Skip to Content

ڕەهەندی مێژوویی زمان لە ڕۆمانی پاشای گەورە دا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

ڕەهەندی مێژوویی زمان لە ڕۆمانی پاشای گەورە دا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by شوبات 3, 2023 General, Literature

پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی لە نێوان زمان و کۆمەڵگەدا هەیە و زمان ڕەنگدانەوەی ئەو هەڵومەرجە سیاسی و ژیاریی و کۆمەڵایەتیەیە، کە کۆمەڵگە تیایدا دەژیت. زمان، بە پێی گۆڕانکارییەکانی سەردەم، پێش دەکەوێت و زمانی ئێستا وەک زمانی دوێنێ نییە و لەگەڵ هەر دەرکەوتەیەکی ژیاریی و مرۆیی نوێدا، زمانیش گۆڕانکاریی بە سەردادێت. ئیدی ئەو گۆڕانکارییانە، کاریگەریەتییان لە سەر زمان و فەرهەنگی زمان دەبێت و لەو ڕوانگەیەشەوە هەر سەردەم و قۆناغێک، زمانێکی تایبەت بە خۆی هەیە، کە پەیوەستە بەو ئاگاییە هزریی و فەرهەنگییەی لە کۆمەڵگەدا بوونی هەیە. گەلێک جار ئەو گۆڕانکاریانە، چەمک و زاراوەی نوێ لەگەڵ خۆیان دەهێنن کە پێشتر بوونییان نەبووە. بۆ نموونە: تاکو کۆرۆنا وەک نەخۆشییەکی ڤایرۆسی دەرنەکەوت، وشەیەک بەو ناوە لە زمان و فەرهەنگی کوردی نەبوو، بەڵام ئێستا کۆرۆنا بۆتە بەشێک لە پێکهاتەی زمانەوانی فەرهەنگی ئێمە و بگرە نەتەوەکانی دیکەش. بە هەمان شێوە سی ساڵ لەمەوبەر، لە کۆمەڵگەی کوردیدا، وشەیەک نەبوو بە ناوی ( ڕام ، گیگابایت، برۆسیسەر، هارد) و گەلێک وشەی دیکەش، تەنانەت ئایتی و فەیسبووکیش، بەڵام لە ئێستادا، ئەمانە بە شێکن لە زمانی دەربڕین و ئاخاوتن و نووسین، ئەگەرچی وشەکان کوردیش نین. بێگومان ئەمە بۆ ڕابردووش هەمان شتە، چونکە بە دەیان وشەی کۆن، کە هێماو ئاماژە بوون بۆ سەردەمێک و ئامرازێک و کارێک، لە ئێستادا بوونییان نەماوە. کەوتا لە هەموو بارێکدا، زمان ڕەنگدانەوەی سەرخانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیە و کەس ناتوانێت لە دەرەوەی زمانی باوی سەردەم و لە دەرەوەی ئەو سەرخانە کۆمەڵایەتییە، زمانێکی دیکەی نوێ، کە هەڵگڕی دەستەواژە و دەربڕینی نوێ بێت، دروست بکات و بێنێتە ئاراوە. زمان پەیوەستبوونێکی گشتی هەیە و ڕەنگدانەوەی لایەنە ژیاریی و فەرهەنگییەکەی کۆمەڵگەیە. لەهەر قۆناغێکی کۆمەڵگەشدا، جۆرە زمانێک لە ئاستی دەربڕین و نووسین، گوتن و گوزارشت بوونی هەیە، کە گوزارشت لە پاشخانی هزریی و ڕۆشنبیریی سەردەمەکە دەکات. بۆ نموونە: زمانی شیعری سەردەمی کلاسیک، وەک هی سەردەمی گۆران نییە و زمانی سەرەتای بیستەکان، وەک کۆتایی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو نییە، بەڵکو گۆڕانکاریی گەورەی لە ڕووی بونیادی ڕێزمانی و واتایی بە سەر هاتووە، تا دەگاتە ئەو زمانەی ئێستا لە نێو ئێمەدا بەرکارە. بۆیە زمانی هەر سەردەمێک، گوزارشت لە سەردەمەکە دەکات و لەگەڕانەوەمان، بۆ هەر ِرووداوێکی سیاسی و مێژوویی و باسکردن لە ڕووداوەکانی ئەو کات، دەبێ ئەم تایبتمەندییە لە بەرچاو بگیرێت. لێرەدا، گرنگە دووبار لە یەکتری جیا بکەینەوە، کاتێ ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمێکی ڕابردوو، ڕووداوێکی سیاسی و مێژوویی و دەگێڕینەوە، دەشێ زمانی پەیڕەوکراوی گێڕانەوەمان، جیا بێت لە زمانی ئەو کات و سەردەم، چونکە بگێڕەوە لێرەدا کەسێکی دیکەیە، کە بە تێڕوانین و زمانی خۆی ڕووداوەکانی ئەو کات دەگێڕێتەوە و لە ڕوانگەی خۆیەوە دەیانبینێت. بەڵام کاتێ بکەرێکی نێو سەردەم و قۆناغەکە دەدوێت، یان کارەکتەرێکی ئەو کات، ڕووداوێک پەیوەست بەو زەمەن و قۆناغە دەگێڕێتەوە، بێگومان دەبێ زمانی گوزارشت و گێڕانەوەی یەکانگیر بێت لەگەڵ سەردەمەکە، چونکە لێرەدا بگێڕەوە لە دەرەوەی زەمەنی گێڕانەوەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو لە نێو زەمەنی ڕووداوەکەدایە، دوا جار ئێمە لە بەر دەم دوو بگێڕەوەی جیاواز داین، کە هەر یەکەیان لە کات و سەردەمێک ژیاون و هەریەکەیان بە زمانێک ڕووداوەکەمان بۆ باس دەکەن. لە ڕۆمانی پاشای گەورەدا، ڕووداوەکانی زەمەنێک دەگێردرێنەوە، کە پەیوەستە بە سەردەمی میرنشینی سۆران و دووسەد ساڵ زیاتر بە سەر ئەو قۆناغەدا تێپەڕیوە. کەواتا ئێمە بە تەنها ناگەڕێینەوە سەر زەمەنێک و ڕووداوەکانی میرنشینێک، بەڵکو دەگەڕێینەوە سەر قۆناغێکی فەرهەنگی و کولتوورری، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، کە جیاوازە لە سەردەمی ئێستا. ئەدگارە کۆمەڵایەتی و کولتوورریەکان، زمان و فەرهەنگ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ڕووداوە سیاسییەکان، جیاوزن لە سەردەمی ئێستا، بۆیە کە دەگەڕێینەوە نێو ئەو قۆناغە، دەبێ تێڕوانین و زمان و وێناکردنمان بۆ قۆناغەکە، ڕەنگدانەوەی واقیعی سیساسی و کۆمەڵایەتی و مرۆیی ئەو کات بێت، نەک بە ڕوانگەی ئێستا ڕووداوەکانی ئەو کات ببینین و گوزارشتیان لێ بکەین، بە تایبەتیش کاتێ یەکێ لە کارەکتەرەگانی ئەو سەردەم، خۆی دەبێتە بگێڕەوەی ڕووداوەکان و کەسێکە لە نێو جەرگەی ڕووداوەکانی ئەو کات ژیاوە. بە درێژایی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانی پاشای گەورە، کە باسی سەردەمێکی مێژوویی کە سەردەمی دەسەڵاتی (میر محەمەد)ە دەکات، درک بەوە دەکەین کە ئەوەی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، دەنگی زاڵی ڕۆماننووسە نەک هی سەردەمە مێژووییەکە. بێگومان ئەمەش لە ڕێگەی زمانی کارەکتەرەکان و قسە و دەربڕینەکانییان دەردەکەوێت. لە ڕۆمانەکەدا، دەیان کارەکتەری وەک: ( پاشای گەورە، سەرۆکی دیوان، سەیدا، مەلابرایم ، مەلا عەزیز، میر مستەفا، میر یەحیا، عەلیە کتک و نەسرینە دۆم) و چەندان کارەکتەری دیکەش هەن، کە چی زمانی هەموویان بە ئەندازەیەک هاوشێوە و لەیەک چووە، کە هیچ جۆرە جیاواز کەوتنەوەیەکی پیشەیی، کەسی و هزری لە نێوانیان دانەبێت. زمانی پیاوی ئایینی میرنشینەکە، وەک زمانی سەردەستە و فەرماندارە سەربازیەکانە، هیچ جیاوازیەکییان لە ئاست وێنا کردن و دەربڕین نییە. بۆ نموونە: موفتی، پێگەیەکی بەرزی ئایینی هەیە، دەبێ شارازایەکی گەورەی لە هەر دوانزە عیلەمەکەوە هەبێت، کە گوزارشت لە شوناسی ئەو بکات، فەرماندە و سەردەستەکان، هیچ ڕاوێژ و سەرنج و پلانێکی سەربازیان نییە، بەڵکو گوێڕایەڵی فەرمانەکانی میرن، لە کاتێکدا مەرج نییە ئەوەی سەڕۆکی وڵات بوو، ئیدی لە هەموو بوارێکی سەربازی شارەزا بێت. میر بە جۆرێک دەدوێت، وەک ئەوەی میرنشینی سۆران، ئێستا هەبێت نەک لە ڕابردوو، میریش لە سەردەمی عەولەمە بژیت، چونکە زمانەکەی بە هیچ جۆرێک گوزارشت لە سەردەم و قۆناغە مێژووییەکە ناکات. دەکرێ لێرەدا، نموونەیەک لە قسەکانی میر مستەفای باوکی پاشای گەورە بێنینەوە، کاتێ لە ڕێوڕەسمی دانانی میری کوڕەکەی لە جێگەی خۆی پێشکەشی دەکات، میر مستەفا دەڵێت:_ (دوای پرس و ڕاوێژێکی زۆر، بە لە بەرچاوگرتنی داب و نەریتی میرایەتی، بۆ بەرژەوەندی گشتی وڵات و دوا ڕۆژێکی باشتر کەسێکم دەست نیشان کردووە، کە لە زیرەکی و لێهاتوویی ودڵسۆزی و تواناکانی دڵنیام. لا 58) گەر سەرنج لەو زمانەی میر مستەفا بدەین، دەبینین زمانێکی پەیڕەوکراوی دوو سەد ساڵ لەمەو بەر نییە، بەڵکو بە هەموو پێوەرێک، لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆکەوە، زمانی ئێستایە و زمانی ڕۆماننووسە، لە سەردەمی میر دەیڵێت، چونکە میرەکان هیچ کاتێک هێندە هوشیار و زمانزان و زمان پاراو نەبوونە، بەو شێوەیە قسە بکەن. بە هەمان شێوە، کە سەرنج لە زمانی شازەمانی هاوسەری میر مستەفا و دایکی میر محەمەد دەدەین، هەمان شێوە ئاخاوتنی سەردەمیانە نەک مێژوویانە دەبینین، شازەمان دوای وەرگرتنی ڕوخسەت لە میر مستەفا، لە کاتی دانانی کوڕەکەی بە میری نوێ، دەڵێـت:( هەر چەندە من ژنم، بەڵام هەمووتان دەزانن، کە لە وڵاتی ئێمەدا، ئەگەر تاک تاکەش بێت، ژنانێک هەبوون، کە بتوانن لە ناو پیاواندا قسەی خۆیان بکەن، من بەو پێیەی هاوسەری میر مستەفا و دایکی میر محەمەدم، ماف بە خۆم دەدەم لە بەرامبەر ئەو پایەدارە بەڕێزانە قسەیەک بکەم . لا 61) گەر سەرنج بدەین، ئاستی گوزارشتکردنانەی زمان لە نێوان هەردووکیاندا هاوشێوەن، لە کاتێکدا بە ئێستاشەوە لە کۆمەلگەی کوردیدا، دەرفەتی قسەکردنی ئازادانە بۆ ڕەگەزی مێ نییە، ئیدی نازانم چۆن لە سەردەمێکی دواکەوتووی وەک دەسەڵاتی میرنشینی سۆراندا، ژنێک هەبووە بەو شێوەیە قسە بکات؟ ئەمە وێرای ئەوەی دەکرێ بپرسین شازەمان خان، چۆن لە بری هەمووان قسە دەکات و دەڵێت هەمووتان دەزانن، ئایا مەرجە لە نێو دەیان سەردەستە و پیاو ماقووڵ و ڕیشسپی و دارو دەستەی میر، هەمووان هەموو شتێک بزانن؟ دیسانەوە، گەر سەرنج لە زمانی پاشای گەورەش بدەین، هەمان سیمای فەرهەنگییانەی زمان لە ڕووی دەربڕینەوە دەبینین. بۆ نممونە: کاتێ پاشای گەورە، لەگەڵ میرزا نیگار دەدوێت، دەڵێت:( میرزا نیگار، لە ئەمڕۆوە، دەفتەرێکی نوێ بە دەستەوە دەگریت و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەیتەوە، بە خامە نوک ڕەنگینەکەت و بیرە تیژەکەت، ئەو ڕووداوانە تۆمار دەکەی کە شایستەی تۆمارکردنن. لا 69) ئەو زمان و شێوە ئاخاوتنانەی لە سەرەوە وەک نموونە هێناومانەتەوە، بە هیچ شێوەیەک زمانی ئەو کات و سەردەم نەبووە، ئەو زمانە هونەری و پەخشان ئامێزە، کە هەڵگڕی چەندین وشە و دەربڕینی هونەری و ئستاتیکین، زمانی میرەکان نییە، بەڵکو زمانی نووسەری ڕۆمانەکەیە، بەمەش ڕۆماننووس درکی بەوە نەکردووە، کە ئەو گەڕاوەتەوە سەردەمێک کە دووسەد ساڵی بە سەردا تێپەڕیوە و، دەبێ زمانەکە گوزارشت لەو کات و سەردەم بکات. لە ڕۆمانەکەدا، بەر دەیان چەمک و دەستەواژە دەکەوین، کە نەک هی ئەو کات نین، بەڵکو هەندێک لەو وشانە، لە دوای هەفتاکانەوە دێنە نێو فەرهەنگی کوردییەوە، وشەکانی ( خامە ، دەفتەر، تۆمارکردن، لە بەر گرتنەوە، ماف، پایەدار، بەو پێیەی، بەرژەوەندی گشتی، وڵات، ڕاوێژ، زیرک، لێهاتوو، چەند دانەیەک، پارەی کاش، دەستدرێژی سێکسی، ڕێسا، هەڵو مەرج، بڕیارێکی چارەنووسساز، واڵا، شکۆ، خوێندکار، نێردە، کەمپ) ئەمانە و گەلێک چەمک و دەستەواژەی دیکەش، گوزارشت لە سەردەم و ڕووداوێکی مێژووی ناکەن. بە بڕوای من، ڕۆماننووس بۆ ئەوەی نەکەوتایە ئەو هەڵانەوە، دەکرا سوود لە زمانی شیعری کلاسیکی کوردی وەرگرێت و تێکهەڵکێشیەک لە نێوان زمانی ئەو کات و ئێستا دروست بکات. هەر یەک لە نالی و حاجی قادر، هاوسەردەمی میرنشینەکە بوونە، کەچی زمانی شیعرە کانییان، تەژییە لە وشە و دەربڕینی عەرەبی و تورکی و فارسی، نەک زمانێکی کوردییانەی پەتی وەک ئەوەی لەو ڕۆمانەدا، لە سەر دەمی میر و دارودەستەکەی گوێبیستی دەبین. لەلایەکی دیکەوە، دەکرێ بپرسین، ئەگەر پاشای گەورە، هێندە کوردییانە بیری کردۆتەوە و دیدگایەکی هێندە نەتەوەیانەی هەبووە، بۆچی بە زمانی عەرەبی لە سەر لوولەی تۆپەکانی نووسیوە؟ دەبێت ئەوە بزانین، هەرگیز دەرفەتێک بۆ بیرکردنەوەی نەتەوەیانە، لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی ئایینی نییە، بە تایبەتیش ئەگەر ئەو دەسەڵاتە، کار بە بنەماکانی خەلافەتی ئیسلامی و سوڵتان و خەلیفەکانەوە بکات و فەتوای مەلایەکی ناپاک، بتوانێت سەرلە بەری دەسەڵات هەڵبگێڕێتەوە. ئیدی ئەو پەسنە مێژوویی و کوردانەی زیاد لە پێویست، ڕۆماننووس داویەتییە پاڵ میرنشینی سۆران و پاشای گەورە، لە ڕاستیدا لە خەیاڵ دەچێت، نەک باسکردنی سەردەمی مێژوویی میرێک، کە کەسە هەرە نزیکەکانی لە پێناو دەسەڵاتی تاکڕەویانەی خۆی کوشتوە. هەڵبەتە زمان ڕەنگدانەوەی بونیادی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگەیە، ئیدی زمان بە پێی گۆڕانکارییەکانی سەردەم پێشدەکەوێت و چەمک و دەستەواژەی کۆن نامێنن وهی نوێ دێنە نێو زمان. با لێرەدا، نموونەیەک باس بکەین، لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بە ئێستاشەوە، بە تایبەتی لە ناوچە خێڵەکی و عەشائیرییەکاندا، کاتێ کچێک پەردەی کچێنی لە دەست دەدات، ناگوترێت لە کچێنییان خست، بەڵکو دەگوترێت ( بێ بنیان کردبوو، یان ئاوسیان کردبوو)، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی زیاتری زمان و کراونەوەی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگە، ئەو وشە زەقە و ناشیرینانە، چیتر لە نێو زمانی کوردیدا، وەک فەرهەنگ بەکار نایەن، بەڵکو دەگوترێت ( لە کچێنییان خست، یان دەستدرێژی کراوەتە سەر) هەردوو دەربڕینەکە، کە بۆ یەک باری بایۆلۆژی کچ بە کاردێن، ئاماژەن لە ڕووی زمانەوە، بۆ دوو قۆناغی ژیاری و کۆمەڵایەتی جیاواز، کە چی لە ڕۆمانی پاشای گەورەدا، ڕۆماننووس درکی بەو جیاوازییە فەرهەنگییانەی زمان نەکردووە. کاتێ ئافرەتێک بە توورەبوونەوە دەچێتە بەردەم پاشا، پێی دەڵێت:( جەنابی پاشا، وامان دەزانی ئەنگۆ ئێمە لە دەست تورکە ستەمکارەکان ڕزگار دەکەن ، بەڵام مخابن لەشکرەکەی جەنابت ، لەوان خراپتر دەجوولێنەوە و هەر دووێنێ دوو جەنگاوەری تۆ، لە کچێنییان خستم. لا 131) دیسانەوە، کاتێ عەلیە کتک، بە هەڵە دەستدرێژی دەکاتە سەر نەسرینە دۆم و وا دەزانێ ژنەکەیەتی و لەگەڵی جووت دەبێت، لە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوەشدا، ڕۆماننووس گەلێک هەڵەی کردووە، کە لە ڕووی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە، بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لەو سەردەم ناکەن. چونکە کاتێ چیڕۆکەکە بە پاشا دەگات، ئەو سووک و ئاسان بە نەسرینە دۆم دەڵێت:(لە ژێر سایەی دەسەڵاتی مندا ئەوەی بە سەرت هاتووە، قەرەبووت دەکەمەوە، بە پاسەوانەکانی خۆشم دەتنێرمەوە لای دایک و باوکت، نەسرین پێکەنی و عەلییە کتکیش لە خۆشیان شاگەشکە بوو، پاشا گوتی کچم نەسرین تۆ بڕۆ عەلی تۆش بمێنەرەوە ، هێشتا نەسرین لە دەرگا ئاوا نابێ فرمێسکەکانی شادی پاشا، لە بەر پێکەنین جۆگەڵە دەبەستن. لا 113) سەرەتا دەبێ ئەو پرسیارە بکەین، ئەگەر کچێک، پەردەی کچێنی لە دەست دا، سووک و ئاسان دەنێردرێتەوە لای دایک و باوکی و پێدەکەنی؟ مەگەر بە ئێستاشەوە، لە کۆمەڵگەی ئێمە، بەو هەموو کرانەوە و پێشکەوتن و هوشیارییەوە، کاتێ کچێک دەستدرێژی دەکرێت سەر، لە داڵدەدانی ژنانیش، هەست بە ئارامی و دڵنیایی دەکات؟ ئیدی نازانم چۆن دووسەد ساڵ لەمەو بەر، پاشا قسەیەکی وەها دەکات؟ ئەمە مانای وایە، پاشای گەورە، بچووکترین شارەزایی لە لایەنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی خۆی نەبووە. دواتر کاتێ کچێک ڕووبەڕووی حاڵەتێکی لەو شێوەیە دەبێتەوە پێدەکەنێت؟ یان شۆک دەبێت و دەتۆقێت؟ لەوە سەیرتریش، پاشا بەو ڕووداوە پێدەکەنێت، کە ئەمەش مانای وایە، هیچ باکی بە ئەتککردن و بێ بەهاکردنی ژن لە ژێر سایەی دەسەڵاتەکەی نەبووە. ئەم جۆرە گێڕانەوەیە، وێناکردنی سەردەمێک و کارەکتەرەکان، لە ڕووی مێژوویی و ڕەهەندی مێژووییانەی زمانەوە، هەڵەی گەورەی تێدایە، چونکە هەر ڕووداوێک، ڕەنگدانەوەی باری سەردەمەکەیە و بە پێی کات و شوێن، ئاستی هوشیاریی و ژیری کەسەکان، لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، ئەگەر پاساوی ڕۆماننووس ئەوە بێت کە نەسرین دۆم بووە و دۆمەکانیش بە چاوێکی نزم لە کۆمەڵگەدا سەیر دەکرێن، ئەوا تێگەیشتنێکی هەڵەیە، چونکە دوا جار نەسرینیش هەر مرۆڤە. بە هەمان شێوە، لە بە سەرهاتی سیامەندی برایمە قوت وگوڵخاتردا، ڕۆماننووس گەرچی ڕووداوێکی کۆنی مێژوویی دەگێڕێتەوە، بەڵام بە زمانی دەربڕین ڕووداوەکە گوزارشت لە ئێستا دەکات، چونکە باس لە وە دەکات کە سیامەند پێشتر (نێردەیەکی مەندوب) ناردۆتە لای حەسەن بەگی باوکی گوڵخاتر کە خۆشەویستی بووە، بە بڕوای من، دەبوو ڕۆماننووس لە بری نێردە ( قاسید) بنووسێت، چونکە نێردە، دەربڕینێکی زمانەوانی زۆر سەردەمیانەیە و بە هیچ شێوەیەک گوزارشتێکی مێژوویی نییە، لە کاتێکدا ڕۆماننووس مێژووی دەسەڵاتێک دەگێڕێتەوە.دیسانەوە کاتێ پاشا پرسیار لە سەیدا دەکات کە بۆچی هاوینان هەر لە شەقڵاوە دەبێت و نایەتەوە خەتێ؟ سەیدا لە وەڵامدا دەڵێ (خوێندکارم زۆرن. لا 207) دەبوو بڵێت فەقێم زۆرن، چونکە سەیدا مەلا بووە. هەر لە میانەی خوێنەوەی ڕۆمانەکەدا، لە پەراوێزی گێڕانەوەی ڕوواوەکانەوە، نووسەری ڕۆمانەکە لەگەڵێک شوێن کەوتۆتە هەڵەوە و ساتمەی مێژوویی بردووە، یاخود هەڵەی گوزارشت و دەربڕینی کردووە، کە لێرەدا ئاماژە بە هەندێکییان دەەین:

  • لە لاپەڕە 17ا ڕۆمانووسس نووسیویەتی:_( ڕێک پایزێکی درەنگی ساڵی 1961 بوو، شەوێکییان لەعلیخانی دایکی سمایل بەگ بە دوای باوکمی دانارد وو گوتی سمایل بەگ کەل و پەلی مێژوویی بە نرخی لە پاش بە جێماون، من هەست دەکەم بە هۆی شەڕێکی نوێوە بارودۆخی کورستان تێکدەچێتەوە) دیارە لێرەدا، مەبەست هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولە، بەڵام ئەگەر بە پێی ئەو گێڕانەوەیە بێت، هێشتا بارودۆخەکە تێکنەچووە، ئەمەش هەڵەیە، چونکە بارودۆخی کوردستان، لە سەرەتای پایزێکی زوو تێکچوو، کە ئەویش سەرەتای مانگی ئەیلول بوو، نەک پایزێکی درەنگ وەک ئەوەی ڕۆماننووس دەیڵێت.
  • لا 21 نووسیویەتی:_( تیشکی مانگە شەو لە سەر لوتکەی چیای هەندرێن هەڵدێ) بێگومان مانگەشە و، ڕووناکی هەیە تیشکی نییە، چونکە مانگ ڕۆژ نییە تا تیشکی هەبێت، بۆیە ڕووناکی یان شەوق جوانتر بوو.
  • لا 91 نووسیویەتی:_(چەند دانەیەکم لەبەر گرتنەوە) بە بڕوای من، نووسینەوە جوانترە لە لەبەر گرتنەوە، چونکە ئەوکات ئامێری کۆپیکرنەوە نەبووە.
    • لا 129 نووسیویەتی:(پاشا بەرە بەیان، دکتۆر ڕۆسی بە گەرمییەوە بەرە و بەغدا بەڕێکردەوە) لێرەدا دکتۆر ڕۆس پاشای جێهێشووە، کەچی لە لاپەڕەی دواتر دەنووسێت:(تا دەرەوەی ئۆردوگای لەشکر، پاشا لەگەل دکتۆر ڕۆس چوو) ئەمەش مانای وایە هێشتا ڕۆس نەرۆیشتوە و بەڕێ نەکراوە.
  • لا 151 نووسیویەتی:_( بەندەش پاشای ئەو ویلایەتە بم) بەڵام ویلایەت، والی هەیە نەک پاشا.
  • لا 168 نووسیویەتی:( کابرا لە ناخی خۆشیەوە حەزی دەکرد ئەو نهێنییەی ئەو دەیزانێ بە هەموو خەڵکی ڕابگەیەنێ) لێرەدا مەبەست لە گفتوگۆی نێوان خۆشبەز و ڕێبوارەکەیە کە لە سپیلک دەگەنە یەکتری. کەچی لاپەڕەیەک دواتر دەنووسێت:( لۆت دەگێڕمەوە، بەڵام بە خوای گەورە سوێندت دەدەم کە نابێ لای کەسی باس بکەی) بێگومان ئەمەش دوو گوزارشتکردنی پێچەوانەی یەکترین.
  • لا 212 نووسیویەتی:_( لەو لاپەڕەیەدا، کاتێ عەلییە پووت، ئەنوەر بەگ دەکوژێت، کە پیاوێکی پیس و چەوسێنەرو خراپ بووە، دەڵێت خەنجەرێکم لە دەندەرانی سینگی داو تەمەنی درێژی بۆ ئێوە بە جێهێشت) ئایا کاتێ مرۆڤێکی خراپ دەمرێت، کەس دەڵێت با تەمەنی درێژی بۆ ئەوانیتر بێت؟
  • لا 223 نووسیویەتی:_( لەگەڵ لەشکری جەنابتان چووە بۆ ئامێدی) بەڵام لە ڕۆمانەکەدا، پاشا چووە بۆ ئاکرێ نەک ئامێدی!
  • لا 255 نووسیویەتی:_( لە نزیکترین گەڕەکەکانی وەرتێ و نزیکترین گوندەکانی شاورێ) نووسەری ڕۆمانەکە، جیاوازی لە نێوان وەرتێ کۆن و نوێ نەکردووە، چونکە کێ دەڵێت وەرتێی کۆنی سەردەمی میرنشینی سۆران، گەڕەکی هەبووە؟ مەبەست لە گەڕەکە، بە مانا مۆدێرنەکەی نەک هەڵدانی ناوی شوێنەکان بە ناوە جوگرافیەکەیان.
    هەڵبەتە، هێشتا زۆر سەرنجم ماون لە بارەی ڕۆمانەکە، وەک ئەوەی ڕۆماننووس زۆر پەسنی ئایینی ئیسلام و سەیداو سەلاحەدینی ئەیوبی دەدات، لە کاتێکدا هەموومان دەزانین کورد بە زەبری شمشێر بووە بە ئیسلام و هاوکات سەلاحەدینی ئەیوبیش، خزمەتی عەرەبەکانی کردووە نەک کورد. هاوکات وێنەیەکی زۆر کۆمێدی و هەمەجیانەی داوەتە پاشا، لە قسەی میللی و خێڵەکی، کەچی بە درێژایی ڕۆمانەکە باس باسی پاشایە. دواجار دەڵێم، میرنشینی سۆران، تەنها ئەو ڕووە جوانەی نییە، کە ڕۆماننووس بە ئارەزووی خۆی دەیەوێت پیشانی بدات، چونکە لە سەردەمی ئەو میرەی کە ئەو زۆر پەسنی داوە، جینۆسایدی ئێزیدیەکان کراوە، کریستانییەکان چەوسێنراونەتەوە، پاشا کەسە هەرە نزیکەکانی خۆی لە پێناو دەسەڵاتی تاکڕەویانە و ویستی شەڕانگێزیانەی خۆی کوشتوون، ئەمە مێژووە نابێ خۆمانی لێ ببوێرین، چونکە مێژوو ئەوەیە کە ڕوویداوە، نەک ئەوەی ئێمە بە ویست و ئارەزووی خۆمان پیشانی دەدەین!

پەراوێز: ڕۆمانی پاشای گەورە، نووسینی : ئارێز عەبدوڵا، ساڵی چاپ 2022.

*ئەم بابەتە لە دوایین ژمارەی گۆڤاری دیوان، ژمارە بیست شوباتی 2023 بڵاوکراوەتەوە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish