Skip to Content

بێ لایەنی تورکیا لە میانی شەری دووەمی جیهانی.. ڕەیان محمود حەمەد

بێ لایەنی تورکیا لە میانی شەری دووەمی جیهانی.. ڕەیان محمود حەمەد

Closed
by ئایار 8, 2023 General, Opinion

تورکیا دوای سەرهەلدانی شەری دوەمی جیهان سوور بو لەسەر ئەوەی کە بەبێ لایەنیەوە پابەندبێ ، بەلام ئەمە رێگای لە تورک نەگرت چاودێری بارودۆخەکە بکەن. دوا بەدوای پەیماننامەی سۆڤیەت- ئەلمانیا کە لە ٢٣ ی ئابی ١٩٣٩ مۆرکرا ، شوکری سەراج ئۆغلۆی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەیلولی ١٩٣٩ دا سەردانی مۆسکۆی کرد، بەلام تورک رازی نەبون دەستەبەری بدەن بە سۆڤیەت بە بەکارهينانی گەروەکان لە لایەن هەر دەولەتێکی دژ بە یەکێتی سۆڤیەت. تا بەهاری سالی ١٩٤٠ تاکە رەفتار کە تورکیا ئەنجامی دا داخستنی گەروەکان بوو لە سالی ١٩٣٩ بەروی کەشتیە جەنگیەکانی بیانی . ئەمەش جێبەجێ کردنی هەردوو مادەی ٢٠و ٢١ کە لە پەیماننامەی مۆنترۆدا هاتبون، خۆ بەدەستەوەدانی فەرەنساش لە ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٤٠ لە بەردەم ئەلمانیادا، یارمەتی تورکی دا کە پابەندبن بە هەلوێستی بێ لایەنی . دکتۆر رەفیق سایدام سەرۆک وەزیران( ٢٥ی کانوونی دووەم ١٩٣٩- ٨ی تەموزی ١٩٤٢ ) لە حوزەیرانی ١٩٤٠ دا بە ئەنجومەنی نیشتیمانی رایگەیاند کە تورکیا لە بەرامبەر ئەوەی کە رویداوە. خۆی دوور لە شەر دەگرێ.
تورکیا سوور بوو لەسەر ئەوەی کە دەولەتانی بەلکانی دەوروبەری نەخرێنە ناو شەرەوە، لە میانی سالی ١٩٤٠ دا تورکیا لەوە دەترسا ئەلمانیا بەرەو رۆژهەلات بچێ بۆیە چالاکیی خۆی نواند بە ئاراستەی بەتین کردنی یەکێتی نێوان دەولەتانی بەلکان و گەیشتن بە جۆرێک لە رێکەوتن سەبارەت بە ململانێیەکانی هەرێمی ، بەلام سەرنەکەوت، رۆمانیا وبولگاریا وردە وردە لە دەوری ئەلمانیا دە خولانەوە لە هەمان کاتدا داگیرکردنی یۆنان لە لایەن ئیتالیاوە لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٠ دا گرفتێکی گەورەی هينایە ئاراوە. بە شێوەیەک کە ئەنتۆنی ئەیدن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە شوباتی ١٩٤١ دا سەردانی ئەنقەرەی کرد بۆ باس کردنی هەلوێستی سەربازی لەگەل سەرانی تورکدا، هەروەها بۆ وەرگرتنی رەزامەندیان سەبارەت بە بەکارهێنانی سوپای بەریتانیا لە بەرگری کردن لە یۆناندا، لە مانگی حوزەیرانی سالی ١٩٤١ دا تورکیا خۆی بە شێوەیەک بینیەوەکە چەندین ولاتی ژێردەستەی هێزەکانی سەربازی ئەلمانیا دەوریان داوە. لەوانەش یۆنان و یوگسلاڤیا و کریت و رۆمانیا بولگاریا و سوریا ، تەنانەت دورگەکانی یۆنان لە دەریای ئیجە نزیک لە کەناری تورکیا کەوتنە چنگ ئەلمانیاوە. لێرەوە سەرانی تورک دەرکیان بەوە کرد کە بەرژەوەندی تورکی دەخوازێ بەلێنێک لە ئەلمان وەربگرن کە دەست درێژی نەکاتە سەر ولاتەکەیان، (فۆن باین) ی بالیۆزی ئەلمانیا لە ئەنقەرە توانی تورکیا قایل بکات تا وتوێژ لەگەل ئەلمانیا دا سازبکات بۆ پەرەپێدانی نێوانی هەردوولادا. ئەوەی یارمەتی ئەم خاڵەشی دا چەندین فەرماندەی سەربازی تورک بون ،کە هەستی خۆشەویستیان بەرامبەر بە ئەلمانیا هەبوو ، بۆیە تورکیا پەیماننامەی دۆستایەتی و پەلاماردانی لەگەل ئەلمانیا لە ١٨ ی حوزەیرانی ١٩٤١ مۆرکرد کە ماوەکەی ١٠سال بوو. هەروەهالە ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٤١ دا رێکەوتنامەیەکی بازرگانی لەگەل ئەلمانیا مۆرکرد بەم پێیە تورکیا ٩٠ هەزار تەن مادەی کرۆمی خاوی گرنگ لە سالانی ١٩٤٣و ١٩٤٤ بۆ ئەلمانیا دەنێرئ لە بەرامبەر دا بە بە های ١٠٠ ملیۆن لیرەی تورکی و چەک و کەرەستەی جەنگی لە ئەلمانیا وەردەگرێ .
هاوپەیمانان هەولیاندا تورکیا قایل بکەن لە پال ئەوانەدا بەژداری لە شەردا بکات بەتایبەتیش دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هاتە ناو شەرەوە، هەروەها رێکەوتنی هاوپەیمانان لە هەردو کۆنگرەی مۆسکۆ و تاران کە لە سالی ١٩٤٣ دا بەستران کە پێویستە تورکیا لە کۆتای سالی ١٩٤٣ دا بەژداری لە شەردا بکات ، هەولێکی زۆری فشاری دیبلۆماسی لەگەل تورکیادا درا لەوانەش داواکەی هەریەک لە ( رۆزفلت ) ی سەرۆکئ ئەمریکا و ( چەرچل) ی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە ئاراستەی عیسمەت ئینۆنۆیان کرد دوای گەرانەوی لە کۆبونەوەی تاران کە لە تشرینی دوەمی ١٩٤٣ بەسترا. داواکەش بریتی بو لەوەی کە هەنگاوی تورک لە بنچەدا لەسەر ئەمەی رازی بون بەلام رازی بونەکەیان بەوە بەستەوە لە هاوپەیمانان جارێکی دیکەش چەکی پێ بدەن.
دیارە تورک هەستیان کرد کد تەرازوی هێز لە شەردا لە بەرژەوەندی هاوپەیماناندایە و شکستەکانی ئەلمانیاش بەدەر دەکەون. بۆیە هەندێ هەنگاویان هەلێنا لە وانە ١٤ ی حوزەیرانی١٩٤٤ دا رایانگەیاند کە تورکیا گەروەکان بە رووی کەشتیگەلی ئەلمانیا دادەخات بە پێی پەیماننامەی مترۆو رێکەوتنامەی ١٩٣٩ ی نێوان تورکیاو بەریتانیاو فەرەنسا . دواتر لە ٢٢ی شوباتی ١٩٤٥ دا شەریان لە دژی ئەلمانیاو ژاپۆن لە ١ی ئادار رایگەیاند. ئەگەر لەم هەنگاوانە بروانین ، دو شتمان بۆ دەردەکەوێت یەکەمیان : ئەم هەنگاوانە شێوەین زیاتر لەوەی کە ناوەکی بن،چونکە شەر کۆتای دەهات و تورکیاش بەراستی بەژداری شەری نەکرد.
دوەمیان: بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە تورکیا دەیەویست کورسیەک لە کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتوەکان مسۆگەر بکات کە پێشنیاز کرابوو دابمەزرێ ، بەتایبەتی کە کۆنگرەی مالتا رێگای بەو دەولەتانە نەدا کە شەریان دژ بە تەوەر رانەگەیاند بو ، ئامادەی کۆنگرەکە بن کە لە ٢٥ ی نیسانی ١٩٤٥ لە سان فرانسیسکۆ بەژدار بوون بۆ دارشتنی پەیماننامەی دامەزراندنی دەستەی نەتەوە یەکگرتوەکان و لە ٢٦ ی حوزەیرانی ١٩٤٥ دا کۆتای پێ هێنا و بەم شيوەیە نەتەوە یەکگرتەکان دامەزار و تورکیاش بوە ئەندامی کارا لە ١٥ی ئابی ١٩٤٥ دا داوای رەامەندیی پەرلەمان لەسەرپەیماننامەکەی.

وەستانی تورکیا بەبئ لایەنی لە میانی شەردا کارێکی ئاسان نەبوو وە زۆر گران لەسەری وەستا. چونکە ناچار بو سوپایەک بهێلێتەوە کە ژمارەکەی یەک ملیۆن جەنگاوەر بوو . هەروەها کاروباری ژیان لە زۆربەی دەزگاکانی دەولەت وەستا لە ئاکامی پەیوەندی کردنی ژمارەیەکی زۆری خەلک بە سوپاو هێزی چەکداری تورکیا هەرچەندە تورکیا بەژداری شەری نەکرد بو بەلام شوێنەواری شەر بە ئاشکرا بە کۆمەلگەی تورکیەوە دیار بوو. بە تایبەتی دوای ئەوەی کە سامانێکی زۆری ئابوری ولات خرایە خزمەت سوپاوە. بۆیە گەل مەینەتیەکی زۆری چەشت، هەر بەو بۆنەیەوە ناچار بوو کەرستەی خۆراک بکاتە پسولە، لە ئاکامی ئەو کارەشدا نرخی کالای بەکاربردنشی بەشێوەیەکی زۆر بەرزبۆوە. لەبەر کەمی لەلایەک و وەستانی بازرگانی نێودەولەتی لە لایەکی دیکەوە. وە بارگرانی رێوشوێنی ئابوری لەسەرشانی توێژی مامناوەندی و هەژار ، لە توێژی دەولەمەند زیاتر بوو، چونکە پەیوەندی کردنی ژمارەیەکی زۆری خەلک بە سوپاوە بوە هۆی کەم بونەوەی کرێکار ، بازرگانی دەرەکیش روبەروی قەیرانی ئابوری بوەوە. ئەمە سەرباری ئەو پارە و سامانە زۆرەی کە حکومەت بۆ کرینی چەک و کەرەستەی سەربازی تەرخانی کردبو، حکومەت ناچار بو یاسای بەرگری نیشتیمانی لە ١٨ی کانونی دوەمی ١٩٤٠ راگەیاند کە دەسەلاتی زیاتری بە حکومەت دا تاکو چاودێری چالاکیەکانی ئابوری بکات، لیژنەیەکیش لە سەرۆک وەزیران و وەزیرانی ئابوری و دارای بەرگری چەندی دیکە پێکهات بۆ جئ بەجێ کردنی یاسای ناوبراو. وە پرسیارو بۆچونی زۆریش دەخرایە روو سەبارەت بە سودی بەردەوام ، بونی سیستەمی تاک حزبی لە حوکمی ولاتدا ، بە تایبەت کە ئاراستەی رای گشتی جیهان بەرەو زیاتر کرانەوەی دیموکراسی و چەسپاندی پرانسیپەکانی ئازادی هەنگاوی دەنا ، ئەم هەمو بانگەوازانەش ئاماژە بون بۆ دەست پێکردنی قۆناغێکی نوێی مێژووی تازەی تورکیا، کە بریتی بوو لە سەرهەلدانی دیاردەی فرە حزبی.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish