Skip to Content

باومگارتن.. کاوە جەلال

باومگارتن.. کاوە جەلال

Closed
by ئه‌یلول 2, 2022 General, Opinion, Slider

١- پوختەی ژیاننامە
ئالێکساندەر گۆتلیب باومگارتن ١٧/٦/١٧١٤ وەک پێنجەم کوڕی خانەوادەکەی لە بەرلین هاتە جیهانەوە. باوکی، یاکۆب باومگارتن، قەشە بوو، دایکی، ڕۆزینا ئێلیزابێت، سێ ساڵ دوای زایینی ئالێکساندەر جیهانی بەجێهێشت، پێنج ساڵ دوای ئەویش باوکی. ئالێکساندەر لە لایەن نەنکییەوە بەخێو کرا؛ ساڵی ١٧٢٧ لەتەک براکانیدا گواستییەوە بۆ شاری هالە تاکو لەوێ بەردەوامی بە خوێندن بدات. باومگارتن ساڵی ١٧٣٠ لە زانستگەی هالە وەرگیرا و دەستی کرد بە خوێندنی تیۆلۆگی، فیلۆلۆگیی کلاسیکی، پۆئێتیک و ڕێتۆریک، کە ساڵی ١٧٣٥ تەواوی کرد و بڕوانامەی ماگیستەری پێدرا، پاشان دوای نیو ساڵ بە توێژینەوەیەکی فەلسەفەیی دکتۆرا (“چەند مەرجێکی هەڵبەست”) مۆڵەتی فێرکاریی پێدرا. باومگارتن ساڵی ١٧٣٧ بوو بە پرۆفیسۆری بێکورسی، هەر لەم کاتانەشدا تووشی نەخۆشیی سیل بوو. سەرباری دوورکەوتنەوە و وەرگرتنی مۆڵەتی نەخۆشی، ساڵی ١٧٣٩ بەرهەمە سەرەکییەکەی بە ناونیشانی “مێتافیزیکا” بڵاوکرایەوە و ساڵی ١٧٤٠ بوو بە پرۆفیسۆری خاوەن کورسی بۆ “دانایی جیهانی و زانستە جوانەکان” لە فرانکفورتی سەر ڕوباری ئۆدەر. ساڵی ١٧٥٠ بەشی یەکەمی نووسینە بەناوبانگەکەی بە ناونیشانی “ئائێستێتیکا” بڵاوکرایەوە. گەرچی تەندروستیی باومگارتن بەردەوام پتر بەرەو خراپی دەڕۆیشت، سەرەڕای ئەوە بەردەوام لە بەشی دووەمی “ئائێستێتیکا”دا کاری دەکرد، کە ساڵی ١٧٥٨ بڵاوکرایەوە. ئەم نووسینە بەتەواونەکراوی مایەوە. باومگارتن ٢٧/٥/١٧٦٢ جیهانی بەجێهێشت. ئەو بە نازناوی “کەشفکەری ئێستێتیک” چووە نێو مێژووی فەلسەفەوە.

٢- باری سێنسێتی بەسەر هونەرەوە

ئایا هونەر چییە؟ ئەمە پرسیارێکی فەلسەفەییە کە باومگارتن دەیکات. پۆئێتیکەکان وەک ڕێبازی هۆنینەوە خۆیان بە ڕێساکانی هێنانەئارای کاری هونەرییەوە خەریک دەکرد، واتا داخۆ چۆن هۆنراوەکە (هەڵبەست، چیرۆک، ڕۆمان، موزیک) چاک بێت. لێ کاتێک باومگارتن دەپرسێت “هونەر چییە؟”، پرسیارەکەی ڕوودەکاتە چییەتیی بوونەوەری هونەر، بەمەش ئەو ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەردەم کێشەی سێنسێتی، چونکە سێنسەکان (حەواسەکان) رۆڵێکی کرۆکی لە هونەردا دەگێڕن. ئێمە بە سێنس دەچێژین، واتا، بە زمانی باومگارتن، توانستی بڕیاردانمان هەیە. گوێ لە چێژتندا بڕیار بەسەر دەنگدا دەدات، ئەوە بە وەرگرتنی یان ڕەتکردنەوەی، کەواتە گوێ دەنگی ساز و نەساز، لەبار و بەد، لە یەکدی جیادەکاتەوە. هەروەها چاو وێنەیەک وەرناگرێت کە بە حساب هینی مرۆڤە، وەلێ پتر لە مەیمون دەچێت. یان لە هەڵبەستدا زرنگەی ساز پێوەرە بۆ کێشی بەیت: “گەر بڕگەی درێژ یان کورتی وشە بە چەشنێک تێکەڵبکرێن کە ئیدی حەزی گوێ چێببێت، ئەوسا بێژتنەکە خاوەنی کێشی بەیتە” (ئائێستێتیکا، پەرەگرافی ١٠١). ئەم بڕیاردانەی سێنسەکان بناغەیە بۆ ڕاستێتی یان چەوتێتی لە هونەردا.
