قووڵکردنەوەی شۆڕش و خەباتی بێهودەی ئۆپۆزسیۆنی ڕاست.. حەمید تەقوایی
وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر
لەسەر بنەمای سیمینارێک بە هەمان ناوەوە لە کەناڵی ئاسمانی کەناڵ جەدید ئامادەکراوە
ناونیشانی ئەم وتووێژە قوڵبوونەوەی شۆڕش و خەباتی بێهودەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستە. من بەجیا باسی ئەم دوو لایەنە دەکەم و دواتر پێوەندییان لەگەڵ یەکتر نیشان دەدەم.
قووڵکردنەوەی شۆڕش
سەبارەت بە پڕۆسەی شۆڕشیش، سەرنجی یەکەم ئەوەیە کە مەودای ناڕەزایەتی و گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکان بە بەراورد بۆ نموونە بە مانگێک لەمەوبەر کەمی کردووە. ڕەنگە ئەم دۆخە ئەو بڕوایە ببەخشێت کە شۆڕش هێور بووەتەوە یان خەریکە کۆتایی دێت و کۆماری ئیسلامی توانیویەتی لە ڕێگەی سەرکوت و ئێعدامەوە پێش بە درێژەی شۆڕش بگرێت. بەڵام بەڕای من ئەم کەمبوونەوەی شۆڕشی شەقام بە مانای وەستانی شۆڕش یان تەنانەت لاوازکردنی شۆڕش نییە.
شۆڕش ڕێڕەوێکی هێڵی نییە کە لە سفرەوە دەست پێبکات و بگاتە سەد. شۆڕش هەوراز و نشێوی هەیە، سەردەمی جیاواز و قۆناغی جیاوازی هەیە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە پرۆسەی ئیرادەی کۆمەڵگا و هەڵوێستی حکومەت و پەیوەندیی خەڵک لەگەڵ حکومەت و تەنانەت پێگەی جیهانی حکومەت چییە؟ بۆ کوێ دەڕوات؟ ئایا کۆماری ئیسلامی بەرەو سەقامگیری زیاتر دەڕوات؟ ئایا نائومێدی و ڕەزامەندی بە حکومەت و ژیانی ئاسایی لە کۆمەڵگادا زاڵ بووە؟ یان بە پێچەوانەوە لاوازبوونی ڕیزەکانی حکومەت و ڕق و کینەی گشتی لە کۆماری ئیسلامی و ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک و حکومەت توندتر دەبێت؟
نموونە زۆرن کە نیشان دەدەن کە ڕەوتی پێشهاتەکان بۆ بەرژەوەندی خەڵک و بە زیانی حکومەتە. من ئەم پرۆسەیە بە قووڵبوونەوەی شۆڕش ناودەبەم. ئەمەش بەو مانایەیە کە تەوەری شۆڕش، تەوەری داواکاری و ناڕەزایەتیی خەڵک زیاتر ئاشکرا و شەفاف و ڕادیکاڵتر دەبێت.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بینیمان کە کۆبوونەوەی گەورە لە ناوخۆی ئێرانەوە بە بانگەواز و لێدوانی ڕادیکاڵەوە هاتوونەتە گۆڕەپانەکە. لەنێویاندا نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بەیاننامەیەک بەناونیشانی “بەیاننامەی یەکڕیزی و تەبایی دژی سزای لەسێدارەدان” بڵاوکرایەوە، کە دژی تەواوی سزای لەسێدارەدان بوو و تەنها دژی سزای لەسێدارەدان نەبوو. واژۆکارە سەرەتاییەکانی ٢٣٥ چالاکوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بوون کە تا ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی دوو هەزار واژۆ.
ئەم لێدوانە زۆر ڕادیکاڵ و ڕوونە لە سێدارەدان بە کوشتنی دەوڵەت ناودەبات و داوا دەکات نەک تەنها سزای لەسێدارەدانی ئەم دواییانە هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵکو سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێکی سەرکوت و کوشتنی حکومەت، کوشتنی دەوڵەتە، و دەڵێت پێویستە هەڵبوەشێتەوە. واژۆکارانی ئەو بەیاننامەیە کەسایەتییە جەماوەری و ناسراو و دێرینەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، دایکانی دادخواز، ئەکادیمی، مامۆستا، خانەنشین، و نووسەر و هونەرمەند و کەسایەتییەکانی دیکەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانن.
بەڕای من ئەمە یەکێکە لەو نموونانەی کە نیشانی دەدات کە شۆڕش چۆن قوڵایی پەیدا دەکات و ئامانج و داخوازی و تۆمەتبارکردن و تەوەرە و ناوەڕۆکی ناڕەزایەتی دەربڕینەکەی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و لەدژی کۆی سیستم و بارودۆخی هەنووکەیی خەریکە ڕادیکاڵ.تروهەمەلایەنەتر دەبێت.
کۆمەڵێک نووسەر بەیاننامەیەکی دیکەیان دژی سزای لەسێدارەدان بڵاوکردەوە. هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لێدوانی ڕادیکاڵ بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی بڵاوکراوەتەوە.
نموونەیەکی نوێتر لێدوانێکە سەبارەت بە دۆخی خراپی ئێستا بە هەمان ناونیشان کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئەنجومەنی ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی گرێبەستی نەوتەوە بڵاوکرایەوە.
ئەم لێدوانە تەنها سنوردار نیە لە بوارێک یان دوو بواردا، بەڵکو بەشێوەیەکی هەمەلایەنە پرس و مەینەتی جۆراوجۆری وروژاندووە، وەک لەسێدارەدان، سەرکوت و گرتن، بێمافی ژنان و ئاپارتایدی جێندەری، هەڵاواردن و چەوساندنەوەی نەتەوەیی، جیاکردنەوەی ئایین لە حکومەت و پەروەردە.و سیستەمی دادوەری، ئازادی بێ مەرجی مانگرتن و ڕێکخستن، ڕادەربڕین و هتد. ئەم بەیاننامەیە ڕایدەگەیەنێت کە ئێمە دەمانەوێت “نەهێشتنی هەر جۆرە هەڵاواردن و نایەکسانییەکی مەدەنی و ئابووری و چینایەتی” و دەڵێت ئێمە هیچ جۆرە حکومەتێک لە سەرووی خەڵکەوە قبوڵ ناکەین و داوای بەشداری ڕاستەوخۆی خەڵک دەکەین لە بەڕێوەبردنی کار و بەرهەمهێناندا ناوەندەکان و هەروەها لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا. واتە هەمان بیرۆکەی بەڕێوەبردنی شورا کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە کاتی مانگرتنی کرێکارانی هەفت تەپەدا پێشنیار کرابوو. لە کۆتاییدا ئەو بەیاننامەیە زۆر ڕوونە ڕایدەگەیەنێت کە دەبێت لە دەوری ئەو داواکاریانە یەکبگرین و داوا لە هەموو کرێکاران و هەموو چین و توێژە ناڕازییەکانی کۆمەڵگا دەکات لە دەوری ئەم بەیاننامەیە یەکبگرن.
بەم شێوەیە کرێکارانی نەوت لە ئاستی ماکرۆ سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ڕەخنە و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بارودۆخی ئێستا ڕادەگەیەنن و بانگەوازی هەمووان دەکەن لە دەوری ئەم ئاڵایە یەکبگرن. ئەمەش نموونەیەکی نایابی قووڵکردنەوەی شۆڕشە.
لە لایەکی دیکەوە دەبینین کە پێگەی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی جیهانیدا بەرەو دابەزین دەچێت و هەموو ڕۆژێک حکومەت و پەرلەمان و سیاسەتمەداران و لایەنە سیاسییەکان لە وڵاتانی ڕۆژاوایی ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بە ئێعدامەکان و کۆماری ئیسلامی شەرمەزارکردن دەکەن و بە ڕاشکاوی بەرگری لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەکەن.ئەوان ئەم پێشهاتەی ئەم دواییە، کە پەرلەمانی ئەوروپا ئەوەی پەسەندی کرد کە سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆریستانەوە، یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی شۆڕشە، کە یەکسەر لە زۆرێک لە شارەکاندا لەگەڵ دەربڕینی خۆشی و شادی خەڵکی بەرەوڕوو بووەوە.
لەم ڕوانگەیەوە پێگەی جیهانی کۆماری ئیسلامی لە دابەزیندایە و بە هۆی دەسەڵاتی شۆڕشەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە جیهاندا گۆشەگیرتر دەبێت.
جگە لەمەش کۆچبەرانی ئێرانی و خەڵکی ئازادیخوازی وڵاتان بەهەمان شێوە بەردەوام و بەردەوام، لە ناڕەزایەتی ڕۆژانی شەممە و ڕۆژانی دیکەی هەفتەدا لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکایی و چەند وڵاتێکی دیکەدا، دوایین حاڵەتیش کۆبوونەوەی زیاتر لە دە هەزار کەسی لە ئیسترس بۆرگ بوو. ئەو گردبوونەوەیەی کە داواکاریی ناساندنی سوپای پاسدارانی وەک تیرۆریست تێدا خرایە ڕوو و هەر بۆیەش دەبێ بگوترێ کە خۆپیشاندانێکی سەرکەوتوو بوو. ئەم بزووتنەوەیە نیشانی دەدات کە ئێرانییەکانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات لە فشار خستنە سەر حکومەتەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن.
لە ناوخۆی وڵاتدا دیوار نووسین و چل ڕۆژەکان و دروشمی شەوانە لە ماڵەوە یان کۆبوونەوەی هەزاران کەس لە ڕۆژانی هەینی لە زاهیدان هێشتا بەردەوامە، کۆمەڵگا هێشتا لە گێژاودایە.
خاڵێکی بنەڕەتیتر کە پێویستە جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە کە شۆڕشی ئێستا بەتەواوەتی پەیوەندی نێوان حکومەت و خەڵکی بە یەکجاری گۆڕیوە بە قازانجی خەڵک و بە زیانی حکومەت. ئیتر خەڵک حکومەت ، وەک دامەزراوەیەکی دەوڵەتی کە دەبێت کاروبارەکان بەڕێوە ببات یان تەنانەت بیەوێت بەوجۆرە بکات، بۆ نموونە بەرپرسیار لە تەندروستی و پەروەردە و ڕێکخستنی ئابووری و هتد سەیری ناکەن.ئیتر هەمووان حکومەت وەک بکوژی خەڵکەکە دەیبینن و نەک وەک بەرپرس لە کاروباری کۆمەڵگا.
ئەمە حکومەتێکە ستراتیجی “بکوژە و بمێنەرەوە” پەیڕەو دەکات! حکومەتێک کە کۆمەڵگا بە دوژمنی خۆیی دەزانێت و خۆشی وەک دوژمن مامەڵە لەگەڵ خەڵک دەکات. کاتێک خامنەیی شۆڕش بە پیلانی دوژمنان دەبینێت، ئەمە تەنیا بانگەشەیەکی پڕوپاگەندەیی نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی ئەو ڕاستییەیە کە خەڵک دوژمنی ئەو و ڕژێمەکەیەتی. ئەمڕۆ پرسی کۆماری ئیسلامی تەنیا پاراستنی دەسەڵاتی خۆیەتی لە بەرامبەر لەشکرکێشی و دەستدرێژیی ئەم دوژمنە و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و نەک هیچی تر. بە هەر نرخێک بێت، بە زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان، کوشتن، لەسێدارەدان و دڕندانەترین شێوازەکانی سەرکوتکردن، هەوڵ ئەدات بۆ پاراستن ومانەوەی خۆی.
هەر لەبەر ئەم هۆکارانەشە کە خەڵک حکومەت بە بکوژی خۆیان دەزانن و تەواو. ئەم حکومەتە بکوژی خەڵکە و تەنها مەبەستی ئەوەیە خۆی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، هەر بۆیە قەیران لە دوای قەیرانمان دەبێت. ئێستا قەیرانی دابینکردنی غاز و نەوت و سووتەمەنی هەیە، سبەی کێشە و قەیرانێکی تریش دروست دەبێت، پیسبوونی هەوا گەیشتووەتە سنوورێکی تەحەمول نەکراو، هەژاری و نائەمنی بێداد دەکات، لە ڕووی ئابوورییەوە حکومەت بەتەواوی مایەپووچ بووە و هیچ ئاسۆ و چارەسەرێکی نییە. خەڵک دەزانن حکومەت خۆی دروستکەری ئەو نەهامەتیانەیە و چارەسەری ئەو نەهامەتیانە نییە. ئەم پرسانە لەپاڵ کوشتن و سەرکوتکردن و کوشتنی خەڵکی ناڕازیدا، ڕۆژانە سووتەمەنی زیاتر دەدەن بە ڕق و بێزاری و توڕەیی لە نێو خەڵکدا و وەک بزوێنەری شۆڕش کار دەکات.
ئەم پەیوەندییەی نێوان ئەو دوو دوژمنە نێوان حکومەت وخەڵک هەلومەرجی تەقینەوەی دروستکردووە کە ئیترلەبیر بکرێت و ناتوانرێت بگەڕێندرێتەوە دواوە. کۆمەڵگا ناگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی ئاسایی.
ئەم بەشە کورت دەکەمەوە. وەک لە سەرەتادا وتم شۆڕش هەوراز و نشێوی هەیە. ئێمە ئێستا لە قۆناغێکداین کە مەودای ناڕەزایەتییەکان کەم بووەتەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە شۆڕش کوژاوەتەوە یان خەڵک بێهیوا بووە یان ورەی لەدەست داوە و بەم دۆخە ڕازییە. ئێمە هیچ کام لەمانە نابینین، بەپێچەوانەوە تووڕەیی و ڕق و کینەی لەحکومەت و خواستی ڕووخاندنی، ڕۆژ بە ڕۆژ گەشە دەکات. ئێمە ئێستا لە قۆناغ و سەدەمێکداین کە سەرمایەی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا، واتە دامەزراوە و کەسایەتییەکان، کۆمیتە و شوراکان، و چالاکوانان و سەرکردە پراکتیکییەکان لە بزووتنەوەی کرێکاری، لە بزووتنەوەی دادگاییکردن، لە بزووتنەوەی ئازادیی ژنان، لە بزووتنەوەی خوێندکاریدا، هتد، دیارتر و ڕاشکاوانەترن، ڕوونتر دێنە گۆڕەپانەکە، لێدوان و بانگەواز دەدەن و بەم شێوەیە شۆڕش خەریکە ڕیزبەندیی خۆی بەهێزتر دەکات.
بە بڕوای من شۆڕش لە ڕووی ناوەڕۆکی داواکارییەکانەوە زیاتر ڕێکخراوتر و قووڵتر دەبێتەوە.
هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست
ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخە تەنیا لە ڕیزەکانی ڕژیمدا نابینین، لە ڕیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەویشدا دەیبینین. زۆر جار وتوومە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست، نەک هەر شاخوازەکان، بەڵکو هەموو ئەو هێزانەی کە نوێنەرایەتی سیاسەت و بەها ناسیۆنالیستەکان دەکەن، نوێنەرایەتی بەها نەتەوەیی- نیشتمانیەکان دەکەن وەک خۆیان دەڵێن، هەرگیز لە ڕووی کلتورییەوە لەگەڵ شۆڕشدا نەبوون سیستەم و ئایدۆلۆژیا و عەقیدە.ئەوان دژی شۆڕش بوون. کاتێک ئاماژە بە پڕوپاگەندە و ئەدەبیاتیان دەکەیت، بۆت دەردەکەوێت کە ئەوان هەمیشە شۆڕشیان وەک ئاژاوەگێڕی و توندوتیژی و نائارامی بینیوە. بۆیە ڕۆحی پێکهێنانی شۆڕش تەواوی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوی گرتۆتەوە. لە دۆخێکدا گیراوە کە ناتوانێت نکۆڵی لە شۆڕش بکات و دژی بوەستێتەوە، چونکە لەم حاڵەتەدا بە تەواوی دابڕاوە و لە سیاسەت دەکشێتەوە، و ناتوانێت بچێتە ناو ناوەڕۆک و داواکاری و دروشمەکانەوە، و پێشکەشکردنی ئاسۆی سەرکەوتنی شۆڕش و ئەو ئامانجانەی کە دەبێت لەبەردەم کۆمەڵگادا بەدوایدا بگەڕێت بۆیە تاکە ڕێگە بۆی ماوە ئەوەیە کە گوتاری چەوساندنەوە و هەڵوەشاندنەوە و هاوشێوەکانی بە لایەکدا جێبهێڵێت و دواجار باسی جۆرێک لە ڕووخانی لانیکەم و مینیمالیستی بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا، دەست بە مانۆڕ و چالاکییەکانی بکات لە سەرووی خەڵکەوە بۆ ئەوەی خۆی بخاتە ناوەند و بنچینەکەوە ، لە لای حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و لە ڕای گشتیدا. باسی هاوپەیمانی و قۆناغی ئینتقالی و ڕابەری و یەکڕیزی دەکات.بەڵام کابرا لەبنەڕەتدا ڕوی دەمی لە دەوڵەتان و هەموو هیزە ڕاستەکانە و دەیەوێت ئەوان لەدەوریەک کۆیان بکاتەوە. ئەم مانۆڕانە هیچ پەیوەندییەکیان بە شەقامەوە نییە، نە لە ناوەوە و نە تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش. لە دەرەوەی وڵات بانگەوازەکان لەلایەن کەسانی ترەوە دەدرێن، جوڵانەوەکانی تر سەربەخۆ لە مانۆڕی ڕاستەکان ڕوویانداوە و لە ناوەوەش هەمان شت. لەم نێوەندەدا هێزە ڕاستڕەوەکان پرسی هاوپەیمانی و تەبایی و یەکڕیزی و دەوروژێنن، لە بنەڕەتدا لەبەر ئەوەی ڕیزەکانیان پەرش و بڵاون و لەوەش گرنگتر بێ پلانن و پەیوەندیان بە ئامانجەکانی شۆڕشەوە نییە. حیزب و تەنانەت بەرەیەکیش نییە بتوانێت کۆیان بکاتەوە. ئەوان “شورای نیشتمانی ئێرانییەکان”یان پێکەوە دانا، بەرەی٧ ئابانیان دروست کرد، فەرشگێرد ناوی خۆی گۆڕی بۆ پارتی ئێرانی نوێ و هتد و هتد، بەڵام ئەو هەوڵانە نەگەیشتن و ناگاتە هیچ شوێنێک.
باسی هاوپشتی و هاوپەیمانی دەکەن چونکە خودی بەرەی ڕاست بەتەواوی سەرلێشێواوە. نەک هەر لەبەرئەوەی ناتوانن لەحزبێکدا کۆببنەوە، بەڵکو بەتایبەت لەبەرئەوەی بەرنامەو ئامانج و داخوازیەکانیان جگە لەسیستەمێکی بەهای پیرۆزی نەتەوەیی و تابۆی نەتەوەیی هیچی تر نین. لقێکی گرنگی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو، واتە شاخوازەەکان، بە تەواوەتی دواکەوتوون. ئەم لقە لە مانای ڕوون و وردی وشەکەدا ڕابردوگەرا و کۆنەپەرستە. نوێنەرایەتی سەردەمی پاشایەتی دەکات. نۆستالژیای بۆ ڕابردوو و پاشا و شازادە هەیە، لە کاتێکدا هەمووان دەزانن کە لە شۆڕشی دەستوورییەوە تا ئەمڕۆش دیکتاتۆری لە دوای دیکتاتۆرییەت هەبووە و کۆمەڵگای ئێرانیش بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ ڕوخساری ئازادی و تەنانەت دیموکراسی بە مانا لیبراڵەکەی وشەکەیان نەبینیوە. خەڵکی ئێران هەرگیز ئازادی چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکان، پێکهێنانی حیزب و دەربڕینی بیروڕایان نەبووە. سەردەمانێک خەڵک بە مێژووی ٢٥٠٠ ساڵ و پیرۆزییەکانی باوباپیران و هتد دەخنکێنرا و ئەمڕۆش بە ئیسلام و قورئان و هتد، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا هیچ هەواڵێک لە ئازادی نەبوو، تەنانەت لەگەڵ مینیمالیستیترین لێکدانەوەشدا.
شۆڕش خەریکە کۆماری ئیسلامی دەڕوخێنێت، بەڵام ئەمە ئامانجی دەستبەجێ و ڕاستەوخۆی شۆڕشە. خەڵک هۆکارێکی هەیە بۆ کە ڕوخاندنی حکومەت ڕاپەڕیوە. چەرمەسەری هەیە، نایەکسانی هەیە، هەڵاواردن و بۆشاییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و چینایەتی هەیە، هەر بۆیەش دروشمی “ژیانێکی شکۆمەند مافی بەڵگەنەویستی ئێمەیە” و “موچەی فەلەکیی نەهامەتی گشتی”، دروشمی دژ بە گەندەڵی و دزی و دژی ئایەتوڵڵا، ملیاردێرەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا بەفەاوانی باس دەکرێن. ئەو دروشمانەی کە ئەمڕۆ بوونەتە هۆی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی . ئەمانە ئەو پرس و داخوازییانەن کە شۆڕش بەرەو پێشەوە دەبەن. ڕاستە شۆڕش بە پرسی حیجاب و هەڵاواردن لە دژی ژنان دەستی پێکرد و ئەمەش پایەیەکی گرنگی شۆڕشی ژنانە، بەڵام ناڕازیبوونی خەڵک تەنها لەبەر ئەمە نییە. خەڵک پرس و کێشەی زۆریان هەیە و هەر جۆرە هاوئاهەنگی و یەکڕیزی و هاوڕێیەتییەک لە دەوری وەڵامدانەوەی ئەو پرسانە مانادارە.
