بهبۆنهی كۆچی دوایی جهمال شارباژێڕیهوه.. سەباح رەنجدەر
لە ئەلبوومی یادگارا
ئەفسوونی شیعر، (كرۆكیجوانی – ئێستێتیكا)، ئاشتی لە دەروونی كۆمەڵگای زیندوو و دەستەمۆ نەبوو ڕادەگەیەنێت. وەفا بۆ شیعر تێپەڕاندنی قۆناغی بەر لە خۆیەتی. تێپەڕاندن وەك جیاكاری نەك ڕەتكردنەوە. ڕەتكردنەوە لە ئەدەبدا هیچ كاتێك بنەمای نەبووە، چونكە لە ڕەتكردنەوەدا بەهای گفتوگۆ دادەڕمێ و پەیوەندییە كلتوورییەكان دەپچڕێن.
جوانی كەشێكی ڕوون و باوەڕپێكراوە. كاریگەری لەسەر هەموو بوونەوەرێك جێ دەهێڵێت، هەستەكان لە دەربڕین لە جوانیدا بە باشترین شێوە ئەركی خۆیان بەجێ دەهێنن، توانایان پاراوە و بە دیواری ژیانەوە دەلكێن.
شیعر دیاردەیەكی سیاسی نییە، دیاردەی سیاسی دۆخێكی هەڵەبەرە. دەربڕین لەناوەرۆكی واقیع وەك خۆی ناكات. واقیع لە بوونی خۆیدا لە ڕێكخستنێكی جواندا جێگای كراوەتەوە. سیاسەت دەستی لێداوە و ڕێكخستنەكەی بەملاو ئەولادا بردووە. ئەمە بڕیار و بۆچوون و پێوەرێكی شیاوە، سیاسیبوونی ئەدەب لادان و خۆدزینەوەیە لە ئامانجی ئەدەب، ئامانجی ئەدەب دامەزراندنی بڕوا و بنەمای جوانییە بۆ ژیانێكی نەشڵەژاو، تا ئارامی هێزی خۆی تێدا وەرگرێت و جوانیبەخش بیكات بە كەرەستە و وزەی دەربڕینی، بە پلە و ئاست پەیامی تایبەتكاریی خۆی بەڕێوەببات. هەر شاعیرێك پشتی دا بە پشتی دەسەڵات، نەك جێگای باوەڕی گوتنی جوان، بگرە جێگای باوەڕی هونەریش نییە.
ئەم شاعیرە لە ڕووی پێكهاتەوە، شیعرەكانی پڕ سۆز و دیمەنی هەستدارن. زۆرتر بەرهەمی خەیاڵن لەوەی بەرهەمی هێزی بیركردنەوە و كۆ زانیاری بن. جۆرێك داهێنانی لە نێوان شەستەكان و سەرەتای حەفتاكاندا پێشكێش كرد، بووە بەخشندە و ناوەندێكی كراوە بۆ شاعیرانی دەوروبەری و لە هێڵی پەرەسەندنیدا كاریگەریی خۆی زاڵ كرد، بەڵام لەم ماوە دیاریكراوەدا زیاتری تێ نەپەڕاند و كۆتایی پێدێت. تواناكانی لە ئەزموونی قووڵ و دەوڵەمەندتردا، كەش و دۆخێكی تاكە كەسی پێك نەهێنا، كەواتە: كاریگەرییەكەی لە یەك قۆناغدا دەركەوت و وەستا و نەبووە گیانێكی چالاك و بەرهەمهێن لە جەستەی بەردەوام بە گوڕوتینی شیعری كوردیدا.
