Skip to Content

یەکەم بەردی سەنگەر، بەشێک لە ژیاننامەی ژەنەڕال سەید سەلیم.. شاخەوان قادر شۆڕش

یەکەم بەردی سەنگەر، بەشێک لە ژیاننامەی ژەنەڕال سەید سەلیم.. شاخەوان قادر شۆڕش

Closed
by حوزه‌یران 10, 2025 General, Opinion



یەکەم بەردی سەنگەر بەشێک لە ژیاننامەی سەرکردەی پارتیزان سەید سەلیم سەید نەبی نەمرە، ئەو فەرماندەیەی لە زیرەکی لە پلانی سەربازیی و لە ئازایەتیدا بە گەواهیی هاوڕێیانی کەم وێنە بووە. دیارە ژیاننامەی ئەو مرۆڤە مەزنە بەرفراوانترە لەوەی لە نێو دوو توێی ئەم پەرتووکەدا بە کورتی نووسراوە. خۆزگە ئەو ژەنەڕالە پارتیزانە خۆی بیرەوەریەکانی خۆی دەنووسیەوە و گوزارشتی ورد و درشتی ژیان و بیروهزری خۆی بۆمان دەکرد، بەڵام وەکو زۆربەی شۆڕشگێڕانی سەردەمی شاخ یا بواری ئەوەی بۆ نەڕەخساوە کە بیرەوەریەکانی خۆی بنووسێتە، یا نووسیویەتەوە بەڵام دواتر ئەم نووسراوانە بەهۆی هێرش و کاولکاریەکانی ڕژێم یا شەڕی ناوخۆ لەناو چووە.
برای بەڕێزم هیوا سەید سەلیم لە ڕێگەی بەڵگەنامەکانی گیانبەختکردوو سەید سەلیم کە خۆشبەختانە کەمێکیان ماون، لە ڕێگەی دیدار لەگەڵ هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی ئەو، هەروەها لە ڕێگەی کۆمەڵێ سەرچاوە و چاوپێکەوتندا توانیوویەتی تیشک بخاتەسەر بەشێک لە ژیاننامەی ئەو. کۆکردنەوە و نووسینی بیرەوەری مرۆڤێک کە بەشێکی دیاری هاوڕێیانی لە ژیاندا نەماون کارێکی بێ گرێ و ئاسان نییە، ماندووبوونی زۆر و کاتی زۆری گەرەکە.
نووسەر لە ڕێگەی ئەم ژیاننامەیەدا بە دەرفەتی دەزانێت بۆ مێژوو بگەڕێتە دواوە و گوزارشتی مێژووی دەڤەری ڕەواندز لە جەنگی جیهانی یەکەم و هێرشی ڕووسەکان بۆ سەر دەڤەر و شارەکە بکات، مێژووی سەرهەڵدانی ڕێکخراو و پارتە ڕامیارییەکانی کوردستان لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمدا ئاماژە پێ بدات. هەروەها ئاماژە بە ڕۆڵی سەید تەهای نەهری وەکو قائیمقام و کەسایەتیەکی دیاری ڕامیاریی لە دەڤەری ڕەواندزدا بکات. سەید تەهای شەمزینی کەسایەتیەکی دیار بووە، بۆیە سەرنجی هەندێ لە بەرپرسانی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی ئینگلیزی ڕاکێشەوە، وەکو لەلایەن ئەدمۆندس و هامیلتۆنەوە بۆ سەرۆکی دەوڵەتی کوردستان لە بری شێخ مەحمودا پێشنیار کراوە، واپێدەچێ ئەوان پێیانوابووە ئەو باشتر لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئینگلیز دەگونجێت و دەکرێ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. دوای پاشگەزبوونەوەی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی بریتانی لە بەڵێنەکانی و لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراق، وە بەهۆی چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان لەلایەن ڕژێمی پادشایەتیەوە ژمارەیەک پارت و ڕێکخراوی ڕامیاریی دروست دەبن. ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی شاری ڕەواندز بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە ڕێکخراوەکانی دارکەر، شۆڕش، هیوا و حزبی شیوعیدا هەبووە. دوای جەنگی جیهانی دووەم و دروستبوونی پارتی دیموکراتی کورد ژمارەیەک لە خەڵکە چاڵاکەکەی ڕەواندز پەیوەندی بە پارتیەوە دەکەن، لە کاتێکدا حزبی شیوعی بەهێزترین پارتی ڕامیاریی کوردستان و عێراق بووە، لە گوندەکەی ئەواندا لە کانیە قوڕەدا، شیوعیەکان زۆرینەی خەڵکیان لەگەڵدا بووە. بەڵام لەنێو بنەماڵەکەیاندا تەنها سەید تەهای برا گەورەیان شیوعی بووە، ئەوانیتر سەید عومەر، سەید عەبدوڵا، سەید ڕەشید و سەید سەلیم چوونەتە ڕیزی پارتی. بەهۆی ململانێ و ناتەبایی لە نێوان شوعیەکان و پارتیەکاندا ناکۆکی لە نێو خانەوادەکەدا تا ئاستی دژایەتیکردن هەبووە. لەو بنەماڵەیەدا بەتایبەتی سەید عومەر سەید نەبی چاڵاکانە بەشداریی لە خەباتی ڕزگاریدا دەکات و چەند جارێک لەسەر کوردایەتی تووشی زیندان دەبێت. بەم جۆرە هەست و لایەنگیریی لە خەباتی ڕزگاریی لە زووێکەوە دەخزێتە نێو ئەم خانەوادە شۆڕشگێڕە. بەهۆی تێکەڵکبوونیان بە کاری ڕامیاریی و پێشمەرگایەتی ئەندامانی ئەم خانەوادەیە لەوساوە زیندان و ئاوارەیی و چەرمەسەری زۆریان چەشتووە.
پێویستە بگوترێت بۆ زیندوومانەوەی بوون و ڕۆڵی ئەو خەڵکە چاڵاک و شۆڕشگێرە لە مێژووی دەڤەرەکەدا ئاماژە کردن بە ڕۆڵی مرۆڤە چاڵاکەکانی خەباتی ڕامیاریی لە دەڤەری ڕەواندزدا کارێکی دروست و پێویستە. هەروەها گرنگیدان بە ڕۆڵی خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتی لە سەردەمی خەباتی چەکداریدا، کارێکی زۆر پێویستە، چونکە گیانی مرۆڤدۆستی و هاوکاریی خەڵکی گوندەکان و ناوچەکە بەگشتی بۆ بوونی خەباتی چەکداریی یەکلاکەرەوە بووە. ئەو خەڵکە باوەشی گەرمی بژێویی و مانەوەی پێشمەرگە بوون، ئەگەر نانێکی ڕەقیان هەبووایە لەگەڵ پێشمەرگەدا بەشیان کردووە، بۆیە گرنگە لەبیر نەکرێن. نووسەر لای لەم بابەتە کردۆتەوە و گرنگیی پێداون، کە جێگەی دەستخۆشییە.
گیانبەختکردوو سەید سەلیم لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا لە چەندین شەڕ و داستاندا لە دژی هێزەکانی ڕژێمی بەعسدا بەشداریی کردووە. گەورەترین شەڕی شۆڕشی ئەیلول لە گەلی عەلی بەگدا لە بەرزاییەکانی زنجیرەچیای گۆڕەنووکدا بەسەرپەرشتی سەید سەلیم ئەنجام دراوە دوای ئەوەی لە شەڕێکی دەستەویەخەدا بەرزاییەکان لە دوژمن پاک دەکەنەوە، دوژمن لە ٢/٨/١٩٧٤ بە هێزی تایبەتی مغاویر هێرش بۆ گرتنەوەی بەرزاییەکان دەکات. سەید سەلیم پلانی بەرگریی و هێرشی ژیرانەی داڕشتووە و توانیوویانە هێزەکەی دوژمن تێکبشکێنن و نزیکەی ٩٠ کەس لە دوژمن بکوژن و دەست بەسەر چەکێکی زۆردا بگرن. ئەو دەستکەوتانەی کە عەبدوڵا ئا‌غای سەرۆکی هێزی باڵەك کە دوور بوو لە بەرەی شەڕ، چاوی تێ بڕی و بووە هۆی ئەوەی سەید سەلیم و پێشمەرگەکانی سزا بدرێن و بخرێنە زیندان.
لە دوای هەڵگیرسانی خەباتی چەکداریی لە ساڵی ١٩٦١ دا کە بە شۆڕشی ئەیلول ناوی ڕۆیشتووە، گیانبەختکردوو سەید سەلیم لە ساڵی ١٩٦٢ دا چەکی پێشمەرگایەتی هەڵدەگرێت. لەو قۆناغەی خەباتی چەکداریدا سەید سەلیم بەهۆی ئازایی و لێهاتوویی پلەی سەربازیی بەرزدەبێتەوە لە سەرلقەوە تا دەگاتە سەرۆکی هێز لە دوا ڕۆژەکانی هەرەسی خەباتی چەکداریی ئەیلولدا لە بەهاری ساڵی ١٩٧٥دا. لە کاتی ئاوارەیی لە ئێراندا ئەو وەکو زۆر لە فەرماندە و کادیرە ڕەخنەگر و ناڕازیەکانی ناو پارتی بەهیوای دەستپێکردنەوەی خەبات بووە، بۆ ئەو مەبەستە بەشداریی لە کۆبوونەوە لە شاری نەغەدەدا کردووە و بڕیاری گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان داوە. لە دوای هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکداریی لە ساڵی ١٩٧٦دا سەرەتا ئەو لە ڕێگەی گیانبەختکردوان عەلی هەژار و کاردۆ گەڵاڵیەوە پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی بزوتنەوەی سۆسیالستی کوردستانەوە دەکات، پاشان لە بەهاری ساڵی ١٩٧٨ دا پەیوەندی بە هێزەکانی بزوتنەوەی سۆسیالست لە نیمچە بەرەی یەکێتیدا دەکات. دوای ئەوە دەکرێتە فەرماندەی هەرێمی ١٢ی سۆران. کە بەداخەوە تەمەنی پێشمەرگایەتی هێندە درێژ نابێت و لە ٢٠/١٢/١٩٧٩دا لە شەڕێکدا کە بە داستانی سماقوڵی ناسراوە گیان بەخت دەکات و وەکو خۆی لە دوا ساتەکانی ژیانیدا گوتی دەبێتە” سەدەقەی کوردستان”. لەو شەڕەی دۆڵی سماقوڵیدا کە ئەو لەبەرەی گوندی سماقوڵی سەروچاوەدا بووە لەوێدا لەلایەن هەلیکۆپتەرەکانی ڕژێمەوە دەپێکرێت. دیارە بێباکی و نەترسیەکەی هۆکاریی ئەم پێکانە بوون وەکو ئەو هەمیشە یەکەم بەردی سەنگەری بۆ خۆی هەڵبژاردووە و بەر لە ساتی پێکانەکەدا لەسەر بەردەکە وەستاوە و چاودێریی جووڵەی دوژمنی کردووە. لەم داستانەدا کە تیایدا شینە بۆری فەرماندەی هەرێمی سەفین لە بەرەی سماقوڵی گرتک و سەید سەلیم فەرماندەی هەرێمی ١٢ی هەندرێن لە بەرەی سماقوڵی سەروچاوە گیانیان بەخت کرد، لە هەردوو بەرەی شەڕدا ژمارەیەک جاش دەکوژرێن و سەرووی ٥٠ کەس لە سەرباز و مغاویر و ئەفسەر کە لەنێویاند سەرۆکی فرقەکە هاشم موسڵاوی کوژرابوو. زیانێکی کوشندە بە دوژمن دەکەوێت (بەیانەکەی حسیک زیادەڕۆیی لە ژمارەی کوژراوەکاندا کردووە). دەگێڕنەوە لە ناو گوندی گرتکدا گیانبەخکردوو عەوڵا سوور فەرماندەی هەرێمی ١٤ بە تەنیا دەیان مغاویر و سەرباز دەکوژێت . لەم شەڕەدا هێزی پێشمەرگە بۆ یەکەم جار لە دوای دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکدارییدا گەورەترین زیان بە هێزی دوژمن دەگەیەنن. چەند کەسێک لە خەڵکی سماقوڵی سەروچاوە بۆیان گێڕامەوە، “کە شەڕ تەواو بوو و پێشمەرگە کشانەوە، هێزەکانی ڕژێم هاتنە نێو گوندەکە، کوژراوەکان کە زۆربەیان لە “گەری ماران” پێکرابوون، دوو دوو بە هێستر دەهێندرانە خوارەوە، زۆربوون، هەر دەکێشرانەوە و هەر تەواو نەدەبوون.”
گیانبەختکردوو سەید سەلیم کەسێکی زۆر ئازا و نەترس بووە بە جۆرێک بۆتە هۆی بێباکی لە دوژمن، ئەوەش دەکرێ لە هەندێ باردا بە زیان بگەڕێتەوە، وەکو بەداخەوە لە کۆتاییدا زیانی پێ گەیاند. دیارە ئازایەتی بەس نییە بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە سەرکردەیەکی بەتوانا و لێهاتوو، سادەیی و ڕووخۆشی لەگەڵ پێشمەرگەکانی، ژیریی لە پلان دانان و لەبەرچاوگرتنی گرنگیی ژیانی خەڵک و پێشمەرگە، گرنگیدان بە دیسپلین و ڕێکخستنی پێشمەرگەکان، هەروەها بڕوا هەبوون بە بیری ڕزگاریی و ئامانجەکانی، ئەو تایبەتمەندیانەن وادەکەن بەهای ئەم سەرکردەیە بەرزبێتەوە و ببێتە خۆشەویستی پێشمەرگە و خەڵک. سەید سەلیم ئەو تایبەتمەندیانەی لەخۆ گرتووە، بۆیە دەوروبەرەکەی پێیەوە سەرسام بووین و خۆشیان ویستووە. گیانبەختکردوو لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا خۆڕسکانە خۆی پێگەیاندووە و سوودی لە ئەزموونی ئەوانی دی وەرگرتووە و تا گەیشتووتە سەرکردەیەک کە بێ یەک و دوو وەک سەرکردەیەکی ئازا و شارەزای سەربازیی سیری کراوە و ئەو پلەیەشی پێ دراوە، بۆیە ئەو جگەلەوەی سەرکردەیەکی پارتیزانی بوو، ژەنەڕالێکی خۆڕسکی شاخ بوو.
وەکو لە سەرەتاوە گوتم گیانبەختکردوو سەید سەلیم زۆر زیاترە لەوەی لێرەدا نووسراوە، بە پێویستی دەزانم هەندێ تێبینی و ڕەخنە لەسەر ئەم کتێبە بنووسم. یەکەم: وەکو هاوڕێیەکم ئەم تێبینیەی هەبوو کە سەیری بەرگی کتێبەکە دەکەیت تەنها یەکەم بەردی سەنگەر نووسراوە کە ناونیشانی کتێبەکەیە و ناوی نووسەر لە خوارەوە نووسراوە. پێموایە دەبووایە لەژێر ئەو ناونیشانەدا بنووسرێت بۆ نموونە “ژیاننامەی سەید سەلیم” چونکە کتێبەکە لەسەر ئەوە.
دووهەم: نووسەر خۆی لەو لایەنانە نادات کە پەیوەندیان بە بیروڕا و ناکۆکی و شەڕی ناوخۆوە هەیە، چونکە ئەو گێڕانەوەی ئەم ڕووداوانە و وردبوونەوە لێیان بە باش نابینێت. بۆیە کە کتێبەکە دەخوێنیتەوە تۆ ناتوانێ خوێندوەیەک گەڵاڵە بکەیت کە ڕووداوەکانی مێژووەکە بە چاک و خراپیەوە لەخۆ گرتبێت و وابکات سەید سەلیم لە دیدی جیاجیاوە بناسیت و لە بیر و هزی ئەو نزیک ببیتەوە. خوێنەری هوشیار بە ناچاری بیری ئەو لایەنانە دەکات کە داپۆشراون و گوتنیان لەسەر ناکرێت. بۆ نموونە سەید سەلیم لەلایەن پارتی و فەرماندەی هێزی باڵەک غەدری لێکرا لە جیاتی پاداشت سزا درا. زۆری نەبرد ئاشبەتاڵ لەلایەن مەلا مستەفاوە ڕاگەیەندرا. ئێمە نازانین ڕای ئەو لەسەر عەبدوڵا ئاغای پشدەری و بەرپرسانی پارتی و مەلا مستەفا چی بوو، ئەم کتیبە لەم بارەیە هیچ ناڵێت. سەید سەلیم یەکێک بوو لەو فەرماندە دیارانەی لە بڕیاری ئاشبەتاڵ ناڕازی بوو و ڕەخنەی هەبوو، بەڵام لەم بارەیەوە هیچمان بۆ گوزارشت ناکرێت. سەبارەت بە ناکۆکی نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی سۆسیالست، دژایەتی جەلال تاڵەبانی بۆ بزوتنەوەی سۆسیالست لە دوای چوونە دەریان لە نیمچە بەرەی یەکێتی، ڕا و بۆچوونی سەید سەلیم لەم بارەیەوە نازانین چی بووە، خۆ ناکرێ سەید سەلیم هیچ ڕایەکی لەم بارەیەوە نەبووبێت. سەید سەلیم مابوو کە یەکێتی بڕیاری لێدانی هێزەکانی بزوتنەوە لە هاوینی ساڵی ١٩٧٩دا دەدات و بۆسە بۆ شێرکۆی شێخ عەلی و سەرباز ئەحمەد لە بناری کۆسرەتدادەنێنەوە، شەڕی ناوخۆ لێرە و لەوێ دەست پێ دەکات، بەڵام ئێمە نازانین سەید سەلیم لەم بارودۆخەدا لە کوێ بوو و چی کرد و چی گوتووە. ئەو گوزارشت و بابەتانە لەم کتێبەدا بزرن. ئەوە بەشێکە لە ژیانی ئەو کە خۆی لێ نادرێت.
سەبارەت بە خەباتی ڕزگاریی ڕابردووی باشووری کوردستان نووسینەوەی ژیاننامەی کەسێکی بەشدار لەم مێژووەدا ئەرکێکی مێژووییە و پێویستە چ بیرەوەریی یا ژیاننامە وێنەیەکی ڕیالیستانە و بێلایەنانە لەسەر ڕووداوەکانی ڕابردوو بخاتەڕوو. پێویست ناکات نووسەر دژایەتی کەس بکات، تەنها ڕووداوەکان وەکو خۆی چۆنە بەپێی توانا ئەوها لە زاری بەشداربووانەوە بنووسێتەوە. لە بیرەوەریی دروست و دەوڵەمەندا خاتری کەس ناگیرێت، باش و خراپ گوزارشت دەکرێت. ڕەوتی “نە شیش بسووتێ و نە کەباب” ڕێچکەیەکی خۆپارێزە کە زیان بە تەواوەتی لە گێرانەوە مێژوویەکاندا دەگەیەنێت، چونکە نایەوێ خۆی لەو لایەنانە بدات کە لایەن و کەسەکان دڵگران دەکەن. دەکرێ ژیاننامە زۆر بەرفراوان بکرێت ئەگەر نووسەر بیخوازێت. ژیانی کەسێک تەنها کۆمەڵێک چاڵاکی نییە، بەڵکو بوون و ژیانە، بیر و هزر و دیدگایەکە تایبەت بەو کەسە کە دەتوانێ وەکو شەپۆڵ لە دەریادا تا لە چاو ون دەبێت گوزەر بکات. دەزانم زۆر سەختە لەو ژوورە تاریکانەدا لاپەڕە ونەکانی مێژوو هەروا ئاسان بدۆزیتەوە، بەڵام دەکرێ هەندێ بکەونە بەرچاو. هەرچۆنی بێت ئێمە لەو کتێبەدا ئاشنایەتی لەگەڵ ئازایەتی و چاڵاکییە ناودارەکانی گیانبەختکردوو ژەنەڕال سەید سەلیم پەیدا دەکەین، بەڵام سەبارەت بە ژیانی ئەو تەنها ئاشنایەتیەکی زۆر کەم پەیدا دەکەین، سەبارەت بە بیر و هزری ئەو لەسەر بابەتە جیاجیاکان هیچی ئەوتۆ وەرناگرین.
سێهەم: نووسینی ناوی هەندێ سەرۆک جاشی تاوانبار وەکو نەوزادی ئەنوەر بەگی بێتواتە کارێکی دروستە و پێویستە ناوی سەرۆکجاشەکان نەشاردرێنەوە، بۆیە نەنووسینی ناوی هەندێ لە سەرۆک جاشەکان و نووسینی دوو پیتی کورتکراوە جێگەی ڕەخەنەیە. خوێنەر نازانێ گوتن لە کێ دەکرێت و ئەم پیتانە ناوی چ سەرۆکجاشێکی تاوانبارن، کە ڕاوی پێشمەرگەیان کردووە و بۆ ڕژێمی بەعس تاوانیان دژی پێشمەرگە و خەڵک ئەنجام داوە.
چوارەم: سەبارەت بە ڕۆڵی ئۆدا حەلیم زۆر کەم نووسراوە، دەبووایە زۆر زیاتر بنووسرێت. سەرکەوتنی زۆر لە سەرکردەکانی خەباتی شاخ خۆڕاگریی و پشتگیریی ژنەکانیان بووە. ئۆدا حەلیم لەم بوارەدا دایکێکی مەزن بووە، جگەلەوەی منداڵەکانی خستۆتە بن باڵی خۆی و پاراستوونی، چەرمەسەری و ئاوارەیی و نەداریی نەیتوانیووە وای لێبکات لە پشتگیریی بەردەوامی خەباتی گیانبەختکردوو سەید سەلیم بکەوێت. ژیاننامە و بیروەری ئەو بە تەنها چیرۆکێکی پڕ لە خەبات و درامایە. ئـێمە هەموومان قەرزاری ئەو دایکانەین.
لە کۆتاییدا دەبێ ئەوەش بڵێم کە سەیری سەرچاوەکانم کرد ناوی کتێبی “قادر شۆڕش چل ساڵ خەبات و تێکۆشان” م نەبینی کە من لە ساڵی ٢٠٠١دا بە هاوکاریی هاوڕێم کاک مەریوان زەندی کە هاوڕێی کاک هیواشە بە چاپم گەیاند. لەم کتێبەدا دیدار لەگەڵ دامەزرێنەران و کادیرانی سۆسیالست کراوە و پێموایە یەکەم کتێب بوو ئەوسا کەمێک لە مێژووی سۆسیالست دوا، ئەتوو برێی زانیاریەکانی نێو ئەم کتێبە بۆ کاک هیوا گونجاو نەبووبێ، وەکو ئەو گوزارشتێکی سەرەتای دروستبوونی سۆسیالست و خەباتی شار و شاخ دەکات. سەرەڕای تێبینیەکانم دەستخۆشی و ماندوونەبوونی لە برای بەڕێزم هیوا سەید سەلیم دەکەم، زانیاری بەسوود و باش لەم کتێبەدا هەن. سوپاسی دەکەم کە کتێبەکەی بۆ ناردم، بەڵام جگە لە خۆشەویستیم بۆ گیانبەختکردوو سەید سەلیم و ئەو خانەوادە پاک و تێکۆشەرە، ئەمن بڕوام بە گێڕانەوەی ڕیالیستانە، فرە دید و بێلایەنانەیە بۆیە لە ڕوانگەی هەڵسەنگاندنێکدا تێبینی و ڕەخنەکانم خستۆتەڕوو.
….
تێبینی: لە نووسینەکەدا نووسیبووم کەوا کاک ئاکۆ ئاکۆیی لە “کتێبی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان مێژوویێک لە خۆڕاگری ١٩٧٦ – ١٩٩١” ئەویش ئاماژەی وەکو سەرچاوە سوودی لە کتێبی “قادر شۆڕش چل ساڵ خەبات و تێکۆشان نەکردووە”. لێرەدا من هەڵەم چونکە لە سەرچاوەکاندا نووسراوە، بۆیە لەم تێکستەدا ئەو بەشەم لابرد. هیوادارم کاک ئاکۆ ئاکۆیی بە سینگفراوانیەوە ئەم هەڵەیە وەربگرێت. سوپاس بۆ کاک ئاکۆ کە خۆی لەم هەڵەیە ئاگاداری کردمەوە.



شاخەوان قادر شۆڕش
٩/٦/٢٠٢٥

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress