پەیمانی وەستاندنی شەڕ کەبەپەیمانی (مۆدۆراس)ناسراوە.. بێخاڵ ڕەسوڵ علی
دەوڵەتی عوسمانی بەر لەساڵی ١٩١٤ توشی داڕزاوی وتەنگ وچەڵەمەیەکی زۆر گران بوو بوو، بەهیچ شێوەیەک چارەسەی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی پێنەدەکرا کەبە (پیاوە نەخۆشەکە) ناوبانگی بڵاو ببۆووە. تاقمی (ژون تورک)کەنەخشە کێشی هاوکاریکردنی دەوڵەتی عوسمانی بوون لەگەڵ ئەڵمانەکاندا ودوای ئەم شکاندنەی بەسەر تورکدا هات، ژون تورکەکان هەریەکەیان بەشێوەیەک خۆیان دورخستەوە لەئەرکی ئەوبارگرانیەی بەسەر وڵاتدا هاتبوو، سوپاکانی وڵاتە هاوپەیمانەکان ڕاژنە ناو خاکی تورکیاوە وپاشماوەی خەلافەتی عوسمانیان ناچارکرد پەیمانی(مودراس)مۆربکات وبەریتانیا وفەرەنسا وئیتاڵیا هەریەکەیان دەستی بەسەر ناوچەیەکی تورکیادا گرت بەئەستەمبۆلی پایتەختەوە ،دەربارەی پەیمانی مۆدراس (ڕیچارد ڕالینسۆن) لەلاپەڕە ١٩ی کتێبەکەیدا باسی مەرجەکانی ئەم پەیمانەی کردووە کە لە(٣٠/١٠/١٩١٨)دا مۆرکرابوو کەبریتی بوون لە؛
١-نەهێشتنی دەسەڵاتی مەرکەزی لەئەستەمبۆڵدا بەسەر شوێنەکانی ترەوە.
٢-هەڵوەشاندنەوەی هێزی سوپاکانی عوسمانی.
٣-ئەو شوێنانەی لەئەفریقادا بەر لەشەڕ لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوون هەمووی دەخرێتە ژێر سایە ودەسەڵاتی دەوڵەتە هاوپەیمانەکانەوە.
٤-سەربەستی هاتووچۆکردن وتێپەڕبوون بەناو تەنگەئاوەکاندا،وەبەکارهێنان لەلایەن هاوپەیمانەکانەوە.
٥-دانی دەسەڵاتێکی تەواو بەسوپا وهێزەکانی هاوپەیمانەکان لەهەر شوێن وناوچەیەکدا کەبەپێویست بزانرێت بۆ دابینکردنی ئاسایش لەجیاتی هێزەکانی تورک (ئەوەی شایانی باسە دەربارەی هەڵویست بەرامبەر بەکوردستان ومافی کورد.
کورد لەدیکۆمێنتێکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا لەرۆژی ٦/٣/١٩٢٠ باسی تلگرافێکی شەخسی ونهینیکراو کەلەهەمان رۆژدا کەلەوەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاوە نێردراوە بۆ ( ئەدمیرال روبیک) کەلە ئیستەمبۆڵ بووە لەوتلگرافەدا وتراوە.
((تەلگرافی ژمارە /١٦٩تا لەڕۆژی ٢٧/٢/١٩٢٠دا، هیچ باس وپێشنیارێک نەخراوەتە بەردەمی کۆنفرانسی ئاشتی دەربارەی ئەوەی کوردستان لەژێر حیمایەتی فەرەنسا وئینتگلتەرا بێت وباسی دواڕۆژی کوردستانیش نەکراوە،
بیر لەوە کرابووەوە کوردستان لەتورکیا جیابکرێتەوە وسەربەخۆ بێت وبپارێزرێت بەڵام بەجێهێنانی ئەوە هێشتا نەخراوەتە بەرچاوە ونەخراوەتە کار ،ئەم تەلگرافەشت بۆیە بۆ دەنێرم بۆئەوەی ئەو پڕوپاگەندانە بەدرۆبخرێتەوە کە لەم ڕوەوە بڵاودەکرێنەوە))
بێگومان دەوڵەتە هاوپەیمانەکان لەمێژبوو مرخیان لەوڵاتی عوسمانی خۆشکردبوو،هەریەکەیان ئەگەر بۆی بکرایە هەموو میراتەکەی عوسمانی بۆخۆی دەبرد وبێجگە لەڕوسیای قەیسەری کەبووبوو بەسۆڤیەت ووازی لەوبەشە هێنابوو کەپەیمانی (سایکس بیکۆ) بۆی تەرخانکردبوو، ئەوانیتر وەکو بەریتانیا وفەرەنسا وئیتاڵیا هەریەکەیان بەشێوەیەک هەڵپەی دەکرد، لەوانە بەریتانیا لەهەموویان زۆرتر توانیبووی مەبەستەکانی خۆی بهێنێتەدی.
دەربارەی هەڵپەی ئەو دەوڵەتانە (Patrick Kimross) لەلاپەڕە١٣٩ی کتێبەکەیدا ،باسی چۆنیەتی دابەشکردنی بەشەمیراتی عوسمانی کردووە کەوتوویەتی:(لەدوای تەواوبوونی شەڕ،حکومەتی بەریتانیا لەبەردەمی چوار شتی قبوڵکراودا وەستابوو:
یەکەم:ئەو بەشەی کە بۆ ڕوسیای قەیسەری دانرابوو بەپێی پەیمانی سایکس بیکۆ،دوای ئەوەی سۆڤیەت جێی روسیای قەیسەری گرتەوە وسۆڤیەت وازی لەو بەشە هێنا ئیتر پێوسیت بەوە نەما باسی ئەو بەشە بکرێت.
دووەم:بەپێی پەیمانی سایکس بیکۆ دەبوایە بەشی زۆری وڵاتانی عەرەب لەنێوان بەریتانیا وفەرەنسادا دابەش بکرێت وبەپێی ئەوە میسۆپۆتامیا بۆ بەریتانیا وسوریا وناوچەی کیلیکیا بۆ فەرەنسا دەبوو.
سێیەم وچوارەم:ناوچەی (ئەدالیا)هەتا دەگاتە (کیلیکیا)بۆ ئیتاڵیا دەبێت لەگەڵ دورگەکانی (دودیکانیز)ومەڵبەندی (ئەزمیر)لەگەڵ زەوی وزارەکانی دەوروبەری.
بەم جۆرە لەدرێژەی باسەکەماندا دەمانەوێت بڵێین ئەوەی بۆ تورکیا دەمایەوە بریتی دەبوو لەچەند ناوچەیەکی کەم لە (ئەناتۆلیا)وەچەند ڕێبازێک کە دەیگەیانەسەر دەریای ڕەش ودەریای ئیجە،بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەو چاوتێبڕینەی یۆنان بوو کەبەتەمابوو دوای شەڕ دەستگیربێت وئەوەبوو لەسەرەتای ساڵی ١٩١٥دا(سێر ئەدوارد گرای) گەلێک ئیمتیازاتی دەستیشانکردبوو کەبدرێت بەیۆنان وسەرۆک وەزیرانی یۆنان(ڤنزولوس)ئەوەی پەسەندکردبوو کەئەمەش بەتەمای دروستبوونی یۆنانێکی گەورەبوو کەهەموو ناوچەکانی (Heilenism )بگرێتەوە،لەدواییشدا ڤنزیلوس لە(لوید جۆرج)نزیکبووەوە بەهیوای ئەوەی دەست بەسەر هەموو کەنارەکانی دەریای ئیجەدا بگرێت، لەکاتێکدا بڕیار وابوو ئەوبەشە بکرێت بەئیتاڵیا.
ساتێک شەڕ بڕایەوە،دوای دوومانگ پاش کۆنفڕانسی پاریش، ڤنزیلۆس ئەو داخوازیانەی خستە بەرچاوی ئەنجومەنی باڵا لەپاریس، لای (لوید جۆرج) ئەو داخوازیەی ڤنزیلۆس شتێکی ڕەوابوو وەبەسودیش بوو چونکە بەمە یۆنانیەکان دەیانتوانی کارێکی وابکەن لەناوخاکی تورکیادا ڕێگەیەکی باش ولەبار دابین بکرێت وبپارێزرێت بۆ هاتووچۆکردنی ڕێگەی هندستان و(لۆرد کرزن)یش لایەنگری ئەم بۆچوونە بوو.