Skip to Content

من قەرزاری فەلسەفەم!.. بەشی یەکەم.. ئازاد حەمە

من قەرزاری فەلسەفەم!.. بەشی یەکەم.. ئازاد حەمە

Closed
by ئاب 3, 2021 General, Opinion, Slider


دەستپێک :
بۆیه‌كه‌مجارە سەربوردەی خۆم دەگێڕمەوە، گەدائاسا باس لە قەرزاری فەلسەفیی خۆم دەکەم، ئەوەی چۆن لە هەڕەتی لاوییەوە قەرزێکی زۆری فەلسەفە کەوتە کنم. لەدیدی بەندەوە پەیبردن بەو قەرزە بەرپرسیارییەکی ڕەوشتییە، زۆریش گەرەکمە پەیتا پەیتا تا ماوم بیدەمەوە. بەڵێ باس لە قەرزاری فەلسەفیی خۆم دەکەم، باس لەوەدەکەم فەلسەفە وایلێکردم خۆم بم، باس لە سەرەتاکانی هەژاریی ئاوەزمەندی ئەو دەمانەم دەکەم فەلسەفە هێشتا تووخنم نەکەوتبوو، هێشتا لە سایەدا بووم و سێبەرم تێنەپەڕاندبوو. هەربۆیە هەستی “من قەرزاری فەلسەفەم” دەبێتە زنجیرە ڕاڤەکردنێکی فەلسەفیی، کە لق و پۆپی زۆری لێدەبێتەوە و پەیکەربەندی هزریشی بەجۆرێک دادەڕێژرێت کۆڵینکارییەکان بەرەو ئەو شوێنانە بچن، کە پێویست و تایبەتن، گرنگن بۆ مشت و مڕ و خستنەگەڕی دید و بۆچوونی جیا. لەوێندەرێ فەلسەفە دەهێنرێتەگۆ و ئەرکی جوداوازیشی لێچاوەڕواندەکرێت. هەر لەبەرئەوە لێرەوە داوای پشوودرێژی لە خوێنەرانم دەکەم تا ئەو شوێنەی دەکارم هەل و مەرجی قەرزاری فەلسەفی خۆمیان بۆ دەستنیشانکەم و ئەو تەقەلایانەش، کە بۆ دانەوەی ئەم قەرزە دەیگرمەبەر. چۆن قەرزبدەینەوە، بەتایبەت قەرزی فەلسەفی؟ ئەو پرسیارە خۆی دەکاتە کۆڵەکەی گشت پرسیارەکان و جێ پەنجەی خۆی لەناو گشت پرسیارەکانی ئەو زنجیرە ڕاڤەکردنە دادەنێت لە دواتردا وەسەرەتای دێم. چونکە کرۆکی ئەو قەرزە تێگەیشتن لەسەر گشت ئەوانەش دروستدەکات لە مندا گۆڕان، کە منیان لە بارێکەوە بۆ بارێکی سەرلەبەر جیا برد.
پوختەی ئەوەی لایسەرەوە باسکرا، قەرزاری فەلسەفیی من لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، دوای ئەوەی بە فەلسەفە ئاشنابووم سەرلەبەری ژیانم پشتڕاستبووەوە و فەلسەفەش لە مندا بەری بە زۆر شتی ناڕاست و دزێو گرت. فەلسەفە کۆششێک بوو بۆ بنکۆڵکردن و سڕینەوەی ئەو منەی لە مندا دەیویست چرۆدەرکات، کە منێکی ناپێویست و ناچیزە بوو. ئەوە چ منێکە ژینگەیەک دەیسازێنێت کاری داڕمان و داتەپاندنە. جۆرە دەورووبەرێک خەریک بوو منێک لە مندا دروستبکات بەخۆی لە تەقەلای بنکۆڵکردن و ڕوخاندنی خودی خۆی دایە.
بۆ من ئاسان نەبوو پێش بەریەککەوتنم لەتەک فەلسەفەدا وشەدانی خۆم بناسمەوە، فەلسەفە وەک دەرمانسازی هزریی ببینم، حەکیمانە دیوارێک لە نێوان دوو جیهانی دەرهەست و بەرهەستدا دابنێم. وامدەزانی ڕاستی لە گشت شوێنێکدا هەیە. ئافراندنم لە چێژدا نەدەبینییەوە. پێموابوو سروشتی جوانی لێڵ و نابەرهەستە، هەستئامێزی هزریشم بە وڕێنە دەزانی. فەلسەفە هەنگاوێک بوو بۆ کۆکردنەوەم، بۆ دەربازکردنم لەو پەرتییەی دەورووبەرم پێوەیدەگلاندم. ئاه… چ دەورووبەرێکی نافەلسەفییم هەبوو. ئەگەرنا پەرتی و گه‌ڕیده‌یی لە فەلسەفەدا تامێکی تریان هەیە و تەقەلان بۆ وتنی نەوترای تەلیسماویی.
پوختەی هەموو ئەوەی تا ئێرە باسکرا، کۆڵەکەی گشتی ئەو زنجیرە باسە پێکدێنن لەژێر ناوی “”من قەرزاری فەلسەفە”” م دەنوسرێت، کە لە خودی خۆیدا ئەو تێگەیشتنە خودییانەن نوسەرەکەی هەڵگریەتی و وەڵامی جیاواز بە پرسی بیرکردنەوە و بەرپرسیاریەتی و سروشتی جیهان دەدەنەوە. ئەگەرچی ئێستاشی ڕالەگەڵدا بێت گومان دەکەم ئەو ئەرکە فەلسەفییەم پێڕاپه‌رێنرێ لە فەلسەفەدا پەنهانە.

