كۆڵان كۆلان گێڕانه‌وه …. 57 …. كه‌ریم كاكه
….شووشه‌ی عه‌ره‌قی ده‌ستی مه‌ستان ئه‌له‌تریك بوو، كۆڵانه‌كانی به‌لاشاوه‌ی رووناكده‌كرده‌وه
57
تێكچوونی دنیا ده‌كه‌وێته شه‌وێ، به‌ڵام نیشانه‌ی سه‌ر له ئێواره ده‌رده‌كه‌وێ، نیشانه‌یه‌كی كاولبوونی دنیام، له رووخساری بابم دیته‌وه، ره‌نگی هه‌ڵگه‌ڕاوه، ده‌ستی له بن چه‌نه‌گه‌ی ناوه، روو له دیوار دانیشتووه، چاوی له شتێك بڕیوه كه من نایبینم و نازانم چیه، بابمم هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه نه‌دیتووه..
زوو نیشانه‌ی كاولبوونه‌كه‌ی له رووی خۆی ره‌وانده‌وه، كاتێ هه‌ستیكرد ئێمه ده‌ورمان داوه و ترسمان لێنیشتووه، پێكه‌نی و گوتی:
هیچ نیه، هیچ نابێ…
قسه‌ی خۆشی مێوژیی بۆكردین، دوای كه‌مێك له رووخساریدا راستیی قسه‌كانیم خوێنده‌وه و تۆ بڵێی دنیا كاول نه‌بێ، درۆم له بابم نه‌دیوه، له خودا پاڕامه‌وه ئه‌و قسه‌شی راست ده‌رچێ و درۆ نه‌بێ، گوێم لێیه ده‌ڵێن:
شار بارگه و بنه‌ی تێكناوه، كۆچ ده‌كات..
وایه، رێی سه‌رێ رێی سه‌ید مارف و باداوه ناپسێته‌وه،پێشترێ كۆچی گوندم دیتبوو، به‌ڵام شار! شاریش كۆچ ده‌كات! ئه‌و رێیه له‌وه‌ته‌ی هه‌یه هێنده مرۆڤه‌ی به خۆیه‌وه نه‌دیتووه، وا بڕوا شار پیاوی تێدا نامێنێ، باشه بۆچی ته‌نها پیاوه‌كان ده‌ڕۆن؟ ئه‌و پرسیاره‌م له خۆم كرد و كه‌س وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه، هه‌ندێ له خزمانی سه‌یداوه هاتنه ماڵی ئێمه، پیاوه‌كان، كوڕه‌كان رۆیشتن و ژن و منداڵ مانه‌وه، كابانه ژیكه‌ڵه‌ش هاته‌وه، له‌بیرمچوو بڵێم وه‌رزی پێش وه‌رزی كاولبوون كابانه ژیكه‌ڵه رۆیی و بووه بووكی ماڵی هه‌قایه‌تبێژ، ته‌مه‌نیشی گچكه بوو، سه‌ره‌تا به رۆیشتنی وی زۆر تێكچووم، نیگه‌رانی دایگرتم، به‌ڵام حه‌فته‌ی شه‌وێك ده‌هاته‌وه و هه‌ندێ هه‌قایه‌تی تازه‌ی هه‌قایه‌تبێژی بۆمان ده‌گێڕایه‌وه، ئاسایی بوومه‌وه، له خۆشیی هه‌قایه‌تان نیگه‌رانیم نه‌ما.. ژنه جوانه شه‌له‌كه‌ش له ماڵمانه، گوڵی كۆسارانی نه‌نكم كه كه‌وتبووه سه‌ر رۆخی تێكچوون، به‌ڵام له هه‌ندێ قسه و باس له جاران جوانتر قسه‌كانی به دڵدا ده‌چوون، ده‌ڵێته بابم:
تۆ ده‌بێت، بڕۆیت، ئه‌و كوڕه‌ش له‌گه‌ڵ خۆت ببه، عه‌ره‌ب به‌دمه‌زه‌بن، ئه‌وه‌ی كیرمیز بێت ده‌ستی لێناپارێزن،
گوڵی كۆساران مه‌به‌ستی من بوو، ترسام، ده‌مویست بڵێمه بابم، با زوو بڕۆین..
دایكم ده‌ڵێ:
پیاوه‌كه، حه‌ره‌س قه‌ومیت له‌بیرچوو؟ ئه‌وانه‌ی ئێستاش گوجیله‌ی كۆڵیتی وان نین؟!
بابم ده‌ڵێته دایكم ونه‌نكم:
ئێوه بۆ وا ده‌ترسن، هیچ نیه، من ناڕۆم و له‌گه‌ڵ ئێوه ده‌مێنمه‌وه، مه‌ترسن كه‌س نایه‌ته سه‌ر ئێمه، زراوی منداڵه‌كان مه‌به‌ن..
قسه‌و باس زۆر كرا، چی وام له‌بیرنه‌ماوه، ده‌زانم بابم دایه لاملی و چه‌ندی هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ دا له ماڵێ نه‌بزووت، گوتی، به‌و پیاوانه‌ی گوت كه به ژن و منداڵه‌وه هاتبوونه ماڵی مه:
ئه‌و هه‌موو ژن و منداڵه به سه‌ر كێدا به‌جێبهێلم! ئێوه بڕۆن، من ده‌مێنمه‌وه..
باپیریشم زۆر هه‌وڵی له‌گه‌ڵی دا كه بڕوات، به قسه‌ی نه‌كرد، گوتی:
بابه، به‌بیرمنایه قسه‌ی تۆم شكاندبێت، به‌ڵام له‌وه‌یان به قسه‌ت ناكه‌م..
پیری سوارچاكان گوتی:
ته‌واو، به دڵی خۆت بكه..
دێته‌وه‌بیرم خۆم خسته بن ساقۆ درێژه‌كه‌ی و ملم درێژكرده‌وه لای شانی و به ده‌نگێك هه‌ر من و ئه‌و بیستمان، گوتم:
بابه، عاره‌ب نامانكوژن؟!
ده‌ستی به سه‌رمدا هێناو گوتی:
كوڕم، عاره‌ب گووی خوارد ده‌مانكوژێت، له منت نه‌كه‌وێ، ده‌ترسی؟ ئه‌دی له كن بابی خۆت نیت، وه‌ره له بن ساقۆی بابی خۆت بخه‌وه، سبه‌ی وه‌ك رۆژانیش ده‌چیه مه‌كته‌ب و هیچ له گۆڕێ نیه…
تۆ بڵێی وا بێت، ئێ خۆ درۆم له بابم نه‌دیتووه، به‌ڵام ئه‌و شه‌وه، شه‌وێكه هه‌موو نیشانه‌كانی كاولبوونی دنیای تێدا ره‌شده‌چێته‌وه، چ پێناچێ له‌وه‌یان قسه‌ی بابم راست ده‌رچێ! ئه‌دی هه‌ر خۆی باسی كاولبوونی دنیای نه‌ده‌كرد، ئه‌و كاولبوونه‌ی كه‌وته ئه‌وشۆ..
ئه‌و شه‌وه چ شه‌و بوو!
شار به‌و به‌ری كه‌ندێدا به پێش ماڵی ئێمه‌دا رێی چیای گرتبوو، چه‌كدار و بێ چه‌ك، پێشمه‌رگه، پۆلیس، پیر و جحێل، رێچه‌كه‌یان به‌ستووه، كه‌س نه‌ما، شار پیاوی تێدا نه‌ما، دێته‌وه بیرم شاتكه شێت، به‌زۆر فیشه‌كه شێته‌ی مێردی به‌گه‌ڵ شار دا، هه‌ر به پاڵ پاڵی پێوه‌نا، دواتر بیستمه‌وه گوتبووی:
زوو بڕۆ شێتوشوور، تا ئه‌ستێره‌ت نه‌ڕژاوه و به ده‌ستی خۆم له سه‌ید مارفم نه‌ناشتووی..
من قسه و له خۆهه‌ڵدانه‌كه‌ی فیشه‌كه شێته‌م له چاوه، دیمه‌نێكه شۆڕش ره‌شبێته‌وه، ئه‌و ره‌شنابێته‌وه، ته‌نه‌كه‌ی زبڵی خستۆته بن هه‌نگڵیه‌وه، شه‌كرشكێنی به ده‌سته‌وه، ته‌ق ته‌ق وه‌ریگه‌ڕاوه‌تێ، ده‌ڵێی دمكچیه و شایی ده‌گێرێ، زۆری گۆ، لێ من هه‌ر ئه‌و رسته‌یه‌م به‌بیردێتۆ:
ئه‌وه‌ی گونی هه‌یه ده‌بێت بڕواته سه‌رێ، ئه‌وشه‌و حوكمه‌ت گونان ده‌گرێ..
وای ترسام، ده‌ستم بۆ گونی خۆم برد، چ دوور نیه گوتبێـم: خودایه بۆ گونت دامێ!
له‌و ساته بوو شاتكه شێتی ژنی پاڵی پێوه‌نا، خۆی به دیوار گرته‌وه، ده‌بێت شاتكه له بن لێوانه‌وه رسته‌كه‌ی گوتبێ، چوونكه من دواتر و له زاران بیستمه‌وه:
ئه‌گه‌ر وایه با كه‌ڵه‌بابه‌كه له باتی تۆ بچێته سه‌رێ..
هه‌ندێ دیمه‌نی ئه‌و شه‌وه هه‌ن له‌بیرناچنه‌وه، خۆ دیمه‌نی ماچه‌كه تا ئێستا له بیناییم ده‌بریسكێته‌وه، مێردی ژنه جوانه شه‌له‌كه، ماچێكی روومه‌ته خڕوخه‌پانه‌كه‌ی ژنه‌كه‌ی كرد، من ماچی ئه‌وهام نه‌دیتبوو، له‌وه شه‌وه چ پیاوێ ژنه‌كه‌ی خۆی ماچ نه‌كرد، ماچم نێوان ژن و مێردم نه‌دی، جگه له‌و ماچه كه ده‌تگوت شتێك به‌ر مانگ كه‌وتووه!
له شه‌وی كاولبوونی دنیا له ماڵی ئێمه، له كۆڵانی ئێمه، له رێی چیای ئه‌و به‌ری كه‌ندێ، به ئه‌لبووم وێنه هه‌ن، هی نیشاندانه‌وه‌ن، به ده‌فته‌ر قسه هه‌ن، هی گێڕانه‌وه‌ن، به‌ڵام كوا بۆ وێنه‌كێشێكی چیرۆكخوانی بێ و سه‌ره‌دێرم له ده‌ست وه‌رگرێ و بڵێ: لێره‌وه من ده‌یگێڕمه‌وه، تۆ گوێرادێره، حه‌یف، نیه..
حه‌مه ئه‌و پیاوه‌ی هه‌ندێ كه‌س (قه‌دۆ)یه‌كیان له گه‌ڵ ده‌گۆ و هه‌ندێكیش سێوێ، بابیشم كاكه حه‌مه‌ی ده‌گۆتێ، دواتریش فرۆِكهشی پێوه نووسا و دره‌نگ لێیبۆوه، فڕۆكه‌كه با بۆ دوایی بێ، ئه‌و كاكه حه‌مه‌یه له ناو ئاگریش با له قسه‌ی خۆشی خۆی نه‌ده‌كه‌وت، روو له بابم:
ده‌روێش، ئه‌و ژنانه له ماڵی تۆ ده‌مێننه‌وه و هه‌موویان حه‌ڵالی تۆن، له پێش هه‌موویان ژنه‌كه‌ی من..
بابم شتێكی وای گوت:
(به‌سێ)یه‌كم به‌سه، به (سێ) تۆ بڵێ به(سی) هه‌یه
دایكم نابێت گوێی لێبووبێت، ده‌نا له شه‌وی كاولبوونی دنیا سووكه شه‌ڕێ ده‌كه‌وته ماڵێ…
ئه‌وه شه‌وه گۆزه‌شكێنیشم له ماڵی خۆمان دیت، ئه‌و پیاوه له دوورایی زۆر دووره‌وه نیشانه‌ی له گۆزه‌ی سه‌ر شانی ژنان ده‌گرت، زۆر كه‌س دیتبوویان گۆزه بۆته ورده به‌رد وخۆڵ به به‌ژنی ژن‌دا هاتۆته خوارێ، ژنه‌ش له گۆزه‌ی پێش نیشانه و گولله ساغتر، وا بزانم خه‌ڵكی لای ئه‌و بێستانه‌یه بوو كه دواتر خه‌ڵك ده‌سته ده‌سته له شاره‌وه له نه‌ورۆز و به‌هاران روویان تێده‌كرد، بابم به گاڵته‌وه گۆتیه گۆزه‌شكێن:
ئه‌و ده‌ست و تفه‌نگه‌ی تۆم هه‌با، بن كێلێكی سه‌ید مارفم ده‌كرده سه‌نگه‌ر..
گۆزه‌شكێن:
كار له كارترازاوه، ئێستا من بوومه‌ته گۆزه‌كه، نابێت خۆم نیشانبده‌م..
پیری سوارچاكان كه‌وتبووه په‌نا، كه‌س نه‌یده‌زانی له ماڵێیه، له ناو چڕه دووكه‌ڵی جغاره رۆچووبووه ته‌نیایی و بێده‌نگیه‌كی هێند قووڵه‌وه، ده‌مگوت به‌ردی پیرۆز بێته گۆ، له‌مه‌ودوا گوێیێ ده‌نگی پیری سوارچاكان نابیستێـته‌وه، به‌ڵام دیاره پێچه‌وانه ده‌كه‌وێته‌وه، به كۆڵانێ قسه‌وه، دێته‌وه ماڵێ، شتێكی كه‌مم له قسه‌كانی له‌بیرماوه، دیاره به داڕشتنه‌وه‌ی تازه‌وه:
كورد فێره هه‌ڵاتن بووه، هه‌ڵاتنی ناوێ، هه‌ر كه‌سه‌ی له جێگه‌ی خۆیه‌وه فیشه‌كێ دوو بهاوێ، هه‌ر چه‌كداره‌ی فیشه‌كێ دوو بته‌قێنێ، عاره‌ب ئینگلیز و رووسیشی له پشت بێت، هێڕشه‌كه‌ی تێكده‌شكێ و ناتوانێ بستێ بێته پێشێ.. پێشمه‌رگه به هه‌ڵاتنی گرتووه، خه‌فه‌ت له‌وه ده‌خۆم ئه‌وشۆ بێ ته‌قه و شه‌ڕ قه‌رات چۆلدهكات، شار راده‌ستی حكوومه‌ت ده‌كات، پاشی دوو سێ شه‌وی دی هه‌وڵده‌دات به شه‌ڕ بێته‌وه كۆڵانێكی شار، تێناگه‌م، من له‌و مه‌لا مسته‌فایه تێناگه‌م چی له دڵه و ده‌یه‌وێت چی بكات! به راست ئه‌و ئاگای له‌و هه‌ڵاتنه‌ی شار هه‌یه؟!..
پیری سوارچاكان زۆری گۆت و من كه‌مم له‌بیره، دێته‌وه‌بیرم گوڵی كۆساران قسه‌یه‌كی نزیك له‌وه‌ی كرد:
حاجی ده‌ڵێی خه‌ره‌فاوی، ئه‌وه چی ده‌ڵێی تۆ! ده‌ته‌وێ له‌گه‌ڵ عاره‌بان شه‌ڕه‌به‌رد بكه‌ین، ده‌زانی تۆ له سه‌ر خۆت نه‌ماوی، پیری سوارچاكان، سوارچاكی به‌سه‌رچوو! ته‌یاره، ته‌یاره، سبه‌ینێ ده‌بینی، ئاسمان پڕده‌بێت له ته‌یاره، عه‌ردیش پڕ له وه‌له‌كه عاره‌ب..
پیری سوارچاكان جغاره‌یه‌كیدی به دارجغاره‌كه‌یه‌وه كرد، ئاگری گه‌یشتێ و نه‌گه‌یشتێ به مژێكی قووڵ، ئاگری گه‌یانده بن دارجغاره، نه‌مدیتبوو، دواتریش نه‌مدیت جغاره به مژێك ته‌واوبێت، هێنده‌ی دوو لووله‌ی سۆبه‌ی دار، له كونه‌كه‌پوویه‌وه دووكه‌ڵی هێنایه‌وه و گوتی:
ده‌ی، خودایه، شه‌و و رۆژێك جحێلم بكه‌وه..
دیاره داواكاریه‌كه‌ی كه‌متربۆته‌وه، پێشتر ناوه ناوه رووی له ئاسمان ده‌كرد:
خودایه ته‌نها سێ رۆژ جحێلم بكه‌وه..
قه‌دۆ ده‌ڵی:
خاڵه، خۆ شه‌وێك هه‌ر به‌شی ئه‌وه ده‌كات بچیته گه‌رماوێ و ئاره‌قه و چڵكی پیرێتی له خۆت بكه‌یته‌وه و…
پیری سوارچاكان رێی نه‌دا قه‌دۆ قسه‌كه‌ی ته‌واوبكات:
به‌شی ئه‌وه ده‌كات خۆم بگه‌یه‌نمه سه‌ر مناره‌ی چۆلی و له‌وێوه رهوه عه‌سكه‌رێكی عاره‌ب بكوژم..
شاتكه شێت پێكه‌نی:
دیاره خودا شێت بووه تۆ بۆ عاره‌ب كوشتن جحێل بكاته‌وه!
شاتكه شێت وا بزانم بۆ یه‌كه‌م جار و دواجاریشه به چپه بدوێ، من له هه‌مووان لێی نزیكتربووم هه‌ر ئه‌وه‌تا بیستم:
تێناگه‌م، پیرێژن شێته یان پیره‌مێرد! كامیان شێته‌كه‌یه؟
ئه‌و شه‌وه جگه له پلكه به‌ندبێژ و قه‌دۆ له قسه‌ی گه‌وره و گچكه‌ڕا دیار بوو شێته‌كه پیری سوارچاكانه، قسه‌كانی بابیشم له‌گه‌ڵ پیری سوارچاكان هێنده دژنه‌ده‌كه‌وتنه‌وه، له شاتكه شێتیش نه‌گه‌یشتم كامیان شێته‌كه‌یه، پلكه‌به‌ندبێژیش به به‌ندێك كه ده‌مێك بوو زاری به‌ندی پێدا نه‌هاتبوو، حه‌یف، من زوو له‌بیرمچوو، كه‌سیشم نه‌دیته‌وه به‌نده‌كه‌م به بیربهێنێته‌وه..خوایه تۆبه! كاوێس كهف یان گه‌فیش چووه به‌ره‌ی پیری سوارچاكانه‌وه، ئه‌و كاوێسه هه‌ر له هیچ و خۆڕا گه‌فی ده‌كرد، گه‌ف له ده‌رۆزه‌كه‌ر له مریشك، له سه‌گ و مشك و ئه‌و شتانه، ئا، به‌گژ شتێك‌دا ده‌چوو ده‌ستنه‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌و شه‌وه به گژ حوكمه‌تدا چوو، له كاتی گه‌فكردنیش ده‌تگوت كه‌رته سابوونی له زاریه، به لالێویدا كهف ده‌هاته خوارێ، هه‌ر له‌وه‌شه‌وه هه‌ندێ كه‌س به كاوێس كهف و هه‌ندێ به كاوێس گه‌ف ناویان دێنا، كاوێس كهف و گه‌ف ده‌یگۆ:
وه‌ڵلا عه‌یبه، خه‌ڵك هه‌ڵدێن، حوكمه‌ت چیه؟!
حه‌مه‌د مه‌ستان ئه‌و پیاوه‌ی له كه‌لایانێ كاتێ كه‌لاكه‌ی كه‌مێ دوور ده‌ڕۆیشت هێزی هێنانه‌وه‌ی نه‌بوو، به منی ده‌هێنایه‌وه، ئه‌ویش به شووشه‌یه‌كه‌وه كه له‌گه‌ڵ چه‌ند شتێك خستبوویه ناو جه‌مه‌دانی وده‌بێت مله‌كه‌ی دیاربووبێت، هات و قسه‌یه‌كی به گوێی بابمدا چپاند و رێی سه‌رێی گرت، شاتكه شێت گوتی:
حه‌مه‌د ئه‌وشووشه‌یه بایی چه‌ند رۆژ ده‌كات؟
حه‌مه‌د پێده‌چوو تازه گرتبێتی:
شاتكه، ئه‌وه مه‌تاره‌یه و زوو ته‌واو نابێت، ده‌ستی پێوه‌ده‌گرم..
شاتكه شێت:
مه‌تاره‌ی شووشه‌ش په‌یدابووه، مه‌ستانی ژنت بێ بنێشت هه‌ڵبكات، تۆ بێ شووشه هه‌ڵناكه‌یت، تۆ و شۆڕ‌شیان نه‌گوتووه..
حه‌مه‌د مه‌ستان:
من و شۆڕ‌شیان گوتووه، بڵێ شۆڕ‌شیان بێ عه‌ره‌ق نه‌گوتووه..
حه‌مه قه‌دۆ هه‌ڵیدایێ:
حه‌مد مه‌ستان، ده‌زنوێژی هه‌یه و به رۆژووشه، عه‌ره‌قاوی مه‌كه…
ئه‌رێ (مه‌ستان)ی حه‌مه‌د كام مه‌ستان بوو؟ مه‌ستانی ژنی یان (مه‌ست)انی عه‌ره‌ق، چ دوور نیه هه‌ردوو مه‌ستانه‌كه بووبێت، مه‌ستانه‌كه هه‌ر مه‌ستانێ بێ، به رۆیشتنی وی هیچ گومانم نه‌ما كه دنیا كاولده‌بێ، ئاخر ئه‌و پیاوه ته‌په حورچه هی رۆیشتن نه‌بوو، كه‌لای پێنه‌هێـته‌وه، به گژ تۆپ و فڕۆكه‌دا دێته‌وه! رۆیشتنی حه‌مه‌د مه‌ستان ترسناك بوو، به‌ڵام له‌و ترسناكتر هه‌ڵكه‌ندنی بن ئاخوڕی هۆده‌ی چێڵه‌كه بوو، دیاره هۆده‌ی چێڵ كه‌وتبووه دیوی كه‌ندێ، ئاگام لێیه بابم وا به دووده‌و بن ئاخوڕ هه‌ڵده‌كۆڵێ، ئاخوڕه‌كه بنی بۆش بوو، رێك له مێزی نانخواردن ده‌چوو، چێڵ مێزی هه‌بوو! ده‌بینم ته‌نه‌كه‌یه‌ك، نا، پتر، فیشه‌كی خسته قۆرته‌كه‌وه و سه‌ری به شێوه‌یه‌ك به ریخ داپۆشی، شه‌یتانیش شكی بۆ ناچێ، ئه‌و هه‌ڵكه‌ندن و شاردنه‌وه‌یه له چاوی منه‌وه نازانم بۆچی له ژێراوژووربوونی دنیا ده‌چوو..