سەرەتا پرسیارێکی فەلسەفەیی لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە، کە گەر بابەتێک لە چێژەوە، لە توانستی بڕیاردانەوە، سەرهەڵبدات، ئایا ئەو بابەتە شایانی ئەوەیە کە فەلسەفە خۆی پێوە خەریک بکات؟ ئاخر مەئریفەی فەلسەفەیی تێگەییە، کەواتە خاوەنی گشتێتییە و بۆ نموونە لە بڕیارێکی لۆگیکیی بەم چەشنەدا دێتە دەربڕین: “مرۆڤ بمرە”. سێنسێتی بە پێچەوانەوە تایبەتییە، یان دەرککردنە سێنسییەکان پابەند بە شتی تاکی نێو فەزاوە (ڕاومەوە) سەرهەڵدەدەن. ئەم هەقیقەتەی سێنسێتی لەکاتی پلاتۆنەوە بارێکی قورس بوو بەسەر هونەرەوە. ئاخر هونەر بە دیدی پلاتۆن لە هەژانی ناخەکییەوە دێتەگۆڕێ و ئامانجیشی هەژاندنە. ئەمەش پڕمەترسییە، چونکە هونەرمەند بۆ نموونە وێنەی کورسییەک دەسازێنێت کە دارتاش بە تەختە دروستی کردووە. وەلێ کاتێک دارتاش، پێش ئەنجامدانی ئەو کارە، لەنێو هۆشی خۆیدا لە ئیدێی (واتا لە وێنەی هۆشەکیی) کورسیی ڕوانیوە و پاشان بە کەرەسە (تەختە) لاسایی کردۆتەوە، ئەوا هونەرمەند تەنیا بەو کورسییەی دارتاشەکە دەهەژێت و بە بۆیە لاسایی دەکاتەوە، واتا ئەم ڕووناکاتە “ئیدێ” سەرمەدییەکان، یان لەم پەیوەندییەی ئێرەدا ڕووناکاتە ئیدێی کورسی، بەڵکو پابەندی شتەکانە کە بگۆڕ و تایبەتن بە لەناوچوون. کەواتە لەبەر ئەوەی هونەرمەندان بە دیدی پلاتۆن گرنگی بە “ئیدێ” نادەن، ئەوجا بە کارەکانیان: بە وێنە و پەیکەرە جوانەکانیان، بە هۆنینەوەی ناخهەژێنەر، لە هەمووشیان ستەمتر بە تەمسیلکردن لەسەر شانۆ کە بەڕێیەوە دەمانهێننە پێکەنین یان دەمانخەنە گریان، لە جیهانی ئیدێ دوورمان دەخەنەوە. ئەم گومانە لە سێنسێتی بە درێژایی مێژووی فەلسەفە باڵادەست مایەوە.
باومگارتن سەرەتا ناچارە ئەم بارە بەسەر سێنسێتییەوە، واتا بێتواناییەکەی بۆ مەئریفە، لابەرێت، بۆ ئەم مەبەستەش مۆنادۆلۆگییەکەی لایبنیتس وەردەگرێت و ئەوجا لێرەوە گۆڕان بە ئێستێتیک دەدات وەک لکێکی سەربەخۆی فەلسەفە، یان وەک تیۆرییەکی مەئریفە.

٢-١ مۆنادۆلۆگیی لایبنیتس

پێش لایبنیتس لە فەلسەفەی ڕاسیۆنالیستیدا (واتا هزرینی ئاوەزییانەی مەبەستمەنددا) کە دێکارت بناغەی ڕشت، سێنسەکان وەک نەگونجاو بۆ مەئریفە دادەنران، چونکە زۆر جار بەهەڵەماندا دەبەن. چاو شتێکی ڕەش و دووری بزۆک بە گۆلک دادەنێت، کەچی کاتێک لێی نزیک دەکەوێتەوە دەبینێت کە ئەوە مرۆڤێکی ڕەشپۆشە. بە پێچەوانەشەوە لە ڕاسیۆنالیزمدا گریمانە دەکرا کە ئاوەز بە دیاریکردنی گشتێتییە هەردەم چواندووەکان مەئریفەی ڕاستینەی بوونی هەر شتێکمان پێبدات. سێنسەکان لێرەدا تەنیا رۆڵی نێوەندیار وەردەگرن، ئەویش کاتێک بە دەرککردن پێشبینیی ناڕوون و نائاشکرا لە هۆشی مرۆڤدا دەهێننە گۆڕێ، ئەوجا زەین کاریان تێدا دەکات و تاک تاک ڕوون و ئاشکراییان پێدەدات. لەم ڕەوشەدا زەین و جیهانی ماتەری هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکدییەوە نییە. بەم شێوەیە دەلاقەیەک لە نێوان هزر و سێنسێتیدا، لێرەشەوە: لە نێوان دەروون و لەشدا، ئاوەڵا دەبێت، چونکە لەش بە سێنسەکانیشەوە سەر بە جیهانی ماتەرییە. لایبنیتس بە پێچەوانەی ئەم شێوەیەی بنیاتنانی مەئریفەوە کە لە گشتێتییەکانی ماتماتیکەوە دەردەچێت، گریمانەیەکی مێتافیزیکی دادەنێت تاکو ڕێ لە دوالیزمی هزر و سێنسێتی بگرێت، ئەوجا لەو گریمانەیەوە هزرینی خۆی ئاوەڵا دەکات.
لایبنیتس وەک دەرچەی هزرین گریمانەی گەوهەرێکی (زوبستانسێکی)، یان بوونێکی هۆشەکیی سادەی نەشیاوی دابەشاندن و لەناوچوون دەکات، کە ئەتۆمی جیهانی کردەکییە و ناوی دەنێت “مۆناد” (بە گریکی: “مۆناس”، واتا “یەکانە”). مۆنادەکان یەکەم بنەڕەتن و گریمانەکردنیشیان لەم شێوەیەدا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە چیدی ناشێت پرسیار سەبارەت بە هۆکاری هاتنەئارای ئەوان بکرێت، واتا ناشێت بە هزرین زنجیرەیەکی هۆکار-ئەنجام تا بێدوایەکی ببرێت. مۆنادەکان دەرچەن. لێرەدا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە لایبنیتس لە شرۆڤەی جیهانی کردەکییەوە (فاکتییەوە) دەگات بەوە کە مۆنادەکان وەک بنەڕەت بچەسپێنێت. ئاخر لەم جیهانەدا تەنیا ماتەری هەیە، لێ ماتەری هەردەم “ئاوێتە”یە، واتا کشاوە، لێرەشدا ئاشکرایە کە هەموو ئاوێتەیەک لە کەرتی “سادە”ی نەکشاو پێکدێت، واتا ئەگرێگاتێکە (کۆمەڵەیەکی پێکهاتووە) لەو ئەتۆمە سادانە. کەواتە دەبێت بە ئاوەز گریمانەی ئەو مۆنادانە وەک ئەتۆمی جیهان بکەین (ئەتۆمیزم).
بێگومان مۆنادەکان ئەزەلی نین، بەڵکو یەکەم مۆناد (گەوهەر)، واتا خودا، لە “هیچ”ەوە ئافراندوونی. خودا پێش کرداری ئافراندن چەند پێشبینییەکی جیاوازی سەبارەت بە جیهانێکی ئافرێنراو هەبوو، ئەوجا لەبەر ئەوەی خودا بەڕەهایی چاکە و تەنیا چاکەی دەوێت، ئەوا لەنێو پێشبینییەکانیدا بڕیار بۆ چاکترینیان دەدات، واتا جیهانێکی ڕێکخراو و هارمۆنییانەی مۆنادی دەئافرێنێت، ئەوجا وەک بناغەی سازاندنی ئەم جیهانە چاکەی ئێمە دایدەنێت (کەواتە لە نێویدا هیچ جێیەک بۆ خراپە / شەیتان تەرخان نەکراوە).
ڕێکخراویی جیهانی کردەکی، پێکهاتەی کەتوارەکەمان، دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکخراوی هارمۆنییانەی مۆنادەکان، چونکە ئەم جیهانە دەرهاویشتەی ئەوانە، بەو هۆیەشەوە کاراییەکی ڕێکخراوی وەرگرتووە و سەرجەم ڕوودانەکانی نێوی یاسامەند و مەبەستمەندن. لەم ڕوانگەیەوە مۆنادەکان، وەک ئافرێنراو، ئافرێنەریی ئافرێنەریان لە خۆ گرتووە، واتا لاسایی بنەڕەتە ئافرێنەرییەکانی یەکەم مۆناد دەکەنەوە و بەمەش لە لایەنی خۆیانەوە دەبن بە ئافرێنەر. هاوکات هەر مۆنادێک کرۆکیانە ئەوە دەژێنێت کە بە هەمان شێوە هەر مۆنادێکی دی سەربەخۆ لە ئەو دەیژێنێت، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە ئەوان پێکرا خۆیان لە هارمۆنیدا دەبیننەوە، بێگومان بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەک لە نێوانیاندا هەبێت. ئێمە خۆمان دەتوانین لە جیهاندا ببینین کە هیچ شتێکی نێو سروشت لە یەکێکی دیکە ناچێت، ئەمەش بۆ ئەو هەقیقەتە دەگەڕێتەوە کە لێرەبوونی (وجودی) بە خۆ تایبەتی هەر مۆنادێک جیاوازە لە لێرەبوونی هەر یەکێکی دی، وەلێ لە سەرئەنجامی نێوچالاکییەکەیاندا، یان هینی کاریگەریی نێویەکییاندا، بۆ ئێمە ئەوها دەنوێنێت کە هەروەک ئەوان پەیوەندییان بە یەکدییەوە هەبێت، جا گەرچی لە بنەڕەتدا ئەوها نییە.
ڕێکخراوی جیهان هەروەها لەش و دەروونی مرۆڤیش لەخۆدەگرێت، بۆیە پێشبینییە سێنسییەکان و مەئریفەی ئاوەزمەندانەی مرۆڤ سەر بە هەمان ڕێکخراوی جیهانن (بە پێچەوانەی دێکارت کە وەک جودا لە یەک دایاندەنێت). گۆڕانی بەردەوامی مۆنادەکان بنەڕەتی گۆڕانە پسیکۆفیزیکییەکانی ئێمەن. لێرەدا دەگەین بە تێگەی دەرککردن لای لایبنیتس کە ناوی دەنێت “پێرسەپسیۆن” و هاوکات لە “ئاپپێرسەپسیۆن” جیای دەکاتەوە.
پێرسەپسیۆن (دەرککردن) لای لایبنیتس “وروژان” نییە وەک سەرئەنجام، بەڵکو ناوەرۆکی یان وێنەی دەرککردنە. ئێمە بە سێنسەکانمان دەرکی ئەو جیهانە دەکەین کە دەرهاویشتەی مۆنادەکانە. لایبنیتس لێرەدا لە “دەرککردنی بچووک” دەدوێت، واتا لە شعورەکان کە هەستپێنەکراو لەنێو ئێمەدا دێنە ئاراوە. شعورەکان پێشبینیی دیارینەکراون، شێواون. لێ ئاپپێرسەپسیۆن ئاگاییە لەبارەی ناوەرۆکەکانی دەرککردن. ئێمە لە ڕەوشی ئەم ئاگاییەدا مەئریفەی پەرچاوەی ناوەرۆکەکەی دەرککردنمان هەیە، کە مەئریفەیەکی پێکهاتەییە و بەو ڕێیەوە دێتەئاراوە، کە ئێمە ناوەرۆکە دەرککراوەکە بە ئاگالێبوون و یادهێنانەوە دیاری دەکەین و پاشان دەبێت بە هینی خۆمان، چونکە لەنێو پەیوەندیی ئاگاییدا پۆلاندوومانە. کەواتە شعورەکان پێش-پلەی دەرککردنی ئاگامەندن، کە ئێمە پاشان لە کارایی نێویەکییاندا لێیان بەئاگادێین. بە دیدی لایبنیتس ڕووداوی جەستەیی و دەروونی جودا لە یەک لەگۆڕێ نین (وەک لای دێکارت)، بەڵکو هاوڕەون، ئەوان لە یەکدی سەربەخۆن و هاوکات بەپاڵ یەکدییەوەن.
ئێمە بە ئاوەز لەبارەی بنەڕەتی مۆنادیانەی جیهان دەزانین، کەواتە توانستی مەئریفەمان هەیە، جا مەئریفەمان پەیوەند بێت بە کێشە تێگەیی و ماتماتیکییەکانەوە یان بە تەجروبەی زانستییەوە، وەلێ ئێمە هەروەها دەرککردنی سێنسیمان هەیە کە ئەمیش مەئریفەیە، چونکە دەرککردنی ئەو جیهانەیە کە مۆنادییانە بنیاتنراوە، هێندە نەبێت کە ئێمە پەیوەند بە هەردووکیانەوە تەنیا پلەی جیای ڕوون و ئاشکراییمان لە مەئریفەدا هەیە. ئاخر ئاوەز و سێنسەکان مۆنادییانە بنیاتنراون. لەم ڕوانگەیەوە نەک تەنیا مەئریفەی ئاوەزمەندانەی کامیل مەئریفەی “ڕاستینە”یە، بەڵکو هەروەها پێشبینییەکانی جیهانیش کە بە دەرککردنی سێنسیانەی جیهان چێدەبن، پێشبینیی “ڕاستینە”ن، ئەوە سەرباری ناکامیلی و ناڕۆشنی و شێواوییان. ئاوەز کە پێدەزانێت، هەروەها سێنسەکان کە دەرکی شتەکانی نێو جیهانی کردەکی دەکەن، لەو “هارمۆنییە”دا پێکەوەگرێدراون کە خودا لە سەرەتاوە چەسپاندویەتی. مۆنادەکان لاسایی یەکەم مۆناد دەکەنەوە و لەم ڕەوتەشدا بەچاکی گەردوون دەخەنەوە. کەواتە پێشبینی لە پەیوەندییەکی سروشتیدایە لەتەک هەر ئەوەکەیەکدا کە پێشبینی دەکرێت.

٢-٢ ئێستێتیکی باومگارتن

باومگارتن بە وەرگرتنی مێتافیزیکی لایبنیتس دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت کە ببێژێت، چیدی پێویست نییە گومان لە توانستی سێنسەکان بۆ مەئریفە بکەین، هاوکات پێویستە زانستێکی مەئریفەی سێنسی گۆڕان پێبدرێت کە ناوی دەنێت “ئێستێتیک”.
بێگومان لە فەلسەفەدا جەخت لە یەک باڵاترین فۆرمى مەئریفە دەکرێت کە “تێگەیی”ە و لە بڕیارێکی (حوکمێکی) لۆگیکییانەی بەم چەشنەدا بەرجەستە دەبێت: “بازنە خولگەییە”، ئەم مەئریفەیەش پابەندی زەینە و لێی جیانابێتەوە. بە پێچەوانەشەوە ئێستێتیک وەک تیۆرییەکی مەئریفە بەو بابەتانەوە خەریکە کە سێنسین (مەحسوسن) و بەوەش شیاوی دەرککردنن. باومگارتن بۆ جیاکردنەوەی ئێستێتیک لە مەئریفەی تێگەیی، ناوی دەنێت تیۆریی مەئریفەی پلە نزم.
گەر سێنسێتى بەگشتی وەک بەتوانا بۆ مەئریفە دابنرێت، ئەوا دەبێت ئەو سێنسێتییەش کە خۆى بۆ هۆشى جوان ئاوەڵا دەکات، ناو بنرێت مەئریفە. ئاخر “هزرینى جوان”یش کە سپۆنتان (عەفەوییانە) دێتەگۆڕێ، توانستێکى بڕیارە (Urteilskraft) و تێیدا توانستى وێنا و ژیری، زاکیرە و شعور و هزر یەکدەگرن. هەموو بڕیاردانێک دوو لایەن لە خۆ دەگرێت: توانستێکى سێنسی و توانستێکى زەینی (ئینتەلەکتوێلی)؛ یەکەمیان چێژە، دووەمیان لۆگیکە (ئەمە لە خوارەوە ڕووندەبێتەوە). ئەم دوو توخمە بۆ باومگارتن بناغەى ئێستێتیکن وەک تیۆریى مەئریفە.
ئێمە گەرەکە لای باومگارتن ڕەچاوی ئێستێتیکی ڕسکاوی ناخەکی و بەدیهێنراو بکەین. ڕەوشەکانی شێوەی یەکەم بریتین لە: دەرککردن، ئەندێشە، بەهرەی سروشتی، زاکیرە، بەهرەی هەڵبەستڤانی، بەهرەی چێژی چاک؛ لێ ئێستێتیکی بەدیهێنراو (فێربوو) ڕاهێنانە بە توانستە ڕسکاوەکان. ئێمە لێرەدا هاوکات دەبینین کە لە ئێستێتیکی باومگارتندا جارێ هەردوو لایەنی پرۆدوکسیۆن (بەرهەمهێنان) و ڕێسێپسیۆن (وەرگرتن) سەربەخۆ لە یەک دانەنراون، بە واتایەکی دی، جوانێتی تەنیا پرسی هونەرمەند نییە، بەڵکو هینی وەرگریشە و ئێستێتیکەکەی باومگارتن بەبێ جیاکردنەوەیان پێوەیان خەریکە.