ئیدی فەلسەفە بووە چراوکی بەردەوامی من

بە پوختی و بەرلەهەر شتێک دەخوازم هێما بۆ ئەوە بکەم، لەو دەمەوەی بەریەککەوتنم لەتەک فەلسەفەڕا پەیداکردووە پێمەوەلکانی فەلسەفە پایانی نییە و جێگەوپێگەی فەلسەفەش لە خەمڵاندنی بیرکردنەوەی مندا بە ووردی درکی پێدەکرێت. وێجا فەلسەفە هەر زوو بووە خاڵی وەرچەرخاندنی ژیانم. وایلێکردم وردبینانە تر بڕوانم و تامەزرۆی ژیانیش بم، ژیانگەلێک، کە لەوەوبەر تامم نەکردووە. ژیانێک، کە ناهاوشێوەی ئەو ژیانە بوو لێرە و لەوێ بە تۆپزی بەڕێمدەکرد. هەر لەو دەمەوە شاكارە ناوازەكانی بیریارە مەزنەکان منیان تا بینەقاقا قەرزاری خۆیان کرد. بەڵێ تا بینەقاقا ڕۆچوونە ناومەوە. ناوەوەم، ئەم ئێستا هه‌وارگه‌ی هزرانە، پڕە لە شادی، ئارامی و هەستی بەرپرسیاریەتیش تیاما بێوچان چرۆدەکەن. ئێستاشی لەگەڵدابێت مێژووی فەلسەفە بۆ بەندە داگیرکارە و بەشێکی ڕوناکیبیریشم پێکدێنێت. لەمبەینەدا فەلسەفە ئەوەی دامێ، کە ژیانی سادەی ڕۆژانە پێینەدابووم. ڕۆژانە بینیم فەلسەفە، بێ سڵەمینەوە، لەناوما بێ ڕکابەر دێت و دەچێت. لەوێوە پەلەکێشی نێو ڕووبەرێکی هزریی بێ تخووب و واڵای کردم. لەو دەمەوە عەوداڵی مانا و حاڵیبوون لە شتەکانی دەورووبەرم بووم. ئەمە وایکرد زۆری پێنەچێت فەلسەفە گشت کونوکەلەبەرەکانی ژیانم بتەنێتەوە.
گرێگەلێکی زۆر هەبوون مناڵی و هەرزەکاریم تیاما سازاندوبوویان، فەلسەفە لەسەرەخۆ لەسەر چۆنیەتی كردنەوەی گرێ كوێرەكان ڕایهێنام. ئەمە هۆکاربوو ووردە ووردە فەلسەفە سەرسامبوونم تیا دروستکات. سەرسامبوونەکان فەلسەفەسازییان تیاڕسکانم و پاشماوەكانی فەلسەفەش تیاما زوو زوو زەنگیان لێدەدا تا لەوە بەئاگامبهێننەوە ترسناک و هێرشبەری سەر بوونمە. ئەو دیاردانەش، کە دەستیان لێدەوەشاندم تارماییەكانی فەلسەفە، کە بەسەر منەوە دنیابینیینی نوێیان پێدەبەخشیم، نەیاندە‌هێشت سامناکی بخەنە ژیانمەوە.
بیرمەندە فەرەنسییەکان هەر زوو، لە هەڕەتی لاویی و سەرکەشی خۆمدا، جێی سەرنجڕاكێشانم بوون. فەلسەفەیان لە مندا تا ئەوپەڕی بەخێوکرد. بەهۆی ئەوانەوە لەوە تێگەیشتم، لەگەڵ فەلسەفەژیان تا ئەوپەڕی ژیان تا کەناری مردن لەگەڵت دێت. کە فەلسەفەش لەگەڵت بوو تەنیا نابیت و لە ناو دڵشكاوی ژیان سەرگەردان نابیت، یان دڵشكاوی بۆ ماوەیەکی زۆر کورت لاتدەمێنێتەوە. بیریارەکان بەو گریمانەیان گەیاندم، ژیانی مرۆڤەکان، بگرە کولتووریشیان، بێ فەلسەفە لاسەنگ دەبێت. فەلسەفە پارسەنگی خودیی مرۆڤ دەپارێزێت. وەک هێزێک لەناوەوەی ئەم خودە خەریکی ئامادەسازییە. ئەوەشیان حاڵیکردم پێویستم بەوەیە لەتەک فەلسەفەدا پشوودرێژ بم. فەلسەفە زەفەربەرە و دێتیشە ناوی ناوەوەی مرۆڤەوە. دێتە ژووری ژوورەوەی ناخ. فەلسەفە لەوێندەرێ بە ئاسپایی و زۆر لەسەرەخۆ باروبارگەی دادەنێت و دەستدەکات بە کردنەوەی بەر و بوخچەی خۆی.
بەریەکەوتن لەتەک فەلسەفە سەرەتای بارگەتێکنان بوو بەرەو هەوارێکی تر. هەوارێکی زیدە نوی. هەوارە ڕاستەقینەکەی مرۆڤ، کە ئەوەش بریتییە لە بیرکرنەوەی قوڵ و تێڕامانی زۆر و بەردەوام. بەمە فەلسەفە بووە بارەکۆڵی سەرەکی و بەردەوامی بەندە. بۆ هەر کوێ دەچووم ئەم بارە بە کۆڵمەوە بوو. ئەم کۆڵکێشانە بۆ من بووە سەرەتایەکی تازە بۆ تێگەیشتن لە مانای ژیانی خۆم و خۆسازانیشم لەگەڵ کرداری بیرکردنەوەدا. لەو دەمەوە فەلسەفە ئەو کۆڵە بوو شانمخستەژێری. کۆڵکێشانەکەم ئەوەی بۆمەیسەرکردم لە پەنای فەلسەفەدا بحەوێمەوە و پشوویەکبەم. بەمە فەلسەفە لە مندا بارێکی زۆری بەست. بارەکەم دید و تێڕامانی تیۆریزەكارە فەلسەفییەکان بوو، کە بوونە مەشخەڵی هەمیشەی ڕێگاکانم. هەر لەو دەمەوە بە کۆڵباری خۆم ئاشنابووم و لە کوێ ویستم بارگەم خست. ئالێرەوە خۆدۆزینەوە دەستیپێکرد. دۆزینەوە بەو مانایەی واڵنشتاین بەکاریدەبات، داهێنان نەک بەدەستهێنان(1).

قەرزاری فەلسەفیی قەرزارییەکی بووناوییە

دەمێکە قەرزاری فەلسەفەم. قەرزی وا بە ئاسانی نادرێتەوە. ئەم جۆرە قەرزە بڕانەوەی نییە و بە سانایی لەکۆڵمنابێتەوە. چ بانکێک ئەم ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ؟ ئەرکی دانی قەرزی فەلسەفی و وەرگرتنەوەی؟ مەگەر زۆر نیین ئەوانەی ئەم جۆرە قەرزەیان لە کنە؟ بی ئەندازە زۆرن ئەوانەی قەرزەکانیان خستۆتەگەڕ و دەرامەتێکی گەورەشیان بۆ مرۆڤایەتی مەیسەرکردووە تا ئەم جۆرە قەرزە شیاو بێت. بێ سڵەمینەوە دەڵێین، هزرمەند و فەیلەسوفەکان “گرووپی بانکی جیھانی” ئەم جۆرە قەرزە پێکدێنن. نەختی ئەم گرووپە داناییە، دراوەکەی گڵوباڵە و وەبەرهێنانیشی لە گشت کولتوور و شارستانییەکان دا بەردەوام کاری خۆی دەکات. شایانی وتنیشە، فەلسەفە دراوێکە بەردەوام لە گشت کاتەکاندا بەکارمانبردووە. دراوی لەم جۆرە لە ژیاندا بێوچان دێتە بەکاربردن.
ڕەوشت، لە ئەم ئێستادا و لەژێر زەبری تەکنەلۆژیای زانیاری، گەیشتووەتە بنبەست بۆیە فەلسەفە لە گشت کاتێ پتر پیویستە. تا ئەندازەیەکی زۆر گشت کولتوورەکان لەسەر ئەوە کۆکن فەلسەفە جێپەنجەی خۆی لەناو ژیانی ڕەوشتیمان داناوە، لێ داوای گۆڕانی گەورەتر و ڕیشەیی تر لە فەلسەفە دەکرێت. کارەساتبارە مرۆڤەکان لەژێر فشاری تەنیایی، دڵشکاوی و بێمتمانەیی پەنا بۆ زانیارییەکانی ناو سۆسیال میدیای هاوچەرخ ببەن. لە کاتێکدا ئەم میدیایە بەتەواوەتی پشتی لە فەلسەفە کردووە و مرۆڤی سەردەمیشی دووچاری گیرۆدەبوونێکی نوێ کردووە، کە زێدەڕۆیی و پووچییە.

فەلسەفە شوێنێک بۆ دڵنه‌وایم، سەرەتای گەڕیدەییم

ئەوە ڕێکەوت بوو فەلسەفەی بۆ دۆزیمەوە، منی توڕهەڵدایە ئامێزی گەرمی فەلسەفەوە. هەر لەیەکەم ژوانم لەتەک فەلسەفەدا جوانكیلەیێکم لە فەلسەفەدا بەدیکرد. ئەو دەمەی من و فەلسەفە لە شوێنێکدا (کە دواتر دێمەوە سەری) پێکگەیشتن لەوە حاڵیبووم پێویستە لە شتێك پشكنین بکەم زانینم لەبارەیەوە هیچە. شوێنی ژوانی ئێمە بووە شوێنێک بۆ پەیپێبردن. بۆیە بێ چەند و چۆن دەڵێم، ئەوە فەلسەفە بوو منی خستە بەردەم زۆرێک وەڵامی سەیرەوە. پێشتر وەڵام لە کن بەندە وەڕەس و دەستەمۆبوو، لێڵ و ناروون بوو.
فەلسەفە بوارێکی دڵخوازی مرۆڤایەتییە، چەقی زانینەکانە. بوارە دڵخوازەکەی گشت کولتوورەکانیشە. فەلسەفە دەتکاتە کۆچەر. گەڕیدەئاسا ئۆقرەت لێدەبڕێت. تەنیا گەڕۆک و ئاوارەکان لە مانای داڵدە دەگەن. ئەوە گەڕندەکانن بێ شوێن و زێدن، ئەوانن لە پەناگا و داڵدە حاڵیین. کاتێک فەلسەفە دەبێتە پەناگا، شوێنێک بۆ حەوانەوە دروستدەبێت، لەوێوە لێدانی دڵی ژیان دەستپێدەکات. ئەمانەش دەمانباتەوە نێو لێکئاڵانی ژینگە بە فەلسەفەوە.
من لە شاری کەرکوک لەدایکبوم، لە گەڕەکێکی ناسراوی ئەو شارە (ئاخور حوسێن لە حەسیرەکە). ئەوێ پڕبوو لە ماتریاڵەکانی فەلسەفە. ئەو گەڕەک و دەڤەرە شانۆیەک بوو ڕۆڵی زۆری پێبەخشیم. فەلسەفە پێویستی بەو شانۆیە بوو. ئیدی فەلسەفە لەناوما هات و چوو، دەڤەری ناوبراو بووە هەوێنی فەلسەفە، ڕۆژانە تیامدا بیرکردنەوە چرۆیدەکرد. چەمکسازی فەلسەفیی خۆم لەو دەڤەرەوە هێنا. فەلسەفەکاری لە مندا زارۆکی ئەوێندەرێیە. ئیدی لەسەرەخۆ، مەینەتییەکان فەلسەفەسازییان فێرکردم. سەرلەبەری ژیانمیان یەکسانکرد بە سۆراغ. بەواتایەکی دی، دەڤەر و زێد لێكه‌وته‌ى جیاوازى هه‌یه‌. سەرسوڕمان و حاڵینەبوونە ڕاستەقیینەکانیش لەوێ لەدایکدەبن.
وێڕای ئه‌وه‌، کۆچەریی و بێدەرەتانیی لەگەڵ فەلسەفە فۆڕمی تر وەردەگرن. بەشێک لە فۆڕمەکانی خوگرتن و ڕاهاتنە لەسەر دڕدۆنگ و دوودڵی و گومان. ڕەنگە بەشێکی تری مەیلبێت بۆ بەسۆراغداچوون و پشکنین. چونکە فەلسەفە پڕ پڕە لە عەوداڵبوون و بەدواداگەڕان، پەیبردن بە پەیپێنەبراو و بینینی نەبینراو. ئه‌مه‌ش واده‌كات پێشهاتى نوێ بێته‌ پێشه‌وه‌، ژیان شتی تری تێدەکەوێت. بوونی کۆمەڵایەتییش دەستکاریدەکرێت و وێڵی ئاقاری دی دەبێت.
فەلسەفە منی لە گرفتاربوونەکانم دەربازکرد، لێ خستمییەناو گرفتاربوونی نوێووە. گرفتاربوونی من بەدەست فەلسەفەوە گرفتاربوون بوو لە جۆرێکی تر. گرفتاربوون بوو بەدەست بیرکردنەوەوە، مشتومڕ و سۆراغەکانەوە. لە هەوارگەی فەلسەفەدا گرفتابوون تامێکی تری هەیە. چێژێکی بووناوی هەیە، کە مانا بە بوون دەدات. بەمە فەلسەفە بێمنەتیکردم ، نەک هەر ئەوە بگرە فەلسەفە وایلێکردم هەست بە بوونی سەرمایەیەکی مەعنەوی لە خۆمدا بکەم. زۆرجار لەبەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەدا بوومە، لێ فەلسەفە وزەی پێبەخشیوم و لە وێرانبوون پاراستوومی.
قۆرخكاری بۆ گەیاندن بە پلەی حاڵیببون، گڕگرتن لە هەناوی فەلسەفەدا ئامادەیە، لێ ئامانجی سەرەکی لەوە گەیشتنە بە ڕاستی. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی لە فەلسەفەدا ڕووشكێنی زۆرە. فەلسەفە دەکارێت پێمانبڵێت بەرەو چی و کوێ دەڕۆین، لێ فەلسەفە دەجال (فێڵباز) نییە و کاری هەمیشەیی سەرزەنشتکردنی بەدی و بێدادییە.

پێش ئەوەی ڕێکەوتی فەلسەفە بکەم لە غەفڵەتدا دەژیام

بەڵی، پێش ئەوەی ڕێکەوتی فەلسەفە بکەم لە غەفڵەتدا دەژیام. لە سۆراغی ئەو شتەدا بووم بێ تام و بێ ناواخنە. مشتومڕی زۆر تووندم لەسەر بی ماناترین شت دەکرد. لەسەر ئەوە دەوەستام شایانی ئاوڕلێدانەوە نەبوو. وامدەزانی گشت بوونم ئەو نەختە شتە ناچیزەیەیە، من خۆمم لەسەری ڕاهێناوە. سەیربوو لە بێدەرەتانی، مەینەتی، ئاوارەیی، نسکۆ و چەندین واتا و چەمکی دی تێنەدەگەیشتم. پێموابوو ئەو واتا و چەمکانە دیوی تریان نییە و لە ئەزەلەوە بەو جۆرەن. ئەفسوس، زوو زوو دەستەمۆدەبووم بە شتێکی بچووک، دەرەتان و دەرەچەم لە شتی بێ ناواخندا دەبینییەوە. بەردەوام خۆم لەناو پەرشوبڵاویی و هەڕەمەکیدا دەدۆزییەوە. پێموابوو دڕدۆنگ، دوودڵی و گومان ترسناکن. تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم و بیرمبێت شتکانم وەک خۆی دەبینی، نەمدەزانی هەر ئەو شتانە بزاڤ، ئاقار و ڕەوتی تریشیان هەیە. ناحاڵیبوونم لەناو ناحاڵیبووندا دەبینییەوە. لێدەگەڕام ناحاڵیبوون یەکلاینەکرێتەوە. نەمدەپرسی بۆ ئەمە نا ئەوەیتر دەبێتە بەها؟ نەمدەزانی لە دەرئەنجامی پەیوەندی نێوان بەهاکانەوە ئەوە ڕوودەدات(2). تەنانەت ئەوەش، کە خوێندنەوەی دەقێکی فەلسەفیم پێ وانەبوو ئەوە ڕاڤەکردنەکەشیبێت(3). بە کورتی سپی بیرمدەکردەوە سپی. سپییەکی بێزارکەر. بێ چێژ و بێ بۆن. سپییەکی بەتاڵ، بەدەر لە مانا و ڕاڤە. سپییەکی کەمتەمەن و ئٶقرەگرتوو.

خوا ئەو نەتەوانە بەختەوەردەکات، دەیانكات بە خاوەنی فەیلەسوف

هزرمەندی فەرەنسی دێکارت پێیوایە، خوا ئەو وڵاتانە بەختەوەردەكات، دەیانكات بە خاوەنی فەیلەسوف. نەتەوەکان لە خۆڕا نابنە خاوەنی فەیلەسوف. بە فەیلەسوفبوونیش شتێکی پلانبۆداڕێژراو نییە. خودی فەلسەفەش لە خۆڕا نەهاتووەتەدونیاوە. ئەو ڕێکەوتەی لە پشت فەلسەفەوە بووە پێویست و تایبەتبووە. بۆئەوەی فەلسەفە هەبێت بیرکردنەوەی مرۆڤەکان ناکرێت دووبارە بێت. خودی فەلسەفە کردەیەکە لە بیرکردنەوەی نادووبارە و جیا. فەلسەفە جیایە، بەرهەمی جیاوازیەکانە، بێئۆقرە و فرە ڕەنگە.
فەلسەفە لە زیاد لە گۆشەیەكەوە دێتە ناو ژیانمانەوە، هونەر، زانست، سیاسەت تادەگاتە هاوڕێیەتی و ئەڤینداری. ئەمەش ڕوانگەمان دەگۆڕێت. ڕوانگە گۆڕین کارێکی دژوار و ناسانایە، لێ فەلسەفە لە مێژەوە ئیشی بۆکردووە و مرۆڤایەتیش لەوە سودمەند بووە. بۆیە جێگای سەرنجمە بڵێم، چنینی هزری فەلسەفیی بەرهەمی زۆر بیرکردنەوەی قوڵ و تێڕامانە.
سوكرات پێیان وابووە فەلسەفەكردن مادەیەكە لە پاكسازی (خاوێنكردنەوە) Purgation و بەپێی قاموسی وێبستەر Webster یش بێت، فەلسەفە جۆرێكە لە پاكسازی ڕوناكبیریی (4). هەمیشە سوكرات لەو باوەڕەدا بووە، فەلسەفەكردن لە چوار شت ئازادمان دەكات : 1 : لە غرور ، بەتایبەت غروری بیركردنەوە؛ بیرکردنەوە لەوەی دەزانین، کە چی نازانین، 2 : لە پەرێشانی، كە بەرهەمی بێ مانای، ناڕوونی و گومڕاییە، 3 : لە ترسی بێ بیانوو، بۆنموونە بیانووی ترس لە مەرگ، 4 : لە سۆزی زیانبەخش، بۆنموونە، سۆزی چێژ، خاوەنداریەتی، هێز و شوهرەت. سوكرات وای بۆ دەچێت ئەم شتانە تۆێكلی ڕۆح ،وەك قووڕ، دادەپۆشن و ناهێڵن ڕوناكی ڕاستی و باشەی پێبگات (5). كەوابێت، لای سوكرات فەلسەفەكردن بۆ پاككردنەوەی ڕۆحە لەم ڕێگرانە. ئەو چوار شتەی سوكرات ئاماژەی پێدەكات ڕۆح پیسكەرن، ڕۆحیش پاش پیسبوونی پێویستی بە خۆپاقژکردنەوەیە. بۆ ئەوەی ڕۆح خۆی لەو پیساییانە پاقژبكاتەوە فەلسەفەكردن دێتەکایەوە. ئەو چوار دیاردەیەی سوكرات باسی لێوەدەكات گوشار دەخەنە سەر ڕۆح و ناهێڵن كاری خۆی بە پاكی بكات. بیرۆكەكەی سوكرات لێرەدا خۆی لەوە پوختدەكاتەوە، فەلسەفە كار لەسەر ڕۆح خاوێنكردنەوە دەكات، بەڵام ئێمەی مرۆڤ، كە هەمیشە ترسی مەرگ دەمانتۆقێنێت هیچ تێگەیشتنێکمان بۆ ئەم ترسە نییە، ئەمەش وادەكات ڕۆحمان بەدەم ئەم ترسەوە پیس بێت. ئەو دەمەش مەیلی شەهوەت و هێز و خۆشیەكان دەكەین ڕۆحمان پریشكی ئەم مەیلەی بەردەكەوێت و پیس دەبێت، یان كە خۆمان هەمیشە لە ناڕوونی و بەدحاڵییدا دەبینینەوە دووچاری بەهەڵەتێگەیشتن دەبین و ڕۆحمان لەكەداردەكەین، وێرای ئەوە، ئەو فیزە زۆر و لووتبەرزییە گەورەیەی تیاماندایە دیسانەوە ڕۆحمان شەكەت و ناشرین دەكات. بەم جۆرە، پێویستە هەموو ئەمانە لە ڕۆح دورخرێنەوە و ڕۆحیش خاوێن و پاك بمێنێتەوە تا هەست بەبوونی خۆی بكات. بۆئەوەی ئەمەش ڕووبدات پێویستمان بە فەلسەفە دەبێت.
بایەخدان بە فەلسەفە دەكرێت لە شێوەی ئەو بایەخپێدانە بێت، خوێندكارێكی فەلسەفە دەیدات بە مادەی فەلسەفە، تا دەگاتە ئەوەی ئەم خوێندکارە دەبێت بە پسپۆر لە فەلسەفەدا. هەشە بایەخپێدانەكەی بە فەلسەفە وەك بوارێكی لۆژیكی و تێڕامانئامێزانە خۆی بەرجەستەدەكات و دەبێتە هەنگاوێكیش بۆ تێگەیشتن لە جیهان و بوونی. مرۆڤ لەڕێگای فەلسەفەوە جیهان دروستناكات، لێكدانەوە بۆ جیهان دەكات، لێ دواتر فەلسەفە ئەمەی پێكەم بوو و پێیباشتربوو جیهان بگۆڕێت. بەشداری فەلسەفە لە گۆڕینی جیهان بووە داوا گەورەكە لە سەدەی 18 بەولاوە. ئەمەش بەواتای باشكردنی گوزەرانی خەڵك دێت. دەستكاریكردنی دۆزی تاك و كۆمەڵگە، بەڵام هیچ كات ئەوەمان بیرنەچێت فەلسەفە بریتییە لە سێستەمێكی ئاگایی دیاریكراو، كە تایبەتمەندی و پەیكەربەندی خۆی هەیە.
پوختەی گشت ئەوەی لای سەرەوە ترا، گۆڕینی شوێنی فەلسەفە لە بیركردنەوەی كولتووریمان گۆڕینی تێگەیشتمانە بۆ خودی خۆمان. بەم گۆڕینە فەلسەفە دێتەناو ژیانمان. فەلسەفە لەگەڵ ژیاندا یەكدەگرێتەوە. لێرەوە فەلسەفە لەوە دەكەوێت تەنیا بریتی بێت لە قوتابخانە و بزاڤ و بیروبۆچوونی بیریاران. واتە ژیانمان فەلسەفی بێت. كاتێک ژیانمان ئەوە بوو زۆرتر لە خودی خۆمان نزیكدەبینەوە تا ئەوەیتر. تێگەیشتن و تێڕامان لە خودی خۆمان دەروازەی فەلسەفەكردنەكانمانیشە بۆ گۆڕینی بینینمان سەبارەت بەو گرفت و پەشێوەییە ڕۆژانەییانەی تیای دەژین.
فەلسەفە لە مێژووی خۆیدا ڕووبەڕووی وڕێنە، هەڵە و بەدییەكان بوەتەوە، گشت ئەوانەش ویستویانە خۆیان وەك تێڕامانی فەلسەفی، یان دانایی نمایشبكەن. بۆئەوەی فەلسەفە بكارێت فەلسەفە لە نافەلسەفە، فەلسەفە لە زۆر وتن جیابكاتەوە پێویستی بەوە دەبێت لە تەقەلا شیکارییەکانی نەوەستێت. لەم بارەیەشەوە تەگەرە و ئاستەنگی بۆهاتۆتەپێش. ململانێی فەلسەفە لەتەك بیری ناڕاست و خورافی تادەگاتە بیری نەزۆك و مردارەوە بوو بەسەرهات و چیرۆكی زۆری لێبووەتەوە و بیری بیریارانیش لە دەرئەنجامی ئەو ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوانە نەشونمای زۆری كردووە.

لە بەشەکانی دواتردا

لە بەشەکانی دواتردا پەیتا پەیتا ڕۆدەچمە نێو داڵانەکانی قەرزارییەکانم بە فەلسەفە و ئەو بەرپرسیارییەتانەش بەسەردەکەمەوە بە هۆی ئەم قەرزوەرگرتنەوەیەوە هاتووەتەسەرم. لەوێڕا دیدار و ئامادەبوونم لە سمینارە سەرسامکەرەکانی بیرمەندە گەورەکان (دێریدا، ئاگامبێن، بادیۆ، ڕانسیێر، نیگری، ژان-لۆک نانسی، ژیژێک، ئێتیان بالیبار Étienne Balibar و……) بەنموونە دێنمەوە. بەهۆی ئەوەوە دانیشبەوەدادێنم، بینین و گوێبیستنی هزرەڤانە مەزنەکان چ ویستێکی فەلسەفی و چ هیوایەکی بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی تێفکرین پێبەخشیم. هاوکات ئاوڕ لەو جۆرە باس و خواسانەش دەدەمەوە بۆ خۆم و بۆ ئێستای فەلسەفە، لەو ژینگەی لێیدەژیم، پێویست و گرنگن، لەوانە: کاردانەوەی سەردەمی ڕۆشنگەری، لە هەڕەتی لاویم، بەسەر سەرەتای بیرکردنەوەی فەلسەفییمەوە، ئەوەی مۆدێرنە گشت شتێک نییە، ئەوەش کە ساڵانێک پەلەکێشی نێو گفتوگۆی پۆستمۆدێرنە و پاشبنەماخوازی کردم. لە هەموو ئەو شوێنانەش کە دێمەگۆ، باسی ئالوودەبوونم (گیرۆدەبوونم) بە فەلسەفەوە کۆڵەگەی تێکڕای وتنەکانم پێکدێنێت،، ئەوەش، کە چۆن فەلسەفە لە ئێستادا گێچەڵ بە دەروونناسی دەکات، چونکە شتێکی ئەوتۆی بۆ وتن پێ نییە، باسێکی گەرمی منن. هەر فەلسەفەش بوو فێریکردم شکۆداری بیرکردنەوە شایانی پاراستنە، یان فەلسەفە نەبایە ئێستام بەشێک بوو لە هیچی. هاوکات فەلسەفە فێریکردم حەکیمانە ڕەفتاربکەم، لە واتای ترس و تەنیایی و بێزاریی، لە چییەتی هاوڕێیەتی، حاڵیبم، دیسانەوە هەر فەلسەفە حاڵیکردم کوردایەتی لە مەترسیدایە، پەرواێزخراوەکان، لە هەرکوێدابن، هەوێنی فەلسەفەن، دەستکاریکردنی ژیانی پرایڤتی ئەوەی دی نابەجێیە، ڕق لە فەلسەفەش ناساغییە.

سەرئەنجام:
بەڵێ من قەرزارێكی زۆری فەلسەفەم. بۆ بەندە ئەوە هەمیشە پرسیارێکی نەبڕاوە بوو چۆن قەرزە فەلسەفییەكانم بدەمەوە؟ قەرزاری من لەوبارەیەوە دیرۆکی خۆی هەیە. قەرزارییە ڕەوشتی و ڕۆحییەکانم بەشیکن لەو قەرزە. ئەوەش، کە چۆن فەلسەفە فێریکردم بەختەوەری بناسم شتێکی کەم نەبوو. دانەوەی قەرز، قەرزی لەم شێوەیە سانا نییە. قەرزی فەلسەفی قەرزی ئابووری نییە. لەمیانەی ئەو قەرزەشەوە پرسیاری فەلسەفە بۆلەمەودوا چیپێدەكرێت؟ لە کن من زوو زوو دەهاتەسازان. تێگەیشتم ئەم پرسیارە تەنێ لە ڕێگای بەشداریپێکردنی فەلسەفەوە وەڵامی خۆی چنگدەکەوێت، هاوکات دەتوانرێت کارێواشبکرێت فەلسەفە زۆرێک شتی پێبکرێت.
قەرزی فەلسەفی من لەو كاتەوە دەستپێدەكات، كە بیركردنەوەم گۆڕا. بیركردنەوەم بۆ دیاردەكانی ناو بوون، دەوروبەرم وەك خۆی نەمایەوە. ئێستا وەك پێشتر، پێش ئاشنابوونم بە فەلسەفە، بیرناكەمەوە. فەلسەفە فێری بیركردنەوەی كردم، بیركردنەوە لە جۆر و ئاستێکی تر. بیركردنەوەیەك، کە فێری وەستانی کردم لەسەر شتەكان. فێری ئەوەی کردم خێرا نەڕۆم بەسەر شتەكاندا و شپرزە و پەرشوبڵاو بیرنەكەمەوە. بە کورتی فەلسەفە والێکردم خۆمبم.

ئازاد حەمە

———————————————-

رفڕێنسەکان
1.Sven-Olov Wallenstein. Uppfinnandet av estetiken. TFL 2008:3-4. s. 62. Stockholm.
2.Torbjörn Tännsjö. Värdegrundens vara eller icke vara. Nordisk Tidskrift för Allmän Didaktik. Vol. 2, No. 1, november 2016, s. 71 . Stockholm.
3.Hans Ruin. Kommentar till Heideggers varat och tiden. Södertörns högskola 2005, s. 5. Stockholm.
4.Richard E. Creel. Thinking Philosophically: An Introduction to Critical Reflection and Rational Dialogue , p.25.
Ibid..5

Previous
Next
Kurdish