ئەگەر شیعر جوان لەبارەی ژیانەوە بنووسرێت، لە ژیان خۆی جوانترە. شیعری ئەم شاعیرە لەسەر بنەمای هەست و سۆز و ئاسۆكانی خەیاڵەوە شێوەی خۆی وەرگرتووە. توانیشی تەنیا لەم بوارەدا بەهرە بە باشی بەكاربهێنێت، ساتی شیعری بە دوای بەهرەی دادێت و لەگەڵ خۆیدا دەیبات بۆ ناوچەكانی شیعر. لە دەقی ئەدەبیدا خەم و خورپە وەردەچەرخێنن بۆ ئێستێتیكا. لەو كەشە هەستی و سۆزدارییەدا شاعیر دەرەوە بەجێ دەهێڵێت و لەناوەوەی نیشتەجێ دەبێت، لە ژیانی ڕۆژانەی كۆمەڵگا و خۆی یاخییە. خەمۆكی و دڵەڕاوكێ و شاگەشكەیی و هەڵزەقینەوە هەڵسووڕێنەری كردە و كردەوەی دەبن. لەو پێودانگەوە بە زمانی ناوەوە مانا بۆ بوونی مرۆڤی و ختووكە تایبەتییەكانی دەدۆزێتەوە، هەروەها ئەو ترپە و ئاوازە خێرایەی ژیانی ڕۆژانە بەلاوە دەنێت، ترپە و ئاوازی ناوەوەی خۆی وەك سەرچاوە كار پێدەكات، ئەو ترپە و ئاوازەش خاو دەبێتەوە وەك ئەو بارە دەروونی، یان دەربڕینە دەروونییانەی، كە ژیانی بەڕێوە دەبەن و دووچاری یاخیبوونیان كردووە. نموونە: وەك لە شیعری: (خۆشم ویستی)، یان لە شیعری: (چەند هەناسەیەك)، یان لە شیعری: (بەناوێكی ترەوە گەڕایەوە)، یان لە شیعری: (چەند تاڵە بیرێكی ئاڵۆزكاو) دەردەكەوێت.
لەبارەی تێگەیشتنەوە شیعرەكانی وەك ئاوریشم و خاكی تەڕ نەرمن. وەك گۆرانی فۆلكلۆری و بەیت و داستان ڕوون و سادەن، بەڵام لەباری مانای شاراوە و چینەكانی بنیاد و داڕشتندا پڕ و فراوانن، خاوەن ئاسۆی دوور و بواری قووڵن. پەیوەندییان بە كلتووری تاكە كەسییەوە هەیە. لە هێڵی گشتیی ئەزموونكردندا یەك ئازاری ئەزموون كردوو و خەیاڵی دیارە، ئەو ئەزموونەی نەگەیاندووەتە خەیاڵی نادیار و یادەوەری ڕانەچڵەكاندووە، واتە: مەودای پەیوەندی لەگەڵ (خەیاڵی دیار)دا بەهێزترە لەوەی لەگەڵ (خەیاڵی نادیار).
هەستیاریی زمانی خۆی نیشانداوە، پێش ئەوەی ترپە و ئاواز لە وشەدا وەرنەگرێت، نایهێنێتە ناوەوە، یان بەسەریدا خول ناخوات، یان بەسەریدا باز نادات، هەروەها لە ڕووی بەكارهێنانی وشەوە تووشی بەد بەكارهێنان نایەت. وشە ئاراستەی باش بەكارهێنانی خۆی وەردەگرێت.
سوودی لە شێوازی بەر لە خۆی وەرگرتووە، بەڵام پەیڕەوی نەكردوون. لە نەوەی خۆشی لە شێوازدا لە زۆرینەیان ئەندازیارترە. لە مۆسیقاشدا كاری بە مۆسیقا و پیت و وشە و دەستەواژە و ڕستەی شاعیرانی بەر لە خۆی نەكردووە. هەرێمێكی بۆ دابەشكردنی ڕستە و مۆسیقا لە شیعردا بنیاد ناوە، بەڵام بۆ تێگەیشتن و بنیادنان، وزە و هێزی لە ئەزموونی بەر لەخۆی وەرگرتووە، بە تایبەتی لە شیعری: (لەدایكبوونی ئینسانێك)ی كامەران موكری و شیعری: (گوربە)ی محهمهد ساڵح دیلان.
لەبەر ئەوەی ئەم دابەشكردن و مۆسیقایەی زۆر هونەری و زاڵ بوو، شاعیرانی دوای خۆی نەیانتوانی لاسایی بكەنەوە، یان كاری لەسەر بكەن و لێ زیادبوونی بۆ بكەن، بگرە وەك دەست وەشاندن و داهێنانێكی تاكانە، هێڵی بۆ كێشا و دایمەزراند. داهێنانی سادە بە ئاسانی و زۆر زوو دێتە دەست و دەتواندرێت لاسایی بكرێتەوە و كاری لێ زیادبوونی لەسەر بكرێت.
جیاكارییەكی بنەڕەتی هەیە. بەتایبەتی لە گۆشەنیگای شاعیرانەوە و ئێستێتیكییەكی ڕوون و ئاشكرادا. پشت ئەستوورە بە سروشت و پێكهاتەی خۆڕسك و دەست لێ نەدراوی سروشت. لەسەر ترپە و ئاوازی پێكهاتەی سروشت وێنە دادەهێنێت. نموونە: پەیوەندی دروست دەكات لە نێوان با و درەخت و مۆسیقای جووڵاندنەوە. لە هەمان كاتدا هۆی پیتاندنی درەخت بە یارمەتی باوە دەكاتە دیاردەیەكی كرۆكی و ناوكیی سروشت.
واتە: بە تەنیا لەسەر (زەینی سروشت) كاری نەكردووە، بگرە لەسەر (منداڵدانی سروشت) كاری كردووە، پێكەوە ژیان و پێكەوە هەڵكردنی پێكهاتەكانی لە ڕستە دیار دەكات، لە شیعرییەتی دیمەن دەیاندرەوشێنێتەوە. سروشتی پەیوەندییەكانیش بە واقیعەكەوە ڕوون دەكاتەوە، ئەو ڕوونكردنەوەیەش تواناییمان بۆ خوێندنەوە پێ دەبەخشێت، یان هارمۆنییەت و هاوئاهانگییەك لە نێوان ڕەنگەكاندا، وەك خەسڵەتی وەرز لە وێنە و فۆرمی جیا جیادا گۆشە و كەنار و ناسنامەی لە یەك نەچوویان دەداتێ.
شوێنی لەدایكبوون و گەورەبوون، پێناسەی زەینی شاعیر دەكات بۆ ئێستێتیكا و گەڕانەوە بەرەو یەكەم ناسینی شوێن، هەروەها هەوڵدان بۆ ناسینی شوێنە نەناسراوەكانیش، كە بەشێك لە ئێستێتیكای یەكەم شوێن دێتە ناوییەوە و هۆ و پاڵپشتێكە بۆ خەمڵان و كرانەوەی بیر، بۆ سەر شوێنەكانی دیكە و ناسینی. شاعیر ئەگەر نەتوانێت لە ئێستێتیكای سروشت تێبگات، بێ هیچ گومانێكیش ناتوانێت ئێستێتیكایەك بۆ تێگەیشتن و بەكاربردن لە زەین و هەستی خۆیدا پێكبهێنێت.
گۆشەنیگای بیناسازی و كێشانی پێوانە لە هاوسەنگی و شكۆی سروشت وەردەگرێت، بەڵام نەیتوانیوە كار لەسەر بیری سەرهەڵدانی سروشت بكات، یان ئەم لایەنە، كە گۆشەنیگای بایەخە لەناو شیعرەكانیدا بزرە و دەستی بۆ نەبردراوە، هەموو دیاردە و داهێنانێك پەیوەستە بە هۆشیارییە تایبەتییەكانی شاعیر و جێكردنەوەی فەنتازیا و ئێستێتیكا لەناو زماندا.
(لە ئەلبوومی یادگارا) ناونیشانی كتێبێكی شیعریی: (جەمال شارباژێڕی)یە، ساڵی 1983 لە دووتوێی 175 لاپەڕەدا لە چاپخانەی (ئۆفسێتی سەركەوتن) لە سلێمانی چاپ كراوە، ئەم شیعرانەی تێدایە: (كسپەیەك، بۆ، هەستێك، لە سەیرانێكدا، ئەگەر، نەكەی، تاكە شیعر و بەس، دركاندنێك، گوندێك و كچێك و یادێك و شیعرێك، ئارام، پرسیارێك وەرامەكەی لە خۆیدایە، نامەیەكی كراوە، دانیشتن لەگەڵ تۆدا، لە جەژندا، دیسانەوە خەم، هەژدەی سێ، چڵی نەرگز، لەجیاتی كارت، خۆشم ویستی، بۆ مەرگی پڕشنگ، ئەگەر تۆ بۆ من بوویتایە، لەسەر سێ گڵكۆدا، چەند هەناسەیەك، لەسەر بەردە نووسێك، بەناوێكی ترەوە گەڕایەوە، گۆرانییەك بۆ شیرین، ئاخێك، خەمێكی تر، چاكتر بمناسە، چاوچاو، چەند تاڵە بیرێكی ئاڵۆزكاو، دوای دە ساڵ، پشیلە، ڕازێكی نوێ، نەوزاد، وێنەیەك، كەتەی كەر پیاو، بۆ جوانێك، ئەمشەو، وەرە جوانێ، دایكی دڵسۆز، بێ ناونیشان، ئای ئای، لەسەر تۆ، باوكایەتی، مۆڵەت، بۆ كچێكی جوان، تازە من و تۆ، بەهەستێكی خاوێنەوە.)
ئەم وێنەیە
بۆچ زویرە؟
بۆچی بێ زەردەخەنەیە؟
لەبەر نیگای كامێرادا
كە وەستاوە
چی لەبیرە؟
چی لە دڵدا حەشار داوە؟
وا دڵگیرە.
* * *
ئەم وێنەیە
چاوی نازی كردووەتەوە و نایترووكێنێ
جوانییەكەی بێ وێنەیە
گەنجینەیە
هەر دەمێنێ.
* * *
ئەم وێنەیە
لە ئەلبوومی یادگاردا.. سبەینێ
بزەی خۆش و كزەی ناخۆش دەهێنێ
خاوەنەكەی سات و كاتێ
تەمەنی پیری دەیگاتێ
خەم و خۆزگە ڕایدەژێنێ
یادەكانی دەورووژێنێ
فرمێسك و خەندەی دەداتێ.
* * *
ئەم وێنەیە.
لەو شوێنەیە
كە بیلبیلەی گلێنەیە
سەرنجمی ڕاكێشاوە
لە نوێنی نەرمی هەستمدا
راكشاوە
ئێستا لە ژووری میوانی هەڵبەستمدا
خۆی بە دیوانەكەم ناسی
بە دیوارێك
لە دیوارە بێگەرد و سپییەكانیدا
خۆی هەڵواسی.
شیعر، وێنەی شاعیرە لە ئاو و ئاوێنەی بوون و بیركردنەوەیدا، شاعیر لە ئەنجامی خراپیی بارودۆخ و زەبروزەنگی دەسەڵات و دەوروبەردا، لە واقیعی دەرەوە یاخی دەبێت و بەجێی دەهێڵێت، لەناوەوەی خۆیدا واقیعێكی شیاو بۆ نووسین و پەیوەندییەكانی ژیان و مانەوە دادەمەزرێنێت، لەگەڵ دیاردە بنەڕەتی و ناوەكییەكانی سروشتدا تەبایییەكی گیانی دەهێنێتە ئاراوە. نەك لەگەڵ ئەو دیاردانەی لە ڕێگای دەسەڵاتەوە كار لە ژیانی كۆمەڵگا دەكەن و بارودۆخ دەگۆڕن، سروشت لە پێكهاتەی ناوەوەی خۆیدا گیانێكی پڕ لە ناكۆكی هەیە، لەبەر ئەوەی زوو زوو دەگۆڕێ و جووڵە و پێداویستییەكانی وەرزێك تەواو جیاكارە لەگەڵ ئەو وەرزی بە دوای دادێ و پلە بە پلە چاودێری یەكتر دەكەن.
مامەڵەكردنی ئەم شاعیرە لەگەڵ سروشتدا، كرانەوەیەكی تازە بەخش نییە، پێشتر زۆر ئەندازیارانەتر مامەڵە لەگەڵ سروشت و پێكهاتەی سروشت كراوە، هارمۆنییەتێكی گشتیشی تێدا دۆزراوەتەوە، بە تایبەتی: (مەولەوی و گۆران). لەگەڵ ئەمەش جۆرە جیاكارییەكی تێدا بەكارهێناوە. سروشتی كردووە بە جێگرەوەی خۆشەویستەكەی و بەشێك خۆشبەختی بۆ بەدەست هێناوە، كە بەهۆی خۆشەویستەكەشییەوە لە سروشت دەدوێ، سەیر خوێنەر دەورووژێنێ و ڕێگایەكی بۆ دەدۆزێتەوە تێدا بەرەو پێشەوە بڕوات، تا دوا ڕادەی توانەوە و ڕووداو چێژ لە سروشت وەردەگرێت. لە ئەنجامدا هەموومان بۆ لای دەگەڕێنێتەوە و شەیدای سروشتمان دەكات، بەڵام لە ڕێگای سروشتەوە بیرمان پێ ناكاتەوە، سروشت دەكاتە بەشێك لە ئێمە بۆ بیركردنەوە و چێژ وەرگرتن. سروشت سەرچاوەیەكی سەرسوڕهێنەرە بۆ ئەم شاعیرە و تێیدا شتە بچووكەكانی خۆشدەوێت و سەرساممان دەكات بە ئەوینی خۆی بۆ (سروشت) و (ئافرەت).
شیعر ڕۆڵی لە دەرخستنی جیهان نییە، شاعیریش لە چەقی كۆمەڵگادا ناژیێت، تا باری كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ئایینی … تاد، ڕابگرێت، لە گۆشەیەكی ئێستێتیكییەوە باری سەرنج دەنووسێت. ئەو باری سەرنجانە كاریگەریی بنەڕەتییان بۆ گۆڕان نییە. ئەگەر بشیبێت زۆر لابەلا و لاوەكی دەبێت، ئەدەبی ئەم شاعیرە جۆرە ئەدەبێكی نائومێدانەیە و ژیانێكی دیكەی تێدا ئاشكرا نابێت.
لە هەموو شێوەكاندا واقیع كاریگەریی خۆی دەبێت، شیعری هەستی، دوورە لە زیادەڕۆیی واقیع و بە دوا دەمدان. لەناو بەرهەمی هەستیدا دەتوانین ئەو توخمە سەرەكییانە بدۆزینەوە و دەستنیشانی بكەین، كە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ ڕەواندنەوەی خەمۆكی و دڵەڕاوكێ، یان بۆ تۆخكردنەوە و بەرزبوونەوەی باری هەڵزەقینەوە.
واقیع جەستە و شوێنێكی نووسراوە، بۆ شاعیری هەستی، بایەخی سەرەكی نییە، چونكە شاعیری هەستی، ناگەڕێتەوە سەر نووسراو و دووبارەی ناكاتەوە. تەنیا بیر لە بنیادی مێژوویی جەنگە گەورە و بچووكەكان دەكاتەوە، ڕۆشنایییەكە بۆ پرسیاركردن و ئەزموون. ئایا پێكهاتەی ئەو بارودۆخە چییە، كە پاڵنەر و ڕێخۆشكار بووە بۆ ئەوەی شاعیر لە واقیع هەڵبێت و لە ناخی خۆی نیشتەجێ ببێتەوە، یان بۆ ناتوانێت لەگەڵ ناهەموارییەكانی واقیع بگونجێت، یان ئەو بارە بۆ دروست بوو. ئەمە پرسیارێكە چارەنووسی وەك ڕەگەزە پێكهێنەرەكانی سروشت: خۆڵ، ئاگر، با، ئاو. نادیارە و بەردەوامیش ئەو نادیارییە بووەتە خولیا و هۆی نیگەرانیی مرۆڤی هەستپەروەر.
قەڵەمكێشی جەمال شارباژێڕی بە وشە
شیعر پێویستە هەمیشە لە سەرەتاوە تەماشا بكرێت و باس بكرێتەوە. دوو دیوی بەرجەستە نەكراوی هەیە، ئەم شاعیرە ئەمڕۆ لەگەڵماندایە و شاعیرێكی زیندوو و داهێنەرە، سبەینێش نەمرە و لەگەڵماندا دەمێنێتەوە. ئەوەی لە ئێمەی نزیك دەكاتەوە خەیاڵی تایبەتی دەقەكانییەتی، داهێنانیش دواخستن قبووڵ ناكات، هەمیشە دۆخی گونجاندنەوە بۆ خۆی دروست دەكاتەوە و دەبێتە شكۆداریی شیعری بێگەرد، سەردەمەكان لە خۆیدا بەرهەم دەهێنێتەوە. تەنیا ئەو شیعرە وێران و بەدبەخت دەمێنێتەوە، كە ئایدۆلۆژیا توخم و دۆخی پێكهێنەری بووە. دۆخی گۆڕان لە دەست دەدات و دۆخی چەقبەستن وەردەگرێت. خانەوێران: ئەو شاعیرەی ژەهری ئایدۆلۆژیا هەڵدەلووشێت.
مرۆڤی هەستپەروەر، كە هەستی ئێستێتیكیی شیعری لا دروست دەبێت، لە كرانەوە و تێڕوانینیەوە دەكەوێتە ناو خەمەوە، شوێنەواری خەمیش لە بیركردنەوەیدا بنبڕ ناكرێت، وەك بەخشینی پەیامێك جێی خۆی دەگرێت و دەبێتە هێما بۆ مانا و مەبەست. كردەی شیعری ئاسایی كردنەوەی بارە خەمگینییەكەی و پڕشنگ هاوێشتنیەتی، تا باری خەمڵین و پەیوەندیداربوونی بەو هەستەوە، دوای ئەو پێوەندداربوونەی تووشی تاراوگەی ناخ دەبێت، لەناو خۆیدا هەست بە نامۆیی و هاودەمی هەمیشەیی خەم دەكات. خەم نەك گۆشەگیربوون. لەم بارەشدا پەنا بۆ دۆزینەوەی شوێنێكی وەك شاری پاكزاد، دەستەبژێر، یان بەهەشت نابات، تا ئاسوودەییی گیانی تێدا دەست بكەوێت. شوێنی ئاسوودەیی بۆ ئەمی هەستپەروەر تەنیا شیعری ڕاستەقینەیە. لە شوێنی ئازار و ئەشكەنجەدەر كۆچ دەكات بۆ شوێنی ویست و هێزی وشە و ئاستە دەنگییەكان، هەست و بینینی دەگۆڕێ لە دەربڕین لە سروشت و كاركردن لە كەرەستەكانییەوە بۆ دەربڕین لە ژیان و مرۆڤ و پەیوەندی دروستكردن لە نێوانیاندا. شیعر دەبێتە چاوگی نایابی جۆشێكی بەكوڵ، بەڵام نابێتە هەڵسووڕێنەری شتەكان، تا هەست و هێز و شێوەی پەیوەندییەكانی نێوان مرۆڤ و سروشت بگۆڕێت و جۆرە هەست و گوڕ و تینێكی بێ ئەندازە بخوڵقێنێ.
ئەم شاعیرە لە بنەڕەتدا خاوەنی تێڕوانینێكی ڕۆمانسیی هەستییە. هەست لە شیعرەكانیدا ڕەگەزێكی زۆر گرینگ و سەرەكییە، بە هۆیەوە خودی خۆی دەهێنێتە دی و بە كردەی لەدایكبوونی شاد دەكات و خودی خۆی دادەهێنێتەوە. بە بۆچوونێكی ژیرانەوە مامەڵە لەگەڵ زمانی ڕۆمانسیی هەستی دەكات هێزی تیشكدانەوەی تێدا بەرهەم دەهێنێ، بەڵام ترپە و ئاوازە بنەڕەتییەكانی زمانی نەدۆزیوەتەوە، دۆزینەوەی ترپە و ئاوازە بنەڕەتییەكانی زمان، شایەنی سەركێشی بۆكردنن. ترپە و ئاوازی زمانی كوردی لە شوێنە نەناسراوەكاندا نەهاتووە، ڕەگی لەناو گەرمی و نەرمیی خاكدا بەهێز بووە، پەیوەستە بە كلتوور و ئەو نیمچە شارستانییەی دروستی كردووە. لە ڕۆمانسیی هەستیدا تێڕوانینی تەواو باڵا و پڕ: بۆ ناوەندی ڕوودا و و ژیان و جیهان و بوون نییە، بگرە وێناكردنی تاكە كەسی و گیانی بەهێزی هونەرمەندێتی هەیە، كۆششی بۆ ئەمەیە: ئەم وێناكردنە وەك ئەزموونێك لە فۆرمێكی شیعریدا گەڵاڵە بكات، دیدێكی ڕۆمانسیی قووڵ لە ڕێگای هەستەكانەوە بخەمڵێنێ، پاشان وەك نموونەیەكی نوێبەخش نیشانی بدات، ڕۆمانسییەت دەربڕینە لە هەڵوێستێكی ویژدانی، كە بوون ڕەنگ و شێواز و وێنەیەكی تازەی پێدەدا، پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ ژیان و جیهان و بوون نییە، بگرە پەیوەندیی پچڕ پچڕ و هەڵوێستە لە ژیان و جیهان و بوون وەریدەگرێت. لەگەڵ دۆخێكی كارەساتباردا ڕووبەڕووی دەكاتەوە. هیچ هونەرێكیش لە واقیع جیا نابێتەوە. چاوگی ئەفسوون و هونەرە سەرسوڕهێنەرەكان قووڵاییی واقیعن و كرانەوە و جووڵانەوەن بەسەر ژیانی دەستەمۆنەبوودا.
ئەو جوانییانەی ئەدەب دۆزیویەتییەوە و لێی دواوە، زۆر كەمترە لەوەی لە واقیعدا بوونی هەیە. ڕووبەڕوو دێنە ناو ژیانمان و كاریگەری دەبێت. جوانیبەخش لە ئاستی تواناییدا بەهرە و سرووش و ڕۆحە پەیامدارەكان ڕێنوێنی دەكەن.
ڕۆمانسییەت لە یەك سەرچاوەوە هێز وەردەگرێت. ئەمیش چاوگی خەمە، دواتر دەپەڕێتەوە بۆ تاراوگەی ناخ و بەردەوام لەناو وێناكردنی ڕابردوودا دەژی، وێناكردنی ڕابردوو هۆكارێكی بنچینەیی و زاڵە. پلە بە پلەش ئەم هەستەی لا قووڵ و بەهێز بووەتەوە، تا خاڵی دامەزراندن، بەڵام مانەوە لەناو ڕابردوودا دەربڕین لە ژیان و هەست و بینینی تازە ناكات، چەشنێكی دیاریكراوی مرۆڤ و سروشت دەخولێنێتەوە. هەر لەسەر ئەم بنەما و بنچینەیەشەوە بەردەوامی بە توانای ڕاستەقینەی خۆی داوە، هەستێكی قووڵی ڕۆمانسی لە قووڵیی بیركردنەوەی دەدۆزینەوە.
ئەو خاڵەی جێگای سەرنجە، كلتووری خۆماڵی ئەم شاعیرەی شەیدا و هۆگری خۆی كردووە، ئەم كلتوورەی بەشێك لە شاعیرانی كوردی پێگەیاندووە. ئەو كێش و بڕگە و سەروا و ترپە و ئاوازەی: (مەولەوی و گۆران) هێنایانە ناو شیعری كوردییەوە. ئەم خۆی لێ لانەدا و پەرەی بە پیتی پێدا، كردییەوە كەرەستەیەكی خاو و لەبار، بەجۆرێكی نوێبەخش و هاوچەرخانە بەكاری هێناوە. لە بواری ترپە و ئاوازدا كۆمەڵێك هێما و نیشانەی دیكەی پێدا و ڕەوتێكی دیاریكراوی دۆزییەوە. لە كاتی ئەم ڕوودان و دۆزینەوەیەدا لە ڕواڵەت و كرۆك و ناوكی وشە و ئیدیۆم و دەستەواژە و پەند … تاد، ورد بووەتەوە. لەگەڵ نوێبەخشی لەتەنیشت یەكتری وەستاندنی دوای تێڕامان و ناسینی دووری و ئاسۆكانی تێكەڵی كردوون. لەم ڕووەوە وەك نوێبەخشێك خۆی لەناوەندی ئەدەبیدا ناساند و لەناوەندیش پەسند كرا. دوای ئەم شاعیرەش دۆخی ترپە و ئاواز لە شیعری نوێبەخشی كوردیدا بە گوڕتر پەرەی سەند. تێگەیشتن و وریایی بەرانبەر ئەم تێكەڵكردنە هەبوو، واقیعی ترپە و ئاوازی قۆناغی دووەمی نوێبەخشی شیعری كوردی بە جۆرێكی دیكە دەركەوت و هەستەكانی ڕاهێنا.
ترپە و ئاواز لەگەڵ زماندا دێتە بوون، وێنەش ڕووناكییەكە لە وشەوە هەڵدێت و تەواو هەستیارە، شیعری كوردی لە شەستەكاندا لەگەڵ دەركەوتنی: (جەمال شارباژێڕی) شێواز و ترپە و ئاواز و وێنا و هێڵێكی وێنەیی دەگمەنی بەخۆوە بینی، كە پێش ئەم بەخۆیەوەی نەبینیبوو. دەقی: (كردگار – فرمێسكی نهێنی، كۆ شیعر – چاپخانەی كامەران، سلێمانی، ساڵی 1968، ل: 63 تا 67) لە ئەزموونی سەرەتاكانیەتی. مامەڵەیەكی نائومێدانەی لەگەڵ پرسیارەكانی بوون و نەبوون كردووە، تێهەڵكێشی یەكتریان دەكات و لەسەر بنەڕەت و چۆنیەتیی بیركردنەوەدا لێكیشیان جیا دەكاتەوە. گرینگیی شیعرەكە لە ڕایەڵ و هەڵسووڕاندنی پرسیارەكانیدایە، ڕووداوەكانیشی لە دەرەوەی كات و شوێنێكی دیاریكراودا ڕوونادەن. لە دەرەوەی كات و شوێنیشدا هاوتایییەك بۆ خۆی لەگەڵ خەیامدا دەهێنێتە بەر دید، پاشان گفتوگۆ و هەوڵدان بۆ لێك تێگەیشتن، یان پرسیارەكانی خۆی لەسەر هێڵێكی درامیدا دەباتەوە ناو پرسیارەكانی خەیام و درێژەی پێدەدات، (خەیام) و (ئەو) هەردووكیان ئاماژە بە یەك خەسڵەت و نیشانە و سەرچاوە دەدەن، لە خاڵێكی ورووژێنەر و گرینگدا بە یەك دەگەن. گومان لە پرسیاری بوون و جیهانناسی دەكەن. پرسیارەكانیش كاریگەرییان بەسەر سۆزەوە هەیە، بەهۆی سۆزەوەش دەیباتە ناو ڕایەڵ و تانوپۆی هۆش و هەستەكان و دەیخەمڵێنێ. داڕژان و ئاوازەكەشی لە بارانی نمە دەچێت، كاریگەریی زۆرە بۆ ئارامبوونەوەی دەروونی خەمبار. شێوازیشی بۆ قۆناغی سەرەتایی شێوازێكی لەبار و گونجاو و داهێنەرانەیە، جۆرێك تۆوی نوێبەخشی تێدا وەشاندووە. تاكو ئێستاش ئەم شێوازە ماوە و لەملا و لەولای شیعری كوردیدا كاری پێدەكرێت. ئەم بزاوت و جووڵە و مانەوەیەش لە سروشتی داهێناندا بەهایەكی ئێستێتیكییە، جوانی و شێوازی بەرهەم هێناوە. بەهای ئێستێتیكیی بەهرە و سرووش دەبەخشێتە مرۆڤی نموونەیی و كاریگەری دەبێت لەسەر پەروەردەكردنی ئاگایی كۆمەڵگا و كەسایەتی دەخەمڵێنێ.
شیعری ئەم شاعیرە: لە وەرگێڕاندا بەهای شیعرییەتی لە دەست دەچێت. وەرگێڕان ناتوانێت كرۆك و ناوەرۆكی شیعر بەتەواوەتی نیشان بدات. شیعرێك وەردەگێڕدرێت، نازاندرێت ئەم شیعرە وەرگێڕدراوە چەند ئەم شیعرەیە، كە لە زمانەكەی خۆیدا وشەسازی و خوازە و لێكچوواندنی تێدا بەكارهاتووە. ئەو توانا زمانییە و ئەفسوونە زمانییەی دەگوازرێتەوە، یان لەدەست دەچێت و مانا دەگوازرێتەوە. ڕەنگە وردەكاریی شێواز و ڕوانینی گشتی، تا ڕادەیەكی باش بگوازرێتەوە، بەڵام ڕوانینی خوازەیی، ئەگەر مەحاڵ نەبێت نزیكە لە مەحاڵ. بە جۆرێك بە ئەفسوونی زمانی دەقەوە مووتوربە كراوە، لە وەرگێڕاندا ئەفسوونەكە بزر دەبێت و نزیك دەبێتەوە لە مانای ڕووكار و ڕواڵەتی. لەگەڵ ئەم پێزانینەشدا شیعر تەنیا بۆ زمانی دایك، واتە: زمانی دەق نانووسرێت، ئەی كەناڵی وەرگێڕان، زمانی دووەم: چۆن دروست دەبێت. پەیوەندیی نێوان توانا زمانی و ئەفسوونی زمانی دەق، لەگەڵ زمانی دووەم: لە چ بارێكیدا وردەكارییەكان بەڕێوە دەبەن.
نیسانی 2008 هەولێر