سەرەکیترین شت ئەوەیە کە ئێمە لە دژی چی ناڕەزایەتی دەردەبڕین. بۆچی دەمانەوێت کۆماری ئیسلامی بڕوات؟ کێشەی خەڵک ئەوە نییە کە حکوومەتی ئیسلامی سنوورەکانی خستووەتە مەترسییەوە یان پیرۆزییە نەتەوەییەکانی لە ژێر پێناوە، بەڵکو ئەوەیە کە مرۆڤ و مرۆڤایەتیی خستوەتە ژێرپێوە. لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابوورییەوە ٥٠٪ی کۆمەڵگا واتا ژنان زۆرترین بێ مافی و سووکایەتی و زەلیلی بەرکەوتووە و هەموو کۆمەڵگە واتە لەسەدا نەوەد و نۆیەکان لە بچووکترین ئازادی سیاسی و مەدەنی بێبەش کراون لەمافەکانیان و پاڵیان پێواوەنراوە بۆ ژێر هێڵی هەژاری. ئەم حکومەتە بچوکترین مافی مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بە هیچ کەسێک نادات. هەر جۆرە جموجۆڵێکی ڕاگرتووە و خەڵک بۆ لابردنی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕیوە، بەڵام نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ دیکتاتۆریەتێکی تر. مەسەلەکە هەڵبژاردنی نێوان خراپ و خراپتر نییە. مرۆڤەکان بۆ ئەوەی هەموو ئازادییەک، هەموو یەکسانییەک، هەموو خۆشگوزەرانییەکی، ئینسانی و مۆدێرن بەدەست بهێنن و چێژ لە ژیانێکی شایستەی مرۆڤانە وەربگرن، ڕاپەڕیون. ئەمە تەوەری ڕاستەقینەی دروشمی ژن ژیان ئازادییە. تەنانەت دروشمی بمرێ خامنەیی تەنیا بەو مانایە نییە کە ئیسلام یان مەلاکان بڕۆنە لاوە، بەڵکو بەو مانایەیە کە هەژاری و بێ یاسایی و هەڵاواردنی ئایینی، نەتەوەیی، میللی، ڕەگەزی و چینایەتی لەناوبچێت.
ئەمەمان نە لە لێدوانەکانی ڕاستدا بینیوە، نە لە هەڵوێست و گوتار و دروشمەکانیدا. خەمی ئەوان زیاتر لە یەکپارچەیی خاکدایە نەک هەژاری و برسێتی و بێمافی خەڵک. بەدیلێکی ئابووری ڕاستەکان چییە؟ دەیەوێت چی لە نایەکسانی بکات؟ دەیەوێت چی لە سەختی ئابووری بکات؟ ئەو دەیەوێت چی بکات لەو بۆشاییە گەورەیەی نێوان کەمینەی ملیاردێرەکان و ئەو خەڵکەی پاڵیان پێواوەنراوە بۆ خوار هێڵی هەژاری؟ ئەم جیاوازییە گەورەیە هەمیشە هەبووە. لە سەردەمی شادا هەزاران خزم و کەسی دەوروبەیانمان هەبوو، ئەمڕۆش ئایەتوڵڵای ملیاردێر و مافیای ئابووری و ئەوانەی وابەستەی نوسینگەی ڕابەرمان هەیە.
بە واتایەکی تر ئۆپۆزسیۆنی ڕاست لە ڕووی ناوەڕۆک و دروشم و ئامانجەکانی شۆڕش و داواکاری جەماوەرەوە زۆر قسەی نییە. تەنانەت لەو شوێنانەی کە قسەی هەبێت، ناڕەزایەتی و هەڵوێستەکانی قسەی خەڵک نین. کاتێک هێڵی سووری ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەو ناکۆکی چینایەتی و هەژاریی بەربڵاو نییە بەرامبەر بە سامانی کەمینەیەکی سەربەرز، بەڵکو یەکپارچەیی خاکی بێت، یان تەنانەت کاتێک باسی مافی مرۆڤیش دەکات، دەبەستێتەوەبە ئیمپراتۆریەتێکی سەردەمی کۆیلایەتییەوە، تەنها بێ بنەمایی و دژایەتی خۆی نیشان دەدات لەگەڵ داواکارییە ڕەواکانی شۆڕشدا، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە تەواوی لە فەزا و چوارچێوە و پارادایمێکی تردایە.
ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست لە هەوڵدایە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم نامۆبوونە لە فەزا و ناوەڕۆکی شۆڕش بە لێدوانێکی گشتی سەبارەت بە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ، کە تەنانەت لەم ئاستە زمان گیراوی وناتەواوەشیداناکۆکە لەگەڵ ڕابردووگەرایی و نۆستالژیای شاهانەی ئەو دەکات و بە زنجیرەیەک کردار و مانۆڕی بێ ئەنجام کە بریتییە لە یەکگرتوویی، ڕابەرایەتی، قۆناغی گواستنەوە،هاوپەیمانی، وەکالەت و هتد قەرەبووبکاتەوە.
ئەوەندەی پەیوەندی بە گفتوگۆی هاوپەیمانییەوە هەیە، پرسیاری یەکەم ئەوەیە کە هاوپەیمانی لەسەر چییە؟ تۆ دەتەوێت کۆماری ئیسلامی بڕوات، بەڵام کۆماری ئیسلامی بە چی ناودەبەیت؟ تۆ بە چی دەڵێی ڕووخاندن؟ کۆماری ئیسلامی تەنیا حکومەت و کابینە و مشتێک مەلا نییە. سیستەمێکە، سیستەمێکە کە هەژاری و گرانی زۆر و نائەمنی ئابووری و زەوتکردنی هەر جۆرە مافێکی کۆمەڵایەتی و مەدەنی و لە ڕووی کولتوورییەوە، هەژموونی پیرۆزیەکان و ڕێسا و خورافاتەکانی سەپاندووە. ئەمانە دەبێ بڕۆن، دەبێت هەموو ئەم سیستەمە بنبڕ بکرێت. ئەوەی دەیەوێت ئەم ئازارانە بنبڕ بکات، ناتوانێت نوێنەری سیاسەتێک بێت کە پێشتر هەمان سیستمی بە فۆرمێکی ترەوە دامەزراندبوو، لەژێر دەسەڵاتی تاجدا لەبری عەمامە.
بەڕای من ئەمانە ئەو هەلومەرجە دژبەیەکانەن کە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئەگەر دۆخەکە بە گوێرەی قسەی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو و ستراتیژەکەی بەرەو پێش بچووبا، ئێستا کەشی سیاسی ئۆپۆزسیۆن بە دانانی حکومەت لە سەرەوە و دەستوەردانی ڕۆژئاوا و ڕیفراندۆم و “ڕژێم گۆڕین” زاڵ دەبوو . مەبەست لەڕژێم گۆڕین هەرگیز ئەوە نەبووە کە بە دەسەڵاتی شۆڕشی خەڵک ڕژێم بڕوخێنرێت، بەڵکو گۆڕانکارییەک بوو لە سەرەوە، واتە هەمان دەستەواژە و هەمان واتا کە حکومەتی ئەمریکا هەمیشە بەکاری هێناوە. ئەگەر پێشهاتەکان بە پێی ئەجێندای ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەو بەرەوپێش بچێت، دەبێ شاهیدی گوتارگەلێکی وەک پاراستنی سنوور و ڕەخنە لە کۆماری ئیسلامی وەک حکوومەتێکی “بێگانە”دەگرێت کە حوکمڕانی ئایینێکی “عەرەبی” سەپاندوە، کە دامەزرێنەرەکەی لە هیندستان لەدایک بووە، و سەرکردەکەی ئێستایشی دوژمنی ئێران و ئەو ئێرانی بوونە و هتد. لە ڕوانگەی تاکتیکییەوە، هێڵی ڕیفراندۆم و گۆڕینی دەستوور و لە هەندێک حاڵەتدا هاوڕێیەتی بزووتنەوەی سەوز و وەنەوشەیی، ڕێزگرتن لە ئایین و پیاوانی ئایینی باش و پیاوماقوڵانی سوپای وڵات، نۆ ستالژیای ڕابردوو و گواستنەوە بۆ حکومەتێکی وەک گۆڕستانی ئاریامێهری دوا قسەی ئەبێت.
ئەگەر دۆخەکە لە دەستی ڕاستدا بوایە، ئەم ئاسۆیەی دەخستە بەردەم کۆمەڵگا. بەڵام شۆڕش ئەم سیستەمەی تێکدا. شۆڕش لەدەرەوەی ئیرادەی هەرکەسێک ڕوودەدات و دەیەوێت ڕەگ و ڕیشەی ببڕێت و ئەوە ڕەگ و ڕیشەیە کە کێشەی هێزە ڕاستەکانە. ڕاستەکان دەیانەوێت حکومەت بڕوات و لە هەمان کاتدا بە کەمترین گۆڕانکارییەوە بڕوات. دەیەوێت سیستەمی زیندانەکان، سیستەمی هێزی سەرکوتکەر، سیستەمی بیرۆکراسی، ئیستغلال، کۆیلایەتی کرێ، و کەڵەکەکردنی سامان لەلایەن کەمینەیەکی مفتەخۆرەوە لەسەر حیسابی هەژاریی جەماوەری خەڵک بپارێزێت. من نەمبینی ڕاستڕەوەکان ناڕەزایەتیان بەرامبەر سیاسەتی سەختیی ئابووری نیشان بدەن یان چارەسەرێکیان بۆی هەبێت.
لە ڕوانگەی ئازادی و دیموکراسیەوە مەرج و مەرج و سنووردارکردن و هێڵی سووری خۆیان داناوە. لە فەرهەنگی ڕاستەکاندا ئەگەر کەسێک دژی یەکپارچەیی خاک قسە بکات، ئەوا بە تاوانبار دادەنرێت. بە بڕوای خۆیان ئەمە هێڵی سوورە. ئەمڕۆ هەموو خەڵک خەریکی تێکدانی پیرۆزییە ئایینییەکانن. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا سبەی کەسێک دەتوانێت ڕەخنە لە نیشتمان نەتەوەیی بگرێت وڕەخنە لە باوباپیران بگرێت؟ ئایا کەسێک دەتوانێت بڵێت کوروشی گەورە ئیمپراتۆری سەردەمی کۆیلایەتی بووە؟ ئایا ئازادی قسەکردنی وا هەیە؟ یان بڕیارە هەمان ئەو پاشا ئیلاهییانەی ئەمڕۆ لە شەقامەکانی ئەوروپادا چالاکن، بەرببنەگیانی خەڵک؟
ئەمانە پرسیاری ڕاستەقینە. ئەمانە ئەزموونی ڕابردوون. کۆمەڵگا تەنیا لە چل ساڵی ڕابردوودا لەژێر خنکاندن و لەژێر قامچی و پێڵاوی دیکتاتۆریدا نەبووە، لە شۆڕشی دەستووریەوە لەژێر سێبەری ڕەشی دیکتاتۆریەت و ستەمکاریدا بووە. شۆڕشی ئێستا بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی خۆیەتی لەگەڵ تەواوی ئەم دامودەزگا سەد ساڵەییەدا. لە هەر گروپێک و بە هەر ناوێک. وە لێرەدایە دەبینین کە باڵی ڕاست خۆی بەشێکە لە کێشەکە نەک چارەسەر.
هەوڵ و تێکۆشانی ئەم دواییەی ئۆپۆزسیۆنی ڕاست و ململانێی وەک دابینکردنی وەکالەت و هاوبەشکردنی تویت و هتد وەک بڵقی سەر ئاو وایە. تەمەنێکی کورتی هەیە. پەلەقاژێیە لە ناوکرۆکەی شۆڕشێکی مەزندا کە سەرقاڵی کارێکی ترەو ئاراستەیەکی تر و ڕەوەندێکی تری هەیە.
لەژێر پەردەی گوتاری هاوپەیمانی و داکۆکی و هتد، دەیانەوێت مشتومڕ لەسەر تەوەر و داواکاری و ئامانجەکانی شۆڕش بشێوێنن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەم هەوڵانە وەک بەشێک لە بەرەی شۆڕشگێڕانە ناخەمە ناوەوە. هەوڵە لە دژی شۆڕش و لە دژی ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییانەی کە زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا پێویستیانە.
بەپێچەوانەوە باسی چەپ، چ چەپی کۆمەڵایەتی کە لە لێدوانەکانی ئەم دواییانەدا باسم کرد، یان چەپی حزبی وەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە بنەڕەتدا لەسەر تەوەر و مانای ڕووخان و ڕەخنەیەکی ڕیشەیی لە هەموو ئەم دۆخەیە . پەیوەندی بە لەناوبردنی سیستەمێکەوە هەیە، نەک تەنها حکومەتێک. لەناوچوونی سیستەمی کۆیلایەتی کرێ کە دوای دیکتاتۆر دوای دیکتاتۆر بەسەر کۆمەڵگەیدا سەپاندوە ، کۆمەڵگە تەنیا لەژێر ئەم ئاڵایەدایە کە دەتوانێت بەڕستی ئازاد و ڕزگار ببێت.
٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٣،٢بەهمەنی ١٤٠١