بۆ تێگەیشتنی نزیکتر لە “هزرینی جوان” گەرەکە بڕوانین کە چۆن باومگارتن پێناسەی جوانێتی دەکات. ئەو لێرەدا دوو تێز دەچەسپێنێت: جوان ئەوەیە کە لای مرۆڤ سەرسووڕمان دەخاتەوە، لێ هاوکات جوان ئەوەیە کە کامیلە. ئێمە لێرەدا مێتافیزیکی جوانێتیمان هەیە کە باومگارتن پابەند بە تیۆریی ئافراندنەوە (خولقاندنەوە) ئاوەڵای دەکات: چێژ بڕیاردانی ئێستێتیکییە بەسەر “کامیلێتی”ی بابەتەکەدا، بۆیە پێویستە مرۆڤ، کارێک بڕیار بەسەر شتێکدا وەک “جوان” دەدات، ئاگای لەوە بێت کە داخۆ بڕیارەکە ڕاستە یان هەڵەیە. گەر من بەڕێى سێنسەکانمەوە (چاو، گوێ) بڕیار بدەم، پەیوەندم بە چێژەوە، لێ بۆ ئەوەی بڕیارەکەم ئێستێتیکى بێت، نابێت بەپەلە بڕیار بدەم و لێرەشەوە دەرفەت بۆ هاتنەئارای هەڵە بڕەخسێنم. باومگارتن هەر لەم پەیوەندییەدا جەخت لە بنەڕەتێکی دیکە دەکات: نابێت چێژەکە گەندەڵ بێت. چۆن کرداری ئافراندن لای خودا هاوکات مەئریفە و کردارە، بە هەمان شێوە “هزرینى جوان”یش هاوکات مەئریفە و کردارە و جیهان ئێستێتیکییانە پێشان دەدات. پێشاندانی ئێستێتیکییانەی جیهان لە توانستی بڕیاربەسەردادانەوە سەرهەڵدەدات، کەواتە پێشاندانەکە گشتێتیی هەیە، هێندە نەبێت کە لێرە ئاڕاستەیەک ڕووەو شعور و هەست وەردەگرێت. لەم ڕوانگەیەوە گەرەکە جیهان لە پێشبینیکردنى خۆییدا بەگوێرەی هەقیقەتەکەی دیاربدات، واتا لە کامیلێتییەکەیدا، لەم پەیوەندییەشدا ڕێکخستن و هارمۆنى بە هەمەجۆرێتیى جیاواز دەدرێت.
کەواتە بابەتەکان هەروا ئاسان دیاردەی پەتی و سەربەخۆ نین، بەڵکو لە دیاردانیاندا ئاماژە بۆ ئەو شتە دەدەن کە ئەوان بەڕێیەوە دیاردەدەن – بۆ مۆناد. لەم ڕوانگەیەوە چێژ، یان بە زمانی باومگارتن: توانستی بڕیاردان، تایبەتمەندیی هەرکەس نییە، بەڵکو هینی پسپۆرە وەک تاکە دادوەری هونەر، واتا کەسێتییەک کە پەروەردەیەکی (پرۆسەیەکی فێربوونی) تایبەتیی هەیە: ئەو خاوەنی توانستێکى پێگەییوی بڕیاربەسەردادان و چێژێکى پاڵێوراوە، هەروەها چێژێکی ناسک یان ورد، کە ئیدی کاتێک ئەو بڕیار بەسەر جوانێتیدا دەدات، بڕیاردانەکەی بەسەر هەر شعورێکدا نییە کە سێنسەکان هێناویانەتە ئاراوە، بەڵکو بڕیار بەسەر هەست بۆ جوانێتیدا دەدات. لەم هەستەدا تەواوی بابەتەکە دەرکپێدەکرێت، ئەوجا کاتێک پسپۆر بڕیاردەدات: “ئەمە جوانە”، لێرەدا ئەو تەواوی بابەتە بەدیهێنراوەکە دەناسێت. بۆیە ئێستێتیکی باومگارتن تایبەتە بە سەبژێکت: لە هەموو سەبژێکتێکدا جیهان وێنە دەدرێتەوە، یان: بابەتەکان کە تایبەتن بە بڕیاری چێژ، سەرلەنوێ لە مەئریفەدا پێشبینى دەکرێنەوە (وێنادەکرێنەوە)، جا گەرچی ئەوە بە شێوەی جیاواز: بەرهەمهێنەرانە یان وەرگرانە.
چێژ ڕەچاوى کامیلێتیى جیهان وەک جیهانی جوان دیاردەر دەکات. لە جیهاندا شتەکان بەدووی یەکدا دێن تاکو شکۆی خودا دەربخەن. چۆن تیۆلۆگیى ئافراندن لە مەئریفەی خودادا گەرەنتییەک بۆ سەیرورەی جیهان دەبینێت، بە هەمان شێوە باومگارتن لە توانستى بڕیارداندا (چێژدا) بناغەى هێنانەئاراى کاری هونەرى دەبینێت. پرۆسەی هۆنینەوە هەمیشە ڕوونیی پتر و پتری گشتگیر (ئێکستێنزیڤ) دەخاتەوە، ئەوجا لە کۆتاییدا پێشانی دەدات کە ئەم جیهانە بەڕاستی (بەگوێرەی گریمانەکەی لایبنیتس) پێکهاتەیەکی هارمۆنیانەی باڵاترین کامیلێتیی شیاوە، واتا: چاکترینی سەرجەم جیهانە شیاوەکان. هونەر چاو بۆ کامیلێتیی جیهان دەکاتەوە.
بەم شێوەیە هونەر دەبێت بە لاسایی، چونکە باومگارتن ئافراندنی هونەری پابەند دەکات بە کرداری ئافراندنی خوداوە. هەردوو ئافرێنەر، خودا و هونەرمەند، ئەوجا ئافرێنراوەکانیان، لە پەیوەندییەکی ڕێژەییدان: خودا، وەک گشتگیر و مەزنترین، خۆی لە سەرووی مرۆڤەوە، کەواتە لە سەرووی هونەرمەندەوە دەبینێتەوە، بۆیە جیهانی ئافرێنراوی خودا دەبێت بە پێشنموونەی ئافراندنەکانی هونەرمەند: ئەو لاسایی جیهان، سروشت، دەکاتەوە، بێگومان نەک ئەو سروشتە کە کردەکییانە، وەک دیاردەی فاکتی، لەگۆڕێیە، بەڵکو هونەر لاسایی پێشبینییەکی سروشتە لە کامیلێتی و هارمۆنیدا، کەواتە هینی ئەو سروشتەیە کە بنەڕەتی سروشتی فاکتییە: “سروشت و هەڵبەستڤان شتی هاوشێوە دەهێننە ئاراوە، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە هەڵبەست لاسایی سروشتە” (پەرەگراف ١١٠).
هەڵبەستڤان بە مەئریفەی ورد و هونەری، وردتر و ڕۆشنتر پێشبینیی ئەو سروشتە هارمۆنییە دەکاتەوە کە خودا ئافراندوویەتی، بۆیە باومگارتن پێناسەی هەڵبەست دەکات وەک “بێژتنی کامیلی سێنسی”، بێژتنیش تەنیا کاتێک کامیلە، گەر هاتوو توخمەکانی تەقەلا بدەن بۆ ئەوەی بە مەئریفەی پێشبینییە سێنسییەکان بگەن (پەرەگرافی ٧). جوانی، جا لە لایەن هەڵبەستڤان، وێنەساز یان موزیکسازەوە بهزرێنرێت، سەرئەنجامی پەیوەندییەکی هارمۆنییە، هینی پێکەوەسازیی (کۆنسێنسوسی) پێشبینییەکان لەنێو یەکدیدا و هەروەها هینی دەستوێژەکانیش کە بۆ گوزارشتکردنی ئەوان بەکاردەهێنرێن. گەرچی هونەرمەند ئازادییەکی تایبەتیی هەیە، سەرەڕای ئەوە ناچارە پابەندی یاساکان بێت تاکو بەڕێیانەوە لە ڕاستیی مێتافیزیکی نزیکبکەوێتەوە.
لێرەدا ڕوونتر ئەدگارێکی کرۆکییانەی ئێستێتیکەکەی باومگارتن دەبینین: هەر شتێک ئێستێتیکییانە چەوت بێت، لە هونەردا جێی نابێتەوە. هەر شتێک سێنسەکان تووڕە بکات و بەو هۆیەشەوە نەتوانن قبووڵی بکەن، چەوتە. سەری ئەسپ بە ملی مرۆڤ ناگونجێت – ئێستێتیکی باومگارتن قبووڵی ناکات. هەر لەم ڕوانگەیەوە هەڵبەستڤانێک ناتوانێت ببێژێت: “سەرمای زستان ناخم گەرم دادێنێت چونکە هینی نیشتمانەکەمە”. ئاخر لێرەدا کاراییەکی پێکڤەیی سێنس و لۆگیک (شعور و زەین) لەگۆڕێ نییە. هونەر نابێت لە بنەڕەتی جوانێتی و چاکە و ڕاستێتی دووربکەوێتەوە، بە شێوەیەکی دی ببێژین، هونەر دەبێت خۆی بەدوور بگرێت لە ناکامیلێتی ی مەئریفەی سێنسی کە بۆ باومگارتن واتای ناشرینی دەگەیەنێت.
لە بنەڕەتدا ئەوە ڕۆمانتیکییەکان بوون کە دوای باومگارتن ناشرینیان ‌هێنایە نێو ئێستێتیکەوە. بۆ نموونە فریدریش شلێگل لەدژی تێڕوانینی “چاکە، ڕاستێتی و جوانێتی” لای باومگارتن دەبێژێت، گەر ئەرکی هونەر ئەوە بێت کە “نەزرەی ڕەها” بگەیەنێت، ئەوا ناشێت کایەی هونەر تەنیا جوانی بێت، چونکە ڕەهایەتی (ئەلموتڵەق) پرۆژە پێچەوانەکەش لە خۆ دەگرێت، واتا: خراپە، نالەباری، ناکامیلێتی، وێرانەیی، بەکورتی: ناشرینی. بێگومان گەرەکە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە باومگارتن لاریی لە هزراندنی یان داڕشتنی ناشرینی نییە گەر هاتوو بە جوانی ڕووبدات، وەلێ بە دیدی ئەو هزراندنی ناشرینی بەناشرینی لە دەرەوەی هونەرە، ئاخر، وەک پێشتر پێشانمان دا، ناکامیلێتیی مەئریفەی سێنسی بۆ ئەو واتای ناشرینی دەگەیەنێت، ئەمەش بەندە بە مێتافیزیکی جوانێتییەوە لای ئەو.
بە هەر حاڵ، هەوڵەکەی باومگارتن بۆ دانانی هونەر لەنێو چێوەی تیۆرییەکی مەئریفەی سێنسیدا کاریگەریی لەسەر سیستەمە ئێستێتیکییەکانی سەدەم هەژدەیەم نواند. ئەو بوو بە پاڵهێزێکی ڕۆشناییەکان. مرۆڤ لە ڕۆشناییەکاندا دەیویست بە داڕشتنی جوانێتی لە زانستدا و بە بەرجەستەکردنی لە هونەردا، “توانستە” لەیەک جوداکانی ئاوەز و سێنسێتی یەکبخات، تاکو بەو ڕێیەوە کاریگەری لەسەر مرۆڤ بنوێنێت بۆ ئەوەی ببێت بە ئێستێتیکی. هەروەها ئێستێتیکی باومگارتن لە ئیدیالیزمی ئەڵمانیدا بوو بە بنەڕەتێک بۆ کارکردنی هەر یەک لە کانت و شێلینگ و هێگل: ئەمان، بەگوێرەی مێتۆدی هزرینی خۆییان، خۆ گرێداو بە باومگارتنەوە پرسەکانی ئێستێتیکیان بە دیارهێنانی جیاوازی تایبەت پتر ئاوەڵا کرد. بۆ نموونە کانت بەڕێزەوە باومگارتنی ناو نا “شارەزایەکی بلیمەت لەنێو مێتافیزیکییەکاندا”، لێ ئەو مێتافیزیکی جوانێتیی ڕەتکردەوە. بە دیدی کانت جوانێتی هیچ بایەخێکی مێتافیزیکیی نییە و تەنیا بەندە بە خودی سەبژێکتەوە. بابەتی بڕیارى ئێستێتیکی (واتا بڕیارى چێژ) بریتییە لە هەست، هەستیش لە لایەنى خۆیەوە کاریگەری لەسەر هاتنەئارای مەبەستى سەبژێکتیڤى دەنوێنێت، کە ڕاستەوخۆ (واتا بەبێ تێگە) پڕحەزانە شعورى پێدەکرێت. جوانێتی مەئریفەمان پێناگەیەنێت، چونکە جوانێتی بەرهەمی گەمەی ئازادی هێزەکانی مەئریفەیە، واتا هینی توانستی وێناکردن و زەین. ئاخر گەر تێگە نەبێت، مەئریفەش نابێت.

——————————–
سەرچاوەکان:
بە کوردی:
ئانێماری گێتمان زیفەرت: ڕێبەرییەک بۆ ئێستێتیک. لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال. چاپی دووەم. کوردڕاوم ٢٠٢٢.
بە ئەڵمانی:

Baumgarten, Alexander Gottlieb: Ästhetik. Hamburg 2007.
Hauskeller, Michael: Alexander Gottlieb Baumgarten. In: Klassiker der Kunstphilosophie, hg. Stefan Majetschak, München,2005.
Leibniz, Gottfried Wilhelm: Monadologie. Stuttgart 1994.
Ursula Franke, Baumgartens Erfindung der Ästhetik, Münster 2018
Metzler Philosophen Lexikon. Spektrum.de

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish