
یوسف عزه‌دین له‌دایالۆگێكدا …. سازدانی: ئه‌فشین غوڵامی
ئه‌فشین غوڵامی: به‌ڕای ئێوه سه‌ره‌تاكانی نووسین له‌ڕوانگه‌ی مێژووییه‌وه، له‌كه‌یه‌وه ده‌ست پێده‌كات؟
یوسف عزه‌دین: گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ره‌تاكان و ڕۆچوونه نێو موعه‌ماكانی مێژووه‌وه، كارێكی سه‌خته‌و هه‌ندێك جارانیش چه‌واشه‌كار و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره، به‌تایبه‌ت له‌ساغكردنه‌وه ئه‌ركیۆلۆژییه‌كاندا، جا چ نیازپاكانه‌و خۆڕسكانه بێت، یان به‌ئه‌نقه‌ست و ده‌ستێك له‌پشته‌وه گه‌مه به‌حه‌قیقه‌ته‌كان بكات.
به‌جیاكردنه‌وه‌ی مێژووی نووسین و مێژووی نووسینی ئه‌ده‌بی كه‌دوو بواری جیان، وه‌ك زانراوه مێژووی نووسینی ئه‌ده‌بی به‌جیاوازی بگره‌و به‌رده‌ی ساڵانی نووسینی، به‌ڵام تا ئێستا هه‌مووان كۆكن به‌ئه‌ژماركردنی داستانی گلگامش به‌كۆنترین تێكستی ئه‌ده‌بی نووسراو و دواتریش پاش چه‌ندین سه‌ده‌ش ئه‌لیاده‌و ئۆدیسه-ی هۆمیرۆس و جودایی و جیاوازی گلگامش-ش له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو داستانه‌ی دیكه‌ی هۆمیرۆس-دا كه‌مه‌زه‌نده ده‌كرێت نۆسه‌د یان هه‌شت سه‌د ساڵی پێش زایین گوترابێت و له‌حه‌وت سه‌د ساڵی پێش زاینیشدا له‌لایه‌ن كه‌س و كه‌سانێكه‌وه نووسرابێته‌وه، هه‌ر بۆ خۆی جیاكه‌ره‌وه‌ی دوو دنیای جیاوازه له‌شێوازی بیركردنه‌وه‌ی مه‌عریفی و فه‌لسه‌فیدا.
ئه‌فشین غوڵامی: بێگومان زمانی سانسكریتیش به‌شێكی ئه‌و ئه‌ده‌بیاته كۆنه‌ی پێ نووسراوه‌ته‌وه؟
یوسف عزه‌دین: ڕاسته و وه‌ك گوتم، ساغكردنه‌وه‌ی ئاسان نییه‌و ره‌نگیشه له‌ئاینده‌دا نووسراوی دیكه بدۆزرێته‌وه، هه‌ر وه‌ك چۆن دۆزینه‌وه‌ی داستانی گلگامش رێكه‌وت بوو. ده‌گوترێت داستانی رامایاناو ماهابهاراتا وه‌ك نمونه‌یه‌كی به‌رچاوی زمانی سانسكریتی پێش زایین به‌چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك نووسراوه.
ئه‌فشین غوڵامی: ده‌بێت رۆژئاوا له‌سه‌رده‌مانی خۆیدا ئاگاداری ئه‌م تێكسته سانسكریتیانه بوو بێت، یان هه‌ر ئاگاداری ئه‌لیاده‌و ئۆدیسه‌ی هۆمیرۆس بووه؟
یوسف عزه‌دین: ده‌بێت له‌خۆمان بپرسین كه‌ئاخۆ هه‌ر له‌سه‌رده‌مانی به‌كارهێنانی سانسكریتی له‌نووسیندا، له‌ماوه‌ی مۆریاو گۆپتا-دا كه له‌هه‌شت سه‌د ساڵی پێش زایینه‌وه بۆ دوو سه‌د ساڵی پێش زایینی خایاندووه، هیچ كام له‌تێكسته‌كان نه‌گه‌یشتبێته رۆژئاوای ئه‌و ده‌م، بێگومان ده‌بێت گه‌یشتبێت.. یان تۆ بڵێی نه‌گه‌یشتبێت؟!.. ده‌گوترێت كتێبی “مردووانی میسری” گوایه هه‌زار و هه‌شت سه‌د ساڵا، یان هه‌ن ده‌ڵێن دوو سه‌دو په‌نجا ساڵا له پێش زایین‌دا نووسراوه.. به‌ڵام له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌داو پاش كه‌شفكردنی جفره‌كانی “به‌ردی ره‌شید” توانرا بخوێنرێته‌وه، به‌ڵام ئاخۆ له‌سه‌رده‌می نووسین و دانانی به‌ردی ره‌شید-دا كتێبی “مردووانی میسری”و چه‌ندین تێكستی دیكه نه‌خوێنراونه‌ته‌وه؟ بێگومان خوێنراونه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵا چه‌ندین مه‌عریفه‌ی دیكه‌ی تریشدا گوازراونه‌ته‌وه بۆ رۆژئاوا.
ئه‌فشین غوڵامی: بابگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر یه‌كه‌مین تێكستی ئه‌ده‌بی نووسراو؟
یوسف عزه‌دین: داستانی گلگامش چ وه‌ك كۆنترین تێسكتی نووسراو كه تائێستا له‌به‌رده‌ستدایه‌و چ وه‌ك ئه‌و قووڵاییه‌ی كه‌هه‌یه‌تی سه‌رسووڕهێنه‌ره، به‌شێوه‌یه‌كی باڵا‌و كامڵا پرسیاره كه‌ونیی و ئه‌نتۆلۆژییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، ده‌گوترێت دوو هه‌زار ساڵا پێش زایین نووسراوه‌ته‌وه‌و له‌هه‌مووشی سه‌یرتر ئیمزا‌و ناوی كه‌سێكی له‌سه‌ره به‌ناوی ” شین ئوقی ئونینی” كه‌نه‌زانراوه ئاخۆ نووسه‌ری داستانه‌كه‌یه یان ئه‌و كه‌سه‌یه كه‌نووسیویه‌تییه‌وه. داستانه‌كه باس له‌گلگامش ده‌كات كه پاشای “ئۆرك-وه‌ركا”یه‌و دایكی خوداوه‌نده‌و باوكی له‌توخمی مرۆڤی فانییه‌و به‌مه‌ش ئه‌ویش ده‌بێته بوونه‌وه‌رێكی فانی.. تاكڕه‌وانه حوكمی كردووه‌و له‌تاو زوڵم و زۆری، خه‌ڵكی “ئۆرك” په‌نا بۆ خوداوه‌نده‌كان ده‌به‌ن تا چاره‌سه‌رێكیان بۆ بدۆزنه‌وه، یه‌كێك له‌خوداوه‌نده‌كان كه‌ناوی ئۆرۆرۆ-یه پیاوێكی به‌رایی و به‌هێزی سه‌ره‌تایی توكنی بۆ دروست ده‌كات كه‌له‌نێو ئاژه‌ڵاندا وه‌ك ئه‌وان ده‌ژی به‌ناوی “ئه‌نكیدۆ”و پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك ئاژه‌ڵان له‌ته‌ڵه‌ی ڕاوچییان رزگارده‌كات و ده‌بێته مایه‌ی كۆسپ بۆ خه‌ڵكی، خه‌ڵكه‌كه په‌نا بۆ گلگامش ده‌به‌ن و شه‌كوای حاڵی خۆیانی بۆ ده‌كه‌ن.. گلگامش-یش فێڵبازانه‌و ته‌نانه‌ت به‌شێوازێكیش كه‌به‌درێژایی مێژوو به‌كارهاتووه، مێینه‌یه‌ك بۆ ته‌فره‌دانی ده‌نێرێت.. له‌داستانه‌كه‌دا یه‌كێك له‌كاره‌كه‌ره‌كانی په‌رستگه‌ی عه‌شتار به‌ناوی”شمخات” ده‌نێرێت بۆ ده‌سته‌مۆكردنی دڕندایه‌تی “ئه‌نكیدۆ” و رابواردن له‌گه‌ڵی تا ئاژه‌ڵان لێی بته‌رنه‌وه‌و ببێته كه‌سێكی رامكراو و مه‌ده‌نی.. ئیتر فێری جل له‌به‌ركردن و خواردنه‌وه‌ی شه‌راب و كه‌یف و سه‌فاو شت گه‌لێكی له‌و چه‌شنه‌ی ده‌كات.. ئینجا پاش ئه‌و گۆڕانه، ئافره‌ته نێردراوه‌كه غیره‌ی “ئه‌نكیدۆ” ده‌بزووێنێت و باسی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كات چۆن غه‌ریمێكی هه‌یه كه‌ناوی گلگامش-هو یه‌كه‌مین شه‌وی په‌رده‌ی هه‌موو كچانی مه‌مله‌كه‌ت بۆ ئه‌وه‌و به‌مه‌ش “ئه‌نكیدۆ” هار ده‌بێت و مه‌یدان له گلگامش ده‌گرێت، بۆ زۆرانگرتن و ململانێ.
هه‌ردووكیان زۆر به‌توندی به‌گژ یه‌كتردا ده‌چن و هه‌رچه‌ند له هێزدا یه‌كسانن و به‌رانبه‌ر ده‌وه‌ستنه‌وه، به‌ڵام به‌ددان پێداهێنانی “ئه‌نكیدۆ” به‌هێز و توانای گلگامش-دا.. گلگامش به‌سه‌ركه‌وتوو ئه‌ژمار ده‌كرێت و ئیتر به‌مه ده‌بنه دوو هاوڕێی زۆر خۆشه‌ویست و له‌درێژه‌ی داستانه‌كه‌دا “ئه‌نكیدۆ” له‌پێناو به‌رگریكردن له گلگامش، كاتێك خوداوه‌نده‌كان گای پیرۆز بۆ كوشتنی گلگامش ده‌نێرن، په‌لاماری قۆچی گای پیرۆز ده‌دات تا گلگامش زه‌فه‌ری لێبهێنێت و بیكوژێت، به‌كوشتنی گای پیرۆزیش ئه‌نجومه‌نی خوداوه‌نده‌كان كۆده‌بنه‌وه‌و بڕیار ده‌ده‌ن ئه‌نكیدۆ بكوژن، ئیتر تووشی نه‌خۆشییه‌كی ده‌كه‌ن و پێی ده‌مرێت..ئه‌مه‌ش وا له گلگامش-دا ده‌كات ده‌یان پرسیار له‌باره‌ی بوون و نه‌بوون به‌مێشكیدا گوزه‌ربكات و نغرۆی خه‌م و په‌ژاره‌یه‌كی هێجگار قووڵا ببێت و عه‌وداڵی دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی بوون و فه‌نا بوون ببێت، له‌م پێناوه‌شدا ده‌ست ده‌كات به‌سه‌فه‌ركردن و له‌درێژه‌ی سه‌فه‌ره‌كه‌شیدا ده‌گاته لای ئه‌و كه‌سه نه‌مره‌ی كه‌ناوی “ئوتنابشتم”هو پاش رزگاربوونی له‌تۆفانه مه‌زنه‌كه.. خوداوه‌نده‌كان نه‌مری هه‌تا هه‌تاییان به‌خۆیی و ژنه‌كه‌ی به‌خشیوه. پاش هه‌وڵێكی زۆری گلگامش بۆ رازیكردنی “ئوتنابشتم” تا نهێنی نه‌مری پێ بڵێ.. ئه‌و زاته نه‌مره مه‌رجی شه‌ش رۆژ و حه‌وت شه‌و نه‌خه‌وتنی بۆ داده‌نێت، تا پێی بڵێت.. ئه‌مه‌ش به‌گلگامش ناكرێت و پاش بێدارییه‌كی زۆر ده‌خه‌وێت و هه‌لی به‌ده‌ستهێنانی نه‌مری یان زانینی نهێنی نه‌مر بوون له‌ده‌ست ده‌دات.. ژنی “ئوتنابشتم” به‌زه‌یی به‌گلگامش-دا دێته‌وه‌و نهێنی گه‌نج بوونه‌وه‌ی پێده‌ڵێت و پاش به‌ده‌ست هێنانی ئه‌و گیایه‌و ده‌رهێنانی له‌نێو ده‌ریادا، ئه‌ویش له‌غه‌فڵه‌تێكدا مار ده‌یخوات، ئیتر مایه‌پووچانه ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ده‌گاته ئه‌و یه‌قینه‌ی چاره‌نووسی هه‌موو مرۆڤێك مه‌رگ و فه‌نا بوونه.
ئه‌فشین غوڵامی: هه‌ر ئه‌مه‌شه كه‌به‌ڕوونی له‌فه‌لسه‌فه‌ی رۆژهه‌ڵاتی و دنیای سۆفییه‌كاندا ره‌نگده‌داته‌وه؟
یوسف عزه‌دین: به‌ڵێ ته‌نانه‌ت كاتێك گلگامش سه‌فه‌ره‌كه‌ی ده‌ست پێده‌كات، بۆ دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی نه‌مر بوون و مانه‌وه‌ی هه‌تا هه‌تایی، جلی پاشایه‌تی داده‌كه‌نێت و جلی وه‌ك هی سۆفییان و ده‌روێشان ده‌كاته به‌رو له‌ڕێگه‌ش به‌قسه‌و هه‌وڵا و ته‌قه‌للاكانی خوداوه‌ندی خواردنه‌وه‌و شه‌راب”سیدوری” هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێت، كه‌پێی ده‌ڵێت دنیا بۆ خواردنه‌وه‌و رابواردن كراوه‌و له‌جێی عه‌وداڵبوونت به‌شوێن وه‌ڵامی پرسیاره‌كاندا خۆت له‌چێژبینین و رابواردندا غه‌رق بكه.. به‌ڵام ئه‌و گوێ له‌و قسانه ناگرێت و درێژه به‌سه‌فه‌ره‌كه‌ی ده‌دات.
ئه‌فشین غوڵامی: ئه‌ده‌بیاتیش بۆ خۆی سه‌فه‌ر و گه‌ڕانه، پێتان وانییه هه‌ر ئه‌م پرسیارگه‌لانه‌یه، ئه‌ده‌بیات سه‌رقاڵییه‌تی؟
یوسف عزه‌دین: به‌ڵی ئه‌مه لای سه‌رجه‌م ئه‌و ژماره كه‌مه له‌نووسه‌ره جدییه‌كانی دنیا وایه، ئه‌وانه‌ی حه‌وسه‌ڵه‌و توانا و تاقه‌تی قووڵبوونه‌وه‌و تێپه‌ڕكردنی ئاسته سه‌تحییه‌كانیان هه‌یه، وه‌ك كافكا و ئیتالیۆ كالڤینۆ و بۆرخیس و ژماره‌یه‌ك له‌نووسه‌ره جدییه‌كانی دنیا.
ئه‌فشین غوڵامی: به‌ڕای ئێوه، ئه‌و شتانه‌ی واقیعی ئه‌ده‌بی له‌دنیای نووسینداو واقیعی حه‌قیقی له‌یه‌كتر جیاده‌كاته‌وه كامانه‌ن؟
یوسف عزه‌دین: پرسیاره‌كه‌تان فره‌ڕه‌هه‌نده‌و گه‌لێك وه‌ڵام هه‌ڵده‌گرێت، وه‌ك ده‌ڵێن یه‌كێك له‌جیاكه‌ره‌وه‌كانی ئه‌ده‌بیات له‌واقیعی حه‌قیقی میتافۆره، به‌ڵام به‌ڕای جۆرج لاكۆف و جۆنسۆن میتافۆر ته‌نها په‌یوه‌ست نییه به‌گوزارشته زمانه‌وانییه‌كانه‌وه، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به‌بیركردنه‌وه‌و كردار و هه‌ستكردنه‌كانمانه‌وه، په‌یوه‌سته به‌فۆڕمۆڵه‌بوونی رایه‌ڵه‌ی چه‌مكه‌كان له‌به‌ڕێوه‌بردنی كرده‌وه مۆڕاڵییه‌كانمانه‌وه. مه‌به‌ست له‌وه‌یه له‌خودی بیركردنه‌وه‌و تێڕوانین و دنیابینی و ته‌نانه‌ت فڕوفێڵا و كاروكرده‌وه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌كانی مرۆڤیش‌دا، میتافۆر حزووری هه‌یه. ئیتر به‌شێك له‌به‌ره‌و پێشچوونه شارستانییه‌كان په‌یوه‌سته به‌میتافۆره‌وه كه‌پاش دروستبوونی زمانێكی تایبه‌ت، به‌چه‌شنێك له‌چه‌شنه‌كان له‌نێو هه‌ناویدا و هاوتا له‌گه‌ڵا به‌كارهێنانی به‌رده‌وامیدا دێته‌بوون. ئه‌گه‌ر كه‌مێك زیاتر قووڵبینه‌وه ده‌بینین بیستن رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه له‌قسه‌كردن و ئاخافتن و په‌ره‌پێدانیدا.. هه‌روه‌ك “مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رومی” ده‌ڵێت: ( هه‌ر وه‌ڵامێك له‌ڕێی گوێوه بچێته دڵه‌وه، چاوت پێت ده‌ڵێت، وازی لێ بهێنه‌و گوێڕادێری من به.. بزانه گوێ بازاڕییه.. به‌ڵام چاو ئه‌هلی ویساڵه.. چاو ساحێبی حاڵه.. به‌ڵام گوێ ئه‌هلی مه‌قامه‌و له‌گوێگرتندا سیفاته‌كان ده‌گۆڕێن.. به‌ڵام له‌بینیندا زات ده‌گۆڕێت).
ئه‌فشین غوڵامی: كه‌واته دنیای عیرفان و سۆفیگه‌ری و نووسینه‌كانیان له‌دنیای ئه‌ده‌بیاتی جیدییه‌وه نزیكه‌و وه‌ك چۆن توانیووتانه له‌سه‌رجه‌م رۆمانه‌كانتانداو به‌تایبه‌تیش له‌رۆمانی” وێڵگه‌ی یاده‌وه‌رییه گریمانكراوه‌كان”دا رایه‌ڵه‌یه‌كی نهێنی و ئه‌فسوونئامێزانه له‌نێو ئه‌و دوو دنیایه‌دا دروست بكه‌ن، واته ئه‌ده‌ب و عیرفانتان كردۆته دوو دیوی یه‌ك تێسكتی ئه‌ده‌بی؟
یوسف عزه‌دین: تۆ بڕوانه دنیای ئه‌و عاریفانه هێنده قووڵ و فره‌ڕه‌هه‌نده، هه‌یانه جگه له‌ده‌یان كتێبی فیكری و فه‌لسه‌فی و عیرفانی، له‌ئه‌ده‌بیاتیشداو به‌تایبه‌تیش له بواری گوتنی شیعردا به‌یت و پارچه شیعری زۆر كاریگهرو سه‌رسامئامێزیان هه‌یه، یان ته‌نانه‌ت دیوانه شیعریان هه‌یه‌و هه‌شیانه ته‌نها به‌شیعر هه‌موو ئه‌زموونه ناوه‌كییه قووڵه‌كه‌ی خۆی خستۆته‌ڕوو.. ئه‌وانه‌ی زۆر بێده‌نگ و ته‌ریكیش بوون، زمانی حاڵ و ده‌ربڕینیان هه‌ر شیعر بووه..له‌گه‌ڵا بوونی ئه‌و جه‌زب و راكێشانه‌ی كه‌ته‌نها له‌دنیای عریفاندا هه‌یه‌و رۆحی بنیاده‌م تووشی هه‌ژان و سه‌رسامبوون ده‌كات، له‌پشت هه‌ر به‌یتێكیاندا دنیایه‌ك مانای زۆر قووڵا له‌باتن و زاهیردا حزووریان هه‌یه.
سه‌یركه من و تۆ چیمان لێدێت به‌رانبه‌ر ته‌نانه‌ت به‌یته شیعرێكی فه‌ریده‌دینی عه‌تتار و حافزی شیرازی و حه‌للاج و ئیبن عه‌ره‌بی و مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رومی كه‌خودی ئه‌و زاته ده‌رحه‌ق به”عه‌تتار” ده‌ڵێت:( عه‌تتار سه‌فه‌ری به‌هه‌ر حه‌وت مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی عیشقدا كرد‌و كه‌چی ئێمه له‌سه‌ره‌ڕێگه‌ی شه‌قامێكی عیشقدا چه‌قیووین).. هه‌روه‌ها هه‌موو توانسته شیعرییه‌كانی خۆی ده‌باته‌وه بۆ “عه‌تتار”و ته‌نانه‌ت ده‌ڵێت:( هه‌ڵه‌كانیشم هه‌ر له عه‌تتار-ه‌وه فێر بووم).. ئه‌مه‌یه ئه‌ده‌ب و ره‌وشتی ئه‌هلی عیرفان كهبهدهر له‌مل شكاندنی یه‌كتر و حه‌ساده‌ت، پێكه‌وه كار له‌خوڵقاندنی دنیای مه‌جازیدا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا مه‌ولانا ئاماژه به‌وه ده‌كات، هێنده كاریگه‌ری عه‌تتار-ی له‌سه‌ره، ته‌نانه‌ت هه‌ڵه‌كانیشی هی ئه‌ون، به‌ڵام له‌واقیعی ئه‌ده‌بیات و نووسینی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمه‌دا، ئه‌وه‌ی تۆ بۆخۆت كه‌شفت كردووه‌و زاده‌ی شه‌ونخوونی و ئه‌زموونی مه‌عریفی و رۆحیته، كاتێك ده‌یخه‌یته‌ڕوو، لێره‌و له‌وێ ئه‌وه‌ی پێی گه‌یشتوویت، به‌لاسایی كردنه‌وه یان بردنی ده‌بێته بابه‌تێك یان چه‌ند بابه‌تگه‌لێكی بڵاوكراوه، له‌ڕوو هاوشێوه‌و له‌ناوه‌خندا كاڵوكرچ و دزێو.. ئیتر چی له‌وه ترسناكتر هه‌یه له‌واقیعێكی ئاوادا هه‌بیت و بنووسیت و دڵنیابیت ئه‌وه‌ی تۆ گوتووته‌و له‌ڕووكه‌شدا بێده‌نگی لێكراوه، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌بینرابێت و نه‌خوێنرابێته‌وه، كه‌چی له‌ڕاستیداو به‌بێده‌نگی و له‌تاریكیدا كار بۆ فامكردن و راڤه‌كردنی كراوه‌و پاش ماوه‌یه‌ك لێره‌و له‌وێ ئاوه‌ژوو یان به‌كه‌مێك ده‌ستكارییه‌وه به‌ناوی كه‌س و كه‌سانێكی تره‌وه بڵاوده‌كرێته‌وه؟!
ئه‌فشین غوڵامی: كه‌واته تێكسته ئه‌ده‌بییه‌كانی عاریفان، ئه‌ده‌بی راسته‌قینه‌و جدین؟
یوسف عزه‌دین: له‌ڕاستیدا رۆژهه‌ڵاتناسه‌كان توانیان سه‌رتاپای ئه‌ده‌بیات و فیكر و بیروبۆچوونی رۆژئاوا له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه بگۆڕن، به‌وه‌رگێڕان و گه‌یاندنی ده‌یان تێكستی ئه‌ده‌بی و فیكری و مه‌عریفی و زانستی و عیرفانی رۆژهه‌ڵات.. زۆریان ته‌مه‌نی خۆیان بۆ كه‌شفكردنی نهێنی و په‌نهانی عیرفان و دنیای سۆفییان ته‌رخانكرد، له‌وانه “لویس ماسینیون”ی فه‌ڕه‌نساییه، بابه‌تی ده‌رحه‌ق به”سه‌لمانی فارسی”و “ئیبن سه‌بعین”و “حه‌للاج”نووسیوه، به‌تایبه‌تیش نزیكه‌ی سی ساڵا له‌ته‌مه‌نی خۆی بۆ ناساندنی به‌رهه‌م و ژیانی “حه‌للاج” ته‌رخانكردووه، “ئازاره‌كانی حه‌للاج ” ناونیشانی كتێبێكی تۆكمه‌و جوانی ئه‌و زاته‌یه.
ئه‌فشین غوڵامی: دووباره راڤه‌كردنی مێژوو و خوڵقاندنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێشی، له‌هه‌موو رۆمانه‌كانتاندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت، سه‌رباری بینینه‌وه‌ی له‌هه‌ندێك له‌وتار و لێكۆڵینه‌وه‌و بابه‌تی ره‌خنه‌یی و وه‌رگێڕانه‌كانیشتاندا، هۆكاری گرنگی دانتان به‌مێژوو بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
یوسف عزه‌دین: وه‌ك وه‌بیرم دێت و ته‌نانه‌ت پێش فامكردنی ته‌واویشم بۆ دنیا، باس و خواس و به‌سه‌رهاته مێژووییه‌كان زیاد له‌گه‌مه‌و یاریكردن سه‌رنجیان راده‌كێشام، به‌بێده‌نگی به‌دیار به‌ساڵاچووه‌كانه‌وه داده‌نیشتم بۆ گوێ بیستی ئه‌و حیكایه‌ته مێژووییانه‌ی كه‌نازانم بۆ هه‌ر له‌و ده‌مه‌وه له‌واقیعی ژیان جوانتر و به‌تامتر ده‌هاته پێشچاوم و بێزار نه‌ده‌بووم له‌هه‌موو ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ی كه‌ساڵا له‌دوای ساڵا منیان ئالووده‌و شه‌یدای خوێندنه‌وه‌ی مێژوو كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێو خه‌یاڵا و خه‌ونه‌كانمدا ببێته به‌سه‌رهات و ماجه‌راو و داستان و حیكایه‌تگه‌لێكی جیاواز له‌وه‌ی كه‌له‌واقیعدا هه‌بووه‌و روویداوه…گێڕانه‌وه مێژووییه‌كانی سه‌رده‌می منداڵیم، ئه‌وه‌نده‌ی گوێبیستیان ده‌بووم، هه‌ستم به‌سامی وشه‌كان و قووڵاییه‌كانی زه‌مه‌ن ده‌كرد، زه‌مه‌نێك كه‌بۆنێكی تایبه‌تی هه‌بوو.. بۆنێك بوو، وه‌ك بۆنی خودی به‌ساڵاچووه‌كان.. ده‌مزانی ئه‌و كه‌سانه‌ی حیكایه‌ته مێژووییه‌كان ده‌گێڕنه‌وه، هه‌ر یه‌كێكیان چه‌ند جیاوازن له كه‌سێكی تریان، له‌گێڕانه‌وه‌ی هه‌مان به‌سه‌رهات و ماجه‌رای مێژوویدا.. كاتێك باسی ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنییان بۆ ده‌كردم و دواتر له‌شوێنێكی تره‌وه باسی زولقه‌ڕنه‌ین-یان بۆ ده‌كردم و ئیدی كاتێك لای یه‌كێكیان جیابوون و لای یه‌كێكی تریشیان هه‌ردووكیان هه‌ر یه‌ك بوون، زۆر سه‌رسام و حه‌یران ده‌بووم، به‌و توانسته سه‌یر و سه‌مه‌ره عه‌جایبه‌ی، كه‌دنیایه‌كی جیاوازی وای ده‌هێنایه پێشچاوم، كه‌ده‌بوو له‌گه‌ڵا یه‌كێكیان بم و لایه‌نگری ته‌سه‌وراتی بم، دژ به‌وی تریان.. یان پێچه‌وانه‌ی هه‌ردووكیان بم و هه‌موو ئه‌مه‌ش ده‌بووه مایه‌ی چه‌ندین پرسیاری بێكۆتا، كه‌هه‌م رووبه‌ڕووی ئه‌وانه‌م ده‌كرده‌وه كه‌حیكایه‌ت و به‌سه‌رهاته مێژووییه‌كانیان بۆ ده‌گێڕامه‌وه‌و هه‌م له‌كه‌سانی تریشم ده‌پرسی، ئیدی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به‌پرسیار و نایه‌قین بوونمه‌وه ده‌رحه‌ق به‌وه‌ی ده‌یبیستم، هاتمه نێو دنیای به‌سه‌رهات و ماجه‌را مێژووییه‌كانه‌وه، به‌گومانه‌وه كه‌وتمه روانین و سه‌رنجدانی سه‌رجه‌م دیارده‌و شته‌كان.
ئه‌فشین غوڵامی: هه‌ر بۆیه ده‌ته‌وێت بگه‌ڕێیت به‌شوێن مێژووی نه‌نووسراو و نه‌گوتراوی شته‌كاندا؟
یوسف عزه‌دین: ئێمه هه‌موومان چ له‌ئێستادا له‌نێو مێژووداین و چ پاش مه‌رگیشمان له‌نێو مێژوودا ده‌مێنینه‌وه.. به‌كه‌سه ناسراو و نه‌ناسراوه‌كانیشه‌وه..ئیتر ئه‌گه‌ر مێژووی نووسراویش نه‌بێت، ئه‌وه مێژووی شه‌فه‌هی ده‌توانێت كه‌سه نه‌ناسراوه‌كان بهێڵێته‌وه‌و ده‌ماو ده‌م به‌سه‌رهاتی ژیانیان بگێڕێته‌وه. بۆیه بوونی من و تۆ له‌مێژوودا، چه‌نده بابه‌تێكی حه‌قیقی و واقعییه‌و وه‌ك خۆی و له‌خۆیدا بوونی هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ش بابه‌تێكی ئه‌بستراكت و جیاوازه.. ئه‌مه جگه له‌چۆنیه‌تی بینینی ئه‌ویتر بۆ من و تۆ. بۆ نمونه “هیتله‌ر” لای من و تۆ، ته‌نها دیكتاتۆرێكی خوێن‌ڕێژ و ماڵوێرانكه‌ر و تاوانباره، به‌ڵام لای هه‌موو ئه‌وانه‌ی تا دوا دڵۆپی خوێنیان به‌رگرییان لێكرد‌و له‌پێناویدا جه‌نگان شتێكی تره. “هیتله‌ر” له‌تێڕوانینی بیرمه‌نده‌كانیشدا جیاوازه، بیرمه‌ندێكی داهێنه‌ری وه‌ك”هایدگه‌ر” یه‌كێك بووه له‌حه‌یران و موعجیبه‌كانی، كاتێك پێی ده‌ڵێن چی له‌و پیاوه سه‌تحییه‌دا ده‌بینیته‌وه، وا هێنده پێی موعجیبیت؟ له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت، ته‌نها جووڵانه‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه! واته بۆ گۆڕینی كه‌ساتییه‌كان و هێنانه ژێر باریان..ئیدی “هایدگه‌ر” به‌كۆڵێك ئه‌قڵه‌وه كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌ك هیتله‌ر له‌ناخه‌وه ده‌یهه‌ژێنێت؟!
” ئۆشۆ” له‌كتێبی “له‌كۆیلایه‌تییه‌وه به‌ره‌و ئازادی”دا ئاماژه به‌وه ده‌كات، ( كه‌ئه‌ڵمانیا وڵاتی كانت و هیگڵا و فیورباخ و كارڵا ماركس و فرۆید‌و مارتن هایدگه‌ر-ه به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا كه‌سێكی سایكۆباتی پله سێی وه‌ك “ئه‌دۆلف هیتله‌ر” توانی میلله‌تێكی ئاقڵی وه‌ك ئه‌ڵمان به‌لای خۆیدا رابكێشێت) ده‌ڵێت( به‌ڕای من ئه‌گه‌ر به‌شه‌رییه‌ت هیچ له‌مه‌وه فێر نه‌بێت، ئه‌وه مێژوو خۆی دووباره ده‌كاته‌وه…ناچێته ئه‌قڵه‌وه كه‌یه‌كێك له‌ناودارترین فه‌یله‌سوفه‌كانی چه‌رخی بیسته‌م، كه‌سێكی وه‌ك “مارتن هایدگه‌ر” ببێته هه‌وادار و لایه‌نگری هیتله‌ر. هیتله‌ر بووه سه‌رۆكی ئاقڵترین وڵاتی دنیا، هه‌موو خاوه‌ن بڕوانامه‌كان چوونه پاڵا پیاوێكی نه‌خوێنده‌وار و گه‌وره‌ترین ئیمپراتۆریه‌تی فاشیستی له‌دنیادا دروستكرد‌و ده ملیۆن ئینسانی كوشت، به‌بێ ئه‌وه‌ی پشتگیری لایه‌نگرانی له‌ده‌ست بدات ).
ئه‌فشین غوڵامی: پێتان وایه كاری ئه‌ده‌به به‌دووی ڕاستییه‌كاندا بچێت و هۆكاری نه‌هامه‌تییه‌كانی مێژوو بدۆزێته‌وه؟
یوسف عزه‌دین: “سیباڵد”ی به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌ڵمانی یه‌كێكه له‌و نووسه‌ر و رۆماننووسه جدییانه‌ی كه‌به‌بێده‌نگی ساڵانێك خه‌ریكی كه‌شفكردن و خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێگه‌ریانه‌و جیاواز بوو بۆ مێژوو.. تا مه‌رگی له‌ناكاوی له‌ساڵی 2003-دا به‌ڕووداوی هاتوچۆ له‌به‌ریتانیا، پرۆژه‌ی زۆر تایبه‌ت و ناوازه‌ی نووسینی ئه‌و پیاوه‌ی وه‌ستاندو پاش مه‌رگی ئینجا ئه‌م نووسه‌ره به‌توانایه‌یان بیركه‌وته‌وه‌و خه‌ڵاتی “ئیندیپێندت”ی چیرۆكیان به‌خشی به‌یه‌كێك له‌رۆمانه‌كانی به‌ناوی”ئۆسترلیز”و به‌گشتی رۆمانه‌كانی تێكه‌ڵه‌یه‌كن له‌ڕیپۆرتاژ و وتار و لێكۆڵینه‌وه‌و چیرۆك و تانه‌ت هه‌ندێك جار كتێبه‌كانی وێنه‌ش له‌خۆ ده‌گرن. شێوازێكی زۆر تایبه‌تی هه‌یه له‌خستنه‌ڕووی ڕووداوه‌كانداو كاتێك رۆمانه‌كانی ده‌خوێنیته‌وه، هه‌ست ده‌كه‌یت به‌ده‌ر له‌سۆز و عاتیفه‌ی موزه‌یه‌فانه، ده‌توانێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ قوربانیانی جه‌نگدا بكات. له‌ڕۆمانی “ئۆسترلیز” واقیع و خه‌یاڵ تێكه‌ڵا ده‌بێت و باس له‌دروستكردنی هۆڵۆكۆست و كلتووری شیوه‌نكردن و یاده‌وه‌ری ده‌كات و سه‌رباری خوڵقاندنی شێوازێكی نوێی نووسین. ئه‌تمۆسفێری ده‌قه‌كانی كافكا‌و ئیتالیۆ كالڤینۆ و بۆرخیس-مان بیرده‌خاته‌وه. له‌ساڵی 2008-دا له‌دایالۆگێكمدا كه‌له‌گۆڤاری رامان بڵاوبۆته‌وه ئاماژه‌م به‌رۆمانی”مه‌داره‌كانی ساتوورن”ی “سیباڵد”كردووه‌و گوتوومه:
( زه‌مه‌ن بۆ خۆی نه‌فی دۆگما‌و وه‌ستان ده‌كاته‌وه‌و بێكۆتا بوونی زه‌مه‌نیش، وامان لێده‌كات لێكچوون و هاوشێوه‌بوونێكی زه‌مه‌نی له‌نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێدا ببینینه‌وه، هه‌روه‌ك له‌ڕۆمانی مه‌داره‌كانی ساتوورن-ی سیباڵدا ده‌بینرێته‌وه. له‌میانی گه‌شتێك به‌نێو زه‌مه‌ندا، به‌ئامانجی گه‌یشتنه حه‌جی مه‌سیحیان، تاقیبی رێگه‌ی قه‌ره‌جان و گه‌ڕیده‌كان ده‌كات و له‌ڕێگه‌ی سه‌ردو مه‌نه‌لۆگه‌وه، رووداو‌و و كاره‌سات و ساته سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی مێژوو زیندوو ده‌كاته‌وه، به‌چه‌شنێك كه‌هه‌ر ده‌ڵێی له‌ئێستادا روو ده‌دات و خوێنه‌ر ناچار ده‌كات بپرسێت.. سیباڵد وامان لێده‌كات بكه‌وینه پرسیاركردن، سه‌باره‌ت به‌چه‌قۆ ئاساییه‌كانی نێو مووبه‌قه‌كانمان، چونكه هه‌ر ئه‌و چه‌قۆ ئاساییانه بوون كه‌له‌دووهه‌مین جه‌نگی جیهانیدا، سه‌رله‌به‌ری خه‌ڵكانی شارۆچكه‌یه‌كی پێ سه‌ربڕدرا ). سیباڵد له جۆره نووسه‌رانه‌یه كاتێك گه‌شت به‌نێو مێژوودا ده‌كات و به‌سه‌رهاته مێژووییه‌كانمان بۆ وێنا ده‌كات، خۆی له‌قه‌ره‌ی خستنه‌ڕووی گوتاره سیاسی و تێڕوانینه‌كانی خۆی نادات و ته‌نها به‌وه‌ی ده‌یخاته‌ڕوو پرسیارمان لا دروست ده‌كات.
ئه‌فشین غوڵامی: هه‌رچه‌ند پرسیاری ترمان زۆره، به‌ڵام هه‌ڵیده‌گرین بۆ ده‌رفه‌تێكی تر و به‌نیازی به‌رده‌وامیتان.
یوسف عزه‌دین: سوپاستان ده‌كه‌م