Skip to Content

کۆتایی هێنان بە ڕژێمی دژە شۆڕش و پەرلەمانەکەی بەندە بە پەرەسەندنی خەباتی جەماوەری شۆڕشگێڕانەوە…

کۆتایی هێنان بە ڕژێمی دژە شۆڕش و پەرلەمانەکەی بەندە بە پەرەسەندنی خەباتی جەماوەری شۆڕشگێڕانەوە…

Closed
by ته‌مموز 7, 2022 General

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق


لە شانۆگەرییەکی ڕیسوای هێز و حزبە بۆرژوا ئیسلامی و قەومیـیەکانی فەرمانڕەوا لە عێراقدا، پەرلەمانی ئەو هێزانە لە (٢٣)ی ئەم مانگەدا دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدا، و ڕەزامەندی خۆی نیشاندا لەسەر ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کە جێگرەوەی ئەندام پەرلەمانەکانی قەوارەی ڕەوتی سەدر بوون کە پێشتر هەر لەم مانگەدا دەستیان لەکار کێشابۆوە لەپێناو ئامانجی تایبەت بەو ڕەوتەدا.
ئەم ڕژێمە سیاسیـیەی ئێستای هێزەکانی دژە شۆڕش، کە مۆتەکەیە بەسەر سنگی جەماوەرەوە، قەیرانەکەی بەرەو ئاڵۆزکاوی زیاتر دەڕوات لەگەڵ هەر توندبوونەوەیەک لە کێشمەکێش لەنێوانیاندا لەسەر پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پشکی دەسەڵات و سامان، بەپێی بەرژەوەندیەکانیان و بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیکی ئەم هێز و ئەو هێزی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، بە تایبەتیش هی ئەمریکا و ئێران.
دیمەنەکانی کێشمەکێش لەسەر “حکومەتی زۆرینە” و “حکومەتی تەوافوق” و بگرەوبەردەی نێوان ئەو هێزانە لە ماوەی زیاتر لە هەشت مانگ و بەدواشیدا سەرهەڵدانی دۆخێکی بەناو “بنبەستی سیاسی”، هەموو ئەمانە پرۆسەیەک لە کێشمەکێشی پێکهێنا کە هەر لە سەرەتاوە پێشبینی دەکرا بۆ ئەنجامە پڕوپوچەکانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی بایکۆتکراو لە لایەن زۆربەی دەنگدەرانەوە، کە خۆی لە بنەڕەتدا ئامانجی ئەم هەڵبژرادنە تەواوکردنی پڕۆسەی سەرکوتکردنە خوێناویەکەی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) بوو بە شێوەیەکی سیاسی نەرم و هەوڵدان بوو بۆ لەباربردنی ڕاپەڕینەکە.
دەستلەکارکێشانەوەی (٧٣) سێ پەرلەمانتاری بلۆکی سەدر لە (١٢)ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ و جەختکردنەوەی موقتەدا سەدر لەسەر کشانەوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و پرۆسەی سیاسی، بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر قووڵی ئەو قەیرانەی کە هێزەکانی ڕژێم و خودی بزووتنەوەی سەدر تیایدا دەژی.
مانای سیاسیی کردەیی ئەم هەڵاتنە بەکۆمەڵیەی ڕەوتی سەدری لە گۆڕەپانی خەباتی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت، شکستە بۆ ئەم ڕەوتە، وەک ڕەوتێکی سیاسی حکومی لەبەردەم نەیارەکانیدا لە ڕەوتەکانی تری ئیسلامی سیاسی شیعە کە لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا کۆبوونەتەوە، لەمە زیاتر ناتوانرێت وەسفێکی تری بکرێت؛ ئەم شکستە لە بنەڕەتدا شکستهێنانی ئەم ڕەوتەیە لە گەیشتن بە ستراتیژەکەی سەبارەت بە حوکمڕانی وڵات لە ڕێگەی دامەزراندنی “حکومەتێکی زۆرینە” کە لە مێژە فێڵبازانە تەپڵی بۆ لێداوە و بانگەشەی بۆ کردووە، کە گوایە ئەمە جۆرێکی دیکەی حکومەت دەبێت “نە ڕۆژهەڵاتی و نە ڕۆژئاوایی”ە و دوورە لە “گەندەڵی” و “چەتەگەری” و “پاشکۆیەتی” بۆ ئەم وڵات و ئەو وڵات، کە تایبەتمەندی حکومەتەکانی پێشووتر بووە.
بەڵام چوونەدەرەوەی ڕەوتی سەدری لە پەرلەمان و تەنانەت لە پرۆسەی سیاسی ئێستاش، بەجیا لەوەی لەم کارەیدا قازانج دەکات یان زیانی پێدەگات، لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە هێشتا ڕەوتی سەدری یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە لە عێراق و سێبەرەکەی باڵی کێشاوە بەسەر تەواوی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی شیعەدا و بەم پێیە ڕۆڵی هەیە لە سەقامگیری و درێژەدانی ئەم ڕەوتانە وەک مۆتەکە بەسەر سنگی جەماوەرەوە.
لە لایەکی ترەوە ئەوەی کە ڕەوتی سەدر دەبەستێتەوە بە جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕین و تەوژمی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریی داهاتووەوە، ڕۆڵی کۆنەپەرستانە و سەرکوتگەرانەیەتی دژی جەماوەر و شۆڕش و ڕاپەڕین. هەر ئەم ڕۆڵە و ئەو پەیوەندیـیە دوژمنکارانەیە کە ناوەڕۆکی جموجوڵی ئەم دوایـیانە و مانۆڕە سیاسییەکانی ڕەوتی سەدر دیاری دەکات لە ڕۆڵگێڕانی ئۆپۆزسیۆنیـدا، ئەویش بە مەبەستی ئیفلیجکردنی وزەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر و هەروەها پاراستنی بنکە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی، کە لە ئاکامی ڕاپەڕینەکەی ئۆکتۆبەرەوە بە توندی لەرزۆک بووە.
ئەگەری سیناریۆی جۆراوجۆر لەئارادایە لە ئاکامی ئاڵۆزکاوبوونی زیاتری قەیرانی ڕێژیمەکە، و هەروەها لە ئاکامی پەرچەکرداری هێزە بۆرژوا ئیسلامی و قەومیەکان و دەستێوەردانی زلهێز و جەمسەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەبەرامبەر بنبەستی سیاسیی ئێستادا، بەڵام بە دڵنیایـیەوە بۆرژوازی دەسەڵاتدار، هەرچەندە قەیرانی فەرمانڕەوایەتیشی توندوتیژ بێت بە ئارەزووی خۆی دەستبەرداری دەسەڵاتی دەوڵەت نابێت، بۆیە پێویستە جەماوەری شۆڕشگێڕ کۆتایی بە فەرمانڕەوایەتیـیەکەی بهێنێت و خۆی کاروباری وڵات بگرێتە دەست.
بەم پێیە ئەوە جەماوەری شۆڕشگێڕە کە دەتوانێت تەختوتاراجی ئەم هێزانە هەڵتەکێنێت کە یاری دەکەن بە چارەنوسی کۆمەڵگە، هەروەک ڕوون و ئاشکرایە کە “بنبەستی سیاسی” ئێستا ڕەنگدانەوەی تارمایی ئەو تەوژمە شۆڕشگێڕانەیەی جەماوەرە بەسەر ئەم هێزانەدا، تەوژمێک کە توخمەکانی لە گەشەکردندان لە دووتوێی ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتیە قوڵ و بەرفراوانەی کە تادێت بژێوی و ئایندەی بەشێکی هەرچی زیاتری جەماوەر دەهاڕێت.
دەرکەوتەکانی ئەم قەیرانە کۆمەڵایەتییە ئێستا بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە، ئەوەتا جەماوەر زۆرترین چەرمەسەری ئابووری و کۆمەڵایەتی دەچێژێت بەدەست بێکارییەکی لەڕادەبەدەر، بەدەست هەژاری و نەخۆشی و گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و نەبوونی خانووبەرە، بەدەست داڕمانی سیستەمی تەندروستی گشتی و پەروەردە، و قەیرانی دابینکردنی کارەبا و ئاوی خواردنەوەی پاکەوە. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ زیادبوونی ئاستی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان و ژێرپێ خستنی مرۆڤایه‌تییان، هەروەها ڕێگری له‌ ڕێکخستنی سه‌ندیکایی و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی زۆردارانە به‌رامبه‌ر به‌ هەڵسوڕاوانی کرێکاری و خنکاندنی ئازادی و مافه‌ مه‌ده‌نی و سیاسییه‌کانی هاووڵاتیان به‌ تایبه‌تی هی گه‌نجان، هەموو ئەمانەش هاوکات لەگەڵ بەردەوامیدان بە سەرکوتی جەماوەری ڕاپەڕیوو و خۆپیشاندەر، و بەردەوامیدان بە دەستگیرکردن و ڕفاندن و بێ سەروشوێن کردن و تیرۆرکردن و مانەوەی سەدان هەزار کەسی ئاوارە لە کەمپەکان لە دۆخێکی کارەساتبار و پڕ لە تڕاژیدیا و پێشێلکاری تردا.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەلومەرجە، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان و مانگرتن بەردەوامە لە سەرتاسەری عێراقدا، بەڵام ئەوەی ڕێگرە لە گەشەکردنیان، ڕێکنەخستنیانە لە کارێکی خەباتکارانەی ڕێکخراودا لەسەر ئاستی وڵات، لەناو ئەو سەندیکا و کۆڕوکۆمەڵ و ڕێکخراوە جەماوەرییانەی کە بەرگریکارن لە ئامانج و داواکارییەکانیان. مەرجی ڕاپەڕینێکی سەرکەوتووانە لە داهاتوودا، ئامادەبوونی پێشوەختی ئەم قەوارە ڕێکخراوەییانەیە بۆ ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنیان بەجۆرێک کە مۆرکی ڕێکخراوەیی خۆیان ببەخشن بە کردەی سیاسی شۆڕشگێڕانەی ملیۆنان کەس لە جەماوەری عێراق.
هێنانەدی شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار، و دامەزراندنی سیستمێکی سۆسیالیستی لەسەر وێرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری نیولیبراڵ لە عێراقدا، چارەسەری ڕیشەیی هەموو کارەساتەکانی ئەم دۆخەی ئێستایە، و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکیشە کە ئازادی و یەکسانی باڵی کێشاوە بەسەریا و، چینە کۆمەڵایەتیـیەکانی تێدا نییە.
بارودۆخی بابەتی و ئەو سەروەت و سامانە زەبەلاحەی لە کۆمەڵگادا هەیە، نەک هەر تەنها بۆ بەدیهێنانی ئەم شۆڕشە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووریـیە پێگەیشتووە، بەڵکو بەدیهێنانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ڕزگارکردنی جەماوەر لە کۆتوبەندەکانی بارودۆخی ئێستا، و هەروەها ڕزگارکردنی عێراق و ناوچەکە لە جەنگ و کارەساتەکانی کە دەیکەنە مەیدانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژییەکانی بۆرژوا ئیمپریالیستی جیهانی و جەمسەرە ناوچەییەکان، پەیوەستە بە هێنانەدی ئەم شۆڕشەوە.
تەوژمی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری لە عێراقدا پێویستی بەوەیە کە بەشێک بێت لە بەدیهێنانی ئەم ستراتیژە سۆسیالیستیـیە و ئەمەش نایەتەدی بەبێ ڕێکخستنی چینی کرێکار و لاوانی سۆسیالیست و ژنانی کرێکار و چەوساوە لە بزووتنەوەیەکی سیاسی سۆسیالیستی بەتوانادا کە سەرکردایەتی خەباتی ملیۆنان کەس بکات لە خەڵکی زەحمەتکێش و بێبەش و هەژار کراو و ستەملێکراو، ڕووەو بەرجەستەکردنەوەی ئیرادەی سیاسی سەربەخۆ و ڕێکخراویان لە شۆرا جەماوەریـیە شۆڕشگێڕەکانیاندا تا دەسەڵاتی دەوڵەت بگرنە دەستی خۆیان.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق، ئامرازێکی خەباتکارانەیە لە دەستی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و هەژارکراوان و ژنان و لاوانی سۆسیالیست و جەماوەری شۆڕشگێڕ و ڕزگاریخواز بۆ بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییە سۆسیالیستیـیە شۆڕشگێڕانە مەزنەیە. ئەم ڕێکخراوە بانگەوازی هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکات کە خەبات لەپێناو سۆسیالیزمدا دەکەن تا خەباتی خۆیان لەناو ڕیزەکانی ئەو ڕێکخراوەدا یەکبخەن.
٢٦ حوزەیرانی ٢٠٢٢

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish