Skip to Content

ڕیفراندۆم ڕێگایەک بۆ درێژکردنەوەی پرسە نایاساییەکان …. ئامانج کەریم

ڕیفراندۆم ڕێگایەک بۆ درێژکردنەوەی پرسە نایاساییەکان …. ئامانج کەریم

Closed
by حوزه‌یران 19, 2017 General

گەلی کورد لە مێژە ئامانجی گەشتن بە کیانی سەربەخۆی هەیە و لەو پێناوەیشدا چەندین شۆڕش بەرپا کراوەو ئەم گەلە باجی سوری ئێجگار زۆری داوە چەندین سەرکردەو پارت و ڕێکخراوی کوردی کاتێک هاتونەتە کۆڕبەندی خەبات بێ گومان دەوڵەتی کوردی یەکێک بوە لە بنەما هەرە سەرەکیەکانی دروشمەکانیان . گەلی کوردیش بە شێوەیەکی گشتی دابەش بون بەسەر پارت و لایەنەکاندا و بونەتە هەوادارو هەڵگری دروشمە حیزبی و نەتەوەیەکانی لایەن و ڕێکخراوەکان . بەم پێیە تاکی کورد دەتوانین بڵێن زۆرینەی زۆری کیانی سەر بەخۆی و دەوڵەتی کوردی هەمیشە بە ئامانج گرتوەو بەردەوام هەوڵی بۆ دەدات و ئامادەیشن لە پێناو بەها نەتەوەی و نیشتیمانیەکاندا سەرو ماڵ ببەخشن . بەڵگەی حاشا هەڵنەگریش بۆ ئەمە ئەوەیە کاتێک دەستێکی بێگانە و دەرەکی بیەوێت دەست درێژی بکاتە سەرخاک و نەتەوەی کورد جگە لە هێزە سەربازیە ڕێکخراوەکان (هێزی پێشمەرگە ) زۆرێک لە هاوڵاتی و گەنج و لاوەکان خۆیان چەکدار دەکەن و دەچنە بەرەکانی جەنگەوەو بە گیانی خۆیان پارێزگاری دەکەن لە خاک و نیشتیمان . نمونەیش بۆ ئەمە لەم جەنگە هەڵگیرساوە سەپێنراوەی کە داعش بەرۆکی کوردستانی پێ گرت چەندین شەهیدی هاوڵاتی و خۆبەخش هەیە لە بەرەکانی جەنگدا . کەواتە بەم پێیە دەتوانین بڵێین مەعلومە کە کیانی سەربەخۆی کوردستان لە خەون تێ پەڕیوەو ئیستا ئامانجێکی ڕەهای تاکی کوردە . کاتێک کە ئەم ئامانجە مەعلوم بێت ویستی هەمو هاونیشتیمانیەکی کوردستانە ئەی بۆچی پڕۆسەی ڕیفراندۆمێکی لەم چەشنەی کە سەرۆکایەتی هەرێم دەیهێنێتە ئاراوەو دەیەوێت کۆدەنگی بۆ دروست بکات بەڵام دەبینین لە لایەن هاونیشتیمانیانەوە دەنگێکی ئێجگار زۆری نەخێر بە تایبەت لە ناوچەیەکی جوگرافیای دیاری کراو کە دەتوانین بە زۆن ناوزەندی بکەین وبەهێزی نفوسی لایەنێک یاخود چەن لایەنێکی دیاری کراوی تێدایە بەرز دەبێتەوەو کە هێشتا وادەی ماوە بۆ ئەو بەروارەی کە دانراوە پرسی ڕیفراندۆمی تێدا بکرێت خەڵکی لەم ناوچەیە خۆیان بۆ دەنگی نەخێر ئامادە دەکەن ؟ هەڵبەت ئەزمونی پارتی حوکمڕانی باڵا دەست لە هەرێمی کورستانی سەر بە عیراق لە ماوەی بیستو شەش ساڵی حوکمڕانیدا لەدوای ڕاپەرینی بەهاری ساڵی 1991 وە تا ئەم ساتە وەختە نەیتوانیوە خۆی لە شەرعیەتی شۆڕش گێڕی شاخ پاک بکاتەوەو خۆی لە لایەنێکی مەدەنی سیاسیدا فۆڕمەلە بکاتەوەو دامو دەزگا حکومیەکان لە ژێر دەستەی حیزب دەربهێنێت و شەرعیەت بە دامەزراوەی دەوڵەتی بدات و حیزب ببێتە ئامڕازێک بۆ سیاسەت و بیرکردنەوەی سیاسی و سیتراتیجی نەتەوەی و داڕشتەی پڕۆسەی دیموکراتی و ئاڵو گۆڕ کردنی دەسەڵاتی حوکمڕانی بە شێوازی ئاشتیانەو مەدەنیانەو دیموکراتیانە بەڵکو لە بری ئەوە حیزب پانتایەکانی تەواوی جومگەکانی ژیانی هاونیشتیمانیانی داگیرکردوە و ڕۆچۆتە ناو شارو گوند و گەڕەک و تەنانەت تا سەر سفرەی خوانی خێزانەکان . ئەمەیش تەنها بۆ مانەوەو برەودانە بە حیزب و بە بنەماڵەی سەرانی حیزبەکان و خزاندنی گەنجە تازە پێگەشتوەکانی ناو بنەماڵەی سەرانی حیزبەکانە بە جومگە هەستیار و گرنگەکانی حکومەت . کاتێک ئەم هەنگاوە لە لایەن حیزبەوە دەنرێت ئیدی بەها نەتەوەی و نیشتیمانی له چێواری حیزبێکی هاو شێوەی حیزبە حوکمڕانەکانی کوردستان جگە لە بەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەیی سەرانی حیزبەکان هیچ بەهایەک بۆ بنەماکانی دەوڵەت داری و ئینتیما نیشتیمانیەکان ناهێڵنەوەو بەڵک و بە پێچەوانەوە هەرچی بەرژەوەندی نیشتیمانی و پڕەنسیپە بەهاو ئەخلاقیەکانی نەتەوەیی هەیە پێچەوانە دەکرێنەوەو دەکرێتە دروشمی خەڵەتێنەر و تەنها و تەنها لە بەرژەوەندی مادی و مانەوەیە لە دەسەڵاتدا . بەشێوەیەک پرسی ڕیفراندۆم کە دەتوانین بە قورسترین سەنگ و بەهای نەتەوەی هەژماری بکەین لەڕوانگەی سیاسیەوە بۆ گەلی کورد چونکە گەر پڕۆسەکە جدی بێت ئەمە پرسێکی چارەنوس سازە بۆ ئایندەی گەلی کورد وەلێ بەداخەوە جگە لەوانەی بەرژەوەندی حیزبیان هەیە بە گوێرەی هەندێک ڕاپرسی سەرەتای لە ناو سۆشیال میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەبینین دەنگی نەخێر و بەڵێ هاوسەنگ دێت و هەندێک جار نەخێر بە پرسی ڕیفراندۆم هەڵدەکشێ و زیاد دەکات . هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەمو زوڵم و ستەم و ناعەدالەتی و نا شەفافی و گەندەڵیانەی کە بەدرێژای ئەم چەند ساڵەی ڕابردو حیزبی حوکمڕان لە هەرێمی کوردستان بە شەرعیەتی شۆڕش گێری خۆی سەپاندوەو جومگە هەستیار و حەساسەکانی بە جۆرێک قۆرخ کردوە کە جگە لە شەڕو کوشتن و بڕین ئامادە نین بە هیچ شێوەیەک ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی تێدا بکەن کە هەستیار ترینیان سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە . گەلی کوردیش هۆشمەندە ودەزانن تەنها بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ناسایی سەرۆکی هەرێمەوە و جگە لە دەماکێک بۆ شاردنەوەی حوکمە نایاساییەکان و ناشیرینییەکانیان هیچی تر نیە وە لە ئێستادا زۆرینەی تاکی کوردی گەر لێکدەرەوەی سیاسی نەبێ بۆ حاڵی خۆی ئەوا بای هێندە سەر لە تاکتیک و کایە نادروست و دروشمە بریقەدارو ناوەڕۆک پوچەکانی حیزبە حوکمڕانەکان دەر دەکەن و تێ دەگەن ئەو پرسە گرنگ و هەستیارەی کە پێی دەوترێت ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی نایانەوێت گەمە بە چارەنوسی نەتەوەیەک و نیشتیمانێکەوە بکەن کە گەلێک دەنگی بۆ پەڕلەمانێکی شەرعی داوەو دەبوایە پرسی ڕیفراندۆم لە پەڕلەمانەوە کۆ دەنگی لەسەر بکرێت ئیستە شەخسێک و حیزبێک خۆی بکاتە خاوەنی و بیەوێت هەژمونی شەخسی و حیزبی بەسەر نەتەوەیەکدا بسەپێنێت.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress