
گه‌ردوونی یه‌كه‌م مانیفێستی شیعری… سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
له وردبوونه‌وه له ناخی خۆمدا، دوو پانتایی بێ‌سنوور: به‌هه‌شت و دۆزه‌خم وێناكرد. هه‌وڵدان بۆ ناسینی ئه‌م دوو پانتایییه حوكمڕانی له بیركردنه‌وه‌ی مندا به‌ڕێوه ده‌با. دۆخی گشتی و به‌ها و ناوه‌رۆكی مرۆڤ و جیاوازییه‌كانم تێدا ناسی، بێ بوونی كلتووری كوردی ناتوانم خۆم و جیاوازیه‌كانم بێته به‌رچاو.
جیاوازییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌یی گوزارشت له هه‌قیقه‌تی جیهان و ڕێكخستنی ئه‌زموونه‌كان ده‌كه‌ن، جیهان شایه‌نی په‌ی پێ‌بردن و ناسینه. له داهێناندا پێویسته شكۆی جیهانێك بناسین و خۆشمان بوێ، جیهانی جیاوازییه‌كان. ئه‌ستێره‌ی چلپه‌ڕی خۆداڕشتنن. خوڵقاندنی جیهانی جیاوازییه‌كان، جیهانێكی ته‌واو ڕه‌سه‌ن و هونه‌ری ژیانێكی بێگه‌رده، واته: گه‌ردوونی یه‌كه‌م. ته‌نیا شتێك هه‌ڕه‌شه له داهێنان ده‌كات، نه‌بینینی جیاوازییه‌كانه، نه‌بینینی هونه‌ری ژیانێكی بێگه‌رد و په‌ی پێنه‌بردنه.
هیچ شتێك له مرۆڤ و مردن به‌هێزتر نییه. ته‌نیا داهێنان نه‌بێت. مرۆڤ كاتێك ئه‌ركی مرۆڤبوون و مرۆڤایه‌تی ته‌واوده‌بێت، كه جیاوازبێت. جیاوازبوون مرۆڤ فۆرمه‌له ده‌كات، به درێژایی ژیان یاوه‌ری ده‌كا و ده‌یخه‌مڵێنێ. جۆرناسی و بینین و دانپێدانانی جیاوازییه‌كان، له هێزی ڕوونی داهێنان و پێكهاته‌ی ڕووداوه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و په‌ره ده‌ستێنێ، ده‌بێته بابه‌تی ده‌ربڕاو و بابه‌تی ده‌ربڕ، به‌ئاستی داهێنه‌رانه‌ی خۆیدا ده‌ڕوات و ڕێڕه‌و ده‌كاته‌وه. گۆڕان و وه‌رچه‌رخان و واقیع و خه‌یاڵ و ده‌نگ و زرینگانه‌وه و سه‌رمه‌شقییه‌كان، له‌دایكبووی جیاوازییه‌كان و ته‌واوكه‌ری ژیانێكی بێگه‌ردن، واتاكانی نوێبه‌خشی دیاری ده‌كه‌ن و په‌ی پێ ده‌به‌ن، به‌ڵام زمانی هاوبه‌ش و هێزی كاركردنی هه‌موومان نییه. جیاوازی نیازێكی مرۆییه و تێكڕای هه‌بوون له‌خۆده‌گرێت، له‌ناو قه‌واره و ئاست و ویستی خۆمان دامان ده‌هێنێته‌وه.
نالی و گۆران، هۆگرییه‌كی تایبه‌تیم بۆیان هه‌یه، جادووگه‌ر و خۆداڕێژن له زمان و وێناكردندا. دوو هێمای گه‌وره و جیاوازی زمانی كوردین. ئه‌و زمانه‌ی داهێنه‌ری زۆری په‌روه‌رده كردوون و خستوونیه‌ته سه‌ر سه‌كۆ و پێشانی داون، شه‌رمێكی ترسناكم به‌رانبه‌ریان هه‌یه، نموونه‌ی داهێنانیان دامه‌زراندووه، له‌ناو خوێنده‌وارانی كۆمه‌ڵگای كوردیدا له‌شوێنی شیاوی خۆیان داندراون، خاوه‌ن تاج و ته‌ختن، له هه‌لومه‌رجی گونجاو و كراوه‌دا هه‌ناسه ده‌ده‌ن، هه‌موو ئه‌زموونێكیش ناته‌واوی و كه‌موكوڕی تێدایه.
هه‌قیقه‌ت، یان نوێبه‌خشی ته‌نیا لای شاعیرێك نییه. نوێبه‌خشی دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه. نوێبه‌خش هه‌سته‌كانی كۆمه‌ڵگا و ڕۆژ و ڕۆژگاری خۆی تێدا كۆده‌كاته‌وه. به ئاماده‌یییه‌كی ته‌واوه‌وه ده‌چێته گفتوگۆی ئه‌به‌دی و جه‌نگێكی ڕاسته‌قینه‌وه. نموونه‌یه‌كیش نوێنه‌ری گشت نییه. له هه‌مان كاتیش‌دا سنووردار ناكرێت. نالی شیعری: (مه‌ستووره، دیوانی نالی. ل: 603)ی له ئه‌نجامی ناكۆكی نێوان میرنشینی بابان و میرنشینی ئه‌رده‌ڵان، له‌ژێر كارتێكه‌ر و ڕاسپارده‌ی سه‌رله‌شكر و فه‌رمانڕه‌واكانی بابان وه‌ك ده‌ربارێك فریوی خواردووه، بۆ شكۆشكاندن و له‌كه‌داركردنی سه‌رله‌شكر و فه‌رمانڕه‌واكانی ئه‌رده‌لان نووسیوه. ده‌رباربوون ڕێگایه‌كی تایبه‌تی ده‌ربڕینه، تیرت له كه‌وان پێ ده‌ترازێنێت و به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر فریوت ده‌دا، وه‌ك ده‌ق، ده‌قێكی تابڵێی ئێستێتیكی و پڕ هونه‌ری جۆراوجۆره و خه‌یاڵی خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێته ئاستی باڵا، فۆرمی گۆشه‌نیگای هه‌یه. مه‌ستووره‌ی له خه‌ونێك وه‌رگرتووه، ده‌یه‌وێ قه‌ده‌غه‌كراوه‌ی لێ له‌دایك ببێت. خه‌ونی هونه‌ری شیعرییه‌ت، كاری له‌سه‌ر پێكهاته زمانه‌وانییه‌كان و دیوی نهێنی زمان و وردبێژی كردووه، به ئه‌ندازیارییه‌كی ورد وریایی بیناكردنی نیشان داوه. هیچ بوارێكیش بۆ ئه‌گه‌ر و گومان نه‌ماوه‌ته‌وه، وه‌ك مه‌به‌ست و مه‌رام ئاراسته‌كراوه، خۆڕسكی چێژ و چه‌شه‌ی كه‌سایه‌تی خۆی تێدا نییه، ده‌سه‌ڵاتی ئاراسته‌كه‌ریش پشتیوانی و هه‌لی بۆ ڕه‌خساندووه.
ئه‌م پرسیاره‌ی له‌م پرس و هۆكار و به‌رهۆكار و بزواندنی كرده‌ی داهێنانه‌وه ده‌بێت بكرێ. خۆ حه‌بیبه تاكه دڵبه‌ری ڕه‌سه‌ن و نموونه‌یی، بێگه‌رد و پاراو و هه‌ستی خۆڕسكی شاعیر بووه، ئه‌گه‌ر مه‌رام و مه‌به‌ست و تاكتیكێكی سیاسی نه‌بووبێت، بۆ ئه‌م ئه‌زموونه بێگه‌رد و پاراوه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مدا تاقی نه‌كردووه‌ته‌وه، ئه‌مه پرسیارێكی ناڕوون و لێڵ نییه. هۆكارێكی دره‌وشاوه‌ی ناسینی ده‌قه‌كه‌یه.
مرۆڤێكی داهێنه‌ر و پڕ زانیاری، به زانیاری هاوچه‌رخی وه‌ك گۆران، ئاشتی شیعر له ئاشتی ڕۆحیی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، تا ئاستی گه‌وهه‌ری بابه‌ت ناسین، گه‌شه به‌و ئاشتی ڕۆحییه ده‌دات و به‌دی ده‌هێنێ و جۆری جووڵه‌یان ده‌ستنیشانده‌كات. پاشتر شیعر ده‌خاته ژێر كاریگه‌ری په‌یامی فریادڕه‌سه‌وه. په‌یامی ئایدیۆلۆژیا، كه ڕوویه‌كی بێ قووڵایییه، مه‌ستبوون به‌شه‌رابی ئایدیۆلۆژیا وات لێ ده‌كات هه‌موو شتێك به ئاره‌زوو ببینی. پێوه‌ری گه‌ردوونبوونی شیعری بێگه‌رد و پاراوی تا ئاستێك له چه‌ند شیعرێكیدا، به‌تایبه‌تی له شیعری: (ڕێگای له‌نین، دیوانی گۆران. ل: 306)، یان شیعری: (مۆسكۆی ئه‌یار، دیوانی گۆران. ل: 324) ….. تاد، له ده‌ست ده‌ترازێ، یان لێی ده‌گۆڕێ، به‌های هونه‌ریی و هه‌سته‌كانی خۆی سه‌ركوت ده‌كات، شیعر ئه‌گه‌ر ئایدیۆلۆژیای قبووڵ نه‌كرد، هه‌میشه مرۆڤانه ده‌مێنێته‌وه. خوێنه‌ری بێده‌نگ و جووڵه و نه‌ناسراو، واته: خوێنه‌ر وه‌ك تاك. نه‌ك وه‌ك جه‌ماوه‌ر، ده‌بێته فۆرم و بنه‌مای. خاوه‌ن فۆرم و بنه‌ما پێویسته له هه‌موو كاتێكدا پابه‌ندی بنه‌ماكانی خۆی بێت و لێی فێربێته‌وه، زاڵبوونی تێڕوانینی ئایدیۆلۆژیا بۆ شیعری بێگه‌رد، دۆزه‌خێكی زیندووه، له‌قووڵایی بڕیار و هه‌ڵبژاردندا ده‌یهاڕێ.
بهئارهزوویهكی سۆفییانه له چركه‌ساتی به‌هره‌وه ده‌چمه ناو كرده‌ی نووسینه‌وه: ئه‌زموونخواز، كه هه‌موو هه‌سته‌كان و هێزی به‌هره‌ی له ده‌قێكدا كۆده‌كاته‌وه و دای ده‌هێنێت و لێی ده‌بێته‌وه، ده‌بێته نموونه‌ی ده‌ربڕینێكی ناوازه، ده‌چێته ناو پانتایییه‌كی هه‌ستییه‌وه و تووشی خۆشییه‌كی منداڵانه ده‌بێت. هیچ شتێك ناتوانێت ئازادی ئازار بدات، چونكه هه‌ستی به ئه‌زموونخوازی خۆی كردووه و خۆی له ده‌ره‌وه‌ی دیمه‌نه گشتییه‌كاندا بینیوه، خوێنه‌ریش بانگ ده‌كات هه‌ست به ئه‌زموونخوازی خۆی بكات و نموونه‌ی ده‌ربڕینێكی ناوازه ببینێت، كه وه‌ك ته‌واوكه‌ری بوون مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه، له‌و مامه‌ڵه‌كردنه‌دا، ئازادی ده‌چێته ناو خه‌یاڵه‌وه. دیوی ڕاسته‌قینه‌ی ڕووداوه‌كان سروشتێكی ئه‌فسانه‌یی و حاڵه‌تێكی شیعری‌یان هه‌یه. ده‌گونجێت له‌گه‌ڵ باری ئاڵۆزی جیهان له‌به‌ر یه‌كدا ڕابگیرێن و پێوانه‌یان بۆ بكرێ، به په‌له‌په‌ل و گیانێكی تووڕه‌یییه‌وه نه‌نووسرێن، به سروشتی خۆی شێوه وه‌رده‌گرێ و له‌كۆی پێكهاته‌كانییه‌وه كامڵ ده‌بێت و ده‌بێته ئه‌زموونی كه‌سی.
خۆم هه‌بوویه‌كی هێزپێدراوم: دڵنیام ئه‌زموونه‌كانی خۆم بنه‌ڕه‌تمن، پێش هه‌موو شتێك به‌هانای شیعرمهوه دێن، له تیۆره‌كان باشتر پێكهاته‌ی هونه‌ریی شیعرم تێده‌گه‌یه‌نن، هه‌رهه‌موو زه‌وی جوگرافیای شیعرمه و جیهان یه‌ك جیهانه. مرۆڤ سنووره‌كانیه‌تی.
جیاوازی لای داهێنه‌ر زیره‌كییه‌كه ته‌واو نابێت. به‌رده‌وام زاوزێ ده‌كات و هاوچه‌رخ ده‌بێته‌وه. وێنه‌یه‌كی تۆقێنه‌ر نییه. ناسنامه‌ی له هاوچه‌رخبوونی ده‌خوڵقێنێت.
هه‌میشه لێكۆڵه‌ران هێما و ناسنامه و مۆرك و ئه‌زموونی تاكه‌كه‌سی داهێنه‌ر له‌ناو گوتاری ده‌ربڕاودا ده‌دۆزنه‌وه و پشكنینی شاره‌زایی و دانایی له مانای كراوه‌دا بۆ ده‌كه‌ن، ده‌یخه‌نه به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی زمانی كلتوور و ساتی داهێنان. داهێنه‌ر به‌های خۆی ده‌ناسێت و به تێگه‌یشتنه‌وه له ئاڵوگۆڕه جیاوازه‌كان و خانه چندراوه‌كانی نوێبه‌خشی قووڵ ده‌بێته‌وه، ڕایه‌ڵ و تانوپۆی تاوتوویهكان ورد ده‌چنێت، خۆدروستكردنێكی ڕاسته‌قینه ده‌كاته بنه‌مای وردبوونه‌وه. له یه‌كێتی بۆچوون و یه‌ك بنه‌ڕه‌تی و ئومێدی فریوده‌ر و وێرانكردنی ژیان و به‌لاڕێداچوونیش دوور ده‌كه‌وێته‌وه، له كارتێكردن له خوێنه‌ر و هۆكاری كارتێكردن له خوێنه‌ریش نزیك ده‌بێته‌وه.
شیعر هه‌رچه‌نده خودیی و فه‌نتازیش بێت، به‌ڵام ده‌بێ له گه‌وهه‌ر و ناوكی‌دا په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر دروست بكات. خوێنه‌ریش قه‌ت ناتوانێ به ته‌واوی داروپه‌ردووی داهێنانه‌كه‌ی به‌رجه‌سته بكات. وێنه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر خه‌یاڵییش بێت، كه بووه نووسین و نووسرا، ده‌بێته هه‌قیقه‌ت و واقیع تێیدا ده‌گۆڕێ، خوێنه‌ر ده‌خاته باوه‌شی ئێستێتیكایه‌كی نه‌بینراو و په‌روه‌رده‌كردنی زه‌ینییه‌وه. تۆڕێكی به‌رفراوانی په‌یوه‌ندییه زه‌ینییه‌كان دێته ئاراوه و نیشانه زه‌ینییه‌كان ده‌ناسێنێت.
له‌م باروبواره‌دا شیعر واقیع دروست ده‌كات. كاته‌كان تێیدا تێكه‌ڵ ده‌بن و ڕیتمی كات وه‌ك ئاماده‌ییه‌كی ئێستێتیكی ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێته ڕیتمێكی كراوه‌ی په‌یوه‌ندی دامه‌زراندن، وزی په‌یوه‌ندی و كرداریش له‌خۆی وه‌رده‌گرێت. خه‌یاڵ بانگی شاعیر ده‌كات بینووسێت و ڕووبه‌ڕووی هه‌قیقه‌تی بكاته‌وه، پێ بنێته دنیای بوونه‌وه و به‌ر شته‌كان بكه‌وێت و شته‌كان ناوبنێت، كه شته‌كان ناونران، هێزی شاراوه ده‌جووڵێ و زمان بهڕاپهڕیوی ده‌مێنێته‌وه.
له ته‌مه‌نی نۆزده تا چڵ ساڵی، وه‌ك كرده‌یه‌كی مرۆڤایه‌تی له نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر بیست و یه‌ك شووشه خوێنی خۆم به‌خشیوه به مرۆڤی خاوه‌ن پێداویستی. واهه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م به‌خشینه بووه‌ته ڕامان و مه‌یلی سۆفیزم، هاتووه‌ته‌وه ناو بیركردنه‌وه‌م. پڕ وزه‌ی كردوومه‌ته‌وه بۆ سه‌ره‌تا، چونكه شیعری بێگه‌رد و پاراو، هه‌میشه سه‌ره‌تایه. سه‌ره‌تا شوێنێكه. ماڵ، یان نیشتیمان، یان به‌هه‌شت. هه‌وڵ ده‌ده‌ین پێی بگه‌ین. یه‌كه‌م كرده‌ی زمانی تێدا هه‌ستیار و نامۆبكهین.
داهێنه‌ران هه‌میشه نامۆن له وڵاته‌كه‌یاندا: من هاووڵاتیم، شاعیریشم. وشیاری ئێستێتیكی دروست ده‌كه‌م و جۆری جووڵه‌یان ده‌ستنیشان ده‌كه‌م. بڕوای ته‌واوم به سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها و ڕه‌وای میلله‌ت هه‌یه، له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه‌مم و دژی دوژمنه‌كانی ده‌وه‌ستمه‌وه و ده‌جه‌نگم. ڕووگه‌نمای ئێستێتیكی ده‌دره‌وشێنمه‌وه، به‌ڵام له ناخێكی باوه‌ڕبه‌خۆبوو و كاریگه‌رییه‌كی ڕاسته‌قینه‌دا به بچووكترین هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵات ناڵێم به‌ڵێ، به ڕوونی له بنه‌ڕه‌تی هه‌ڵه ده‌ده‌م. له بنیادنانی نوێبه‌خشیدا، پێشڕه‌وی به‌ڕێوه‌بردن و دامه‌زراندن ده‌كه‌م و مێژوو ده‌خه‌مه‌گه‌ڕ، مێژووی چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نا، مێژووی په‌یوه‌ندی ئه‌ندازه‌یی ئێستێتیكا و داهێنان. به ته‌واوی كارامه‌ییه‌وه، باوه‌ڕم به هێزی دیدی تایبه‌تی شاعیر هه‌یه، كه تاقیكردنه‌وه‌كانمان پاگژده‌كاته‌وه و ده‌یخه‌مڵێنێ. به‌و باوه‌ڕه‌ی خودا به نێردراو و په‌یامبه‌رانی ته‌ورات و ئینجیل و قورئانی به‌خشیوه، ڕێنوێنی كردوون بۆ به‌ڕێوه‌بردن و دامه‌زراندن. له‌وانه‌ش دووركه‌وتوومه‌ته‌وه، گیرفانی داوایان له بانكی پایته‌خت قووڵ و پانوپۆڕتره، ڕاوچی فیستیڤاڵ و خه‌ڵاته‌كانن.
واقیعم وه‌ك ئه‌وه ده‌وێ، كه له‌ناو تابلۆكانی (محه‌مه‌د عارف)دا هه‌یه و ده‌یه‌وێ ڕێگایه‌كی چالاك بۆ وشیاربوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا بژاربكات. سروشتیشم وه‌ك ئه‌وه ده‌وێ، كه له‌ناو تابلۆكانی (ئازاد شه‌وقی)دا هه‌یه و سووره له‌سه‌ر سه‌ركێشیی و به‌رده‌وام دامه‌زراندنه‌وه، هه‌م ئه‌فسانه‌ن و هه‌م هێما. توندوتیژيیان به‌رانبه‌ر وێناكردن تێدا نییه، وزه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌خۆیان وه‌رده‌گرن و به‌رده‌وام خۆیان دادهمهزێننهوه. واقیع و سروشت بنه‌چه‌ی ئه‌فسانه و هێماكانن. ناتوانین ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ریان ده‌رببڕین بێ ئه‌وه‌ی بچینه ناوچه قووڵه‌كان و له ڕووداوی مه‌رگیش نه‌ترسێین، یان بوونی شاعیر به‌رانبه‌ر بوونی واقیع و سروشت ڕانه‌گرین. شیعری بێگه‌رد، واقیع و گشت شته‌كان تاقی ده‌كاته‌وه، نه‌ك واقیع و شت ئه‌و تاقی بكه‌نه‌وه، چركه‌ساتی نووسین چركه‌ساتێكی ئه‌فسووناوییه، هه‌موو ده‌وروبه‌ر له‌خۆیدا نقووم ده‌كات.
ئه‌گه‌ر من هه‌ر له‌دایك نه‌بوومایه، یان بمردبوومایه، یه‌كێكی دی واقیع و سروشتی به دیدی شیعریی من ده‌بینی و ده‌ربڕینی لێ ده‌كردن. گرینگ ئه‌وه‌یه بیركه‌ره‌وه‌یه‌ك به فیكر ده‌ژیا و ده‌ربڕینی له واقیع و سروشت ده‌كرد و توانایی و ئاماده‌یی منی ده‌ڕسكاند، به‌رانبه‌ر بوونی واقیع و سروشتی ڕاده‌گرت، كه به‌رپرسه له ئێستێتیكا و به نه‌رمییه‌كی زۆره‌وه كاری بۆ كردووه. ئه‌مه ناوكی جیاوازییه‌كانه، له‌یه‌ك شوێن ناوه‌ستێت، به‌شدار ده‌بێت له بیركردنه‌وه و ده‌ركه‌وته‌كان، هێز بۆ واقیع و سروشت و خۆی دروست ده‌كات و بۆچوونه‌كان له‌دایك ده‌بن، ئه‌و بۆچوونانه‌ی مرۆڤ یه‌كه‌م جار هه‌ستی كرد مردن به‌رهه‌می ژیانه.
من له قوڕێكی خوساو و شێلدراودا دروستبووم. قوڕی زمان و كه‌له‌پووری ئه‌ده‌بی كوردی. هیچ شتێك نه‌گوڕ نییه. زێڕیش نه‌جووڵی ژه‌نگ لێی ده‌دا. دوازده كتێبی شیعرییم نووسیوه. وه‌ك ئه‌وه‌ی له نووسینی هه‌ر كتێبێكمدا به‌جلوبه‌رگه‌وه له ئاوێك بده‌م و بپه‌ڕمه‌وه. بۆ نووسینی كتێبێكی تر ته‌واو وشك بووبێتمه‌وه. ئه‌وجا دووباره له ئاوێكی تر بده‌مه‌وه. به مافی سه‌دله‌سه‌دی شیعریشم زانیوه به ئازادی ته‌واوه‌وه پرسیار له بوون بكه‌م، پێمان ناڵێیت تۆ چیت. ڕاسپارده‌م ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر مردم له‌سه‌ر كێله‌كه‌م ئه‌و ڕسته‌یه هه‌ڵكۆڵن. (به‌دوای وشه‌دا گه‌ڕا). له ژیاندا نه‌یدۆزییه‌وه، دوای مردنی مرۆڤی ناو شیعره‌كانی ده‌یدۆزنه‌وه و به دڵێكی ته‌واو كوردییه‌وه ده‌یبه‌خشن.
ئه‌ده‌ب به‌خشنده و میهره‌بانه، له‌گه‌ڵیدا مامه‌ڵه‌م خۆشه و هه‌ر زوو چێژ و چه‌شه‌ی وشه و بوون و مانه‌وه‌م تێدا دۆزییه‌وه و شاگه‌شكه بووم، خوێن له بڕبڕه‌ی پشتمه‌وه بۆ مێشك و دڵم جما و هه‌ڵكشا، خانه‌كانی سووڕی پێگه‌یشتنی چالاك كرد. هه‌میشه له ئاسۆیه‌كی دوور به وێناكردنێكی زه‌ینییه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌م، خوێنه‌ریش ئاشنای ئه‌و هه‌سته‌م ده‌بێت و توانایی و ئاماده‌یی من ده‌ناسێت. له چه‌ند شیعرێكمدا درێژدادڕیم كردووه و چه‌ندان لێكچوون، كه پێویستیان به بژاركردن بووه، بژارم نه‌كردوون و هێشتوومنه‌ته‌وه، یه‌ك له كه‌مته‌رخه‌می و نه‌زانینی من بووه. گرفتی چێژ و چه‌شه ده‌هێننه پێشه‌وه و مه‌یل و ئاره‌زووی خوێنه‌ر ده‌كوژن، وه‌نه‌وز ده‌دا و په‌رۆشی بۆ خوێندنه‌وه كه‌م ده‌بێت. ئه‌وكات ئه‌م ڕووداوه له شیعری من ڕووی دا، كه بیری سوریالیزم به‌سه‌رمدا زاڵ بوو، وێنه‌م به‌سه‌ریه‌كدا كه‌ڵه‌كه ده‌كرد، جۆرێك تێئاخنینیش ده‌هاته ئاراوه. له‌م جه‌نگه‌دا تا كۆتایی نه‌مامه‌وه، ته‌لیسمم شكاند و چوومه ده‌ره‌وه.
كه جیاوازبم به ئازادیی ته‌واوه‌وه، له بنه‌ڕه‌ت و چۆنیه‌تییه‌وه جیاواز ده‌بم، پێویستیم به پاڵپشتێكی گرینگ، نووسین و پێكهاته و توانایی و ئاماده‌یی خۆم له بیركردنه‌وه و ڕووداودا هه‌یه و به‌س، ده‌قی نایابیش به وێنه نایابه‌كانی، هه‌ڵكۆڵین له یاده‌وه‌ری خوێنه‌ر ده‌كا و ده‌بێته‌وه جووڵه‌ی ئاگایی، نائاگاییش سه‌رزه‌مینێكی نه‌ناسراوه، ئه‌وه‌ی ئاگایییه گونجاوه. ئه‌وه‌ی نائاگایییه بابه‌تێكه بیری لێ ده‌كرێته‌وه ئاخۆ بۆ نییه، ئه‌گه‌ر هه‌بوو ئایا ده‌بێته گونجاو، یان نا.
له فه‌رهه‌نگی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كدا ڕووی نه‌داوه شاعیرێك هێزی ئه‌وه‌ی تێدابێت، شاعیرانی دی بداته دواوه و بیانخاته بازنه‌ی مه‌ترسییه‌وه، خۆی به ته‌نیا ببێته مێژووی داهێنانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه. به پله‌ی یه‌كه‌م نه‌مویستووه له شاعیرانی هاوچه‌رخ و ده‌وروبه‌رم جیاوازبم. جیاوازیم له دیوی ئه‌و دیودا نییه. له دیوی هه‌سته‌كانی خۆمدایه. ئاستدارییه‌كانیش له ماك و شێواز و ماناكاندایه. بێ په‌روا هه‌وڵم داوه له ئه‌زموونی خۆم جیاوازبم، له شوێنه‌واری ئه‌زموونی پێشتریشم به‌تاڵ ببمه‌وه. گوێڕایه‌ڵی ئه‌و ڕۆحه جیاوازانه ده‌بم، كه ڕێنوێنیم ده‌كه‌ن بۆ جیاوازبوون و حه‌ز و توانام به‌كاربهێنم، به ساده‌یی و ڕاستگۆیی دۆخ بگۆڕم و پێوه‌رێكم هه‌بێت بۆ به‌كاربردنی كار و تواناكانم له به‌ڕێوه‌بردن و دامه‌زراندندا، مۆسیقاش پێش زمان ده‌ربڕینی له هه‌سته‌كان و پێداویستییه جیاوازه‌كانی ڕۆحی مرۆڤ كردووه.
مرۆڤ، كه له ئازاره باوخوازه‌كان ڕاده‌كات، بۆ كه‌ناڵێكی چێژبه‌خش ده‌گه‌ڕێت تا هۆكاری چاره‌سه‌ری ئازاره باوخوازه‌كان بدۆزێته‌وه. ده‌چێته ناو ڕه‌هه‌ندی چێژبه‌خشی شیعری بێگه‌رد و پاراو و جیاوازه‌وه. له جیاوازبووندا شیعری بێگه‌رد و پاراو خۆی كه‌شف ده‌كات و خۆیمان پێشكێش ده‌كات.
جیاوازیبوون به‌خشینێكی هه‌ستییه، ته‌مه‌نم له پێناوی دانا. جه‌سته و ڕۆحم بۆی ته‌رخان كردووه، به قووڵایی نادیارییهكان و ئاوێنه‌ی هه‌سته‌وه‌ردا ڕۆچووم، ئاگایی داهێنان و ئاگایی داهێنه‌رم بۆ دروستبووه، كه هه‌موو وزه‌ی خۆمی تێدا به‌كاربهێنم و به‌كۆششێكی سیزفیانه ژیان له‌ناو شیعردا بگه‌یه‌نم به واتا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی. ستایشی جیاوازی و داهێنان ده‌كه‌م. هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی داهێنانی جیاوازییه‌كان، ئاواز و زه‌نگ و زرینگانه‌وه‌یه‌كه، یان سه‌رسوڕمان و ئه‌فسوونێكی كتوپڕه، له ژیاندا ونه.
له شاعیره جیاوازه‌كان زۆر فێربووم. هاوپه‌یمانی بنه‌ڕه‌تین، تا خه‌ون و بهرزهئاواتهكانم به‌رجه‌سته بكه‌م و دۆخی په‌روه‌رده‌كردن وه‌ربگرن. په‌یوه‌ندی جیاوازییه‌كان به‌هێزن و منیان وه‌ك شاعیرێك په‌روه‌رده كرد و پانتایییه‌كی لێ حاڵیبوونیان به‌كاركردن و نیشانه‌كردن بۆ كردوومه‌ته‌وه، له‌ناویدا ئه‌ركی بوون و به‌خشین و توانایی و ئاماده‌یی خۆم بڕسكێنم، به‌كۆششێكی سیزفیانه ژیان له‌ناو شیعردا بگه‌یه‌نم به واتا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی، كه باڵاترین پله‌ی خۆبوونییه. پرسیاری كاركردن و نیشانه‌كردنی لێ دروست ده‌كه‌م و ده‌یخه‌مه ڕوو. باش و خراپی له‌باره‌وه ده‌ڵێم، هه‌ندێك نیشانه و پرسیاریش به هه‌ڵواسراوی ده‌هێڵمه‌وه، له ڕوونترین فۆرمیشدا، چێژ له په‌ڕانپه‌ڕی كلاسیك و په‌ڕانپه‌ڕی نوێبه‌خشی وه‌رده‌گرم، له چییه‌تی زیندووبوونه‌وه‌ی ده‌پرسم، ئه‌م پرسین و پرسینه‌وه‌یه له نێوان من و شیعردا، وه‌ك جه‌نگێكی گه‌وره‌ی بێ كۆتایی ده‌مێنێته‌وه، پێداگری له پێناوی مانه‌وه ده‌كه‌م، تا شه‌هیدم ده‌كات. ده‌چمه ڕوونترین فه‌زای بوونه‌وه، كه هه‌موو فه‌زاكانی دیكه تێیدا كۆتایی‌یان پێ دێت، جگه له فه‌زای جیاوازییه‌كان.
نیسانی 2020 هه‌ولێر