دەگرێت. یان دەكرێت بڵێین ئەو تواناییەی كەسەكەیە بۆ بەكارهێنانی شتێكی دیاریكراو یان بابەتێك بۆ مەبەستێكی گونجاو یان دیاریكراو.
هەموو زانیاریەكان لە هۆشی مرۆڤ كاریان لەسەردەكرێت(پرۆسێس دەكرێن). دوای ئەوە زانیاریەكان لە مێشكی مرۆڤ جێگیر دەكرێن.

هەرچی تێگەیشتنە كە ئەویش كردارێكی(پرۆسێس) مێشكی مرۆڤە، پێناسەش دەكرێت بە كردارێكی دەروونی كە پەیوەندیدارە بە كەسێك، شتێك، بارودۆخێك یانیش پەیامێك كە پێویستی بە كەسێكە ئەو چەمك و زانیاریانەی لە مێشكی هەن بەكاریان بێنێت و لەگەڵیان مامەڵە بكات كە پێشی دەوترێت چالاك بوونی هۆشی كەسەكە. تێگەیشتن هەروەها كرداری ناسینەوە و دروستكردنی چەمكەكان و بەیەك بەستنەوەی زانیاریەكانیش لە خۆی دەگرێت.
تێگەیشتن ئەو ئاگامەندیەی مرۆڤە كە وادەكات بەیەك بەستنەوەیەك دروست بكات لەنێوان هەموو بەشەكانی زانیاریەكان كە بە كەسەكە دراون یان وەریگرتوون، تێگەیشتن ئاستێكی قوڵتری هەیە لە زانین. لە ڕاستیدا تێگەیشتن ئەو كردارە پێویستەی مێشكی مرۆڤە كە زانین و زانیاریەكان ڕێكبخات بەشێوەیەكی گونجاو و بە گونجاویش بەكاریان بهێنێت. لە ئەنجامدا دەگاتە ئاستی تێگەیشتن.

بۆ نموونە كەسێك دەزانێت كەش و هەوا خراپە كاتێك باران دەبارێت، بەڵام ڕەنگە تێنەگات ئەمە چۆن ڕوودەدات، چۆن باران دەبارێت، خراپی كەش و هەوای باراناوی لە چی دایە!
فێربوونی ئەوەی كە چۆن باران دروست دەبێت، چۆن كاردەكاتە سەر كەش و هەوا كلیلی تێگەیشتنە كە بۆچی كەش و هەوای باراناوی خراپە. هەروەها دەكرێت تەنها بە سەیركردنی پارچە نوسینێك بزانی چی نوسراوە و بیخوێنیتەوە، بەڵام تاوەكو بگەیتە ئاستی تێگەیشتن دەبێت كاتی زیاتری پێ بدرێت و بەباشی خوێندنەوەی بۆ بكرێت.

تێگەیشتن كاتێكی زۆرتری دەوێت بە بەراورد لەگەڵ زانین كە كاتێكی كەمتری دەوێت.

لەو كاتەی زانیاریەكان دەگەن بە مێشك، یەكسەر كاریان لەسەر دەكرێت(پرۆسێس دەكرێن)، لە دوای ئەو كردارە ڕەنگە كەسەكە شتێك بزانێت دەربارەی ئەو شتەی زانیاریەكانی لەسەر پێدراون. بەڵام مێشكی مرۆڤ تاوەكو لە شتەكان تێبگات پێویستە زانیاریەكان بە شێوەیەكی ڕوون بە مێشك بدرێن، بەڵگە، ڕوونكردنەوە، بەیەك بەستنەوەی زانیاریەكان پێویستە دەربارەی شتەكە یان بابەتەكە، دوای ئەوە باشتر تێدەگات.

كاتێك لە شتەكان دەگەین، ئێمە دەتوانین جیاكاری، شیكردنەوە و لێكدانەوە وە هەروەها پوختكردنەوە بۆ ئەو زانیاریانە بكەین كە وەرمان گرتوون. بەڵام كاتێك ئێمە شتێك دەزانین ئەو كاتە ئێمە دەتوانی شتەكان بناسینەوە، ڕیزیان بكەین و ناویان بنێین.
هەردوو كرداری زانین و تێگەیشتن دوو كرداری زۆر گرنگن بۆ گەشەكردنی ئێمە وەكو تاك. بە هەردوو كردارەكە ئەوە دەردەخەن كە ئێمە چۆن شتەكان دەردەخەین و چۆن كاردانەوەمان دەبێت بۆ ژینگە و ئەو خەڵكەی لە دەوروبەری ئێمە دەژین.

هەرمان جەعفەر

سۆران

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish