Skip to Content

نامەیەکی خۆشەویستی لە منەوە … چرۆ زەند

نامەیەکی خۆشەویستی لە منەوە … چرۆ زەند

Closed
by نیسان 9, 2018 General

ئيوارەیە کاتی خۆر ئاوابوون، ئەو کاتەی کە دەمەوی بگەڕێمەوە بەرەو ماڵ، بۆ کاتی منداڵیم بۆ مەڵکەندی. بۆ زێدی تۆ.
ئيوارەیە کاتی خۆر ئاوا بوون، لێرە بەفرهۆن هۆن دەبارێ، لای تۆ تاوە،
لەم خۆرئاوابونەدا، وەک باڵندەی سەرو ژوور، سەروخوار شەیدای فرینم لە کوێستانێکی سارد بۆ خۆرهەڵات،
بۆ زێدی تۆ، بۆ سەرەتایی شارستانیەت، بۆ مێتۆپۆسامیا ، بۆ نیشتمان، بۆ خۆشەویستی خاك و گەل کە لە تۆ فيربووم.
لە خەیاڵمدا، دەگەمە بەر دەرگا، دڵم خۆشه‌ تۆ بەروە پیرم دێیت و باوەشێکی گەرمی خۆشەویستیم بۆ دەکەیتەوە.
من له‌م دڵ خۆشیه‌دا سەما ده‌كه‌م. ، بەسەماوە دەچمە بەردەرگای ژوورەکەت، پاش تاوێ دەبینم،
کلێتەکەت، ڕه‌مزی خه‌باتی حه‌فتاساله‌ت، لە چوارچێوەیکی شوشەدا هەڵواسراوە،
جلوبەرگی کوردی لەگەڵ مەدالیا زێری ڕێزلێنانت لە چوارچێوەیەکی تردا داندراوە،
بەبێ جوڵە، چوارچێوەکان هه‌ڵواسراوون،
دایکم ڕەش پۆشە. ماڵ خامۆشە، یەکەم نەورۆزمە بە بێ تۆ. من لە سەما دەوەستم دەبی بڕۆم بۆ دیدی تۆ.
دەڕۆم بەرەو دەرکی سەرا، بۆ گردی سەیوان ئەو گردەی کە تەرمەکەت بەخاک سپيرا. لە ڕێگا لەگەڵ خۆم دەدوێم،
ئەگەڕێمەوە بۆ ڕابردوو، ئەو کاتەی بە پیادە ڕەو پێکەوە دەرۆیشتین، هەمیشە تۆ خێرا تر بووی له‌من ، پاش ڕاکردنێکی پەلە پێت دەگەیشتم.
بابە ئەی تاکە خۆشەویستی ژینم، نزیکترین هاوڕیم، مامۆستاکەم، بەندی دڵم، کە خۆشه‌ویستی تۆ فێری كردم، زانیاری پێبه‌خشیم، ڕه‌های كردم تا لە دڵ و هزری مندا نیشتەجێ بووی
پيم بڵي چۆن تۆ لەبیرکەم؟
Kleta
کە دەڕوانمە ئاوينە، خۆم دەبینم، خوێنی تۆ بە شادەماری مندا دەڕوا،
تەنها خاڵيکی جوانی کە یەزادن پي بەخشی لە جەستەدا، بەخشیت بە من،
کاتێ ناوەکەم دەنووسم ناوی تۆ دواناو و ناسنامەمە.
کاتێ کە نەم دەتوانی بدوێم لەوەی کە لەهزمدایە، پێنووست دامی تا بیرۆکەمەم کاکڵە بێت هەستی خۆم بە نووسین دەرببڕم. له‌ به‌تانی گشت ڕۆژێكدا به‌ سروودی نیشتمانی به‌ ده‌نگێكی وه‌ك بولبول به‌ خۆشه‌كه‌ی خۆت به‌خه‌به‌ر ده‌هاتم.
کاتی کەوتنم پاڵپشتم بووی، لە سەرکەوتندا هاندەرم بوویت. بەرایی نووسەری یەکەم پەڕتووکم، وەرگێری یەکەم کورتە چیرۆکم هەر تۆ بوویت. دوا وێنەمان، دوا ڕاوێژ و دوا وتە و ئامۆژگاریت گشتی لە دڵمدا نەخشاوە.
پيم بڵێ چ خۆشەویستیەك دەگاتە خۆشەویستی تۆ، دەمەوێ لەو خۆشەویستیە مەزنە دەگمەنەدا بژیم،
بە هیوایەک کە من و تۆ لە جیهانێکی تر دوور لە مەی کەتیا ژیاین یەکتر ببینینەوە،
تابتوانم بەشی لەو خۆشەویستیەی تۆ پيت بەخشیم، پێت بدەمەوە. بەم ڕستەیە دە ست پێده‌كه‌م “نامەیەکی خۆشەویستی لە منەوە”

كچت: چرۆ

نەورۆزی ٢٠١٨
تۆرۆنتۆ، كه‌نه‌دا
zandchro@hotmail.com

Previous
Next
Kurdish