
ئەگەر چنار وهێمن زیندووبونایە.. کاوان قادر
فەیسبووکی تەلەفیزیۆنی خاک بۆ یادی چنارو هێمن ئەو دوو مناڵە بێ نازەی کەلەبەرواری ٧/١/١٩٩٢دا لە ناوچەی سەیدسادق لە ڕێگەی چونە قوتابخانە لەسەرما ڕەق بوونەوە . بەم بۆنەوە تەلەفیزیۆنی خاک بە دوو دێڕ و درۆیەک لە ٧/١/٢٠٢٤ لە پۆستێکی فەیسبوکیدا ئەو کارەساتەی کە ٣٢ ساڵ بەرلە ئێستا ڕویدا یاد کردەوە . هەرچەندە شاردنەوەی ڕاستی یەکانی مێژوو بۆ کاسبکارێکی قەڵەم وهونەر وەزیفەیەکی سەخت نی یە ، بەڵام ئەگەر خاک مەبەستی بوایە یادی چنار وهێمن بکاتەوە پێویست بوو سەرەتا هۆکاری ئەو کارەساتەی بخستایەتە ڕوو کە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا ڕویدا . بەپێوانەی خزمەتگوزاری ژیانی ئەوسای ئاوارەکانی ئەو دەڤەرە بوایە کە پاشماوەی ئەنفال بوون ، دەبوو ڕووی ئەوەتان نەبوایە ئەو یادە بکەنەوە ، بەڵام ئێوە چاو قایمن عەیبەشتان پێ عەیب نی یە . بەڵام من ناچارم ئەو مێژووەتان بۆ ڕاست بکەمەوە چونکە ئێمە لەو مێژووەدا هێشتا زیندووین .
ئەو پەیکەرە ناوی هەیە کاتێ دروستکرا ناومان لێنا ( مناڵانی بێ ناونیشان ) ، ناتانەوێت ناوی بێنن ؟ چونکە ئەوە ناونیشانێکە مێژووی دەسەڵاتدارێتی حزبەکەتان شەرمەزار ئەکات ، کە لەسەردەمەدا لە ژێر دەسەڵاتی کوردایەتییەکەتاندا کە هێشتا هەڵمی لێ هەڵئەستا مناڵانی بێ ناونیشان هەبێت . مناڵانی بێ ناونیشان ، مناڵانی هەژاری ئەم کۆمەڵگەیەن و هەر لەسکی دایکیانەوە چارەنوسی چینایەتیان دیاری کراوە ولەو ڕۆژەوەی پێ دەگرن قوربانی بازاڕن . ناونیشانی ئەو مناڵانەیە لەسەرجادەکان لەژێر دەسەڵات وقانونی ئێوەدا تەمەنی مناڵییان بە کوێرەوەری بەسەر دەبەن . ئایا ئێوە یادی ٣٢ ساڵەی دەسەڵاتی خۆتان دەکەنەوە ؟ ئاخر چنارو هێمن ٣٢ ساڵ بەر لە ئێستە لە باوەشی دەسەڵاتی ئێوە دا ڕەق بوونەوە ، ئەگەر چنارو هێمن زیندوو بوونایە کێ دەڵێ ئەوانیش وەک هەرێم عەلی وئاکار جەبار لەڕیزەکانی خۆپیشاندانی خەڵکی سەیدسادق بە تەقەکانی ئێوە نەدەکوژران !؟ وە بکوژانیشیان تا ئێستا دەسوڕێنەوە ، کە دژی بێ گوزەرانی وبێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان هاتنە سەرشەقام ونەیانویست لەعصری جۆگەلەدا بژین . ئەگەر چنار وهێمن بمانایە کێ دەڵێ لەگەڵ سەرکار بارام وهاوڕێکانی ئامادە نەبوون خۆیان بکەن بە خۆراکی ماسییەکانی ئاوی دیجە ، تا ئەوانیش لەژێر سێبەری ئێوەدا نەژین ، مناڵانی بێ ناونیشان ناونیشانی چەندین نەوەی ژێر حوکمڕانی ئێوەیە ژیان ودونیای مناڵییان بە سوکایەتی بازار بەسەردەبەن و بە برسێتی و جەستەی ماندوو شەکەتەوە دەچنە ژێر جێگەوە ، ناونیشانی ئەو مناڵانەیە کە پاشماوەی ئەنفال و کیمیابارانن کە تا ئێستەش بەدوای دۆزینەوەی ئێسک وپروسکی باوک ودایکیانەوەن کە بوونەتە قوربانی بۆ بەدەسەڵات گەیشتی ئێوەی خاڵی لە هەموو پڕانسیب و ئینسانییەتێک . یادی چنارو هێمن دەکەنەوە لەم لاشەوە لەشکرێک لەهاوپۆلەکانیان لەسەرجادەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەمارەتی کوردایەتی ئێوەدا بازاڕ بۆتە قوتابخانە بۆیان و ودەرسی میحنەت و ڕەنجەڕۆیی تیا دەخوێنن .
پەیکەری مناڵانی بێ ناونیشان لە ڕۆژگارێکدا لەدایک بوو، کە بەرەی کوردایەتی سەرگەرمی تاڵانی وخۆ قەلەو کردن وچەتەی سەرسنورەکان بوون ، بێ خەبەر لە ژیان وگوزەرانی خەڵکی . قوربانیانی وەکو چنار و هێمن یادگاری ژێر دەسەڵاتی ئێوەیە بۆ ئێمە ماوەتەوە ، ئەوە ئێمەین لە یادی ناکەین . لەم وڵاتەدا دوو جۆر مێژوو دەنوسرێتەوە ، برسی کردن و نابەرپرسیارێتی لە ژیانی خەڵکی ئیشی ئێوەیە ، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان وفراندن ئیشی ئێوەیە ، بۆ سەندنەوەی مافەکان زەحمەتکێشێکی وەک ئیدریس مەسعودی نانەوا لە هەولێر کە چەند مناڵی وەک چنار وهێمنی هەیە بێ سەروشوێن دەکرێت لەلایەن هاوخەباتەکەتانەوە ئیشی ئێوەیە ، تەقە لە خۆپیشاندەران ئیشی ئێوەیە ومێژوی ئێوەیە ، هەر لەپاڵ دەستی ئێوەدا هەزاران خوێن گەرم ودڵسۆزی ئەم وڵاتە جگە لەوانەش کە بوون بە قوربانی وەک باوکی ئەنفالکراوی چنارو هێمن مێژوویەکی تر دەنوسنەوە فکرەی پەیکەری ( مناڵانی بێ ناونیشان ) ئەو کارەساتەی سەید سادقی لە مێژودا تۆمار کرد ، چیرۆکی هەزاران چنارو هێمنی ژێر دەسەڵاتی کوردایەتی ئێوە دەنوسن ودەگێڕێتەوە ، هەربۆیە چەندین جار دەسەڵات وشارەوانی هەوڵیان داوە ئەم پەیکەرە بڕوخێنن یان لەبەرچاوی خەڵکی ئەو شارەی دوور بخەنەوە و ئەو مێژووە بسڕنەوە ، چونکە پەڵەیەکی شەرمەزاری یە بەتەوێڵی بزوتنەوەی کوردایەتی ودەسەڵاتەکەتانەوە . خۆشبەختانە ناڕەزایەتی هاوڕێیان وهاوچین و هاوپۆلەکانی چنارو هێمن سەلماندیان با ئەو پەیکەرە بمێنێت وەکو ڕەمز و یادگاری دەسەڵاتەکەتان .
پێویستە ئەم هەڵەیەشتان بۆ ڕاست بکەمەوە ، پەیکەری مناڵانی بێ ناونیشان بەرهەمی کۆمەڵێک هونەرمەند بوو، ڕێکخراوێکی سەربەخۆیان بەناوی ( پڕۆژەی بوژاندنەوەی هونەری پەیکەرسازی )یەوە پێک هێنابوو ، بەرنامە وئامانجێکی بۆ خۆی دیاریکردبوو بەبێ پاداشت کۆمەڵێک پڕۆژەی هونەری ئەنجام بدات وهەوڵی پێشخستنی کلتورێکی مەدەنیانەی کردبوە ئامانجی خۆی ، کە ئەم پەیکەرە یەکێک لە کارە هاوبەشەکانی ئەم گروپە بوو هەریەک لە هونەرمەندان (( ئاکام عومەر ، زاهیر سدیق ، کاوان قادر، ڕێبوار قادرشاسوار ، مەهدی حەمە غەریب ، تاڤان کەمال ،) ئەندامی ئەم پڕۆژەیەبوون و ئەم بەرهەمەیان خۆبەخشانە دروستکرد ئەم ٦ هونەرمەندە ئەم پەیکەرەیان دروستکرد نەک بەتەنها کاک زاهیر .
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بڵێم ئیعلامی پڕۆفیوشیناڵ ئەرکێتی بەر لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک بەدواچوون بکات و بە دەستپاکی وڕاستگۆیانە بابەتەکان بڵاوبکاتەوە ، ئەوە مەسئولییەتێکی ئەخلاقی یە . خاک تیڤی ئەوە باش دەزانێت کە ئەوە کاری گروپە ، چونکە کاک زاهیر چەند ساڵێک بەرپرسی ئەو کەناڵە بووە دڵنیام لەو ڕاستی یە ئاگاداری کردونەتەوە . بەڵام سەرم سوڕماوەو نیگەرانم کە کاک زاهیر کە هاوڕێ ی هونەری چەند ساڵەی منە ، لە کۆمێنتدا ئەو هەڵەیە ڕاست ناکاتەوە ، تەنها دەستخۆشی دەکات ، هەروەک چۆن لە پەیکەرەکەی عومەری خاوەری بەردەم لاهای ئەو غەدرەیان لەخۆی کرد ڕەنج وماندوو بوونیان فەرهود کرد ، ئەمڕۆ هونەرمەندانی پەیکەری مناڵانی بێ ناونیشانیش بەهەمان شێوەی خۆی ، ماف خوراو بوون و غەدریان لێ کراوە ، بەداخەوە بەڕێزیان بێ دەنگیان هەڵبژارد ، ئەو لەسەنگەری تەلەفیزیۆنەوە ئەو شەڕەی کرد وە پێویستە لەو تەلەفیزیۆنەشەوە ئەو پۆزشە بێنێتەوە بۆ هەمان هۆکار . پێویستە تەلەفیزیۆنی خاکیش داوای لێبوردن بکات لە هەموو ئەو پەیکەرسازانەی ناوەکانیان خرانە ژێر بەڕەوە ، بەڵام پێویست ناکات داوای لێبوردن لە مێژوو بکات چونکە ژیانیان بەشی داوای لێبوردن ناکات ، مێژوو خۆی لەوە تێ دەگات .
یەکێک لە بەشداربوانی دروستکردنی پەیکەری ( چنار وهێمن بە ناوی مناڵانی بێ ناونیشان لە سەید سادق ) ( پەیکەری یەکگرن لە فولکەی دکتۆر دارا لە سلێمانی )( پەیکەری پێشمەرگە لە ڕەواندوز )
٨/١/٢٠٢٤
کاوان قادر