ئه‌و کتێبانه‌ی یارمەتیت ده‌ده‌ن بۆ چارەسەرکردنی كێشه تایبه‌تییه‌كانت، ژماره‌یان كه‌مه.. نووسینی/ هاشم ساڵح
وه‌رگێڕانی / ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
ئەگەر کەسێک لێ پرسیبام لەو ماوە درێژه‌ی لەپاریس ده‌ژی گرنگترین کتێب خوێندبێتەوە چییە؟ یەکسەر وەڵامم دەدایەوە: (دانپێدانانەکان) ی جان جاک ڕۆسۆ. له‌وانه‌یه ئەو خوێندنەوەیە گەورەترین دۆزینەوە بووبێت به‌لامه‌وه لەدوای گەیشتنم بەفەرەنسا، ڕێک چل ساڵ لەمەوبەر. گەر هیچ شتێکی دیكه‌م نەخوێندباوە، ئەوە بەس بوو بۆ ئەوەی شانازی بکەم و هاتنیشم بۆ وڵاتی مۆلیێر و ڤۆڵتێر به‌هه‌ده‌ر نەچووبێ. بۆچی ئەوەندە گرنگی پێدەدەم؟ چونکە پڕە لەمه‌یلی مرۆڤایەتی.
لەبەشی یەکەمی ئەو کتێبە و لەلاپەڕەی ژمارە ١٢٠ی چاپی فلاماریونی فەرەنسی ساڵی ١٩٦٨دا، ڕۆسۆ چیرۆکێکی بچووک دەگێڕێتەوە کە لەسەرەتای منداڵی‌دا بەسەریدا هاتووە، ئه‌وه‌ش بوو دواتر وه‌های لێکرد دانپێدانانه‌كانی یان بیرەوەرییەکانی بنووسێت بۆ ئەوەی پاساو بۆ خۆی بهێنێتەوە. یان تۆ بڵێ: یەکێک بوو لەهۆیه سەرەکییەکانی نووسینی.
ئەو لەسەرەتای لاوی‌دا بوو، واتە لەتەمەنی شانزدە ساڵی، تازه له‌منداڵی دەرچووبوو کاتێک ڕووداوەکە ڕوویدا. پوختەکەشی بەو شێوەیەیە: وەک زانراوه دوای ئەوەی لەماڵی خۆیان و خێزانەکەی لەجنێڤ رایكرد، سەرگەردان بوو و نه‌یده‌زانی له‌چۆله‌وانی بۆ كوێ سه‌رهه‌ڵبگرێ. دواتر وەک خزمەتکار لای خێزانێکی ئیتاڵی کاری ده‌كرد. ڕۆژێک ملپێچێكی جوانی كه‌وته به‌ر دیده و بڕیاریدا بیدزێت و پێشكه‌شی كچه خزمەتکارەکەی دیكه‌ی ماڵه‌كه‌ی بكات کە (ماریون) ی ناوبوو.
بەڵام دوای ئەوەی دزییەکە ئاشکرا بوو، له‌ڕیسوابوون ترسا، بۆیە ناچاربوو ئەو کچە تۆمەتبار بکات بەوەی ئەو دزیه‌كه‌ی کردووە. خاوەن ماڵ داوای لەكچه خزمەتکارەکە کرد بێته بەردەمی بۆ ئەوەی له‌گه‌ڵ رۆسۆ رووبه‌ڕوویان بكاته‌وه و ده‌ركه‌وێت كامیان دزه و كامیشیان راستگۆیه. بەو پێیەی ئه‌و كچه بێ‌تاوان بوو، سەرەتا سەری سوڕما و وەڵامی نەداوە. نەیدەزانی چی بڵێت، بۆیە دەستی کرد بەپاڕانه‌وه و داوای یارمەتی كردن،و سوێندیشی خوارد کە ئەو نییە. لەو کاته‌ی بەرگری لەخۆی دەکرد، رۆسۆ بەتوڕه‌یی لێی ده‌ڕوانی، وەک ئەوەی هه‌ر زوو شکستی هێنابێت. ئه‌ویش بەنیگای هاوسۆزانه و سەرزەنشت و تاوانبارکردنەوە سەیری ڕۆسۆی دەکرد.
بەدرێژایی ژیانی ئه‌و دیمه‌نه بەردەوام لەخه‌یاڵی دا ماوه. پێی گوت: “نا ڕۆسۆ! پێم وانەبوو تۆ وا بیت. نا ڕوسۆ ئەمە لەگەڵ تۆدا ناگونجێت نا ڕوسۆ… من پێم وابوو تۆ کەسێکی باشیت. هەموو شتێکیش به‌ڵگه‌یه بۆ ئەوەی بەڕاستی باشیت. بەڵام بۆچی ئەوەت لەگەڵ کردم؟ بەڕاستی منت خستتە دۆخێکی ناخۆش. حه‌زناكه‌م لەشوێنی تۆ بم”. بەڵام ئه‌و دوای ئەوەی نەیتوانی په‌شیمان بێته‌وه، پێداگری كرد لەسەر درۆیه‌كه‌ی. بەو شێوەیە لەکۆتاییدا توانی به‌سه‌ری دا سه‌ركه‌وێت و تاوانەکە بخاتە ئەستۆی ئەو. پاشان هەردووکیان لەماڵەکە دەرکران. رۆسۆ ملپێچه‌كه‌ی دزی بوو تا وەک دەربڕینی خۆشەویستی خۆی بیدات به‌و كچه. به‌ڵام لەبری ئەوەی سوودی پێ بگەیەنێت، زیانی پێگەیاند… لەبری ئەوەی كلی بۆ تێبكات؛ کوێری كرد.
کاتێک ڕۆسۆ ئەو چیرۆکەی ماریۆنی لەکتێبی دانپێدانان نووسی، چل ساڵ یان زیاتر تێپەڕیبوو. ئه‌و سوێندی بەخوا دەخوارد کە بەهۆیەوە چەندین جار خه‌وی زڕاوه و نەخەوتووە. ڕاستە بۆ ماوەیەک لەخه‌یاڵی ون دەبوو، جا درێژبێت یان کورت، بەڵام لەکاتی ناڕەحەتیدا ده‌هاته‌وه بیری بۆ ئەوەی بكه‌وتە دڵەڕاوکێ. ویژدانی سەرزەنشتی ده‌ركرد و ئازاری ده‌دا تا ئەو ڕادەیەی هەندێک جار لەخەون دەیبینی كه لەپشت تەمەكان لێی نزیک دەبێتەوە وەک ئەوەی پێی بڵێت: “بۆ وات لەگەڵ کردم ڕۆسۆ؟ نازانیت ناوبانگی منت لەماڵه‌كان لەکەدار کرد؟ نازانیت چیتر وەک خزمەتکار لای خۆیان كارم پێناكه‌ن؟ چیم لێ کردبووی تاكو وێرانم بكه‌ی؟”. دوای چل ساڵ ده‌هاته پێش چاوی وه‌ك ئه‌وه‌ی چیرۆکەکە دوێنێ ڕوویدابێ. فرمێسک لەچاوەکانی ده‌هاته‌خواره‌وه و ڕوومەت و بالیفەکه‌ی تەڕ دەکرد.
پاشان داڵغه‌لێدانه‌كانی گەورەبوون و خەیاڵ به‌ره‌و نه‌خۆشی ده‌یبرد. تا ده‌هات گه‌وره تر ده‌بوو تا نزیک بوو ببێتە تاوان. لەساتەکانی تەنیایی و دڵته‌نگی دا له‌خۆی ده‌پرسی: “ده‌بێ چی بەسەر ماریۆنی هەژار دا هاتبێ؟ چی بەسەر ئەو کچە بچووکەدا هاتووه کە لەژیانیدا هەرگیز ئازاری کەسێكی نەداوە؟ ئایا ڕاستە هەموو خێزانەکان ڕەتیان کردۆتەوە و ئه‌ویش بۆ نموونە ناچاربووە لەشفرۆشی بکات بۆ ئەوەی بتوانێت بژی؟ ماریۆنی هەژار بۆ کوێ چووە و لەچ ڕێگایەکدا ون بوو؟ ئایا داهاتووی وێران بووه، یان لەو شەرمەزارییە ڕزگاری بووه؟”
زۆر پرسیاری دیكه كه بەدرێژایی ساڵانێك دڵ و مێشکیان شێواند … لەپاییز یان زستانی ته‌مه‌نی دا بوو ئەو پرسیارانەش لێینه‌ده‌بوونه‌وه، دوژمنەکانیشی له‌هەموو لایەکەوە بەدوایدا دەگەڕان و هێرشیان دەکردە سەری، دوای ئەوەی زۆر بەناوبانگ بوو، تەنانەت پاش ئەوەی کتێبەکانی لەلایەن ئسولییه‌كان لەپاریس و جنێڤ و ئەمستردام بەجارێك سووتێنران، ببووه نیمچه ئەفسانەیه‌ك. ئه‌وه‌ش پاش گه‌وره‌بوونی ئەو منداڵە بچووکە بیژییه بوو کە کەس نەیدەناسی و بووه جان جاک ڕۆسۆ!
لەهەلومەرجێکی وەها تراژیدی دا كه لەکۆتایی ژیانی دا دەوره‌یدابوو، پێی وابوو بەهۆی ئەو (گوناحه كۆنه) ی کە ڕۆژێک ئەنجامی داوە، پەروەردگار تۆڵەی لێدەکاتەوە. خەریک بوو دڵخۆش بێت به‌وه‌ی ئەوانی دی ئەشکەنجەی دەدەن و ناوبانگییه‌كه‌ی ده‌شێوێنن. هەروەک چۆن ئه‌و ماریۆنی ئەشکەنجەدا و ناوزڕاوی كرد. داوای سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی زیاتری دەکرد بۆ ئەوەی خۆی چاک بکاتەوە و ببێته کەفارەتی گوناهەکانیشی.
هەر لەو ساتەوە ڕقی لەدرۆكردن بۆوه، وه‌ها لێی دوورکەوتەوە و لێی ترسا وەک ئەوەی تاوان بێت. تا بوو بەڕاستگۆترین نووسەر كه ئەوروپا لەهەموو مێژووی خۆیدا بەرهەمی هێنابێت، بێگومان جگە لەچەند نووسەرێکی دیكه. وەک هۆلدەرلین، کانت، گۆته. بۆیە لەپشت هەر لاپەڕەیەکی دانپێدانانەوە دەبینیت وەک ئەوەی دەنگی ڕاستی بێ قسە بکات نەک ئەو. له‌شوێن تەواوی چاخێك، بووه گوته‌بێژی فه‌رمی به‌ناوی حه‌قیقه‌ت. لەبەر ئەوه بوو کانت زۆر سەرسامی بوو پێی و وێنەکەی لەسەر مێزەکەی دانابوو تاكو چێژی لێ وەربگرێت و بەدڵنه‌وایی و ئارامییه‌وه بنووسێت كاربكات. هەروەها هۆلدرلین، هیگڵ، تۆڵستۆی، دۆستۆیڤسکی و چەندین کەسی دیکەی گەورە، یان گەورەی گه‌وره‌كان پێوه‌ی سەرسام بوون. بووه پێغەمبەری سەردەمی مۆدێرن.
بەو شێوەیە ڕۆسۆ بڕیاری دا لەو کتێبە بەناوبانگەی (دانپێدانانەکان) دا بەڕاشکاوی خۆی لەبەردەم خوێنەران و نەوەکانی داهاتوودا ئاشکرا بكات. بڕیاری دا نهێنییەکانی خۆی بخاته‌ڕوو و دانیش بەهەموو لاوازی و کەموکوڕییەکانی دا بنێت. زیاد له‌پێویستیش له‌گه‌ڵ خۆی توند بوو و بەتوندوتیژیس مامەڵەی لەگەڵدا کردووه و قسەی ناشرینی ئاراسته‌كردووه، تەنانەت زەویشی پێ سڕیوه‌تەوە! بەوه‌ش لێپرسینەوەی ویژدانی لەهزری هاوچەرخی ئەوروپی دامەزراند. لێرەشه‌وەیە کێشنده‌یی دانپێدانانەکان و نەمرییەکه‌ی، بەدرێژایی سەدەکان.
بەڵێ ئەو چیرۆکەی ماریون بەدرێژایی ڕۆژ و ساڵەکان دڵی ده‌كوشی. خۆزگەی ده‌خواست كاره‌ساتێك بەسەری دا هاتبا و ئەو کارەی نەکردبا. ئەگەر بەلایەکدا ڕایان کێشابا و بەجیا پرسیاری ئەو بابەتەیان لێکردبا، دانی به‌راستی دا ده‌هێنا و هەرگیز تۆمەته‌كه‌ی نەدەخستە پاڵ ئه‌و كچه. بەڵام زەحمەت بوو بۆی بەئاشکرا لەبەردەم هەمووان دانی بەگوناهەکەی دا بنێت.
لەو سێ لاپەڕەیەدا به‌و واتایه ده‌ڵێت: دوای كاره‌ساته‌كه ئەوەی لێ ده‌ترسام سزا و لێدان و دەرکردن لەماڵەكه نەبوو. به‌لكو شەرمەزاری بوو. لەهەموو شتێکی دونیا زیاتر لێی دەترسام. لەمردن زیاتر لێی دەترسام. من پێم باشبوو زەوی شه‌ق بێت و لولم دات نەک لەبەردەم خەڵک دان بەوەدابنێم کە من دزم”. بۆیە ناچاربوو درۆ بکات و بەپێچەوانەی ویستی خۆی، ئه‌و تۆمەتبار بکات.
هەندێک جار بەبیرم دا دێت بپرسم و ئەوه بڵێم: ئایا پەیوەندی لەنێوان ئەو هەڵوێستەی ڕۆسۆ و ڕاستگۆیی ڕەفتار لەوڵاتانی زۆر شارستانی وەک سویسرا دا نییە، كه سویسرا وڵاتی ره‌سه‌نی ئه‌وه؟ ئایا ویژدانی ئەخلاقی یان لێپرسینەوەی ویژدانی لەسەرانسەری ئەوروپا دانەمەزراندووە؟ بۆچی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەوڵاتانی پێشکەوتوو، ورد و ڕێکوپێکن؟ بۆچی فێڵ و درۆ و ساختەکاری لەوڵاتەکانی ئێمه‌دا زۆر باون، کە ئێمە بانگەشەی ئیمان و تەقوا و خواپه‌رستی دەکەین؟ بۆچی تا زیاتر نوێژ بکەین و بەڕۆژوو بین و كڕنۆش به‌رین زیاتر فێڵ دەکەین؟ بێگومان هه‌ڵاوێری زۆریش هەیە و خەریکە داوای لێبوردن بکەم له‌وه‌ی وتم… بەڵام ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە تۆ لەسویسرا، ئەڵمانیا، دانیمارک، نەرویج، سوید، یان وڵاتانی دیکەی ئەوروپی، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت ڕۆژنامە و کتێب بکڕیت یان سواری پاس ببیت بەبێ ئەوەی یەک فلس بدەیت، چونکە کەسێک نییه چاودێریت بکات. تەنها ویژدانت چاودێری تۆ دەکات. ئەوانە وڵاتانی عیلمانین هیچ شوێنەواری ئایینیان تێدا نییە و بەدەگمەنیش بەڕۆژوو دەبن و نوێژ دەکەن. كه‌چی سەد لەسەد ئەخلاقیین. ئەمە چۆن ڕوون بکرێتەوە؟ دان بەوەدا دەنێم، ئەوە سەرسامی كردم. بەچاوی خۆم ئه‌وه‌م بینی ئه‌و کاته‌ی سەردانی سویسرا و ئەڵمانیا و هۆڵەندام کرد، سەرسام بووم بەو دۆخە. بینیم هەموو هاوڵاتیان پارەی شته كڕدراوه‌كانیان بەکاش دەده‌ن. هەرگیز کەس بیری لەفێڵکردن و پێشێلکردنی یاسا نەده‌کردەوە. كه‌واته له‌وێدا شتێک هەیە پێی دەوترێت ویژدان و لەهەموو پۆلیسێک گرنگترە! ئامۆژگاریكه‌رێكی ناخی هەیە و ڕێگریت لێدەکات ئەگەر لادان، پێشێلکردنی ئەرک، یان کەمتەرخەمی لەکارەکەت به‌خه‌یاڵ دا بێت. چۆن دەترسیت له‌وڵاتێکی لەو جۆرە؟ چۆن گەشە ناکات و پیش ناكه‌وێت و له‌ناوی دا گوزه‌ران خۆش نابێ؟ کێ ویژدانی ئەخلاقی تۆكمه‌ی لەکولتووری ئەوروپی دا دامەزراند؟ ئه‌وان، چاکسازه ئایینییەکان و فەیلەسوفە گەورەکان و زاناکانی… زاناکان میراتگری پێغەمبەرانن.
ئایا تا ئێستا بیستووتە شارستانیەتێک بەبێ کەسایەتییە گەورەکان لەسەر پێی خۆی هەڵسێت و لەسەر حەقیقەت و بنه‌ماكان بوه‌ستێ و بشسووتێ بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ ئەوانی دیكه ڕووناک بکاتەوە؟ ئایا شارستانییەتێکتان بیستووە له‌سه‌ر نه‌ریتی ناڕاست و وردی لەمامەڵەکردن دروست بووبێ؟ گوێتان لەشارستانییەتێک بووە لەسەر شتێکی دیكه جگە لەئەخلاقی باش سەریهەڵدابێ و گەشەی کردبێ؟
إنما الأمم الأخلاق ما بقيت
فإن هم ذهبت أخلاقهم ذهبوا
هۆکاری دیكه‌ش هەیە پاڵم پێوه ده‌نێنن سەرسام بم بەدانپێدانانەکانی جان جاک ڕۆسۆ و لێرەشدا ناتوانم هەموویان ئاشکرا بکەم. ڕەنگە گرنگترینیان ئەوە بێت کە لەدایکم و سەرەتای منداڵیم و ئەو ڕووداوە زەبربەخشەی بوونمی دامەزراند نزیكی كردبێتمه‌وه. به‌هه‌ر حاڵ چیرۆکی من لەگەڵ ئەو کتێبە دا درێژه، لەو کاتەوەیه کە ده‌یجوره تاریکه‌كانی ژیانی ناوەوەمی ڕۆشن کردۆتەوە، دوای ئەوەی بۆ یەکەم جار لەگوندی شاتنی مالبەری لەده‌وروبه‌ری پاریس خوێندمه‌وه. ئه‌وه هەمان گونده‌كه‌ی پۆل ڕیکۆری فەیلەسوفی گەورەیه. هەروەها گوندی ڤۆلتێرە چونکە لەوێ لەدایک بووە و پەیکەرەکەشی لەپێشه‌وه‌یه. بەختەوەر بووم کە لەکۆتایی سەدەی ڕابردوو دا بەڕێکەوت چەند ساڵێک لەوێ نیشتەجێ بووم. له‌و ساوه ئەو کتێبە هەرگیز لێم جیانه‌بۆته‌وه، بەتایبەتی لەساتە سه‌خته‌كاندا. یارمەتی داوم بۆ قوڵبوونه‌وه له‌هەندێک پرسیاری تایبه‌تی و قبوڵكردنی ئه‌وانه‌ی كه به‌رگه‌یان ناگیرێ. لەڕاستیشدا ئه‌و کتێبانه‌ی یارمەتیت ده‌ده‌ن بۆ چارەسەرکردنی كێشه تایبه‌تییه‌كانت ژماره‌یان كه‌مه. ئەوان بریتین له‌كڵاورۆژنه رووناكه‌كانی ناو داخراوه‌كان.
سه‌رچاوه: https://aawsat.com ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩
