Skip to Content

كاره‌كانی كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌گه‌ری خولاودا كاری سیاسی – به‌شی -2- هه‌ندرێن خۆشناو

كاره‌كانی كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌گه‌ری خولاودا كاری سیاسی – به‌شی -2- هه‌ندرێن خۆشناو

Closed
by تشرینی دووه‌م 30, 2020 General, Literature


كاری سیاسی
به‌شی -2-

بۆ ئه‌وه‌ی كاریكاتێر كاری سیاسیانه‌ی خۆی به‌ شێوه‌یه‌كی نمونه‌یی به‌جێ بگه‌یه‌نێت ده‌بێت ره‌چاوی چه‌ندین شت بكات، گرنگترینیان روون و راشكاویی، و شوێنی گونجاوی له‌سه‌ر رووپه‌ڕی رۆژنامه‌كان، و چه‌ندین شتی تریش كه‌ دواتر به‌ ووردتر باسیان لێوه‌ ده‌كه‌ین، كاریكاتێری سیاسی ده‌بێت روون و راشكاو بێت و بوار نه‌دات به‌ راڤه‌كردن، خوێنه‌ر كاتێك ته‌ماشای كاریكاتێرێكی سیاسی بكات، ده‌بێت له‌ مه‌به‌سته‌كه‌ی بگات، له‌ بیرۆكه‌ی كاریكاتێره‌كه‌ بگات به‌بێ بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵ، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌گه‌ر شێواز و ستایلی به‌كارهێنراوی كاریكاتێریسته‌كه‌ هاندان نه‌بێت بۆ ده‌ره‌نجام هه‌ڵهێنان له‌ كاریكاتێره‌كه‌دا، هه‌روه‌ها كاریكاتێری سیاسی بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامی سیاسییانه‌، ده‌بێت له‌ شوێنێكی روون و به‌رچاوی لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌كان بڵاوبكرێته‌وه‌، بۆ نمونه‌ له‌ رۆژنامه‌ رۆژانه‌كاندا پێویسته‌ له‌ یه‌كێك له‌ لاپه‌ڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌ (یه‌كه‌م و دوالاپه‌ڕه‌) بڵاوبكرێته‌وه‌، هه‌تا خوێنه‌ر به‌بێ گه‌ڕان چاوی پێبكه‌وێت، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ ده‌بێت بكه‌وێته‌ به‌رچاوی خوێنه‌ر، كه‌ هه‌ر چۆنێك ته‌ماشای رۆژنامه‌كه‌ بكات، چاكتر وایه‌ له‌ شوێنێكی نزیك له‌ ناونیشان (مانشێت) و له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌م بێت، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ خوێنه‌ر بیبینێت كاتێك ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ نمایشكراوه‌ له‌ دوكانه‌كانی رۆژنامه‌فرۆشاندا، به‌مه‌ش رۆژنامه‌كه‌ گه‌یاندنی كاریكاتێره‌كه‌ به‌ زۆرترین ژماره‌ی جه‌ماوه‌ر فه‌راهه‌م ده‌كات، له‌مه‌ش زیاتر پشت به‌ستن به‌ دانه‌ كاریكاتێرێك هه‌روه‌ها پشت به‌ستن به‌ كاری یه‌ك كاریكاتێریست، به‌س نیه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجی ویستراو، چونكه‌ توانای كاریكاتێر به‌راورد ناكرێت به‌ تواناكانی پیاوانی سیاسه‌ت و گروپه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌، نمونه‌ی كاریكاتێر و سیاسه‌تیش وه‌ك دڵۆپی ئاو و تاشه‌ به‌ردێك وایه‌، كه‌ دڵۆپه‌ ئاوێك له‌كاتی به‌ركه‌وتنی به‌ تاشه‌ به‌ردێكه‌وه‌ ته‌فروتونا ده‌بێت بۆ پڕوشك، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوابه‌دوای ئه‌م دڵۆپه‌ ئاوه‌، دڵۆپی دووه‌م و سێیه‌م و چوارمی به‌دواداهات، ئه‌وا ئه‌م به‌دواداهاتنه‌ رۆژ له‌دوای رۆژ ده‌بێته‌ دروستكردنی قۆرتێك له‌ تاشه‌ به‌رده‌كه‌دا، ئه‌گه‌ر رۆژگار درێژتریش بوو ئه‌وا ده‌بنه‌ هۆی كونكردنی تاشه‌به‌رده‌كه‌، ئه‌گه‌ر رۆژگار زیاتر درێژبۆوه‌ ئه‌وا به‌رده‌كه‌ ده‌كه‌نه‌‌ دوو پارچه‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ش ئاو به‌هێزتر ده‌بێت له‌ تاشه‌ به‌رد، هه‌مان شتیش به‌رانبه‌ر كاریكاتێر ده‌گوترێت كه‌ تواناكه‌ی به‌رزتره‌ له‌ سیاسه‌ت، هه‌روه‌ك توانای ئاو به‌سه‌ر به‌رددا، و ئاكامه‌كه‌شی خێراتره‌ له‌ ئاكامی دڵۆپه‌ ئاوه‌كه‌، بۆیه‌ له‌ كاتی به‌كارهێنانی كاریكاتێر له‌ ململانێی سیاسیدا په‌سندتره‌ زۆرترین كاریكاتێر به‌كاربێت، كه‌ وێنای هه‌مان بابه‌ت ده‌كه‌ن، چونكه‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ ئه‌گه‌ر واقیعیش نه‌بێت، ئه‌وا وێنه‌یه‌كی دیاركراو له‌ نه‌ستی خوێنه‌ر دروست ده‌كات بیه‌وێت و نه‌یه‌وێت، كه‌چی به‌كارهێنانی كاری زیاتر له‌ هونه‌رمه‌ندێك، ئامانجه‌كه‌ی هه‌ر ده‌روونیه‌، كه‌ زۆری ژماره‌ی كاریكاتێریستان و هه‌مه‌جۆری ناوه‌كان، ده‌بنه‌ هۆی پێكهێنانی بیرۆكه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ فراوانی به‌ره‌ی ئوپۆزسیۆنی ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ كاریكاتێره‌كان هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ری، و زۆری ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی كه‌ له‌ به‌ره‌كه‌دان، به‌مه‌ش خوێنه‌ر به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت، بیرۆكه‌یه‌كی له‌لا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بێت، كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ یان ئه‌و گروپه‌ سیاسیه‌ نه‌یاری زۆره‌، ئه‌مه‌ش بانگه‌شه‌ نیه‌ بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خوێنه‌ر، چونكه‌ كاریكاتێر پابه‌نده‌ به‌ زۆر شتی تره‌وه‌، كه‌ رێگری لێده‌كه‌ن له‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و فریودان، گرنگترینیان بابه‌تیانه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ باسكرا گرنگه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئاكامێكی دیاركراو، كاتێك ئامانج داده‌نرێت، ده‌بێت پلانێك بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ دابنرێت.

هه‌ندرێن خۆشناو

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress