مجروم… شاعیر و فه‌رمانبه‌ر و پیشه‌زان… یاسین برایم
زۆر جار ده‌وترێت كورد شاعیری زۆرن، ڕه‌نگه دیوێكی ئه‌م قسه‌یه ڕاست بێت ، جێگای شانازییه ، كاروانی خوێنده‌واریی و زانست و رۆشنبیری و ئه‌ده‌ب له سه‌ر ده‌ستی شاعیران و زانا و مه‌لا و شێخه‌كان ده‌ستی پێكردووه و مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیان زه‌نگین و به‌رهه‌مدار كردووه. زۆر شاعیریش به شیعره‌كانیان درێژه‌یان به‌م كاروانه داوه ، هه‌م له سه‌رده‌می خۆی و هه‌م ئێسته‌ش .لێره‌و له‌وێش شاعیری ناسراو وگه‌وره و بگره چه‌ندان شاعیری تر ناویان ده‌بیستین .
یان له نێو دیوان و كه‌شكۆَڵ و ده‌ستنووس و حاشیه‌ی كتێبه‌كان و نامه و نووسراوه‌كان ، ناوی جۆراوجۆر تۆماركراون و ناویان هه‌یه، به‌ڵام به‌رهه‌مه‌كانیان به‌رده‌ست نیین. به‌رهه‌مێكی زۆری ئه‌م ئه‌ده‌به‌ش ، به‌هۆكاری جۆراوجۆر سووتاون و فه‌وتاون. بۆیه زۆر شاعیر وه‌ك ناو ، بوونی هه‌یه ، به‌ڵام به‌رهه‌مه‌كانیان ونن. زۆرجاریش لێره‌و له‌وێ ، شیعرێ ، دووان ، وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی روون شاعیرێكمان پێ ئاشنا ده‌كات . هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆریش، لای خوێنه‌ری كورد نامۆن و هیچ شتێكیان له‌به‌رده‌ست نییه ، بۆیه ئاشناكردنیان و ناساندنیان ، ئه‌ده‌بی كوردیمان ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كات.
له‌م نووسینه ( مه‌جروم)ی شاعیر، ده‌كه‌ینه نمونه‌یه‌كی زیندوو و له ده‌رگایی ژیان وبه‌رهه‌می ئه‌و شاعیره ده‌ده‌ینه‌وه .وه‌ك شاعیرێك و كه‌سێكی شاره‌زا و خاوه‌ن چه‌ندین پیشه‌ی جیاواز ده‌یناسێنیین.
مجروم كێیه؟
ناوی “عه‌بدولعه‌زیز كوڕی محمد له‌خانه‌واده‌ی جاموس زاده‌ی شاری (وان) ی یه، دایكیشی له خانه‌واده‌ی به‌رزو پیرۆزی به‌درخانیه‌كانه. مجرم له وان له دایك بووه له قوتابخانه و مكتبی دا خوێندویه‌تی. سه‌ركرده‌ی ڤابتی و مدیریتی پۆسته‌و ته‌لگرافی كردووه كه به فه‌رمانی (وڤیفه) هاتۆته عێڕاق وله سلیمانی ژنی هێناوه و له ساڵی 1920ی ڕۆمی دا كه ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه (120) ساڵا له دیوانیه كۆچی دوایی كردووه. كه تا ئه‌و ساڵه له وڤیفه دابووه .زمانی فارسی وعه‌ره‌بی و فه‌ره‌نسی و رووسی زانیووه، خاوه‌نی دیوانه.
شاره‌زایی ئه‌م پیشانه‌ی خواره‌وه بووه:
( دارتاشی ، مۆرچیه‌تی ، سه‌عاتسازی ، ته‌لگرافچیه‌تی ، ئاسنگه‌ری ، باخه‌وانی و گوڵچینی …هتد.) “(1)
مجروم : عه‌بدولعه‌زیز كوڕی محه‌مه‌د كوڕی عه‌بدوالئه‌میره ، له ساڵی (1830) له دایكبووه ، بۆساڵی مردنه‌كه‌شی سه‌ره‌تایی بیسته‌كانه.(2) له ساڵی 1920له شاری (دیوانییه )كۆچی دوایی كردوه (3) به‌مشێوه‌یه بێت ته‌مه‌نێكی زۆر ژیاوه و خزمه‌تی كردووه (*)
نازناوی مجروم
ده‌رباره‌ی نازناوه‌كشی گوایه ئه‌و له سه‌رده‌ستی شیخانی نه‌قشبه‌ندی ته‌وبه‌ی كردووه. كاتێكیش له دوایی ئه‌و ته‌وبه‌یه ، وه‌زیفه‌ی میری وه‌رگرتووه ، خۆی به تاوانبار وشه‌رمه‌زار زانییوه ، هه‌ستی به‌وه كردوه گوناهێكی گه‌وره‌ی ئه‌نجامداوه. بۆیه نازناوی (مجرم)ی هه‌ڵبژاردووه.
” عه‌بدولعه‌زیز ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له سه‌رده‌ستی شێخی بیاره وه‌رگرتووه. ده‌ڵێن : كاتێ ده‌بێت به به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌له‌گراف_ له سلێمانی خۆی به تاوانبار ده‌زانێت ، چونكه وازی له موریدایه‌تی هێناوه بۆ وه‌زیفه. بۆیه ناوی (مجروم) بۆخۆی هه‌ڵده‌بژێرێت . دوای كۆچكردنی ئه‌و نازناوه بۆ شاكری كوڕی به‌جێ ده‌مینێت….”(4) له زۆربه‌ی نووسینه‌كان هه‌ربه‌و ناوه ناوی هاتووه. ئه‌و نازناوه‌ش بووه میرات بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی. ئێستا خانه‌واده‌ی مجروم له سلێمانی و ڕواندز نیشته‌جێن و كه‌سانی ڕۆشنبیر و كوردپه‌روه‌رن و جێی په‌نجه‌یان دیاره.
ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌و وێنه‌یه‌ی بكه‌ین كه مجرومی شاعیرله گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی گرتووه(**). پیرێكی ڕیش سپی ودرێژه وسیداره‌ی له‌سه‌ره . هه‌مان شێوه‌و ڕوخساری شاكری كوڕی له مجرومی باوكی ده‌چێت. ئه‌ویش له زۆر وێنه‌كان هه‌ر له زه‌مانی شێخ محمود تا كۆچی دوایی كردووه. به‌رده‌وام ریشی پێوه بووه‌و له سۆفیه‌كی ماندوو و غه‌مبار ده‌چێت .
مجروم سێ كوڕی له پاش به جێماوون : (ئه‌حمه‌د ڕه‌مزی ، محمود فائیز ، شاكر مجروم).
“1. ئه‌حمه‌د رامیز: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له سوپای عوسمانی ئه‌و فسه‌ربووه له ئه‌سته‌نبۆڵ ، له‌وێ ژن دێنێت و ده‌مێنێته‌وه ، بۆیه زانیاری له‌سه‌ر نازانیین.
- مه‌حمود فائیز : له ساڵی 1872ی زایینی له دایكبووه و له ناوه‌ڕاستی په‌نجایه‌كان كۆچی دوایی كردووه. كاتی خۆی له به‌غدا ئه‌فسه‌ربوو له سوپای عوسمانی ، پاشان هه‌ر له‌و شاره بۆته ئیمام و وتارخوێن.
- شاكر مجروم له ساڵی 1894 له سلێمانی له دایكبووه‌و له ساڵی 1937 هاتۆته ڕواندز و له 14/9/1957 كۆچی دوایی ده‌كات.
له‌ئه‌رشیفی باوكم هیچ شیعرێك نییه ، كه بڵێن ئه‌مه شیعری شاكر مجرومه. باوكم هه‌موو جار ده‌یووت شاكر مجروم شیعری شاعیرانی زۆر له‌به‌ر بوو له دانیشتنه‌كان ده‌یووت. له‌وانه‌یه له‌به‌ر ئه‌مه بێت كه ده‌ڵێن شاعیر بووه.”(5)
شاكر مجروم ، ده‌بێته كه‌سایه‌تیه‌كی گه‌وره له شۆرش و حكومه‌ته‌كه‌ی شێخی نه‌مرو ڕۆڵی ده‌بێت و له‌م پێناوه‌ش له سلێمانی ده‌ربه‌ده‌ر ده‌كرێت، چونكه كه‌سێكی كوردپه‌روه‌ر و حه‌قبێژبووه ، ره‌فیق حیلمی براده‌رێكی هه‌ره خۆشه‌ویست و نزیكی شاكری كوڕی شاعیر بووه ، ده‌ڵێت ” خواڵیخۆش بوو جه‌مال عیرفان له حه‌له‌ب بوو و شاكر مجرمی ملازمی ئیتیاگ و محمود فایزی بێكباشی برای شاكر مجرم و چه‌ند زابگیكی تری كورد له حه‌له‌ب بوون. مه‌لا مارف ، عارفه سووری ره‌ئیسی ئه‌وه‌ل متقاعد ئه‌و ساكه له‌وێ وه‌كو چابگ ئه‌یخوێند. ته‌نیا له شاكر مجرم دا روحی كوردایه‌تیم بینی”(6)
(جه‌مال بابان) له كتێبه‌كه‌ی خۆی ، له بابه‌تی كارگێڕییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عوسمانییه‌كان ده‌ڵێت : ” كۆنترین ناو كه له‌م ڕووه‌وه ده‌ستمان كه‌وتبێ ئه‌مانه‌ن كه له ساڵی 1307 ك (1889ز) سه‌رۆكی كارگێری بوون. ئه‌وسا سلێمانی (لیوا)یه‌ك بووه سه‌ر به (ولایه‌تی مووسڵا).
موته‌سه‌ڕیف و پێشه‌وا (قائد) میر لیوا راسم پاشا
قازی یوسف سنان ئه‌فه‌ندی
(مدیر تحریر) ساڵح سالم ئه‌فه‌ندی
محاسب ئیبراهیم ئه‌دهه‌م ئه‌فه‌ندی
(مدیری برق) مجرم ئه‌فه‌ندی
چه‌ندان كه‌سایه‌تی تر ئاماژه‌یان پێدراوه (7)
جارێكی تر له كۆتایی به‌رگی چواره‌می كتێبه‌كه‌ی خۆیدا ، چه‌ند ڕووداو و مێژووی به‌نرخی سلێمانی تۆماركردووه. ده‌ڵێت ” 1897 ده‌ستگای ته‌لگراف له سلێمانی دامه‌زرا . یه‌كه‌م كه‌س ئیشی له سه‌ر كرد (شاكر مجروم) خه‌ڵكی ڕه‌واندزبوو”(8) لێره‌دا نووسه‌ر كه‌وتۆته هه‌ڵه‌وه ، چونكه به پێی ئه‌و مێژووه بێت شاكر ته‌مه‌نی (3) ساڵ بووه. بۆیه هه‌ر مجرومی شاعیربووه ئه‌م كاره‌ی له ئه‌ستۆ بووه . به‌ڵام ئه‌و ڕاسته‌یش هه‌یه، كاتێ حكومه‌تی شێخ مه‌حمود داده‌مه‌زرێت ، ئه‌و پۆسته‌و گه‌یاندن وه‌رده‌گرێت ، چونكه له باوكیه‌وه شاره‌زایه‌كی باش فێربووه . بۆیه زۆر جار ئه‌م زانیارییه تێكه‌ل ده‌كرێت.
مجروم به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م كاره‌ی داڕێشتوه ، له دوایش هه‌مان ئه‌و پۆسته ده‌درێته‌وه كوڕه‌كه‌ی مجروم ، كه كه‌سێكی نزیك و خۆشه‌ویستی شێخ مه‌حمود بووه.
. ره‌نگه له نێو به‌ڵگه‌نامه‌ی عوسمانییه‌كان بگه‌رێین. ناوی ئه‌و شاعیره بدۆزینه‌وه ، چونكه له شوێنی جیاجیا كاری فه‌رمانبه‌رایه‌تی كردووه و ڕۆڵی لێپرسراویه‌تی بینیوه، هه‌م له بواری سه‌ربازی و كاری میریی و شاره‌زاش بووه له چه‌ندین پیشه‌ی تر. ڕه‌نگه ئێمه زیاتر باس له بواری شیعر بكه‌ین و ئه‌ویش وه‌ك شاعیرێك بناسێنین. لێره‌دا هه‌ر به‌و سێ شیعره ناوه‌ستین، كه له‌به‌ر ده‌ستمانه . دێین له ڕوانگه‌ی به‌ڵگه‌و نووسین و شرۆڤه‌كردنی ڕاو بۆچوونی شاعیر و شاره‌زایانی تر، ئاوڕێك له ژیانی ده‌ده‌ینه‌وه.
له نووسینێكی (مسته‌فا نه‌ریمان) له سه‌ر شاعیرێكی گه‌وره‌ی وه‌كو (هجری ده‌ده)() نووسیویه‌تی. ئه‌م شاعیره له ساڵی 1934 دێته سلێمانی لای پیره‌مێرد، ئه‌ویش له شوێنه خۆش و دڵگیره‌كانی ئه‌و شاره‌ی ده‌گێرێت و سه‌یرانگا و شوێنی ئاینی و بنه‌ماڵه‌و كه‌سایه‌تیه‌كانی پێ ئاشنا ده‌كات. بۆیه ئه‌و شاعیره كه ده‌چێته‌وه كه‌ركوك ، له ساڵی 1935 كتێبێك به شیعر به زمانی فارسی به ناوی (تحفه سلیمانی)، ملف (هجری دده _ كركوك) چاپخانه‌ی سریانی له شاری به‌غدا چاپده‌كات(9).
دیاره به‌نده چه‌ندین كتێبخانه‌ی گشتیی شاره‌كان و كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كان پرسیارم كرد ئه‌م كتێبه‌م ده‌ستم نه‌كه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی به چاوی خۆم ببینم ، كه چۆن باسی ئه‌و شاعیره‌ی كردووه. تێدا كۆمه‌ڵه شاعێرێكی ناسراوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی سلێمانی له (مردووان و زیندووان) خستۆته ڕوو. جارێكی تر ، جه‌مال بابان بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌م نووسینه‌و زانیاری تری خستۆته ڕوو . ئه‌ویش ده‌ڵێت “له ساڵی 1934 هجری ده‌ده هاتۆته سڵێمانی و بووه به مێوانی پیره‌مێرد و ئه‌ویش خزمه‌تی زۆری ده‌كا و له سلێمانی و ده‌وروپشتیدا گه‌شت و گوزار ده‌كه‌ن و ده‌چنه ناو خه‌ڵكه‌وه ، دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ كه‌ركوك له ساڵی 1935 ئه‌و گه‌شتو گوزاره‌ی سلێمانی ده‌كات به چامه‌یه‌ك و له (242) دێری شیعری به‌ناوی (توحفه سلێمانی) یه‌وه له چاپخانه‌ی (سریانی له تویێ (52) لاپه‌ڕه‌دا بڵاوی كردۆته‌وه….”(10) ره‌نگه تا ئێره پێناسه‌یه‌كی كورتی شیعره‌كه‌ی ده‌ده بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌م نووسینه جێگای بایه‌خه ، له ناو هێنانی ئه‌و شاعیرانه ، مجرومیش وه‌ك شاعیرێكی سلێمانی ناوی هه‌یه .
له درێژه‌ی نووسینه‌كه هاتووه ” هه‌ریه‌كه‌یان به یه‌ك دوو دێر شیعر یان یه‌ك دوو وشه ستایشی ده‌كه‌ن ئه‌و شاعیرانه‌ی ناوی هێناون بریتین له (مه‌وله‌وی ، نالی ، مه‌لا خدری رۆدواری ، بێسارانی ، خانای قوبادی ، ئه‌خته‌ری كۆیی ، شوكری فه‌زڵی ، شێخ ره‌زا ، حه‌مدوون ، ئه‌حمه‌د به‌گی ساحێبقڕان ، مه‌حوی ، ئه‌مین یمینی ، ئه‌مین زه‌كی ، مه‌ستی تاهێر به‌گی جاف ، ئه‌حمه‌د موختار جاف ، سالم ، بێخود ، گۆران ، موجرم ، زێَوه‌ر ، تۆفیق وه‌هبی ، بێكه‌س ، پیرمێرد ، حوزنی”(11) . ئه‌م ناوهێنانه به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزه له سه‌ر گه‌وره‌ی ئه‌و شاعیره ، ئه‌گه‌ر ناو و ناوبانگی نه‌بوایه ، باوه‌ڕناكه‌م له گه‌ڵ شاعیره گه‌وره‌كان ناوی هات بایه. ڕه‌نگه نه‌ناسراوی ئه‌و ، فه‌وتان و له‌نێو چوونی دیوانه‌كه‌ی بووبێت.
یاخود به‌ر له مردنی ئه‌و شاعیره ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان تازه سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتن و ده‌رچوونیان بوو. ته‌مه‌نی پیری ئه‌ویش فریای ئه‌وه نه‌كه‌وت بێت شیعره‌كان بڵاوبكاته‌وه. یا وه‌ك و سه‌دان شاعیری تر شیعره‌كانی فه‌وتابن، زۆرجاریش شاعیر تا مردووه ، هیچ شیعرێكی بڵاو نه‌كردۆته‌وه ، یا خودی خۆی حه‌زی لێ نه‌كردووه . ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له ڕۆژنامه‌و گۆڤاره كوردیه‌كانی كۆن بده‌ینه‌وه هه‌ر له ڕۆژنامه‌ی (تێگه‌یشتنی ڕاستی(1918_1919 )و ( پێشكه‌وتن1920_1922) و بڵاوكراوه‌كانی سه‌رده‌می شێخ مه‌حمودی نه‌مر و (ژیانه‌وه ) و (ژیان) وئه‌وانه‌ی له سڵیمانی ده‌رچوون، گۆڤاری( دیاری كوردستان)و زاری كرمانجی (1926_1932)و گۆڤاری ڕووناكی (1935_1936)و گۆڤاری گه‌لاوێژ (1939_1949) و ڕۆژنامه و گۆڤاری (ده‌نگی گێتیی تازه)ساڵی چله‌كان و چه‌ندین بڵاوكراوه‌ی تر، هیچ شیعرێكی ئه‌م شاعیره‌م به‌رچاو نه‌كه‌وت. له بنه‌ماڵه‌كه‌ی شاعیریش ئه‌و پرسیاره‌م كردوه له نه‌وه‌كانی ، ئه‌وانیش هیچ شیعرێكی ئه‌و شاعیره‌یان نه‌بیستبوو.
هه‌ر ئه‌و شیعرانه‌م به‌رچاو كه‌وتووه، كه له گۆڤاری هه‌تاو بڵاوكراوه‌ته‌وه. ڕه‌نگه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه بێت ، كوڕی شاعیر باورپێكراوی( گۆڤاری هه‌تاو) بووه و هاوڕێیه‌كی خۆشه‌ویستی (گیوی موكریانی) بووه و هه‌ر خۆشی ئه‌و شیعرانه‌و ژیاننامه‌ی بڵاوكردبێته‌وه. بۆیه من وای بۆ ده‌چم تا ئه‌و كات شیعره‌كانی ئه‌و شاعیره هه‌رمابن. یاخود له‌لایه‌ن شاكری كوڕی پاڕێزراوبن یان ئه‌زبه‌ری كرد بن. چونكه ئه‌و مرۆڤه ڕۆشنبیره ، كه‌سێكی ئه‌دیب دۆست بووه‌و شیعری زۆری له‌به‌ر بووه.
بۆ به‌ڵگه‌یه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌م (ناهیده خان) ، له‌گه‌شتێكیان بۆ ڕواندز بۆماڵی دۆستێكی باوكی ئه‌وها ده‌گێرێته‌وه “چووین بۆ ڕواندز بۆماڵی هاوڕێیه‌كی دێرینی باوك (شاكر مجرم)ه ، ئه‌میش زه‌مانی خۆی مدیری پۆسته‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان بوه، ئێستا هه‌ر له حاجی تۆفیق (پیره‌مێرد) ده‌چێت ، ڕیشێكی سپی درێژی هێشتۆته‌وه، بیست ساڵ له‌مه‌وپێش وازی له وه‌زیفه هێناوه ، باخێكی میوه‌ی به‌قه‌د شاخێكه‌وه كڕیوه. بینای تێدا كردوه ، جۆرها دارمیوه و گوڵی چاندووه، له‌وبه‌ر شاخه‌كه‌شه‌وه ده‌غل و دان و ئاژه‌ڵی هه‌یه ، ئه‌وشه‌وه له‌وێ بوین. له‌سه‌ر شێوازێكی كۆن گیسكه مه‌ره‌زێكی بۆ سه‌ربرین. بووكه‌كانی بۆیان لێناین له گه‌ڵ پڵاو ، ژنه‌كه‌ی خه‌ڵكی توركیایه زۆرئێسك سووك و پاك و خاوێنه، بیهێنه‌ره به‌رچاوت، بووكی لادێیی و خه‌سووی توركیی و پیاوێكی پیری وه‌ك شاكر مجرم ، كه باوكی شاعیر بووه‌و خۆی هه‌موو شیعره‌كانی له به‌ر كردووه.
به دیشداشه‌یه‌كه‌وه به چیچكانه‌وه له به‌رده‌ممانا دائه‌نیشت . شیعری بۆ ئه‌خوێندینه‌وه. ژنه‌كه‌شی رسمی براكانی و ژنه‌كانیانی پیشان ئه‌داین ، هه‌موویان نوژدار و دادوه‌ر و پاشاواتن….”(12) وه‌ك له په‌ڕاوێزه‌كه‌دا هاتووه ئه‌و له ساڵی 1956 له‌م نامه‌یه‌دا ورده‌كاری سه‌فه‌ره‌كه‌ی بۆ باوكی نووسیوه. كه‌واته ئه‌مه ده‌رده‌خات كه كوڕه‌كه‌ی شیعری بۆ وتن و ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه باوكی شاعیر بووه. شاكریش له ئه‌یلولی 1957 كۆچی دوایی ده‌كات(*). له‌وكاته كه ماڵی ره‌فیق حیلمی سه‌ردانی كردوون ئه‌و له كۆتایی ته‌مه‌نی بووه ، كه‌چی كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئه‌ده‌بی و شیعری بۆ ره‌خساندوون. له‌ماوه‌ی ئه‌و بیست ساڵه‌ی له ڕواندز ژیاوه‌و كاری میری كردووه ، كه‌سێكی رۆشنبیر‌و كوردپه‌روه‌ر و قسه‌خۆش وبوێرو خاوه‌ن هه‌ڵوێست بووه، په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌وه‌ی له گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی سه‌رده‌می خۆی هه‌بوو. بۆیه ئه‌م كه‌سایه‌تییه كتێبێكی گه‌وره‌ی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كار‌و خزمه‌ته‌كانی بخرێته ڕوو.
شیعری مه‌جروم
شیعری یه‌كه‌م :
دڵ له‌به‌ر سلسله‌ی زولف شكایاتی هه‌یه
له په‌رێشانی وی نه‌ختی حكایاتی هه‌یه
زاهدا بگره له ده‌س اهلی محبت دووری
چونكوو ازاری عشق نوعی سرایاتی هه‌یه
تۆ به ماچێكی له محبوبه دڵا قانع به
دیاره اسوده تره هه‌رچی قه‌ناعاتی هه‌یه
تۆ كه كوردی ودلیری به خودی ئه‌ز دبێژم
خاكی به‌رپێ ی تو له سه‌راكسیر شرافاتی هه‌یه
حقه مجرم كه فراری بی له ده‌ست توركی لئیم
چونكوو خۆی كورده له وان ترسی به‌هاناتی هه‌یه
(داخه‌كه‌م ! ئه‌م شیعره كه‌مه‌و سووتاوه!)
شیعری دووه‌م :
دیسان گه‌لۆ سوتام له نوی بگرین له بۆم ئه‌ی دۆستان
زامی ده كه‌ونم هاتنه سوی رابو له من اخر زه‌مان
رابوو له من حشری عڤم زولف و شنك ابرو كه دیم
بانگ كه‌ن ژ لوقمانی حكیم سوتام به اگر بی دوخان
سوتام به‌وی ناری عجیب ده‌رچوو ژدل صبر و شكیب
رووی دا له من سری غریب ئه‌ز كه‌وتمه ناو بحری خه‌مان
ئه‌زچوومه چالی بی مفر خویش بیگانه‌م هاتنه سه‌ر
گریان له بۆم شمس و قمر حه‌تا زه‌مین و اسمان
یاری كوو دی ئه‌م ماجری قوربانیك ایرو كرا
ابریقی مه‌ی حاچر كرا نافع له بۆ ده‌ردی دڵان
جامیك ژ وی ابی ڤهور یاری به ده‌ستی پر ژ نوور
امری وه كرد بیخوم چرور عالم ژ وی حه‌یران دمان
یه‌كسه‌ر ئه‌من بومه كه‌باب بگرین له بۆ من شیخ و شاب
والله اعلم بالصواب داخۆ خه‌لاصبم له غه‌مان
داخۆ ده‌بی وه‌صلم نصیب مأیوس ده‌بی دیوی ره‌قیب
یاخۆ دمرم ئه‌منی غه‌ریب ته‌نها له یار و محرمان
(مجرم) ایدی به‌یتان مه‌لی تا یار به‌لفڤی خۆی نه‌لی
یا ره‌ب ببینم رۆژ هه‌لی ده‌رچی ژ دل وهم و گومان
شیعری سێیه‌م :
گوی بدیرن خاص و عامه دا بخوینم داستانی
ئه‌ی گه‌لی اهلی عمامه شاره‌زایی جاده كوانی
ئه‌و ده‌بی صاحب كمال بی بی نشئه‌ی عشقی ژ بال بی
نی به قال به‌لكی به حال بی هه‌م ده‌وای ده‌ردان بزانی
اهلی وان دائم له كارن ده‌س به كار و دل به یارن
سه‌رخۆش و مه‌ست و خومارن ره‌نگ له شبها زه‌عفه‌رانی
شبهتا بدری منیرن گالبی احسان و خیرن
مه‌ست و حه‌یران و دلبرن حالی وان عارف دزانی
محرفت ده‌رعین حاله بی مجاز بونی محاله
هه‌ر كه‌سی سریك ژ باله تی نه‌گا هه‌رگیز عیانی
هه‌ركه‌س گالب به یاره ته‌ن چعیف و لیو به‌باره
دائما مه‌ست و خوماره زۆر ده‌كا شین و فغانی
زۆر ده‌كیشم از جفایی هون ببین ماجرایی
یار له بۆم نایته رایی بۆم بكه‌ن داد و دوانی
داد له‌به‌ر ئه‌و ساقیه مه‌سته خه‌نجه‌ری موژگان به ده‌سته
چه‌ند له كوشتنی من به قه‌سته ئه‌و امیر زاده‌ی جیهانی
خۆت مپالی قوله میركه یان وه‌كوو شاهو و زیركه
به‌ندیان جاریك له بیركه بینه ده‌ر ئه‌و له زیندانی
معدنی ته‌ن پر جفاده جان له بۆ جانان صفاده
دل به یادی باده فاده ئه‌و به حالی تۆ ده‌زانی
مجرمی بۆ چ وا له كاری دائما مه‌ست و خوماری
بیره مه‌یدان گه‌ر سواری تاق وه به بۆ امتحانی.( 13)
له نێو شیعره‌كانی وشه‌ی كرمانجی و سۆرانی به‌دێ ده‌كرێت و له گه‌ڵ زمانی عه‌ره‌بی، به‌ڵام شێوه‌ی نووسینی شیعره‌كان زۆر به ئاسانی مانا ده‌ده‌ن به ده‌سته‌وه‌و هه‌موو كه‌س به ئاسانی لێی تێده‌گات. شیعره‌كان پێك هاتوون(5 دێر، 9دێر و 11دێر) ..ڕه‌نگه سێ شیعر كه‌م بێت كه باس له ئه‌زموون و گه‌وره‌یی و هه‌ڵوێست و ژیان و دونیای شیعری ئه‌و شاعیره بكه‌ین، به‌ڵام سه‌ره داوێكیشمان له‌به‌رده‌سته ، هه‌ر هیچ نه‌بێت ، ئاوڕێكی بچووك له خه‌رمانی ئه‌و شاعیره بده‌ینه‌وه . بڕوانه هه‌ر له ڕێگه‌ی وردبوونه‌وه و تێگه‌یشتن ، زوڵم و سته‌می عوسمانیه‌كان له نێو كاكڵی دێره شیعره‌كان بدۆزینه‌وه ، ئاهو هه‌ناسه‌ی كوردبوون و ئاواره‌ی زێدی شیرین وهه‌ڵاتووی ده‌ستی ده‌سهه‌ڵاتدارانی تورك ، نمونه‌یه‌كی به‌رچاوه له سه‌رگه‌ردان و ده‌ربه‌ده‌ری و خه‌م وئازاری زه‌مانه ، ریشی پێ سپیی كردووه :
تۆ كه كوردی ودلیری به خودی ئه‌ز دبێژم
خاكی به‌رپێ ی تو له سه‌راكسیر شرافاتی هه‌یه
حقه مجرم كه فراری بی له ده‌ست توركی لئیم
چونكوو خۆی كورده له وان ترسی به‌هاناتی هه‌یه
مجرومی شاعیر و تۆبه‌كاری ته‌ریقه‌ت و به‌رماڵی خۆشه‌ویستی بۆ عه‌شق وجوانی و یار و مه‌ی و ئاخ و حه‌سره‌تی ڕۆژگار ڕادێخیت و نزای تاوان و گوناهه‌كانی ده‌سپێرێت به خوای خۆی و ده‌نگی زكر و ته‌هلیل ، له نێو دێره شیعره‌كان ، به پاكی و چاكی ده‌بیسترێت.
له ئه‌نجامی ئه‌م ئاوڕدانه‌وه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و شاعیره ، گه‌وره‌یی و ناوبانگی وخزمه‌تی به‌رچاوی شاعیرمان بۆده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌ویش ئه‌وه‌نده دێنێت ، لێكۆڵه‌ران و شاره‌زایانی ئه‌ده‌ب ، گه‌ڕان و پشكنین بكه‌ن وشتی تازه بدۆزنه‌وه. یاخود بنه‌ماڵه‌ی شاعیر ، كه خۆیان كه‌سانی رۆشنبیرن ودیارن، بتوانن له ئاینده زانیاری زیاتر بخه‌نه‌ڕوو بۆخزمه‌تكردنی ئه‌ده‌بی كوردی.
سه‌رچاوه و په‌راوێز:
- گۆڤاری هه‌تاو ، ژماره (47) ، 20تشرینی دووه‌می ساڵی 1955 ، ل 8.
- ئومێد شێركۆ شاكر مجروم ، مامۆستا و نووسه‌ر، 1962 له‌دایكبووی ڕواندز، نامه ، هه‌ولێر ، 28 /1/ 2019.
- گۆڤاری هه‌تاو ، ل8.
- به پێی ساڵی له‌دایكبوون و مردنی شاعیر بێت (90) ساڵ ده‌كات وده‌رباره‌ی 120 ساڵ ته‌مه‌نی وله وه‌زیفه‌ش دابێت ، ڕه‌نگه له ڕاستی دوور بێت!!
- كتێبی( ڕواندز شاره‌كه‌ی پاشای گه‌وره )، مه‌ولود بێخاڵی ، تارق جامباز، ل71.
** وێنه‌ی مه‌جروم و خێزانه‌كه‌ی(ئینته‌رنێت.له په‌یجی وێنه كۆنه‌كانی سلێمانی ) وه‌رگیراوه. - ئومێد شێركۆ. نامه‌ی پێشوو.
- كتێبی( به‌سه‌رهاتی ره‌فیق حیلمی) ، ئا: ناهیده ره‌فیق حیلمی ، سلێمانی ، 2005 ، ل113.
- مێژووی شاره گه‌شاوه‌كه‌م ، جه‌مال بابان ، به‌رگی دووه‌م ، چاپی دووه‌م ، هه‌ولێر ، 2012 ، ل187.
*** هجری ده‌ده(1877) له دایك بووه له 11/12/1952كۆچی دوایی كردوه. هه‌ر ئه‌م شاعیره شیعریكی فارسی بۆ كه‌سایه‌تیی و په‌رله‌مانتاری شاری ڕواندز (ئیسماعیل به‌گی ڕواندزی) نووسیوه كه‌به‌ناحه‌ق شه‌هیدكراوه‌و دۆستێكی خۆشه‌ویستی ئه‌و بووه. بڕوانه گۆڤاری روناكی ، ژماره (8) 1936، ل5_6. - جه‌مال بابان ، به‌رگی چواره‌م ، ل466.
- گۆڤاری رۆشنبیری نوێ ، ئه‌یلولی( 1985)، ژماره (107).
- سلیمانی شاره گه‌شاوه‌كه‌م ،جه‌مال بابان ، به‌رگی (4)، ل 329.
- سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 333.
- كتێبی (به‌سه‌رهاتی ره‌فیق حیلمی) ، ل252.
**** شاكر مجروم ، دوو ژنی هێناوه و كوڕه‌كانی بریتین له (عه‌بدولعه‌زیز(1926_1999)،( شێركۆ(6/2/1934 _ 9/7/ 2008) ، (فه‌رهاد1937- ….) . - هه‌تاو ، ل8_11.
R_xarand@yahoo.com
- له گۆڤاری (نما) ، ژماره( 48)، هاوینی 2019 بڵاوكراوه‌ته‌وه.