رۆیشتن، هه‌موو رۆیشتن، شار باریكرد، به‌وه‌ی خۆشه بابم لێره‌یه و ساقۆ درێژه‌كه‌ی په‌نامه، بابم تا دوادوایی به‌هار ساقۆی فڕێنه‌ده‌دا ئه‌و ساقۆیه‌ی بۆ من په‌نابوو، له سه‌رما و گولله و فڕۆكه ده‌یپاراستم، به‌ڵام تۆ بڵێی له كاولبوونی دنیا بمپارێزێ، به‌ڵێ من گه‌یشتبوومه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ئه‌و شۆ دنیا كاول ده‌بێ، ئاخر بابم باسی كاولیی دنیای كردووه، باپیریشم بۆ من وه‌ك قه‌ڵات بۆ هه‌ولێر وابوو، ئاخر دواتر دێرێكی گۆرانیم وا ده‌گوته‌وه:
قه‌راتی هه‌ولێر پشتم دا پێوه
قه‌راتم رووخا پشت ده‌م به كێوه
قه‌راته‌كه پیری سوارچاكان بوو، من ئه‌وشۆ پشتم به پیری سوارچاكان و بابم قایمه، تۆ بڵێی پشتقایمی ده‌روه‌ستی كاولبوون بێ!
له خه‌ون روونتر له‌بیرمه، بابم ساقۆكه‌ی خۆی پێمدادا و داوای لێمكرد بخه‌وم و له چ نه‌ترسم و چ ناقه‌ومێ، من به بیری بابمم هێناوه كه دنیا كاول ده‌بێ، بابم هه‌وڵیده‌دا بۆم روونبكاته‌وه كه كاولبوونه‌كه ئه‌وه نیه كه دنیا هیچی به سه‌ر هیچه‌وه نامێنێ، ده‌یویست تێمگه‌یه‌نێ كه ژیان به‌رده‌وام ده‌بێ، ئه‌وه‌یه هه‌ندێ گۆِرانكاری رووده‌دا…
ده‌بێت خه‌وتبم، ئاخر به بانگی ده‌روێش برایم راپه‌ڕیم، ئۆخه‌یه‌ش، ده‌روێش ماوه و نه‌ڕۆیشتووه، راستی بانگدانی ده‌روێش ئاهێكی به به‌ر هێنامه‌وه، پێموابوو تا ده‌روێش برایم له شار بێت و بانگی بگاته گوێ، دنیا كاول نابێت…
چ رۆژێكی تاساوه، گه‌ڕه‌ك ده‌ڵێی خۆڵ و دۆی به سه‌ردا كراوه، جگه له بابم و پیری سوارچاكان و دوو سێ پیاویدی گه‌ڕه‌ك پیاوی تێدا نه‌ماوه، یه‌ك له‌و پیاوانه مێردی ژنه ده‌لینگ سۆره‌كه بوو، له‌ولایه‌وه پیاوه بلۆكبڕه‌كه، شفتیفرۆشه‌كه‌ش ده‌رنه‌چوو، پێكه‌وتم كۆمۆنیسته‌كان شاریان به‌جێنه‌هێشتووه، مه‌لا سدیقیش په‌یدابۆوه، دێته‌وه‌بیرم بابم له‌و رۆژه‌وه هێنده رووی نه‌ده‌دانێ، چه‌ند رۆژێ دواتر بابم قسه‌یه‌كی كرد، پیری سوارچاكان ئه‌شهه‌دو بۆ كرد:
شوعی ده‌بێت وه‌ك عه‌لی مه‌ولوود بێ..
ئه‌و پیاوه كۆمه‌نیست بوو، به‌ڵام به‌گه‌ڵ شۆڕش كه‌وتبوو..ئێ، با بچمه‌وه قوتابخانه، له‌وێ (ئه‌ی ره‌قیب) و (ئازاد) منیان تاساند، ئه‌ی ره‌قیب با بۆ دوایی بێ، ئازاد ومن سێ ساڵه له ته‌نیشت یه‌كتر داده‌نیشین، هێند براده‌رین كاتێ قسه دێته سه‌ر براده‌رایه‌تی مامۆستا ئه‌لیاس ئێمه به نموونه ده‌هێنێته‌وه.. سێ ساڵه ئه‌وه یه‌كه‌م وانه‌یه من له ناو پۆلێ ته‌نیشتم چۆل بێ، ده‌ڵێی له بیابان دانیشتووم، چ چۆله‌وانیه‌كه پۆل، وانه‌ی یه‌كه‌م ته‌واوبوو، چاوه‌ڕێ بووم له دووه‌م ئازاد بێت و بیابان بكاته‌وه پۆل، وانه‌ی دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م.. رۆیشت و بیابان نه‌بۆه‌وه پۆل، رۆژی دواتر و حه‌فته‌ی دواتر و مانگی دواتر هاتن و چوون ئازاد په‌یدا نه‌بۆوه، ئای ئازاد، منت له قوتابخانه چه‌ند ته‌نیا كرد، ده‌مویست براده‌رێك ببینمه‌وه جێی ئازاد بگرێته‌وه، نه‌مدیته‌وه..
به‌ر له گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌ی ره‌قیب، چه‌ند گرته‌یه‌كی گچكه‌ی دوای شه‌وی كاولبوونی دنیا هه‌یه، نیشانیاننه‌ده‌مه‌وه، (ئه‌ی ره‌قیب)م بۆ ناگوترێته‌وه:
ئه‌و پۆلیسه‌ی كه ژنه‌كه‌ی شه‌وێك نا شه‌وێك زیزده‌بوو، له زیزبوون و هاتنه‌وه‌ش خۆی بوخچه‌كه‌ی بۆ هه‌ڵده‌گرت، دیتم، به پێش ماڵی ئێمه‌دا هاته‌وه، لنگه پێلاوێكی له پێ بوو، لنگێك به ده‌سته‌وه، بێریه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ گۆریه‌كه‌ی خستبووه ناو پێڵاوه‌كه‌ی ده‌ستیه‌وه، له به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوت:
ناكرێ، به چیاكه‌وتن به من ناكرێ…
پیاوه پاقڵاوه فرۆشه‌كه ئه‌وه‌ی رسته‌یه‌ك له خر پاقڵاوه‌فرۆشانی جیاده‌كرده‌وه، پاقڵاوه‌فرۆشان به:
((پاقڵاوه به شیلاوه
حه‌یاتی منداڵی ساوا)) منداڵیان له خۆیان خڕده‌كرده‌وه، هه‌رچی ئه‌وه:
((پاقڵاوه به شیڵاوه
حه‌یاتی ژن و پیاوه)) هه‌ندێ كه‌ڕه‌تیش ده‌یگوت: نه‌یخۆیت نابیه زاوا..
ئه‌و پاقڵاوه فرۆشه كه كاكه لاوه‌یان ده‌گۆتێ، به پێش ماڵی ئێمه‌دا گه‌ڕایه‌وه و دواتر منداڵ كه به سنیی پاقڵاوه‌وه ده‌یاندیت، ده‌یانگوت:
پاقڵاوه به شیلاوه
هه‌ی هه‌ی له‌و كاكه لاوه
نه‌گه‌ییه پشت باداوه
لاقی چه‌قی و بایداوه
كاكه لاوه به‌و به‌ندوباوه زۆر تووڕه ده‌بوو، جارێك گه‌یشته كونه كه‌پووی و سینیی پاقڵاوه‌ی تێهه‌ڵداو و گوتی:
وه‌رن خڕیكه‌نه‌وه و دیاره قوزی داكتان شیلاوی ده‌وێ..
ئیدی كه‌س كاكه‌لاوی له گه‌ڕه‌ك نه‌دیته‌وه..
ئه‌و پیاوه‌ش كه له دیرۆكی به‌لاشاوه یه‌كه‌م جاشه، ماڵیان نزیك نانه‌واخانه‌كه بوو، كۆنترین نانه‌واخانه‌ی به‌لاشاوه، ئه‌و پیاوه دواتر ناوی به (جاشه‌كه‌ی به‌لاشاوه) رۆیشت، ئێ، جاشه‌كه‌ی به‌لاشاوه كه هه‌موو به‌نده‌كانی پلكه به‌ندبێژی له به‌ر بوو، هه‌میشه ده‌یگوتنه‌وه، پلكه به‌ندبێژ له كاتی جاشایه‌تی به‌ندێكی به سه‌ردا هه‌ڵگۆتبوو، پێشیگوتبوو، شه‌رممه‌كه‌و ئه‌و به‌نده‌ش له‌گه‌ڵ به‌ندان بڵێوه:
دوونێ ئه‌تو هۆری هۆری
هاتیه‌وه سه‌ر كیره بۆری
ئه‌وڕۆ جاشی له ناو جاشان
قوزی داكتت لۆ وا نه‌خشان..
به‌نده‌كه درێژبوو، حه‌یف، له به‌ختی جاشی به‌لاشاوه هه‌ر هێنده‌م له‌بیرماوه..
هه‌ر كێ ده‌هاته‌وه، گه‌ڕه‌ك له سیله‌ی سواربوون و دابه‌زینه‌كه‌وه ده‌یڕوانیێ، به‌ڵام حه‌مه‌د مه‌ستانی له‌وه هه‌ڵاوارد، چ چاوێ له‌و سیله‌یه‌وه ته‌ماشای مه‌ستانی نه‌كرد، گه‌ڕه‌ك مه‌لای دۆزه‌خێی به‌گه‌ڵ مه‌ده هه‌ر هه‌موو به گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌ستان دڵخۆش بوون، گوناه نه‌با، شووشه‌ی عه‌ره‌قیان به دیاری بۆ ده‌برد، حه‌مه‌د مه‌ستان راسته مه‌لای دۆزه‌خ گۆته‌نی:
شه‌یتانیش هێنده‌ی وی عاره‌قی نه‌خواردۆته‌وه
به‌ڵام شاتكه شێت مه‌ستانی له ریزی ئه‌و چوار به‌لاشاوه‌ییه دانابوو بێ راوه‌ستان و پرسیار به دوای یه‌كترله ده‌رگای به‌هه‌شتێ ده‌چنه ژۆرێ، چوار كه‌سه‌كه‌ی وا ریزكردبوو: بابم، پلكه به‌ندبێژ، حه‌مه‌د مه‌ستان، بابی جۆته خوشك..
جۆته خوشكیش دێنه ناو باس و خواسه‌وه، به‌ڵام هه‌نكه، قسه له گه‌ڕانه‌وه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستانه، ئه‌و پیاوه تا پوونگینه‌ی پشت بنه‌سراوه‌ی بن زوورگ رۆیشتبوو، له‌وێ له سه‌ر مه‌زاری وه‌یسه قه‌ره‌نی لێی دانیشتبوو، ئه‌وجا ئێوه له زمانی خۆیه‌وه نه‌تانبیستووه چۆن ده‌یگێڕایه‌وه:
((له ده‌و جۆگه‌ی پوونگینه ده‌سكێ پوونگه‌م به ده‌سته‌وه، له بن كێلی چاكه‌كه ئه‌وه‌ی ژنی دنیای دێنه سه‌ری، چوار مه‌شقی دانیشتم، له پێكی یه‌كه‌م و دووه‌م، شار ورد و درشت، به به‌ر ده‌ممدا رووه‌و زوورگ، رووه و چیا هه‌ڵده‌كشان، له پێكی چوار، كۆچ به‌ره‌واژبۆوه، دنیا رووی له شار كرد، له پێكی پێنج و شه‌ش، ته‌قه‌ی بڕنۆ هات، زانیم حوكمه‌ت رووخاوه، پێكێكم به سه‌ر په‌ڕۆكه كه‌سكه‌كه‌ی وه‌یسه‌ر قه‌ره‌نیدا رژاند و گۆتمێ:
موتفه‌ركی عه‌ره‌قاوێ یه‌كاویه‌كه لۆ هه‌موو ده‌ردو به‌ڵایه‌ك..
هاتمه سه‌ر رێ، به پێكه‌وه ده‌ستم له پیكابێ راگرت..))
لێره‌وه له سه‌ر زاری شوفێره‌كه‌وه، سه‌ربرده‌ی هاتنه‌وه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستان ببیستن:
(( ناسیمه‌وه حه‌مه‌د مه‌ستانه، قۆخه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به ده‌سته‌وه، به‌ر له‌وه‌ی سوار بێت، فرێكی لێدا و چۆڕبڕی كرد، تێگه‌یشتم چایه نیه و تاڵه‌كه‌یه..پرسیم:
+ حه‌مه‌د، چیه؟ چ ده‌كه‌ی لێره؟
– هاتم چیا له به‌غدا ببڕم، وه‌یسه‌لقه‌ره‌نی ده‌ستمی گرت و نه‌یهێشت..))
حه‌مه‌د مه‌ستان كه‌مدوو بوو، به‌ڵام بۆ گه‌ڕه‌ك ئاوه‌دانی بوو، بێزم له عه‌ره‌ق ده‌بۆوه، به‌ڵام هه‌ستمده‌كرد شووشه‌ی ده‌ستی ئه‌له‌تریكه و كۆڵانه‌كانی به‌لاشاوه رووناكده‌كاته‌وه..