Skip to Content

شیعرێکی (نادیا ئەنجومەن)ی جوانەمەرگ.. ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ناسری حیسامی

شیعرێکی (نادیا ئەنجومەن)ی جوانەمەرگ.. ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ناسری حیسامی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 20, 2020 General, Poems

نادیا ئەنجومەن لە ٢٨ی کانونی دووەمی ١٩٨٠ لە هیرات لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان لە دایک بووە. لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە ئاشنایەتی لەگەڵ شیعر پەیداکردووە وەلە ماوەیەکی کەمدا ناوبانگی بە نێو کۆڕە ئەدەبییەکانی ئەفغانستاندا بڵاو بووەوە. بەهۆی دەسەڵاتدارێتی تاڵبانەوە لەو ناوچەیە هەموو چالاکییەکی ژنان قەدەغەکرابوو. لەو سەردەمە ڕەشەی ئەفغانستان دا نادیا لە ماڵەوە بە شيوەیەکی تایبەت برەوەی بە خوێندن و نووسینی شیعر دا وە ئامادە دەبوو لە کۆڕە ڕۆشنبێرێکاندا کە بە شێوەی نهێنی ئەنجام دەدران لە لایەن کۆمەڵێک کەسایەتی ڕۆشنبیری ئەو شارەوە. پاش نەمانی ئەو هێزە درێژەی بە خوێندنەکەی داوە دوواتر چووە زانکۆی هیرات وە دوواتریش هاوسەرگیری کرد لە گەڵ فەرمانبەرێکی بەشی ئەدەبی ئەو زانکۆیە کە بەشدار دەبوو لە کۆرە ئەدەبێکاندا. بەداخەوە ئەو دەنگە جوانەی دونیای شیعر لە ٦ی نۆ ڤەمبەری ٢٠٠٥ بە دەستی هاوسەرەکەی کوژرا. ئەمەیەکێکە لە شیعرەکانی.
.
نە نەشئەی وەهم هەیە بدوێم، نە شیعر دێتە ژوانم
لە شەڕە زەمانە، ئیدی بگەڕێ یا نە زمانم
.
چ بڵێم لە وەسفی هەنگوین، کە دەمم کەلاوەی ژەهرە
ئەوەتا مشتی ستەمگەر، دەکوتێ دەم و ددانم
.
نییە خەمخۆرێ لە دنیا، کە بە باوەشی بنازم
نە غەم و شادی دەپرسن، نە لە مردن و ژیانم
.
من و ئەم کونجی ئەسیری، من و ناکامی و حەسرەت
هەموو حاشایە لە بوونم، هەموو بەندە لە زمانم
.
من دەزانم کە بەهارە و دەمی سەیران و سەفا
چ بکەم لە باڵ و پەڕ، من کە دەمێ فڕین نەتوانم
.
گەرچی زۆرە کە خەمۆشم، نەغمەیەک لە بیر ناکەم
شەو و ڕۆژ ورینگەمە من، بە جریوە وێژەوانم
.
خۆزگە بەو ڕۆژە کە بشکێ دەر و دیواری قەفەس
تا سەر وەدەر نێم و بخوێنم بە هەر ئاوازێ دەزانم
.
من نەمامێکی وەها نیم بە هەموو بایێ بلەرزم
کیژی ئەفغانم و جێی خۆیەتی هاوار و فوغانم.
…………………………………………………………………………
* ئەم شیعرە لە پەیجی کاک ناسرەوە وەرگیراوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish