Skip to Content

شیعری کوردی لە نێوان ئەمڕۆ و دوێنێ.. موراد عەلی

شیعری کوردی لە نێوان ئەمڕۆ و دوێنێ.. موراد عەلی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 21, 2023 General, Literature



نەبوونی ئەدەبی کلاسیک نەبوونی شوناس و نەبوونی هەر وڵاتێکە، بە واتایەکی تر: هەبوونی ئەدەبیاتی کۆن بۆ هەر وڵات و زمانێک، کڕۆکی مانەوە و جاویدبوونی ئەو زمان و فەرهەنگەیە. وەک ئاشکرایە کوردیش نەک بێبەش نییە لە ئەدەبیاتی کۆن؛ بەڵکو هەم یەکێکە لە گەلە هەرە دەوڵەمەندەکان لەو بابەتە، هەمیش ئەدەب بەتایبەت (شیعر) بەهێزترین چەکی ئێمەیە؛ کە بڵێین: بەڵێ ئێمەیش هەبووین و هەین.

بەڵام کە ئێمە تاچەند نەوەی تر هەمان قەوان لێبدەینەوە و هەردەم کە باس لە شیعر و ئەدەب کرا، بگەڕێینەوە سەر: (نالی، سالم، مەحوی، بێسارانی، مەولەوی) ئایە لە هەموو باسێکدا کە ناوی شیعر بێ هەر ئەو کۆمەڵە ناوە دووبارە ببێتەوە لەسەر حسابی شاعیر و داهێنەرانی ئەمڕۆ نابێت؟ بێگومان من لەو بابەتە نادوێم بە مەبەستی شکانی هیچ شتێک، خۆ ئەگەر بابەتەکە بووبێ بە تابۆ، بێگومان ئەمڕۆ منیش نەیشکێنم بەپێی کات خۆی هەر ناچار دەبێ بە شکان!

با تۆزێک لەسەر بەراوردکردن بوەستین ئاخۆ بزانین چەندێک شتمان هەبووە بۆ دنیا و، ئێستا چیمان هەیە بۆی بە شیعر؟
بەدڵنیاییەوە هەرکەسێک شیعری کلاسیکیی ئێمەی خوێندبێتەوە دەزانێ کە زیادەڕۆیی ناکەم ئەگەر بڵێم کۆی شیعری کلاسیکیی کوردی لە چەند سەد وشەیەک و لە دەیان بابەت تێپەڕ نابن!
لەبەرامبەردا شیعری هاوچەرخی کوردی لە هەر شیعرێک بە جۆرێک خۆی دەنوێنێ و لە هەر کاتێک بەشێوەیەک پتەوی زمانی کوردی دەردەخات، ئایە ئەمە نابێتە ڕابردووپەرستی کە ئێمە هەمیشە بڵێین هەبووین هەبووین بۆ جارێک نەڵێین هەین!؟
دیارە کە من لێرە باسی شیعری بەلێشاوی فەیسبووک ناکەم، بەڵکو لەمەڕ شیعری ڕاستەقینە دەدوێم، شیعرێک کە زمانێک و تەکنیکێکی هەبێ دواجار فەزایەک کە عەرزی داهێنان دەهەژێنێ. خۆ ئەگەر بڵێین لەبابەتی داهێنان زیادەڕۆییمان کردووە و بەو جۆرە نییە، دەتوانین بڵێین لە چۆن گوتن و چی گوت فەزای شیعری ئەمڕۆمان چ پانتاییەکی داگیرکردووە، کە بەرامبەر ئەو چەند ناوەی وەک تابۆیەک بەسەر کۆی ئەدەبیاتی کوردی بووە بە ڕێگر لەبەردەم داهێنانی ئەمڕۆ چەند هێندەن.
بێگومان من بەرگری لە جۆرێک لە شیعر یان ناشیعر ناکەم. خۆ ئەگەر بڕوانین لە سەردەمی نالی دەیان شاعیر هەبوون کە ڕەنگە ئێمە بە ناویان ئاشنا نەبین؛ جا کەمبینینی شیعری ئەمڕۆ بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕێک پێچەوانەی ویستی ئەدەبە کە کۆمەڵێک ناشیعر بە ناوی شیعرەوە دەفرۆشرێتەوە بە گوێی خەڵک، بێگومان ئەمەیش هۆکاری زڕان و نەویستنی ناوی ئەدەبی وڵاتەکەیە بەڵام هەرکەسێک بە جدی لە بابەتەکە بڕوانێ و بە دروستی خەمی ئەدەبی وڵاتەکەی بێ، بیەوێت بەچاوی ئەقڵ سەیری بابەتەکە بکات بۆ پێوانەی شیعر ناڕوانێتە ژمارەی لایک و فۆلۆوەر!
بەڵکو بە شێوەی کەشفی دەق و لایەنی جوانیناسی و میتۆدی ڕەخنەیی دەڕوانێتە دەقانێک ئەگەر بۆ ئەمڕۆ ناویش نەبن و دەکرێ شەڕی چەند ساڵە بکەن لە پانتایی وڵات و بگرە جیهانیش.

هەر خوێنەرێک لەبەر نالی شێرکۆ نەبینێ، لەبەر مەحوی پەشێو بە داهێنەر نەزانێ؛ هەمان ئەو تاخمە خوێنەرەیە کە دەڵێن نەوەی دوای شێرکۆ تا ئەمڕۆ هیچی پێنەبووە بۆ ئەدەبیات و هیچی گرنگی نەبەخشیوەتە کتێبخانەی کوردی!
بە بۆچوونی من کێشە لە سەلیقە و دنیابینی هەیە، تۆ بەوردی (تەڵعەت تاهیر و دلاوەر قەرەداخی) نەخوێنیتەوە و هەر هاواربکەی: سالم سالم…! یانی بە کام پێوەر دەکارێ پێت بگوترێ خوێنەری شیعر؟
کاتێک باس لە وەرگێرانی دەقەکانی شێرکۆ بێکەس بکرێ، بڵێیت: بە هاوڕێیەتی بووە لێکۆڵینەوەیەک یان دیدارێک لەسەر ئەدەبیاتی (محمد عومەر، موتەلیب عەبدوڵڵا، عەباس عەبدوڵڵا، بەختیار عەلی، یونس ڕەزایی) بکرێ تۆ بڵێی ئەمانە کەسی یەکن و گلەیی لە گەردوونی نەبوونی (مەحوی)یش بکەیت لەکام ماڵی شیعر تۆ نیشتەجێیت؟

کە دەڵێن (کورد مردووپەرستی زیندوو کوژە) هەر لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆژانەمان ڕەنگ ناداتەوە بەپێی زەمەن دەگوێزرێتەوە بۆ ناو ئەدەب و وێژەیش! بەوپێیەی هەر چۆنێک سەیری کۆمەڵێک دەقی باش دەکەم لەمڕۆ و بەراوردی دەکەم بەو کۆمەڵە دەقە ژەنگگرتووەی دوێنێ، دەزانم کە لە دوای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، ڕێک لە (گۆران)ەوە بۆ ئەمڕۆ؛ ئەوەی کردوومانە زۆر زیاتر بووە لەوەی هەمانبووە ئیتر گوێنەدان بە هونەری هاوچەرخی خۆمان لەو گوتراوە زیاتر چی هەڵدەگرێ؟

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish